|
٢٣\١٢\٢٠٢٥
پرسی کورد:
سەرچاوە و ئاسۆیەکان.
|

داریا ولادیمیرۆنا ماکۆڤسکایا
* |

وەرگێڕانی لە رووسییەوە: د. کامەران
ئەمین ئاوە |
پوختە:
لەم بابەتەدا بەستێنی مێژوویی و ئاسۆکانی چارەسەرکردنی پرسی کورد
تاوتوێ کراوە. فاکتەرە سەرەکییەکان بۆ دیاریکردنی ئاستی ئامادەیی
نوێنەرانی ئەم نەتەوەیە بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی دەستنیشان
کراون: ناڕوونیی سنوورە ئەتنۆگرافییەکانی کوردستان، پارچەپارچەبوون و
ئاستی باڵای جیاوازیی نوێنەرانی ئەم نەتەوەیە بەپێی تایبەتمەندییە
ئەتنیکی، ئایینییەکان و پێگەی کۆمەڵایەتییان؛ نەبوونی یەک ناوکەی
یەکگرتووی ئەتنۆ- نەتەوە[١] لە نێو کورددا و، هەڵوێستی جیاواز سەبارەت
بە پێویستیی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ. هەروەها، ئاسۆکانی ئەگەری
پێکهێنانی کوردستان وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ و، سوود و زیانە
ستراتیژییەکانی ئەو ئەگەرە لەبەرچاو گیراون. نووسەر بەو ئەنجامە
گەیشتووە کە ئێستا هەلومەرجی پێویست بۆ وەدیهاتنی ئەم ویستە لە گۆڕێدا
نییە. پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردستان بە لەبەرچاوگرتنی کۆمەڵێک
تایبەتمەندیی ژئۆستراتیژی و ژئۆئێکۆنۆمی، هەروەها سیاسەتی ئەکتەرە
ناوچەییەکان و ئەکتەرەکانی دیکەی بەشدار لە پێوەندییە
نێودەوڵەتییەکاندا، دژوارە.
کلیلە وشەکان: کورد، ئەتنۆگرافیی کوردستان، سەربەخۆیی، دەوڵەتداری،
کەمینەی ئەتنیکیی کورد، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی نزیک، سیاسەتی
دەوڵەت بەرانبەر بە کورد بۆ بەڵگەهێنانەوە:
ماکۆڤسکایا، دی.ڤی.(٢٠٢٣). پرسی کورد: سەرچاوە و ئاسۆکان. کۆمەڵگا:
سیاسەت، ئابووری، ماڤ، ژمارە ٥، ل٥٠-٥٥.
https://doi.org/10.24158/pep.2023.5.7
Information about the
author D.V. Makovskaya – PhD in Political Science, Associate
Professor, Department of Oriental and African Studies, Sevastopol
State University, Sevastopol, Russia.
https://elibrary.ru/author_items.asp?authorid=787598
شیکردنەوەی وەرگێڕ:
⦁ بەداخەوە ڕێزدار داریا ولادیمیرۆنا ماکۆڤسکایا لە مانگی فێوریەی ٢٠٢٤
به چەشنێکی کتوپڕ کۆچی دوایی کردوە.
⦁ وەرگێڕانی ئەم وتارە بەمانای پەسەندکردنی تەواوی بۆچوونەکانی نووسەر
نییە. (و)
⦁ هەموو وشەکانی ناو کرۆشه [ ]، هاوتاکانی ڕووسی و ئینگلیزی لە
ژێرنووسەکاندا، هەروەها ڕوونکردنەوەکان کە بە (و) نیشانە کراون،
لەلایەن وەرگێڕەوە زیاد کراون.
کورد ("کرمانج" - ناوێک کە بۆخۆیان بە شێوەی گشتی بۆ خۆیانی بەکار دێنن[٢])
یەکێکە لە کۆنترین گەلە خۆوڵاتییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست که پتر لە
دوو هەزار ساڵ لە میزۆپۆتامیا وەک کۆچەر ژیاون. ئەوان [کورد] سەر بە
ڕەگەزی هیندو- میدیترانەیین و لە چەندین 'گرووپی ژێر ئەتنیکی'[٣]
پێکهاتوون و "ڕەوتی بە نەتەوە بوون"ی[٤] ئەوان ئێستاش بابەتی مشتومڕی
زانستییه.
کوردان سەرەڕای نەبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ، گەورەترین کەمینەی ئەتنیکی
لە هەموو ئەو وڵاتانەدان کە به درێژایی مێژوو تێیاندا نیشتەجێ بوون و
هێندێک جار [لە هەندێک ناوچەدا] تەنانەت زۆرینەی دانیشتووانیش پێکدێنن.
کورد هەندێک جار بە "نەتەوەیەکی دابەشکراو" (ناومکین، ٢٠١٩) یان "نەتەوەیەکی
بێ دەوڵەت" ناودەبرێ، و لە ڕاستیدا گەورەترین ئەتنیک لە سەر نیشتمانی[٥]
مێژوویی خۆیەتی که خاوەنی دەوڵەتی نەتەوەیی نییه.
کۆی ژمارەی دانیشتوانی کورد لە جیهاندا لە
نێوان ٢٥ بۆ ٣٥ ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێ. ئەوان چوارەم ئەتنیکی گەورەی
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و یەکێک لە گەورەترین نەتەوە بێ دەوڵەتەکانی جیهانن
(خانالیف، ٢٠١٧). نزیکەی ٥ بۆ
٨ ملیۆن کورد لە باکووری عێراق دەژین، کە بە
لانی کەم زۆرینەی ئەتنیکی لە سێ پارێزگای ئەو وڵاتە پێکدەهێنن. لە
نێوان ١٤ بۆ ٢٠ ملیۆن کورد لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا دەژین، کە
گەورەترین کەمینەی ئەتنیکی پێکدەهێنن. لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران لە
نێوان ٨ بۆ ١٢ میلیۆن کورد لە پارێزگاکانی کرماشان، ئیلام، کوردستان و
ئازەربایجانی ڕۆژئاوا دەژین. هەروەها نزیکەی ٢ بۆ ٤ ملیۆن کورد لە
باکوری سوریا دەژین و بەشێکی زۆری حەشیمەتەکەیان لە حەلەب و دیمەشق
کۆبوونەتەوە. هەروەها نزیکەی ٣٠ هەزار کورد لە ئەرمینیا هەن. جگە لەوەش،
نوێنەرانی ئەم نەتەوەیە دیاسپۆرایەکی گەورە
لە جیهاندا پێکدەهێنن: نزیکەی ٢ ملیۆن کورد لە وڵاتانی ڕۆژئاوا دەژین (نیوەیان
لە ئەڵمانیا)؛ گرووپە بچووکەکانی دیکەی دیاسپۆرای کوردی لە وڵاتانی
دیکەدان (خۆریکۆڤ، ٢٠١٩).
سەرهەڵدانی "پرسی کورد" پێوەندییەکی نزیکی بە دابەشبوونی خاکی مێژوویی
ئەم ئەتنیکەوە هەیە. قۆناغی یەکەمی دابەشبوونی [کوردستان] لە ساڵی ١٥٥٥
زایینی لە ئەنجامی ڕکابەریی نێوان ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و ئێران ڕووی
دا (فینکل، ٢٠٠٩). قۆناغی دووەم ڕاستەوخۆ لە کاتی شەڕی یەکەمی جیهاندا
لەلایەن وڵاتانی ئانتانتەوە بە ئەنجام گەیشت. پەیمانی سێڤر (١٩٢٠)[٦]
مافی خودموختاریی کوردەکانی لە چوارچێوەی تورکیادا گونجاند، بەڵام
بەپێی پەیمانی لۆزان (١٩٢٣)[٧] و بە دەستپێشخەریی تورکیا ئەم مافە
هەڵوەشایەوە. دوای لکاندنی ویلایەتی موسڵ بە عێراقەوە لە دیسامبری ساڵی
١٩٢٥، کوردستان، سەرزەویی ئەتنۆگرافیی کوردان، بەسەر چوار وڵاتدا دابەش
کرا.
بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ، کوردەکان سەبارەت بە تایبەتمەندییە
ئەتنیکیەکانییان، لە لایەن حکوومەتەکانی ئەو وڵاتانەی ڕێژەیەکی زۆری
کورد لەواندا دەژین، بە توندی ڕووبەڕووی هەڵاواردن، بۆ نموونە
ئاسمیلەکران و ئاوارەبوونی زۆرەملێ بوونەوە. تورکیا، عێراق، ئێران و
سوریا، نەک هەر دانیان بە مافی دیاریکردنی چارەنووسیی کورددا نەنا،
بەڵکو حاشایان لە بوونی کورد وەک ئەتنیکێکی سەربەخۆش کرد.[٨]
لە ئێستادا دەتوانین باس لە چوونەسەری ئاگایی نەتەوەیی کورد و
بەرەوپێشچوونی ڕۆڵی کورد لە کایە ئابووری و سیاسییەکانی وڵاتانی
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکەین، بەتایبەتی دوای سەرکەوتنە سەربازییەکانیان
لە شەڕ دژی گرووپی "دەوڵەتی ئیسلامی"دا.[٩] بارودۆخی ئێستا بە جۆرێکی
پێش پێنەگیراو بووەتە هۆی زەقبوونەوەی چەمکی "پرسی کورد" کە ئەمە بۆ
خۆی واتای پرسی دیاریکردنی چارەنووسی سیاسیی نەتەوەی کوردی بە خۆوە
گرتووە و، لە ڕاستیدا ئەم پرسە ڕەهەندگەلێکی ئاڵۆزتر و فرەلایەنەی هەیە.
شیاوترین بۆچوون، "پرسی کورد" وەک "کۆمەڵێک کێشەی کورد لەو وڵاتانە (تورکیا،
ئێران، عێراق و سوریا) پێناسە دەکات کە بەشێک لە سەرزەویی ئەتنۆگرافیی
کوردستانیان خستووەتە نێو چوارچێوەی وڵاتی خۆیان؛ ئەو کێشانە کە ئاکامی
چارەسەرنەبوونی پرسی کورد لە هەر یەک لەو وڵاتانەدان، ئەگەری
بەکارهێنانیان وەک ئامێری فشار یان "کارتێکی سیاسی" لە پێوەندییە
نێودەوڵەتی و نێونەتەوەیییەکاندا پێکدێنی؛ هەروەها بارودۆخی بزووتنەوەی
نەتەوەیی- ڕزگاریخوازی کورد کە دەرفەتی کەلکوەرگرتن لەم ئامرازە
سیاسییە دەخوڵقێنێت، بە فاکتەرێکی کاریگەر لە دۆخی نێونەتەوەیی ناوچەکە
و هەندێک جار بەولاوەتریش دەژمێردرێت" (مۆساکی، ٢٠٠٥).
لە هەلومەرجی ئێستادا ئامادەیی کوردان بۆ بە ئەنجام گەیاندنی رەوتی
یەکگرتن، پێوەندیی بەم فاکتەرانەوە هەیە: یەکەم شت کە لە باری
گرنگییەوە پلەی یەکەمی هەیە، تایبەتمەندیی ژئۆپۆلیتیکیی کوردستانە.
ناوی جۆگرافیایی سەرزەویی گۆرین[١٠] (کوردستان، واتە وڵاتی کوردان)، کە
لە سەردەمی سەلجوقییەکان لە سەدەی ١٢دا سەریهەڵداوە، واتایەکی
ئەتنۆگرافیی هەیە، نەک سیاسی و حقووقی. کوردستان بەشی ناوەندیی
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی نزیک دەگرێتەوە، ڕووبەرەکەی زیاتر لە
نیو ملیۆن کیلۆمەتری چوارگۆشەیە (موساکی، ٢٠٠٥). سنووری وردی ئەم
ناوچەیە بە هۆی نەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆ، ڕوون نییە.
ئەو سەرزەوییانەی زۆربەی هەرە زۆری دانیشتوانیان کوردن، چەند بەشێک لەم
وڵاتانە پێکدێنن کە هاوسنووری یەکترین: ئێران (ڕۆژهەڵاتی کوردستان -
٤٠.٢٪ی کۆی کوردستان)، عێراق (باشووری کوردستان - ١٦.٤٪)،
سوریا (ڕۆژئاوای کوردستان - ٢.٩٪) و تورکیا (باکوری کوردستان -
٤٠.٥٪) (عەبدوڵڵا، ١٩٩٦: ١٠).[١١]
بەهۆی نەبوونی سنووری ڕوون و دیاریکراو بۆ ئەم یەکە ئەتنۆگرافییە
ڕێژەییە [کوردستان]، کورد بە نایەکسانی لە پانایی خاکەکەیدا بڵاو
بووەتەوە. کوردەکان ناوکەیەی ئەتنیکییان نییە کە بتوانێت خزمەتی نەتەوەسازیی
ئەوان بکات. هەروەها گەشەسەندنی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان تا
ڕادەیەکی زۆر نایەکسانە. ڕاوەستاوی(رکود)ی ئابووری و کەمیی چڕی
دانیشتوان، لە تایبەتمەندییەکانی ناوەندی ژئوگرافیکی کوردستانن. جگە
لەمەش سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافیی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان کە لە
لایەن حکوومەتەکانەوە جێبەجێ دەکرێت، گۆڕانێکی بەرچاوی لە پێکهاتەی
ئەتنیکیی ئەو ناوچانەدا پێکهێناوە. ئەمەش توانایی کوردی بۆ سەردەستیی
سیاسی لە سەرزەوییە مێژووییەکەیدا کەم کردووەتەوە و ڕەوتی دیاریکردنی
چارەنووسی نەتەوەیی ئەوانی دژوارتر کردووە.
ئەو چیایانەی کە بەشێکی زۆری کوردستانی مێژووییان لەخۆ گرتووە، یەکێک
لە بەربەستە جیددییەکانی بەردەم یەکگرتوویی کوردن. زاڵبوونی هەڵکەوتی
شاخاوی لە خاکی ئەم یەکە ئەتنۆگرافییە ڕێژەییەدا دەبێتە هۆی نەبوونی
پێوەندییەکی سەقامگیر لە نێوان ناوچەکانی کوردستاندا، لەوانەش
دروستکردنی ناوەندێکی بەهێز لە نیشتمانی کورددا، نەبوونی ئەمەش، گەیشتن
بە یەکڕیزیی ئەتنیکی[١٢] نەتەوەیی دژوار دەکات.
ههـروهـها هەڵکەوتنی کوردستان لە شوێنی بەیەکگەیشتنی چەند وڵاتێکدا
ڕێگری لە ڕەوتی یەکگرتن دەکات. ڕاپەڕینەکانی کورد هەمیشە لە لایەن
حکوومەتەکانی ئەو وڵاتانەی کە تێیاندا دەژین سەرکوت کراون. لە هەمان
کاتدا، ئەم ڕاپەڕینانە دەرفەتی زیاتریان بۆ ئەکتەرە ناوچەیی و سەروو
ناوچەییەکان لە پێوەندییە نێونەتەوەییەکاندا ڕەخساندووە.
سەبارەت بە تایبەتمەندییە ئەرێنییەکانی ژئۆستراتیژیکی کوردستان دەکرێ
ئاماژە بە دەستڕاگەیشتنی هاوکاتی بە کەنداوی فارس و دەریای مدیترانە
بکرێ. جگە لەوەش کوردستان خاوەنی سامانی سروشتیی بەرچاوە. ڕووبارەکانی
دیجلە و فورات کە بە خاکی ئەتنوگرافیای گریمانەیی [کوردستان]دا
تێدەپەڕن، دابینکەری پۆتانسێلێکی مەزنی وزە بۆ ناوچەکە و سەرچاوەی ئاوی
شیرین، یەکێک پڕداواکارترین سەرچاوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. موساکی،
٢٠٠٥). جگە لەمەش ئەم ڕووبارانە سەرچاوە ئاوییەکانی باکووری
ئەتنۆگرافیکی کوردستان (تورکیا) و کوردستانی عێراق و ڕۆژئاوای
کوردستانی ئێران دەگوازنەوە بۆ ناوچە وشکەکانی باشوور واتە بیابانە
عەرەبییەکان. ئەم تایبەتمەندییە ڕەهەندی ئاویی پرسی کورد دیاری دەکات،
واتە پرسی دابەشکردنی سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە لە باکووری ناوچەکە (کوردستانی
تورکیا و تا ڕادەیەک کوردستانی عێراق) بۆ باشوور، [یان بە واتایەکی تر]
بۆ سوریا و عێراق.
لە ڕەهەندی ژئۆئێکۆنۆمیک و سیاسیدا، تێپەڕبوونی بێ بەربەستی ئاو بە ناو
کوردستاندا، بۆ وڵاتانی عەرەبی پێویستییەکی ژیانەکییە. بۆیە ئەم
مەسەلەیە ڕێگە بە تورکیا دەدات فشار بخاتە سەر سوریا و عێراق و هەروەها
ڕێگە بە وڵاتانی عەرەبی دەدات بە پشتیوانی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی
کورد لە تورکیا، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ژئۆئێکۆنۆمیک لەگەڵ تورکیادا کەڵک
لە فاکتەری کورد وەربگرن (موساکی، ٢٠٠١).
هەروەها دەکرێ وەک سەرچاوەیەکی ژئۆستراتیژیکی گرنگی کوردستان ئاماژە بە
نەوت بکرێ. پێش هەموو شتێک کێڵگەی نەوتی کەرکوک لە کوردستانی عێراق، کە
بیری پڕ بەرهەم و کەم تێچوو و، لۆجستیکی گونجاوی هەیە. لێرەوە "زێڕی
ڕەش" بۆ بەندەرەکانی دەریای مدیترانە و تورکیا دەگوازرێتەوە. بێجگە لە
کەرکوک، ناوچە ستراتیژییە نەوتییەکانی دیکەی کوردستان بریتین لە
خانەقین لە عێراق، کێڵگە نەوتییەکانی نزیک کرماشان لە ئێران، هەروەها
سێگۆشەی گارزان-گەرمیک- ڕامان کە لە ڕووی جوغرافییەوە سەر بە خاکی
سوریا و تورکیایە (مامشائە ٢٠١٩).
هەڵکەوتەی جوغرافیایی کوردستانیش کە دەکەوێتە شوێنی پێکگەیشتنی پێوەندییە
نێودەوڵەتییەکان واتە سێگۆشەی دەریای خەزەر، کەنداوی فارس و مدیترانە،
گرنگییەکی تایبەتی هەیە. کوردستان بەشێکە لە "رێڕەوی ئوروئاسیا" کە
گرنگیەکەی لەگەڵ جێبەجێبوونی پڕۆژەی "یەک پشتێن، یەک ڕێگا" زیاتر دەبێ.
کەرت کەرتبوونی قووڵی نەتەوەی کورد کۆسپێکی چارەنوسسازی جیدییە لە سەر
ڕێی گەیشتنی کوردستان بە سەربەخۆیی سیاسی. هەروەها نەبوونی زمانێکی
یەکگرتوو، ئەگەرچی[زمانی کوردی]، چوارەم زمان لە ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاستدایە کە زۆرترین ئاخێوەری هەیە، یەکێک لە هۆکارەکانیەتی. زمانی
کوردی سیستەمێکی بەرفراوان و پلەبەندییکراوی شێوەزارەکانە، کە بەپێی
یەکێک لە پۆلێنکردنەکان، لە پێنج زاری سەرەکی پێکهاتووە، کە هەر یەک
لەم زارانەش بەسەر شێوەزاری جیاوازدا دابەش دەکرێن. جگە لەمەش کوردەکان
دەتوانن ڕێنووسی عەرەبی- فارسی (لە ئێران)، لاتینی (لە تورکیا، ئەمریکا،
بەریتانیا، ئەڵمانیا) و سیریلیک (لە ڕووسیا) بەکار بهێنن (ناومکین،
٢٠١٩).
بوونی فرەئایینی یەکێکی دیکە لە بەربەستەکانی بەردەم یەکگرتوویی کوردە.
نزیکەی ٧٥%ی نوێنەرانی ئەم نەتەوەیە بە ئیسلامی سوننە پابەندن. ٥–٧٪
کوردەکان شیعەن. دیارە کوردەکان هەر لە کۆنەوە لەگەڵ پرسە
ئایینییەکاندا بە ئەرێنی مودارایان کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تا
ڕادەیەک ناکۆکیی سوننە و شیعەیان لەنێویاندا هەیە. سەلەفیەکان کە
گرووپی ئیسلامیی توندڕەویان پێکهێناوە (وەک انصار الاسلام لە کوردستانی
عێراق) لەم حوکمە بەدەرن. هەروەها ئایینی مەسیحی (بە شێوەی سەرەکی
کاتۆلیک)، یهودیگەری، سۆفیگەری، عەلەویگەری و ئیزەدیگەری تا ڕادەیەکی
کەم لەم ناوچەیەدا ماون.
پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی تایبەت بە کۆمەڵگەی کوردیش کێشە بۆ یەکگرتوویی
ئەوان دروست دەکات. لە [هەندێک] «ناوچەی مێژوویی نیشتەجێبوونی کورد،
پێوەندییە پیاوسالارییە بەسەرچووەکان پارێزراون و ڕۆڵی زۆر گرنگی
پێکهاتەی خێڵاتی و تایفهـیی لە نێو کورددا لەگەڵ ڕەوتی ڕوو لە
پەڕەگرتنی مۆدێرنیزاسیۆن تێکەڵ بووە (ناومکین، ٢٠١٩).
لە باری بیر و باوەڕیشەوە ناکۆکیی جیددی لە نێو کورداندا هەیە؛ ناکۆکیی
نێوان لایەنگرانی بایەخە لیبراڵییە نوێیەکان و، بۆچوونە سۆسیالیستییە
ڕادیکاڵەکان، کە هەندێک جار دەبێتە هۆی شەڕی چەکداری، لەبەردەم
یەکگرتوویی ئەتنیکی، بەربەستێکە.
جگە لەمەش لەنێو کۆمەڵگای کوردی کە لە چوارچێوەی وڵاتانی جیاجیادا
دەژین، کۆدەنگییەک لەسەر پێویستیی بەشداری لە خەبات بۆ دروستکردنی
دەوڵەتێکی نەتەوەیی سەربەخۆ، بەدی ناکرێت. ئێستا لە وڵاتانەدا کە
کوردیان لێدەژین چینێکی شوێندانەر پێکهاتووە کە پێگەیەکی باڵای
کۆمەڵایەتی و سیاسییان هەیە و حەز لە دەستپێکردنی شەر و کێشەیەک ناکەن
کە پێگەی مومتازی ئەوان بخاتە مەترسییەوە، ئامانجی ئەوان بەدەستهێنانی
بەرزترین پێگە لە ژیانی ئابووری و سیاسیی ئەو وڵاتانەدایە کە بە
هاووڵاتی ئەوان دەژمێردرێن (ناومکین، ٢٠١٩).
پێوەندییەکی ئاڵۆز لە نێوان گرووپە جۆراوجۆرەکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی
کورد دروست بووە کە سەرچاوەکەی جۆراوجۆری و جیاوازیی ئامانجی
ژئۆپۆلیتیکیی ئەوانە، هەر لە داننان بە هەبوون و بە رەسمیەتناسین، هەتا
دروستکردنی دەوڵەتێکی یەکگرتووی کوردی لە قۆناغی ئێستای گەشەسەندنی
مێژوویی ئەو [بزووتنەوەیە] لە هەڵکشان و داکشاندایە. ئەم دۆخە تەنانەت
لە پێوەندی لەگەڵ ئەو حیزبە سیاسیانەشدا کە لە نێو وڵاتێکدا چالاکن، -
بۆ نموونە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی
نیشتمانیی کوردستان و حیزبی "گۆڕان" لە عێراق- هەر ڕاستە.
جگە لەمەش، ئەو کوردانەی ئامانجی ژئۆپۆلیتیکی جیاوازیان هەیە، هۆگرییان
بە ئەکتەری ناوچەیی جیاواز هەیە. بە تایبەتی وێدەچێ کوردستانی عێراق
لە داهاتوودا وەک قەوارەیەکی لایەنگری ئەمریکا بمێنێتەوە. بۆ کوردەکانی
سوریا پێشبینی دەکرێ درێژە بە هاوپەیمانییان لەگەڵ فیدراسیۆنی ڕووسیا
بدەن (فیدۆرچێنکۆ، کریلۆڤ، ٢٠١٩).
سەرەڕای ئەمەش، ئەم نەتەوەیە لەکاتی ڕووبەڕووبوون لەگەڵ هەڕەشە
هاوبەشەکاندا ، گیانێکی بەهێزی یەکگرتوویییان تێدایە. بۆ نموونە کاتێک
کوردەکانی سوریا لەگەڵ گروپی تیرۆریستی داعش کە کانتۆنی کۆبانییان
داگیر کردبوو، شەڕیان دەکرد، هێزی پێشمەرگەی کوردستانی عێراق بە
هانایانەوە هات (ناومکین، ٢٠١٩).
زۆرجار نوێنەرانی ئەو نەتەوەیەی کە باسی لێوە دەکرێ [کورد] لەلایەن
ئەکتەرە ناوچەییەکان و ئەکتەرەکانی دیکەوە بە ناڕەوا و نادروست کەلکیان
لێوەردەگیرێ و هەوڵدەدەن لە ڕەوتی تێکۆشان بۆ بەدەستهێنانی پێگە و
نفوزی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی نزیک و ناوەڕاست و بەدیهێنانی بەرژەوەندییە
ژئۆپۆلیتیکییەکانیاندا لە "پرسی کورد" کەلک وەربگرن. هەڵکەوتنی چەند
بەشێک لە کوردستانی مێژوویی لە سنووری چەند وڵاتێکی جیاوازدا، وای
کردووە بەستێنی ئەم چەشنە کەلکوەرگرتنە ناڕەوایە پێک بێت. ئەم
دەرفەتانە بۆ هەبوونی کاریگەری لەسەر دوو ئاستی پێوەندیدار دەردەکەون:
لە ڕێگەی فشار لەسەر ئەو وڵاتانەی کە بەشێک لە کوردستانی مێژوویییان
پێوە لکێندراوە، هەروەها لە ڕێگەی کاریگەری لەسەر ناوچە دراوسێییەکان.
ئەم دۆخە بە شێوەیەکی جیددی ڕێگری لە چارەسەرکردنی ناکۆکییە
هەنووکەییەکانی نێوان کوردانی دانیشتووی وڵاتانی جۆراوجۆری ڕۆژهەڵاتی
نزیک و ناوەڕاست دەکات(دالمن، ٢٠٠٢).
ئێران و عێراق بە فەرمی دانیان بە بوونی دوو یەکە لە نێوخۆی خاکی
خۆیاندا ناوە: پارێزگای کوردستان لە ڕۆژئاوای ئێران و کوردستانی عێراق
کە لە چوارچێوەی کۆماری عێراقدا ناوچەیەکی خودموختارە. هەروەها،
حەشیمەتێکی بەرچاوی کورد لە خوراسان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کۆماری
ئیسلامیی ئێراندا دەژین. کوردی عێراق لە ڕیفراندۆمی ٢٠١٧دا گەورەترین
سەرکەوتنیان لە بواری چارەی خۆنووسیندا بەدەستهێنا.[١٣] هەرێمی[١٤]
ئەوان بەشێکە لە فیدراسیۆنی عێراق کە مافی بەرفراوانیان هەیە. زمانی
کوردی وەک دووەم زمانی فەرمیی وڵات ناسراوە. هەرێم نزیکەی ١٣٪ی
بودجەی دەوڵەتی- بەشی هەرە زۆریشی لە داهاتی هەناردەکردنی نەوتەوە-
وەردەگرێ. کوردان لە پێکهاتەکانی دەسەڵاتدا بەشدارییەکی زۆریان هەیە و
لە چارەسەرکردنی قەیرانەکانی نێوخۆدا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن. سەرکردەکانی
کورد بەنیازن کێشە چارەسەرنەکراوەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بە
شێوەیەکی ئاشتیانە و بە پێی یاسای وڵات چارەسەر بکەن. جگە لەمەش،
سەرەڕای دەرئەنجامە ئەرێنییەکانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە سپتامبری
٢٠١٧، کوردانی عێراق هێشتا پرسی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان
نەخستۆتە بەرنامەی کارەوە.[١٥]
یەکێک لە پڕکێشەترین مەسەلەکان بۆ تورکیا پرسی کوردە. لە دوای
واژۆکردنی پەیمانی لۆزانەوە[١٦]، هەموو جووڵە و هەوڵەکانی نوێنەرانی
ئەم نەتەوەیە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ سەرکوت کراون. لە ساڵی
١٩٨٤ـەوە، جاروبار، پێکدادان لە نێوان هێزە چەکدارەکانی ئەنقەرە و
کوردانی دانیشتووی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا ڕوویداوە، کە داوای
جیابوونەوە و سەربەخۆیی تەواو دەکەن.[١٧] پێوەندی نێوان هەردوولا
هەمیشە گرژ و ئاڵۆزە.
پرسی وەدیهاتنی کوردستانێکی سەربەخۆ، وێرای بەردەوامیی ئەو داوایە،
پێوەندیی بەم ئەگەرانەوە و سەقامگیربوونیشیانەوە هەیە:
یەکەم: دەکرێ بە دڵنیاییەکی زۆرەوە گریمانە بکرێ کە کوردستان ئەگەر
عپێگەیەکی یاساییع[١٨] دەوڵەتێکی سەربەخۆ بەدەست بهێنێ، فیدرالیزمێک
لەسەر بنەمای ئەتنیکی و ئایینیی دانیشتوانی وڵاتەکەی لێدەکەوێتەوە و [لە
ئاکامدا] نابێتە دەوڵەتێکی سەقامگیر.[١٩]
دووەم: بەڵگەی بەرچاو هەن کە نیشان دەدەن ئاراستەی سیاسەتی دەرەوەی
کوردستانی داهاتوو بە شێوەیەکی جیددی لە گرەوی بە حەزە سیاسییەکان و
مەیلەکانی تری ئەو سەرکردەیەدا دەبێت کە دێتە سەر دەسەڵات. ڕەوتی گەشەی
ڕێکخراوە کوردییەکانی ئێستا ئاماژە بەوە دەکەن کە سیاسەتی دەرەوەی ئەم
دامەزراوە هێزەکییە دەوڵەتییە [ئەو هێزەی دەبێت بە ماکەی دەوڵەتەکە]،
سەقامگیر نابێ و دەکەوێتە ژێر کاریگەریی پێویستییە سەرەکییەکانی
سەرچاوەگرتوو لە گۆڕانی ڕێژیمەکان.
سێیەم: کوردستانێکی سەربەخۆ، کە خاوەنی سەرچاوەی سەرنجراکێشی مرۆیی،
هایدرۆکاربۆنی، هایدرۆلۆژی و ...هتدە، ئەگەر بەرزەفڕیی بەشێک لە
ڕێبەڕانی کورد هەر وەک خۆی بمێنێتەوە، وێدەچێ ئیدیعای سەرکردایەتیی
ناوچەکە بکات. بەڵام نەبوونی یەکیەتیی نەتەوەیی و جیاوازیی بەرژەوەندی
گرووپە پەرشوبڵاوەکان، دەرفەتی نوێ بۆ ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان
دەڕەخسێنێ کە کاریگەرییان لەسەر سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەوەی وڵاتەکە
هەبێ، ئەمەش بە ناچاری دەبێتە هۆی لاوازبوونی وڵاتەکە.
چوارەم: ئەگەر کوردستانێکی سەربەخۆش لەسەر نەخشە دەربکەوێ، بەهۆی
نەبوونی سەرچاوەی پێویست، نەبوونی یەکڕیزیی شارۆمەندان، نەبوونی
سەرکردایەتییەکی بەهێز و دامەزراوەی سیاسیی سەقامگیر، ئەم وڵاتە ناچارە
پشت بەو پێکهاتە دەرەکییە خاوەن قازانجانە ببەستێ کە لە ڕووی دارایی و
ئایدۆلۆژییەوە بەشدارییان لە سەرهەڵدانیدا کردووە.
بێ گومان بیری نەتەوەیی سەربەخۆیی لە نێو کورددا پارێزراوە و هەرواش
دەمێنێتەوە، بەڵام مەرج و پێشمەرجی پێویست بۆ جێبەجێکردنی هێشتا ئامادە
نییە. سەرهەڵدانی کوردستانێکی سەربەخۆ لەسەر نەخشەی سیاسی، زیاتر
بوارێکی گریمانەیی و ئینتزاعیی هەیە. سەرەڕای ئەوەش، کوردستان تا
ئەمڕۆش پێگەی سەرەکیی ژئۆپۆلیتیکی و ژئۆستراتیژیی خۆی پاراستووە، هەر
بۆیەش "پرسی کورد" یەکێک لە پرسە هەرە گرینگەکانی ئەمرۆ لە سیاسەتی
جیهانی هاوچەرخدایە. بێجگە لەوەش گەورەترین پرسی ئەتنیکیی باننەتەوەییی
سەردەمی ئێمە و هۆی ناسەقامگیریی هەمیشەیی لە ڕۆژهەڵاتی نزیک و
ناوەڕاستدایە. (دالمن، ٢٠٠٢).
ژێرنووسەکان:
١.
Ethno-national.
٢.
Oбщее самоназвание, general self-designation,
خۆناودێرکردنی باو.
٣.
Subethnic.
گرووپە ژێر ئەتنیکییەکان بریتین لە گرووپە بچووک و جیاوازەکان کە بەشێک
لە گرووپێکی ئەتنیکیی گەورەتر یان نەتەوەیەکن. ئەم جیاوازییە زۆرتر
بەهۆی فاکتەرە کولتووری، زمانی، ئایینی، یان جوغرافیاییە تایبەتییەکان
سەرهەڵدەدات. گرووپە ژێر ئەتنیکییەکان ڕەگ و ڕیشەی ڕەگەزی، کولتووری،
زمانی و مێژوویی هاوبەشیان هەیە. (و)
٤.
Ethnogenesis.
ڕەوتی سەرهەڵدان و گەشەسەندنی گرووپێکی ئەتنیکی. (و)
٥.
Ethnoareal.
چەمکی عئەتنوئاریالع ئاماژەیە بۆ ئەو ناوچە جوغرافییە کە گرووپێکی
ئەتنیکی لە ڕووی مێژوویی و کولتوورییەوە، تێیدا دەژین. بە واتایەکی تر،
ئەو دەستەواژەیە ئاماژەیە بۆ ناوچە یان مەڵبەندێک کە نەتەوەیەک یان
گەلێک بە چڕی تێیدا دەژین و تایبەتمەندییە کولتووری، زمانی، مێژوویی،
یان ئەتنیکییەکەیان بەسەر ئەوێدا زاڵە. (و)
٦. پەیماننامەی سێڤر. ١٠ی ئاگوستی ١٩٢٠ (هەڵبژاردە) // "ئاشتیی نێوان
دوو شەڕ: بەڵگەنامەی هەڵبژێردراو لەسەر مێژووی پێوەندییە
نێونەتەوییەکان لە ساڵانی ١٩١٠ تا ١٩٤٠". مۆسکۆ، ١٩٩٧، ل ٥٤-٦٧.
٧. پەیمانی ئاشتیی لۆزان ڕێکەوتی ٢٤ی ژوئیەی ١٩٢٣، لۆزان [سەرچاوەی
ئەلیکترۆنی]//ئەنجومەنی نیشتمانی (پارلەمان)ی ئەرمینیای ڕۆژئاوا.
ناونیشانی وێب: هتتپس://وا.نت.ئام/رو/ئارچڤەس/٣٣٣٧ (ڕێکەوتی سەردان:
٢٥.٠٤.٢٠٢٣).
٨. لە ڕوانگەیەکی مێژووییەوە:
⦁ لە تورکیا دەوڵەتی کۆماری تورکیای تازە دامەزراو لە ساڵی ١٩٢٣ بە
سەرۆکایەتیی کەمال ئەتاتورک، لە چوارچێوەی سیاسەتی "یەک نەتەوەی
تورک"دا، حاشای لە ناسنامەی نەتەوەیی کوردی کرد؛ تەنانەت زمانی کوردی
قەدەغە کرا و تا ئەم دواییانە بە "تورکی شاخی" ناو دەبران تا هەر جۆرە
جیاوازییەکی نەتەوەیی لەنێو بچێت. بەڵام ئەم پیلانە قەت سەری نەگرت و
لەگەڵ بەرخۆدانی نەتەوەی کورد لە باکووری کوردستان بەرەوڕوو بووەوە و
تا ئەمڕۆش ئەم خەباتە بەردەوامە.
⦁ لە ئێران، هەرچەند دەوڵەتەکان بە فەرمی بوونی قەوم نەک نەتەوەی
جیاوازیان قبوڵ کردووە، بەڵام جەختیان لەسەر ناسنامەی "ئێرانی" وەک
یەکەیەکی گشتی کردووە و لە هەر دوو ڕێژیمی پەهلەوی و ئیسلامیدا، بە
دروشمی "یەک وڵات، یەک نەتەوە" یان "یەک ئوممەتی ئیسلامی"، بوونی
مەسەلەی نەتەوەییان ڕەتکردووەتەوە و بە بیانووی "پاراستنی یەکپارچەیی
خاکی ئێران" سەرکوتیان کردوون.
⦁ لە سوریا بەشێکی بەرچاوی کورد ساڵانێکە لە ڕەگەزنامە و بەڵگەنامە
فەرمییەکان بێبەش کراون و مافی هاوڵاتبوونیان لێ زەوت کراوە. بەڵام لە
دوو دەیەی ڕابردوودا، لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕە ناوخۆییەکان،کوردەکان
ڕۆڵێکی بەرچاویان لە ڕووداوەکانی ناوچەکەدا هەبووە، بەتایبەتی لە شەڕ
دژی هێزە کۆنەپەرستەکانی عدەوڵەتی ئیسلامیی داعشع. دوای ڕووخانی
حکوومەتی بەعس لە ٨ی دیسامبری ٢٠٢٤ و هاتنە سەرکاری هێزەکانی "هیئت
تحریر شام"، هێشتا داهاتوو و پێگەی سیاسیی ئەم بەشەی کوردستان لە
چوارچێوەی سوریادا ڕوون نییە.
⦁ لە عێراق، لە ساڵی ١٩٧٠ دەوڵەتی عێراق بە سەرۆکایەتی پارتی بەعس و
مستەفا بارزانی، سەرۆکی بزووتنەوەی کورد، دوای چەندین ساڵ کێشە و شەڕی
نیزامی، ڕێککەوتننامەی ئۆتۆنۆمیی کوردستانی عێراقیان واژۆ کرد. ئەم
ڕێککەوتنە یەکێک بوو لە وەرچەرخانە گرنگەکانی مێژووی پرسی کورد.
دەرئەنجامی ئەو دانوستانانە بەیاننامەی ١١ی ئازار [مارس]ی ١٩٧٠ بوو، کە
بەپێی ئەو: کورد وەک نەتەوەیەک لە عێراقدا ددانی پێدانرا؛ وا بڕیاردرا
زمانی کوردی لە ناوچە کوردنشینەکاندا بکرێتە فەرمی؛ کورد مافی
بەشداریکردن لە کاروباری ناوخۆی ناوچە خودموختارەکانیدا هەبێت؛ و
هەندێک پۆستی حکومی و سەربازی بدرێ بە کورد. بەڵام جێبەجێکردنی تەواوی
ئەم ڕێککەوتنە ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر بووەوە. دواتر حکوومەتی ناوەندیی
عێراق جێبەجێکردنی بڕگەکانی خودموختاری دواخست. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی
پێوەندییەکانی نێوان بەغدا و کورد جارێکی دیکە ناخۆش بێتەوە و شەڕی نوێ
دەست پێبکاتەوە. سەرەنجام هەرچەند ڕێککەوتنی ١٩٧٠ یەکەم ئەزمونی فەرمیی
داننان بە خودموختاریی کورد لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بوو، بەڵام
تەنیا دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن لە ساڵی ٢٠٠٣ حاڵەتێکی فەرمی و
ئیداریی بە خۆیەوە گرت و ئێستا بە هەرێمی کوردستانی عێراق ناسراوە. (و)
٩. ئەم ڕێکخراوە لە فیدراسیۆنی ڕووسیا قەدەغە کراوە.
١٠.
Toponym.
١١. توێژەری کورد عەبدوڵڵا غەفوور [سەرچاوەی نووسەری ئەم بابەتە] لە
لێکدانەوەکانی خۆیدا کۆی ڕووبەری کوردستانی بە٥٣٢،٥٢٦ کیلۆمیتری
چوارگۆشە و ڕووبەری کوردستانی ئێرانی بە٢١٤،٢٥٣ کیلۆمیتری چوارگۆشە
خەمڵاندووە. بەڵام ئەم ژمارانە لەگەڵ خەمڵاندنی زۆرێک لە توێژەرانی
کورد و بیانی یەک ناگرێتەوە، لەوانە نۆدار زەینالۆویچ موساکی لە کتێبی
"کوردستان: سەرچاوە و سیاسەت"، بەرگی یەکەم، ل. ١٣، مۆسکۆ ٢٠٠٥، و
دوکتۆر عەبدولرەحمان قاسملوو و توێژەرانی ڕووسی، لەنێویاندا پرۆفسۆر
لازارێڤ. د.قاسملوو لە کتێبی "کوردستان و کورد"دا وێرای ئاماژە کردن بهـوەی
کۆی ڕووبەری کوردستان نزیکەی٤٩٦،٥٠٠ کیلۆمیتری چوارگۆشەیە و "هێندێک
کۆڕو کۆمەڵی کورد دەڵێن پێوانەی کوردستان لە ٥٠٠٠٠٠ کیلۆمیتر تێدەپەڕێو
لە لوتکەی ئاراراتەوە تا دەگاتە خەلیجی فارس
و دەریای مێدیترانە دەگرێتەوە" ڕووبەری کوردستانی ئێران بە ١٢٤٩٥٠
کیلۆمیتر دەزانێ. [دوکتۆر عەبدولرەحمان قاسملوو، کوردستان و کورد،
وەرگێر عەبدوڵا حەسەنزادە، ل ١٦، ساڵی وەرگێڕان ١٣٥٢/١٩٧٣ چاپخانە
کتێبی ئەرزان، سوئید گەلاوێژی ٢٠٠٤ ]، هەروەها پرۆفسور لازاریڤ
دەنووسی:"کوردستان دەکەوێتە بەشی هەرەناوەڕاستی ڕۆژئاوای ئاسیا (بێژینەیژی
لە نێوان ٣٤ و ٤٠ پلەی پانیی باکووری و ٣٨ بۆ ٤٨ پلەی درێژایی
ڕۆژهەڵاتی)، لە ڕۆژئاواوە بۆ ڕۆژهەڵات بەبڕە ١٠٠٠ کیلۆمیتر و لە
باکوورەوە بۆ باشوور ٣٠٠ بۆ ٥٠٠ کیلۆمیتر درێژەی هەیە. کۆی ڕووبەرەکەی
نزیکەی ٤٥٠ هەزار کیلۆمیتری چوارگۆشەیە (٢٠٠ هەزار کیلۆمیتری چوارگۆشە
لە تورکیا، زیاتر لە ١٦٠ هەزار کیلۆمیتری چوارگۆشە لە ئێران، نزیکەی ٧٥
هەزار کیلۆمیتری چوارگۆشە لە عێراق و ١٥.
هەزار کیلۆمیتری چوارگۆشە لە سوریا)." لازارف، مسالە کرد(منشاء، رشد و
موقعیت کنونی)، کردستان معاصر، برگردان از روسی: کامران امینآوە، ص
١٥، روشنگری، آلمان، چاپ دوم ١٣٩٦.
١٢ Ethnonational.
١٣. سەرکەوتنی ڕیفراندۆمی کوردی عێراق لە ٢٥ی سپتامبری ٢٠١٧ بە
سەرکەوتنێکی گەورە دادەنرێ بۆ تەواوی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی
کورد لە ڕووی ڕەمزی و ڕۆحی و مێژووییەوە. لەم ڕیفراندۆمەدا خەڵکی
کوردستانی عێراق بە شێوەیەکی فەرمی و دیموکراتیک ئیرادەی خۆیان بۆ
سەربەخۆیی ڕاگەیاند و زیاتر لە ٩٢٪ی دەنگەکانیان بە سەربەخۆیی
کوردستان دا. ئەم ڕووداوە بوو بە تۆماری فەرمیی ئیرادەی نەتەوەیی کورد
لە مێژووی هاوچەرخی کورددا و لەم ڕوانگەیەشەوە، هەرچەندە ڕیفراندۆم
نەبووە هۆی دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، بەڵام لە ڕاستیدا
ڕەمزی "ڕاگەیاندنی ئیرادە و ئاواتەکانی گەلی کورد" بوو لەسەر ئاستی
جیهانی. بەڵام دوای ڕیفراندۆمی ٢٥ی سیپتامبر، ئەنجامەکانی لەلایەن
حکوومەتی ناوەندیی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دانیان پێدا نەنرا.
فەرمانی هێزەکانی حکوومەتی عێراق (بە سەرۆکایەتیی حەیدەر عەبادی سەرۆک
وەزیرانی ئەوکات) بۆ هێرشکردنە سەر ئەو ناوچانەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان
کێشەیان لەسەرە، بەتایبەت شاری کەرکوک، لە ١٦ی ئۆکتۆبری ٢٠١٧ (٢٤
ڕەزبەری ١٣٩٦) دەرچووە. ئەم ئۆپەراسیۆنە بە فەرمی بە "گەڕاندنەوەی
ناوچە جێی ناکۆکییەکان بۆ ژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی ناوەندی" ناسرابوو.
حکوومەتی عێراق لەگەڵ هێزەکانی "حشد شعبی" و بە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی
ئێران بە فەرماندەیی قاسم سولەیمانی، هێرشیان کردە سەر هەرێمی کوردستان.
هیچ پلانێکی یەکگرتوو بۆ بەرگری یان بەرخۆدانی هاوئاهەنگ لەلایەن
حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خودی مەسعود بارزانییەوە نەبوو. هێزی
پێشمەرگە بەبێ بەرخۆدانی ڕێکخراو و لە هەندێک حاڵەتدا بە پێکدادانی
پەرشوبڵاو و کورتخایەن پاشەکشەی کرد. پارێزگای کەرکوک و بەشێک لە موسڵ
و دیالە کە ناوچەی جێی ناکۆکی لە نێوان بەغدا و هەولێر بوون و لەژێر
دەستی پێشمەرگەدا بوون، ڕادەستی میلیشیاکانی لایەنگری ئێران واتە
هێزەکانی "حشد شعبی" و سوپای ئاسایی عێراق کران. کۆمەڵێک لە ئەندامانی
یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی (کوڕە
گەورەکەی جەلال تاڵەبانی و سەرۆکی ئێستای یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان)
هاوکاری و هاوپەیمانی حکوومەتی عێراق و ئێرانیان کرد[١] بۆ لەناوبردنی
دەستکەوتەکانی ڕیفراندۆم و گەڕاندنەوەی هێزە سەربازی و میلیشیاکانی
حکوومەتی ناوەندی بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکان. لەگەڵ کشانەوەی هێزە
کوردییەکان لە بەشێکی زۆری ناوچە کێشە لەسەرەکان، نزیکەی ٤٠٪ی
خاکی ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان کە لە دوای ساڵی ٢٠١٤ لە ژێر
دەسەڵاتی بوو، لە ناوچەکە دابڕێندرا و خرایە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی
ناوەندیی عێراق. لە ئەنجامدا، ڕووبەری ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لە
نزیکەی ٤٠٪ی باکووری عێراق بۆ نزیکەی ٢٥٪ کەم بووەوە.
دوای نزیکەی دوانزە ڕۆژ لە کەوتنی کەرکوک و داگیرکردنی بەشێکی زۆری
کوردستان، مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وتارێکی
تەلەفزیۆنیدا لە ٢٩ی ئۆکتۆبری ٢٠١٧ ڕایگەیاند کە دەست لە پۆستی سەرۆکی
هەرێم دەکێشێتەوە. ئەم بڕیارە لە کاتێکدا ڕاگەیەندرا کە شکستی سیاسی و
سەربازی هەرێم لە دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە ٢٥ی سپتامبری ئەو
ساڵەدا پێگەی سەرکردایەتی کوردستانی عێراقی بە توندی لاواز کردبوو.
بارزانی لە وتارەکەیدا بەبێ بەئەستۆگرتنی هەر چەشنە بەرپرسیارەتییەک
لەخوڵقاندنی قەیران و کەوتنی کەرکوک و نەبوونی هیچ جۆرە پلانێکی بەرگری،
کشانەوەی هێزە کوردییەکانی تەنیا دایە پاڵ "خیانەتی ناوخۆ". بەڵام سهـرکردایەتیی
هەڕێم و بە تایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕپرسیارەتییان لە
دروستکردنی چاوەڕوانیی ناواقیعی لای خەڵکی کوردستان هەیە. بارزانی بە
جەختکردنەوە لەسەر پێویستی و خێرایی لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بێ
لەبەرچاوگرتنی ئەو هەلومەرجە سیاسی و سەربازییەی کە بەدوایدا هات، بەبێ
ئەوەی پلانێکی ڕوون بۆ پاراستنی ناوچەکە لە بەرامبەر کاردانەوەکانی
حکوومەتی ناوەندیی عێراق و دراوسێکانیدا دابڕێژێ و بەبێ گرنگیدان بە
کاردانەوە و هۆشدارییەکانی وڵاتانی بەناو هاوپەیمان (ئەمریکا و وڵاتانی
ئەورووپی)، بە بەڵێنی ناواقیعی خەڵکی هێنایە مەیدان. لە ئەنجامدا دوای
کۆنترۆڵکردنەوەی کەرکوک و ناوچە جێی ناکۆکییەکانی دیکە لەلایەن هێزە
عێراقیەکانەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی قەیرانی ڕەوایەتی و
دووبەرەکیی نێوخۆیی لەنێوان لایەنە کوردییەکان بووەوە و قۆناغێکی نوێی
پێوەندیی ساردی نێوان هەولێر و بەغدا دەستیپێکرد. (و)
١٤. Enclave.
یەکەیەکی جیاوازی ناوچەیی، کولتووری، یان کۆمەڵایەتی لەنێو خاکێکی
بیانیدا، یان بەڕواڵەت لەنێو خاکێکی بیانیدا دەوری گیراوە. (و)
١٥. هۆکار و دەرئەنجامەکانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی
عێراق [سەرچاوەی ئەلیکترۆنی] // ئاژانسی هەواڵی تاس.
URL
:
https://tass.ru/mezhdunarodnaya-panorama/4584321 (ڕێکەوتی
سەردان: ٢٦ی ئاوریلی ٢٠٢٣)
١٦. پەیمانی لۆزان، ٢٤ی ژوئیەی ١٩٢٣، لۆزان...
١٧. بەشێکی بەرچاو لە کوردی باکووری کوردستان لە ساڵی ١٩٧٨ەوە لە
چوارچێوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) خەباتی چەکداری دژی
حکوومەتی تورکیا ئەنجام دەدەن. سەرەتا دەیانویست دەوڵەتێکی سەربەخۆی
کوردی دابمەزرێنن، بەڵام لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠ەوە، دوای
پێداچوونەوەکانی عەبدوڵڵا ئۆجالان ڕێبەری حیزب بە ئایدۆلۆژییەکانی
خۆیدا، ئایدۆلۆژیای ئەم بزووتنەوەیە گۆڕانێکی بنەڕەتیی بەسەردا هاتووە.
لەو ماوەیەدا پارتی کرێکاران لە ڕێبازێکی ناسیۆنالیستی و
سەربەخۆییخوازی دوورکەوتەوە و ڕووی کردە ئایدۆلۆژیای "کۆنفیدرالیزمی
دیموکراتیک"؛ ڕێبازێک کە جەخت لەسەر بنەماکانی وەک خۆبەڕێوەبردنی
کۆمەڵگا ناوخۆییەکان، یەکسانیی جینسی، پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی ئەتنیک و
نەتەوەکان و هاوڵاتیبوون لەسەر بنەمای یەکسانی یاسایی بەبێ گوێدانە
ناسنامەی ئەتنیکی یان نەتەوەیی دەکاتەوە. (و)
١٨. Status.
١٩. وێناکردنی داهاتوویەکی ناسەقامگیر بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ، کە
بناغەی ئەم دەوڵەتە لەسەر بنەمای ئەتنیکی یان ئایینی بەرەو فیدرالیزم
هەنگاو دەنێت، زۆرتر پشتی بە گومان و بۆچوون
بەستووە نەک شیکاریی. نووسەر بۆ سەلماندنی ئەم ئیددیعایە بەڵگەی جێی
متمانە و زانیارییەکی ئەزموونکراوی نەخستووەتە ڕوو. گۆڕانە سیاسییەکان،
بە تایبەتی لە کۆمەڵگایەکی فرە نەتەوە و فرە ئایین - بە زۆر هۆکاری
جیاواز و ئاڵۆزەوە گرێدراون، وەک: دابەشکردنی دادپەروەرانەی دەسەڵات و
سامان، چۆنیەتیی دروستبوونی دامەزراوەکان، تایبەتمەندیی دەزگای کارگێڕی،
کارایی سیستەمی ئابووری، پێوەندییە دەرەکییەکان و هەروەها ئیرادەی
سیاسی بۆ دروستکردنی پێکهاتەی مۆدێرن و گشتگیر.
هەرچەند ناکرێ ئەگەری سەرهەڵدانی کێشەی سیاسی، نەتەوەیی، یان ئایینی لە
کۆمەڵگایەکی فرەییخوازدا پشتگوێ بخرێت، بەڵام گشتاندنی ئەم کێشانە و
هەڵێنجانی ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە لەبارەی ناسەقامگیری دەوڵەتێکی
گریمانەکراو، دوور لە ڕاستییە. بێجگە لەمەش ئەزمونی کورد لە وڵاتانەی
کوردستانیان بەسەر خۆیاندا دابەش کردوە، ئەوە دەردەخات کە سەرەڕای
جیاوازیی ئایینی (ئیسلام، ئێزیدی، مەسیحی و هتد) و ناکۆکیی جاروبار،
جۆرێک لە پێکەوەژیانی تا ڕادەیەک سەقامگیر و هاوکاریی کۆمەڵایەتی لە
نێوان ئەو گرووپانەدا جێگیر بووە؛ ئەمە شتێکە کە دەتوانێت ببێتە بناغەی
پێکهاتنی قەوارەی حوکمڕانیی باننەتەوەیی و بانئایینیش لە داهاتوودا.
لەسەر یەک هیچ دەوڵەتێکی سەربەخۆ بەبێ کێشە پێکنایەت، بەڵام مەرج نییە
بوونی کێشە بە مانای ناسەقامگیری بێت. دەوڵەتان دەتوانن بە دانانی
سیاسەتگەلێکی هەڵسەنگێندراو، بنیاتنانی بەرە بەرەی دامەزراوەکان و
بەشدارکردنی سیاسیی بەربڵاو، فرەچەشنیی نێوخۆیی خۆیان لە هەڕەشەوە
بکەنە دەرفەت. هەر بۆیە پێشبینیکردنی ناسەقامگیری بۆ کوردستانێکی
سەربەخۆی بنیاتنراو لەسەر بنەمای مۆدێلێکی فیدراڵی، ناتوانێت
شیکارییەکی ورد و بەڵگەمەند بێت. (و)
___________________________________________
سەرچاوەکان:
١. عەبدوڵڵا غ. ئی. کوردستان (دانیشتووان و
دابەشبوونی ئیداری- ئەرزی). ستۆکهۆڵم، ١٩٩٦. ١١٨ لاپەڕە. بە ڕووسی
٢. موساکی ن. ز. ڕەهەندە هیدرۆستراتیژییەکانی پرسی کورد // ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاست و هاوچەرخ. ژمارە ١٠. مۆسکۆ، ٢٠٠١. لاپەڕە ١٩٦-٢١٤.
٣. موساکی ن.ز. کوردستان: سەرچاوە و سیاسەت: لە ٢ بەرگدا. مۆسکۆ، ٢٠٠٥.
بەرگی یەکەم. ١. ٣٥٢ لاپەڕە.
٤. ناومکین و. و. مەتەڵی کوردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (نموونەی عێراق)
// ئابووریی جیهانی و پێوەندییە نێونەتەوەییەکان. ٢٠١٩. بەرگی یەکەم.
٦٣، ژمارە ٥. لاپەڕە ٧٦-٨٧.
https://doi.org/10.20542/0131-2227-2019-63-5-76-87.
٥. فیدۆرچێنکۆ ئا. و، کریلۆڤ ئا. و پێشبینیی مامناوەندیی گەشەسەندنی
ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا // ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاست لە ناوەندی شیکاریی سیاسی. مۆسکۆ، ٢٠١٩. لاپەڕە ٨-٦٣.
٦. فینکل ک. مێژووی ئیمپراتۆری عوسمانی. ئاسۆ، عوسمان. مۆسکۆ، ٢٠٠٩.
٨٢٩ لاپەڕە.
٧. خانالیڤ ن. او پرسی کورد: پێداچوونەوەیەکی مێژوویی // دەسەڵات.
٢٠١٧. بەرگی یەکەم. ٢٥، ژمارە ٤. لاپەڕە ١٥٠-١٥٤.
٨. خوریکۆف س.ئا. پرسی چارەی خۆنووسینی کورد و سیناریۆکانی گەشەسەندنی
پرسی کورد // گۆڤاری زانستی. ٢٠١٩. بەرگی یەکەم. ٣، ژمارە ٥ (١٤).
لاپەڕە ١٨٦-١٩١.
٩. دالمن سی. جۆغرافیای سیاسیی کوردستان // جوغرافیا و ئابووریی
ئۆرائاسیا. ٢٠٠٢. بەرگی یەکەم. ٤٣، ژمارە ٤. لاپەڕە ٢٧١-٢٩٩.
https://doi.org/10.2747/1538-7216.43.4.271.
١٠. مامشێی، ئا. پەرەسندنی دیموکراتیکی کوردستان لە نێوان ئابووریی
نەوتیی ڕانتی // ئاواتی سەربەخۆیی کوردستانی عێراق. جۆم، ٢٠١٩. لاپەڕە
٩٩–١٢٣.
https://doi.org/10.1007/978-3-319-93420-4_6.
___________________________________________
*
داریا ولادیمیرۆنا ماکۆڤسکایا:
دکتۆرای زانستە سیاسییەکان، مامۆستای
یاریدەدەر لە دێپارتمانی "ڕۆژهەڵاتناسی و توێژینەوەی ئەفریقی" لە
زانکۆی دەوڵەتیی سواستۆپۆل، شاری سواستۆپۆل، ڕووسیا.
ماڵپەڕی
کامەران ئەمین ئاوە
|