٥\٣\٢٠٢٢
پرسی فێمێنیزم و
کێشەکانی ژنی کورد.

سوەیلا مەیهەمی
جیھانی واقیع جیھانێکە، کە یەکەم مەرجی ژیانەوەی لە ڕووی سیاسەیەوە
ھەبوونی دوو ڕەگەزی باڵادەست و بندەستدا بووە؛ ھەبوونی چینایەتی و
دابەشکردنی مرۆڤەکان لە ڕووی ڕەگەز، بنەچە، ڕەنگی پێست، زمان، ناوچە و
تاد.. بۆ کەسانی خاوەن دەسەڵات بناغە و بنیاتی دەسەڵاتی مادیی پێوە
بووە، وەکوو بە کۆیلەکردنی ڕەشپێستەکان بۆ بەکارھێنانی ھێزی کاری ئەوان؛
لە زیادکردنی سامان بۆ خاوەن دەسەڵاتەکە. سیاسەت ھەر لە سەرەتای
بوونەوە لە دوو چەمکی دەسەڵاتی زاڵ و بن دەست پێکھاتووە و کەسێک کە بن
دەستە قەد ناتوانێت و نەبووە کە دەوری دەسەڵاتداری زاڵدا، بگیڕێت.
سیاسەت لە شێوەی زاڵیدا دەتوانێ دەگیرکار بێ لە شێوەی چینایەتی، ڕەگەز،
ئیتنیک و تاد... بزوتنەوەی فێمێنیزمی و شوناسخوازی کوردیشی لە بەر
گرتووە و ئەم بازنەیە بە لە بەرچاو نەگرتنی ئەم چەمکانە دەبێتە ھۆی
ناڕەزایەتی و ھەبوونی بزافێک بۆ پێناسە و بوونی خۆی دەردەبڕێ.
داخوازییەکانی ژنی کورد لەم بازنەیەدا؛ ڕۆژانە بەھۆی شوناسی کوردبوون و
ڕەگەزی ژنبوونی لە بەر چاو ناگیردرێت. توندوتیژی چەند لایەنە بە سەر
ژنانی کورددا زاڵە؛ بە پێچەوانە ھەندێ ڕوانگە کە بەس توندوتیژی لە
لایەنی نەتەوەیی و شوناسەوە لە بەر چاو دەگرن و لایەنی ڕەگەزی ناخەنە
بەر چاو. بە بڕوای من دەبێ کۆمەڵناسان و دەرووناسەکان و لایەنە بزاڤییە
ئازادیخوازەکان خۆیان لە تێۆری و پێناسە دەقکراوەکان خۆیان بپارێزن و
چەمکی فمنیزمی کوردی وەکو چەمکێکی زیندوو کە لە چەند لایەنەوە دەدرێتە
بەر توندوتیژی، لێکۆڵینەوەی بۆ بکەن و وەکوو دیاردەیەک کە زیندووە و
بەردەوام لە گۆڕاندایە چاوی لێ بکەن و شێوەی لە شێوەکانی ئایین و
داخوازییەکانی ڕەگەزی بەردەوام لە گۆڕاندایە. توندوتیژی لە دژی ژنی
کورد و ئەو ئەزموونە لە لایەن ژنی کورد ھەموو توندوتیژییەکان لە خۆ
دەگرێ بەھۆی ڕەگەز و چینایەتی و شوناس و ناوچە و جوگرافیا و نەبوون و
نەھیشتنی دەرفەتی ئاشنایی بە ماڤی مرۆڤایەتی ژنێک و ھتد. کە چەند
دەسەڵاتی زاڵی سیاسەت و دەسەڵاتی ئایین و دەسەڵاتی ڕەگەزی سەرتر،
ھۆکاری ئەم توندوتیژیییەیە کە لە ھەمبەری ژنی کورد. کە لە شێوەی یەک
دەیەڵاتی تەبا؛ ماڤی ژن لە بەر چاو ناگرن.
ئەزموونی توندوتیژی ژنانی کورد لە ئەم سێ ڕێیانەدا؛ بە دوو چەمکی بن
دەستی نەتەوە یا شوناس و ڕەگەز؛ لە چوارچێوەی پێناسەی دەسەڵاتی
فێمێنێستی ئێراندا لە دژی ژێر دەستی ڕەگەزی و لە چەمکی داخوازی و
پێناسەی نەتەوەییدا دەخرێتە پەراوێزەوە، چونکە توندوتیژی دژی ژنی کورد
بە تەنیا بەرھەمی سیاسەت یا ئایینەوە نییە، ئەمە بەرھەمی ھەر دوو چەمکە
کە ڕەنگدانەوە یاسای زاڵە لە ساڵانی ڕابردوودا ژنکوژی بە ناوی کوشتنی
نامووسی و چەمکێکی ڕێگە پێدراوی دەدەن و ژن وەکوو نامووسی پیاو دەبێ
ھەموو مافە ڕەواکانی مرۆڤایەتی لێ زەوت بکردرێت و دەربەست لە خزمەتی
پیاودا بمێنێتەوە تا کوو دوچار کوژران نەبێ. ژنی عاقڵ، ژنی بەحەیا ژنی
بن ماڵ، دایک، ژنێکی گوێڕایەڵە ھەموو دەرکەوتەی دەسەڵاتی زاڵی
ڕەگەزایەتییە کە ھەموو ڕێگاکان لە ژن تووند دەکاتەوە بۆ چەوسێنەری
زیاتر.
لە ڕاستیدا ژنی نەتەوەی زاڵ ھیچ کێشەیەکی ئیتنیکی، زمانی، ئایینی و
چینی بن دەستی نییە و ئەگەر ئێمە سێ گۆشەیەکمان ھەبێ بۆ پیشان دانی
ھەڵاواردنەکانی ژنان لە چوارچێوەی ئێراندا ژنێکی فارس زمان لە سەرەوەی
سێ گۆشەکەیە و ژنی کورد لە خوارەوەی ئەو سێ گۆشەیە دادەنرێت، لە
ڕاستییدا کاتێک باس لە سەر مافی ژنێک دەکرێ لە ئەو بازنەیەدا مەبەست
ژنێکە کە لە چینی باڵادەستە کە ھەندێ مافی تایبەتی پێی داون، بە دانانی
ژن لەم بازنە دیاریکراوەدا، دیارە ژنانی ئیتنیکیتر لەم بازنەیەدا
ناگونجن و پەراوێز دەخردرێن. بە لە بەرچاو گرتن و دانانی یاسای
ھەڵاواردن؛ ھەموو ئەو توندوتیژیانەی دژ بە ژن ڕووندەبێتەوە و دەکرێ بە
گۆڕانکاری یاساکان ئەو توندوتیژیانەی نێو کۆمەڵگا ئاستی زۆر بھێنرێتە
خوار. ڕاستە کە لە سەر ئاستی فەرھەنگی و ڕۆشنبیری کۆمەڵگا دەبێ ئیش
بکردرێت و سڕینەوەی نەریتە داڕزاوەکانێک کە لە بیری بەرتەسک سەرچاوە
دەگرێ کار بکردرێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە یاسا ڕۆڵێکی گرینگی ھەیە بۆ
کەم کردنەوەی ڕێژەی توندوتیژی لە نێو کۆمەڵگادا.
گرینگی ڕۆڵی یاسا لە بەرەو پێشچوون یان سەرکوتی بزووتنەوی مافخوازی
ژنان.
بێگۆمان یاسا یەکێک لە ئامرازە ھەرەگرینگەکان بۆ بەرەوپێش چوونی
بزووتنەوەی یەکسانیخوازانە و مافخوازانەی ژنانە. یاسای بنەڕەتی وڵاتان
دەتوانێت کاریگەری ئەرینی یان نەرینی لە سەر بزووتنەوەی ژنان بێت.
کاتێک کە ژنان لە کۆمەڵگایەک ھەست بە چەوساندنەوە دەکەن، ئەمە دەرخەری
وشیاربوونەوەی کۆمەڵگا و بەتایبەت ژنانە لەسەر خواست و مافەکانیان.
ژنان بەرپرسیارنە دەچنە نێو ڕیزی خەبات لەدژی چەوساندنەوەیان و ئەو
ھەڵاواردنانەی کە بەرەوڕووی دەبن، ھەوڵ و تێکۆشانی خۆیان وەگەڕ دەخەن
بۆ گەیشتن بە مافە ڕەوا و ئینسانییەکانی خۆیان. لەم قۆناغەدا گرینگی
ڕۆڵی یاسا دەردەکەوێت، لە ئەگەری ئەوەی کە خواستەکانی ژنان بڕواتە نێو
یاساوە و مافەکانیان یان بەشێک لە مافەکانیان ڕەچاو بکات ڕێگا خۆشکەرە
بۆ ئەوەی ژنان بە ئامانجەکانیان بگەن و بزووتنەوەکەیان بەھێز دەبێت.
وەکوو ئەوەی کە لە وڵاتانی ڕۆژاوایی و پێشکەوتوو یاسا پاڵپشتی ژنانە و
بەشێک لە مافەکانیان بۆ دەستەبەر بووە؛ دەبینین کە بە پاڵپشتی یاسا
ڕۆژانێک وەکوو ۲٥ی نۆڤامبر و ٨ی مارس تێکەڵ بە کولتووری ئەو وڵاتانە
بوو.
ھەڵاواردنی ڕەگەزی جیا لە ھەڵاواردنی نەتەوەیی نییە کە دەبێتە ستەم و
زوڵمی دووبەرابەر لە ھەمبەر ژنی کورد؛ لە ڕاستییدا بزووتنەوەکانی
فێمێنیزمی کە دەبێ چەمکی ئازادیخوازی و یەکسانی بپارێزن ھەندێ جار
دەبینین لە فێمێنیزمی ئێرانیدا؛ ھەندێ جار ھەڵوێستێکی دوو لایەنەیان لە
کەناری باسی بە خاوەن بوونی ژنان لە لایەن ڕەگەزی پیاوسالاریدا ھەیە لە
ھەمبەر ئازادیخوازی ژنی کورددا، دەبینین ھەر ئەو ژنانی فمنیست کە
سکاڵایان بەرزە لە دژی بە پیاوسالاریدا؛ باسەکە دەگاتە ژنی کورد، زۆر
ئاشکرایە لە ڕوانگەی پیاوسالارییەوە، بۆ کێشەکانی ژنی کورد دەڕووانن.
ئەو ڕخنانەی کە لە ژنی کورد دەگرن بە ھۆی چەک ھەڵگرتنی ژنان لە
ھەمبەرشەڕی داعیش زۆر بێ مانایە بە بڕوای من تەنانەت بزووتنەوەی
فێمێنیزمیش دەتوانێ بۆ شەڕێکی ناڕەوا خۆی بە چەک بکات کاتێک ھەفپەیڤین
لە ڕفاندن و توندوتیژی سکێکسی و کوژران بێ واتایە ژنێک دەبێ داکۆکی بکا
لە خۆی.
لە ئێستادا ئێمە لە گەڵ دوو ڕۆانگەی فێمێنیزمییدا ڕووبەڕوو دەبینەوە کە
دوای دوو ئاراستە فیکرییدا کەوتوون؛ لیبرالیزم کە بانگەشەی سیستەمی
سەرمایەداری دەکا و مارکسیزم کە ڕەخنە دەگرێ لە پێکھاتەی فیکری
لیبرالیزم؛ لیبراڵ فێمێنیزم پشتگیری چینی باڵادەست دەکا جیا لە شێوەی
دەسەڵاتداری (ڕەنگە فاشیست ، دیکتاتور ..) کە نێو دەزگا دەوڵەتییەکاندا
دەبێتە نوێنەری ژنان و لە سەرچاوە ئابوورییەکان بۆ خۆ سوود وەر دەگرێ،
خوازیارە ژنانی چینی باڵادەست لە شوێنە دەوڵەتییەکان ببنە خاوەن کار و
پیشەی خۆیان و چینی ژنی ھەژار و پایین دەست لە بیر دەکا، بەڵام بە گشتی
خەباتی ژنان بە درێژایی مێژوو بۆ دەستەبەر کردنی ماڤە ڕەواکانیان و
ڕزگاری لە کۆت و بەندی پیاوسالارییدا بەردەوام بووە و مێژووێکی زۆر
درێژی ھەیە و ھەر لە درووستبوونی شارستانیەت مرۆڤی ئازادیخواز ھەوڵی
ئەوەی داوە کۆیلەتی و دیلبوون بسڕدرێتەوە و بۆ بە کولتووریکردنی ئەم
ھەوڵە بەردەوام کەسانێکی ڕووناکبیر لە حەول و تەقەلادا بوون بۆ
مسۆگەرکردنی مافی تاک. لە کوردستاندا ژنانێکی تێکۆشەرمان ھەیە، ڕەنگە
دووچاری زۆر کۆسپ و تەگەرە بن لەم ڕێگایەدا ھەر چەند بچووکیش بێ ئەو
دەستکەوتانەیان، بەڵام بەردەوامن گەورەترین کێشەی ژنی کورد لە ئەم
سەردەمەدا کە گەیشتن بە مافی ڕەوای مرۆڤایەتی دوا دەخات سەڕەتا ھەبوونی
یاسای دژە ژنە کە یاسا لە ڕووی ئایینەوە ساز کراوە؛ کە دەبوایە بە پێی
ڕەوتی سەردەم گۆڕانکاری تێیدا ھەبوایا وەکوو ئەوەی ژن موڵکی پیاوە و
دەبێ لە سەر ھەموو وردەکارییەکانی ژیانی پیاوێک بڕیار بدات، ئەوەی دیکە
ھەبوونی نەریت و کولتوورێکی باوە لە ناو خەڵکدا کە ژن بە پێوەرەکانی
ھەزاران ساڵ لەوەو پێش لە بەر چاو دەگرێ، کە واتە کۆمەڵگا و ئاستی
ڕووناکبیری خەڵکەکەی دەبێ گۆڕانکاری بە سەر بێ و گرینگترینیش ئەوەی
یاساکان یەکسانی و دادپەروەری لە بەر چاو بگرن و بە پێی مافی مرۆڤی
جیھانی شرۆڤەی بۆ بکات. ڕاستە ئەم کێشانە زۆر لە کۆمەڵگای کوردیدا
وەکوو زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەرچاون و بەڵام پیاو نابێ
چەمکی فێمێنیزم بە شتێکی نامۆ بزانێت و تێفکرینی ئەوەی ھەبێ ئەمە وەکوو
چەکێک لە دژی پیاو بە کار دەبرێت دەبێ پیاویش ھەوڵبدات لە پەراوێز
خستنی ژن دەنگی ھەڵبڕێت و داواکاری مافی یەکسانی ژن و پیاو بێ. وەکوو
ھەندێ کەس کە دەڵێن فێمێنیزم ئەندێشە و تێفکرین و قوتابخانەی
ڕۆژئاوایییەکانە و لە کوردستاندا نابێ ئەو قوتابخانەیە وەکوو
ئەندێشەیەکی مافخوازانە بە کار ببردرێت. ئەو بڕوایانە ھەیە سروشتی ژن
لە بنەڕەتدا ھەر وایە و نابێ ئەو مافانە بە ئەو بدرێت، کە ئەمانە دیارە
سەرچاوە فیکرییەکەی لە ئایینەوە وەرگیراوە کە بڕوایان ئەوەی ئایینی
ئیسلام ھەموو مافەکانی مرۆیی بە ژن داوە، ئەمانە دەبێتە بەربەستێک لە
بەر دەم بزاڤی ڕزگاری خوازی و یەکسانیدا. بزوتنەوەی ئەندێشەی ژنی ئازاد
تا ڕادەیەک کاریگەری داناوە لەوەی کە سیستەمێکی چەوسێنەر و کۆمەڵایەتی
و ئابووری زاڵ بە سەر چینی ژناندا پیشان دەدات.
دەبێ بە کردەوەکردنی بزاڤی ڕزگاریخوازی و دادپەروەری ڕێکارەکان بخرێتە
ڕوو، لێرەدا دەبێ شیکردنەوەیەکی بنەڕەتیمان ھەبێ لە کێشەکانی ژنان و
ئینجا بۆ ڕێکارەکانی بگەڕێین، کە بە ھۆی بەربەستی زاڵ ھێشتا نەیتوانیوە
ببێتە پاشخانێکی فیکری و مەعرەفی لە نێو کۆمەڵگادا. بۆیە ھەمیشە
ڕووبەڕوومان دەکاتەوە لە پارادۆکسەکاندا، لە میدیاکان بە تایبەت بۆ
پێناسەی ژن، بەرنامەیەک داڕژراوە کە ڕەنگە ڕیشەکانی لە لیبراڵیزمدا
بدۆزینەوە، دەرکەوتنی ژنێک بە چەندەھا نەشتەرگەری جوانکاری و پێناسەی
ژنێکی باش لە فیلەر و بۆتۆکس و جۆرەھا پرۆتین کە بە لەش و لارییەوە
دووراوەتەوە لێرەدا ئەندێشە و زھنییەتی ژن لە پەراوێز یا تەنانەت
سڕاوەتەوە و خودی ژن لەم بە کوێلەکردندا ڕۆڵی ھەیە. بە کارھێنانی خودی
ژن لە خزمەتی سیستەمێک کە بۆ بە کەرەستەکردنی ھەر شتێک ھەوڵدەدا لە
بازاڕەکانی ئابوورییدا. بە کاڵاکردنی ژن ھەر خۆی بۆ پەسەندکردنی لایەنی
پیاوانە دایە و دیسانەوە مەیل و خواستی پیاوە کە دەبێتە پێوەر؛ کە بە
ھەڵە ئەم نەشتەرگەرییە مۆدیڕنانە بە ناوی ماف ناوی لێ دەبەن و
ئۆبژەبوونی ژنان لە جیھانی مۆدێڕنیشدا بە شێوەگەلی جیاواز ھێشتا درێژەی
ھەیە.
شێوەی پەروەردە کردنی تاکی ئەم کۆمەڵگا لە ڕووی عادەت و باودا تێپەڕ
نەبووە؛ بە شێوەیەک کە بۆ ھۆشیار بوونەوەی منداڵەکانمان ھەوڵبدەین،
پەروەردەکردنی ھزر و ئەندێشەیەک کە ڕێز لە ھەموو چین و تووێژ و تەنانەت
ھەموو بوونەوەرکان بگرێت، کە پرۆسەیەکی درێژخایەنی پێویستە، بەڵام بە
گشتی باس لە سەر توندوتیژییە لە سەر چینێکی کۆمەڵگا کە نیوەی ئەو
کۆمەڵگایە لە خۆ دەگرێ و بە بیانووی شەرەف و نامووس ژنان بە دەستی
پیاوان دەکوژرێن و یا ژن لە چوارچێوەیەکی بێ ھێواییدا خۆی دەسوتێنێت و
خۆی لە ناو دەبا و لە ڕاستییدا ھیچ ھەوڵێکی بنەڕەتی و ڕادیکاڵ بۆ لە
ناو بردنی ئەو یاسایانە نادرێت کە ژنی کوژراو بە تاوانبار دەزانێ و
پیاوی بکوژ دوای ماوەیەک دەستبەسەر کردن ئازاد دەکرێ و یاسا مافی
کوشتنی پێ دەدا و لێرەدا دەسەڵاتی سیاسی پەنچە دەخاتە نێو ژیانی
تاکەکان ھەر وەھا کە فوکو ئاماژە بەوە دەکات باس لە سەپاندنی دەسەڵات
بە سەر ژیاندا دەکا؛ ئەگەر زلھێزی بۆ ھیچ کەس گونجاو نییە بۆچی پیاو چ
بە ڕەوشت و چ لاواز؛ بە شیاو دەزانین کە دەسەڵاتی تەواوی بە سەر
ژنێکەوە ھەبێ؟ کە گەندەڵی دەسەڵات لێرەدا خۆی پیشان دەدا. یاسای
سەردانەواندن لە ئێستادا لە ژیانی ھاوبەشی ڕوو دەکاتە ژن، کە
پارادۆکسێکە لەگەڵ ژیانی مۆدێڕنی ئێستا و بە ھۆی یاسا و نەریتەکانی نێو
کۆمەڵگادا کە ھەموو دژە ژنن، ئەوە مسۆگەر نابێ کە دوو کەس ھەموو شتێکی
ئەو ژیانە لە بەین خۆیاندا بەش بکەن و کەسێک دەسەڵاتی تەواوی نەبێ و
کەسێکی دیکەیان بن دەست بێ بە ھیوای جیھانێک پڕ لە تەبایی و یەکسانی و
دادپەروەری و ھۆشیاری.
ئاداری ٢٠٢٢
ماڵپهڕی
سوەیلا مەیهەمی
|