١٧\١٠\٢٠١٠
پرسی ئۆپۆزیسیۆن و
هه‌ژموونی جووت
حیزبه‌که.
-
له په‌راوێزی نیزاعی پارله‌مانی کوردی له‌سه‌ر یاسای ده‌سته‌ی باڵای
هه‌ڵبژاردنه‌کانی کوردستان
-

حه‌مه غه‌فور
له کاتێکدا پرسی پێکهێنانی حکومه‌تی عێراقی بۆته سکانداڵ‌و گاڵته‌جاڕێکی
ته‌واو، له کاتێکدا دوای حه‌وت مانگ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردندا، چاره‌نووسی
سیاسی عێراق به ته‌واوی که‌وتۆته نێو کایه‌ی ململانێی سیاسی ئه‌مریکاو
ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که‌وه. ئه‌وان خه‌ریکن جه‌نگ‌و نیزاعی جیهانی‌و
ئیقلیمی به‌سه‌ر ژیان‌و چاره‌نووس‌و ئایینده‌ی خه‌ڵکی عێراقه‌وه ئه‌به‌نه‌به‌ره‌وه‌و
کێشه‌کانی نێوانیان یه‌کاڵا ئه‌که‌نه‌وه. هاوڵاتیانی عیراقیش ڕۆچوونه‌ته
نێو زه‌لکاوی ئه‌م بێنه‌و به‌رده‌ی ئێران‌و ئه‌مریکاو ده‌وڵه‌تانی تری
ناوچه‌که‌و هیچ جۆره ئاسۆیه‌کیش بۆ کۆتایی ئه‌م شه‌ڕو ده‌عوایه به‌دی
ناکرێت له به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکی عێراق‌و کوردستان‌و ناوچه‌که، که‌چی
ئه‌و لیست‌و قه‌واره کوردیانه‌ی له کوردستان بانگه‌شه بۆ ئۆپۆزیسیۆن
بوونی خۆیان ده‌که‌ن، له‌ژێر هه‌ژموونی پارتی‌و یه‌کێتیدا له‌گه‌ل
ئیئتیلاف‌و قه‌واره سیاسیه عێراقیه‌کاندا سه‌رقاڵی سات‌و سه‌وداو
مامه‌ڵه‌ی سیاسین. پرۆتۆکۆلێکی سیاسیان له 19نۆزده خاڵدا گرتووه به
ده‌سته‌وه‌و هه‌ر ڕۆژه‌ی له‌سه‌ر مێزی لایه‌ن‌و قه‌واره‌یه‌کی عێراقی
مامه‌ڵه‌و گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌که‌ن، بێئه‌وه‌ی تائێستا وه‌ڵامێکی
دڵنیاو یه‌قینیان له هیچ لایه‌که‌وه پێگه‌یشتبێت! ئه‌م پرۆتۆکۆله‌ی
فراکسیۆنی لیسته کوردیه‌کان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی
سیاسی خۆیانه‌و هیچ گرفت‌و پرسێکی خه‌ڵکی کوردستان له‌خۆی ناگرێت.
من پێموایه خودی ئه‌م نه‌ریته سیاسیه، ئه‌م پارله‌مان‌و وه‌کاله‌تخانه‌و
نوێنه‌رایه‌تی سازکردنه به‌ناوی دیموکراسی‌و هه‌ڵبژاردن، ئه‌م گزی‌و
ساخته‌کاری‌و فڕوفێڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردی به‌ناوی پرۆسه‌ی دیموکراسی‌و
هه‌ڵبژاردنی پارله‌مانیه‌وه بۆیان چۆته سه‌رو خه‌ڵکیان له به‌شداری
له سیاسه‌ت‌و ده‌خاڵه‌تی سیاسی‌و کاردانه‌وه‌ی عه‌مه‌لی‌و ڕۆژانه
دوور خستۆته‌وه‌و له پشته‌وه‌و له‌ژێر ناوی ئۆپۆزیسیۆنی کاراو توڕه‌هاتی
تردا ده‌ستیان له ده‌خاڵه‌تکردن له هه‌ر شتێکدا به‌ستوون،
پرۆتۆکۆلێکی هاوبه‌شی سه‌رجه‌م
حیزب‌و لایه‌نه‌کانی نێو پارله‌مانی
کوردستانه به ئۆپۆزیسیۆن‌و نائۆپۆزیسیۆنیه‌وه، که له‌سه‌ری ڕێککه‌وتوون‌و
له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌مووشیاندایه. ئه‌وه‌شی ڕوو به میدیا‌و ڕوو به‌خه‌ڵکی
پێی ده‌ڵێن؛ هه‌ڵوێست‌و ململانێ‌و کشانه‌وه یان هه‌ر شتێکی دیکه،
فێڵێکی گه‌وره‌ی هه‌موو لایه‌نه‌کانه له خه‌ڵکی کوردستان بۆ ئه‌وه‌ی
هه‌روا له دووری سیاسه‌ته‌وه ڕاوه‌ستن‌و چاوه‌ڕووانی ئاکامی
ململانێکانی ئه‌وان بکه‌ن. بیرۆکه‌ی ئۆپۆزیسیۆن بوون کۆسپ‌و ته‌گه‌ره‌یه‌کی
سه‌ختی له‌به‌ر پێی جه‌ماوه‌ری کوردستاندا داناوه هه‌تا هاوڵاتیانی
کوردستان ده‌ست نه‌ده‌نه ده‌خاله‌ت کردن له سیاسه‌ت‌و له چاره‌نووسی
خۆیاندا! خه‌ڵکیان به ئۆپۆزیسیۆنی کاراو ململانێی پارله‌مانیه‌وه
فریوداوه‌و ده‌ستی خۆیان واڵابووه بۆ مامه‌ڵه‌و سه‌وداکردن به‌سه‌ر
چاره‌نووسی خه‌ڵکه‌وه. پرسی ئۆپۆزیسیۆن زۆرترین خۆشباوه‌ڕی به‌م
حیزبانه‌و به په‌رله‌مان‌و ململانێکانیشیان له به‌غدا له‌نێو جه‌ماوه‌ردا
خوڵقاندووه.
له‌م ڕوه‌وه سه‌رنجدان له کێشه‌ی هه‌ره نوێی ناو پارله‌مانی
کوردستان زۆر شت سه‌باره‌ت به ڕاستی‌و یه‌قین ڕوون ئه‌کاته‌وه. نیزاع‌و
به‌رگری گوایا ئۆپۆزیسیۆنی کوردی له شتێک یان شه‌رعیه‌تێک که خۆیان
پێیانوایه له به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکیدایه، کراوه‌ته هه‌ڵلاو مێشکی جه‌ماوه‌ری
پێ ئه‌ته‌نرێت. پڕۆژه یاسای ده‌سته‌ی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌کانی کوردستان،
کێشه‌ی له‌سه‌ر درووست بووه. ئۆپۆزیسیۆن ئه‌ڵێ هه‌ژموونی
حیزبی هه‌یه‌و
پارتی‌و یه‌کێتی گه‌ره‌کیانه به‌خێرایی ئه‌م پڕۆژه یاسایه تێپه‌ڕێنن.
چونکه سه‌رۆکایه‌تی پارله‌مان که سه‌ر به پارتی‌و یه‌کێتیه، به
نیازن به ڕێوشوێنی نیوه+یه‌ک هه‌وڵی ساغکردنه‌وه‌ی بده‌ن،
ئۆپۆزیسیۆنیش داوای ڕێژه‌ی دوو له‌سه‌ر سێ ده‌کات بۆی!! ئه‌مه کام شتی
له به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکیدایه به هه‌ر بارێک‌دا یاساکه‌یان ساغبکرێته‌وه!؟
ئه‌گه‌ر بێت‌و له‌و نۆ نه‌فه‌ره‌ی بۆ ده‌سته‌ی باڵای هه‌ڵبژاردنی
کوردستان دیاریکراوه، ژماره‌یه‌کی زۆرتریان له لیستی ئۆپۆزیسیۆن بن،
ئیتر هه‌ڵبژاردن‌و ڕیفراندۆمه‌کانی داهاتووی کوردستان پاک‌و بێگه‌رد ئه‌بن!؟
ئه‌م خواردنه ته‌بلیغاتیه بۆ خۆتان هه‌ڵگرن باشتره! خه‌ڵکی کوردستان
ده‌ستی له‌وه شتووه که هه‌ڵبژاردنی ئازاد‌و بێ ساخته‌کاری له
کوردستان ڕووبدات! ئۆپۆزیسیۆن له‌گه‌ڵ لیستی ده‌سه‌ڵات موو ناچێت به
به‌ینیاندا له‌سه‌ر 19نۆزده خاڵه‌که‌ی خراوه‌ته مامه‌ڵه‌وه له به‌غدا،
ئه‌م ده‌عوایه له‌سه‌ر چیه لێره له هۆڵی پارله‌مان!؟ که‌مال که‌رکوکیش
له‌م پێناوه‌دا به درووست ده‌ڵێ؛ کاتێک حکومه‌تی هه‌رێم ویستی
ڕیفراندۆم له‌سه‌ر ده‌ستوور بکات، کۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنی عێراق
به‌بیانووی نه‌بوونی یاسایه‌ک بۆ ده‌سته‌ی باڵای هه‌ڵبژاردنی کوردستان
ڕه‌تیکرده‌وه! که‌واته په‌له‌کردن له تێپه‌ڕاندنی یاسای هه‌ڵبژاردنی
کوردستان له قازانجی کورددایه بۆ ململانێکانی له‌گه‌ڵ ناوه‌ند.
مه‌تره‌ح بوون‌و هێنانه‌به‌ره‌وه‌ی باس‌و پرسی ئۆپۆزیسیۆن له
کوردستانی عێراق، چی له گوزه‌شته‌ی هه‌ژموونی نزیک به بیست ساڵه‌ی
جووت حیزبه‌که‌دا بووبێت، یاخود به‌شوێن هاتنه کایه‌ی کۆمپانیای ووشه‌و
بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا بێت، نه له دوور‌و نه له نزیک په‌یوه‌ست
نابێته‌وه به چاوه‌ڕووانیه‌کانی خه‌ڵکی کوردستانه‌وه سه‌باره‌ت به‌چۆنێتی‌و
شێوازی نوواندنی نه‌خشی تاک‌و ده‌خاڵه‌تی هاووڵاتیان له سیاسه‌ت‌و به‌سه‌ر
ئێستا‌و ئایینده‌ی سیاسی ئه‌م ووڵاته‌شه‌وه. ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ
شێوازی باوی دیموکراسیانه‌ی ڕۆژئاواییشدا وێکنایه‌ته‌وه‌و ناکۆکیشه له‌گه‌ڵی
هه‌رچه‌ند که ڕۆژانه له سه‌دان مینبه‌ره‌وه له کوردستان بانگه‌شه‌ی
بۆ ئه‌کریت.
گه‌وره‌کردنی ئۆپۆزیسیۆن‌و زیاده‌ڕۆیی له بانگه‌شه بۆ ئۆپۆزیسیۆن
بوون‌و ململانێی نوێنه‌ران له کۆبوونه‌وه‌و هۆڵی پارله‌ماندا، چی له‌لایه‌ن
جووت حیزبه‌که‌وه یان ئه‌وانی تره‌وه یاخود له‌لایه‌ن ڕیزێک ڕۆشنبیری
پۆستمۆدێرنیزمی پاده‌رهه‌واوه، تا بگات به ماسمیدیای ڕۆژائاوایی، هه‌وڵ‌و
ته‌قه‌لایه‌کی بۆرژواییه، به ئۆپۆزیسیۆن‌و نائۆپۆزیسیۆنه‌وه، به
کوردی‌و ناکوردیه‌وه، بۆ ئیفیلجکردنی هه‌ر جۆره که‌ڵکه‌ڵه‌یه‌کی
ئازادانه‌ی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستان بۆ به‌شداری له نه‌خشاندن‌و
ئاراسته‌کردنی ئایینده‌و چاره‌نووسی ئه‌م ووڵاته‌و ئه‌م خه‌ڵکه سته‌مدیده‌یه‌دا.
ئێمه بۆ بیست ساڵ ئه‌چێت له پاڵ ئه‌م بانگه‌شه هه‌رزان به‌هایه بۆ
ئۆپۆزیسیۆندا هه‌ڵمانکردووه، به‌ڵام جگه له چه‌قبه‌ستنی زیاتری ده‌سه‌ڵاتی
حیزبی‌و سه‌پاندنی هه‌ژموونی ده‌سه‌ڵاتی عه‌شیره‌یی بزووتنه‌وه‌ی
کوردایه‌تی چی شتێکی ترمان قانزاج کردووه!
حکمه‌تی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌وه بوو که قسه‌که‌رانی ڕه‌سمی ئه‌یانووت؛
ئێمه ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵکی‌و ده‌نگی ڕه‌خنه‌ی شه‌قام ئه‌گوێزینه‌وه
بۆ ناو هۆڵه‌کانی پارله‌مان! وه‌کو پارله‌مان پنتی شۆڕشگێڕی‌و
گۆڕانکاری ڕیشه‌یی ووڵات بێت، نه‌ک ته‌جسیدبوونی نوێنه‌رایه‌تی‌و وه‌کاله‌تی
پارله‌مانتاره ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌کان هه‌تا له جیاتی خه‌ڵکی کوردستان‌و
ئه‌و ده‌نگانه‌ی گوایا به‌وان دراون سیاسه‌ت ببه‌نه‌پێشه‌وه‌و ئیراده‌ی
ڕاسته‌وخۆی خه‌ڵکی ببه‌نه‌دواوه. له پارله‌مانیش بینیمان چۆن
فراکسیۆنی لیست‌و
حیزبه ئۆپۆزیسیۆنه‌کان به ته‌جروبه نه‌یانتوانی ته‌جاوزی
هه‌ژموونی جووت
حیزبه‌که بکه‌ن‌و زیاتر سه‌رقاڵی نه‌ریتی سیاسی به‌کاربردنی
ئۆپۆزیسیۆن بوونی خۆیانن وه‌کو کارتی گوشار به‌سه‌ر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی
چه‌قبه‌ستووی پارتی‌و یه‌کێتیه‌وه. به‌کرده‌وه گۆڕان‌و هاوپه‌یمانه‌کانیشیان
نه‌فره‌ت‌و ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵکی‌و شه‌قامیان کرده سه‌رپۆشی مه‌رامی
سیاسی تایبه‌تی خۆیان‌و وه‌کو کارتی گوشار بۆ ناچارکردنی هه‌ژموونی
جووت حیزبه‌که سوودیان لێ بینیوه.
ترادیسیۆنی سیاسی بۆرژوایی کوردی ڕیشه‌ی له بنه‌مایه‌کی سه‌رووخه‌ڵکی‌و
ڕه‌های وادایه که بیلامونازع به چاوبه‌ستی ڕه‌شی بیر‌و ئایدیۆلۆژیای
ناسیونالیستی ده‌ست‌و چاوی خه‌ڵکی کوردستان ببه‌ستێته‌وه‌و خۆی ده‌ستیان
ڕاکێشێت بۆ ئه‌و شوێنه‌ی له به‌رژه‌وه‌ندیدایه. مێژووی ژیانی سیاسی
جووڵانه‌وه‌ی کوردایه‌تی پڕه له زیگزاگ‌و مناوه‌ره‌ی سیاسی پشتی سه‌ری
جه‌ماوه‌ی کوردستان له‌پێناو مه‌رامه سیاسیه تایبه‌ته‌کانی خۆیدا.
ڕیفراندۆمی نافه‌رمی که به‌ر له سووڕی دوایی هه‌ڵبژاردنی پارله‌مانی
کوردستان به‌ڕێوه‌چوو، نزیک به سه‌د ده‌ر سه‌دی خه‌ڵکی کوردستان ده‌نگیان
بۆ سه‌ربه‌خۆیی‌و جیابوونه‌وه‌ی کوردستان دا. به‌ڵام کوا له‌کوێیه!؟
ئێمه ئێستا ئه‌بینین مه‌سه‌له‌ی کوردستان گه‌وره‌ترین کارتی سیاسیه
به‌ده‌ستی جووڵانه‌وه‌ی کوردایه‌تی‌و جووت
حیزبه‌که‌وه بۆ ململانێ له‌سه‌ر
به‌لاداخستنی ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی‌و ده‌وڵه‌ت له عێراقدا، له‌پێناو شه‌ڕو
ده‌عوا بۆ به‌شداری له ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌نددا! ئه‌مه ئاماژه‌یه‌کی به‌رجه‌سته‌و
ڕۆشنه که ده‌سه‌ڵات له کوردستان پاوانکراوه‌و به‌موو ئازادی به‌رقه‌رار
نیه بۆ خه‌ڵکی! ئه‌گه‌ر وانیه، بۆچی دوای بیست ساڵ ئه‌زموونی
دیفاکتۆی سه‌ربه‌خۆیی‌و جیایی کوردستان، چه‌قی قورسایی سیاسه‌تی کوردی
له‌سه‌ر به‌غدایه بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عه‌روبی ئیسلامی عێراقی!؟
بۆچی سه‌د ده‌ر سه‌دی خه‌ڵکی کوردستان ده‌نگ به جیابوونه‌وه ئه‌ده‌ن،
به‌ڵام جووڵانه‌وه‌ی کوردایه‌تی‌و
حیزبه‌کانی کوردستانیان کردۆته هه‌وێنی
دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی قه‌ومی ئیسلامی عه‌ره‌بی!؟ فیدڕاڵیزمێک که
حیزبه کوردیه‌کان بانگه‌شه‌ی بۆ ئه‌که‌ن، به‌گوێره‌ی لۆژیک ته‌نها
خوارده‌مه‌نی ژوڕنالیستیه بۆ ئه‌م ده‌ورانه‌ی عێراق‌و کوردستانی پیا
تێئه‌په‌ڕێت به‌ده‌ستی
حیزبه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تیه‌وه له‌پێناو
فریودانی خه‌ڵکی کوردستان‌و ئاراسته‌کردنی سیاسه‌ت‌و ئامانجه سیاسیه
تایبه‌ته‌کانی خۆیاندا.
پاش ڕاپه‌ڕینی ئازاری 991ی خه‌ڵکی کوردستان بۆرژوازی کوردی‌و
حیزبه گه‌وره‌و
گچکه‌کانیشی له‌نێو لیتاوی ئه‌م نه‌ریت‌و ترادیسیۆنه چه‌قبه‌ستوو و
داخراوه قه‌ومیه‌دا دوو ده‌یه‌یان له مێژووی نوێ پشتی سه‌ر‌ناوه.
مێژووی ئه‌و ده‌ورانه مێژووی ڕمبازێنی ئه‌م هێزه کۆنه‌په‌رسته قه‌ومیانه‌ی
کوردستان بووه‌و ئه‌وان جڵه‌وی سیاسی ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌یان له‌ده‌ست
گرتووه. سه‌رزه‌مین‌و خه‌ڵکێک پڕتامه‌زرۆیی ئازادی‌و سه‌ربه‌ستی‌و سه‌ربه‌خۆیی‌و
شۆڕشگێڕێتی. ئه‌م ناکۆکیه مێژوویه پێویسته وه‌ڵامی شایسته وه‌ربگرێته‌وه.
ئه‌م کوردستانه‌ی عاشقی ئازادی‌و سه‌ربه‌خۆیی‌و کرانه‌وه‌یه، چیتر
ناتوانێت هه‌ژموونی ئه‌م جووت
حیزبه‌و ئه‌م هێزه کۆنه‌په‌رسته قه‌ومیانه
ته‌حه‌مول بکات. چیتر ئۆپۆزیسیۆن بوون له‌نێو پارله‌مانی ئه‌م هێزه
کۆنانه‌دا درێژکردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی ئه‌م نه‌ریت‌و ترادیسیۆنه قه‌ومیه
خۆسه‌پێنه‌یه.
نه کوردستان ئه‌ڵمان یان هۆڵه‌ندایه، نه پارتی‌و یه‌کێتی‌و گۆڕان‌و
ئیسلامیه‌کانیش له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ترادیسیۆنی کۆنی ناوچه‌که‌دا
شانسی مانه‌وه‌یان هه‌یه. بانگه‌شه‌ی ئۆپۆزیسیۆن بوون‌و ململانێی نێو
هۆڵی پارله‌مان فه‌قه‌ت به ده‌ردی ئه‌م هێزانه ئه‌خوات که باسیان
لێوه کرا. خه‌ڵکی ئێمه خێریان نه له
حیزبه گه‌وره‌کانی کوردایه‌تی
بینیوه نه له‌م تازه پێگه‌یشتووانه‌ی وا ئۆپۆزیسیۆنیان پێئه‌ڵێن.
ترووسکاییه‌ک ئه‌گه‌ر له کوردستان هه‌بێت بۆ جێهێشتنی ئه‌م دۆخه چه‌قیوه‌و
ئه‌م فه‌زا داخراوه، به لوتفی ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵکی کرێکار‌و زه‌حمه‌تکێش
له پاڵ ئازادیخوازان‌و به پێشڕه‌وی جونبوشی کۆمۆنیستی کرێکاری ئه‌توانرێ
بکرێته ئاسۆ‌و ئه‌ڵته‌رناتیڤێکی مه‌تره‌ح، خۆشه‌ویست‌و سه‌رکه‌وتوو له
پێناو ئایینده‌یه‌کی سه‌رفرازو پڕئارامیدا.
خه‌ڵکی کوردستان له‌پێناو ئایینده‌ی خۆیان‌و نه‌وه‌کانیاندا ده‌بێ
پێبنێنه مه‌یدان‌و وه‌کاله‌تی ئه‌م هێزه کۆنه‌په‌رستانه له پارله‌مانیان
قبوڵ نه‌که‌ن. پارله‌مان شوێنی نیزاعی ئه‌و هێزانه‌یه بۆ مه‌رامه‌کانی
خۆیان، وه ته‌لیسمی ده‌سته‌مۆیی‌و له‌چاوه‌ڕوانیدا ڕاگرتنی هاوڵاتیانه
به‌دیار سیاسه‌تی ته‌سکی ئه‌م
حیزب‌و لیست‌و قه‌واره سیاسیانه‌وه.
هێزی جه‌ماوه‌ر له هاتنه‌مه‌یدانیدایه بۆ ده‌خاڵه‌ت کردن له سیاسه‌ت‌و
له چاره‌نووسی کۆمه‌ڵگاکه‌یدا. میحوه‌ری هێزی جه‌ماوه‌ریش کۆمۆنیزمی
کرێکاریه. ئۆپۆزیسیۆن له فه‌رهه‌نگی ئه‌م هێزانه‌دا قیبله‌نمای
ئاشتکردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م چین‌و توێژه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانه! ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین
درۆی مێژووه. خودی بوونی چینه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان به‌ڵگه‌ی ململانێیه‌کی
ڕیشه‌ییتره که ئه‌م هێزانه‌و پارله‌مان‌و ململانێکانیان‌و بانگه‌شه‌کانیشیان
بۆ شاردنه‌وه‌ی هه‌رده‌م له تێکۆشاندان.
14\10\2010
ماڵپه‌ڕی حه‌مه‌غه‌فور
|