په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٤\٢٠١٥

پرسیارێکی نابەجێی ماڵپەڕی (ئاوێنە)!!!

هیوا ناچار      

 

لە چاوپێداخشانێکی ئەمڕۆی ١٠\٤\٢٠١٥ ماڵپەڕی (ئاوێنە)دا، بینیم لە گۆشەی ''ڕاپرسی'' ئەم پرسیارە نووسرابوو (پێتباشە مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی هەرێنیەم لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە؟).


هەر لەگەڵ خوێندنەوەی ئەم پرسیارە، یەکسەر ناڕەوایەتیەک دەرکەوت لە کردنی ئەم پرسیارە و، کەمێکی تر لە پرسیارەکە ووردبوومەوە، هەستم کرد ئەم ''پرسیارە'' پرسیارێکی تەواو ناڕەواو نابەجێیە کراوە لە خوێنەر و هاوڵاتیانی کوردستان. بۆیە بە پێویستم زانی هەڵوەستەیەک بکەم لەسەر پرسیارەکە، ئەوەی لێرەدا دەمەوێت ڕوونی بکەمەوە تەنها مەبەستی ڕەخنە لە خودی پرسیارکردنەکەیە.


پێم سەیرە ڕۆژنامەیەک خاوەنی چەندین ساڵ ئەزموونی ڕۆژنامەگەریی بێت، کەچی بێت بە هەموو توانای خۆی پرسیارێکی نابەجێ و ناڕەوای لەم شیوەیە بکا لە خوێنەر و هاوڵاتیانی کوردستان! بەڵام دیارە ئەم پرسیارە زۆر وردنەکراوەتەوە، بۆیە بەم شێوەیە کەوتە بەردیدی خوێنەر و ڕەخنەی منیش.


گەرچی لە ژیانی ڕۆژانەماندا پرسیاری زۆر سادە دەکەین، بەڵام هەندێ جار ئەو پرسیارە سادانەش دەمانخاتە هەڵەیەکی قووڵەوە ئەگەر بە باشیی لێینەڕوانین! من تیناگەم سایتی ئاوێنە؛ بە چ هەقێک یان لۆژیکێک، هاوڵاتیان دەخاتە بەردەم ڕاپرسیەک یان پرسیارێک، کە هەردوو وەڵامەکەی ناڕەوابێ (بەڵێ و نەخێر هەردووکیان ناڕەوان)؟! کە دەڵێین هەردوو وەڵامەکە ناڕەوایە، مەبەست لەوەیە، خودی پرسیارەکە ناڕەوایە! پێش هەموو شت ئەم پرسیارە کاتی بەسەرچووە، واتە دەبوو لە کاتێک یان ماوەی نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر ئەم پرسیارە بکرایە، ئەو کات هێشتا ڕێی تێدەچوو (کاتی یەکەم جار درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی هەرێم).


بەڵام ئاوێنە، ئێستا هاتووە پرسیارێک دەکا کە خودی پرسیارەکە (پرسیارکردنەکە) هیچ ڕەوایەتیەکی تێدا نییە، تا وەڵامێکی ڕەوات دەستکەوێ (یان بەڵێ و نەخێرێکی ڕەوات دەستکەوێ)! بە دیوێکی تر، واتە ئەم پرسیارە نەدەبوو بکرێ لە سەرەتاوە! چونکە هەردوو وەڵامەکە هەڵەو ناڕەوایە! باشە پرسیار لە چی دەکەی! کاتێ؛ ئەو شتەی، ئەو کەسەی، ئەو فڵانەی، کە پرسیاری بۆ دەکەی، دەرفەتی (ڕەوایەتی) ئەوەی تێدا نەمابێ بیخەیتە ڕاپرسیەوە یان پرسیاری بۆ بکەی (ئاخر هەڵگری ئەم جۆرە پرسیارە نییە)؟! ئاخر ئەم جۆرە پرسیارکردنە سەر لە خوێنەر دەشێوێنێت و بەزۆر ئاڕاستەی دەکەی ناڕەوایەتییەک هەڵبژێرێ(هەڵبژاردنی هەردوو بەڵێ و نەخێرەکە هەڵەیەکی شاخدارە)! بۆیە خودی پرسیارەکە هەڵەیە و نەدەبوو ئەم پرسیارە لە بنەڕەتەوە لە خوێنەرو هاوڵاتیانی کوردستان بکرایە! چونکە ڕەوایەتی لە پرسیارکردنەکەدا نییە تا خوێنەر هیچ وەڵامێکی ڕەواش هەڵبژێرێ! لەبەرئەوەی سەرۆکی هەرێم ماوەی سەرۆکایەتی خۆی تەواوکردوە (بە زیادەوە!) جا چ پیویست دەکا بانگەشە و پرسیاری (مانەوەیەکی؟!) تری لە هاوڵاتیان بۆ بکەی بە ناڕەوا؟!


مەبەستی من لێرە ئەوەیە، هیچ دەرفەتێکی تێدا نییە کە تۆ پرسیار بۆ شتێک بکەی کە ئەو شتە بەسەرچووە، تێپەڕیوە، ڕەوایەتی نەماوە تا پرسیاری ڕەوایەتیدانی بۆ بکەی؟! کە شتەکە / بارەکە، خۆی ڕەوایەتی نەمابێ! جا چۆن دەکرێ داوای وەڵامێکی ڕەواش بکەی (جا بەڵێ بێ یان بە نەخێر)؟! کەواتە ئەم پرسیارە هەر نەدەبوو بکرایە لە هاوڵاتیان، چونکە ئەم پرسیارە وا لە خوێنەر و هاوڵاتیان دەکا بۆ ئەوەی هەوڵبدا هەر چۆنێک بێ، دەرفەتێکی تری ڕەوایەتی بۆ شتە / پرسیارە ناڕەوایەکە هەڵبژێرێ بە بێ ئەوەی هیچ ڕەوایەتیەک بوونی هەبێ لە پرسیارەکە!


ئەگەر ئاوێنە؛ هەر سووریش بوو لەسەر ئەوەی ڕاپرسیەک یان پرسیارێک لەم قەیرانی سیستمە سیاسییەی یان ماوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی بکات، دەبوو پرسیاری لە چۆنیەتی وازهێنانی سەرۆک بکردایە، نەک لە مانەوەی سەرۆک (یان چۆنیەتی مانەوەی سەرۆک)! واتە دەبوو پرسیارێکی لەم جۆرەی بخستایە بەردیدی خوێنەر، نموونە: ''ئایا پێتباشە سەرۆکی هەرێم بۆ خۆی واز لە پۆستی سەرۆکایەتی بهێنێت یان بە یاسا؟'' ئەو کات ڕەوایەتیەک لە پرسیارکردنەکەدا هەبوو، ئەوسا وەڵامێکی ڕەواشی تێدا دەستدەکەوت! واتە خوێنەر یان هاوڵاتیان دەیانتوانی لە هەردوو وەڵامەکە سوودمەندبن، بە دوو وەڵامی ڕەواشەوە یان هەر هیچ نەبێ وەڵامێکی ڕەوا هەڵبژێرن! چونکە خودی پرسیارەکە ڕەوایەتی تێدایە؟!


نەک وەک ئەم پرسیارەی (ئاوێنە) خستوویەتیە ڕاپرسیەوە (پێتباشە مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە؟)! چونکە ئەم جۆرە پرسیارە بانگەشە و ڕەوایەتیدانە بۆ چۆنیەتی مانەوەی سەرۆک و خستنە هەڵوێستی ناڕەوا و زۆریکردنە لە هاوڵاتیان کە چۆن پێیانباشە سەرۆک لەسەر پۆستەکەی بمینێتەوە {لە کاتێکدا دەبوو بڵێ چۆن ''وازبهێنێت'' نەک چۆن ''بمێنێتەوە'' کە ''وازهێنان'' و ''مانەوە'' دوو وشەی جیاواز و دوو واتای زۆر لێک جیاواز دەبەخشن لە ڕاستییدا!}، کە ئەمەش پرسیارێکی نابەجێ و ناڕەوایە سایتی ئاوێنە لە هاوڵاتیانی کردووە! چونکە خودی پرسیارەکە ناڕەوا و نابەجێیە لە خاڵی کردنیەوە، جا چ جای چاوەڕێی وەڵامێکی ڕەوای لێبکەی یان خوێنەر بەزۆر ئاڕاستە بکەی ڕەوایەتیەک بە پرسیارەکە بدا بە هەڵبژاردنی وەڵامێکی ناڕەوا!!!

 

 

١٠\٤\٢٠١٥
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک