.پسیبوونی ئاو.. کاریگەرییەکانی بەسەر تەندروستی گشتیدا
د.ئیکمال عهبدولکهریم
و: دەهام حەمەدئەمین محەمەد
ڕۆژی 22ی ئاداری هەموو ساڵێک بە ڕۆژی جیهانی ئاو دادەنرێت، ئەم بۆنەیە جارێکی دیکە رەهەندی ڕاستییە نیگەرانییەکانمان دەربارەی ئاو بیردەخاتەوە کە هەموویان کەمی سەرچاوەکانی ئاوی شیرین لە ناوچەکە دەردەخەن، هەرچەندە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست 5%ی کۆی گشتی تاکەکانی مرۆڤ پێکدەهێنێت، کەچی ئاوی شیرینی فەراهەم لە ناوچەکەدا لە 1%لە کۆی گشتی فەراهەمی ئاو لە جیهان ڕەت نادات، ئەم ناهاوسەنگییە لە نێوان ژمارەی دانیشتوان و فەراهەمی سەرچاوەکانی ئاوی شیرین بۆتە هۆی کەمبوونەوەی بڕی ئاوی دابینکراو بۆ بەکارهێنانی یەک کەس لە ناوچەکە بۆ یەکێ لە نزمترین ئاستەکانی لە جیهاندا. بەگوێرەی ئەم راپۆرتەی کە لە ساڵی 1999 لەلایەن کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی دەرچووە ئاوی شیرینی فەراهەمی یەک کەس لە سێییەکی وڵاتانی عەرەبیدا زۆر لە 1000م3 کەمترە، کە نزمترین سنووری نێودەوڵەتی ئاوی شیرینی پێویستە ساڵانە بۆ یەک کەس دابین بکرێت، واتا دوو لە هەر سێ وڵاتی عەرەبی سەرچاوە سروشتییەکانی ئاوی شیرینی خۆماڵی ناتوانێت نزمترین ئاستی ئاوی پێویست بۆ دانیشتوان ئامادەبکات، هەرچەندە شتێکی نوێ نییە ئاماژە بە سامناکی قەیرانی ئاو لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بدەین، لەبەر ئەوەی قەبارە و گەورەیی سیاسی و ئاسایشی و ئابوورییەکانی ئەم قەیرانە لە کەس شاراوە نییە، بەڵام کاریگەرییەکانی بەسەر تەندروستی گشتی هەمان بڕی بایەخ پێدانی سیاسی لە دەزگاکانی راگەیاندن پێنادرێت، هەرچەندە بوونی ئاو بۆ بەردەوام بوونی ژیان پێویستە، کەچی لە هەمان کاتدا بوونی ئاوی خواردنەوە بە مەرجێکی پێویست بۆ پاراستنی تەندروستی دادەنرێت، لەمیانی خۆپاراستن لە نەخۆشییە درمەکان کە لەگەڵ ئاودا دەگواسترێنەوە، لەگەڵ پیسبوونە کیمیاوییەکان کە بە خراپی و بۆ ماوەیەی دوور کار لە تەندروستی تاکەکان دەکەن، وەکو ئاشکرایە زۆربەی نەخۆشییە درمەکان لە گواستنەوە لە کەسێکەوە بۆ یەکێکی دیکە پشت بە نێوەندێک دەبەستن، ئەم نێوەندەش یان هەوایە وەکو حاڵەتەکانی سارس و ئەنفلەوەنزای باڵندە، یان لەسە ر شێوەی مێروولەیە وەکو گواستنەوەی مەلاریا لە ڕێگەی پێشوولە، یان تاعون لە ڕێگەی کێچ، ئاویش وەکو هەواو مێروولە و شێوازەکانی دیکەی گواستنەوەی نەخۆشییە درمەکان نێوەندێکی نموونەیی بۆ گواستنەوەی زۆر لە نەخۆشییە درمەکان لە کەسێکەوە بۆ یەکێکی دیکە. لێرەدا زۆر ئەستەمە بتوانین باسی هەموو ئەم نەخۆشییە درمانە بکەین، کە لە ڕێگەی ئاوی پیسەوە دەگواسترێنەوە، بەڵام دەتوانین بە کورتی ئاماژە بەوە بکەین ئاو بڕێکی زۆری ڤایرۆس و میکرۆب لەخۆدەگرێت، بە بەکتریا و ڤایرۆس و مشەخۆرو کرمەکانەوە، لەم لیستە زۆر درێژەدا باسی، دەسنتاریانو تیفۆئید، ئیفلیجی منداڵان، هەوکردنی جگەر، بەلهارزیا، کرمی ریخۆڵەیی، کۆلێرا.. دەکەین و ئەم نەخۆشییە دوایی ڕێگە بە بەکتریا دەدات بچێتە ناو جەستەوە، یان لە ڕێگەی خواردنەوەی ئاوی پیس، یان لە ڕێگەی خواردنی سەوزە و میوەی ئاودراو بە ئاوی پیس، یان لە ڕێگەی خواردنی گوێچکە ماسی و لەپکەی دەریا، کە لەنێو ئاوی پیسدا هەن، یانیش لە ڕێگەی خواردنی ماسی باش نەکوڵاو دەگواسترێتەوە، مەرجیش نییە کەسێکی نەخۆش و کەسێکی ساغ لە هەمان شوێن دابن، تاوەکو نەخۆشییەکە بگواسترێتەوە، بەڵکو سەوزەی ئاودراو بە ئاوی پیسی پڕ لە پاشماوەی ئاژەڵ یان ڕشانەوەی کەسێکی نەخۆش بۆی هەیە میکرۆبەکە بگواسترێتەوە، نەوەکو تەنها بۆ نێو بازاڕی خۆماڵی، بەڵکو بۆ نێو بازاڕی وڵاتانی دراوسێش کە ئەم بەرووبوومە کشتوکاڵییە بۆ وڵاتەکەیان دەبەن. لەسەر ئاستی کرمە مشەخۆرەکان، کرمی بەلهارزیا پێگەیەکی تایبەتی لە لیستی نەخۆشییە درمەکاندا هەیە کە لە ڕێگەی ئاوی پیسەوە دەگواسترێتەوە، بەلهارزیا لەلایەنی تەندروستی گشتییە بە گرنگترین نەخۆشی درم دادەنرێت، لە هەمووشیان زیاتر زیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە وڵاتانی جیهانی سێیەم دەنێتەوە، هەرچەندە ڕێژەی مردووان لەنێو توشبووان بەم نەخۆشییە بەبەراورد لەگەڵ نەخۆشییە درمەکانی دیکە کەمترە، کەچی زیانەکانی نەخۆشییەکە زۆر توندن، ئەگەر ئەم تێکدانە بەردەوامەی لە ریشاڵەکانی جەستە بەرپایان دەکات و ئەوەی لە کەم ئەندامی درێژخایەن دەکەوێتەوە لەبەرچاو بگرین. بە پێچەوانەی ئەم بۆچوونە باوو هەڵەیە، نەخۆشی بەلهارزیا تەنها لە وڵاتانی دۆڵی نیل نیشتەجێ نییە، بەڵکو بۆ زیاتر لە 74 وڵات درێژدەبێـتەوە و دووچاری زیاتر لە 200 ملیۆن کەس دێت. هەرچەندە زۆربەی وڵاتان ڕێوشوێنی کۆنتڕۆڵکردن و چارەسەری باش پەیڕەو دەکەن، کەچی بەداخەوە لە دوای مەلاریا نەخۆشی بەلهارزیا تاکو ئێستا دووەم زیاترین نەخۆشی مشەخۆری بەربڵاوە لە سەرتاسەری جیهاندا، بەپێچەوانەی هۆکارە بایۆلۆژییەکان، ئاو بۆی هەیە بە هۆکاری کیمیاوی دەستکردیش پیس بکرێت. وەکو ئەوەی لە زۆری بەکارهێنانی پەیینی دەستکرد و قڕکەری مێروولەکان، یان لەگەڵ بەکارهێنانی ئاوەڕۆ بۆ لەناوبردنی پاشماوەی پیشەسازییەکان، یان لە پیسبوون بە پاشماوەکانی ئاوەڕۆی تەندروستی لە ئەنجامی لێکەوتەی ژێرخایەن، یان لەمیانی پەڵەی زەیتی و ڕووداوە پیشەسازییەکان بەرچاو دەکەون، ئەم جۆرە پیسبوونە کیمیاوییە ئاوی خواردنەوەش بۆی هەیە ببێتە جۆرێک لە ژەهراویی بوونی درێژخایەن بۆ زۆربەی تاکەکانی کۆمەڵگە، کە دواتر کاریگەرییەکانی لەسەر شێوەی زیادبوونی حاڵەتەکانی شێرپەنجە لە نێوان پێگەیشتوان، یان لە حاڵەتەکانی کەم عەقڵی لە نێوان منداڵاندا دەردەکەوێت. لەبەرکەمی سەرچاوەکانی ئاو لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان، بەتایبەتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، دانیشتوانی لادێ و ناوچە دوورەکان، زیاتر پەنا بۆ سەرچاوەکانی ئاوی پیس، یان هەڵگری ڤایرۆس و میکرۆبەکان ببەن و لە پڕکردنەوەی پێویستییەکانی ئاوی ڕۆژانەیان پشتیان پێ ببەستن، ئەمەش بۆی هەیە وا لە ڕووبارو گۆم و جۆگەکان بکات ببنە بەشێک لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتاکان لەم ناوچانەدا.
|