پرسی کەرکوک پێویستی بە ئیشە، نەک ریش!

ستار محەمەد قادر
رۆژی 17/12/2007 کاتێک نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لەپەرلەمانی
کوردستاندا ئامۆژگارییە هەرەِشە ئامێزەکەی خۆی بۆ پەرلەمەنتاران پێش
کەشکرد، بۆم روون بووەوە کەئیشی ئەو پەرلەمانتارانە لەو باڵەخانەیەدا
چییە، بێدەنگی ئەوان لەئاست پرسێکی وەکو ماددەی 140و نەبوونی وەڵامیان
کاتێک کە "ستیڤان دیمیستۆرا" رووی دەمی تێیان کردو وتی: (پێویستە
چاوەڕوانی 31/12نەکەین، چونکە دۆڕانێکە بۆ هەموو لایەک، پێویستە ماددەی
140 بەزیندوویی بهێڵینەوە و بڕیارەکەیش دەبێت لەدەستی ئێوەدا بێت)! ئەو
زاتە بەهەڵە تێگەیەندرابوو وای دەزانی هەر لەگەڵ داواکەی ئەودا ئیتر
رووبەڕووی کۆمەڵێک رەخنەی جیددی دەبێتەوەو تووشی ئیحراجی دەکەن، لێ
کاتێک پەرلەمانتارانی کوردستان نووزەیان لێوە نەهات، بۆی روونەوە بوو
کە ئەوە موحازەرە بوو نەک پێشنیار!
چوار ساڵە ئەگەر بەموزایەدەو قسەوقسەڵۆکی بێ بنەما ببوایە، دەبوایە
ئێستا کەس زاتی ئەوەی نەکردایە باسی لەدواخستنی ماددەی140 بکردبایە، لێ
ئەوە بەهۆکاری حیللە شەرعی تەکنیکی تاشەش مانگی دی خودا دەمێنێ و موڵکی،
ئەگەر شەش ساڵی بەدواوە نەبێت باشە؟ چوارساڵە کەرکوک و کەرکوکییەکان
لەچاوەڕوانی ماددەیەکی مت بووی ناو دەستوورێکی سڕبوودا سەرگەردانن،
چوار ساڵە دانیشتوانی ئەم شارە ئەمڕۆ تەسلیمی دەستی سبەی دەکەن و
خوازیاربوون ئیش نەگات بەو خەتە سوورەی کە بەرپرسانی کورد بۆ پرسی
کەرکوک کێشابوویان!
من هیچ شتێک هێندەی ئەوە نیگەرانم ناکات، کاتێک کە باس دێتە سەر
دواخستنی ئەو ماددەیە، هەموو کەم و کوڕییەکان رووبەڕووی مالیکی یان
جافەری یان عەلاوی دەکرێنەوە، تا ئێستا نەمانبینی بەرپرسانی کورد
لەئاست هەر پرسێکدا کەمتەرخەم بن، بە قوودرەتی قادر هەرچی ئەوان دەیکەن
"جن" دەیشێوێنێت، شەڕی ناوخۆ ئەوان نەیانکرد، گەندەڵی ئەوە هەر نەو،
ئەگەر لەبەر خاتری ئەو خەڵکە رەش و رووتە نەبوایە ئێستا زۆربەیان
سەنگەریان لە عەسکەری تورک دەگرت و تۆڵەی بۆردوومانەکەی ئەم دوواییەیان
لێیان دەسەندەوە، خودا لەوە رەحمی کردووە دڵی کوردی گەورە درووستکردووە،
دەنا ئێستا رژێمی تورک و حوکومەتەکەی مالیکی خاکیان بە توورەکە
بێژرابوو، یەڵڵا با خۆمان تووشی گوناح نەکەین لەو دونیا ئەوەیان پێ
دەکەین با بەدەوارە شڕی نەکردووبێت!
وڵاتی ئێراق هێشتا دۆڵەمەیە ئەو گەمە مەترسیدارانە لەگەڵ کورددا دەکات،
وەرە با تۆزێک خۆی بگرێتەوە ئەوکاتە بزانە چەندین ساڵح موتڵەگی ترمان
لێ قووت دەبنەوە، 140و وەبەرهێنانی نەوتیش ئاماژەن بۆ ئەو گەمە
مەترسیدارانەی کە کورد لەچوارچێوەی ئێراقدا لە ئایندەدا رووبەڕوویان
دەبێتەوە!
ستیڤان دیمیستۆرا دەڵێ: ئەگەر ماددەی 140 بەهۆکاری تەکنیکی تا شەش
مانگی دی دوابخرێت، ئەمە پێی ناڵێن (تاجیل) یان ئەگەر کەش و هەوا تێک
چوو باو باران و رەهێڵە دەستی پێکرد، ئێوە ناچاردەبن ریفراندۆمەکە
دووابخەن، کەواتا ئێستا بەهەمان پێوەر لە بەر کەش و هەوای سیاسیی دوای
بخەن، چونکە شەرعییەتی نێودەوڵەتیتان لەپشت نییە، بەپێی قسەکانی ئەو
زاتە بێت لەماوەی ئەم شەش مانگەدا بەگۆچانی سیحری پشتگیریمان بۆ
دەستەبەردەکەن.
ستیڤان دیمیستۆرا بەچاکی ئەوەی وەبیر سیاسەتمەدارو سەرکردەکانی کورددا
هێنایەوە کە لە ساڵی 1991دا ئەوان نەبوونایە ئەو ناوچەیەش نەدەبوو کە
ئێستا لەژێر دەسەڵاتی ئەواندایە، هەروەها گووتی دەبێت لەم حاڵەتەدا بە
عەقڵ بیر بکەنەوە تا دادوەری لەئێراقدا بچەسپێت، ئەوجار باس لە 140بکەن
و ئەوەیشی خستە پێش چاویان کە "نەتەوەیەکگرتووەکانیش وەکو هەر مرۆڤێک
بێ کەم و کوڕی نییە، گرەنتیش تەنها لەلای خودا خۆیەتی و ئەو ناتوانێت
هیچ زەمانەتێک بدات کە تا ئەوشەش مانگەی دی ماددەی 140 جێبەجێدەکرێت"،
ئەو زاتە دەڵێت: " لە ساڵی2055دا "un" پشتگیری تەکنیکی بەخشی بە هەردوو
هەڵبژاردن و ریفراندۆمەکەی ئێراق کە ئەنجامەکەشیان باش بوو، ئێمەی
کوردیش دەتوانین سوودیان لێ وەربگرین، هەروەها وتی: "پێشنیاری وا پێشتر
نەبووە، تا ئێستاش هیچ نەبووە، ئێمە وەکو" "unدەبین بە بزوێنەری ئەو
ماددەیەو پشتگیری نێو دەوڵەتیتان بۆ دەستەبەردەکەین"، ئەوەی جێگای
سەرنجە ئەویش ئەوەیە ئەگەر ئێمە خۆمان بەشێوەیەکی شێلگیرانەو
سەردەمییانە پلان و بەرنامەی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140و
گەڕاندنەوەی کەرکوک بۆ سەر هەرێمی کوردستان دابین نەکەین، وابزانم
هەزار" "un یشمان لەپشت بێت بایی عانەیەک سوودی نابێت، پرسی کەرکوک
پێویستی بە کەسانێک هەیە شەویان بخەنە سەر رۆژ تا بتوانن کێشە
سیاسییەکانی نێو پێکهاتەکانی ئەم شارە بە کۆتا بهێنن و روویەکی جوانی
برایەتی و شاری پێکەوە ژیان پێشکەش بە دەرەوەی خۆیان بکەن، نەک ئیشیان
تەنها قسە بێت و بە کەسێک بکەن بیەوێت لە رێگای ریشەوە کارەکانی رایی
بکات.
وا چوار ساڵ و چەند مانگێک بەسەر پرسی کەرکوکدا تێپەڕدەبێت، ساڵانی
رابردوو تورکیا وەکو ئێستا شووڵی لێ هەڵنەکێشابوو، ئێمەیش هەر بە شان و
باڵی هاوپەیمانێتییەکدا هەڵمان ئەدا کە لە موجامەلە زیاتر لەهیچ شتێکی
دیکە نەدەچوو، ئێستا تورکیایش هاتە پاڵی و بەشێوەیەکی زۆر لێزانانە بۆ
جارێکی دی توانی تێکەڵ بەهاوکێشەی سیاسیی ببێتەوە، ئەو ئیشەی کەپرسی
کەرکوک و کورد لێمانی دەوێت، ماندوو بوون و گەڕانی دەوێت، ئەگەر ئێمە
بەتەمای ئەوە بین بێگانە بە خێری خۆیان سفرەی حازرمان بۆ رابخەن، دەبێت
هەر لەچاوەڕوانیدا ژیان بکەین، پێشینان راستیان گووتووە "کاڵا بەگوێرەی
باڵا" من دڵنیام پێش ئەوەی نوێنەری "un" لە پەرلەمانی کوردستاندا باس
لە دوواخستنی ماددەی 140بکردایە، ئێمە هەر هەموومان بەسەرکردایەتی و
بنکردایەتییەوە دەمانزانی جگە لەدوواخستن هیچ رێگا چارەیەکی دیکەمان بۆ
نەماوەتەوە، بۆیە ئەگەر ئەمە نەبێتە پەند بۆمان، واباشە هەر لەئێستاوە
خۆمان بەراشکاوی ئەوە رابگەیەنین کە پرسی شارێکی وەکو کەرکوک لە کێشی
ئێمەدا نییەو شانمان هەڵی ناگرێت، ئێمە دەبێت خۆمان زەمینە سازی بۆ
جێبەجێکردنی ماددەی 140بکەین، نابێت چاوەڕوانی دەستی ئەم و ئەو بکەین،
چوار ساڵە تێکەڵ بە گەمەیەک بووینە زۆرێک لە رۆشنبیران هەر لەبەرایی
پرۆسەی ئازادییەوە بە گەمەیەکی مەترسیدار وەسفیان دەکرد، لێ بە داخەوە
حیساب بۆ پێشنیارەکانیان نەکرا، ئێستاش دەرفەتێکی دیکە لە پێشمانە،
نابێت کات بەهەدەر بدەین، با بۆ ئەم شەش مانگە بە شێوەیەکی شێلگیرانە
خۆمان ماندوو بکەین، تا بتوانین بۆ هەموو لایەک بیسەلمێنین خوێنی
قووربانیانی هەڵەبجەو کارەساتی بەدناوی ئەنفال بەهەدەر نەچوونە، ئەگەر
لە بارتەقاماندا نییە ئیشی بۆ بکەین، وا چاکترە ئیتر نە ریشی بۆ
دابنەین و نەش بە قسە موزایەدە لەسەر کەرکوک بکەین!
Star_qadr@yahoo.com
|