٢٥\٧\٢٠١٢
پرسیار و
وەڵامی بەردەوام لە بارەی سەکۆی
ئەنارکیستانی کوردستانەوە.
خوێنەرانی
ھێژا، ئەم پرسیار و وەلامانە، بریتین لە کۆمەلێک پرسیار کە
زۆر جار ئاراستەمان دەکرێن، بۆیە بەباشمانزانی وەک پرسیار
و وەڵامی بەردەوام لە بارەی
(سەکۆی ئەنارکیستانی
کوردستان)ەوە بڵاویان بکەینەوە، ھیوادارین بەرادەیەک
وەلاممان بە پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ھێژا دابێتەوە...
پرسیار: سەکۆ
چییە و کێی لە پشتە؟
وەڵام: پێگەیەکی ئینتەرنێتییە بۆ گفتوگۆی سۆشیالیستە
ئازادیخوازەکان و مشتومڕکردن لەسەر پرسە ھەنووکەییەکانی بزاڤی
دژەسەرمایەداری و ڕەخنەگرتن لە ئەزموونەکانی بزاڤی سۆشیالیستی و
ئەزموونگیری لە ھەوڵەکانی پێشووتر و خستنەڕووی ئەڵتەرناتیڤ لە بەرامبەر
ھەوڵە شکستخواردووەکان و دەرگە ئاوەڵاکردن بەڕووی ھەر دەنگێکی
ئازادیخواز و یەکسانیخواز و دادپەروەریخوازدا، بەکورتی ”سەکۆ پردێکە بۆ
بەیەکگەیشتن و لەیەکنزیکبوونەوەی تاک و گروپە سۆشیالیستە
ئازادیخوازەکان“.
پرسیار: بۆچی ''سەکۆی ئەنارکیستانی کوردستان'' ، ئایا ئەمە
جۆرێک لە پابەندی بە نەتەوە و نیشتمان نییە؟
وەڵام: نەخێر، ئەنارکیستەکان سەرەڕای ئەوەی کە لە سەراپای
مێژوودا جەنگاوەری یەکەم بوون دژی داگیرکەر و خەباتکاری ڕاستەقینە بوون
بۆ ئازادی و یەکسانی نەتەوەکانی دونیا، بەڵام ھاوکات دوژمنی سەرسەختی
ناسیونالیزم وەک ئایدیۆلۆجی دەوڵەتگەرایی و سەروەریخوازیی بوون، کە
بۆرجوازی ھەر نەتەوەیەک بۆ خۆشباوەڕکردنی چینە چەوساوەکانی ئەو
نەتەوەیە، بەوەی کە ھەموو ئەندامان و چین و توێژەکانی یەک نەتەوە، یەک
بەرژەوەندەی ھاوبەش و تەبایان ھەیە، بەکار دەبات.
بۆ ئێمە وەک نوسەرانی (سەکۆی ئەنارکیستانی کوردستان)، کوردستان وەک
پانتاییەکی جوگرافی کۆمەڵێک ئێتنی و کولتوور و ئایینی جیاواز، کە
خاوەنی کۆمەڵێک زمانی جیاوازن لەسەر دەژین، بەم پێیە، (سەکۆی
ئەنارکیستانی کوردستان)، سەکۆی ھەموو ئەوانەیە، بەبێ جیاوازی.
بەبۆچوونی ئێمە نابێت پاشکۆی جوگرافیی کوردستان لەتەک نەتەوەییبوون
یەکی بگیردرێت. تەنیا ھاندەرێک بۆ ھەڵگرتنی ئەو پاشگرە (کوردستان)،
دروستکردنی بەستەرە لەنێوان بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە ئازادیخوازەکان
لەنێو ئەو وڵاتاندەدا کە بە زمانی کوردی ئاخاوتنیان تێدا دەکرێت و
ھاوکات کوردزمانەکان لەبەر توانای ئاخاوتنیان بە زمانەکانی دیکەی ئەو
وڵاتانە (عەرەبی، فارسی، ڕوسی، تورکی)، دیسانەوە دەتوانن بەستەری نێوان
بزاڤە کۆمەڵایەتییە ئازادیخوازەکان بن لەو وڵاتانەدا.
سەرەڕای ئەوانەی سەرەوە، ئێمە ھەروا باوەڕمان بە ئازادی و ڕزگاری و
سەربەخۆیی کوردان ھەیە، ھەرواش باوەڕمان بە ئازادی و ڕزگاری و
سەربەخۆیی تورکمان و کلدان و ئاشوور و عەرەبەکان لە چوارچێوەی کوردستان
و ھەرێمی کوردستاندا ھەیە، ئەوەش لەسەر بنەمای بڕوابوونمان بە بنەما
فیدرالییە ئەنارکییەکان و خۆبەڕێوەبەرایەتی کارخانە و سەربەخۆیی (ئۆتۆنۆمی)
ناوچە و ھەرێمەکان و مافی چارەی خۆنووسیی ھاوتا بۆ گشت گەلان [لێرەدا
مەبەست لە مافی چارەی خۆنووس، ھەوڵ و پاگەندەی باندە ناسیونالیستەکان و
پارتە بۆرجوازییەکان نییە بۆ بەدەستھێنانی سەروەری خۆیان و دەوڵەت
لەژێر ناوی نەتەوەدا، بەڵکو تەواو پێچەوانەوە مەبەست ڕزگارکردنی
کۆمەڵگە و نەتەوەکانە لە سەروەری بۆرجواکان و ملھوڕی دەوڵەت].
ھەروەھا، بەو تینەی کە ئێمە پشتیوانی لە ڕزگاری نەتەوەکان دەکەین، بەو
ڕادەیەش دژایەتی ھەوڵەکانی بۆرجوازی بەناو دەوڵەتی نەتەوەیییەوە دەکەین،
لەبەرئەوەی دەوڵەتی نەتەوەیی بە ھەمان ڕادە و ئامانجی دەوڵەتی داگیرکەر،
سەرکوتی ئازادی تاکەکانی کۆمەڵگە دەکات و بەمەبەستی دابیکردنی مشەخۆری
بۆ سەرمایەداران و دەسەلاتداران و دەستەبژێرەکان، چین و توێژە
بەرھەمھێن و زەحمەتکێشەکانی کۆمەڵگە لە کۆیلەتیدا ڕادەگرێت.
پرسیار: ئایا نووسەرانی (سەکۆی ئەنارکیستانی کوردستان) سەربە
گروپێکی ڕامیاریی دیاریکراون؟
وەڵام: نەخێر، کەسانی سەربەخۆن و سەر بەھیچ گروپێک نین و
بەخۆشیان گروپێک نین، بەڵکو تەنیا ئامانج و ئازادیخوازیی و شێوازی
بیرکردنەوە لەتەک یەکدیدا کۆیان دەکاتەوە. بەڵام ھاوکات ھەر یەکە لە
ئێمە لە شوێنی کار و ژیانی خۆیدا چ لە کوردستان و چ لە وڵاتانێک کە
تیایاندا دەژین، لە گروپە خۆجییەکاندا چ گروپی خۆجێیی کاریی (گروپ و
ڕێکخراوە جەماوەرییەکان) ، گروپە پاگەندەییە ئەنارکییەکان و فۆرومە
خۆجێییەکاندا، چالاکی دەکەین و بەشداریی ڕاستەوخۆمان ھەیە، ھەروا کە لە
کوردستان بین لەسەر بنەمای "خۆجێی خەبات بکە و جیھانی بیر بکەرەوە"،
وەک ئەرکی نیونەتەوەییمان ھاوپشتی و ھاریکاری ھاوچین و ھاوڕێیانمان لە
وڵاتانی دیکە دەکەین، ھەرواش کە لە وڵاتانی دیکەدا بژین لەسەر ھەمان
بنەما "خۆجێی خەبات بکە و جیھانی بیر بکەرەوە"، ھاوپشتی و ھاریکاری
گروپە خۆجێیەکان و ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی کوردستان، بە ئەرکی
نێونەتەوەیی خۆمان دەزانین، بەڵام تەنیا شتێک کە ھاوڕێیانمان لە
دەرەوەی کوردستان زیاتر بە بزووتنەوەکە لە کوردستاندا پەیوەستر دەکات،
توانای بیرکردنەوە و نووسینیانە بە کوردی، کە لەچاو ھاوڕێیانی دیکەی
کوردینەزاندا، ئەرکی زیاتر و ڕاستەوخۆیان بەرامبەر بزووتنەوە لە
کوردستان دەکەوێتە ئەستۆ.
بێجگە لەوە، (سەکۆی ئەنارکیستانی کوردستان) تەنیا و تەنیا بڵنگۆیەکی
سەربەخۆیە بۆ ناساندنی ھزر و بۆچوونە ئەنارکییەکان، ڕەواندنەوە و
ڕاستکردنەوەی تۆمەتگەلێک کە بەدرێژایی مێژووی بزاڤی سۆشیالیستی
دراونەتە پاڵ ھزری ئەنارکیستی و ئاشناکردنی چالاکانی نێو بزاڤە
کۆمەڵایەتییەکان بە لکە ئەنارکیستییەکان، لەوانە ئەنارکیزمی سۆشیالگەرا،
ئەنارکیزمی تاکگەرا، ئەنارکیزمی فێمینیست (ئەنارکۆ-فێمینیست)،
ئەنارکیزمی کۆمونیست، ئەنارکیزمی ژینگەپارێز، ئەنارکیزمی ئاژەڵپارێز،
ئەنارکیزمی مۆڕالیست ، ئەنارکیزمی ئایینی، ئەنارکیزمی ھاوسێکسگەراو...تد.
پرسیار: ئەگەر گروپێک نین، ئەدی چۆن یەکتان گرتووە، چۆن و بۆچی
خۆتان بەگروپێک ناناسێنن؟
وەڵام: وەک لە سەرەتادا وتمان (سەکۆی ئەنارکیستانی کوردستان)
پێگەیەکی جوگرافیایی و بوون و یەکەیەکی فیزیکی نییە، تەنیا سەکۆیەکی
ئینتەرنێتی سەربەخۆییە بۆ ناساندن و ئاشناکردنی خوێنەر بە ئەنارکیزم (سۆشیالیزمی
ئازادیخواز) وەک ھزر نەک ئادیۆلۆجیا. پاشان گروپی ئەنارکیستی لەسەر
بنەمای کار و چالاکی ڕۆژانە لە خەباتی ڕۆژانەی خۆجێی و ڕێکخراوەی
جەماوەرییدا پێکدێت، واتە لە شێوەی گروپی خۆجێی (Local group)دا
دەردەکەوێت، لەوانە گروپە خۆجێیەکانی ڕێکخراوە جەماوەرییە
سەرتاسەرییەکانی وەک [ بێکاران، کرێکاران، خوێندکاران، مناڵان، ژنان،
پەککەوتان، فەرمانبەران، مامۆستایان، خانەنشینان .. تد] ، گروپی
ھاریکاری ھاوسێان، گروپی سەرپەرشتی مناڵان، گروپەکانی داخوازیی
دابینکردن و چاکردنی: [ لولەکەشی ئاو، ھێڵی کارەبا و تەلەفۆن و
ئینتەرنێت، خزمەتگوزاری ئاوەڕۆ، خزمەتگوزاری کۆکردنەوەی زبڵ و
دوورخستنەوەی، سەرپەنا و نۆژەنکردنەوەی خانووەکان، باخچەی منالان و
فێرگە و زانکۆکان، نەخۆشخانە و بیمەی دەرمانی و دەرمانخانە، باخ و
باخچەکان، سەنگچن و چەوڕێژ و قیرتاوکردنی کۆڵان و شەقام و شۆستەکان و
شاڕێکان]، گروپی پاراستنی ژینگە، گروپی پاراستنی مافی ئاژەڵ، گروپی
ئاوەدانکردنەوە و بۆژاندنەوەی دەوروبەر، گروپی خۆفێرکاریی ئاڵووێری
بەرامبەرانەی [ شارەزایی کۆمپیوتەر و ئینتەرنێت، فێربوونی پیشەی دەستی
و کاری ھونەری و ڕاھێنانی وەرزشیی و زانیاریی تەندروستیی و فریاگوزاری]
، گروپی خۆپارێزیی لەبەرامبەر ھێڕشی دەزگە سەرکەوتگەرەکان و باندە
مافییانەکان، گروپی پێکھێانی پەرتووکخانەی خۆجێی و گەڕۆک.. تد.
ھەڵبەتە ئەوەمان لەبیر نەچێت، کە ناو و ناونانی ئەو گروپانە بە
ئەنجومەن، ڕێکخراو، شورا، کۆمون، ھەرەوەزی، نابێتە گرفت و مەرج نییە و
پێویستیش نییە (پاشکۆی ئەنارکیستی یا پێشگری ئەناکۆ-)یان ھەبێت، ئەوەی
گرنگە شێوازی خەبات و جۆری ڕێکخستن و شێوەی بڕیاردانە و ھەر لێرەشەوە
جیاوازی نێوان گروپە لۆکاڵییە خۆجێیی و ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی پابەند
بە شێوازی ڕێکخستن و کاردکردنی ئازادیخوازانە لەتەک گروپە خۆجێیی و
ڕێکخراوە بەناو جەماوەرییەکانی دیکەی سەربە دەسەڵات و پارتە
ڕامیارییەکان و نامیراتییەکانی (NGO) سەرھەڵدەدات و جیاوازییەکە تەنیا
لە ناو و ھەبوونی پاشگری سەربەخۆبووندا نییە، بەڵکو لەوەدایە، کە لە
شێوە ڕێکخستن و شیوازی خەباتی ئەنارکیدا ھاوکات گروپە خۆجێییەکان و
ڕێکخراوە جەماوەرییەکان ھەم سەنگەرێکن بۆ خەباتن، ھەم فێرگەیەک بۆ
ژیانەوەی گیانی خۆبیرکردنەوە و خۆھۆشیاریی و خۆبڕیاردان و خۆڕابەریی و
خۆپێشڕەویی لە خەباتی ڕۆژانە و ئەندامەتی لە ڕێکخراوە جەماوەرییەکان و
لە ژیانی ڕۆژانەی تاکەکەسیی و جڤاکی لە ڕەوتی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیدا بە
ئاراستەی بەرەبەرە (ھەنگاو بەھەنگاو) سەندنەوەی ناوەندەکانی
بەرھەمھێنان و خزمەتگوزاری و دەرکێشانی بەرێوەبردن لە چنگی ڕامیاران و
بەڕێوەبەران و لێسەندنەوەی مافی بڕیاردان لەسەر پرسە کۆمەڵایەتیی و
ئابووریی و ڕامیارییەکان لە دەوڵەت و پارتە ڕامیارییەکان و نوێنەرە
پارلەمانییەکان، بە واتایەکی دیکە خشت بە خشت داڕشتنی بناخە و ھەڵچنینی
سەرخانی کۆمەڵکەی ھەرەوەزیی و ئازاد ھەر ئەمڕۆ و لە بەرامبەر سیسەمی
ھیرارشیانەی (دێمۆکراسی پارلەمانی) سەرمایەداریدا، کۆمەڵگەیەک لەسەر
بنەمای خۆبەڕێوەبەرایەتی و بەشداریی ڕاستەوخۆی گشت تاکەکان لە
بەرھەمھێانن و دابەشکردن و ڕێکخستنی کۆمەڵگەدا [دێمۆکراسی ڕاستەخۆ] و
ھەر بەو پێیە تا دەگاتە کۆتاییھێنان بە سەروەری چینایەتی.
بۆ ئەوەی لە گروپە کارییە خۆجێییەکان و ڕێکخراوە جەماوەرییەکاندا بەر
بە بیرۆکراسی و ئوتوریتەگەری و سازش و لادان و بادان بگرین،
ئەزموونەکانی خەباتی چینایەتی ئەوە دەسەلمێنن، کە پێویستە دژایەتی
سەرسەختی [ناوەندگەرایی ڕێکخستن، ڕێکخستنی قوچکەیی (ھەرەمی)، ڕابەریی و
لەقالبدانی ئایدیلۆجیی، بکەین و لە بەرامبەردا پاگەندە و تێکۆشان بۆ
بەرپاکردن و پەرەدان بە گروپ و ڕێکخراوەی سەربەخۆی جەماوەریی و
پاگەندەیی لەسەر بنەمای ڕێکخستن و بڕیاردان و ئەنجامدان لە خوارەوەڕا
بۆ سەرەوە، واتە بە پێچەوانەی گروپ و ڕێکخراوە بەناو خۆجێی و
جەماوەرییە پاشکۆکانی چەپ و دەسەڵات، کە ناوەندگەرا، ئۆتۆریتەگەر و
فەرماندەر و ناوبژیگەرن و لەژێر ناوی ڕێکخراوەی جەماوەریدا، چەوساوان
لەسەر ھەمان بنەما و ئایدیای پێکھاتەی سەروەریی چینایەتی (ڕێکخستنی
بۆرجوازییانە)، ڕێک دەخەنەوە و بەر بە دەستبەکاربوونیان بۆ
خۆبیرکردنەوە، خۆھوشیاریی، خۆبڕیاردان و چالاکی راستەوخۆ و خۆئازادکردن،
دەگرن و لە کەلێنی جاڵجاڵۆکەی سەروەری چینایەتیدا خۆشباوەڕ بە
فریادڕەسی ڕامیاران، ڕایاندەگرن،
ھەروەھا چالاکانی ئەنارکیست، ھیچ کات پەنا نانەبە ناونانی ڕێکخراو و
گروپەکان بەناوی خۆیانەوە و ھەروا پێویست نییە و شیا و لواویش نییە، کە
لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا پێ لەسەر ناوھێنانی خۆیان وەک ئەنارکیست داگرن
یا پەنابەرنە ھەوڵی سکتاریستی، بەڵکو ئەوەی بۆیان گرنگ دەبێت و
پێویستیشە گرنگ بێت، جێکەوتەبوونی شێوازی ڕێکخستن و شێوازی خەبات و
شێوازی بەرەوپێشکردنی چالاکییەکان و شێوازی سەرپەرشتی کارەکانە، کە
لەسەر بنەمای ھەرەوەزی و ھاریکاری و ئامادەیی و دەستبەکاربوونی
خۆبەشخانە و پێکھاتەی ناقوچکەییانە (ناھەرەمی / ناھیرارشی) بێت.
پرسیار: ئایا (سەکۆی ئەنارکیستانی کوردستان) ھەموو بابەتێک
بڵاودەکاتەوە، بە واتایەکی دیکە، بابەت لە ڕوانگەی ھزر و ئایدۆلۆجیا
کۆمەلایەتی و ڕامیارییەکانی دیکەوە بڵاو دەکاتەوە؟
وەڵام: نەخێر/ بەڵێ.
نەخێر ھەر بابەتێک کە پاگەندە بۆ سەروەری چینایەتی، ئایدیۆلۆجی
ناسیونالیزم و ئایین، پێداویستبوونی دەوڵەت، دێمۆکراسی نوێنەرایەتی (پارلەمانی)
، سۆشیالیزمی دەسەلاتگەرایانە ( سوشیال- دێمۆکراسی، مارکسیزم -
لێنینیزم - مائوئیزم - چێکوارائیزم و ... تد)، ھەڵاواردنی ڕەگەزیی،
نەژادیی و نەتەوەیی و کولتوریی و .. ھتد بکات، لە (سەکۆی ئەنارکیستانی
کوردستان) بواری بڵاکردنەوەی پێنادرێت.
بەڵێ، ھەر بابەتێک کە لەو ڕوانگانەی سەرەوە، ڕەخنە بۆچوونەکانی
ئەنارکیزم بگرێت و بیەوێت لەتەک ھەڵگرانی ھزری ئەنارکی بە بەڵگە و
شێوازی مشتومڕی ھاوچەرخ بکەوێتە گفتوگۆ، بواری بڵاوکردنەوەی دەبێت.
بۆ پەیوەندیی ڕاستەخۆ و زانیاریی
پتر:
anarkistan@activist.com
یا سەردانی بلاگ و سایتەکەمان بکەن:
www.anarchistan.tk
www.anarchistan.co.cc
سەکۆی ئەنارکیستانی
کوردستان
|