په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٤\٢٠١٩

    پیاسەکانی روحم، تەنیا نین.


شوان حه‌سه‌ن

هەمیشە روحەکان لە گەڵماندان
لەو ساتانەی کە گوێچکەیان بۆ هەڵدەخەین
بەرەو ئەو گٶڕستانە خەمڕەڤینۆکیەمان دەبەن
دەنگێک...
لەوانەیە ئاینور بێت و ستران بۆ عەیشەشان بچڕێت
لەوانەیە حەسەن زیرەک بێت و
وەک قومری سەر باڵم شینە، بڵێت
لەوانەیە...
لەوانەیە...
لەو ساتانە زەوی زۆر بە شەرمنیی دانیشتوە!
روحێک...
لە سیمای ئەو ژنە دەچێت، کە دەستی منداڵەکانی گرتوە
تا لە شەقام بیانپەڕێنتەوە
بە نیگایەک ئاشنام دەبێت و دەیەوێت منیش بپەڕێنتەوە
روحێک...
قاوە دەخواتەوە
بە دزییی سەیرم دەکات، ئەو کاتانەی وا دەزانێت من ئاگام لێی نییە.
روحێک..
خواردن دەکڕێت لە فرۆشگایەک و
سەیرکە چەند لە تۆ دەچێت
ئەویش بە دوای زەمبیلەکەیدا دەگەڕێت و نازانێت لە کوێی داناوە؟
روحێک...
لە خەونمدا باسی ئەوەی بۆ کردم، بیری لە چی دەکردەوە، بەرلەوەی خۆی بکوژێت
روحێک...
چیتر ژمارەی تەلەفۆنەکەی ناگۆڕێت و
لە نێوان خەندەی ئەو و زەنگەکە
چاوەڕوانیی رۆندک دەبارێنێ
روحێک...
گوڵە سپیەکان لە دەستیدا دەڕوێن و
تا زیاتر سەیریان بکەی
نەرمتر رۆدەچن
روحێک...
بەر لە بەربوونەوە...
روحێک...
بەر لە خنکان
روحێک...
بەر لە نەشتەرگەریی، داوام دەکات
گەشتی باریکترین وێستگەی، پێکگەیشتنم پێدەکات
لەوێ مەرگ و چاوەڕوانیی، زۆریان نەماوە
(تیشۆرت)ەکانیان بگۆڕنەوە
ئاسمان خۆزگە تۆش، شوێن دەبووی
تا رەگم لە رەگت بئاڵاندبایە و
نهێنیی ئەو کەسەم بۆ بدرکاندبای
پاش چەند دەمژمێریتر دەیبینم و نایناسمەوە
ناوی دێنم و چاو ناکاتەوە
تۆ، بڕوام پێدەکەیت ئەو...
روحێک...
کەسێک جولەی لە تۆ دەچێت، بەڵام ئەو نازانێت بۆیە خۆشمدەوێت
روحێک...
لەگەڵ مەرگا دەخەوێت
روحێک...
لە دەمی دەڤەرێک بەردەبێتەوە و
شوێنێک نادۆزێتەوە، تا بیکا بە نیشتیمان
روحەکان
بە تەنیا جێمنا‌هێڵن
ئەمڕۆ دنیایەک راز و نیازم لە رۆخ دەریا کۆکردەوە و
لە نزیکترین گۆڕستان بەرەلامکردن
تا لە ژێر کێلێ پشووێک بدەن
ماندووم و
چیتر بەرگەی شەڕ، دڵشکان و رەنجان ناگرم
بە ساتە بێ ئومێدەکاندا دەچمەوە
سێبورییمان بەو سێبەرە دەهات، کە لە خۆمان دەچوو
هێندە دەترساین نەماندویست
باسی مەرگی چۆلەکەیەک و
وشکبوونی درەختێکمان بۆ بکەن
ساتەکان وەنەوز دەدەن لە دەستمان
کە منداڵەکان بە نیگایە شەرمنەکانیان پێماندەڵێن:
ئەرێ دەتوانن رووی ئازار لە ئێمە وەرگێڕن؟
ئەی روحە نوستوەکە
دەترسم یاریی ئێمە و ئەوان ئاشکرابێت
دەترسم پشتی خەندە و بزەکانمان بخوێننەوە و
لە لاوازییمان وەڕس ببن
چیتر بەدیار وەرزی بەڵێن ناکڕوزێینەوە
چیتر لە خۆشەویستیی ناترسین
کە دڵنیاین جارێک دەژین
بۆ میهرەبانیی بخەینە دوای مەرگ؟
دەتوانین وا بکەین
جارێکیتر رووباری خەیاڵمان نەحیلێنێ!
 

ماڵپهڕی شوان حهسهن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک