په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 

 

 

پیسبوونی ژینگە

بە بەکارهێنانی قڕکەرەکان و پەینە کیمیاوییەکان لە کوردستاندا.


م. ئەسوەد قادر


ناتوانرێت گەشەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتی بەبێ ئەوەی گەشەسەندنی کشتوکاڵی رەچاو نەکرێت وەدەستبهێنین، ئەمەش لەبەرئەوەی گەشەی کشتوکاڵی هۆکارێکی سەرەکی و کاریگەرە لەسەر گەشەی پیشەسازی و گەشەی ئابووری بەشێوەیەکی گشتی و بۆ ئەوەی کەرتی کشتوکاڵ لە ئاستی پێویستدا بێت، بشتوانێت خواستەکانی خەڵک دابین بکات لە هەموو بوارەکان دەبێ هاوکاری کەرتی پیشەسازی لەگەڵ دابێت لە رووی دابینکردنی قڕکەرەکان و پەینە کیمیاوییەکان بۆ ئەو کەرتە، ئەوەش بەنیازی ئەوەی بەرهەمی ئەم کەرتە زیاد بکات، چونکە بەروبوومەکانی کشتوکاڵی لە زۆربەی کاتدا تووشی گەلێک زیندەوەری زیانبەخش و نەخۆشی جۆراوجۆر دێت و بۆ لەناوبردنیان قڕکەرەکان بەکاردەهێنرێت، چونکە لەناو نەبردنیانی و چارەسەر نەکردنیان کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر رێژەی بەرهەمەکانیان، ئەمە لە رووی قڕکەرەکانەوە هۆکارێکی دیکەی کەمبوونی بەرهەمی کشتوکاڵی بریتییە لە کەمبوونەوەی ئاستی ئاوێتەکانی خاک و چوونی بەرەو بە بیابانبوون بەگوێرەی ئەو پێناسەیەی کە بۆ(التێحر)کراوە لە رووی زانستی:(هەر خاکێک زیاتر لە ئاستی خۆی، واتا توانای خۆی زیاتر بەکاربهێنرێت لە هەموو رووەکانی بەکارهێنانی، ئەوا تووشی بە بیابانبوون دەبێت. بۆ چارەسەرکردنی ئەم جۆرە کێشەیە جووتیاران پەینە کیمیاوییەکان لەسەر زەوییەکانیان بەکاردەهێنن. ئەمەی سەرەوە باسمان کرد بریتیی بوو لەلایەنە چاکەکانی بەکارهێنانی قڕکەرو پەینە کیمیاوییەکان لەسەر کەرتی کشتوکاڵی، بەڵام بە هەمان شێوە کاریگەرییەکی زۆر خراپی دەبێت لەسەر لایەنەکی دیکە. ئەویش ژینگەی ناوچەکەیە کە تووشی جۆرێک لە پیسبوون دەبێت کە دەبێت هەڵوەستەی لەسەر بکرێت.


ئەمەش لەبەر ئەوەی بەشێوەیەکی زانستی ئەوتۆ بەکارناهێنرێت، کەوا رێژەی لایەنە چاکەکانی زیاتربێت لەلایەنە خراپەکانی. ئەگەر سەیری وڵاتە پێشکەوتووەکان، بکەین ئەوا بە رادەیەکی ئەوتۆ کەم ئەم جۆرە مادە کیمیاویانە بەکاردەهێنرێت، کە لە هەندێک کاتدا دەتوانرێت فەرامۆش بکرێت، ئەوەش بەهۆی زۆری ئەو توێژینەوە زانستیانەی، کەوا لەسەر کاریگەری خراپی پەینەکان و قڕکەرەکان کراون لەسەر ژینگە و تەندروستی مرۆڤ لە رێگای پیسبوونی بەروبوومە کشتوکاڵییەکانی بەو جۆرە مادانە، بەربوومە کشتوکاڵییەکانی کەوا بەشێوەیەکی سروشتی دەڕوێت و مادەکانی تێدا بەکارناهێنرێت زۆر گرانترن لەوانەی کە مادە کیمیاوییەکانی تێدا بەکارهاتووە لە رووی نرخدا. ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستانی خۆمان بەکاردەهێنرێت لە رووی قڕکەرەکانەوە هەندێکیان بەشێوەیەکی گشتی قەدەغەکراون، چونکە کاریگەری زۆر خراپی دەبێت لەسەر پیسبوونی ژینگە بە هەموو جۆرەکەی، واتا پیسبوونی هەوا و خاک پێیانەوە، لەبەرئەوەی رێژەی مانەوەی ئەو مادانە گەلێک زۆرە واتا ماوەیەکی گەلێک زۆری دەوێت تاوەکو شیببێتەوە و کاریگەرە خراپەکەی نەکێشێت جا چ لە هەوادا بێت یاخود لەناو خاکدابێت، بۆ زانینی لایەنە خراپەکانی قڕکەرەکان و پەینە کیمیاوییەکان لە کوردستاندا دەتوانین بەم چەند خاڵە روونی بکەینەوە:

1- لایەنی ئابووری:


ئەو توێژینەوەی لەم بوارەدا کراون گەواهی ئەوە دەدەن کەوا رێژەیەکی یەکجار زۆر لەم جۆرە قڕکەرانە تا رادەیەکی یەکجار ناگاتە ئەو نەخۆشییە و زیندوەرە بەشێوەیەکی گشتی، بەڵام بەشێکی زۆری ئەو مادانە بە هەواو ئاوو خاکدا بڵاوبوونەتەوە. ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی کەوا هەرسێ بوارەکانی(چەمکەکانی)ژینگە تووشی پیسبوون بکات، ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکە بەو رێژە زۆرەی کەوا بەکارهاتووە رێژەیەکی زیادە لەخۆی، واتا ئەمەش وا دەکات کەوا تێچوونی ئابووری زیاد بکات لەم بوارەدا، چونکە لەوانە نەخۆشییەکە بڕێکی دیاریکراوی پێویست بێت بۆ لەناوبردنی دەردەکە، بەڵام رێژەیەکی یەکجار زۆری تێدا بەکاردەهێنرێت تاوەکو ئامانجەکەی کەوا دەمانەوێت بیپێکین، ئەمەش وا دەکات پارەیەکی زۆرتری بوێت. لەلایەکی دیکەوە بەکارهێنانی ئەم جۆرە قڕکەرانە وا دەکات بەشێوەیەکی گشتی کاری خۆی بکات بەوەی هەموو جۆرە زیندەوەرەکان بکوژێت و ژمارەیەکی زۆر لەو زیندەوەرانە سوودێکی یەکجار زۆریان هەیە بۆ بواری کشتوکاڵی لە رووی پیتاندنی گوڵەکان لە کاتی گوڵ کردنیاندا. ئەگەر یەکێک بە نموونە وەربگرین بۆ ئەوەی زیاتر روونببێتەوە، ئەوا لە کاتی بەکارهێنانی مادە کیمیاوییەکان هەنگ یەکێکە لەو زیندەوەرانەی لەگەڵ بواردا سوودی هەیە هەم لە رووی بەرهەم واتا دروستکردنی هەنگوین، بەوەی مادەیەکی یەکجار پیرۆزە لە هەموو بوارەکاندا کەوا لە رووی ئابووریدا بایەخێکی زۆری هەیە و سەرمایەکی باشیش بۆ خاوەنەکەی وەدەست دەهێنێت. هەروەها یارمەتیدەرێکی زۆر باشی کرداری پیتاندنە، بەڵام بەهۆی بەکارهێنانی قڕکەر بۆ لەناوبردنی مێرووە زیانبەخشەکان، ئەوانیش تووشی لەناوچوون دەبنەوە، ئەم حاڵەتە زۆرجار لە کوردستان روویداوە، جاری وا هەبووە شاندێکی تەواو تێچووە، ئەمە سەرەڕای پیسبوونی هەوای ناوچەکە لە کاتی لێدانی.

2- لایەنی تەندروستی:


ئامارەکان ئاماژەیەکی دیار دەدەن بەدەستەوە لە رووی لایەنە خراپەکانی قڕکەرەکان لەسەر تەندروستی مرۆڤ لەبەر ئەوەی لەکاتی بەکارهێنانی لە کێڵگە کشتوکاڵییەکاندا ئەمە وادەکات لە رێگای خواردنی بەرهەمەکانی کشتوکاڵی بچێتە ناو لەشی مرۆڤەوە تووشی نەخۆشی بکات و لە هەندێک کاتدا بۆتە هۆی لەناوچوونی(مردنی)ئەگەر رێژەکەی زۆربێت. لە توێژینەوەیەک روونکراوەتەوە کەوا لە ساڵی 1984 ئەنجام دراوە و دەڵێت: ساڵانە نزیکەی 10 هەزار کەس لە وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان بەهۆی کاریگەری قڕکەرەکانەوە تووشی مردن دەبنەوە، بەهۆی نەبوونی ئاستی رۆشنبیری ژینگەی لەلای بەکارهێنەرانی گەلێک جۆر کێشەی لێ دروست دەبێت، لە یەکێک لە گوندەکانی کوردستان بەهۆی شاردنەوەی مادەکان لە ژێر زەوی، بوو بە هۆی ئەوە ئەم مادە ژەهراوییە دزە بکات بۆ ناو ئاوی ژێرزەوی ناوچەکە و تووشی پیسبوونی بکات خەڵکەکە بەهۆی خواردنەوەی ئاوە پیسبووەکە لەلای خەڵکەکەوە تووشی نەخۆشیان بکات. هەروەها خواردنی مادەکانی کیمیاوی لەلای منداڵەکان، بەتایبەتی ئەوەی لەسەر شێوەی(نعناع) بۆ لەناوبردنی مشک و جورج دروستکراوە، گەلێک حاڵەت روویداوە لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان خواردنی دانەوێڵەکان کە بە مادە ژەهراوییەکان رشاندراون لەلایەن خەڵک. لە ساڵی(96_98)بەهۆی خراپی باری ئابووری کوردستان، کەوا لەلای رێکخراوی(FAO)دابەش دەکرا بۆ چاندن تاوەکو لە زیندەوەکان بپارێزرێت، بەڵام بەهۆی نەزانی و ناڕۆشنبیری خەڵک کرا بە ئارد و خواردیان بوو بەهۆی لەناوچوونی(مردنی)ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک لە ناوچەکان و مردنی ژمارەیەکی یەکجار زۆری ئاژەڵەکان لە کاتی خواردنی ئەم جۆرە دانەوێڵەیە، کەوا هەندێک جار بەشێوەیەکی پشتگوێخراو لە شوێنە جیاجیاکان فڕێدەدران.