١٤\٤\٢٠١١
پیاوێک به پێوە
دەمرێ.

حەمەشوان شەریف
بم نووسەوە
پەنجەکانی پیاوێک
جوانتر لەو ژنانەی
پیاویان فێری ئیرەیی کرد و
خدریان بە بەردە نوێژەکانی کانیوە نووساند
خۆیان بە عەیارانەوە
بە درەختێکی ئەرخەوانیەوە هەڵواسی،
بم نووسەوە و
بمکەرە پەنجەی بارانەوە
با گوڵی سپیت بۆ بگرم و
سنەوبەری هاوڕیم
لەدارستانێکی شوشەدا
تەنیا نەبێت،
ئەڵێی هێشتا من ناناسیت؟
لقێکم لە درەختی خەفەت
سەرمایەکم بێ پاڵتۆ
بەفرێکم سنووری مرۆڤاتەتی
ئەلکێنم بەیەکەوە
خەونێکم لە حەوشەکانی ماڵەکانەوە
بەدەم بەلوعەی کۆڵانەکانەوە لە دەمی تۆوە
ئەگەڕێمەوە بۆ ژیان،
بمنوسەوە
ئەی جوانترین چەمی بەهار
ئەی ئاسمانی ئەو،
حەوسەڵەم نەماوە بە دیار هیوایەکەوە
دانیشم
زڕ وەک مردن
ژیان وەک تۆ
بمنوسەوە
پەنجەکانی پیاوێکی سەرخۆش
کە ئەزانم حەوسەڵەت بڕی درۆ ناکات،
دەستێکم بۆ بگرەوە
قەرەچ
خۆم ئەزانم بێ هیوام
بەڵام ڕەنگە پەلکەگیایەک
مرۆڤێک بگۆڕیت.
لەم ساتەیدا!
نە بارانێ شک ئەبەم
نە سێبەری لەشم
نە فڕیوم وەک و تۆ
کەچی ئێستاش
هەر ژیاوم...
بمنوسەوە
ئەی ئەو پیاوەی
قابیلی کوشت و
ژیانی تۆی داوە لە سێدارە
ئەزیزی من
من و تۆ
گومان پەنجەکانی داخ کردوین
ژیان هەڵیواسیوین
بۆ تاقیکردنەوە،
دیارە من بەگومان
ئارام دەبم و تۆش
ژیان سەرقاڵی کردوی.....
پۆترێتێکی سریالیم بۆ بکێشە و
بە لقیێکی هەتاوەوە هەڵمواسە
شانازی مەنوێنە بە قەدەرتەوە
تۆش بە تنۆکێک ئاو چاوت هەڵهێناوە
بۆ نەهامەتی،
بمخەناو دێڕێکی نەبیسراوی چەرخی تەواوەوە.
ماڵپهڕی
حهمهشوان شهریف
|