٥\٤\٢٠١٣
پشیلەکان.

بەنگین پیرۆت نورى
زەمەن و ساتى چیرۆکەکەمان ئەو کاتەیە جەنگ هەموو شوێن و شتێکى سوتاندوە
و وێرانى کردوە کورەکە لەترسى گوللەى سەربازانى دوژمن ناوێرێت بچێتە
دەر و لەپەنجەرە شکاوەکەى ژورى بەیتونى سەربانى ماڵەوە سەیرى دەورو
بەرى خۆى دەکات و لە ماڵەکەى بەرامبەریان دەروانێت.
جارێکیان ویستى بچێتە دەر هەر لە حەوشەکە بوو بەشەلەشەل خێرا گەڕایەوە
ژوور،ئەى خوایە ئەم جەنگە کەى کۆتاى پێ دێت . دایە گیان و باوکم و
خوشەکەکانم سەربازەکان دەبێ بۆ کوێیان بردبن.ئەو ڕۆژە هەر وەک ڕۆژەکانى
تر بەو خەیاڵ و بیرکردنەوەیە کاتى بەسەر برد جار جاریش دەنگە دەنگى
سەربازى پیادە و ئۆتۆمبێلى سەربازى و تەقینى تۆپ و ویزە ویزى گوللە
بەئاگاى دێنایەوە.
جەنگ بەردەوامە کات وەک گوللە تێدەپەڕێت و بەخۆى نەزانیوە چەندى زەمەن
بەڕێ کردوە،لاوازى جەستە و ئاگرى برسیەتى و تینوێتى و سمێڵ و ڕیشى درێژ
و چڵکن و بۆرى روخسار و شڕى جل و بەرگى،دەیان سەلماند بەساڵ لەو ژوورە
تاریکە ڕۆژ و شەوە بەسامەکانى ڕۆژگارى جەنگى بە سەختى بەرێ کردوە.
شەوێک لە ژماردنى تەقینى گوللەکان وازى هێنا،بیرى کردوە خۆشەویستى ئەو
لەمەرگ و گوللەى دوژمن بەهێز ترە،لەئاگرى برسیەتى و ئاو بۆ زامى رۆحى
پێویست ترە.فرمێسکى دەڕشت و لەدڵى خۆیدا دەیگووت:خوایە خۆزگە هەر ئەو
کاتى بوایە و هەر جەنگى دەرونى و جەنگى عەشق بوایە،هەر چەند لەجەنگى
شەڕى تۆپ و گوللەى ئێستا سەخت تر بوو،بەڵام هەر هیچ نەبو ئومێدێکم بە
عەشقى ئەو هەبوو،ئەگەر چى بەبێ ئەوەى ئەو بەشدارى جەنگى ئەوین بکات من
دۆڕاو بووم،بەبێ ئەوەى ئەو یەک نیگاش لەنیگام بکات،بەنیگاى ئەو مەست
ببووم.ئاى خویە دەبێ ئێستا ئەو لەکوێ بێت،ئاى لە عەشق واى لەئەوین واى
لە بێ ئاگاى ئەو. بن دیوار بن دیوار بەژێر سێبەرى تاریکى مانگە شەو خۆى
گەیاندە ئەو ماڵەى بەدرێژاى کاتەکانى جەنگ و پێش جەنگ لەحەوشەکەیانى
دەڕوانى.چونى ئەو بۆ بۆن کردنى ڕابردوى ئەو خۆشەویستیە بوو کە تاک
لایەنە خۆشى دەویست و کچە ئەمى خۆش نەدەویست.
خانوە وێرانەکەى ئەو ماڵە وەک دڵى ئەو وێران ببوو.گەڕایەوە ژوورى ماڵە
تاریکەکەى خۆى.بیرى ڕابردوى خۆى دەکرد،کە ڕۆژانە کردبوویە پیشە لەو
پەنجەرەوە سەیرى حەوشەى ئەو ماڵە و کچەکەى کردوە،کاتێک حەوشەى دەششت و
لاقە سپیەکانى لەژێر تیشکى خۆر لەناو ئاوەکەدا دەتگوت زیوە
دەبریسکێتەوە.
ڕۆژێک نسێیەکى بەدى کرد و وەک دارى بى دەجوڵا،بەلایەوە سەیر
بو،بەدرێژاى ڕۆژگارى جەنگ لەو ماڵە شتێکى بەدى نەکردبو.دواى سێ هەفتە
هەمان سێبەر لەهەمان شوێن دەرکەوتەوە،بۆى ڕوون نەبوو چیە،بڕیاریدا
بەدیاریەوە دابنیشێت،پاش دوو ڕۆژى تر دەرکەوت سێبەرى پشیلەیە، پشیلەکە
لەکونێکى داروخاوى ماڵەکە هاتو و چۆى دەکرد،بەلایەوە جێگەى پرسیار و
گومان بو پشیلەیەکى جوان و خرپن لەکاتێکى وەک ئێستا؟! بەڕاستى پرسیار و
گومان لاى مرۆڤى برسى دروست دەکات.چونکە جەنگ هەر جەنگى شەڕى چەک و
کوشتار نەبو،جەنگى سەر بڕینى رۆحى عەشق و جەنگى قات و قڕى و نەبوونى
ئاو و نان و جەنگى بڕینەوەى مرۆڤ بوو،برسیەتى مرۆڤەکانى هاڕى بو چۆن
پشیلەیەک وا بە قەڵەوى و خرپنى ماوە؟!
پشیلەکە لەوە بێ ئاگا بوو چاودێرى دەکرێت.
جارێکیان پشیلە وەک جارانى پێشو هاتەدەر،ئەو بەکونى پشیلەکەدا بۆ ناو
ژوورى خانوە وێرانەکە،ڕۆیشتە ژوور،ژوورەکە بە ڕووناکى مانگە شەوى مانگى
ئاب دەتوانرا شتەکان بەدى بکرێن،جگە لەشەش بێچوە پشیلە و پشیلەیەکى ترى
قاچ شکاو کە چاوەکانیان لەتاریکى شەودا وەک فسفۆر دەبریسکایەوە.
خواردنى سەربازى،وەک قوتوى هەڵنەپچڕاو و هەڵپچڕاو لەتەماتە و فاسۆلیا و
گۆشت،پۆستاڵ و جل و بەتانى خوێناوى سەربازى شتێکى تر بەدى نەدەکرا.ئەو
دوو قوتوى لە قوتوە هەڵنەپچڕاوەکان دەست دایە،پشیلە قاچ شکاوەکە
بەشێوەیەک میاواندى وەک ئەوە وابو پێى بڵێ ئەو قوتوانە مەبە هى کەسێکى
ترە.
ڕۆژان رۆیشتن و ڕۆژانێکى تر هاتن جەنگ هەر بەردەوام بوو ئەمیش
لەچاوەڕوانى پشیلەکەدا شەو و ڕۆژ لەبەردەم پەنجەرەکە ڕا دەوەستا. شەوێک
لە شەوە گەرمەکانى مانگى ئاب مانگە شەو بوو سێبەرێکى بەدى کرد لە
سێبەرى پشیلەى نەدەکرد بۆیە گومان ختوکەى ناخى دا و چاوەڕوان بوو و
چاوى لەسەر شوێنى تارماى سێبەرەکە نەدەتروکاند.هەفتەیەک پاشتر لەجیاتى
تارماى ،سێبەرێکى بینى،سەرەتا نەیزانى سێبەرى چیە. لاشەیەکى تێک شکاو و
سەرو سیما و پرچێکى ئاڵۆز و ناشیرین،بەباڵاى نەبوایە نەدزانرا
مرۆڤە.کورەکە خۆى لێ ئاشکرا کرد ئەم ڕاى کرد بەکونێکى تر جیاواز لەکونى
هاتوو چۆى پشیلەکە،چۆوە ژوورەوە،ئەو بەدیار کونەکەوە ماوەى هەفتەیەکى
تر دانیشت.
ووردە ووردە،ڕۆژنا ڕۆژێک شەو نا شەوێک جار نا جارێک،سامیان لەیەکترى
شکا،لەدوورەوە لەروخسارى یەکتریان دەڕوانى.
هەر کە بێچوە پشیلەکان لەکونەکە بەدەردەکەوتن ئەویش بەکونەکەى خۆیدا
لەژێر خانوە ڕوخاوەکەدا دەهاتە دەر و پشیلەکانى لەئامێزى خۆى توند
دەیگرتن و بە باوەشیەوە دەیگوشین،بەڵام ئەم جارە وەک مرۆڤێک نەک تارماى
و سێبەر.
جارێکیان بەرامبەر کونەکە ڕاوەستا ویستى بچێتە ژوور کچەکە هاتەدەر
بەدواى ئەودا بێچوە پشیلەکان هاتنە دەر،کوڕەکە گرتى و توند لەئامێزى
گرت کچەکە خۆى ڕاوەشاند و ویستى لەدەستى ڕا بکات نەیتوانى و لە
کوڕەکەلاواز تر بوو،پرچى لەسەر ڕووخسارى لابرد،ئەوەندە پیرو لاواز و
چڵکن و بێ هێز ببو لە کچەى حەوشە شۆرەکەى جاران نەدەچو.بەڵام ئەو
بو.ڕۆژگار وەک خۆى وونى کردبو و ژیان دڵ ڕەقانە مامەڵەى لەگەڵ
کردبوو.کچەکە بیرى نەبوو لەپەنجەرەى ماڵەکەى بەرامبەریان ڕۆژێک لەڕۆژان
کوڕێک سەیرى کردبێ،بەڵام کوڕەکە لەبیرى مابو چەند بەئاگرى جەنگى
خۆشەویستى ئەو سوتابوو. هەریەک لەشوێنى خۆى لەچاوەڕوانى گەڕانەوەى
پشیلەکەدا بوون.
پشیلەکە پاش دوو ڕۆژى تر هاتەوە،گونیەکى بە ڕاکێش ڕاکێش لەگەڵ خۆى
هێنابوو پڕ بوو لەجل و بەرگى سەربازى،لەگیرفانى چاکەتێکدا دوو وێنەى
تێدا بوو یەکێکیان ژن و پیاوێک و منداڵێک بوو ئەوى تریان وێنەى کۆمەڵێک
سەرباز بەیەکەوە بەپێکەنینەوە ڕا وەستا بوون.
ئەوان"کچ و کوڕەکە" هاوزەمەنى یەک زەمەن و یەک ساڵى لەدایک بوون و یەک
شوێن و یەک ڕوداو بوون،بەڵام بەشێوەیەک باسى ڕابردوى خۆیان بۆ یەک ترى
دەگێڕایەوە هەریەکەیان بەجۆرێک.وەک ئەوەى هەر یەکەیان کارەکتەرى
فیلمێکى جەنگى جیاواز بوبێت،لە دوو جەنگ و لەدوو شوێنى جیاواز ژیابن.
دواى بۆردومانى فرۆکە و تۆپ،کچەکە دەکەوێتە ژێر دار و پەردوى خانوە
ڕوخاوەکە ماوەى شەش مانگ بەکردنەوەى کونێک بەرەو دەرەوە سەرقاڵ دەبێت و
لەجیهانى دەرەوە دادەبڕێت و لەو خۆراکە دەخوات کە پشیلە مێیەکە بۆ شەش
پشیلە کە و پشیلە قاچ شکاوەکە لە دەرەوە دى هێنا.
کچەکە لێوەکانى کە وشەکانى لەبیر چبۆوە،بەزەحمەت قسەى بۆ دەکرا،باسى
ئەوەى کرد کونێکى بچوک ژوورى ئەو و پشیلەکانى بەیەکەوە دەبەستەوە جگە
لەپشیلەکان ئەو نەیدەتوانى هاتوچۆى پێدا بکات و بچێتە ژوورى پشیلەکان و
بەکونى هاتوچۆى پشیلەکان بێتەدەر،بەڵام پشیلە مێیەکە هەر خۆراکێکى بۆ
پشیلەکان هێنابوایە بەشى ئەویشیان داوە و لەبەردەم ئەو کونەیان داناوە
کە لەنێوان ژوورەکەیاندا ئێستا هەر هەیە.
ئەوان لەو قسانەدا بوون پشیلە مێیەکە لەکونەکە هاتەدەر و پشیلە قاچ
شکاوەکەو هەر شەش بێچوەکەشى لەگەڵ بوو،
بەمیاواندن خۆشەویستیان بۆ یەکترى دەردەبڕى.ئەوان ڕۆیشتن و ئەو ناوەیان
بەجێهێشت.
ئەوانیش"کچ و کورەکە" شتێک نەبو باسى بکەن،هەروەک جگە لەتەقینى
گوللەکان شتێکى تریان نەبیستبوو،لەڕابردوشدا هیچ پەیوەندیەکیان
بەیەکەوە نەبوە تا ببێتە پردێک و ڕابردویەک لەنێوانیاندا،جگە لەو سەیر
کردنە کە کوڕەکە لەپەنجەرەى ماڵەوە لە کچەى ڕوانى بوو و کچەش نەک هەر
بایەخى پێنەدابوو بگرە هەر ئاگاشى لێ ى نەبووە.
ماڵپەڕی بەنگینە پیرۆت نوری
|