په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٣\٢٠١٩

پرسیارکردن لە تاریکی و گەڕان بە دوای وەڵامدا.


رانانی: سەدیق سەعید

 
ھەمیشە لەگێڕانەوەی بیرەورییەکاندا، بگێڕەوە یاخود کارەکتەری ڕووداوەکان، چەقی باسەکان دەبێت. یاداشت و بیرەوەری، بەو پێیەی دەچنە خانەی نووسینەوەی ئەزموونەکانی مرۆڤ وەک تاکێک، ئیدی یادەوەرییە کەسییەکان پانتایی گێڕانەوە دەگرن. چونکە دواجار ئەوەی دەنووسرێتەوە و بەرباس دەدرێت، ژیانی نووسەرکەیە. گێڕانەوەی بیرەوەرییەکان، پترئەزموونێکی خودی و کەسین لەوەی گشتی و بابەتی بن. بەڵام گەلێک جار لەپەراوێزی گێڕانەوە خودییەکان، ڕووداوە سیاسی و مێژوویی و فەرھەنگییەکان، دەبنە بەشێک لەکرداری گێڕانەوە. بۆیەشە کاتێ ئەو ئەزموونانە دەخوێنینەوە، دەبینین خوێنەر ھەرتەنھا بەر ڕووداوە تایبەتی و کەسییەکان ناکەوێت، بەڵکو لەپەراوێزیەوە ئاشنای ڕووداوەکانی دیکەش دەبێت کە پەیوەستن بە ژیانی گشتی کۆمەلگاوە. ئەم جۆرە لە گێڕانەوەی بیرەوەرییەکان، دەکرێ بڵێین لەیەک کاتدا بیۆگرافیاو مێژوون. چونکە لەلایەکەوە بیۆگرافیای ژیانی نووسەرەکەمان دەکەوێتە بەرچاو، لەلایەکی دیکەشەوە چەندین دیاردەی فەرھەنگی و مێژوویی. ئەم تێکھەڵکێشیە لەنێوان سۆبژێکت و ئۆبژێکتدا، دەروازەیەک بەرووی خوێنەردەکاتەوە کە تیایدا لەنزیکەوە ئاشنای سەردەم و قۆناغێکی دیاریکراو بێت. وەک ئەوەی لە بیرەوەریی سیاسییەکاندا دەزانین لە شاخدا چی گوزەراوەو دیوەنھێنییەکەی شۆڕشی کورد چۆن بووە.بەھەمان شێوە ڕەنگە لە گێڕانەوەی مێژووی تایبەتی ژیانی نووسەرێکیش، خوێنەر بەر چەندین دیاردەی ئەدەبی بکەوێت، کەنووسەر گەواھیدەری ڕوودان و بینییان بووە.پەرتووکی(پرسیارکردن لەتاریکی) یەکێکە لەو پەرتووکانەی کە من تیایدا ھەرتەنھا خودنییە، بەلکو بابەتیشە. چونکە ئەو منە ھەر تەنھا گوزارشت لەخود ناکات و خود ناگێڕیتەوە، بەڵکو بابەتیش باس دەکات.ئەم پەرتووکە ئەگەرچی بە جۆرێک لە جۆرەکان دەچێتە خانەی گێڕانەوەی ژیاننامە، بەڵام پتر ھەڵوەستەکردنێکە لە ئاست دنیای ڕۆشنبیری ئێمە لەچەند سەردەمێکی جیاوازدا.ڕەنگە ھەرلەبەر ئەمەش بێت کە نووسەرەکەی ئاگاییانە پێناسەی پەرتووکەکەی بە(ناسنامەی ئەدەبی) کردووە نەک یاداشت و بیرەوەری.بێگومان بەستنەوەی ئەزموونە کەسییەکان بە ئەزموونە گشتییەکانی پەیوەست بەکۆمەلگاوە، دەروازەیەک بە ڕووی خوێنەر دەکاتەوە کە ئەگەر بچووکیش بێت، وەلێ لەکڵاوەڕۆژنەیەوە ئاشنای ڕابردووبێت.ئەم پەرتووکە کە لەچەند بابەتێک لە ژێر ناونیشانی جیا پێکھاتووە، لەھەریەک لەبابەتەکان نووسەر لە پەراوێزی ڕووداوەکانی ژیانی خۆی، ئاماژە بە مێژووێکیش دەکات. سەرەتا باس لەسەرەتاکانی ساڵانی شەست و لەدایک بوونی خۆی دەکات، لەگەڵ ئەمەشدا، نووسەر ئاماژە بەھەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلول و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئەو کات دەکات. دواتر باس لە ستراتیژیەتی شۆڕش بەگشتی و ئامانجی شۆڕش دەکات و ڕەخنەی ئەوە دەگرێت کەئەگەرچی کورد خاوەنی چەندین شۆڕشە، بەڵام نەتوانراوە،ژیانی مرۆڤی کورد بگۆڕن. ئاماژە بەوە دەکات کە ھێزە سیاسییەکان ئەوەندەی لە ململانێی یەکتری و ھەوڵی سڕینەوە و پاوانخوازی دابوونە، ئەوەندە شۆڕش نەبۆتە گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لەژیانی ئێمەدا. ئەگەرچەپ وەک چەمکێکی سیاسی وبیرو باوەڕێکی کراوەو پێشکەوتنخوازانە وەربگرین،ئەوا لە کۆمەلگای کوردیدا بە پیچەوانەوە، بیری چەپخوازی ھیچ ڕۆڵێکی نەبینیوە،چونکە حزبە چەپەکانی ئێمە نەیانتوانیوە بیری چەپخوازی بگونجێنن لەگەڵ تایبتمەندییە فەرھەنگی و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەلگای کوردی. بۆیەنووسەر ڕەخنەی شۆڕشەکانی کورد دەکات کە ئەوەندەی تربوونەتە مایەی نائومێدکردنی تاکی کوردی. بەشێکی زۆری مێژووی ھەموو حزبە سیاسییەکانی ئێمە، مێژووێکە لەبەیەک ھەڵشاخان و ململانێی و پەنابردنە بەر زمانی چەک،لەبڕی زمانی فیکرو دیالۆگ. بۆیە نووسەر وەک تاکێکی ڕۆژھەڵاتی، بەبڕوای من وەک خوێنەرێک بە نائومێدییەوە دەڕوانێتە شۆڕش لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست. لەبەشێکی دیکەدا، نووسەر ئاماژە بەوە دەدات کەکاتێ ئەو پۆلی سێی ناوەندی ئەو کاتی تەواو کردووە،ڕۆمانی کوردیش پێنگاڤێکی ھاویشتووە. ئەویش بەبڵاوکردنەوەی ڕۆمانی نازە، ئەگەرچی تیمەی ڕۆمانەکە بابەتێکی سیاسیش نەبووە. لێرەدا نووسەر لەبەرامبەر ئەزموونێکی تایبەتدا، ھاوتەریب باس لە ئەزموونێکی گشتیش دەکات کەئەویش ڕۆمانی کوردییە. ئیدی نووسەر باس لە ڕۆمانی کوردی و بەشێک لە ڕۆماننووسانی ئێمە دەکات کە چ ڕۆڵیکیان بینیوە لەکرانەوە و دەوڵەمەندکردنی پاشخانی ڕۆشنبیری ئەو وەک خوێنەرێک. لەلایەکی دیکەوە نووسەر بەکورتی باس لەبەرجەستە کردنی ئاستەکانی زمانی شیعرو دەربڕین دەکات لە نێوان ساڵانی سەرەتای ھەفتاکان و قۆناغی ڕوانگە، ھەروەھا سەرەتای ھەشتاکان و قۆناغی تەلیعیەکان.بەبڕوای نووسەر زمانی شیعر لەسەردەمی ڕوانگەدا،زمانی ئاراستەکردن وسیاسەت و نوێبوونەوەی نێوشاری ھەڵگرتبوو، زمانێک بوو لەخەمی شاروئایدۆلۆژیا دابووە.خەمی ڕوانگەخۆی لە ئاراستەکردنی ڕەمزی ناسیۆناڵی دابووە. بەڵام زمانی شیعری ھەشتاکان، زمانی مەعریفی و خودگەرایی بوو.ئاکامی شیعری ھەشتاکان، دەکەوێتە نێوان چێژو خودگەراییەوە. بێگومان دیارە ئەمەش ڕەنگدانەوەی ھەڵومەرجی سیاسی ئەوکاتی کۆمەلگەی کوردی بوو. چونکە شیعری ھەشتاکان، پتر بەرەو ڕەمزییەت و تەمومژی مانا دەچوو،ڕەنگدانەوەی قۆناغێک لەنائومێدی و ستەمی سیاسی و نەبوونی ئازادی و سەربەستی بوو.بۆیە لەشیعردا ڕەمز دەبێتە زمانی دەربڕین و گوزارشتکردن لەژیان، پێچەوانەی قۆناغی ڕوانگە، کەکەشێکی ئازادو سەربەست ھەبوو بۆنووسین.لەوتارێکی دیکەشدا، نووسەر ڕەخنە لەو دۆخە سیاسی و کۆمەڵایەتییە دەگرێت کەلەدوای ڕاپەڕینەوە ھاتە ئاراوە.بارودۆخێک کە تیایدا وەک خۆی دەڵێت پەرتووک و خوێندنەوە کەوتنە زبڵدانی مێژوو. خوێنەوە ئەو بەھا مەعریفیەی نەما وەک ئەوەی لە ساڵانی ھەشتاکاندا وێرای ھەموو سانسۆرێک بەڵام خوێنەران و نووسەران، ڕۆژەکانی ھەفتە لە چاوەڕوانی ڕۆژنامە کوردییەکان دابوون.لەدوای ڕاپەڕین دەسەڵاتی کوردی نەیتوانی پێداویستییەکانی تاکی کورد دابین بکات.لەو ساڵەدا کەگەلی کورد ئازاد بوولە ژێرھەژموونی بەعس، بەئومێدو ھیواوە دەیڕوانییە ئاییندە.تاکەکان خەونی گەورەیان ھەبوو،لە خەیاڵی داھاتووێکی پرشنگدار دابوون،بەڵام ھەموو ئەو خەونانە ماوەیەکی کەم دوای ڕاپەڕین بەھۆی شەڕی ناوخۆو بارودۆخی سەختی ئابووری، لەنێو چوون. ئیدی مرۆڤی کوردکە ھێشتا سەرگەرمی خۆشییەکانی ڕاپەڕین بوو،وەک پێویست چێژی لەو ئازادییە نەبینی کە دوای نەمانی بەعس دروست ببوو. بەدرێژایی ئەو پەرتووکە وەک خوێنەرێک بەردوو چەمکی گرنگ کەوتم کە ئەوانیش: چەمکی سەربەستی خود و خوێندنەوەبوون. نووسەر لە پەرتووکەکەیدا، ھەمیشە جەخت لەوە دەکاتەوە کە مرۆڤ پێویستە خۆی بێت و کۆیلەی ھیچ ئایدیایێکی سیاسی و حزبی و گرووپگەرایی نەبێت. دەبێ تاکبوونی خۆی لەنێو ھیچ نەخشەیەکی گشتیدا نەتوێنێتەوە، بەڵکو ھەڵگری شوناسی سەربەخۆیانەی خۆی بێت.چونکە زمانی شیعرو ئەدەب بەگشتی زمانی سیاسەت نین، ھەرگیز زمانێکی سیاسی ناتوانێت زمانێکی ڕۆمانسی بێت و جوانی و چێژ بەرھەم بھێنێت. بۆیە گرنگە مرۆڤەکان ئازادی و سەربەستی خۆیان بەھیچ پێدراوێک نەگۆڕنەوە. چەمکی دووەمیشیان خوێنەوە بوو. نووسەر لە پەراوێزی ئەزموونی ژیانی خۆیەوە ئەو پەیامە دەگەیەنێت، کە ئەگەر بمانەوێت نووسەرێکی داھێنەرو خاوەن ڕۆشنبیری بین، دەبێ خوێنەرێکی وردو جدی بین.بەبێ خوێنەوەیەکی ھەمیشەیی وقووڵ، ھەرگیز ناتوانین ببینە نووسەرێکی دیارو سەرکەوتوو. خوێنەوە خۆراکی مێشکە، خوێنەوە لە نووسین گرنگترە. چونکە ھەرخوێنەوەیە بەردەوام پەنجەرە جیاوازەکانی نووسین و ژیانمان بەڕوودا دەکاتەوە.دواجار دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم کە نووسینەکانی کاک عەبدولموتەلیب بەگشتی بۆ من وەک خوێنەرێک جێگەی بایەخن و دەیانخوێنمەوە، لەو سۆنگەیەشەوە ئەم پەرتووکەم خوێندەوە. بەھیوای درێژەدان بەنووسین بەناسنامەی ئەدەبی لە داھاتوودا.
_____________________________________________
تێبینی: لەڵاپەڕە ٧٩ی پەرتووکەکەدا، دووھەڵە لەبەروارەکان کراون کە یەکەمیان نووسراوە: (ساڵی ١٩٩١ھەڵبژاردنی پەرلەمان کرا) بێگومان ساڵەکە ١٩٩٢.دووەمیشیان لەھەمان ڵاپەڕەدا نووسراوە: (دوای کۆنگرەی یەکێتی نووسەران لە مانگی ٣ی ١٩٩١لە شەقڵاوە). بەڵام ئەوەندەی من بزانم کۆنگرەی نووسەران لە مانگی تشرینی دووەم بەسترا نەک ئازار.
پەراوێز: ناوی پەرتووک (پرسیارکردن لەتاریکی) بابەت، ناسنامەی ئەدەبی، نووسینی (عەبدولموتەلیب عەبدوڵا)، بڵاوکراوەی سەنتەری فیکری و ئەدەبی نما ٢٠١٩.

 

 

sadiqrwandze@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک