٢٢\٥\٢٠١٣
پشیلەیەکی سپی لە
رۆمانێکی سوور.

یاسین برایم
لەوانەیە
ناونیشانەکەی سەرنجت رابکێشێ و ناچارت بکات و خۆت بخەیتە باوەشیی و
ئەویش بە ئارامی دەستت بگرێت و بە نێو شەقامی پەیڤ ودێرەکانی رۆمانەکە
گوزەرت پێ بکات و ئاشنای ھەموو ئەو شتانەت بکات کە دەتەویت ببینی،
یاخود ھەموو ھەستەکانت بخاتە کار و لە گەڵ کارەکتەرەکانی نێو رۆمانەکە
بتکاتە ھاوڕێ . خوێنەردەبێ ژیرانەو لێزانانە شرۆڤەی ھەڵس و کەوت و
ڕەفتار ودەروونی کەسایەتیەکانی نێو رۆمانەکە بکات و لێیان تێ بگات ،
گوێ لە ترپەی دڵ وھەناسەو ئاخ و کەسەرەکانی بگریت و لە جیھانی خەون و
فانتازیا و ھیوا و حەزەکانیان ئاشنا بێت.خوێنەریش ئازادەو تام و چێژ لە
چی وەردەگرێت ، لەوانەیە تاکە رستەیەک بێت ، ھەلوێستی پاڵەوانێک ،
وەسفی شوێنێک ،جوانی ئافرەتێک، ئاشکرابوونی تاوانێک ، سزادانی بکوژێک ،
بە یەکگەیشتنی دوو عاشق، دڵسۆزی و وەفای گیاندارێک ...ھتد. بۆیە
ھەلوێستی خوێنەر زۆر گرینکەو ئەویش ئازادە چۆن دەڕوانێتە پێکھاتە و
کارەکتەرەکانی رۆمانەکە و زمان و شێوازو فۆرم و لایەنە ھونەریەکانی تر
، بۆیە ئەوانەی خوێنەری راستەقینەی رۆمانن و دەزانن تام و چێژ و سوود
لە چی وەردەگرن و چۆن مانا شاراوەکانی دەق دەدۆزنەوەو لە ئیستاتیکای
دەقەکە دەگەن. منیش لەم نووسینەدا لە گۆشە نیگایەکی بچووک ، لە دەرگای
ئەم رۆمانە گەورەیە دەدەم و تیشکی دەخەمە سەر.
رۆمانی (بڕوانە فورات خوێناویە)ی یاشار کەمالی ڕۆماننووسە. خودی
ناونیشانەکە پێت دەڵێت (من رۆمانێکی سوورم) و ھەموو لاپەڕەکان سوورن و
خوێنیان لێ دەچۆرێ ، دێرەکان رەشن لە تاوان و پەڕەگرافەکانیش پڕن لە
جەستەی مرۆڤی بێتاوان و ناوەڕۆکی رۆمانەکەش تەژی لە دەیان وێنەی گرتن و
کوشتن و کۆمەڵکوژی مرۆڤەکان و سوتانی ماڵ و رەزو باخ و کاوڵکردنی خاک و
نیشتمان دەگێرێتەوە.ئیدی نەک ھەر زەویەکەی بگڕە ھەواو ئاسمانی وڵاتەکەش
بۆنی مەڕگ و خوێنی لێ دێت.خوێنێک سەرچاوێکی دێرین و زەنگینی ھەیە لە
زوڵم و ستەمی داگیرکەر و دەسەڵاتە خۆسەپێنەکەی تورکەکان ، کە چۆن
نەتەوەکانی تری ، وەک کوردو ئەرمەن و یۆنان و چەرکەسی وئاین و
مەزھەبەکانی تری خاوەن ماڵ و ژێر دەستە دەچەوسێنەوەو لە ناویان دەبەن .
مێژووی خوێناوی ئەم وڵاتە بۆچەندین سەدە سەرچاوەی گرتووە.تا نھۆشی
ئازادی زمان و کەلتورو بۆ نەتەوەیەکی وەک کورد تاوان و قەدەغەیە. بۆیە
کە مانگە شەو دیار بوو پێویست بە ئەنگوست ناکات . خاوەن بەرھەمەکەش
بوێرانە پەنجە دەخاتە سەر رووداوو کارەساتە تراژیدیاکان و بە جوانی
باسیان دەکات ، وەک زنجیرەیەک دراما نیشانمان دەدات. ئەگەر چی مێژووی
ئێمە پڕە لە شەرو خوێن و ماڵوێرانی . بۆیە لە گەڵ ھەر رووداو و
دیمەنێکی خوێناوی وقیزوەن و ترسناکی ئەم رۆمانە مرۆڤ تەزووی بە جەستەی
دادێت وتووشی شۆکی دەکات. لەوانەیە من وەک خوێنەرێک ئەم وێنەیەم لە
ھزردا ڕەش نەبێتەوە ، کاتێک کۆمەڵە سەربازێک لەیەکێک لە چیایەکان لە
نێو بەفردا بە پێوە رەقدەبنەوە!
لەنێو خودی رۆمانەکە ئەوەی منی پێ سەرسام بووم و چێژم لێ بینی بوونی
پشیلەیەک بوو . لە نێو رۆمانێکی سوور ئەو پشیلەیە لە زێدی باب و
باپیرانی دەمێنێتەوەو دەست بەرداری نابێت ، یاخود رونتر بڵێین دەستی
زوڵم و ستەمی دەسەڵات نایگاتێ ، وەکو ئەوانی تر لەناوی بەرن.ئیدی لە
نێو دورگەکە بەتەنیا دەمێنێتەوە و لە دوای دەبێتە ھۆگری (ڤاسیلی ئات
ئۆینان ئۆغلۆ)و ئەوەندە ئاشنای دەبێت بۆ ساتێک لێ دوورناکەوێتەوە ،
ئەویش وەکو تاکە مرۆڤێکی دوڕگەکە بریاری مانەوە دەدات." مرۆڤ چۆن
دەتوانێ خاکێک کە تیایدا ھاتۆتە دنیا ،تیایدا گەورە بووەو بۆتە
پارچەیەک لە گیانی و ھەروەھا دەریاو ماڵ و باخ و باخچەودارە زەیتوون و
خۆخ و گێلاسەکان کە بە دەستی خۆی چاندوونیەتی ئاوا جێبێڵێ و بڕوا؟(١)".
بە ھاتنی پشیلەیەک بۆ نێو ژیانی ، ڤاسیلی خۆشحاڵدەکات . بۆیە لە یەکەم
ناسینی دا خۆزگەی ئەو دەخوازێت زووتر ئەوی دۆزیبایەوە .وەکو ھاوڕێیەک
روو دەکاتە پشیلەکە" ھاوڕێ ، من خەڵکی ئەم دوورگەیەم .لێرەدا ھاتوومەتە
دنیا ، لێرە گەورەبووم . تۆش ھی ئێرەی . چەند رۆژە ھەردووکمان لێرەین ،
بۆچی تا ئێستا نەھاتویتەلام؟ (٢)".
لە نێو دوورگەیەکی چۆل و پڕترس و دڵەڕاوکێ و خەم و خەفەت. ژیان لە گەل
زێدی خۆی و خەون و یادگارییە شیرینەکان و رۆژانی بەسەرچوو، پڕ لە
دانانی نەخشەو پیلانی خراب دەگوزەرێنێت .ناحەقیش نەبوو ئەو لە
دوورگەیەکی چۆل دەژیا."ھەموان دوورگەیان جێھیڵا بوو جگە لەم
ڤاسیلەداماوەو ئەم پشیلە بێچارەیە نەبێ.... (٣)".
خۆی و پشیلەکە وەک ھاوڕێیەکی ھەمیشەیی بەیەکەوەن و خواردنیان راوکردنی
ماسی و زەیتوون و پاشماوەی ئەو خۆراکانەی کە لە ماڵە چۆڵکراوەکانی
دوورگەکە بە جێماوون.لەوانەیە ھۆیە سەرەکیەکەی ئەو پشیلەیە کەھۆگری
ڤاسیلی بووە ئەوە بووبێت کە خۆراکی پێبەخشیووە، بۆیە ئەوەندە لێی نزیک
دەبێتەوەو دەچێتە باوەشی و بەردەوام خۆی بەقاچەکانی ڤاسیلی ھەڵدەسویی و
گاڵتەی لە گەڵ دەکات و شەوانیش لە گەڵی دەخەوێت.لێرەدا ھەمان پشیلەکەی
(بورھان جاھید)ی شاعیرم دێتە بەرچاو کاتێ لە زیندان دەبێت پشیلەیەکی
برسی و داماو خۆی لێ نزیک دەکاتەوە ئەویش کەسەیری داماویی ئەو
پشیلەیەدەکات و دەبێتە ئیلھامی شیعرێکی جوان . لەم دیمەنە
سەرەنجراکێشەدا شیعرێکی ناسک و پڕمانا دێنێتە بەرھەم و تام و چێژێکی
خۆشیش بە دڵ و دەروونی شاعیر دەبەخشێت.پشیلەکەی ڤاسیلیش دەبێتە
سیمبولێک بۆ ئاوەدانی دوورگە، وەک تاقە گیاندارێک دەست بەرداری
نیشتمانی خۆی نابێت و پشیلەیەک وەفا و ئاوەدانی وئاشتی و خۆشەویستی
ژیانی دەوێت ، لەوە دەچێ ھەمان ئەو خۆشەویستە گەورەییە بێت کە
پشیلەکانی وڵاتی ئێمە لە دوای ئەنفال تاکە زیندەوەر بوون لە گوند و
ئاوەدانیەکان دەمان و چۆلیان نەدەکرد تا دوواھەناسە لە کەلاوەو خانووە
رووخاوەکان دەژیان و یاخود بە ھۆی برسیەتی گیانیان دەسپارد.
لەم پشیلەیەی نێو ئەو رۆمانەدا ، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت ، ئاخر دەبێ
سپلەیی پشیلە لە چی دابێت ، لە لای خۆمان بە درێژای مێژوو ئەم
گیاندارەمان خستۆتە خانەی فرامۆشی ولیستی رەشەوە وبە سپلە ناومان
بردووە.باش دەزانیین چەندین مرۆڤی تەنھا و گۆشەگیری دونیا سەبرو
ئارامیان بە پشیلەو سەگ دێت و لە گەڵی دەژن.پشیلەکەی دوورگەش بەرگەی
ھەموو ئازارو ئەشکەنجەو برسیەتی و تەنیایی دەگرێت ، بەڵام ئەنجامەکەی
لە زێدە خۆشەویستەکەی خۆیان جارێکی تر دەست بە ژیانێکی نوێ دەکەنەوەو
دەبنە ھۆگری ئەو نیشتمانەی تیدا لە دایک بوون.
(عەزیز نەسین) لە کتێبی (گیانەوەران بە کەم مەگرن
(٤) چەندین چیرۆکی
جوان و نایاب تەژی لە پەندو رووداوی دگمەن لە سەر باڵندەو سەگ و ورچ و
ئەسپی خستۆتە روو.لە سەر پشیلەش چاوت بە چیرۆکی (پشیلەی رێبواروپشیلە
بۆ ئادەمیزاد یا ئادەمیزاد بۆ پشیلە؟، پشیلەی ھونەرمەند ، پشیلەی
زیندانی سیاسی ، ئەو پشیلەی ئێرەیی بە کەروێشک برد، ئەو پشیلانەی
دوورگەیان لە مشکان رزگار کرد، داوی پشیلە بۆمار، ئەو پشیلەی بکوژەکەی
پێوە کردولە گەڵ چەندان چیرۆکی تری سەیرو سەمەرە.ھەموو ئەو چیرۆکانە
پەیوەندی پتەوەی نێوان (مرۆڤ و گیانەوەر) دەردەخەن کە تیدا وەفاو
دڵسۆزی و خۆشەویستی وچاکەو گوێڕایەڵی دەخەنەروو، ھەندێکیان لە کاری
نایاب و پەڕجوو ، کاری وادەکەن کە مرۆڤ بە ئاسانی باوەڕ ناکات .ھەروەک
قورئان و پێغەمبەر(د.خ) ھانمان دەدات خۆشەویستی و ڕێز بنوێنین
بەرامبەرگیانداران و لە بەرامبەر ئەمەش خێروپاداشت وردەگرین.بۆیە ئەو
گیانەوەرانەش کەم نین کە لە خزمەتی مرۆڤ دان وخۆشەویستی و چاکەو
وەفایان بە مرۆڤ بەخشیووە.
___________________________________
سەرچاوە:
١-
یاشار کەمال ، ڕۆمانی (بڕوانە فورات خوێناویە)، وەرگێڕانی رێباز
مستەفا،چاپخانەی رۆژھەڵات ، ھەولێر ٢٠٠٨، ل ١٤٢.
٢-
سەرچاوەی پێشوو ،١٧٤.
٣-
سەرچاوەی پێشوو ،١٨٠.
٤-
عەزیز نەسین، گیانەوەران بەکەم مەگرن ، وەرگێرانی غەریب پشدەری، دەزگای
توێژینەوە وبڵاوکردنەوەی موکریانی ، ھەولێر، ٢٠١١.
ماڵپهڕی یاسین
برایم
|