په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٨\٢٠١٢

پرسی ژنان لە نێو یەک بازنەی داخرادا!


بنار بەکر          


رۆژانە بە سەدان وتار و بابەت سەبارەت بە مافەکانی ژنان و ستایشکردنیان لە پێناو یەکسانییکردنی ژنان بە پیاوان لە راگەیاندنە حیزبیی و بەناو سەربەخۆکان بڵاودەبنەوە، لێرە و لەوێ هەوڵ و تەقەڵای زۆر دەدرێ لۆ بەدەنگهاتنی ژنان و پترکردنی تواناکانیان تا هەست بە بوونی خۆیان بکەن و وەک پیاوان لە گشت کایە کۆمەڵایەتییەکان بەشدار بن و بتوانن هەمان ئەو مافانە بەدەستبهینن کە پیاوان هەیانە.

بە دید و بۆچوونی من.. ژنان بە شێوەکی گشتیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە رووی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووریی و... هتد نەیانتوانیوە بوونی خۆیان وەک مرۆڤ بسەلمێنن.. واتە ئەو ژنانەش کە هێندەک هۆشیار بووینەوە و قیچەک ماف و ئازادییان بەدەستهینایە لاسایی پیاوان دەکەنەوە و نەیاتوانیوە رێچکەیەکی سەربەخۆی ژنانە لە ژیانی خۆیان پیادە بکەن کە تێیدا گۆڕانەک وەدیبهینن و هێندەک ئاسوودەیی لەو ژیانە مەرگرساتبارەیان دەستەبەر بکەن، لەبەر ئەوە تا ژنان خۆیان دەستپێشخەر نەبن و قسە و کار و کردەوە و بەرنامەکانی تێکۆشانی ژیانی رۆژانەیان هەڵقوڵاوی ناخی خۆیان نەبێ.. هەرگیز ناتوانن رێڕەەوی ژیانیان بەو ئاراستەیە بگۆڕن کە خوازیارن.

کۆمەڵێک بەربەست هەن پێویستییان بە لەخۆبووردن و قوربانییدان هەیە، وەک: دابونەریت، دین و ئەفسانە، پیاوسالاریی، هەڵکەوتی ژیان و جۆری نەرێنیی حوکمڕانیی و... هتد، ئەوانە هەمووی بەربەستی کوشندەن لە بەردەم کایەکانی ژیانی کۆمەڵگەیەکی داخرا کە هەرێمی کوردستانە.

زۆرن ئەو رێکخراوانەی کە بە ناو داکۆکیی لە ماف و ئازادییەکانی ژنان دەکەن بەڵام بە داخەوە لە ژێر سێبەری حیزب و لایەنەکانن و هیچ سەربەخۆییەکیان نییە و بە تەواویی لەژێر رکێفی ئەوان دان.. دەتوانم ببێژم ئەو رێکخراوانە تەنیا رێکخراوی کارتۆنیی حیزبیین و بەس.. تاکە مەبەستیان لەخشتەبردنی ژنان و دوورخستنەوەیانە لە ئامانجە راستەقینەکانیان.. واتە فیلمەکە بە شێوە دەربارەی ژنانە بەڵام بیرۆکە و دەرهێنەرەکەی پیاوانی گەندەڵ و پیاوسالارن.. چونکە بەرپرسە نابەرپرسەکان پێش ئەوەی وەک مرۆڤ سەیری رەگەزی مێ بکەن سەرەتا بیر لەوە دەکەنەوە چۆن دەست بەسەر جەستەیان دابگرن! کارەساتەکە لێرە دایە کە ئەو ژنانەی لە رێکخراوەکانی ژنانیش کار دەکەن.. لە پێناو بەدەستهینانی بەرژەوندییەکانی خۆیان دووبارە ئەوانیش ژنان دەچەوسێننەوە و گەوجیان دەکەن، ئەوەش دەرخەری ئەوەیە کە هێشتا رەگەزی مێینە بە شێوەکی گشتیی لە کوردستان بە کێشەکانی خۆیان نامۆن و هەر پیاوان هەڵیاندەسووڕێنن.

هەرچەندە دەسەڵاتی دیکتاتۆریی نە ویستی کۆمەڵگەیە و نە لە بەرژەوەندیشی دایە بەڵام سەرەنجام هەر خودی کۆمەڵگەیە لە نێو کێشمەکێش و ململانێکانی نێوان مرۆڤەکان ئەو جۆرە دەسەڵاتە چەوسێنەرانە بەرهەم دەهینی، جا ئەو کۆمەڵگەیەی ئێمەش کە ئەو دەسەڵاتەی ئێستا بەرهەمی هزر و بزووتنەوەکەیەتی توانایەکی ئەوتۆی نابێ تا بتوانێ دان بە بوونی ژن مافەکانی بنێ.

لە کۆمەڵگەی کوردەواریی ئەو شتەی کە شاراوە نییە و بە ئاسانیی هەستی پێ دەکرێ ئەوەیە کە ژنانی کوردستان زۆر بێ توانان لە بەدەستهینانی مافەکانی خۆیان، هەڵبەتە هۆکارەکان زۆرن بەڵام ئەمن لەو چەند خاڵەی خوارێ کورتیان دەکەمەوە:


• نەبوونی متمانەبەخۆبوونەکی پێویست لە لای ژنان کە بتوانن تواناکانی خۆیان بسەپێنن لۆ تێکشکاندنی ئەو کەلتوورە کۆنەپەرستییەی کە چەندین ساڵە لە نێو یەک بازنەی داخرادا دەخولێتەوە و ژن بە پلە دوو یان بە دەعبایەکی عەنتیکە تەماشا دەکا.


• نەبوونی ئیرادەیەکی بە هێز لۆ زاڵبوون بەسەر ئەو بێ مافییانە لە کۆنەوە بەرامبەریان کراوە و تا ئێستاش تا رادەکی زۆر هەر بەردەوامە و شێوازی نوێ و جواراوجۆریان بەخۆوە گرتییە.


• نەزانین و دەرک پێنەکردنی ژنان لە تەواوی ئەو برگە و مادە یاساییانەی کە باس لە بوونی ژنان و مافەکانیان دەکەن، هەموو ئەو یاسایانەش کە پارێزگاریی لە بەرژەوندییەکانی ژنان دەکەن - ئەگەرچی زۆر کەم و پڕ کەموکوڕیین - لە بواری کرداردا زۆر کەمیان لێ جێبەجێ دەکرێن یان زۆر جار هەر ژنان خودی خۆیان بە هۆی چەواشەبوونیان و ترسیان لە توندوتیژییەکانی نێو کۆمەڵ لە بەرانبەریان نایانەوێ لە سوودوەرگرتن لەو یاسایانە بەهرەمەند بن.


• نەبوونی رۆشنبیرییەکی بەرز کە لە ئەنجامی خۆپەروەردەکردن و ئاوێتەبوون بە جیهانی خوێندن و خوێندنەوەوە بەدەست دێن، وەک گەورەترین ئاستەنگ و بەربەست ژنانی بە تارمایی چار لا دیواری ماڵ داپۆشییە و ژیان و مانیانی رووبەڕوی کارەساتی یەک لەدوو یەک کردیتەوە.

لە کۆتاییدا ئەمن پێم وایە تا لە سایەی ئەو حیزب و دەسەڵاتدارانە و دیموکراسییەکەیاندا بژین و هەر بە هومێدی رێکخراوە بە ناو ژنانەکانیان بین تا داکوکیی لە مافەکانى ژنان بکەن ئەوە دەبی ژنى داماو هەر بیخولێنیتەوە هەر ببێژی: (کەرە مەمرە بەهار دێ، کورتانت لۆ لە شار دێ)!!!
 


roshin.shadi@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک