١٥\٧\٢٠١٢
پشتگیریی
لە خۆپیشاندانەکەی شاری ئامەد دەکەین.

رەزا ساڵح*
ئێمەی کۆمەڵەی منداڵانی کورد ــ لە نەرویج . بە گەرمی دەستخۆشی و
پشتگیری لە خۆپیشاندانەکانی گەلی کوردمان لە باکووری کوردستان دەکەین..
بە تایبەتیش خۆپیشاندانە ملیۆنییە جەماوەرییەکەی ڕۆژی شەممەی دوێنێ
رێکەوتی ( ١٤/ ٧/ ٢٠١٢) لە شاری ئامەدی قارەمان.. کە بە شێوەیەکی زۆر
شارستانی و ئاشتییانە ، جەماوەری کوردمان خۆپیشاندانیان سازکرد و.. کە
داوای چارەسەرێکی ئاشتییانەیانە بو پرسی رەوای گەلەکەمان دەکەن و،
داوای ئازادکردنی سەرۆک عەبدوڵڵا ئوجەلانیان دەکەن و، داواشیان کرد
زیاتر لە ( سەد و سی و دوو ھەزار زیندانی کوردمان ) کە لە زیندانە
سامناکەکانی تورکیادا زیندانی کراون و ئەشکەنجە دەدرێن ئازاد بکرێن.
بەڵام کەمالیستە نوێیەکانی ئەمڕۆش کە ھەر بەو ھیزر و بیر و باوەڕە
شۆڤێنییە بۆگەنەی ئەتاتورک گۆش کراون.. کە نە بڕوایان بە دیموکراتی و
نە بە ئازادی و نە بە یەکسانی ھەیە ، تا ئەمڕۆش جگە لە تورک ، دان بە
بوون و ناسنامەی ھیچ نەتەوەیەکی تردا نانێن ، بە تایبەتیش بە گەلی
کوردمان.. تا ئێستاش ھەر بەو عەقلییەتە سواوە دواکەوتووە بیردەکەنەوە ،
کە بە ھیز و کوشتن و گرتن چۆک بە گەلی کوردی قارەمانمان دادەن.. بەڵام
ھەرگیز ئەم نیازە گڵاوەیان نایەت دی ، چونکە ئەوە ئەستەمە کە ئیمەی
کورد مل کەچی داگیرکەرانی کوردستان ببین و، سازش لەسەر کوردستان و مافە
ڕەواکانمان بکەین.. تا مافەکانیشمان نەیەنە دی، واز لە تیکۆشان و
بەرخودانی ناھێنین.
ھەروەکو رۆژنامەی ( واشنتۆن پۆست ) ی ئەمریکی لە ژمارەی دوێنێیاندا بە
مانشێتێکی گەورە نووسیوێتی : " ئەمڕۆ کورد عەرشی تورکیای ھەژاند "
بەڵێ کورد وتەنی : " جام پڕبووە و لێی دەڕژێ.. " سەردەم سەردەمی
راپەڕینی گەلانی چەوساوەی ئازادیخوازە .. سەردەمی ملشکاندن و گۆڕ بە
گۆڕکڕدنی دیکتاتۆرەکان و زۆردارانە .. کاتی نەمانی رژێمە فاشستی و
شۆڤێنییەکانە.. سەردەمی بەدەسھێنانی ئازادی و مافی رەوای گەلانی
تێکۆشەر و کۆڵنەدەرە.. سەردەمی برایەتی و ئاشتی و پێکەوە ژیانە.
بەڵام گورگە بۆرە دڕندەکانی تورکیا ، بە ھێزێکی گەورەی پۆلیس و میت ،
بە زریپۆش و بۆمبی فرمێسک رێژ و فیشەکی راستەقینە ، بە بەرچاوی ھەموو
جیھانەوە زۆر بێ شەرمانە و دڕندانە و بێ رەوشتانە و بێ دەست پاراستن ،
پەلاماری خۆپیشاندەرانی کوردمانیان دا. بە دەیان کوردیان بریندارکرد ..
کە منداڵ و پیریان تێدایە ، بە دەیان لاوی کوردیان گرت و راپێچی
گرتووخانە نھێنییەکانی تورکیایان کردن .. لەوانەیە وەکو چارەنووسی بە
ھەزاران لاو و مێردمنداڵی بەندکراومان، جارێکی تر نەبینرێنەوە و بێ سەر
و شوێن بکرێن..
دڕندەکانی تورکیا بە نامەردی پەڕلەمانتاری کوردمان خاتوو( پەروین
بۆڵدان) و سەرۆکی شارەوانی ئامەد ( عوسمان بایدەمیر) یان بریندارکرد و
ھێڕشیان کردە سەر سەرۆکی ( بە دە پە) سەلاحەدین دەمیرتاش و پەڕلەمانتار
خاتوو ( ئامینە آینور) و پەڕلەمانتار (گولتان کاشناک) و چەندین کوردی
تر.
بەڵام خەیاڵیان خاوە کە بەم کارە نامەردی و قێزەوەنانەیان بتوانن گەلی
دلێری کوردمان چاوشکێن بکەن و بمان ترسێنن.
خوشک و برایانی خۆپیشاندەری کوردمان لە ئامەد و شارەکانی تری کوردستان..
بە تەنھا نین و ھەموو کورد و کوردستان پەروەرێک لەگەڵتانن.. درێژە بە
خۆپیشاندانەکانتان بدەن .. داواش لە ھەموو شارەکانی باکووری کوردستان
دەکەین ئەوانیش خۆپیشاندانی ھاوشێوەی شاری ئامەد سازبکەن.. تا تورکیا
ناچار دەکەن مل کەچی داخوازییە رەواکانی گەلەکەمان بێت.. داواش لە
ھەموو پارت و رێکخرا و دڵسۆزانی گەلەکەمان دەکەین لە ھەر شوێنێکدا بن..
بێ دەنگ نەبن و پشتگیری خۆیان بۆ جەماوەری خۆپیشاندەری کوردمان دەربڕن
و.. پرۆتستۆی پەلاماری دڕندانەی پۆلیس و میتی تورکیا بکەن.
داواش لە ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ و ، لە یەکێتی ئەوروپا و ، لە
رێکخراوی (ھیومان رایتش ۆچ ) و پەڕلەمانەکانی وڵاتان و ، لە سکرتێری
گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و لە ھەموو مرۆڤێکی ویژدان زیندوو دەکەین ،
کە چیتر لە ئاستی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و ئەو تاوانانەی دەرھەق بە
گەلی کوردمان دەکرێن بێ دەنگ نەبن و، بە فەرمیش رژێمی رەگەزپەرستی
تورکیا رسوا و شەرمەزار بکەن و ، داوشیان لێ بکەن کە ھەموو زیندانیانی
بێ تاوانی کوردمان ئازاد بکەن.
________________________
* سەرۆکی
کۆمەڵەی منداڵانی کورد.
١٥\٧\٢٠١٢
ماڵپهڕی رهزا
ساڵح
|