په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\٨\٢٠٢٥

پشتوپەنایەکانی دەسەڵاتی بنەماڵەیی لە کوردستان و

سوپایەکی زەبەلاح لە تاوانباران!


شوان عەزیز       


بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی لە سەپاندنی دەسەڵاتیان بە سەر خەڵکی کوردستاندا سوود لە پشتیوانی ناوخۆیی و دەرەکیی وەردەگرن! هەر ئەمەشە نهێنی و هۆی بەردەوامییان لە دەسەڵاتدا.


ئەوجووت بنەمالەیە مێژوویەکی دوورو درێژیان هەیە لە ناکۆکی لە گەڵ یەکتردا، بەڵام هەمیشە کۆک بوون و بە یەکەوە بوون و هاوبەش بوون لەو بارودۆخەی کە خەڵکی کوردستانیان تێکەواندووە!


بۆچی خەڵکی کوردستان، کە مەبەستمان بەشی باشوورەکەیەتی، گەیشت بەو بارودۆخەی کە ئێستا تێیدایە؟ پرسیارێکی بە ڕواڵەت سادەیە بەڵام، لە پەیوەند بە بارودۆخی سیاسیی و ژیانی خەڵکی کوردستان، پرسیارێکی سەرەکیی و گرنگە.


بۆ چەندین دەیە دەچێت خەڵکی کوردستان بە تێکڕایی و بە تایبەتیش چینی مامناوەندو خوارەوە، قوڕبەسەریی نەما بە سەریدا نەهێنرێت. هەر ئەو چینە هەژارو زەحمەتکێشەش بووە کە هەمیشە لە نێو ئەو گۆڕانکاریە سیاسیانەدا زەرەرمەندی یەکەم بووە. بۆ نموونە پرۆسەی ئەنفالەکان بە ئەنفالی بارزاانیەکانیشەوە، پرۆسەی جینۆسایدکردنی یەزیدیەکان بە دەستی ذاعش، کیمیاباران، ڕاگواستن، بە عەڕەبکردن و چەندین کارەساتی تری گەورەو مێژوویی کە بەسەر نەتەوەی کوردا هێنراون.


بۆ چەندین دەیە دەچێت چینێکی باڵادەستی کوردستان بە ناوی کوردایەتیەوە جڵەوی فەرمانڕەوایی خەڵکی کوردستانی گرتۆتە دەست و جار جارەش ئاڵای کوردستان بە پێی بەرژەوەندیەکانی خۆی دەشەکێنێتەوە، لە لایەکی ترەوە ئەو چینە باڵادەستە خۆی کردۆتە دەمڕاستی خەڵکی کوردستان و خۆی کردووە بە ڕابەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان و شیعاری:" یان کوردستان یان نەمان"ی بەرز کردۆتەوە!. خەڵکی کوردستان دەزانن کە لە ژێر ئەو ئاڵاو شیعارەدا سوودێکی ئەوتۆ بە کوردستان، وەک خاک و نەتەوە و خەڵک نەگەیەنراوە، ژیانی خەڵکی داماوو زەحمەتکێشی بەرەو خۆشی نەبردووە. ئەو چینە باڵادەستە لە ژێر دەمامکی کوردایەتیدا، لە شاخ و لە شار، بێجگە لە نیوەی دووەمی شیعاری:" یان کوردستان یان نەمان" شتێکی تری بەرهەم نەهێناوە بۆ خەڵکی هەژارو بەشمەینەتی کوردستان.


لە سەرەتای شەشتەکانەوە ئاڵای بزووتنەوەی کوردایەتی و بەرزکردنەوەی شیعاری:" یان کوردستان یان نەمان" لە لایەن بزووتنەوەیەکی چەکدارییەوە بوو کە ناوی لێنرا شۆڕشی ئەیلول و سەرکردایەتی ئەو شۆڕشەش ڕاستەوخۆ ماڵێ بارزانی لە ژێر ناوی پارتی دێموکڕاتی کوردستان دا ڕابەرایەتی دەکرد. لەوێ ڕۆژێوە هەتاکو ئێستاش ئەو بنەمالەیە ڕاستەوخۆ جڵەوی بزووتنەوەی کوردایەتی بەرنەداوە و نەشیداوەتە کەسی تر. چەندین هەوڵ دراون کە ئاڵاو شیعاری ئەو کوردایەتیە لە دەستی ماڵێ بارزانی دەربێنن بەڵام هەموو هەوڵەکان بیسوود بوون.. مەیل و تەوژمێکی دژایەتی کردنی ماڵێ بارزانی هاتۆتە ناو مەیدانی کوردایەتیەوە کە چاوەکان زیاترو ڕاستەوخۆ لە سەر ماڵێ تاڵەبانین کە ڕابەرایەتی ئەو مەیل و تەوژمەیان کردووە، ئەو دژایەتی کردنەی ماڵێ بارزانیش یبێجگە لە ماڵوێرانیی بۆ کوردو بە کوشتدانی کوڕی کورد هێج ئەنجامێکی بۆ کورد نەبووە. بۆ نموونە شەڕە ناوخۆییەکان و شەڕەکانی شاخ و شارلە نێوان براکاندا کە بە شەڕی براکوژی ناو دەهێنران!


لە شەشتەکانەوە دژایەتی ماڵێ بارزانی لە گۆڕێدابووە، ویستوویانە جڵەوی کوردایەتی و ئاڵاکەیان لە ددەست دەربێنن. لە سەرەتای شەستەکانەوە کە ئەوکات ماڵباتی تاڵەبانی و ماڵێ بارزانی بە بڕواڵەت بە یەکەوە بوون لە ناو بەناو شۆڕشی ئەیلولدا و لە ژێر ناوی پارتی دێموکڕاتی کوردستان دا. ئیتر لەوێوەو لە نێو ئەو شۆڕشەدا هەوڵی دژایەتی کردنی ماڵێ بارزانی دەستی پێکرا. خەڵکی کوردستان زۆر باش و بە وردی ئاگاداری ئەو کێشمەکێش و دژایەتی کردنەیە. ئەو دژایەتی کردنە جار هەبووە بە ئاشکراو جاریش هەبووە بە نهێنی، بە ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ لە شارو لە شاخ ، تەنانەت لە نێو حکومەتی عێڕاق و بەعسیەکانیشدا ئەو دوو بنەماڵەیە خەڵکی تایبەت بەخۆیان هەبووە! واتە جاش هەبوون تەنها ڕاوە پێسمەرگەی پارتیان دەکردو هەش بوون تەنها ڕاوە پێشمەرگەی یەکیەتییان دەکرد. لە نێو حکومەتی کوردستان و لە نێو پەڕلەمانەکەشیاندا کە هەر خۆیان لە بەرژەوەندی خۆیاندا دروستیان کردبوو ئەو دژایەتی کردنەی یەکتری هەر بەردەوام بوو. دژایەتی کردنەکە بەردەوام بووە تاکو ئێستاش بوونی هەیە. ئەو دوو بنەماڵەیە تەنها لە بەتاڵان بردنی سەروەت و سامانی خەڵکی کوردستاندا هاوکار و کۆکن و دۆستی یەکترن ئەگینا بە پێچەوانە هەمیشە چەقۆو تیریان لە یەک سویون.


ئێستا ماڵێ بارزانی لە ژێر ناوی پارتی دێموکڕاتی کوردستان و ماڵێ تاڵەبانیش لە ژێرناوی یەکیەتی نیشتیمانی کوردستاندا، کە سەردەمێک تەنانەت لایەنی چەپ و کۆمۆنیستیشی بەدوا کەوتبوو، فەرمانڕەوای کوردستانن. ئەو دوو بنەماڵەیە لە ژێر ناوی دەوڵەت و بەڕێوەبردنی وەڵاتدا دەسەڵاتداری بێڕکابەرن و بێ ویستی ئەوان کەسێک نیە بتوانێت ببزوێت. دەسەڵاتی سەربازییان هەیە. پۆلیسیان هەیە، ئاساییشیان هەیە، دژە تیرۆرو کۆماندۆیان هەیە. دادگاو دادوەرو یاسایان هەیەو هەرکەسێک پێ خوار دابنێ سزا دەدرێ. ئەو دوو بنەماڵەیە نە بە یەکەوە هەڵ دەکەن و نە بە بێ یەکیش دەتوانن ئیدامە بە مانەوەیان بدەن. سەروەت و سامانی سەرزەوی و ژێر زەوی کوردستانیان لە ژێر دەستدایەو بە پێی ویستی خۆیان مامەڵەی پێوە دەکەن. زۆر چاو قایمانە مووچەو قووتی خەڵک دەست بەسەردا دەگرن، دەچنە بەغداو دەکشێنەوە، پەیوەندی دەرەکیی و ناوخۆیی بە ویستی خۆیان و ئارەزووی خۆیان، بە ئاشکراو بە نهێنی دەبەستن و کەسیش نابێ دژایەتییان بکات یان ناڕازی بێت بە کارەکانیان.


ئەو دوو بنە ماڵەیە هەردووکیان گەییشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە زۆرینەی خەڵکی کوردستان باوەڕی پێیان نەماوە، بۆیە بە هەردووکیان پێکەوە بەشدارن لە سەرکوت و بێدەنگکردنی هەردەنگێکی ناڕازی. بۆ دژایەتی کردنی یەکتری پارت و گرووپی سیاسی و لایەنی سیاسی ناڕازی لە ژێر ناوی قەبەو سەرنج ڕاکێشدا دروست دەکەن بۆ ئەوەی خەڵک وەک پوورەی هەنگ لێیان کۆببێتەوەو زۆریشی پێدەچێت تا خەڵک بۆی دەردەکەوێت کە بە دوا بەچکەی یەکێک لەو دوو بنەماڵەیە کەوتوون،. هەر لایەنێک و حیزبێکی سیاسی دەستی یەکێک لەو دوو بنەماڵەیەی تێدا نەبێ ناتوانێت دەوام بکاو تەمەنی کورت دەبێ . چونکە بە مەترسی دادەنرێت لە سەر دەسەڵاتی مێژوویی و لە مێژینەی خۆیان.


جا با بێینە سەر وەڵامی پرسیارە گرنگەکە کە بۆچی ئەو دوو بنە ماڵەیە دەتوانن ئاهوا دەسەڵاتی خۆیان بپارێزن و تەمەنی فەرمانڕەوایی ئەوان بەو شێوەیە درێژە؟. بۆچی سەرباری ئەو هەموو ماڵوێرانیی و نەگبەتیەی کە ئەو دوو بنە ماڵەیە بەسەر کوردیان دا هێناوە کەچی هێشتا جەماوەرو ئۆتۆریتەی سیاسییان هەیەو هێشتا توانای سەرکوتیان هەیە،. بۆچی خەڵکی کوردستانیان بەو دەردەی ئێستا بردووەو کەچی هەر لە دەسەڵاتیشدان؟


من پێم وایە ئەو دوو بنەماڵەیە نە دەیان توانی و نە دەشتوانن فەرمانڕەوا بن بەسەر خەڵکی کوردستاندا ئەگەر بێت و پشت و پەنایان نەبێ. پشت و پەناکانی ئەو دوو بنە ماڵەیە. بە بڕوای من. تاوانبارن و دەبێ وەک تاوانبار مامەڵەیان لە گەڵدا بکرێت و دەبێ دادگاییش بکرێن.
پشت و پەناکانی ئەو دوو بنە ماڵەیە کێن؟


ئەو دوو بنە ماڵەیە هەر یەکەی لە ژێر ناوی پارتیکی سیاسی بە ناوێکی قەبەو سەرنج ڕاکێشەوە چەندین دەیەیە فەرمانڕەوایی دەکەن بە سەر خەڵکی کوردستانەوە. هەردووکیان وەک یەک، بە شتێک کەمتر یان زۆرتر، .پشت و پەنای دەرەکیی و ناوخۆییان هەیە. دەرەکیەکە بریتیە لە دەوڵەتانی دەرو دراوسێ و تاڕادەیەک پەلیش دەهاوێت بۆ دەوڵەتانی دوورتریش لە نێو جیهانی عەڕەبی و ئیسلامی و ئەوروپی و ڕۆژئاواییشدا. دیارە ئەو پشت و پەنا دەرەکیەش بێ چاکەدانەوە نابێت و لەبەرامبەردا دەبێ چاکەی هەر لایەک بدەنەوە کە دەستێکی هاوکاریان بۆ درێژ دەکات، کە مەعلومیشە هاوکارییەکە لە پێناو بەرژەوەندییەکی سیاسی تایبەتدایەو بە خۆرایی نیە!


دەمێنێتەوە پشت و پەنا ناوخۆییەکە کە ئەویش بریتیە لە ناوخۆی خەڵکی کوردستان. بۆ ئەو پشت و پەنااو هاوکاریە ناوخۆییەی نێوخۆی کوردیش هەردووک بنەماڵەکە سوود لە بارودۆخی سیاسی کوردەکانی هەرسێک پارچەکەی تری کوردستان دەبینن!


جا بە پلەی یەکەم پشت و پەنای ئەو دوو بنەماڵەیە لە کوردستانی باشووردایە کە بریتیە لە بەشێک لە ڕوناکبیرە ئەکادیمیستەکان و مامۆستایانی زانکۆ. مامۆستایانی زانکۆ لە بەشە جیاجیاکانی وەک ڕامیاریی، لێکۆڵینەوە، کۆمەڵناسیی، پەیوەندیەکانی دەرەوەو دیبلۆماسیەت، ڕاگەیاندن، بەشی سایکۆلۆجیی، کۆمەڵناسیی و ئابووریی و کارگێریی و سەربازیی و چەندین بەشی گرنگی تر. جێگەی باسە کە هەموو پارتێکی سیاسی لەو بەشانەدا دەستەوەستان دەبێ و ناتوانێ ڕۆڵی هەبی ئەگەر بێت و مامۆستای زانکۆو شارەزای ئەوبوارانەی لە گەڵدا نەبێت. پارتی دێموکراتی کوردوسدتان واتە بنەماڵەی بارزانی و یەکیەتی نیشتیمانی کوردستان واتە بنەماڵەی تاڵەبانی هەر یەکەی سوپایەک لە ئەکادیمیست و مامۆستای زانکۆیان بەدواوەیە. ئەو ئەکادیمیست و ماۆستای زانکۆیانە کە بە زانست و نووسسین و توانای ئەکادیمی خۆیان خەڵکی کوردستان دەستەمۆدەکەن بۆ ئەودوو بنەماڵەیە دەبێ بە تاوانبار بناسرێن.


ئنجا وەرە لای نووسەری نووسین فرۆش و قەڵەم فرۆش کە نووسینەکەی وەک پیشەیەکی پڕداهات بەکاردێنێت و پارەی پێ پەیدا دەکات، بەو نووسینەیان خەڵکی پێ لاڕێ دەکەن و وا لە خەڵک دەکەن ملکەچ و گوەێڕایەڵ بن و ڕازی بن بەوەی کە هەیەو بە خەڵک دەڵێن خوا خەراپرترمان بەسەر نەهێنێت. شاعیرو گۆرانی بێژی دەنگ خۆش وشانۆ نووس و نمایشکارو ئەکتەرو کچ و کوڕە ئەستێرەو مۆدێلەکان و نوکتەچی و قسە زانی نێو دیوەخانانیش لەوێ ڕاوەستن. بەشێک لەوانەش بە تەواوی هونەرەکەی خۆیان و تواناکەی خۆیان لە خزمەتی سیستەمی ئەو دوو بنەماڵەیەدا تەرخان دەکەن. پێدا وەرە بە هونەرمەندو نیگارکێش و خۆشنووس و پەیکەرتاش و بێژەرێکی کچی جوان و دەنگ خۆش یان کورێکی خاوەن هێزو توانا، ئەو پێڕەش هەیەو هەر یەکەی لە ئاستی خۆیدا هاوکارە لە ڕاگرتنی ئەو بارودۆخەدا. لە لای خۆیەوە دەستی بە سیستەمەکە گرتوەو لەبەرامبەریشدا دەسەڵاتی جووت بنەماڵە جار جارە مشتێک پووڵ و پارە بەسەریاندا هەڵدەڕێژێت. ئینجا ڕوویەک وەرگێرە بەلای چالاکوانێکی بە ڕواڵەت لە بواری ژناندا، یان لە بواری ژینگەو مافی مڕۆڤ و منداڵان و چەندین بواری تردا. ئەو چالاکوانەش لە ئاستی خۆی دەستی هەیە لە وەی کە بۆ بەرژەوەنی دەسەلات کڵاو دەکاتە سەری خەڵکی و دەمامکی چالاکوان بەکاردێنێت. لێرەدا من مەبەستم چالاکوانان بە گشتی نیە بەڵک و بەشێکیان بۆ بەرژەوەندی دەسەڵات چالاکی دەنوێنن و بە ئیعازی دەسەڵات دەجووڵێن. جا ئەو جۆرە لە چالاکوانانەش هەر یەکەیان لە ئاستی خۆیاندا شانیان داوەتە بەر نیرگەو کاریتەکانی بنمیچی ئەو سیستەمە گەندەڵەی ئەو دوو بنەماڵەیە. سەرێک بادەوە بڕۆ بۆ لای کوێخایەکی دیوەخان و پشتێن هەشت نۆ گرێی لادێیەکی دوورە دەست و جوتیارێکی نێو مەزرا کە ئەویش لەبەرامبەر چاک و چۆنی و سڵاوێکی پیاوە دوورەکانی دەوری ئەو دوو بنەماڵەیە کاری خۆیان بە چالاکانە ڕادەپەڕێنن لە بەرژەوەندی دەوڵەتداریەکەی ئەو دوو بەنمالەیەدا.


لە هەمووی ترسناکترو کاریگەرتر لەوانەی کە لە پێشوودا گوتران هەندێک لەو پارت و لایەنە سیاسیانەن کە بە ناوی ئۆپۆزسیۆنەوە لە گۆڕێدان و گوایە دەیانەوێت سیستەمی حوکمڕانی بگۆرن و ناڕازین بەو دەسەڵاتەی هەردووک بنەماڵە. بەڵام لە ڕاستیدا ئەوانە بەشێکی سەرەکین لە سیستەمی ئەو دوو بنەماڵەیەو نانی سیاست دخۆن لەسەر حسابی خەڵکی کوردستان و هەر یەکەی لەو حیزبە بە ناو ئۆپۆزسیۆنانە بۆتە تەڵەیەک کە بە کۆمەڵ خەڵکی وەزاڵاهاتوو یان تووڕە لەو دوو بنەماڵەیەی تێدەکەوێت. هەندێک لەو لایەنە ئۆپۆزسیۆنانەش هەر یەکەی بە ناوێکی قەبەو سەرنجڕاکێشەوە بۆ نموونە ناوی ئایینی و نەتەوەیی و چەپ و لیبڕاڵ و تەنانەت ناوی هەرێ چەپ و کۆمۆنیستیش لەخۆیان دەنێن بەس بۆئەوەی ببنە تەڵەو تەپکەیەکی باش بۆ خەڵکی سادەو تووڕە لەو دەسەڵاتەو تا دەوری خۆیان قەرەباڵغ بکەن. نموونەی لەو جۆرە ئۆپۆزسیۆنانە هەن و خەڵک دەیان ناسێت. خەڵکی کوردستان ئێستا دەزانێ ئەو جۆرە لە ئۆپۆزسیۆن کار لە بەرژەوەندی دەسەڵاتدا دەکەن. ئەوانە خەڵک تەفرە دەدەن و دەوری خۆیان قەرەباڵغ دەکەن و لە کۆتاییشدا لە گەڵ دەسەڵات پێک دێن و بە دوا بەرژەوەندیە بنەماڵەیی و کەسیەکانی خۆیانیان دەکەون و خەڵکیش وەک سەپانی پووشێ دەمێنێتەوە لە مەیدانێدا. ئەو جۆرە لەو ئۆپۆزسیۆنانە خەڵک بێ هومێد دەکەن. وا لە خەڵک دەکەن کە ئیتر باوەریان بە حیزبایەتی نەمێنێ و باوەڕ نەمێنێ بە گۆڕانکاریی و پێیان وابێ کە دەسەڵاتی ئەو دووبنەماڵەیە لە ئاسمانەوەیەو بۆ هەتاهەتایێ دەوام دەکا. دەسەڵاتی ئەو دوو بنەماڵەیەش ئەو جۆرە ئۆپۆزسیۆنانەیان خۆش دەوێ و تەنانەت هاوکارییشیان دەکەن هەر بۆیەش تاکو ئێستا هیچ بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆن نەیتوانیوە ببێتە جێگرەوەی دەسەڵات و نەیتوانیوە کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر دەسەڵاتی بنەماڵە دابنێ و هەر بۆیەش هەر دووک بنەماڵەکە لێیان پاڵداوەتەوەو مێشێکیش میوانیان نیە، چونکە دەزانن چ شتێک لە گۆڕێدا نیە زەرەری بۆ پەزەکان هەبێ!


لە لایەکی ترەوە ئەو دوو بنەمالەیە لە مێژووی دوورو درێژیاندا لە دژایەتی کردنی یەکتردا هەر یەکەیان بە دەیان هەزار لە کوڕی کوردیان بە کوشتداوەو هەر لایەک خۆی بەڕاست و کوردپەروەر زانیوەو لایەکەی تری بە جاشی نێونەتەوەیی و بابلباب جاسوس و نۆکەر لەقەڵەمداوە. ئەو هەمو وکوژراوانە هەمووی بە شەهیدی کوردو کوردستان نووسراون و کەس و کاری شەهیدەکانیش گەلێک زۆرن و هەر هەمووشیان بە تۆزێک هاوکاری و بە بیانووی ئەوەی کە تۆ مێردت، برات، باوکت، کوڕت لەو شۆڕشەدا شەهید بووەو تازە شەرمە تۆ بچیت بۆ نێو لایەکی تر یان بەدوا ڕێبازی شەهیدەکەت نەکەویت، هەموویان بە دوا خۆیاندا ڕەکێشکردوون.


لە لایەکی ترەوە سوپای بێشوماری بن دیوار و چل بەچلەو خزمەتکاری دیوەخان و سوپایەک لە ناوی وەهمی . کە هەموو ئەوانەشیان بەدوا خۆیاندا ڕەکێش کردووەو هەر یەکەیان لە ڕووێیەکەوە پەیوەستن بە سیستەمەکەو ناتوانن هاوکار نەبن. لێرەدا هەردووک بنەماڵە سوپای بێشوماریان هەیە لە خەڵکێکی بێکار کە سیستەمەکە خۆی ئەو بێکارییەی خوڵقاندووە تاکو بێکارەکان چاریان نەبێ بێجگە لەوەی بچنە ناو سیستەمەکەوخزمەت بەو دوو بنەماڵەیە بکەن لە ژێر ناوی کوردایەتیدا..


با بێنە سەر کۆڵەکەو پشت و پەنایەکی تری ئەو دوو بنەماڵەیە کە ئەویش بەشێک یان هەندێک لە میبەری مزگەوتەکانە. هەندێک لە مینبەری مزگەوتەکان ڕێک بە ئاشکرا کارو کردەوەیان دەستەمۆکرن و ڕازی کردنی خەڵکە کە ملکەچ و گوێڕایەڵی دەسەڵاتی خۆیی بن و بە بیانووی ئەوەی کە هی خۆمانەو لە خۆمانەو برای موسڵمانی خۆمانە دەبێ فەرمانەکانیان جێبەجێ بکەین و پێیان ڕازی بین چونکە ئەوانە گۆشتیشت بخۆن ئێسقانت ناشکێنن...


لە کۆتایی دا دەمەوێت جەخت لەسەر ئەو خاڵە بکەموە کە ئەو کۆڵەکەو پشت و پەنایانەی کە ناویان هات لە سەرەوە، دیارە بە خۆشمەوە،هەموومان بەشێکین و هۆیەکین کە ڕاستەوخۆ ئەو سیستەمە ڕادەگرین و ناهێڵین بکەوێت. جا زووربەمان لە بۆ پووڵ و پارەیەو لە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی کەسیمانەو بەشێکیشمان لەبەر ترسەو بەشێکیشمان تەمبەڵ و تەوەزەلین و هیجمان دەباراندا نیەو هەندێکیشمان هەر قسەین و هیج کردارمان نیە. وەک ئەو کاکەیەی کە لە سلیمانی بە ئاشکرا دەیگوت کردار شەرتە، بەڵام بینیمان کە چۆن کرداریکی هەبوو، بینیمان چۆن هاوڕیکانی بەجی هێشت. بۆیە بە بڕوای من هەموو ئەوانەی کە ناوم هێنان دیارە بە خۆشمەوەتاوانبارین و دەبێ دادگایی بکریین هەر کاتێک کە خەڵکی کوردووستان دەسەڵاتی تایبەت بە خۆی بەدەستەوە گرت.

 

٢٤\٨\٢٠٢٥

ماڵپه‌ڕی شوان عەزیز

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک