٣٠\٤\٢٠١٦
پرشنگی ناخ سەرچاوەی
گەیشتنە بەحەقیقەت.

ناودار زیاد
ڕێبازو قوتابخانەو تەوژمە هزری و دینی و زانستی و فەلسەفییەکان
هەریەکەیان لەوەدا هاوبەش و هاوشێوەو لەیەکچوون کەبانگەشە بۆ حەقیقەت و
دۆزینەوەی حەقیقەتێکی دیاریکراو دەکەن. وەک دەزانین لەهەر قۆناغێکی
مێژووییداو لای هەر تاک و گروپ و ئاڕاستەو تەوژمێک ئەم حەقیقەتە لەفۆرم
و قالبێکی دیاریکراودا گەڵاڵە ئەبێ و خۆی بەدەرئەخات. بەواتایەکی تر
هەر تاک، ڕێباز، بزاڤ، قوتابخانەیەک میتۆدو شێوازی تایبەت و دیاریکراوی
خۆی هەبووە بۆ گوزارشت کردن لەو حەقیقەتەی باوەڕی پێی هەبووەو بانگەشەی
بۆ کردووە.
ئاشکرایە پڕۆسەو ڕێوشوێنەکانی گەیشتن بەحەقیقەت هەروا ئاسان و بەسێنایی
نییە، بەڵکو بۆ گەیشتن بەوێستگەی حەقیقەت یان بەدیهاتنی پێوستی و مەرجی
بڕین و تێپەڕاندنی چەند هەنگاوێک زەروری و بگرە ناچاریشە. لەسەرەتادا
گومانکردن و دواتر دەستکردن بەپرسیار سیماو شەقڵی سەرەکی هەر
بیرکردنەوەیەکی سیستماتیکی وابەستە بەکونجکۆڵی حەقیقەتە، بەو مەرجەی
خستنە ژێر پشکنین و گومانکردنەکە سەرلەبەری کلتورو نەریت و پەروەردەو
شتە پێشوەخت وەرگیراوەکان و ئەزمون و فێرکارییە ڕۆژانەییەکان بگرێتەوە.
واتا دەبێت مرۆڤ تەواوی مەعریفەت و قەناعەتە پێشوەختەکانی بخاتە بەر
نەشتەری ڕەخنە، بەتێکۆشانێکی بەردەوامی بێ پسانەوە لەکڵاوڕۆژنەیەکی نوێ
و تازەوە لەدیاردەی بوون ڕامێنێ، هاوکات بەهزرێکی داماڵراو لەهەموو ئەو
پێدراوانەی کەوەک حەقیقەتی ڕەها ناسێنراون گەشت و ڕێپێوانی گەیشتن
بەحەقیقەتی بنەڕەتی بوون، دەستڕاگەیشتن بەڕەچەڵەک و ڕەسەنێتی بوون، یان
بوون وەک خۆی دەست پێبکات.
هەندێک هەن هەستەکانیان کردۆتە پێوەری یەکلاکەرەوەی کەشفکەری حەقیقەت،
کۆمەڵێکی دیکەش عەقڵیان کردۆتە سەنتەرو ناوەندی بڕیاردان دەربارەی
حەقیقەتی ڕەهاو، ئایینەکانیش مەرام و نیەتی دیاردەی بوونیان بەهێزێکی
ئیلاهی و میتافیزیکییەوە گرێداوە. لەم باسەدا تیشک ئەخەینە سەر سێ
کەسایەتی کەهەر یەکێکیان سەر بەکلتورو کۆمەڵگەو شارستانییەتێکی جیاوازن،
لەگەڵ ئەوەی هەریەکەیان میتۆدی جوداو تایبەتی خۆی بەکارهێناوە کەچی
بەهەمان حەقیقەتی هاوبەش گەیشتوون: ڕێنییە دیکارت لەڕوانگەیەکی فەلسەفی
و عەقڵییەوە، ئەبو حامدی غەزالی لەگۆشەنیگای ئایینناسییەوە، شێخ
شەهابەدین سوهرەوەردی بەڕێی سۆفیگەری و عاریفییەوە.
ڕێنییە دیکارت (۱٥٦۹ ـ ۱٦٤۹ ز)؛ دیکارت لەڕێگەی میتافیزیکاوە
خوازیاری مەعریفەیەکی یەقینییە کەبواری گومان نەهێڵێتەوە، پێی وایە
ئەمە شتێک نییە لەدەرەوەی مرۆڤ بێت بەڵکو ململانێیەکە لەناخی مرۆڤ
خۆیدایە. مەرجی سەرەکی لێرەدا ئەوەیە کەسەکە بەهەموو ئەوشتانەدا
بچێتەوە کە تا هەنووکە دەیزانێ و سەرنجی داوە. بۆ گەیشتن بەو حەقیقەتە
نابێت بۆلای سەلمێنراوێک بگەڕێتەوە کەدەماودەم پێیگەیشتووە یان لەڕێگەی
مێژوەوە خۆی سەپاندووە بەڵکو دەبێ مەعریفەیەک بێت کەخودی خۆی هەستی
پێبکات و هەرخۆی بەدیهێنەری بێت. دیکارت بەو ووتە بەناوبانگەی کەدەڵێ
من بیردەکەمەوە کەواتە من هەم، ئەوا بەناوی منێکەوە بۆ سەلماندنی بوون
دەچێ. دیکارت ڕۆح بەگەوهەرو حەقیقەتی یەکەم دەناسێنێ و جەستەشی خستۆتە
خانەی دووەمەوە. ئەو دەڵێ پڕۆسەی خاوێنکردنەوەی من ئاڵۆزو درێژخایەنەو
بەئاسانی بەدینایەت چونکە سیخناخ و تژییە بەشتە پێشوەخت وەرگیراوەکان،
بۆ ئەمەش پێویستە ئەوکەسە گومان لەهەموو ئەو شتانە بکات کە تا ئەوکات
دەربارەی حەقیقەتی بوون زانیویەتی، بەجۆرێک کەسەکە دەبێ بگاتە دۆخی
نەزانین، واتا لەدۆخێکی سایکۆلۆجی وادابێت کەپێیوابێت هیچ نازانێت.
لێرەوەیە بەووردی و ڕێکخراوەیی هەنگاودەنێت بۆ گەیشتن بەحەقیقەتێک
کەهیچ شتێکی تێدا نەهێڵێتەوە جێی گومانکردن بێت، تێکڕای شتەکان ئاشکراو
سەربەخۆو جیاکراوەبێت. ئەم پڕۆسەیە کەبەگومانی ئەزمونگەری ناودەبرێت
بەویستی خۆمان دەستی پێدەکەین بەڵام دەرئەنجام و کۆتاییەکەی بەدەستی
خۆمان نییەو دەشێ دڵخوازانە نەبێت، بەڵکو ئەوە حەقیقەتەکەیە لەڕێگەی
هۆشیاربوونەوەی خۆمانەوە دەرئەنجامەکەمان بۆ ئەخاتەڕوو. دیکارت ئەم
حەقیقەتەی بوونی لەڕێگەی پرشنگی سروشتەوە وەرگرت بێئەوەی بگەڕێتەوە بۆ
کتێبی پیرۆز یان وەڵامەکانی پێشتر. بۆیە دەتوانین بڵێین ئەو حەقیقەتەی
دیکارت پێی گەیشت تایبەتە بەخودی دیکارت.
ئەبوحامد غەزالی (۱٠٥۸ ـ ۱۱۱۱ ز)؛ غەزالی لەمێژووی فکری ئیسلامیدا
لەو کەسە دەگمەنانەیە دیاردەی گومانکردنی داهێناوە. هەرچەندە غەزالی
لەناخی خۆیەوە وێڵ و شەیدای حەقیقەت بووە بەڵام بەنوورو ڕووناکی خودایی
داناوەو نەیتوانیوە وەک دیکارت هەبوونی خودا بخاتە ژێر پرسیارەوە.
هەرچەندە غەزالی گوتوویەتی ئەوەی گومان نەکاو ڕانەمێنێ و بیرنەکاتەوە
ئەوا لەنەزانین و چەواشەکاریدا دەمێنێتەوەو بەکەسێکی گومڕاشی ناودەبات.
غەزالی خۆی پێیوایە خولیای ناسینی حەقیقەت غەریزەو فیترەتێکە خودا
لەپێکهاتەیدا خوڵقاندوویەتی. غەزالی لەعەقیدەی باوی سەردەمەکەی خۆی
لایداوەو سەربەخۆیانە بیری کردۆتەوە چونکە کاتێک بینیویەتی منداڵی
موسڵمان بەموسڵمانی لەدایک دەبێ و یەهودی بەیەهودی و مەسیحیش دەبوونە
مەسیحی، ئەم دیاردەیە ئەو پرسیارەی لەناخدا دەوروژێنێ ئایا حەقیقەتی
ڕەسەن یان حەقیقەت وەک خۆی دەبێ چی بێت؟
تینویەتی غەزالی بۆ زانست و مەعریفەت بەعەقیدەی ئیسلامی دانەمرکاوە
بەڵکو تێکۆشاوە تا بەسەر ئایدۆلۆژیای باوی سەردەمەکەیدا زاڵبێ و خودی
خۆی هەوڵ بدات بۆ دۆزینەوەی حەقیقەت. گرنگترین بەرکەوتن و شڵەژان کە لە
هزرو دەروونی غەزالیدا دروست ئەبێ بەجۆرێک تووشی نەخۆشکەوتن هات و
زمانی بۆ چەند ڕۆژێک لەگۆ کەوت دوای خوێندنەوەو موتاڵاکردنی فەلسەفەی
یۆنانییە کەفەلسەفەیەکی ڕەسەنەو پرسیارو قسەی لەسەر ڕەگ و ڕیشەی
دیاردەو شتەکان هەیە. ئەم حاڵەتەی غەزالی بەسەر هەر مرۆڤێکدا دێت
کەتووشی دوالیزمی ڕۆحی ئەبێ چونکە ڕۆح خەسڵەتێکی هارمۆنی هەیەو بەپارچە
پارچە بوون ئەشکەنجە ئەچێژێ. غەزالی دەڵێ ئەستەمە لەڕێی عەقڵەوە
بەحەقیقەتی شتەکان بگەین چونکە ئەوەی تائێستا زانیویەتی لەوانەیە
لەخەون و وەهمێک زیاتر نەبێ. کاتێک بەو قەناعەتە دەگات واز لەماڵ و
سامان و پلەوپایە دێنێ و ڕێگای دەروێشی و قەلەندەری دەگرێتەبەرو گەشتە
ڕۆحییەکەی بەدوای حەقیقەتدا دەست پێدەکات. دوای دەساڵ لەگەڕان و
ڕێپێوان بەدنیای هزرو زانین و فێربووندا دەڵێ نەمتوانی لەڕێگەی عەقڵ و
بەڵگەهێنانەوە بەحەقیقەت بگەم بەڵکو خودای مەزن یارمەتیدام و نووری
خستە دڵمەوەو ئەو نوورەش سەرچاوەی گشت حەقیقەتەکانە.
سوهرەوەردی ( ۱۱٥٥ ـ ۱۱۹٤ ز ) ؛ شێخ شەهابەدین یەحیا سوهرەوەردی کەبە
شێخ الاشراق ناسراوە توانیویەتی لەڕێگەی حیکمەتی خوداییەوە بەرەو ژوور
هەڵکشێ و مانای ژیان کەشف بکات. سوهرەوەردی دوای خوێندن و تێکەڵاوییەکی
زۆری کۆڕی زانایان و گەشت و گەڕانێکی زۆر دڵی ئاو ناخواتەوەو ڕێگای
سۆفیگەری دەگرێتەبەر، گۆشەگیری هەڵدەبژێرێ، گرنگییەکی زۆر بەلایەنی
ڕۆحی و تێڕامان ئەدات بۆ تێگەیشتن لەسروش و حەقیقەتی بوون. سوهرەوەردی
پێیوایە بەبێ ئازادبوونی ڕۆح و هۆشیاربوونەوەی دەروونی ناسینی حەقیقەت
کارێکی ئەستەمە، ئەمەش کاتێک بەدیدێت کەبەتەواوەتی لەکۆت و بەندەکانی
ڕابردوو دەرباز بووبین. ئەم دۆخە دەچوێنێ بە باڵندەیەک کەبەردەوام
لەفڕیندایەو هەرگیز هێلانە لەهیچ شوێنێک دروست ناکات بۆئەوەی لەمەترسی
کەوتنە داوی ڕاوچییەکان بەدووربێ. سوهرەوەردی دەڵێ کاتێک مرۆڤ چاوی
دەکاتەوەو بەحەقیقەت دەگات تووشی نامۆبوونێکی ترسناک و تەنیاییەکی
خەمناک دەبێت، ئیتر بەرەبەرە بەرەو دۆخی سەرسامبوون دەڕوات و ئیدی
لێرەوەیە هۆشیاردەبێتەوەو لەئازادیدا ئۆقرە دەگرێ. ئەمەش فەنابوون و
توانەوەی کەسەکەیە نیوەی لەخواداو نیوەکەی دیکەشی لەخودی خۆیدا، بەڵام
ئەو خودە سەربەخۆو ڕەها نییە بەڵکو وابەستەو گرێدراوە بەتاکەکانی
دیکەوەو لەناو مرۆڤەکانی دیکەشدایە، لێرەوەیە بۆ تەواوکردنی ڕێگەکە
دەبێ بگەڕێتەوە بۆ لای مرۆڤەکانی دیکەو ئەوانیش هۆشیارکاتەوە. کەواتە
ڕێگای سوهرەوەردی بێ مەنزڵەو کۆتایی و وەستانی نییە بەڵکو بەردەوام و
بێ پسانەوەیە.
لەکۆتاییدا بەو دەرئەنجامە دەگەین کە حەقیقەت شتێک نییە لەدەرەوەی
مرۆڤدا بێت بەڵکو مرۆڤ خۆی سەرچاوەی حەقیقەتە. ئەم حەقیقەتە هەرچەندە
هاوبەش بێت و خاڵی هاوشێوەو لەیەکچووی تێدابێ بەڵام لای هەر مرۆڤە
هاوکێشەیەکی ناوەکی جوداو تایبەت و سەربەخۆیە. ئەوەتا دەبینین دیکارت
لەڕێگەی پرشنگی سروشتییەوە بەرەو خوداو حەقیقەت و بوون ڕۆیشت و، غەزالی
لەڕێگەی نووری خوداییەوە بەرەو یەقین هەنگاوی هاویشت و، سوهرەوەردیش
مەشخەڵی ڕووناکی ناخی بەدەستەوە گرت. لەهەمان کاتدا لای هەر یەکێکیشیان
گەڕانەوە بۆ ناخ و خۆداماڵین لەعەقیدەی وەرگیراوی ڕابردوو بنەمای
سەرەکییەو بۆ هەر مرۆڤێکی دیکەش خوازیاربێ بەشداری بکات لەڕێپێوانی
ڕێگای حەقیقەت مەرجی یەکەمین و بنەڕەتییە.
_________________________________
* سەرچاوە / ئازاد قەزاز: مرۆڤ وێڵی حەقیقەتە،
٢٠١٠ چاپی یەکەم، چاپخانەی
چوارچرا.
znawdar910@gmail.com
|