پەرلەمانی
کوردستان لە زەمەنی خولەفای راشدیندا!

تاڤگە سابیر
لە کاتێکدا کە لە هەموو خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا تەنیا کوردستان و عیراق
دوای ئازاکردنی لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانان بە رووی دونیادا
کراوەتەوە و تا رادەیەکی باش وا خەریکە لەگەڵ خۆرئاوا تێکهەڵکێش دەبێ،
کەچی بەداخەوە پەرلەمانێکمان هەیە بە دەرکردنی هەنێ یاسا و رێسا
لەبەرچاوی دونیای دەرەوە ناشیرینمان دەکا، پەرلەمانی کوردستان دەتوانێ
بە دەرکردن و پەسەند کردنی یاسای پێشکەوتوخوازانە و گونجاو لەگەڵ بەند
و بڕگەکانی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ لەبەرامبەر ئەوروپا و
ئەمریکا و خۆرئاوا رووسپیمان بکات، بەڵام بە پێچەوانەوە بە یاساییکردنی
فرەژنی بووە ئەو بەلەمە شەق و شڕەی سەردەمە تاریکەکان کە دژەئاڕاستەی
شەپۆلەکانی پێشکەوتنی دونیا هەنگاودەنێ! ئەم یاسا یە دژە ئینسانیە وای
نیشانی دونیا دەدا کە کوردیش وەک هەندی لە قەبیلە دواکەوتووەکانی
ئەفغانستان و باکستان سەیر بکرێ، کە لە راستیدا کورد وا نیە، کورد بەر
لە ئیسلامیش لە زۆر دابونەریتی کۆمەڵایەتیدا پێشکەتووخوازتر بووە لە
عەرەب و نەتەوەکانیتر، وەک تێکەڵاوی ژن و پیاو لە کاری کشتوکاڵ و
جۆرەها کاریتری دەرەوە و تێکەڵاوی ژن و پیاو لە بۆنە کۆمەڵایەتیەکان و
رەشبەلەک و .....هتد.
ئیسلام هات و بەسەپاندنی فکر و یاسایە جەنگەلستانیەکەی دورگەی عەرەب
هەموو بەها جوان و دابونەریتە رەسەنە جوانەکانی کوردی خنکاند! ئیسلام
هات و ژنی کردە پلە دوو و فرەژنی و چەوسانەوەی ژنی سەپاند! لەشکری
داگیرکەری ئیسلام هات و بە زەبری شمشێر و لافاوی خوێن هەموو یاسا و
شەرعە دواکەتوو و دژە ئینسانیەکانی سەپاند کە زۆرینەی دژی ژنە!
پەرلەمانی کوردستانیش بە هەمان نەفەسی زەمەنی خولەفای راشدین ئێستا
یاسامان بۆ دەردەکا، پەرلەمان بە بیر و عەقڵیەتی سەدان ساڵ پێش ئێستا
مامەڵە لەگەڵ کۆمەڵگای ئێستای کورد دەکا کە وا خەریکە بەرە و کرانەوە
دەچێ‘ ئەندامانی پەرلەمان ئەو هەموارکردنەی لە یاسای باری کەسێتی کە
چەند ساڵێکی کەم لەمەوبەر مام جەلال کردی بیریان چۆووە، کە هەردوو
مادەی 62 و 59 بوو رێگری لە فرەژنی دەکرد، ئەی ئێستا نیوەی ئەندامانی
پەرلەمان سەر بە حزبەکەی مام جەلال نین؟ بۆچی ئەوانیش هیچ نەبووایە بەو
ئاڕاستەیە کاریان نەکرد و نەبوونە دەنگ بە ئاڕاستەی بیرکردنەوەی
سکرتێری گشتیان؟!
لەگەڵ ئەوەی چەند دەنگێکی کەم هەیە کە نارەزایی دەربڕی و دەنگی بۆ ئەم
یاسایە نەدا، بەڵام بە پێی هەندێ زانیاری هەندێک لەو ئەندام
پەرلەمانانەی کە گوایا لایەنگری مافی ژنن خۆیان لەم دانیشتنە دزیوەتەوە
و نەچوون بۆ ئەوەی دەنگی ناڕازی کەمتر بیت و یاساکە پەسەند بکرێ!! ئەم
جۆرە ئەندام پەرلەمانانە لە ئیسلامیە توندڕەوەکان دواکەوتووترن و جگە
لەمەش ئەوە ئەسەلمێنن کە شایانی نوێنەرایەتی خەڵک نین کە دەنگیان بۆ
داون و بە دەنگی خەڵک چوونەتە سەر ئەم کورسییە! هیوادارم سەرۆکی هەرێم
ئەم یاسایە ئیمزا نەکا و یاساییەکی وا دواکەوتوو بۆ دواکەوتووەکانی ناو
پەرلەمان بنێرێتەوە و ئەم ئیمزا نەکردنە ببێتە ئەو پەیامەی کە پەرلەمان
تێبگەیەنێت ئەم سەردەمەی سەدەتاریکەکان گوزەشت!!!!
|