٣\٤\٢٠١٣ پرسیارێک!؟
ئیسلام و موسوڵمانە توندڕەوەکان، خۆیان تێکەڵی ژیانی تایبەتیی ھەموو کەسێک دەکەن و بیرکردنەوە و شێوازی ژیانی ھەموو تاکەکانی کۆمەڵگە بەئارەزوو و بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیان دەستنیشان دەکەن. ھەربۆیە لە ھەر کۆمەڵگەیەکدا ئیسلامییەکان دەسەڵاتی سیاسیی بگرنە دەست و ببنە فەرمانڕەوا، خۆبەخۆ بیرکردنەوە و جۆری ژیانی ئەو کۆمەڵگەیە دەگەڕێننەوە بۆ ١٤٠٠ ساڵ پێش ئێستا. ئتر دەکەونە بەربەرەکانی لەگەڵ ھەموو شتێک و ھەموو بیرکردنەوە و دیاردەیەکی نائیسلامی و ناعەرەبیدا. باشترین نموونەی دەسەڵات و پیادەکردن و جێبەجێکردنی یاساکانی قورئان و ئیسلام بەگشتی، وڵاتەکانی سعودییە و ئێران و ئەفگانستانی سەردەمی تاڵیبان و پاکستان و سودان و سۆماڵ و جەزایر و میسر و لیبیا و سوریای ئەمڕۆیە کە لای ھەمووان ئاشکرایە چی کارەسات و ماڵوێرانی و پاشکەوتن و بەدبەختییەکیان بەسەر ئەم ڵاتانەدا ھێناوە.
بێگومان گروپە ئیسلامییە سیاسییەکانی باشووری کوردستانیش دەسەڵاتی سیاسی بگرنە دەست، بارودۆخی کۆمەڵگەی کوردستانیش لەو وڵاتانە ئەگەر خراپتر نەبێت، بەدڵنیاییەوە باشتر نابێت. ئەو ئیسلامییە سیاسییە بەکرێگیراوانە ھێشتا وەکو پێویست ھێز و دەسەڵاتیان نییە و کورسیی دەسەڵاتیان نەکەوتووەتە دەست، بەئاشکرا ھەڕەشە لە کچان و ژنانی کورد دەکەن و خۆڕازاندنەوە و ئاراییشت و پۆشینی جلوبەرگی نەتەوەییان لێ یاساخ دەکەن. جەژنی نەتەوەیی و نیشتمانیی نەورۆز و مارشی نەتەوەیی کوردی، (ئەی رەقیب) تەکفیر دەکەن.
ئەمڕۆ بە بەرچاوی ئەم دەسەڵاتە لاواز و گەندەڵە خۆماڵییە کوردییەوە، بەناوی ئیسلام و جیھادەوە خەریکن سەرانسەری باشووری کوردستان و ھەموو شتێکی کوردی بەعەرەب دەکەن. دەسەڵات و دەسەڵاتدارانی بەناو کوردی و بەناوەڕۆک عێراقچی و تاسەر ئێسک و خوێن دز و گەندەڵ، سەرمەستی دەسەڵات و کورسی و سەرمایە کۆکردنەوە و دزی و رابواردنن، بێباک و بێئاگان لەوەی کە ئیسلامیی سیاسی، بە ھاوکاری و کۆمەک و دنەدان و ھاندانی دوژمنانی کورد و دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان، خەریکی ھەڵکەندنی گەورەترین گۆڕی بەکۆمەڵن بۆ ئەم دەسەڵاتە کوردییە و بۆ ھەموو سەرانی پارتی و یەکێتی. ئیسلامییەکان لەسایەی ئەم دەسەڵات و دێمۆکراسییە نارەوا و نادادپەروەر و شێوێنراوەی باشووری کوردستانەوە، بەردەوام لە گەشەسەندن و زۆربوون و خۆبەھێزکردندان. ئەم رەوتە ئیسلامییە تەعریبچییە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، لە چەند ساڵی داھاتوودا ئیسلامییەکان دەبنە زۆرینە و بەدەنگدان بێت و بەزۆر بێت، کورسیی دەسەڵات لەژێر سەرانی پارتی و یەکێتیی دەردێنن و دەبنە فەرمانڕەوای، دیکتاتۆر و نافەرمانڕەوای باشووری کوردستان. ئەمەش گەورەترین تراژیدیا و کارەسات و بەدبەختی و ماڵوێرانی و پاشکەوتنی ھەموو مێژووی کورد و کوردستان دەبێت.
____________________________________
٣-
زیندەگانی: ژیان.
|