١٩\٤\٢٠٢٣
پیاوێ
ماسترۆی دڵی منە.

دڵکەش قادر
پیاوێک مایسترۆى دڵى منە
پیاوێ بە هەموو بوونیەوە
خەونم دەدزێ و
شێتانە مەستم دەکا
شێتانە ئاڵوودەى ئەندێشەی خۆیم دەکا.
پیاوێ ستەمگەرانە لە دواى باران
شەبەنگى چاوى
گەرمیى هەناسەى
قژى ئاڵۆسکاوم شانە دەکا.
من و تۆ لە جامێک پێکەنین و
میلۆدییەکى مەردان*
ئاوێتە...
من و تۆ
لە گوڵدانی ئاوازێ و
جوانیى مێخەکبەندان و
بۆنى مێخەک
شێتبوون تا ئاڵوودەبوون، تا توانەوە
تا گەیشتنە ماڵى چێژ.
پیاوێک ماسترۆى ئەندێشە و
جووتە شەمامەى باخچەیەکى بێناز و
ئارەقى هەڵگۆفینى ئەو چاوانەیە تا گەیشتن بە دواهەمین تاریکیى شەو
پیاوێک نەناسراوانە و شێتانە
منى ئاوێزان کرد.
ئەى جوانتر لە باخچەکانى ''عەدەن'' ئاشتمکەوە و
راپەڕینێکت لە نێو دڵى منا هەڵگیرساندوە و
دەروازیەکت چێکردوە بە ناوى ئازادیی و
وڵاتێکت لە سەر سینەى من نەخشاندوە بێ ناو وەک دڵى نەورەسێکى وێڵ
پیاوێ ئەندێشەتر لە تیشکى هەتاو
پیاوێ مایسترۆى ئەندێشەی منە.
______________________________________
*
عەلى مەردان.
سلێمانی
ماڵپهڕی
دڵکەش قادر
|