٢٩\١١\٢٠١٧
پرسیارکردن لە تاریکی.
''لە ھیچ دنیایەک
رەوانە نەکراوم''.

عەبدولموتەلیب عەبدوڵا
رامبۆ: وەک دەزانین خۆشەویستی دەبێ لە نوێوە دابھێنرێتەوە. - قەسیدەی
بەشێک لە دۆزەخ -.
خوێنەری
خۆشەویست ئەو دەقەی بەردەستتان یادەوەری نییە، چونکە گێڕانەوەی ژیانی
کەسی نییە، وەک چەمکی یادەوەری داوای دەکات. ژیاننامە نییە، وەک ئەوەی
لەسەر راستبێژی وەستا بێت، بەڵکو زمانێکی دیکەیە بەرانبەر زمان و لەگەڵ
زماندا! نەک بەو مانایەی کە کاری چارەسەرکردنی یەکیەتی زمان بکات،
بەڵکو بەو مانایەی کە زمان دەیەوێت.
نیگای ھونەر
یەکێک گوتبووی ئەوەی زۆربەی وەرزەکان پانتۆڵێکی کاوبۆی شین و کراسێکی
سپی و کڵاشێکی سپی لە پێ دەکا، ھەمیشە کتێبێکی بە دەستەوەیە و خەیاڵی
لێرە نییە، ئەوە موتەڵیبە؟! دەزانم سەرم لە نێو کتێبان دەجولێتەوە،
بەڵام وەک (ئەرستۆ)ی گەورە خوێنەری دنیا نا، خەیاڵم بەدوای گرتنی
گەردەلوولەوەیە، بەڵام (ریلکە) نیم! ئەوە فیگۆری ژیانی رووتی منە بە
کەمەکێک دەستکارییەوە، مرۆڤێک کە نەیتوانی خۆی بکوژێ، نەیتوانی وڵات
جێبھێڵێت، مرۆڤێک لە ناخەوە دژی دامەزراوی سیاسی و پیرۆزی ئیمانی
داخراو و لەگەڵ شتە پەراوێز و بچوکەکاندا دێتەوە... ھەموو ئەوانە بە
تێپەڕینی رۆژگار بە ھەندێ دەستکارییەوە بوون بە شیعر، شیعر پرسیار لە
تاریکی دەکات، لە ماڵی باران لەگەڵ با دەخەوێ... ئەوە منم دەنگەکان بە
بڕێک لە دەستکارییەوە ھاوسەنگ دەکەم، ئەوە منم زەمەنێکە لە تەماشاکردنی
ئاو دێمەوە و کتێبی دەریا لە (سان جۆن پێرس) دەخوازم.
لەسەرەتای حەفتاکان ماڵمان لە ھەولێر گەڕەکی (کوران) سەرەتای جادەی
ئەلبان لە قەسران جێگیربوو، چوار ماڵی بە تەنیشت یەک و بە یەک شێوە
دیزاین کراو، خانووی کرێکارانی کارگەی ئەلبان... دیسان ئەوە سەرەتا
نییە، بەڵکو سەرەتایی شۆڕشی ئەیلول بوو، بەھۆی بۆمببارانی تەییارە
سیخۆییەکانی رژێمی بەعسی ئەوسای عیراق بۆ سەر پێشمەرگە و دێیە
سنورییەکانی حاجی ئۆمەران و ئازادی و خەللان... دایکم و منی تازە لە
دایکبوو لەگەڵ خەڵک و خوای ئەو ناوچەیە دوور لە باوکم کە ساڵی ١٩٦٢
پێشمەرگە بوو، دەربەدەری وڵاتی ئێران دەبین. من لە ئێران بە (محەمەد)
ناونوس کراوم، دیسان ئەوە یەکەم و دوا تامچێشتنی غەریبی نییە، بەڵام
دایکم خووی بە گێڕِانەوەی ئەو بەسەرھاتە و ئەو ناونوسکردنە گرتبوو. بەر
لە شۆڕش ماڵە باوانی دایکم کەوتبوونە گوندی خەللانی شێخ عەللائەدین...
دەزانم تامی غەریبی و تامی کەبابی ھەولێر بە ئاسانی ھەستی چێژ وەرگرتنی
مرۆڤ بەرنادات، بەڵام ھەر یەکە و وەک خۆی! من و دایکم دوای ئەوەی لە
ئاوارەیی گەڕاینەوە، دوای ئەوەی باوکم چەکی دانا و لە ھۆتێلی (شیرین) -کە
دەکەوێتە سەر قاوەخانەی (مەچکۆ)ی ئێستا- دەست بە کار دەبێت، ئیتر لە
ھەولێر لە گەرەکی (تەعجیل) نیشتەجێ دەبین... لە گەڕەکی تەعجیل بۆ
تەیراوە بۆ جمھوری و بۆ حەساری عیزەدین ئاغا و بۆ خانووییەکی یەک ژووری
کە سەر بە ماڵی (مونعیم محەمەد ئەفەندی) بوو، لە تەنیشت حەساری عیزەدین
ئاغا و بەرانبەر ئاشی ئەحمەد جەڵەبی و دواتریش بۆ گەرەکی کوران... ئێمە
لە سەرەتای شەستەکان لە ھەولێر نیشتەجێ بووین. داڕشتنی ئەو ھەواڵەم لە
باوکمەوە بۆ ماوەتەوە.
ھێشتا سۆفییەکان گەڕەکی زانیاری و ھەولێرییان جێنەھێشتبوو، من لە پۆلی
یەکەمی سەرەتایی وەرگیرام، بەر لەوەی ساڵ بە نیوە بێ، لەبەر دەرزلێدان
بێ ئەوەی کەس ھەستم پێبکات خۆم و خەیاڵی منداڵانەی سەرم بە تەنیا لە
پۆل ھاتینە دەرەوە، خۆم و ئەو جانتایەی دایکم بۆی دروست کردبووم بەرەو
ماڵ بووینەوە، دایکم لێی پرسیم کە بۆ وا زوو گەڕامەوە؟ حیکایەتێکی دوور
و درێژم لە مێشکمدا ئامادە کردبوو، کەچی بە یەک رستە گوتم: لەبەر دەرزی
لێدان.
دوای ئەنفال تازە بە بریاری لێبوردنی دوو سایدی (٣٦٧) و (٧٣٧) ٨/٩/١٩٨٨
پەیوەست بە لێخۆشبوون لە پێشمەرگە و سەربازانی ھەڵاتوو و پاشکەوتوو...
وەک پاشکەوتووی سەربازی دوای دڵ لە دڵدان و ململانێی دەروونی و
نیگەرانییەکی زۆر لەگەڵ (سەردار سنجاوی) خۆمان رادەستکردەوە، کە
رەوانەی سەربازگای کەرکوک کرام، لەوێ لە نێو ئەو ھەموو سەربازانەی کە
نۆرەیان بۆ خوێنبەخشینی شەڕی عیراق و ئیران گرتبوو، رامکرد، کەس
پرسیاری ئەو خۆدزینەوەیەی لێنەکردم، زۆرانی وەکو من لەوانەش (رێدار
ئەنوەر) و (دلشاد خدر) و (حاکم شێرزاد)... خۆیان لەو خوێنبەخشینە
دزیبۆوە و ئیتر لە دووری خوێنبەخشەکان بەرە بەرە تێکەڵی قسان بووین و
خوێنبەخشینمان لە بیر چۆوە و کەوتینە نێو باسی ئەدەب و ھونەرەوە.
ئەدەب و ھونەر وەک یادەوەری سەرەتا و کۆتایی نییە، فینۆس خواوەندی
ھونەر و جوانی و ئەپۆلۆ خواوەندی شیعر دەکەوێتە ناخی مرۆڤایەتییەوە،
ناخی تەمومژاوی، رۆناک و تاریکیی سەدەکان و ئومێد و نائومێدی و
سەرکەوتن و دۆڕانە لە بننەھاتووەکان...
لە باسی وێنەکێشان و گوناھەکانی وێنەکێشان ھەمیشە لە ماڵەوە داپیرەم-
دایکی باوکم- کە خەڵکی مھابادی رۆژھەڵات بوو، دەیگوت رۆڵە لە رۆژی
دوایی دەبێ رۆح بە بەر ئەو وێنانە بھێنی، بڕوایەکی رەھای بەو قسەیە
ھەبوو، خودا لەسەر ئەو روخسارە دەستکردانە سزای خۆی دەبێت! ئەو
بیرکردنەوە و دنیابینییە لەوێوە ھاتووە کە تەنھا خودا خالقە و ھەموو
کارەکان تەنھا ئەو دەتوانێ خاوەنییان بێت!! بیر لەوە بکەرەوە رەنگە
خودا دەست و پەنجەی رەنگینی (ئەزمیل فیدیاس) پەیکەرتاشی گریکی، یان (جەواد
سلیم) و (شاکر ئالسەعید) و (محمەد عارف) و... خۆش بێت، بەڵام منی دەست
و پێ سپی چۆن دەبەخشێ؟! منی منداڵ بێ پەروا کاغەزی سپیم بە رەنگ و
نیگارەکانم پڕ دەکردەوە و لە بری یاری منداڵانە لە قوڕی دەستکرد و خودا
کرد پەیکەرم دەنەخشاند، ساڵی ١٩٧٤ لە پۆلی چوارەمی سەرەتایی پێش ئەوەی
ناوی قوتابخانەکەمان لە بابەتاھیری ھەمەدانییەوە ببێتە بابەتاھیری
سەرەتایی کوڕان، بەھرەی وێنەکێشانم لە پێشانگای قوتابخانەکان لە
قوتابخانەی (ئیبن مستەوفی) نیشاندا! مامۆستا (سەدیق رەواندوزی) یەکەم
کەس بوو، کە ئەو بەھرەیەی لە مندا دۆزییەوە، ئەگەرچی ئەو مامۆستای
وێنەکێشان نەبوو، بەڵام بەو باڵا درێژ و بەو سیسەیەوە مەیلێکی زۆری بۆ
ئەو ھونەرە ھەبوو، لە رێگای وێنەوە وانەکانی دەخستە مێشکی
قوتابیانییەوە. ماڵی مامۆستا ێدیق رەواندوزی دەکەوتە گەڕەکی زانیاری و
ئەوبەری قوتابخانەکەمان و ئەوبەری شەست مەتری، کەچی ماڵی مامۆستا (قەرەنی
ئەسوەد) راستەوخۆ لە پشت قوتابخانەکەمانەوە بوو، مامۆستا ێدیق
رەواندوزی کوڕێکی بە ناوی دلێر ھەبوو ساڵێک لە پێش ئێمەوە بوو... من
ھەر لە پۆلی سێیەمی سەرەتاییەوە ھەفتانە ئەو وێنانەی دەمکێشان لە رێگای
مامۆستا ێدیقەوە بە تابلۆی ئاگادارییەوە ھەڵدەواسران و وێرای ئەو
وێنانەی من دەمکێشان وێنەکانی (دلێر ێدیق) و (فەیسەڵ عوسمان)...
ھەڵدەواسران.
ئەوەی فێری ئەلف و بێی کوردی کردم ھەر خەتخۆشی مامۆستا جەبار یاسین
نەبوو، بەڵکو سەلیقەی بەدواداچوون و دڵسۆزی ئەو بوو بۆ جواننوسی و
رازاندنەوەی پیتەکان، ھەر پیتەی بە رەنگێ دەنەخشاند، پیتەکان بە
منداڵان پێدەکەنین، سنوری نێوان خەیاڵی منداڵانەی ئێمە و چیرۆکی
پیتەکانی مامۆستا جەبار یاسین رۆژ بە رۆژ لە گەشە دابوو، ھەموو پیتێکی
بە ژیان دەچوواند، ھەر کە ئەو شتە زیندووانەمان لە دەرەوەی قوتابخانە
دەبینی پیتەکانمان بیر دەھاتەوە، بیری منداڵی ئێمە لە نێوان پیتەکانی
مامۆستا جەبار و پیتەکانی ژیان دەدرەوشایەوە، لە نێوان پیتە سپییەکانی
مامۆستا جەبار و کۆترە سپییەکانی (ئەحمەد)ی ھاوڕێم لە شەقەی باڵمان
دەدا، ھەرگیز (ی)ای مراوی و (ن)وونی مەنجەڵی چێشتم بیر ناچێتەوە،
ھەرگیز ماڵە قوڕینەکەی ئەحمەدی ھاوڕێ و کۆترە خەمگینەکانیم لە بیر
ناچنەوە، مامۆستا جەبار تەمەنێکی بەسەر برد، ئەحمەدی ھاوڕێم ھەر تەنھا
ساڵێک لە پۆلی یەکەم و لە ھاوینی ساڵی دووەم بە نەخۆشی کۆچی دوایی کرد،
ئەو کۆترە سپییەم ھەرگیز بیر ناچێتەوە، وەک چۆن ھەتا ئێستاش خشتەی
لێکدانم بیر نەچۆتەوە، ئەو وانەیە مامۆستایەکی خنجیلانە و وریا و
چاپووک پێیدەگوتین ناوی مامۆستا (عەبدولقادر) بوو، ماڵی مامۆستا
عەبدولقادر ھەر بە رێزی قوتابخانەکەمان و لە تەنیشت ماڵی مامۆستا جەبار
بوو، مامۆستا عەبدولقادر ئەوەندە سوور بوو لەسەر دەرخکردنی خشتەی
لێکدان، بڕوا ناکەم منداڵێک ھەبێ و لای ئەو مامۆستایە خوێندبێتی خشتەی
لێکدانی بیر چووبێتەوە، مامۆستا عەبدولقادر بە خۆی و دارە قووتیلەکەی
ئەوەندە بە پەلە جارانی لێدەپرسینەوە نەماندەزانی چۆن لە نێوان
پرسیارێک و پرسیارێکی دیکە دەمی دەگاتەوە یەک، وەک چۆن بە پەلە دەیپرسی
بە پەلەش دارەکەی دەستی لێدەوەشاندین، گرنگ نەبوو بەر کوێمان دەکەوێت!
ئەو لێدانە ئەگەرچی بۆ ئێمە بە تایبەتی زستانان بە ئازار بوو، بەڵام
دەرچوونیش لەو دارانە چێژێکی زۆری پێدەبەخشین.
لە سنور بەدەر چێژم لە وانەی ھونەری وێنەکێشان دەبینی، ئەگەر کۆترە
سەرکێشەکانی مامۆستا قەرەنی لە حەوشەی قوتابخانە ھەڵبنیشتبان و وانەی
نیگارمان ھەبایە، ئەوە مامۆستای وانە بیری بۆ وێنەکێشانی کۆتر دەچوو،
یان وێنەی ئەو پشیلانەی خۆیان لە کۆترەکان دادەنوساند، زۆرجاریش وێنەی
ئەو دار و گوڵ و مەرکانانەمان دەکێشا، کە لە حەوشەکە دەکەوتە بەر
سێبەری چاومان. بەڵام نە وێنەی کۆترەکانی ئێمەی منداڵ لە کۆتری (زاجل)ی
نێو حیکایەتی جوگرافیا و مێژووی مامۆستا قەرەنی دەچوو، نە پشیلەکانمان
لە پشیلەی (شیرازی) دەکرد... وێنەکێشان لە ماڵ و لە قوتابخانە بەشێکی
زۆری خەیاڵ و ژیانی من بوو، مامۆستای وانەی نیگارکێشانمان (نەشئەت
سەفار) پیاوێکی ھێمن و بێدەنگ بوو... زۆر لە مامۆستایانی دیکەش
بایەخیان بە وێنەکێشان و چالاکی قوتابخانەکان دەدا، لەوانەش مامۆستای
ئینگلیزی (عەزیز بەرخول) زۆرجار منی بۆ ژووری مامۆستایان بانگ دەکرد تا
وێنە بە رەنگی زەیتی بکێشم، مامۆستا عەزیز ھەموو جارێک کە لە وانەی
ئینگلیزی لە (جەباری کوڕی مەلا ھەمزە) تووڕە بایە پێی دەگوت خەڵک گووی
لە نێو مانگ کرد، تۆ تازە دەڵێی ئەی مانگ من و تۆ ھەردوو ھاودەردین...
جەبار دەیگوت من شاعیرم... بەدران حەبیب میران و جەبار ھەمزە و محێدین...
بێ ئەوەی شەرم بکەن، لە کاتی ریزبوونی قوتابیانی قوتابخانە دەچوونە
ناوەڕاستی گۆڕەپان و دوای ھەڵکردنی ئاڵای نیشتمانی رۆژی پێنجشەممان
لەبەر دەمی مامۆستا و بەڕێوەبەر وەک (تاھیر تۆفیق) دەستیان بادەدا و
شیعری داری ئازادی بە خوێن ئاو نەدرێ قەت بەر ناگرێ و ئەی وەتەن
مەفتوونی تۆم و ... دەخوێندەوە. مامۆستا عەزیز بەرخول پیاوێکی
تێکسمڕاوی سوور و سپی بوو، یەکێک بوو لە نەیارانی رژێمی ئەوسای بەعس و
کاتێک کودەتایەکەی (محەمەد عایش) ئاشکرا بوو، ئەو وڵاتی جێھێشت و بۆ
ئەمریکا ھەڵات.
ئاداری ١٩٧٤ ساڵی بەرخودان و ھەڵچوون و ھەڵایسانی تووڕەیی و خەباتی
کوردایەتی بوو، ساڵی بوێریی و چاونەترسی و جەسووری، ساڵی یاخیبوون و
بەرەو چیابوونەوە و کۆڵنەدان... من لە پۆلی چوارەمی سەرەتایی بووم، کە
شۆڕش گڕی گرت، لە زۆربەی ماڵان بڕینی زیندانی حەرەس قەومی و چوونە چیای
پۆلیسان و یاخیبوونی گەنجان... چرپە و باسی زۆری بەدوای خۆیدا دەھێنا.
لەو مامۆستایانەی کە شۆڕشیان بە گەرمی وەرگرتبوو مامۆستا قەرەنی و
مامۆستا (ئەحمەد) و مامۆستا (زرار)ی کوردی بوون... بزر بوون و ھەندێ لە
قوتابیان دەیانگوت چووینە سەرێ، بەڵام ماوەیەک ونبوون و گەڕانەوە...
ئەوسا بەڕێوەبەری قوتابخانەمان (ناێح داود ئەیوب)، ھەتا بڵێی لەسەرەخۆ
و ھێمن بوو، مامۆستا عەبدولقادری بیرکاری جێگری بوو. فەراشی
قوتابخانەکەمان ناوی (عەباس ئەبو شوارب) بوو، بەخۆیی بە قەڵافەتی تووند
تۆڵ و بە پایسکیلە حەدبا شینەکەی یەکەم کەس بوو دەرگای قوتابخانە
بکاتەوە و دوا کەسیش بوو لە داخستنی. مام عەباس پیاوێکی قسە خۆش و
لەبەر دڵان بوو. بەشێکی زۆرمان کە زوو بۆ قوتابخانە دەھاتین لە
خۆشەویستیمان بۆ وانەکان نەبوو، بەڵکو دەمانویست لەگەڵ یارمەتیدانی مام
عەباس گوێمان لە قسە خۆشەکانیشی بێت. مام عەباس بە (خەلیل یابە) و
جەباری مەلا ھەمزەی دەگوت بۆ ئەوەی پرچتان وەک قژی (کامەران حەمە ساڵح)
و (ئارام ئیسحاق)... نەرم بێ و بتوانن بە ئاسانی دایبھێنن، پێویستە
شەوانە دۆشاوی لێبدەن و بەیانی کە ھەڵسان بە ئاو بیشۆن و ئینجا
تەماشاکەن لە قژی عەبدولحەلیم حافز جوانتر دادێت... ئەوسا زەمەن زەمەنی
فەرید ئەترەش و عەبدولحەلیم حافز و ئوم کلسوم و فاتن حەمامە و سەمیرە
تۆفیق بوو، زەمەنی محەمەد گۆران و نەسرین شێروانی و عائشە شان و محەمەد
عارف و عیسا بەرواری و تاھیر تۆفیق... بوو، زەمەنی عەدنان قەیسی و
جۆنلیز و شێرۆ خەلیل و نەجات تۆڕیی... زەمەنی فیلمی ھیندی و میسری و
کاوبۆیی... زەمەن زەمەنی فرسان و پێشمەرگە و مەلا مستەفای بارزانی بوو.
ھەمیشە شتێک ھەبوو دڵانی خۆش دەکرد و ھەندێ لە باوک و دایکانی تا
رادەیەکی زۆر شاد دەکرد ئەویش دەنگی کوردستانی عیراق و تۆپە تەییارە
شکێنەکانی شۆڕش و پێشمەرگە و چیرۆکەکانی ئێزگەی تاران و دەنگی زوڵاڵی
کاوێس ئاغا... بەڵام ئەوەی کە زۆرێک لە دڵانی پەست دەکرد، گیران و
راوەدوونانی کورد و فرمێسکی دایکان و ھەناسە حەسرەتیەکانی داریوش بوو،
پێشمەرگە و داریوش ئەگەر بە ریشیش نەگەیشتبانەوە یەک، ئەوە بە خەم و
حەسرەتەکانیان بە یەک دەچوون، حەسرەت روخساری زۆربەی منداڵانیشی لێڵ
کردبوو.
شۆڕش ماڵی زۆرانی کاول کرد، زۆرانی دووچاری گرتن و چەرمەسەری و ئازار و
راوەدوونان کرد، زۆرێک لە منداڵانی بێ باوک و خوشکانی بێ برا کرد، شۆڕش
قوربانی زۆری لەدوای خۆی جێھێشت، بڕوا ناکەم ھیچ ماڵە کوردێک ھەبێ و
قوربانی پێشکەش شۆڕش نەکردبێ، شۆڕش زۆر رەمزی دروست کرد، زۆر رەمزی
تێکشکاند، زۆر بێ تاوانی کردە تاوانبار، زۆر تاوانباری کردە شۆڕشگێر،
چیرۆکی زۆری ھێنا ئاراوە، خەیاڵی زۆری ھەڵفڕاند... شۆڕش ھەرەسی ھێنا!
شۆڕش ھەر تەنھا بە شوێن گۆڕینی دەسەڵاتەوە نییە، بەڵکو پرۆژەی
جۆراوجۆری مرۆیی لە خۆدا ھەڵگرتووە، شۆڕش لەسەر پاشکۆیەتی رۆنانرێ،
بەڵکو دەبێت لە دۆخێکی شۆڕشگێڕانەدا بژی، شۆڕش و ھەڵچوون لێرەدا لێکجیا
دەبنەوە، بەڵام ھەتا ئێستاش کەس بیری لەو ھەموو شکستە مێژووییانە
نەکردۆتەوە، کەس نەھات شۆڕش و پاشکۆیەتی بخاتە بەر باس و لێکۆڵینەوە،
کەس نەھات راپەرین و ھەڵچوون لێکجیا بکاتەوە، ھیچ شۆڕشێک لە دنیادا
نابینی ھێزی کۆنەپەرست و ھێزی بێگانە رابەرایەتی بکات و سەرکەوتن بۆ
گەل بە دەست بھێنێت... شۆڕش ھەرەسی ھێنا!
بەشێک لە ناسنامەی ئەدەبیم.
ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا
|