٥\١\٢٠٢٥
''پرشنگەکانی
ئازادیی''
ترووسکەیەکی
رۆژهەڵاتی کوردستانە
لە ئەوروپا پڕشنگ
دەداتەوە!
هونەرمەند
و نووسەری کورد فەریدا نارین بە بڵاوکردنەوەی نوێترین بەرهەمی خۆی بە
ناوی ''پرشنگەکانی ئازادیی'' کە ئێستا لە فەرەنسا بەردەستە، جێپەنجەی
خۆی لەسەر دیمەنی وێژەی فەرەنسی بەجێهێشت و وەک ترووسکەیەکی رۆژهەڵاتی
کوردستان لە ئەوروپا پڕشنگ دەدادتەوە! ئەو پەرتووکە چوارەم بەڵگەیە
لەسەر هێزی پابەندبوون و گەشتە ناوازەکەی کە شیعر و یاخیبوون تێکەڵ
دەکا لە چیڕۆکێکی قووڵی مرۆڤایەتیدا.
ئەم چیڕۆکە ژیاننامەییە، هەروەها شوێنپێی ساڵانی پێکهاتنی نووسەرەکە
دەگرێتەوە، لە قوتابخانەوە تا کۆلێژ و ئەو نادادپەروەرییانەی کە دەبوو
بەسەریدا زاڵ بێ لە جیهانێکدا کە هەمیشە لە کۆششی بێدەنگکردنیدا بوو.
فەریدا نارین بە وشەی پڕ لە ڕەسەنایەتی، نەک تەنیا خەباتی تاکەکەسیی
خۆی، بەڵکو بە جۆرێک لە خەباتی هەموو ئەو ژنانە دەدوێ کە دەکۆشن
زنجیرەکانی سیستەمێکی ستەمکار بپچڕێنن.
''پرشنگەکانی ئازادیی'' زۆر فراوانترە لە پەرتووکێک: هاوارێکی بەرخۆدان
و گۆرانیی خۆڕاگریی و ڕێزگرتنە لە دەسەڵاتی ژنان. فەریدا نارین دەیهەوێ
بەو بەرهەمەی پەیامی گرنگی خەبات بۆ ئازادیی بە تایبەت خەباتی گەلی
کورد بە رۆژئاوا بگەیەنێ. لەو پەرتووکەدا کە زۆرێک لە خوێنەرانی
فەرەنسی ورووژاندوە رەخنە لە خۆ بە زلزانینی گەلی فارس و جۆری
هەڵسوکەوتیان لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە دەگرێ.
پێشەکیی ئەو پەرتووکە بە پێنووسی عەدنان حەسەنپوور (رۆژنامەنووس و
چالاکی سیاسی کە پێشتر لە ئێران وەک زیندانیی سیاسی بڕیاری سێدارەی
بەسەردا سەپێندرا) نووسراوە. عەدنان پاش تێپەڕاندنی دە ساڵی ژیانی لە
زیندان ئازاد کرا بەڵام بە هۆی گوشاری رژێم ناچار ئێرانی بەجێهێشت. لە
پێشەکییەکەدا دەڵێ پاش ٢٠ ساڵ لەگەڵ نارینی هاوڕێی دێرینم لە تاراوگە
بە دیداری یەک شددبووینەوە و دیتم ئەو ژنە کوردە لەوێش هەر درێژەی بە
خەباتی خۆی داوە.
پێنووسی هەردووکیان لەو پەرتووکەدا
زۆر ناسک و هەڵبەست ئامێزە بە جۆرێک کە خوێنەران تا کۆتایی چیڕۆکەکە
رادەکێشێ.
کورتەیەک لە دەقی پێشەکییەکەی عەدنان حەسەنپوور:
شیعرەکانی خوێندەوە بۆم، تابلۆکانیم بینی، زۆر چالاکیی تریش کە
سەرسامیان کردم. نارین بە دوای ئایدیالەکانی خۆیدا دەگەڕا و ئێستاش هەر
بەردەوامە. وە ئەم ئایدیاڵانە پەیوەندییەکی جیانەکراوەیان لەگەڵ
ڕزگارییدا دۆزیوەتەوە. لەو دەربەدەرییەی کە دەرئەنجامی وازهێنان بوو لە
لایەن مێژووەوە، خەباتی بۆ ڕزگارکردنی مێژوو کردوە، دژی کولتوری ئایینی
دژە ژن وەستایەوە، زۆر تابۆی شکاند و بەرهەمی ئەدەبی و هونەری پێشکەش
بە گوێگرە کورد و فەرەنسی و جیهانیەکانی کردوەـ
بەردەوامی و خۆڕاگری لە خەباتدا، لە ئاستێکی هێندە بەرز و خوڵقاندنی
بەرهەمی بەنرخی وا، کە هەروەها لە دۆخی سەختی پەنابەربوون و ئەرکی
دایکایەتی، تەنیا لە مرۆڤێکی ئازادەوە دەتوانێت هەلقوڵێت و نارینیش
بەرجەستەکردنی بابەتیی ئازادییە کە هاوکات سەر بە کۆنسێپتی شوێن ـ
چەمکە. دڵی بە کوردستانەوە گرێدراوە بە کوردستانێکی تەنیا خراو لە
مێژوودا و دەیەوێت ئەم مێژووە ڕزگار بکات، لەگەڵ خاکەکەیدا بووە بە
یەکیك و ئازادی تاکەکەسی خۆی لە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆدا داناوە لەگەڵ
ئازادی خاک و گەلەکەی.
بۆ من بینینەوەی نارین دوای ٢٠ ساڵ تەنیا یەکگرتنەوەی دوو دۆستی کۆن
نەبوو، بەڵکو لەوەش زیاتر دووبارە ڕێکخستنەوەی ئومێد بوو بۆ ئازادی و
ڕزگاری.
کورتەیەک لە پەرتووکەکە:
کاتژمێر پێنجی بەیانی لەدایک بووم، ژمارە پێنج دەبیستم هەست دەکەمە ئەم
ژمارەیە نەفرەتێکی لە ناو خۆیدا هەڵگرتووە. پێنجەم منداڵی زیندووم لە
خێزانەکەمدا، بە هۆی ڕووداوێکی دڵتەزێنەوە، تەقینەوەی مینێک، فێربووم
تا پێنج بژمێرم. تەمەنم پێنج ساڵ بوو کە گەڕاینەوە مەریوان و گوتیان کە
شەڕ کۆتایی هاتووە. هەر لەوێدا بوو کە دایکم چیڕۆکی جەرگبڕی دایە
بەهیەی بۆ گێڕاینەوە، ئەو ژنەی کە پێنج کوڕەکەی لە لایەن
ئیسلامییەکانەوە لە ئێران کوژران: دووان لە یەک ڕۆژدا تیر باران کران و
سێ کوڕەکەی تریش، یەک لە دوای یەکتر.
من لە پاریس دەژیم. بەیانییەک، هێشتا دڵم قورس بوو لە هەواڵەکانی ڕۆژی
پێشوو. دەچمە سەر کارەکەم، کۆمپیوتەرەکەم دەکەمەوە و چقو لە سایتەکان
دەکەم. لەوێدا، لەبەر چاوانمدا، ڕووخساری پێنج زیندانی سیاسی لە
سایتەکاندا دەردەکەون، کە کاتژمێر پێنجی بەیانی لە تاران لە سێدارە
دراون. چواریان کوردن. لە نێویاندا شیرین عەلەمهولی، کچێکی گەنج کە
بەدوای ناسنامەکەی و ئازادیی خۆیدا دەگەڕا. چیتر بەرگەی ئەم ژمارەیە
ناگرم کە بووەتە هێمای ئازارێکی بێکۆتایی.
ماڵپەڕی نارین محەمەدی
|