په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\١\٢٠١١

    پیاسە و شەقامەکانی ئاسمان.

تەیب قادر

لەسەر پشت ڕادەکشێم و سەیری ئاسمان دەکەم
دەبینم لە ئاسمانم و خەریکم بەردەبمەوە
خەریکم بەردەبمەوەو
کەسێک نییە بمگرتەوەو لە جێگایەکی باشم دابنێ
خەریکم جوێن بەخۆم دەدەم و
دەڵێم : بۆچی ئەم هەموو بەتاڵیەم لە گیرفانم خرکردۆتەوەو
ناچم چارەگێک پیاسەی پێناکڕم ؟
ناچم خۆم بە حەوشەی سەبوری ناڕژێنم و
دەستم ناخەمە کەناری سێبەرێکی تەڕ ؟
من چیم داوە لەم هەموو ئازایەتییە ؟
چیم داوە لەم هەموو باڵاییە ؟
کە من دڵم کەشتییەکە بێ سەر نشین
قۆریەک چایی و پیاڵەیەک لە چیرۆکی شەقامەکانی ئەو بەریی ئاسمان
شانەیەک بۆ پرچی ئێوارەیەکی تۆخ تۆخ وەک خۆی
لە گیرفانی شەوێکدا بە قەرز وەردەگرم
زۆرجار قەرز شەریف ترە لە هەندێک کار
وەک چۆن زۆر جار ڕاکردن بۆ شاخ زۆر باشترە لە مانەوە
بە ڕووتی خۆمان داپۆشین باشترە نەک بە سێبەرێک هی خۆمان نەبێ
بلۆک بخۆین باشترە نەک پەنجەی پیاوێکی گەنیو
برسێتی بخۆین باشترە نەک پەنجەرەی تاریک و
سەیرکردنی ژنێک بۆ خۆی دەمبا
ئاخر ژن ئاگای لەوە نییە
کاتێ نیوەی قاچی بە ڕووتی فڕێدەداتە پێش چاوی پیاو
چ جەهەنەمێک بۆ پیاو درووست دەکا
کاتێ نیوەی پەردە لە سەر شاشەی سینگی لادەبا
چ تەقینەوەیەکی پڕ مەرگەسات لە نێو دڵی پیاو درووست دەکا
ژن حەز دەکا هەموو پیاوانی دونیا کافر بکاو
بە دوای خۆیدا بۆ جەهەنەم ڕایان کێشێ
ئەوە نیە پیاسە بەسەر پشتی دڵی پیاودا دەکاو
هەتا هەموو نوکی تیژی نازی نەخاتە نێو ناخی پیاو دوو قسەی بۆ ناکا
من قۆرییەک چایی و پیاڵەیەک لە چیرۆکی شەقامێک و
شانەیەک بۆ پرچی ئێوارەیەکی تۆخ تۆخم پێیە
ئەبێ دوو رۆژ پیاسەی پێ درووست بکرێ ؟
رۆژێک لە گەنجی و
رۆژێک لە پیری ؟
دڵنیام لە ئاسمانڕا بەر دەبمەوە و
کەسێک نییە بمگرتەوەو لە شوێنێکی یەک قیچ باشم دابنێ
بۆیە کەشتیی دڵم پێویستی بە سەرنشینێکە.

هەولێر ٢٠١١

ماڵپەڕی تەیب قادر