٢٤\٢\٢٠١٥
پرسیارکردن لە
تاریکی.
"من و ئازاد سوبحی وەک شاعیر".

عەبدولموتەلیب عەبدوڵا
چۆن (لم نیازمە)ی عەباس عەبدوڵڵا یوسف و
(دوکەڵ)ی ھاشم سەراج و (گەرم نەبوونەوە)ی جەلال بەرزنجی و قەسیدەی
(سوتانی رەنگەکان)ی دلشاد عەبدوڵڵا و (لە غوربەتا)ی حەمە عومەر عوسمان
و (تەمە سپیەکانی رۆح)ی کەریم دەشتی و (زەردک)ی ئەحمەدی مەلا... وەک
شیعر بۆ من جیاوازی خۆیان ھەبوو، ناسینی (ئازاد سوبحی)یش وەک مرۆڤ و
وەک شاعیر، نەک ھەر تەنھا جیاوازی، بەڵکو دڵکرانەوە بوو.
لە دوای راپەرینی بەھاری ١٩٩١ زۆرێک لە نووسەران ھەر نووسینەکانیانم
خوێندبۆوە و بە دیداریان شاد نەببووم، دووان لەو نووسەرانە (نەوزاد
ئەحمەد ئەسوەد) و (عەتا قەرداغی) بوون، ئەو دوو نووسەرەم لە (گۆڤاری
کاروان) لە نزیکەوە بینی و (کەریم دەشتی) ئێمەی بە یەکتر ناساند، بەڵام
لە دوای راپەرین یەکێک لەو نووسینانەی کە منی وەک خوێنەر خستە کەلکەلەی
بیرکردنەوە و بەدواداچوون، نووسینێکی ئازاد سوبحی بوو لە بارەی
زمانەوە، ئەو نووسینە لە رۆژنامەی (ئاڵای ئازادی) حزبی زەحمەتکێشانی
ئەوسا بڵاو بۆوە، و بیروڕاکانی (چۆمسکی) تێدا دەبینرا... من ئازادم لە
رێگای چۆمسکی و بیروڕاکانی لە بارەی زمانەوە ناسی، خۆشەویستیم بۆ
چۆمسکی منی خستە سەر خەیاڵی ئەوەی لە (پاشکۆی ئەدەب و ھونەر)ی رۆژنامەی
کوردستانی نوێ، (کە ئەو کات ١٩٩٣ لەگەڵ سەعدوڵڵا پەرۆش و کەریم دەشتی و
ھاشم سەراج و دانا سەعید سۆفی کارم لە پاشکۆی ئەدەب و ھونەردا دەکرد)
تەوەرەیەک بۆ قسەکردن لە سەر زمان بە بەشداری ھەر یەک لە (ئەنوەر
مەسیفی) و (ئازاد سوبحی) و (عەباس عەبدوڵڵا یوسف) بەڕێوەبەرم.. ھاوڕێتی
من و شەھید (سەردار سەعید سۆفی) لە پێش راپەرین، ھۆیەک بوو لە ھۆیەکانی
ئاشنابوون و نزیکبوونەوەی من و دانا سەعید سۆفی... وەک چۆن جەختکردنی
دانا بوو منی خستە سەر ئەوەی کار لە رۆژنامەی کوردستانی نوێ بکەم، بە
ھەمان شێوە بە ھۆی نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد کە ھاوشاری ئازاد سوبحی بوو،
توانیمان لە نزیکەوە ئازاد بناسین و گفتوگۆی لەگەڵدا بکەم.
ئەگەرچی ئەو سەرەتایە لە رووی چێژی گێڕانەوە ناتوانێ دڵی من بکاتەوە،
بەڵام وەک راستبێژی ھاوڕێیەتی بەشێک لە دڵتەنگیم لەبیر دەباتەوە، من
دڵتەنگم ئازاد گیان تکایە لە گۆشەکانی بێدەنگیت مەنووسە من دڵم نەبوو
بە بەرد... ھەولێر ئازاد بوو، بەڵام ئەوسا نەتوانرابوو شاری کەرکوک لە
سەدامییەکان ئازاد بکرێت، بۆیە زۆرێک لە دانیشتوانی ئەو شارە بەرەو
ھەولێر و سلێمانی دەھاتن، ئازادیش دوای بەجێھێشتنی شوێنی لە دایکبوونی
(کەرکوک) و ھاتنی بۆ ھەولێر بۆ بژێوی ژیانی لە رۆژنامەی ئاڵای ئازادی
کاری رۆژنامەگەری دەکرد، ئەوەی زێتر پەیوەندی ئێمەی تووند کردبوو، ئەوە
بوو ھەر یەک لە ئێمە بۆ بژێوی رۆژە سەختەکانی ژیانی دوای راپەرین بە
ناچاری و بە بێ ئەوەی پەیوەست بین، لە رۆژنامەی حزبیدا کارمان دەکرد!
بەڵام ھێزی پەیوەندی نێوان من و ئازاد ھەر تەنھا بە ناچاری کارکردن
نەبوو لە رۆژنامە، ھەر تەنھا وزەی ئەو پەیوەندییەمان لە ئاڵوگۆڕی
کتێبەکانی فۆکۆ و کامۆ و سارتەر و بارت وەرنەدەگرت، بەڵکو بە گشتی ئەو
فەزا و بوارە ئەدەبی و فیکرییە قووڵە وای کرد رۆژ بە رۆژ زێتر لە
یەکنزیک ببینەوە، کە ئازاد یەکێک بوو لە گیرۆدەکانی و بە درێژایی
تەمەنی رۆشنبیریشی ھەروا مایەوە.
من ئەگەرچی سۆسیۆلۆگ نیم بەڵام پێموایە ھەندێک خەسڵەت ھەیە کە شار
بەسەر دانیشتوانیدا دەیسەپێنێ، بە بڕوای من یەکێک لەو خەسڵەتانەی کە
شاری کەرکوک دانیشتوانی خۆی پێدەناسێنێ، خۆنیشاندانە بە رەنگی جیاواز و
بێدەنگی جیاواز، یان بۆ ئەوەی ئەو قسەیەم بەدحاڵی بوون درووست نەکات،
باشترە بڵێم کاتێک بەر کەرکوکییەک دەکەویت ھەستدەکەیت بیرکردنەوەت
نقومی چەند ئاراستەیەک دەبێت، ئەوەش دەشێ راستەوخۆ پەیوەندی بە فرە
کلتوری شاری کەرکوکەوە ھەبێت، من نازانم ئەو قسەیەم بە چەند
لێوەردەگیرێت، بەڵام دەمەوێ بڵێم ھەمیشە قسەکردنی من لەگەڵ ئازاد زیاد
لە رەھەندێکی ھەبوو، ھەمیشە ئازاد بەرەو شوێنێکی دیکەی بیرکردنەوەی
دەبردیت، ئامادەیی ئەو شوێن و کاتی نەدەناسی! وەک چۆن نەوزاد ئەحمەد لە
بەرانبەر کۆمۆنیست و بڵێی، گۆشەی بێدەنگی ھەڵبژاردبوو... نەوزاد ئەحمەد
جۆرەکانی ھێمنی کۆمۆنیستی پێدەناساندی، بەڵام لەگەڵ ئازاد سەخت بوو
بتوانی ئەو بێدەنگییە تێپەڕێنیت و بکەویتە گفتوگۆی ئەدەبییەوە.. دەزانم
ئاسان نییە پارادۆکسی ھێمنی و کۆمۆنیست قبول بکەین، چونکە لە وڵاتی
ئێمەدا کۆمۆنیست و بڵێی بەبێ یەکتر سەریان بە ھیچ شوێنێ نەدەکرد،
دەمەوێ بڵێم ھێمنی کۆمۆنیستانەی نەوزاد رەھەندی زۆری ھەبوو! بەڵام مرۆڤ
کاتێک لەگەڵ ئازاد دەکەوتە گفتوگۆ ئیتر کات نەیدەتوانی تێری بکات..
ئازاد لە گفتوگۆدا رووبەروو دەبۆوە، بەڵام نکۆڵیکەر نەبوو، رەنگە بەشێک
لە ھاوڕێکانی ئازاد ئەو قسەیەی من بسەلمێنن، خۆشبەختانەش نەوزاد لە
ژیاندا ماوە، ئەگینا دەڵێم گفتوگۆی من و ئازاد ھەرگیز کۆتایی نایەت،
خۆشەویستی من و نەوزادیش...
لە دوای چۆمسکی و عەقڵ و زمان و قسەکردن لە بێھودەیی و یاخی بوونی کامۆ
و ئینتمابوون و ئینتمانەبوونی سارتەر و وێنەی رۆشنبیر لای ئیدوارد
سەعید و تەقینەوەی زمان لای ئەدۆنیس... لە دوای بڵاوبوونەوەی قەسیدەی
(جوگرافیای مێگەلە پەرتەکان)ی ئازاد لە گۆڤاری کاروان و عاشقبوونی
ئازاد و ئاشنابوونی بە (سوعاد خان) و ماڵ پێکھێنان، ئیتر ژیانی ئازاد
لە زۆر رووەوە گۆڕانی بەسەردا ھات، ھەر لەو کاتە بوو من قەسیدەی
(دۆزەخیەکان)م بڵاوکردەوە، (دلاوەر قەرەداغی) قەسیدەی (پەیکەرێک لە
باران)ی بۆ بڵاوکردنەوە ناردە (پاشکۆی ئەدەب و ھونەر)ی کوردستانی نوێ و
لە یەکێک لە ژمارەکانی بڵاوبۆوە، ئەو رۆژانە بۆ من رۆژانێک بوو پڕ لە
خوێندنەوە، رۆژانێک بوو پڕ لە نیتشە و کامۆ و سارتەر و بارت و
ئەدۆنیس... پڕ بوو لە خۆشەویستی بێ پەروا و پووچگەرایی، پڕ بوو لە
بڕوانەبوون بە دروشمبازاڕی ئازادی و ئاگایی درۆزنانە، ئەو رۆژانە ھەموو
کات و بیرکردنەوەی من کتێب دەیخوارد، کات و بیرکردنەوەی ئازادیش کتێب و
عەشق، لە بیرمە لە یەکێک لە گفتوگۆ سەرەتاییەکانی نێوان من و نەوزاد و
ئازاد لە باخی (گڵکەند) لە بارەی خۆشەویستی کە ھەموو ئازادی لە خۆی
لوولدابوو، من رستەیەکی زۆر سارتەرییانەم لێکەوت کە گوتم مرۆڤ ناتوانێ
لێپرسراوێتی ئەندامێک لە ئەندامەکانی جەستەی خۆی لە ئەستۆ بگرێ، چۆن
دەکرێ لێپرسراو بێ بەرانبەر ئەویدیکە و کۆمەڵ، بەڵام ئازاد بە عەشق
مەست بوو، پڕبوو لە خەون و ئومێد..
کاتێک من مەست بووم بە فۆکۆ و رۆلان بارت و پڕبووم لە فرۆید... ئازاد
چۆمسکی و ئیدوارد سەعید و ھایدگەر... ئەوەی ھەمیشە گفتوگۆکردنی ئێمەی
دەخستە بارێکی ئازاد و خەیاڵی بێ سنورەوە قسەکردن بوو لە مەودا
بەرفرەوانەکانی شیعرییەتی زمان و ئازادی و ئاراستەنەکردنی زمان و یاخی
بوونی کامۆیی و چەمکی نووسەر و خوێنەر، ئەوەی ھەمیشە ئێمەی بە بنبەست
دەگەیاند قسەکردن بوو لە میدیای کوردی و سیاسەتی کوردی... ئازاد لە
گفتوگۆکردندا جگە لەوەی مەعریفەیەکی قوڵ و خەیاڵێکی بەرفرەوانی ھەبوو،
بڕوایەکی پتەویشی بە خۆی ھەبوو، بەڵام ئەو سەرسەختییەی ئازاد ھەرگیز
دووچاری وەستانی نەدەکردی، بەڵکو وزەی بیرکردنەوە و رەھەندی جیاوازی
تێرامانی پێدەبەخشی، قسەکردن لەگەڵ ئازاد بۆ من چێژی زۆر و ئارامی و
دڵکرانەوە بوو، چونکە ھەمیشە رێَزی لەو سنورانە دەگرت کە لە ناو خۆیدا
دەیدۆزییەوە، منیش بە ئەندازەی کتێبەکانی کامۆ پێموابوو مرۆڤ دەبێ یاخی
بێت، دەبێ ھزری خۆی ئازاد بکات، دەبێ پاک بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا
دەبێ سنورەکانی بەیەکگەیشتن بپارێزێت، سنورەکانی ئازادی یەکتر.. ئازاد
مرۆڤێکی یاخی بوو، بوونی ئازاد لە یاخیبووندا جوانتر دەردەکەوت، من و
ئازاد ھەمیشە بە دژی پەیوەستبوون قسەمان دەکرد، من ھەموو خەون و
خەیاڵم، ھەموو شیعرەکانم ھەموو بوونم لە دەرچوون لە زمانی باو و لە
دەرچوون لەو وڵاتە و سەفەردا دەبینییەوە، ئازاد لەو ماڵە تازەیەی کە بە
میھرەبانی و جوانی سوعاد پێکیھێنابوو.
ئازادی ھەڵبژاردن لای من سەنگی خۆی ھەیە، ئەوسا و ئێستاش من وا
بیردەکەمەوە، من وا بیردەکەمەوە لەگەڵ ھەموو ئەو ناشیرینیانەی دەسەڵاتی
کوردی بەرانبەر مرۆڤی کوردی نواندی، ھەموو ئەو بێنرخکردنانەی حزبی
کوردی بە بەھاکانی مرۆڤ کردی.. ئەوسا من وا بیرم دەکردەوە لەگەڵ ئەوەی
دەمزانی بێ ماناییەکی گەورە وڵات بەڕێوە دەبات.. بەشێکی گەورەی ژیانی
(کوردی) دوای راپەڕینی بەھاری ١٩٩١ پارتی و یەکێتی دەیخوات... بەڵام
ئەوسا و ئێستاش لای من ئاساییە و مرۆڤ ئازادە سەر بە ھەر پارتێک بیت،
بەڵام بتوانێ مرۆڤ بێت و درۆ لەگەڵ مرۆڤبوونی خۆی نەکات و بەھاکانی
مرۆڤایەتی و ئازادی و ھەڵبژاردن نەبەزێنیت، ھەمیشە من و ئازاد بە دژی
پەیوەستبوونی ئەدەبی قسەمان دەکرد، وەک چۆن بەشێکی زۆری شەڕەکانمان
دەکەوتنە نێو ئەو خاڵەوە، ئازاد بەرگری لە ئاگایی ھەڵبژاردن دەکرد، من
قسەم لە سادەیی و مرۆڤبوون دەکرد، ئەوەی گرنگ بوو لای من مرۆڤ درۆ
لەگەڵ ناخی خۆی نەکات، لای ئازاد گرنگ ئەوە بوو مرۆڤ بە ھوشیارییەوە
بیر بکاتەوە... شەڕی من و ئازاد بە نێو کتێباندا دەڕۆی و لەوێ کۆتایی
دەھات، کاتێک قسەمان لە دەسەڵاتێک دەکرد کە ھەیە، دەسەڵاتێک کە نە
بەھای بیرکردنەوە و مەعریفە بە ھەند ھەڵدەگرێت و نە لە سادەیی و
مرۆڤبوون تێدەگات، ئازاد لەو وڵاتە و دوای جێھێشتنی ھەولێر لە سلێمانی
گیرسایەوە و لە ٢٥/١٠/٢٠١٤ لە "گۆڕستانی ئابڵاخ" دڵی بوو بە بەرد، من
لە ھەولێر نەترازام، کەچی دڵم لە سەفەرەکان ونکرد، پزیشکەکانیش نازانن
چیلێھاتووە.
لە دوای ئەوەی ئێمە کۆمەڵێک ھاوڕی وەک نووسەر لە رووی بڵاوکردنەوەی
بەرھەمەکانمان دووچاری جۆرێک لە نائومێدی بووین، دوای ئەوەی پانتایی
میدیای کوردی جگە لە ھیچ نەگوتن فریای گوتن و جیاوازی نەدەکەوت، جگە لە
رووکارخوازی و دروشمبازاڕی ئازادی و ئەویدیکە شکاندن و پیاھەڵدانی بێ
بنەما کاری بە بیرکردنەوەی جیدی و راڤەکردن و رەخنەوە نەبوو... ئیتر من
و دانا سەعید سۆفی و ئازاد بیرمان لە دەرکردنی گۆڤارێکی ئەدەبی کردەوە،
لە چەند بەیەکگەیشتنێکی سێ قۆڵیدا بیرۆکەی گۆڤاری (سەراب)مان ھێنایە
ئاراوە، دواتریش بە پێشنیارکردنی نەوزاد ئەحمەد لە لایەن ئازادەوە
سەراب بووە جێگای بیرکردنەوە و پرۆژەی ئەدەبیمان.
_____________________
بەشێک لە (پرسیارکردن لە تاریکی).
٢\١١\٢٠١٤
ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا
|