٢٦\٨\٢٠٢٤
پڕۆژەیاسای
منداڵبازیی شیعەگەرایی!
دارا خونچە
هەر یاسایەک مافە سروشتیی و کۆمەڵایەتییەکان و ئازادییەکانی ''تاک و
کۆمەڵ''ی هەندێک بەسەر هەندیکی دیکە زاڵ بکا ئەوە یاسایەکی
کۆنەپەرستانە و نامرۆییانەیە جا لە هەر سەردەم و جێ و بارودۆخەک
بی،
هەر لەو روانگەوە ''یاسای باری کەسیەتی''ی ئێراقی ژمارە
١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩* بە تێکڕای
هەموارکردنەکانیەوە تا رووخانی رژێمە رەگەزپەرست و داگیرکەرەکەی سەدام..
هەرچەندە بە پێشکەوتووترین یاسای باری کەسیەتی دادەندرێ لە وڵاتانی
نێوچەکە.. یاسایەکی کۆنەپەرستانەیە بە تایبەتییش لە پرسەکانی
هاوسەرگیریی و میرات سەبارەت ماف و ئازدییەکانی ژنان.
ئەو یاسایە لە لایەن دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بە یاسای ژمارە
١٥ی ساڵی ٢٠٠٨**
هەموارکرایەوە، هەرچەندە گوایە ئەو هەموارکردنەوە نوێیە لە پێناو
رێکخستنی پەیوەندییە خێزانیی و کۆمەڵایەتییەکان و دابینکردنی
دادپەروەریی و یەکسانیی پڕاوپڕی نێوان ژنان پیاوان بووە وەک دوو باڵی
ژیانی مرۆڤایەتی لە نێو کۆمەڵ، لێ لە روانگەی یەکسانیی وەک یەکی نێوان
ژنان و پیاوان گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی چێنەکرد بە تایبەتییش لەسەر
بنچینەی بەکەمترگرتنی ژنان لە پیاوان لە لایەن ''شەرع''ی ئیسلامیی درێژەی
بە هەبوونی فرەژنیی و ژێرپێخستنی ماف و ئازادییەکانی ژنان دایەوە و
رەگەزەکانی دیکەی مرۆڤیشی
کە لە نێوان هەردوو رەگەزی ژنان و پیاوانن هەر بە فەرامۆشکرایی
هێشتنەوە!
کەچی ئێستا لایەنە باڵادەستەکانی شیعەی سەر بە رژێمی کۆماری سێدارەی
ئیسلامیی ئێران دەیانەوێ بە خستەڕووی پڕۆژەیەک لە پەرلەمانە
رەگەزپەرستە ئیسلامییە داگیرکەرەکەی ئێراق ئەو یاسایە کۆنەپەرستییەی ساڵی
١٩٥٩ کە بە هەموارکردنەکانیشیەوە لە ژێر
تەپوتۆزی چەوساندنەوە نغرۆ بووە هەر لەسەر بنچینەی ''شەرع''ی ئیسلامیی
بە یاسایەکی کۆنەپەرستانەتر هەمواربکەنەوە.. واتە مارەکردنی کیژۆڵەی ٩
ساڵان بە یاسای منداڵبازیی (پیدوفلیا) دابسەپێنن!
جا من وەک خۆم و وەک ئەندامێکی رێکخراوی ''ئازادیی دەربڕین''یش بەوپەڕی
توندییەوە دژ بەو پڕۆژەی هەموارکردنەوەیە رادەوەستم، لێ بە داخەوە لەو
بارودۆخە پڕ لە قەیران و داڕووخاوەی ئێستای کوردستان و ئێراق و
هەژموونی سیستەمی لیبرالیزمی نوێی سەرمایەداریی جیهانیی ئەگەر تێکڕای
یەکسانییخوازان و ئازادییخوازان و پێشکەوتخوازان تەنانەت سەرجەم خەڵکی
کوردستانیش دژ بەو پڕۆژەیە بێنە سەر هێڵ هەر دەبێتە هەڵوێست دەربڕینێک
و هیچ ئامانجێک ناپێکی.. چون خەڵکی کوردستان هەم بە هۆی بندەستبوون و
پابەستبوونی بە ئێراقی داگیرکەرەوە ئەو توانا و هێزە مرۆیی و یاسایی و
دەستوورییەی نییە لەو بارەیەوە لە بەرانبەر دەسەڵاتدارانی بەغدا خۆی
بنوێنی یان بە جودا لە ئێراق یاسایەکی باری کەسیەتیی پێشکەتنخوازانە
دابڕێژی و جێکەوتەی بکا.. هەم بە هۆی کەمینەیی دانیشتوان لە بەرانبەر
زۆرینەی دەسەڵاتی رەگەزپەرست و ئیسلامیی بەغدا تەنانەتە ئەگەر پەیڕەوی
دیموکراسییە پەڕپووتەکەی جیهانی رۆژاواش بکرێ هەر دەبێتە دەنگی کەمینە
و هیچ بە هیچ ناکا.. ئەوە سەرەڕای ئەوەی باری خراپی ژیان و گوزەران و
سەرکوتگەریی و
گەندەڵکاریی و گەڕەلاوژێی رامیاریی پارتییەکان و دەسەڵاتدارانی
کوردستان و نەبوونی بزووتنەوەیەکی دژبەری شۆڕشگێڕانە هێز و بڕستیان لە
خەڵکی کوردستان بڕیوە.
لەوەتەی ئەو ئاراستە شیعەیە لە عێراق زاڵە لەبەرئەوەی هێندە دڕندە و
نامرۆییانەیە - ئەگەر سونەش دەسەڵاتی هەبی
هەر ئەوها دەبی - خەریکە
لە هەر دەستکەوتێک کە لە بەرژەوەندیی ژیانی مرۆڤەکانە هەڵدەگەڕێتەوە..
بە دڵنییاییەوە لە داهاتووش هەر ئەوە کاری دەبی کە هەر یاسایەک
سادەترین پاڕێزگاریی لە ماف و ئازادییەکان بکا هەڵیبوەشێنێتەوە و
یاسایەکی بەر لە ١٤٠٠ ساڵ لە جێی دابنێ، ئیدی
ئەوە گەمژەییەکی رامیاریی زۆر گەورەیە ئەگەر بە هیوای ئەوە بین ئەو
جۆرە رژێمە وردە وردە بە ئاراستەی یاسا و رێسایە شارستانییەکان گۆڕانی
بەسەردادێ یان
لە داهاتوودا بە لایەنی کەم بە پێی بنچینەکانی مافی مرۆڤ هەنگاودەنێ و
کرانەوەیەک لە هەمبەر پرسی نەتەوەیی و نیشتمانیی و تایبەتمەندییەکانی
خەڵکی کوردستان دەگرێتەبەر،
لە راستییدا هەر رامیاریی نێودەوڵەتییش ئەوەی ناوێ، لەبەرهەندێ بە رای من باشترین چارەی خەڵکی
کوردستان بە تایبەتییش خەڵکە ئازادییخواز و یەکسانییخوازەکەی ئەوەیە
کە کوردستان لە ئێراق جودابکرێتەوە
و سەربەخۆیی رابگەیەندرێ.. ئیدی ئەو
کات هەم لەوە رزگاردەبی هێز و توانایەکانی لە لایەک لە بەرانگژبوونەوەی
کۆنەپەرستییەکانی
دەسەڵاتی بەغدا و لە لایەکی دیکەش لە تێکۆشان لە پێناو مافە نەتەوەیی و
نیشتیمانییەکان بەفیڕۆبدا هەم دەستی ئاوەڵاتر دەبێ کە یاسایەکی
یەکسانییخوازانەی باری کەسیەتی و هەر یاسایەک کە لە راژەی مرۆڤەکاندا
دەبی دابڕێژی و بە شێوەیەکی گشتیی جلەوی خەباتی کۆمەڵایەتی لە پێناو
وەدەستهێنانی زۆرترین ماف و ئازادییەکانی چین و توێژە هەژار و
بەشمەینەکان کە زۆرینەی هەرە زۆری کۆمەڵن بگرێتە دەست.
______________________________________
* یاسای هەموارکراوی باری کەسیەتیی ئێراقی ژمارە
١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩:
https://iraqi-alamal.org/wp-content/uploads/2019/10/-%D8%A7%D9%84%D8%A7%D8%AD%D9%88%D8%A7%D9%84-%D8%A7%D9%84%D8%B4%D8%AE%D8%B5%D9%8A%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82%D9%8A-%D8%B1%D9%82%D9%85-188-%D9%84%D8%B3%D9%86%D8%A9-1959%D8%A7%D9%84%D9%86%D8%A7%D9%81%D8%B0.pdf
** یاسای ژمارە ١٥ی ساڵی ٢٠٠٨، یاسای هەموارکردنی
جێبەجێکردنی یاسای باری کەسیەتی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی هەموارکراو لە
هەرێمی کوردستان:
https://www.parliament.krd/media/2371/%DB%8C%D8%A7%D8%B3%D8%A7%DB%8C-%DA%98%D9%85%D8%A7%D8%B1%D9%87-15-%DB%8C-%D8%B3%D8%A7%DA%B5%DB%8C-2008%DB%8C%D8%A7%D8%B3%D8%A7%DB%8C-%D9%87%D9%87-%D9%85%D9%88%D8%A7%D8%B1%D9%83%D8%B1%D8%AF%D9%86%DB%8C-%D8%AC%DB%8E-%D8%A8%D9%87-%D8%AC%DB%8E-%D9%83%D8%B1%D8%AF%D9%86%DB%8C-%DB%8C%D8%A7%D8%B3%D8%A7%DB%8C-%D8%A8%D8%A7%D8%B1%DB%8C-%D9%83%D9%87-%D8%B3%DB%8C%D9%87-%D8%AA%DB%8C-%DA%98%D9%85%D8%A7%D8%B1%D9%87-188-%DB%8C-%D8%B3%D8%A7%DA%B5%DB%8C-1959-%DB%8C-%D9%87%D9%87-%D9%85%D9%88%D8%A7%D8%B1%D9%83%D8%B1%D8%A7%D9%88-%D9%84%D9%87-%D9%87%D9%87-%D8%B1%DB%8E%D9%85%DB%8C-%D9%83%D9%88%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86-%D9%80-%D8%B9%DB%8C%D8%B1%D8%A7%D9%82.pdf
ماڵپهڕی دارا
خونچە
|