په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\۴\٢٠١٠

کاک نه‌جات، به‌ یارمه‌تیتان.

 

ئێمه‌ وه‌ک رۆژنامه‌ی ئه‌مڕۆ ئاگاداری هه‌موو خوێنه‌ران ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ نێوه‌ڕۆکی ئه‌و نووسینه‌ی خواره‌وه‌ی کاک نه‌جات بێجگه‌ له‌ هه‌ندێک راستیی که‌ باس له‌ ره‌خنه‌ بێبڕست و پووچه‌ڵه‌‌کانی به‌ناو به‌رهه‌ڵستکاران و میدیا به‌ناو ئازاده‌کان ده‌کا .. ئه‌وه‌که‌یدی هه‌مووی ته‌واو پێچه‌وانه‌ی تێڕوانیینه‌کانی ئێمه‌یه‌ له‌باره‌ی هه‌بوون و پێکهاته‌ و گفتار و ره‌فتاره‌کانی حکومه‌ت و سه‌رۆکه‌که‌ی ئێستا و پێشتریشی، چونکه‌ نووسه‌ر حکومه‌تی پێشان و ئێستاش به‌ کورتییه‌که‌ی به‌ حکومه‌تێکی نیشتیمانیی و نه‌ته‌وه‌یی و  خزمه‌تگوزار و چه‌سپێنه‌ری سه‌روه‌ریی یاسا داده‌نێ و له‌ ناواخنی بابه‌ته‌که‌شی ده‌یه‌وێ به‌ بیانووی گرینگییدان به‌ ده‌سته‌واژه‌ی بێزراو و بێ واتای (پاراستنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی!) باس له‌ رزگارکردنی ناوچه‌ داگیرکراوه‌کان و له‌باربردنی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان ئه‌و هه‌موو گه‌نده‌ڵیی و راوڕوته‌ی به‌رپرسان و بێ یاسایی و ژنکوژیی و رووتاندنه‌وه‌ی خه‌ڵکی نه‌دار و زه‌حمه‌تکێش و  نه‌بوونی ئازادیی راده‌ربڕین و پێشێلکردنی ماف و ئازادییه‌کانیتر نه‌کرێ، له‌ هه‌مان کاتیشدا هه‌ر خۆی له‌گه‌ڵ خۆی ده‌که‌وێته‌ ناکۆکیی! چونکه‌ له‌ لایه‌ک به‌وجۆره‌ پشتگیریی و پارێزگاریی له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ملهوڕه‌ ده‌کا له‌ لایه‌کیدی کۆمه‌ڵێک پێشنیار بۆ حکومه‌ت ده‌خاته‌ڕوو که‌ خودی پێشنیاره‌کانی واتای ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نن که‌ حکومه‌ته‌کان له‌ ماوه‌ی ئه‌و نۆزده‌ ساڵه‌ی رابردوو به‌ لای نێوه‌رۆکی ئه‌و پێشنیارانه‌ ئه‌و دانه‌چوونه‌ که‌ پێشتر به‌ سه‌دان پێشنیاری له‌و بابه‌تانه و باشتریش‌ له‌ لایه‌ن خه‌ڵکانیتره‌وه‌ کراون تا ئێستاش هه‌ر بایان لێده‌دا !

لێره‌د ئێمه‌ روو له‌ نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسه‌ ئازاد و ناحیزبییه‌کان ده‌که‌ین و ده‌ڵێین: (فه‌رموون ئه‌وه‌ عه‌رد و ئه‌وه‌ گه‌ز)، راسته‌ به‌ پێوه‌ری ئێمه‌ کاک نه‌جات بۆ‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌و حکومه‌ته‌ ده‌نووسێ که‌ له‌ کن ئێمه‌ حکومه‌تێکه‌ دووره‌ له‌ ئامانج و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی گه‌ل، به‌ڵام پێنووسێکیشه‌ جێپه‌نجه‌ی خۆی دیاره‌ له‌نێو کایه‌ی ئه‌و رۆشنبیرییه‌ باوه‌ی هه‌نووکه‌ی کوردی و ده‌بێ ئه‌و ئازادییه‌ به‌و و هه‌رکه‌سێک ره‌وا ببینین که‌ ده‌یانه‌وێ چۆن و چی بڵێن، جا ده‌رگه‌ی ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر پشته‌ بۆ هه‌ر وه‌ڵامدانه‌وه‌کی بابه‌تیی و دوور له‌ جنێو و قسه‌ی بازاڕیی بۆئه‌وه‌ی راگۆڕینه‌وه‌ و گفتوگۆیه‌کی به‌سوودی لێبکه‌وێته‌وه‌ و راستییه‌کان بکه‌ونه‌ روو.

- ئه‌مڕۆ -

 

--------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------

 

 

پشتگیریکردن لە حکومەتى کوردستان و سەرۆکەکەى،
پاراستنى ئاسایشى نەتەوەیى و نیشتیمانیمانە.


نەجات حەمید ئەحمەد


لە ماوەى ئەم سێ چوار مانگەى ڕابوردوودا هێرشێکى ناڕەواو نا لۆژیکى و ناعەقڵانى کرایە سەر سەرۆکى حکومەتى کوردستان و بۆ ئەوەى بە گشتى ناوەڕۆکى ئەو نووسینانە و بەکورتى بیان خەینە ڕوو ..لەم خاڵانەى خوارەوە ناوەڕۆکەکانیان دیارى دەکەین:


1- ئەو لایەنانەى کە خۆیان بە ئۆپۆزیسیۆن دا دەنبێن و بە ناوى بەرژەوەندیى گەلى کوردەوە هەروەها بە سیفەتى ئۆپۆزیسیۆن بوونەوە باس لە کەم تەرخەمى و لاوازى و سازش کردنى حکومەت و سەرۆکەکەى دەکەن و بە کابینەیەکى لاوازى لە قەڵەم دەدەن کە ناتوانێ خزمەت گوزاریەکان بە شێوەیەکى ڕێک و پێک بگەیێنێتە هاوڵاتیان ..ئەم لایەنانە وەکو باوەڕى ئۆپۆزیسیۆن بوون مافى خۆیانە بیرو ڕاى خۆیان و بۆچوونیان لە سەر حکومەتى کوردستان و سەرۆکەکەى دەربڕن بەڵام دەورى ئۆپۆزیسیۆن دەتوانێ لە ڕەخنەدا لەو هێڵە ستراتیجیانە بچێتە ئەودیوەوە کە پەیوەندیان بە ئاسایشى نەتەوەیى و نیشتیمانیمانەوە هەیەو کاریگەریش بخەنە سەر هێزى ئینتیما بوونمان بۆ کوردو کوردستان و بۆ حکومەتەکەى؟؟


2- ئەو ڕاگەیاندن و کەسایەتیانەى کە خۆیان بە ڕاگەیاندنى ئازادو کەسى ئازاد دادەنێن و گومان لە تواناى بەڕێز د.بەرهەم ساڵح دەکەن کە بتوانێ یا تواناى ئەوەى هەبێ حکومەتى کوردستان بە سەرکەوتوویى بباتە ڕێوە کە بە داخەوە ئەم بۆچوونانە لە بەر ئەوەى بۆچوونى بەرژەوەند خوازى ماستاو چى و هەندێکیان گومان لێکراوو دەستى دەرەکیان لە پشتەوە بوو بۆ تێکدانى ئەو ڕێکەوتنە ستراتیژیەى کە لە نیبَوان یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستاندا هەیە و هەروەها هەندێکیان لە پێناوى لابردنى خەم و ئامانج و خولیاى هەردوو حزب و حکومەتى کوردستان لە سەر کێشە نەتەوەیى و نیشتیمانیەکانمان و سەرقاڵ کردنیان بە کێشەى ناوخۆیى و لاوەکیەوە کەوتنە گەڕەلاوژەیەکى نا سیاسى و ناعەقڵانیەوە هەروەها کەوتنە بوارێکى پیلانگێڕیى نا لۆژیکیەوە ..


3- هەندێک لە میدیاى حزبەکانى کوردستان کاتێک بەراووردیان لە نێوان هەردوو کابینەى پێنجەم و شەشەم دەکردو لە سنوورى بەرژەوەندیى نەتەوەیى و نیشتیمانى دەرچوونە دەرەوەو هەروەها لە سنوورى ئەو وێنە سیاسیەى کە سەرکردایەتیى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستان هەیەتى بۆ پشتگیرى کردن لە حکومەتى کوردستان و سەرۆکەکەى و ئەم بەراووردکردنە لۆژیکى نیە چونکە بەراوردێکە لە نێوان سێ مانگ کارکردن و هەشت ساڵ کارکردن..


4- مەترسى ترین ئەو لایەنانەى کە وەکو بەکرێ گیراوێکى دوژمنانى تەبایى بوونى کوردو یەک بوونى کورد وا نیشان دەدەن کە بەڕێز سەرۆکى حکومەتى کوردستان دەسەڵاتى لە کارەکەیدا نەماوە وحکومەتیش وەکو حکومەتێکى کارتۆنى وایە و ناتوانێ هیچ بە هیچ بکات کە کوردستان پۆست و هەندێک سایتى دیکەو ڕۆژنامەى دیکەى وەکو لڤین و هاوڵاتى ئەم بیرو ڕایانە بڵاو دەکەنەوە کە تاقە ئامانجێک لەو نووسینانەو کاریگەریان تەنها لەو باوەڕەدا خۆى دەبینێتەوە کە کورد هەتا هەتایە حکومەتێکى بە هێزى نەبێت و ئاژاوە لە نێوان پارتەکانى کوردستاندا دروست کەن و داهاتێکى باش لە هەڵخەڵەتاندن و چەواشە کردنى ڕاى گشتیدا بە دەست بێنن کە بەڕاى من ئەمە گەورەترین زەبر وەشاندنە لە ئاسایشى نەتەوەییمان و هەوڵى تێکدانى یەک ڕیزیى گەلى کوردستان و حکومەتەکەیەتى و لە ڕووى یاساییەوە بەرپرسیارێتیەکى گەورە دەکەوێتە سەر شانیان.


بە گرنگى دەزانم وەکو کوردێک ئەم سەرنجانە لەسەر ئەو لایەنانە دەربڕم و چەند پێشنیارێک بخەمە ڕوو کە هیوادارم هەموو ئەو لایەنانەى بە لایانەوە گرنگە کورد ئەو ئاستە سیاسى و ئابوورى و مێژووییەى پێى گەیشتووە نەک تەنها وەکو خۆى بیپارێزن بەڵکو گەشەش بەم بارو دۆخە مێژووییەمان بدەن سوودى لێ ببینن..


1- کابینەى شەشەمى حکومەتى کوردستان جیا بوونەوە نیە لە کابینەى پێنجەمى حکومەتى کوردستان وداهێنان و دابڕانێکى نوێ نیە بەڵکو تەواو کەرو بەرەو پێش بەرى حکومەتى کوردستانەو بەردەوامى دانە بە کابینەى پێنجەم و گەشە پێدانى ئەزموونى فەرمان ڕەوایەتى و دەسەڵاتى ڕەواو شەرعیى کوردستانە و هەر سەرۆکێکى حکومەتى کوردستانیش لەو چوارچێوەیەدا ڕەوایەتى و کاریگەریى خۆى هەیەو کە خۆى بە بەشێکى چالاکى ئەو ئەزموونە دابنێ و تاکو ئەمڕۆش لەو ماوە کەمەى کە حکومەتى نوێ دەست بە کار بووە لەو باوەڕانە بایى تۆزقاڵە موویەکیش لاى نەداوەو کار لە سەر باوەڕى ئەو حکومەتە دەکات کە ئێمەى کورد وەکو نەتەوەیەکى خاوەن حکومەت بوون نیشان دەدات کە بە داخەوە ئەو لایەنانە ئەوەیان لە بیر خۆیان بردۆتەوە کە کورد حکومەتى هەیە ماناى چیەو چ لێپرسراوێتیەکى نەتەوەیى و نیشتیمانى دەسەپێنێتە سەر هەموو ئەوانەى خۆیان بە کەسێکى خاوەن ئەم وڵاتە دەزانن و ئەوەیان لە بیر چۆتەوە کە حکومەتى کوردستان بەرهەمى یەک بوونى گەلى کوردستانە بە سەرجەمى هێزو پارت و ئاین ونەتەوەکانى کوردستانەوە و هەوڵدان بۆ پەک خستن و ئاژاوە نانەوە لەم بارو دۆخەى کوردستاندا کە هێشتا چارەنووسمان لە حکومەتى ئایندەى عێراقدا دیار نیە دەست وەشاندنە لە تواناو عەقڵى مرۆڤى کورد بە گشتى و دەبوایە هەموو ئەوانەى خۆیان بە کورد دەزانن بە دەیان پێشنیارو ڕاو بۆچوونیان سەبارەت بە هەنگاوەکانى حکومەت پەیوەست بە بەغداوە بخستایەتە ڕوو کە بە داخەوە کاتێک ئەو میدیاو بیرو بۆچوونانە و سەرجەمیان دەخوێنیتەوە هەست بەو تاریکیەکى نووتەک و ئەموستە چاو دەکەى چونکە هیچ هیوایەک لەو میدیایانە نابینى کە لە خزمەت گەشە پێدانى حکومەتى کوردستاندا بێت.


2- لە بەرژەوەندیى هەموو حزبەکانى کوردستاندایە کە کێشەى حزبایەتیى خۆیان لە سەر حسێبى حکومەتى کوردستان نەکەن و توند ترین ڕەخنەو جیاوازیەکانیان لە بەرژەوەندیى حکومەتى کوردستان وپەرەپێدانیدا بێت چونکە حکومەت ئەو شوێنەیە کە بە یاسا هەموومان پێکەوە دەبەستێتەوەو وەکو نەتەوەیەکى خاوەن ناسنامەى ڕەوا دەرمان دەخات و دەرچوون لەم باوەڕە بەوەى حکومەت حکومەتى چەند لایەن و چەند حزبێکى دیارى کراو بێت هەڵەیەکى مێژووییە کە نابێ بە هیچ شێوەیەک تێوەى بگلێین و لە هەموو دنیا حکومەت بریتیە لە بەرنامەیەکى سیاسى و یاسایى و ئابوورى و تەنانەت بریتیە لە بەرنامەیەکى کارکردن لە بەرژەوەندیى نەتەوەو نیشتیمان و هەموو حزبەکان لە گەورەترین ناکۆکیاندا گەورەترین پێشنیارى نوێ دەخەنە ڕوو بۆ پەرەپێدانى.حکومەتەکەیان و ئەم شێوازى کارکردنەش بە یاسا پارێزراوەو هەموو لەو چواچێوەیەدا کار دەکەن کە حکومەت هى هەموانەو بەرپرسیارێتیى لە سەر هەموانە.


3- هەڵسەنگاندنى کارو پڕۆژەو ئامانجە سیاسى و ستراتیژیەکانى حکومەتى کوردستان کە بە کردار سێ مانگى بە سەردا تێنەپەڕیوەو چەند مانگێکى لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقى و چەن هەفتەیەکیش لەچەسپاندنى کارگێڕیى وەزارەتەکان وچەند هەفتەیەکیش بۆ پێداچوونەوە بە بەرنامەو پڕۆژە تەواو نەکراوو پێشنیار کراوەکانەوە و چەند هەفتەیەکیش بۆ دەست بەکاربوونى پەرلەمان و دەست پێکردنەوەى خولەکانى بە سەرچوو ئنجا ئەوە چەند هەفتەیەکیش بە گرفتى بۆدجەوە بە سەرچوو...لە جێى خۆیدا نیەو زۆر نالۆژیکیە و زۆریش ناویژدانیە بڕیارى لابەلاو مەبەستدار سەبارەت بە سەرکەوتن و سەرنەکەوتنى ئەو حکومەتە بدرێت ..دەبێ کارى میدیاو هەموو لایەنەکانى هاوبەش لە حکومەت و لە دەرەوەى حکومەت لە ئاست کابینەیەکى نوێى وڵاتەکەیاندا چى بێت جگە لەوەى هەموو کار بۆ ئەوە بکەن پڕۆژە بخەنە بەر دەست حکومەت و بە دوا چوونیان هەبێ بۆ ئەنجام دانى پڕۆژەکان و بیرکردنەوە لە چۆنێتیى سوود وەرگرتنى حکومەت لە ڕاى ڕۆشنبیران و بیرمەندانى و ڕووناک کردنەوەى تێگەیشتنى نەوەى نوێ بەرامبەر بە کارو ماندوو بوونیان بۆ نیشتیمانەکەیان و چۆنێتى پەرەپێدانى ئاستیان لە حکومەتداو ڕێگە گرتن لە گەندەڵى سیاسى و ئابوورى و ڕۆشنبیرى و ...هتد ئەوەى شوێنى سەرسوڕمانە هەموو ئەو لایەنانە دەڵێى کۆپیى یەکترین و هەمان بیرکردنەوەیان هەیەو هەموو کار بۆ ئەوە دەکەن حکومەت و سەرۆکەکەى بە گرفتى لابەلاى نا ستراتیژى و کەم بایەخ خەریک کەن و ئاژاوە لە نێو گەلى کوردستان و حزبەکانیاندا بنێنەوە ..ئەوە چ میدیایەکە کە بایى تۆزقاڵێک بیر کردنەوەمان پێ نابەخشێت لە کاتێکدا کە حکومەتى کوردستان و کابینە تازەکەى لە ناخۆشترین و قورسترین بارو دۆخى سیاسیمان لەگەڵ عەرەبدا دامەزراوەو هەموو بەغدایان لە بیر کردوەو کەوتوونەتە وێزەى یەکترەوە..ئەرێ بۆمان نیە بپرسین ئەو میدیایە جگە لە چاندنى ڕوحى شکستى و نائومێدى چیى بە نەوەى نوێ بەخشیوە؟؟بۆمانیش هەیە بپرسین ئەگەر حکومەتى کوردستان وەکو کوردێک بە لایەنى ئەو میدیایانەوە گرنگە ئەرێ چیتان بۆ ئەوە کردووە کە حکومەتى کوردستان لە پڕۆژەو پرسە سیاسى و ئابووریەکانیدا نەک پشت ئەسنتوور بێ بەو پێشنیارو پڕۆژانە ى کە پێشکەشى دەکرێن بەڵکو چەند ئەگەرێکى سەرکەوتووى بۆ ڕووناک کرێتەوە کە لە کارەکانیدا سوودیان لێ وەرگرێ ؟؟..ئەى ئەگەر ڕەخنە لایەنە بنیات نەرو بیرکردنەوە نوێیەکەى لە گەڵ نەبوو چۆن دەتوانێ حکومەتى کوردستان بە بەشێک لە بوونى خۆى و مافى خۆى دابنێ؟؟


4- کابینەى شەشەمى کوردستان هەروەکو لە نووسینێکمدا پێش دەست لەکار کێشانەوەى کابینەى پێنجەم بڵاوم کردەوە ئەگەر توانیى تەنها ئەم بارو دۆخەى لە کوردساندا هەیە بیپارێزێ ئەوە حکومەتێکى سەرکەوتوو دەبێت نەک بەوەى کە کابینەى شەشەم تواناى کارى نوێى نیە بەڵکو بەوەى حکومەتى پێنجەمى کوردستان ڕەنگدانەوەى سەردەمێکى نوێ بوو لە ژیانماندا کە تەوژمێکى نوێى دیاردەى ئابوورى و سیاسى و ڕۆشنبیرى و ستراتیژیى لە گەڵ خۆیدا هێناو ئەم هێنانەش بۆى نەبوو ڕووبدات ئەگەر کابینەى پێنجەم بەرجەستەى ئەو یەک ڕیزى و تەباییە سیاسى و مێژووییەى نەکردایە کە دەرەنجامى ڕێک کەوتنى هەموو حزبەکانى کوردستان بوو ولە تەباییى ویەک بوونیاندا نەهاتایەتە کایەوەو لەو باوەڕەشدام کە کابینەى شەشەم هەموو ئەو توانایانەى هەیە کە ئەم ئامانجانە بپێکێ ..کە بە داخەوە ئێمە نەتەوەیەکین یادەوەریمان زۆر لاوازەو دوێنێى خۆمان لە بیرکردووە .


کەواتە بە هێزى و لاوازیى حکومەتى کوردستان ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ئاسایشى نەتەوەیى و نیشتیمانیمانەوە چونکە هەموو پلان و پیلانى دوژمنانى کورد بۆ ئەوەیە کە حکومەتى کوردستان شکست بێنێ و لە گەشە سەندن بوەستێ و لاواز بوونى حکومەتى کوردستان نیشانەى شکستى مێژووییمانەو هەروەها شکستى خەباتى گەلى کوردستانە بەرەو سەربەخۆیى و ئازادىو کار دەکاتە سەر پەیوەندیەکانمان لە گەڵ بەغداو دەوڵەتانى ناوچەکەو جیهاندا.حکومەتى کوردستان و کابینە نوێیەکەى دەرفەتێکى گەورەى سیاسى و ئابوورى و ڕۆشنبیرى و کۆمەلاِیەتیانەى لە بەردەمدایە تاکو کار لە سەر گەشە سەندنى خۆى بکات و بە پشتگبریى هەموو لایەک دەوڵەمەندو داهێنەر بکرێ کە بەلاى منەوە کارکردن لەم بوارانە زۆر پێویست و گرنگن:


1- لە پێناوى جیا کردنەوەى حکومەت لە حیزب و دەسەڵاتى حزبى و حزبیش دەورێکى بە هێزى هەبێت لە گەشەپێدانى حکومەتدا ئەم هەنگاوانە بە گرنگ دەزانم:
ا-حکومەتى کوردستان لە هەموو کارو پڕۆژەکانیدا دەبێ پشت بە سەرژمێرى ببەستێت و فەرمانگەى سەرژمێریى ئەنجومەنى وەزیران دەبێ دەورێکى زۆر باڵاو ستراتیژیى هەبێت لەم کارانەدا کە ئەویش لە چەندین بوارى جی جیادا دەبێت ((وەکو سەرژمێریى دانیشتوان لە سەر بناغەى بێکارى .پەک کەوتەیى بێ کەسى و بێ سەر پەرشتیارى زەرەرمەندان لە جەنگ و ...هتد
ب- لە ڕووى خزمەت گوزاریەوە سەرژمێریى شارەکان لە ڕووى( خانوو کۆڵان و گەڕەکەکان و کارەباو ئاوو نەخۆشخانەو قوتابخانەو دارو باخچەو ناوەندى کات بەسەر بردن و ڕۆشنبیرى و..هەموو ئەو دیاردە زەمینى و مرۆییانەى پەیوەندیان بە ژیانى هاوڵاتیانەوە هەیە)) ...هتد
ج- لە ڕووى پڕۆژەکانى حکومەت و گرێ بەستەکانیەوە لە ڕووى بازرگانى و هێنانى کەرەستەى بنیات نانەوەدا ..سەرژمێریى ((بازرگان و بەڵێندەران..هتد))
هەریەک لەو بوارانەش چەندین ئاستى بچووکترو سنوور دارترى سەرژمێرى بە خۆوە بگرێ ..
کاتێک حکومەتى کوردستنان ئەو سەرژمێریانەى لە بەر دەستدا دەبێت ئەوا چاک دەزانێت هەر شوێنێک لە کوردستان و لە هەر شارو گوندو شارۆچکەیەکدا پێویستیان بە چیەو چیان بۆ بکرێ بە داخەوە هێشتا لە حکومەتى کوردستان و گەشە پێدانى پشت بە سەرژمێرى نەبەستراوەو کارەکانى حکومەت بە شێوەیەکى زانستیانە ئەنجام نەدراون ..پێویستە لە کوردستاندا پێویست بوونى هاوڵاتى بە حکومەت لە سەرووى هەموو بەرچاو گرتنێکى دیکەوە بێت کە ئەمە وا دەکات هاوڵاتى هەستێکى نیشتیمانى و نەتەوەیى بەرامبەر بە حکومەتەکەى هەبێت.


2- لە ناوبردنى گەندەڵى پێویستی بە تەنها یەک هەنگاوى گرنگى حکومەتەوە هەیە کە ئەویش جێ بەجێ کردنى یاسایە ..جێ بە جێ کردنى یاسا پاراستنى مافى هەموو هاوڵاتیانى کوردستان و مافى حکومەتیشە لە ڕەوایەتى دان بەکارەکانى و سەرکەوتنى هەموو پلانەکانى ..پێًویست دەکات جێ بە جێ کردنى یاسا لە سەر هەموو پێشێلکارێک لە دام و دەزگاکانى حکومەتدا بە یەکسانى و بە بێ جیاوازى و بە بێ دەست تێوەردانى هیچ دەسیەڵاتێکى دیکەدا بێت و با کولتوورێک لە سەر بیرى بەخشینى دەورێکى کاریگەرتر بە دام و دەزگاکانى داد پەروەرى بدرێت و ئەمەش نایەتە دى ئەگەر بێتوو لیژنەکانى بە دوادا چوون و لێپرسینەوەو چاودێرى کردنى وەزارەتى دارایى بەهێزو چالاک نەکرێت و فراوان نەکرێنەوەو دەسەڵات ودەست ڕۆیشتووییان زیاد نەکرێت و پارێزراو نەبن لە ڕووى ئاسایش و ژیانیانەوە و بەڵکو ژمارەو کەرەستەى کارکردن ولقەکانیان زیاتر بکرێت. بەم کارە ئەو لیژنانە دەسەڵاتى ئەوەیان هەبێ کە هەر کەسێک لە هەر پۆستێکى حکومیدا بێت لە دادگادا خۆى ببینێتەوە. جێ بەجێ کردنى یاسات بەم شێوەیە دەبێتە ئەو هۆکارەى کە هاوڵاتى وکاربەدەستان لە کوردستاندا هەمیشە ئەوەیان لە یاد دەبێت کە هەموو یەکسانن بەرامبەر بە یاساو هەر کارێکى سەرپێچى بەدوادا چوونى بۆ دەکرێت .


3- کارکردن لە بوارى پیشەسازیى نەوت و فراوان کردنەوەى ..کارکردن لە سەر بڕیارى ئابوورى و سەربەخۆیى ئەو بڕیارە ئابووریانە فاکتەرێکى گرنگى سیاسیى ئابووریى حکومەتى کوردستان دەبێت کە کار لە سەر ئایندەى حکومەت و بەرژەوەندیى گەلى کوردستان دەکات لەم بوارەشدا حکومەتى کوردستان هەنگاوى گەورەى لە پێشوودا هاویشستوەو پێویست بە بەردەوام بوون و گەشە پێدانى دەکات.


4- لە بوارى کارى دبلۆماسیدا تۆزێک هەست بە کزى دەکرێت و پەیوەندیى دیبلۆماسى و زۆر کردنى کەناڵەکانى پەیوەندیى ناوچەیى و جیهانى دەروازەیەکى گەورە لە بەردەم حکومەت دەکاتەوە کە لە ڕووى پەروەردەو ڕۆشنبیرى و ئابوورى و کۆمەڵایەتیەوە ئەگەرى پڕۆژە نوێیەکان و سەرکەوتنیان مسۆگەر بکات ..کە لە دواییدا کاریگەریەکى بە هێزى لە سەر سیاسەتى دەرەوەو ناوەوەى حکومەت دەبێت.


5- دانانى دەزگایەکى سەربەخۆى دیارى کردنى تواناو گەشەپێدان لە کوردستان کە سەر بە ئەنجومەنى وەزیران بێت بۆ دیارى کردنى خەڵکى بە تواناو شیاوو خاوەن بەڵگەنامە لە دامەزراندن و دابەش کردنى پۆستەکانى حکومت و گۆڕینى ئەو کەسانەى کە پۆستى کاریگەریان هەیەو نەیان توانیوە بە چاکى کارەکانیان جێ بە جێ بکەن یاخود گوندەڵیى کاریان لە سەر ساغ بۆتەوە ..ئەمەش لە سەر بناغەى گەشەپێداندا بێت.


6- چالاک کردنەوەى بوارى کشتوکاڵى گرنگیى خۆى هەیە لە سەرکەوتنى هەر حکومەتێک و دابین کردنى ئابووریەکى سەرکەوتووبۆ هاوڵاتیان لە کوردستان و نەهێشتنى چوونە دەرەوەى زۆرى سامان و پارەى کوردستان بۆ دەرەوە کە ئەمەش دەبێ لە سەر بناغەى سەرژمێریەکى ووردى جوتیاران و زەویە کشتوکاڵیەکانى کوردستان بێت و دووبارە چاو بەو واقیعە بخشێنرێتەوە ..


7- گەشە پێدان و پەرەپێدانى بوارى ڕرشنبیرى بۆ هەموو دام و دەزگاو فەرمانگەو سەنتەرو گۆڤارو ڕرژنامەو سایتەکانى ئەنتەرنێت و ڕێکخراوە ڕۆشنبیریەکان دەبێ لە سەر بناغەى کارو داهێنان بێت و حکومەت ئەگەر سەرژمێریەکى ووردى سەبارەت بە چالاکى و بۆدجەو کارو پڕۆژەکانى هەر یەکێک لە وشوێنانە لە بەردەستدا بێت ئەوا دەتوانێ چ لە ڕووى بۆدجەو چ لە ڕووى کەسەکان و چ لە ڕووى جۆرەکانیانەوە بڕیارى بەهێزو کاریگەر بدات و سامانێکى زۆر بۆ حکومەت بگێڕێتەوە ..کە گەورەترین ئاماژە لە سەر دوا کەوتنى حکومەتێک گەندەڵیى ڕۆشنبیرى و سست بوونى هەموو دام و دەزگا ڕۆشنبیریەکانیەتى .با سەردەمێک بە سەر چێت لە سەر بناغەى کار دۆزینەوە بۆ بێکاران لە سەر حسێبى ڕۆشنبیرى سامانى حکومەت بە فیڕۆ بدرێًت ..با سەردەمێک بە سەرچێت کەسێکى خاوەن دەسەڵات کوڕو کچ و ئامۆزاو خزمەکانى خاوەن سەنتەرو گۆڤارو ڕۆژنامە بن با سەردەمێک بێتە کایەوە کە عەقڵ و داهێنان و کارکردن ئامانجى سەرەکیمان بێت و هەموو ئەو بوارانە لە سەر بناغەیەکى زانستى پێویستیان بە پێداچوونەوە هەیەو بڕیارەکانیش دەبێ زۆر زانستى و بێ لایەن بن.


8- حزبە هاوبەشەکان لە حکومەتى کوردستان بۆیان هەیە ببنە پاَڵپشت و پشتگیرى کارى حکومەتى کوردستان بن بەوەى پێشنیارى سیاسى و ڕۆشنبیرى و کۆمەڵایەتى و تەنانەت ئابووریش بخەنە بەر دەستى حکومەت و بە زانیاریەکانیان حکومەت دەوڵەمەند بکەن و لە هەموو کارەکانى حکومەتدا هاوبەش بن نەک بەوەى بیرو ڕاو پێشنیارەکانیان بە سەر حکومەتدا بچەسپێنن بەڵکو بەوەى زانیاریى حکومەت سەبارەت بە بەرژەوەندیى گەلى کوردستان دەوڵًەمەند کەن. بە تایبەتى ئەو لایەنانەى پەیوەندیان بە خزمەتکردنى خەڵکى کوردستانەوە هەیە لە هەموو بوارەکاندا هەروەکو چۆن لە سەرکەوتنى سیاسەتى حکومەتى کوردستان.


ئەمانە بە کورتى ڕەخنە نین لە حکومەتى کوردستان بەڵکو پێشنیارێکى زۆر کەمن بۆ ئەوەى لە بەرنامەکانى داهاتوویدا سوودیان لێ ببینێ و بەڵکو چەند سەرنجێکى گشتى بوون و لە داهاتوودا گەر دەرفەت هەبوو بە دوورو درێژى باس لە مەسەلەى دیکە دەکەین و هیوادارم حکومەتى کوردستان بە هێزو بڕیار دەرو سەرکەوتووبێ.

 

bawagorgor@yahoo.com