٢۴\٨\٢٠١٠
پیشه‌ی مرۆڤه‌کان
و باسکردنی راستییه‌کان دوو شتی له‌یه‌ک جودان.

جه‌لال چوارتایی
پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی دیمانه‌که‌ی "عیرفان قانعی فه‌رد" له‌گه‌ڵ گۆڤاری
لڤین هه‌ڵایه‌کی هێجگار گه‌وره‌ی نایه‌وه ، سه‌ره‌تا له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدار
و هه‌وادارانی پارتییه‌وه و پاشانیش له‌لایه‌ن ئه‌و که‌سانه‌ی که به
گوته‌ی خۆیان هێنده‌ی نیوه‌ی کور پێڵاویان له کوردایه‌تیدا دڕیوهتهوه
و به کرده‌وه‌ش جگه له ده‌رده‌سه‌ری و ماڵوێرانی کوردان زیاتر ئه‌وا
هیچ شتێک له هه‌گبه‌یاندا به‌دی ناکرێت ، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که که‌سانێکی
زۆر هه‌ست پاکیش خاوه‌نی هه‌ڵوێستی جۆراوجۆر بوون له‌سه‌ر گوته‌کانی
قانعی فه‌رد که هه‌ندێکیان له‌ژێر کاریگه‌رێتی پارت و ڕێکخراوه‌کاندا
هه‌ڵوێستی نه‌رێنیان نیشاندا و هه‌ندێکیشیان له دژایه‌تی ئه‌و لایه‌نانه‌وه
هه‌ڵوێستی ئه‌رێنیان نواند .
به‌ڵام ئه‌گه‌ر به چاوێکی دوور له سۆز و ئه‌ویندارییه‌وه بڕۆینه
نێو ناوه‌ڕۆکی ڕووداوه‌کانه‌وه ئه‌وا ده‌بێت قبووڵی ئه‌و ڕاستییه بکه‌ین
که کرده‌وه‌کانی ڕابردوو هه‌م سه‌نگی مه‌حه‌که و هه‌م کلیلیشه بۆ
کردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌کانی داهاتوو که لێیه‌وه بچینه نێو ڕاستینه‌ی
ڕووداوه‌کان . له هه‌مان کاتدا ده‌بێت ددان به‌و ڕاستییه‌شدا بنێین که
پیشه‌ی مرۆڤه‌کان و گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌کان دوو شتی ته‌واو له‌یه‌ک
جودان ، چونکه پێده‌چێت که که‌سێک پیشه‌ی به‌کرێگیراوێتی په‌سه‌ند
بکات و ئاگاداری زۆر ورده‌کاریش بێت و باس له ورده‌کاریه‌کانیش بکات
به‌و جۆره‌ی که هه‌یه ، هه‌روه‌ها پێده‌چێت که که‌سانێکیش خاوه‌ن
پیشه‌یه‌کی شۆڕشگێڕێتی بن به‌ڵام هه‌م نه‌وێرن باس له ڕاستی ڕووداوه‌کان
بکه‌ن و هه‌م به‌هۆی هه‌ستی سۆزدارییه‌وه ڕاستیه‌کانیش بشارنه‌وه و
ته‌نانه‌ت هه‌ندێک جار چه‌واشه‌کاریش بکه‌ن .
بۆ نموونه که‌سێکی وه‌کو عیسا پژمان له‌لای زۆربه‌مان ناسراوه که که‌سێکی
به‌کرێگیراو بووه و ته‌نانه‌ت خودی خۆشی ئه‌و ڕاستییه‌ی نه‌شاردۆته‌وه
که له ڕابردوودا ساواکی بووه و له ڕۆژگاری ئیمڕۆشدا ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر
کۆماری ئیسلامی ئێران قبووڵم بکات ئه‌وا ئاماده‌م که بچم به ته‌مه‌نێکی
87 ساڵییه‌وه بکه‌ومه خزمه‌تی ، هه‌رچه‌نده من گومانم له‌وه‌دا نییه
که عیرفان قانعی فه‌ردیش که‌سێکی ئیتڵاعاتییه . به‌ڵام ئایا هه‌ر که‌سێک
ئه‌گه‌ر له ده‌زگا هه‌واڵگریه‌کاندا جێگای گرت ئیتر نابێت بڕوا به
هیچ گوته‌یه‌کیان بکرێت ئه‌گه‌ر به به‌ڵگه‌شه‌وه بێت ؟
ئه‌گه‌ر ئێمه خۆمان له گێلی نه‌ده‌ین و شڕۆڤه‌ی ڕووداوه‌کان بکه‌ین
ئه‌وا ده‌گه‌ینه ئه‌و ڕاستییه‌ی که هێنده‌ی عیسا پژمانه‌کان و قانعی
فه‌رده‌کان خاوه‌نی ڕێز بوون له‌لای بارزانی و تاڵه‌بانی ئه‌وا نه هیچ
خانه‌واده‌یه‌کی شه‌هیدان و نه ته‌واوی نه‌ته‌وه‌ی کوردیش خاوه‌نی ئه‌و
ڕێزه نه‌بوون ، هه‌روه‌ها هێنده‌ی ئه‌و که‌سانه‌ش له ده‌ست تێکهڵاویهکانی
ئه‌و به‌رپرسانه ده‌زانن له‌گه‌ڵ داگیرکه‌راندا و چاوپێکه‌وتنیشیان له‌گه‌ڵیاندا
سازداوه ئه‌وا هیچ کوردێک هێنده له که‌ین و به‌ینه‌کانیان نازانێت و
ته‌نانه‌ت ئه‌ندامانی خانه‌واده‌کانیشیان هێنده دیداریان له‌گه‌ڵیاندا
ساز نه‌داوه .
هه‌روه‌ها ته‌واوی په‌یوه‌ندیه‌کانی لایه‌نه کوردیه‌کان به‌گشتی و
پارتی و یه‌کێتیش به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ ده‌زگا هه‌واڵگریه‌کانی داگیرکه‌راندا
بووه و ده‌زگای هه‌واڵگریش کاتێک ئاماده ده‌بێت په‌ره به په‌یوه‌ندیه‌کانی
بدات که لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار بخاته ژێر کۆنترۆڵی خۆیه‌وه و وه‌کو
داشی شه‌تره‌نج گه‌مه‌ی پێ بکات ، واته ئه‌و ده‌زگایانه‌ی که عیسا
پژمانه‌کان و قانعی فه‌رده‌کان جێگه‌یان تێدا گرتووه ، به حوکمی ئه‌و
جێگه هه‌ستیارانه‌ش (ده‌زگا هه‌واڵگریه‌کان) بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که
که‌سانێکی وه‌کو عیسا پژمان و عیرفان قانعی فه‌رد له هه‌ر که‌سێک
زیاتر ئاگاداری سه‌رکردایه‌تیه ساتوسه‌وداکه‌ره‌کان بوون و له هه‌موو
که‌سیش زیاتر خاوه‌نی به‌ڵگه‌ی حاشا لێنه‌کراون .
ته‌نانه‌ت به‌شێک له به‌رپرسه یه‌که‌میه‌کانی ئه‌و حیزبانه‌ی که که‌وتوونه‌ته
پاکانه‌کردن بۆ بارزانی ددان به‌و ڕاستیه‌دا ده‌نێن و ده‌ڵێن (ئه‌گه‌ر
عیرفان قانعی فه‌رد سه‌ر به ده‌زگای هه‌واڵگری ئیتڵاعات نه‌بێت چۆن ده‌ستی
به‌و هه‌موو به‌ڵگه‌نامانه‌دا ده‌گات که له‌لای کۆماری ئیسلامی ئێران
پارێزراوه) ، هه‌ر له ناوه‌ڕۆکی گوته‌ی ئه‌م به‌رپرسه یه‌که‌میانه‌وه
ده‌گه‌ینه ئه‌و ڕاستیه‌ی که ئه‌و گوتانه‌ی که قانعی فه‌رد له‌سه‌ر
په‌یوه‌ندی بارزانی و قازی محه‌مه‌د درکاندوویه‌تی زۆر له ڕاستیه‌وه
نزیکن و خودی ئه‌و به‌رپرسانه‌ش ده‌زانن که ئه‌م به‌ڵگه‌نامانه
بوونیان هه‌یه و له‌لای کۆماری ئیسلامی ئێران پارێزراون .
گرفتاری ئێمه‌ی کورده‌واری له‌وه‌دا بووه که هه‌ر که‌سێک به‌نێوی
کوردایه‌تیه‌وه لێدوانی‌دا ئیتر گرنگ نه‌بووه بۆمان که خوێنی خۆشمانی
بۆ بکه‌ینه کاسه‌وه و نه‌ته‌وه‌که‌شمانی بۆ سه‌رگه‌ردان بکه‌ین و هه‌موو
کرده‌وه‌یه‌کیشی هه‌ر به باشه پێناسه بکه‌ین ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر که‌سێک
به ڕاستی باسی له پیشه‌که‌ی خۆی کرد و گوتی سه‌ر به فڵانه ده‌زگای
هه‌واڵگریم ئیتر هه‌موو به‌ڵگه‌یه‌کیشی وه‌کو دروستکراو ته‌ماشا ده‌که‌ین
و بڕوا به هیچ گوتهیهکیشی ناکه‌ین له‌به‌رئه‌وه‌ی که به‌کرێگیراوه
.
ئایا خودی ئه‌و به‌رپرسه حیزبیانه ئاگادار نین له‌وه‌ی که هه‌موو
ساتوسه‌ودایه‌کی به‌رپرسه حیزبیه‌کان هه‌ر له تاڵه‌بانی و بارزانی و
ئه‌وه‌کانی دیکه‌ش ته‌نها له‌گه‌ڵ ده‌زگا هه‌واڵگریه‌کانی ده‌وڵه‌تاندا
بووه ؟ ئیتر ئه‌گه‌ر که‌سێکیش له‌و ده‌زگا هه‌واڵگریانه باس له
ڕووداوه‌کان بکات بۆچی نابێت بڕوای پێ بکرێت ؟
پێویسته ئه‌و به‌رپرسانه باش بزانن که پیشه‌ی مرۆڤه‌کان و گێڕانه‌وه‌ی
به‌سه‌رهاته‌کان دوو شتی زۆر له‌یه‌ک جودان ، چونکه عیرفان قانعی فه‌رد
جگه له‌وه‌ی که زۆر دیداری له‌گه‌ڵ تاڵه‌بانی و بارزانیدا ئه‌نجام
داوه و زۆربه‌ی ڕووداوه‌کانیشی هه‌ر له خودی ئه‌و به‌رپرسانه‌وه
زانیوه ته‌نانه‌ت هه‌ر خودی ئه‌و به‌رپرسانه‌ش سه‌رپشکیان کردووه بۆ
نووسینه‌وه‌ی ژیان و کرده‌وه‌کانیان ، له هه‌مان کاتدا که‌سێکی وه‌کو
عیسا پژمانیش وه‌کو پیشه ساواکی و به‌کرێگیراو بووه به‌ڵام گێڕانه‌وه‌ی
به‌سه‌رهاته‌کان هه‌مووی ڕاستینه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه گه‌رموگوڕانه
بووه که له‌گه‌ڵ بارزانی و ته‌واوی به‌رپرسه‌کانی دیکه‌شدا هه‌یبووه
. ته‌نانه‌ت له ڕۆژگاری ئیمڕۆشدا هه‌ر جار تاڵه‌بانی و بارزانی سه‌ردانی
فه‌ڕه‌نسایان کردبێت ئه‌وا به‌ر له هه‌ر که‌سێک سه‌ردانی عیسا
پژمانیان کردووه .
له ڕابردووش‌دا زۆر باس له پیلانی کوشنده‌ی به‌رپرسانی یه‌کێتی و
پارتی و لایه‌نه‌کانی دیکه‌ش ده‌کرا له‌لایه‌ن ده‌زگا هه‌واڵگریه‌کانی
به‌عسه‌وه ، به‌ڵام ئێمه‌ش به هه‌مان شێوه‌ی ئێستای ئه‌و به‌رپرسه
حیزبیانه بڕوامان نه‌ده‌کرد و ده‌مانگوت ئه‌و که‌سانه به‌کرێگیراون و
قسه‌کانیان جێگای بڕوا نییه ، کاتێکیش کێشه که‌وته نێوان تاڵه‌بانی
و نه‌وشیروان مسته‌فاوه و که‌مێک له ڕاستیه‌کان ئاشکرا کران ئه‌و کات
هه‌موومان له ڕاستی پیلانه‌کان تێگه‌یشتین ، به‌ڵام به حوکمی
ناهوشیاریمان ده‌ستخۆشانه‌مان بۆ سه‌رۆکی هه‌رێم ده‌نارد که ڕێگه‌ی نه‌داوه
نهێنی زیاتر ئاشکرا بکرێت له‌لایه‌ن ئه‌و دوو زاته‌وه ، ئیتر به‌بێ ئه‌وه‌ی
بزانین که ئه‌و تهقالایانهی سه‌رۆکی هه‌رێم بۆ ئه‌وه بووه که له‌و
نێوانه‌دا به‌شێک له مه‌له‌فی خودی خۆشی ئاشکرا نه‌کرێت .
لێره‌دا چه‌ندین پرسیار دێنه پێشه‌وه :-
1- ئایا ئه‌و به‌رپرسانه‌ی که پاکانه بۆ بارزانی ده‌که‌ن ده‌توانن
بڵێن که هیچ په‌یوه‌ندییه‌ک له نێوان بارزانی و ده‌زگای ساواکی حه‌مه
ڕه‌زا شای گۆڕکراودا نه‌بووه ؟
2- ئایا ده‌توانن بیسه‌لمێنن که هیچ جۆره په‌یوه‌ندییه‌ک له نێوان
سه‌رانی یه‌کێتی و پارتی له‌گه‌ڵ ده‌زگای ئیتڵاعات و کۆماری ئیسلامی‌دا
ئێران‌دا نه‌بووه ؟
3- ئایا ده‌توانن بڵێن که هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی تاڵه‌بانی و بارزانی له‌گه‌ڵ
به‌عسی گۆڕکراودا نه‌بووه و ڕووداوه‌کانی 66 و 31ی ئابی 96 درۆ بوون ؟
4- ئایا ده‌توانن بڵێن ده‌ست تێکه‌ڵاوی سه‌رانی پارتی و یه‌کێتی له‌گه‌ڵ
تورکه فاشستهکاندا نه‌بووه و هیچ جۆره هاوئاههنگییهکیشیان له‌گه‌ڵیاندا
ئه‌نجام نه‌داوه ؟
5- ئایا ده‌توانن نکۆڵی له‌وه بکه‌ن و بڵێن که سه‌رتاسه‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی
کوردستان له‌لایه‌ن سه‌رانی پارتی و یه‌کێتییه‌وه داگیر نه‌کراوه‌ته‌وه
بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و به سه‌دان و هه‌زاران پێشمه‌رگه‌ی دیموکرات
و کۆمه‌ڵه‌شیان له‌و مه‌یدانه‌دا نه‌کوشتووه ؟
6- ئایا ده‌توانن بیسه‌لمێنن که سه‌رانی یه‌کێتی و پارتی نه‌بوون به
به‌شێک له پیلانه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران و چاوساخی پێش سوپا دڕندهکهشی
نه‌بوون بۆ دوورترین شوێنی باشووری کوردستان ؟
7- ئایا ئه‌و به‌ڕێزانه ده‌توانن چاوی خۆیان بنوقێنن له ڕاستی سه‌ردانه‌که‌ی
خوالێخۆشبوو مسته‌فا بارزانی بۆ لای شای ئێران که ته‌نها 3 ڕۆژ بوو
پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د له سێداره درابوو ؟
8- ئایا که‌سانی وه‌کو سلێمانی موعینی و مه‌لا ئاواره له که‌سه هه‌ره
نزیکه‌کانی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د نه‌بوون که به ده‌ستی بارزانی
تیرۆر کران و ته‌رمه‌کانیشیان ڕاده‌ستی ساواک کرایه‌وه ؟
9- ئایا ئه‌و به‌ڕێزانه ئاگاداری ئه‌وه نین که سه‌ری زمان و بنی
زمانی سه‌رانی پارتی گوته‌ی ناشیرین بوو به حیزبی دیموکرات و نازناوی
سهدداملوشیان به باڵای قاسملودا دابڕیبوو ؟
10- ئه‌ی ئه‌و به‌رپرسانه چ به‌ڵگه‌یه‌کیان هه‌یه که مه‌لا مسته‌فاش
سوکایه‌تی به قازی محه‌مه‌د نه‌کردووه ؟
له کۆتایدا ده‌ڵێم ، ئه‌گه‌ر گوته‌کانی قانعی فه‌ردیش له‌سه‌ر بارزانی
ڕاست نه‌بوویایه ئه‌وا هیچ کاتێک سه‌رانی پارتی وه‌ها به خێرایی
هه‌ڵوێستیان وه‌رنه‌ده‌گرت ، چونکه مه‌ترسیدارترین شت له‌لای سه‌رانی
پارتی درکاندنی ڕاستیه‌کانه له‌سه‌ر خودی بنه‌ماڵه ، ته‌نانه‌ت کاتێک
دکتۆر تاهیر عه‌بدول ستاری ته‌مه‌ن 76 ساڵه‌ش هه‌ندێک ڕاستی له‌سه‌ر
بارزانی درکاند له ماوه‌ی 24 سه‌عاتدا تیرۆریان کرد .
من ده‌ڵێم با به‌کرێگیراوه‌کان وه‌کو به‌کرێگیراو ببینین به‌ڵام با
هه‌موو گوته‌یه‌کی بهڵگهداریشیان نه‌خه‌ینه خانه‌ی درۆ و
ده‌له‌سه‌وه ، چونکه ئه‌و به‌کرێگیراوانه زیاتر له هه‌ر که‌س له
په‌یوه‌ندی و دیدار و گفتۆگۆدا بوون له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی یه‌کێتی و
پارتیدا و زیاتر له هه‌ر که‌سیش له ورده‌کاریه‌کانیان شاره‌زان .
کاتێکیش ئه‌و گوتانه ده‌ڵێن که به‌رپرسه‌کان خۆیان له ژیاندان و
درۆش ته‌نها له دوای مردوان ده‌کرێت نه‌ک له دوای زیندوان .
ماڵپه‌ڕی جه‌لال
چوارتایی
|