پۆپه‌ری كڵوڵ و كڵۆڵیی هه‌میشه‌یی لیبڕاڵیزم.
- توێژینه‌وه‌یه‌كی ره‌خنه‌گرانه‌ی به‌راووردكارییه - به‌شی یه‌که‌م:
" تا ئێستا فه‌یله‌سوفان بایه‌خیان به راڤه‌كردنی بوون داوه، به‌ڵام كاتی ئه‌وه هاتووه كار بۆ گۆڕینی بكه‌ین نه‌ك راڤه‌كردنی"(ماركس)
محه‌مه‌دی مشیر پێشكه‌شه به: * هه‌موو ئه‌وانه‌ی شێلگێرانه له پێناو ئازادی راسته‌قینه‌ی مرۆڤایه‌تی و نه‌هێشتنی شێوه‌كانی جیاكاری تێده‌كۆشن.. * به باوكم كه ماركسیستانه په‌روه‌رده‌ی كردم. * به هاوسه‌ری خۆشه‌ویستم ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌بووایه ژیان بۆ من هیچ مانایه‌كی نه‌ده‌بوو..
ئه‌م كتێبه بۆ؟
له 30/4/2008 دا وتارێكم به‌ناونیشانی (ئۆباڵی هه‌ڵه‌كانتان مه‌خه‌نه ئه‌ستۆی ماركسیزم) له ماڵپه‌ڕی ده‌نگه‌كان بڵاوكرده‌وه، ئه‌م وتاره پتر له سه‌دو هه‌شتا جاران له‌لایه‌ن خوێنه‌رانی ماڵپه‌ڕه‌كه خوێندرابوویه‌وه یان بینرابوو، ئه‌گه‌رچی ئه‌م ژماره‌یه زۆر وورد نییه، به‌ڵام سه‌رباری ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی كه ماركسیزم وێڕای داڕمانی ئه‌زموونه‌كه‌ی سۆڤیه‌ت و ئه‌و ره‌خنانه‌ی له‌وه‌ته‌ی سه‌رهه‌ڵدانییه‌وه ئاراسته‌ی ده‌كرێن، هێشتا فه‌لسه‌فه‌یه‌كی زانستی مرۆڤدۆستانه و زیندووه وخوێنه‌ری خۆی هه‌یه، جا ئه‌و خوێنه‌ره چ دژ بێ و بیه‌وێ بزانی چی تازه له‌مباره‌یه‌وه هه‌یه، چ ره‌خنه‌ی له ماركسیزم هه‌بێ و بۆ زانیاری زیادتر و پشتڕاستكردنه‌وه‌ی زانیارییه‌كانی پێشتری ئه‌م جۆره وتارانه بخوێنێته‌وه، چ لایه‌نگر بێ و بزانێ دوای ئه‌و هه‌ره‌سه‌ی سۆڤیه‌ت و بلۆكی ئه‌وروپای خۆرهه‌ڵات دنیا چ باسه، ئه‌مه دیوێكی مه‌سه‌له‌كه‌یه، دیوه‌كه‌ی دی خوێنه‌رێك به‌ناوی(سۆران هایدلبرگ)، كه پێموایه ناوێكی خوازراوه، دوور له توندڕۆیی و به زمانێكی ساده تێبینییه‌كانی خۆی به چه‌ند دێڕێک له‌باره‌ی وتاره‌كه نووسیبوو كه له ده‌ستپێكیدا په‌نجه‌ی بۆ بۆچوونه‌كانی (كارڵ پۆپه‌ر) و چه‌ند سۆسیۆلۆژیستێك درێژكردبوو، ره‌خنه‌یه‌كی هێمنانه‌شی له به‌نده گرتبوو كه داوای لێكردبووم به‌رگی چه‌پی ماركسی داماڵم و به‌قسه‌ی ئه‌و پۆپه‌ر وماكس فیبه‌ر و تالكۆت بارسۆنز و ئه‌و كه‌سانه بخوێنمه‌وه كه گوایه به بۆچوونی ئه‌و براده‌ره، له‌گه‌ڵ ئه‌وپه‌ڕی رێزم بۆ بۆچوونه‌كانی، له بواری فه‌لسه‌فه و فكر‌و ئابووری و سۆسیۆلۆژیا...تاد، شكستی ماركسیزمیان سه‌لماندووه یان رێگه‌چاره‌ی باشتریان بۆ كێشه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی مرۆڤایه‌تی پێیه، به هه‌ر حاڵ سوپاسی ئه‌و براده‌ره ده‌كه‌م كه نایناسم و پێشتریش ناویم نه‌بیستووه، به‌ڵام سه‌رنجمی بۆ نووسینی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه راكێشا كه ماوه‌یه‌ك پێشتر له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێ هاوڕێی ماركسی و چه‌پ باسمان له‌وه كردبوو كه بواری هزری ماركسی به زمانی كوردی نووسین و گوتار و توێژینه‌وه و لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌باره‌وه كه‌مه، یان ئه‌وه‌ی به‌رده‌ستیشه وه‌كو پێویست نییه‌و به‌شی هه‌ره زۆری بابه‌تی وه‌رگێڕدراون و له‌نێویشیاندا پشكێكی زۆریان به ئه‌مانه‌ته‌وه وه‌رنه‌گێڕدراون یا دوای چه‌ندین وه‌رگێڕان به كوردی كراون، بۆیه پێویسته بایه‌خی پێبدرێت و خۆێنه‌ری كوردیش، به‌تایبه‌ت نه‌وه‌كانی ئێستا، زانیاری پتریان له‌باره‌یه‌وه هه‌بێ تاكو هه‌رهیچ نه‌بێ ئه‌و ته‌مومژه بڕه‌وێته‌وه كه ئه‌زموونه‌كه‌ی سۆڤیه‌ت و تیۆریسیان و بیرمه‌ندانی سه‌رمایه‌داری بۆ به‌رژه‌وه‌ندی و ته‌مه‌ن درێژی سیسته‌مه (سیاسی – ئابووری) یه‌كه‌یان هه‌وڵی مانه‌وه‌و سه‌قامگیركردنی ده‌ده‌ن، ئه‌گه‌رچی له زۆر لایه‌نی گرنگی ژیانیشدا سوودیان له ماركسیزم وه‌رگرتبێ و ئاماژه‌شیان به‌م راستییه نه‌كردبێ یان شه‌رمنانه په‌نجه‌یان له‌سه‌ر دانابێ!
خاڵێكی دیكه له تێبینییه‌كانی ئه‌و براده‌ره‌ی ناویم له سه‌ره‌وه هێنا ئه‌وه‌بوو كه چۆن ئه‌و گه‌لانه‌ی چه‌وساندنه‌وه‌ی گه‌لانی دیكه ده‌كه‌نه پیشه ئازادنین، له‌مباره‌یه‌وه هه‌ر هێنده ده‌ڵێم ئه‌و گه‌لانه‌ی چه‌وسانه‌وه‌ی گه‌لانی دیكه‌یان پێقبووڵه به‌هه‌مان ئه‌و كۆت و زنجیره‌وه به‌ندن كه گه‌لانی دیكه‌ی پێده‌چه‌وسێننه‌وه و باجی ئه‌مه‌شیان قورس داوه و ده‌یده‌ن، نموونه ئه‌ڵمانیای نازی ئێستاشی له گه‌ڵدابێ باجی هۆلۆكۆستی جوله‌كه‌كان ده‌داته‌وه، توركیا تا ئێستاش كه ناكرێته ئه‌ندام له یه‌كێتی ئه‌وروپا باجی كۆكوژی ئه‌رمه‌نه‌كان و چاره‌سه‌رنه‌کردنی کێشه‌ی کورد ده‌داته‌وه، ئه‌مریكا تا نوكه‌ژی باجی جه‌نگی ڤیه‌تنام ده‌داته‌وه، ده‌ره‌نجام باری قورسی ئه‌و باجدانه‌وه‌یه‌ش له سه‌ر حسێبی خودی گه‌لانی ئه‌و وڵاتانه ده‌بێت كه رژێمه‌كانیان پێشتر گه‌لانی دیكه‌یان چه‌وساندۆته‌وه.ماركس كه گوتویه‌تی" هه‌ر گه‌لێك گه‌لێكی دیكه بچه‌وسێنێته‌وه ئازاد نییه"به قووڵی په‌یوه‌ندی نێوان چه‌وسێنه‌ر و چه‌وساوه‌ی ره‌چاوكردووه و ئامانجی هه‌ره مه‌زنی فه‌لسه‌فه و تێڕوانیینه‌كانیشی خودی مرۆڤ بووه، كه نابێت هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی ناڕه‌واو نایه‌كسان و گوماناوی له نێوان مرۆڤه‌كاندا هه‌بێت، هه‌ر مرۆڤێك یه‌كی دیكه بچه‌وسێنێته‌وه ئازاد نییه، جا هۆكارو شێوازی ئه‌و چه‌وساندنه‌وه‌یه هه‌رچییه‌ك بێت، ئاسه‌واری چه‌وساندنه‌وه‌كه وه‌ك چۆن كاریگه‌ری به‌سه‌ر چه‌وساوه‌كه‌دا هه‌یه ئاواش به‌سه‌ر چه‌وسێنه‌ره‌كه‌وه دیاره.
هیوادارم سه‌رباری كه‌می سه‌رچاوه‌كانی به‌رده‌ست و زیادتر هه‌ڵگرتنی بابه‌ته‌كه ئه‌م هه‌وڵه بچووكه، كه له سێ ته‌وه‌ردا باس له جیاوازییه‌كانی نێوان ماركسیزم و لیبڕالیزم ده‌كات، توانیبێتی له رێگه‌ی ره‌خنه و به‌راووردكارییه‌وه تیشكێك بخاته سه‌ر هه‌ندێ لایه‌نی ماركسیزم و ئه‌وانه‌ی ماركسیزمیان قه‌بوڵ نییه، یان له‌و باوه‌ڕه‌دان كه ماركسیزم شكستی هێناوه و ئیتر بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه ناگونجێ و ته‌واوی هه‌ڵه‌و كه‌موكورتییه‌كانی خۆیان ده‌خه‌نه ئه‌ستۆی ماركسیزم و له‌و باوه‌ڕه‌دان كه تاكه هزر و فه‌لسه‌فه‌ی سه‌رده‌م نیولیبڕالیزمه و مرۆڤایه‌تی هیچ ئه‌ڵته‌رناتیڤێكی دیكه‌ی له‌به‌رده‌ستدا نییه.
محه‌مه‌دی مشیر ته‌مموزی 2008
پۆپه‌ر كێیه؟
كورته‌یه‌ك له‌باره‌ی بۆچوونه سه‌ره‌كییه‌كانی كارڵ پۆپه‌ر.
كارڵ پۆپه‌ر یه‌كێكه له‌و فه‌یله‌سوفانه‌ی له سه‌ره‌تاكانی ژیانیدا به ماركسیزم سه‌رسام بووه، له‌مباره‌یه‌شه‌وه له‌ژیاننامه‌ی خۆیدا رایگه‌یاندووه كه" لایه‌نگرانی ماركسیزم هه‌میشه پشت به چه‌ندین رووداوی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌به‌ستن كه دروستی میتۆده‌كه‌یان ده‌سه‌لمێنێ"، به‌ڵام دواتر دژایه‌تی ماركسیزمی كردووه.
پۆپه‌ر به‌پێی میتۆدی (( ئاوه‌زگه‌رایی ره‌خنه‌گرانه- العقلانیة النقدیة)) كاری له بواری فه‌لسه‌فه‌دا كردووه و بنه‌ماكانی ئه‌م میتۆده‌ی چه‌سپاندووه، بۆ دژایه‌تیكردنی ماركسیزم ددان به‌وه‌دا ده‌نێ كه له پێش هه‌موو شتێك‌دا له‌بری پڕه‌نسیپی (ئه‌گه‌ری به‌دیهاتن و ئه‌گه‌ری سه‌لماندن – امكانیة التحقق و الاثبات) وه‌ك پێودانگێك بۆ سه‌لماندنی زانستیبوونی هه‌ر تیۆرێكی زانستی، پڕه‌نسیپی به‌درۆخستنه‌وه (التكذیب) یان پووچه‌ڵبوونه‌وه‌یFalsifiability )) ))، بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی میتۆدی زانستییانه‌ی ماركسیزم داڕشتووه.
به‌شێكی بۆچوونه‌كانی پۆپه‌ر دوای بڵاوبوونه‌وه‌یان به‌ره‌وڕووی ره‌خنه‌بوونه‌وه و به‌شێكی دیكه‌شیان له رێگه‌ی نووسینه‌كانی شاگرد و لایه‌نگره‌كانی وه‌كو (لاكاتۆس، بارتلی و كۆن فایرباند و ..هیتر)گه‌شه‌یان پێدرا، به‌مه‌ش ئاوه‌زگه‌رایی ره‌خنه‌گرانه بره‌و و ده‌نگۆیێكی تایبه‌تی له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و ئینگلاند و ئه‌ڵمانیای یه‌كگرتوو په‌یداكرد و له ده‌یه‌كانی كۆتایی سه‌ده‌ی رابردووش‌دا بووه یه‌كێك له گرنگترین چاوگه فه‌لسه‌فییه‌كانی چینی ده‌سه‌ڵاتداری بۆرژوا.
بره‌وسه‌ندن و سه‌ركه‌وتنی هه‌وڵه‌كانی (( ئاوه‌زگه‌رایی ره‌خنه‌گرانه)) له جیهانی هاوچه‌رخی سه‌رمایه‌دارییدا به‌ڕای هه‌ندێ له بیرمه‌ندانی ماركسی به‌وه راڤه‌نه‌كراوه كه تاچه‌ند چاكسازی له ساختاری فه‌لسه‌فه‌ی زانستیی مرۆكرد(فلسفه العلم الوضعیة) كردووه، به‌ڵكو به‌وه پێوانه و راڤه‌كراوه كه دامه‌زرێنه‌ره‌كه‌ی، واته كاڕڵ پۆپه‌ر، به پێی ئه‌م میتۆده‌و له به‌رگێكی زانستی درۆییندا تاچه‌ند دژایه‌تی ماركسیزم ده‌كات. هه‌ر له‌به‌ر خودی ئه‌مه‌ش له هه‌لومه‌رجی توندتربوونی له رادده‌به‌ده‌ری ململانێی چینایه‌تی هێزه پارێزكاره كۆنه‌په‌رسته‌كان و توێژگه‌لێكی سۆسیال دیموكراتی راستڕۆ له كۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داریدا پێشوازییان له تێزه هزری و فه‌لسه‌فییه‌كانی كرد.
سه‌ره‌تای ئایدیا بنه‌ڕه‌تییه‌كانی پۆپه‌ر له‌مه‌ڕ میتۆدی ((ئاوه‌زگه‌رایی ره‌خنه‌گرانه)) بۆ ئه‌و كاته ده‌گه‌ڕێته‌وه كه بیروڕای دیارترین پێڕه‌وانی (ئه‌لقه‌ی ڤیه‌ننا) ی ده‌خسته ژێرپرسیارو ره‌خنه‌ی لێده‌گرتن. هه‌رچه‌نده پۆپه‌ر به یه‌كێك له پێڕه‌وانی پۆزه‌تیڤیتییه نوێیه‌كان (الوضعیین الجدد) ئه‌ژمارده‌كرێ، به‌ڵام بۆ خۆی به‌شێوه‌یه‌كی بنبڕ ئه‌مه‌ی ره‌تكردۆته‌وه وخۆی به(واقعبینێكی میتافیزیكی) ئه‌ژماركردووه. ئه‌و له‌و باوه‌ڕه‌دابووه كه مامه‌ڵه‌كردنی نوێنه‌رانی میتۆدی پۆزه‌تیڤیتی لۆژیكی(الوضعیة المنطقیه) له‌گه‌ڵ واتای ده‌ربڕین و ده‌سته‌واژه‌كان له زمانی ئاسایی، یان زانستیدا، كارێكی بێسووده، كه‌چی ئه‌وان به تاكه خولیای ره‌وای هه‌ر فه‌یله‌سوفێكی راسته‌قینه‌ی ده‌زانن.
جیاوازی پۆپه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌واندا له‌وه‌دابوو كه پۆپه‌ر جه‌ختی له‌هه‌بوونی كێشه‌گه‌لی فه‌لسه‌فی كرده‌یی ده‌كرده‌وه و ئه‌و كێشه فه‌لسه‌فییه ته‌قلیدییانه‌ی كه پۆزه‌تیڤیتییه‌كانیش به كێشه‌ی پووچیان ده‌زانی له چوارچێوه‌ی ئه‌و كێشانه ئه‌ژمار ده‌كرد، به‌ڵام وێڕای ئه‌مه‌ش بابه‌ته بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ((ئاوه‌زگه‌رایی ره‌خنه‌گرانه)) له سه‌ر زه‌مینه‌ی پۆزه‌تیڤیتی لۆژیكی نه‌شونمایان كرد، ئه‌گه‌رچی دواتر گۆڕانكاری جیددیشیان تێدكرا.
پۆپه‌ر له‌گه‌ڵ لایه‌نگرانی پۆزه‌تیڤیتی لۆژیكیدا له‌و خاڵه‌دا ته‌با بووه كه ئه‌وان هه‌وڵیان داوه پێودانگێك بۆ زانستیبوونی كێشه زانستی و تیۆره زانستییه‌كان بدۆزنه‌وه، به‌ڵام له‌جیاتی ئه‌وه‌ی جیاوازی نێوان كێشه زانستی و میتافیزیكییه‌كان بكاته بابه‌تی ره‌خنه‌كانی و به‌ره‌نگاریان ببێته‌وه، داوایكردووه كێشه زانستییه‌كان له كێشه زانستییه درۆیینه‌كان جیابكرێنه‌وه، له‌مباره‌یه‌شه‌وه پێودانگێكی تایبه‌تی بۆ خۆجیاكردنه‌وه له‌وان داڕشت و ره‌خنه‌یه‌كی ته‌ڵخ و ره‌شبینانه‌ی ئاراسته‌ی پڕه‌نسیپی هه‌مواركراوی (ئه‌گه‌ری به‌دیهاتن و ئه‌گه‌ری سه‌لماندن)كرد، كه به پڕه‌نسیپێكی بنچینه‌یی ئاوه‌زگه‌رایی پۆزه‌تیڤیتی ئه‌ژمارده‌كرێ. دواتر سه‌باره‌ت به ره‌خنه‌كانی له‌م پڕه‌نسیپه پۆپه‌ر رایگه‌یاند كه ره‌خنه‌كانی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو بوونه مایه‌ی هه‌ره‌سهێنانی ئاوه‌زگه‌رایی لۆژیكی.
پۆپه‌ر سه‌رباری ره‌خنه‌كانی له‌مه‌ڕ پڕه‌نسیپی(ئه‌گه‌ری به‌دیهاتن و ئه‌گه‌ری سه‌لماندن)، له‌و باوه‌ڕه‌دابوو كه میتۆدی پشكنین و به‌دواداچوونیش - الاستقرا‌ء- میتۆدێكی داڕماوه، ئه‌گه‌رچی ئه‌م میتۆده گه‌وهه‌ری پڕه‌سه‌نسیپی به‌دیهاتن و سه‌لماندنه، له‌مه‌شدا پشت به بیانووه‌كانی (داڤید هیوم) ده‌به‌ستێ و پێیوایه رووداوه‌كان هه‌رچه‌ندیش زۆربن ناتوانن دروستی كێشه‌یه‌كی گشتی یان تیۆرێكی كرده‌یی بسه‌لمێنن.
پۆپه‌ر میتۆدی پشكنین و به‌دواداچوون له بواری تیۆره زانستییه‌كاندا، به میتۆدێكی مه‌عریفه‌ی زانستی ئه‌ژمار ناكات، به‌ڵكو به شێوه‌یه‌كی بنبڕ ره‌تیده‌كاته‌وه و به دڵنیاییه‌وه جه‌ختی لێده‌كاته‌وه كه رووداوه تاكه‌كان له‌كاتی هه‌ر تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی زانستیدا، ژماره‌یان هه‌رچه‌ند بێت، ناتوانن ببنه سه‌رچاوه‌ی هه‌ڵێنجانی حوكمێك یان ده‌ره‌نجامێكی گشتی. پۆپه‌ر ددان به‌و راستییه نانێ كه میتۆدی پشكنین و به‌دواداچوون به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان و به درێژایی چه‌ندین سه‌ده له بواری زانسته ئه‌زموونییه‌كان سه‌ركه‌وتنی به‌رچاوی به‌ده‌ستهێناوه، به‌ڵكو ئه‌م مه‌سه‌له‌یه به رووداوێكی سایكۆلۆژی رووت له قه‌ڵه‌م ده‌دا و پێیوایه هه‌موو سه‌ركه‌وتنه‌كان له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی لۆژیكی مه‌عریفه‌ی زانستیدان، بۆیه له‌جیاتی پڕه‌نسیپی (به‌دیهاتن و سه‌لماندن- التحقق و الاثبات) پڕه‌نسیپی به‌درۆخستنه‌وه(التكذیب) یان((پووچه‌ڵبوونه‌وه- Falsifiability )) وه‌ك هاوجێیه‌ك ده‌خاته‌ڕوو.
ره‌وتی ئاوه‌زگه‌رایی لۆژیكی له فه‌لسه‌فه‌دا پێیوایه ئه‌و جۆره تیۆره ده‌چێته ژێرباری میتۆدی به‌دیهاتن وسه‌لماندن ئه‌گه‌ر تێزه‌كانی به‌رده‌ستبن و بشێ له لایه‌نی هه‌سته‌كییه‌وه لێیان بكۆڵرێته‌وه، به‌ڵام پۆپه‌ر، به پێی میتۆدی ئاوه‌زگه‌رایی ره‌خنه‌گرانه، پێیوایه هیچ تیۆرێك به زانستی ئه‌ژمارناكرێ ته‌نها ئه‌وكاته نه‌بێ كه هه‌ندێ رووداو له رووی پره‌نسیپه‌وه بتوانن ئه‌و تیۆره پووچه‌ڵبكه‌نه‌وه یان به‌درۆی بخه‌نه‌وه. پره‌نسیپی به‌درۆخسته‌وه یان پووچه‌ڵكردنه‌وه به‌ردی بناغه‌ی بۆچوونه‌كانی پۆپه‌ر پێكده‌هێنێ، جا چ له بۆچوونه زانستییه تایبه‌ته‌كانیدا بێ یا له بۆچوونه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌كانیدا.
وه‌ك پێشتر ئاماژه‌مان پێدا پۆپه‌ر له سه‌ره‌تادا سه‌رسامی ماركسیزم بوو، هۆكاری سه‌رسامییه‌كه‌شی له‌وه‌دا سه‌رچاوه‌ی گرتبوو كه ماركسیزم هه‌میشه پشت به كۆمه‌ڵێك رووداوی جیاجیای ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌به‌ستێ كه دروستی میتۆده‌كه‌ی ده‌سه‌لمێنن، به‌ڵام دواتر خودی ئه‌م راستییه، واته راستی پشت به‌ستن به ژماره‌یه‌كی زۆری رووداوه‌كان، له‌دژی ماركسیزم به‌كاردێنێ و رایده‌گه‌یه‌نێ كه ناكرێ تیۆری زانستی له گه‌ڵ هه‌موو رووداوه‌كاندا كۆك و ته‌با بێت، هه‌رتیۆرێكیش ئه‌وكاته به‌زانستی ئه‌ژمارده‌كرێت كه هه‌ندێ له رووداوه‌كان وه‌ده‌رنێت و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا نه‌كات، هه‌رچه‌ند ژماره‌ی رووداوه وه‌لانراوه‌كانیش زیاتر بێت، ئه‌و هێنده زانستی‌تر ده‌بێ. به گوته‌یه‌كی دی پۆپه‌ر پێیوایه مادامه‌كێ ماركسیزم پشت به ژماره‌یه‌كی زۆری رووداو ده‌به‌ستێ كه‌واته تیۆرێكی نازانستی و دۆگماتیكه و رێژه‌یبوونی پێڕه‌ونه‌كردووه.
له هه‌ردوو كتێبی ( كۆمه‌ڵگای كراوه و دوژمنه‌كانی - 1945) و( هه‌ژاری مێژووگه‌رایی - 1957) پۆپه‌ر سه‌رسه‌ختانه دژایه‌تی كۆمۆنیزم ده‌كات و مه‌به‌ستیه‌تی:
یه‌كه‌م/ ناڕه‌وابوونی حه‌تمیه‌تی مێژوویی ((السببیة - Determinis)) به‌دیاربخات و پێمان بڵێ له لایه‌نی پڕه‌نسیپه‌وه ناشێ پێشبینی زانستییانه‌ی ره‌وتی مێژوو بكرێت، به‌مشێوه‌یه‌ش ئه‌و قسه‌یه‌ی ماركسیزم ره‌تبكاته‌وه كه ده‌ڵێ له‌دوای سه‌رمایه‌دارییه‌وه سۆسیالیزم ودواتریش كۆمۆنیزم دێت. له راستیدا پۆپه‌ر له لایه‌نی كرده‌ییه‌وه باوه‌ڕی به هه‌بوونی زانستی مێژوو نییه تا وه‌ك زانستێك بۆ زانین و ده‌ستنیشانكردنی یاساكانی گه‌شه‌كردنی كۆمه‌ڵایه‌تی سوودی لێوه‌ربگیرێت، له‌مه‌شدا شوێنپێی (ئارسه‌ر شۆبنهاوه‌ر 1788 ـ 1860 ) ده‌كه‌وێت كه له‌و باوه‌ڕه‌دابوو ویستی كوێرانه (الارادة العمیا‌ء) و نائاوه‌زگه‌رایی (اللاعقلانیة) گه‌وهه‌ری جیهان پێكده‌هێنن و ئه‌و ویسته‌ی حوكمڕانی جیهانیش ده‌كات ناچێته ژێرباری هیچ یاساگه‌لێكی سروشتی یا كۆمه‌ڵایه‌تی و گه‌یشتنی مرۆڤ به مه‌عریفه‌ی زانستی شتێكی ئاسته‌مه و ره‌تكردنه‌وه‌ی پێشكه‌وتنی مێژووییش تایبه‌تمه‌ندییه‌كی مه‌یلی ویستخوازنه‌ی شۆبنهاوه‌ر پێكدێنێ كه به‌شێوه‌یه‌كی تژی له ره‌شبینی سه‌یری خه‌ڵك و جیهان ده‌كات.
دووه‌م/ پۆپه‌ر له كتێبی (لۆژیكی تۆێژینه‌وه‌ی زانستی)دا هه‌وڵده‌دات، به پشت به‌ستن به ئاكاره ساده‌كراوه‌كانی تیۆره‌كه‌ی خۆی، زانستیبوونی تیۆری ماركسی ره‌تبكاته‌وه، له‌مه‌شیاندا به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو میتۆدی واقعیبوونی زانست ده‌شێوێنێ و متمانه ده‌كاته سه‌ر ئاكار و فاكته‌ره خۆییه‌كان(ذاتی). سێیه‌م/ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سیسته‌می سۆسیالیستی پۆپه‌ر هه‌وڵده‌دات بیسه‌لمێنێ كه هه‌ر هه‌وڵێك بۆ ده‌ربازبوون له چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داری هه‌وڵێكی نه‌زۆكه و سه‌رجه‌م ئه‌و ناكۆكییانه‌ی هه‌ڕه‌شه له نه‌مانی ئه‌و سیسته‌مه‌ش ده‌كه‌ن هیچ نین، چونكه به‌قسه‌ی ئه‌و پێویسته هه‌میشه له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا بژین دووربێ له كامڵبوون. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه سه‌رمایه‌داری دوا قۆناغی گه‌شه‌كردنی مرۆڤایه‌تییه و لێره‌دا كۆتایی به مێژوو دێت هه‌ر وه‌ك فۆكۆیاما بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌کرد و ئێستاش پێڕه‌وانی به‌رده‌وامن!.
چواره‌م/ پۆپه‌ر به‌رهه‌ڵستكاری مۆركی چینایه‌تی خه‌باتی سیاسی حزبه شیوعییه‌كان ده‌كات و له‌و باوه‌ڕه‌دایه كه متمانه‌ده‌كاته سه‌ر تاكایه‌تی(Monism) تیۆری ماركسیزم، بۆیه له‌بری ئه‌مه میتۆدی فره‌گه‌رایی(Pluralistic) تاقیكردنه‌وه و هه‌ڵه – التجربة والخطأ))ده‌خاته‌ڕوو، كه متمانه ده‌كاته سه‌ر گفتوگۆی بێكۆتایی و ره‌تكردنه‌وه‌ی به‌رده‌وام، كه ئه‌مه‌ش له‌ده‌ره‌نجامدا رێگه نادات به هیچ شێوه‌یه‌ک یه‌كێتی گفتار وكردار بێته‌دی.
به شێوه‌یه‌كی گشتی پێویسته ددان به‌وه‌دا بنێین كه هه‌ر تیۆرێكی ئه‌زموونگه‌رای زانستی مه‌رج نییه هه‌موو رووداوه‌كان له‌گه‌ڵیدا كۆك بن، به‌ڵام ئه‌مه پاساوده‌ری ئه‌و به‌ره‌نجامه‌ی پۆپه‌ر نییه كه ده‌ڵێ: تیۆری زانستی چه‌نده به‌درۆبخرێته‌وه ئه‌و هێنده زانستییه، واته پۆپه‌ر به درۆخستنه‌وه ده‌كاته پێودانگێكی بنبڕ بۆ زانستیبوونی تێۆره زانستییه‌كان. بۆ نموونه تیۆری رێژه‌یی(النظریة النسبیة) خودی میكانیكای كلاسیكی به‌درۆنه‌خسته‌وه ئه‌گه‌رچی له هه‌ندێ یاسا و رووداوه‌كانیدا ئه‌و بۆچوونانه‌ی له‌باربرد كه پێیان وابوو تیۆری میكانیكای كلاسیكی تێورێكی گشتگیره و سه‌راپا دروسته.
پۆپه‌ر ددانی به‌وه ناوه كه له‌سه‌ر ئاستی مه‌عریفه‌ی ئاسایی‌دا خه‌ڵك ده‌توانن ده‌رك به هه‌ندێ راستی كرده‌یی بكه‌ن، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا جه‌ختی لێكردۆته‌وه كه ئه‌م جۆره راستییانه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به ناوه‌ڕۆكی زانسته‌وه نییه، چونكه به باوه‌ڕی وی زانست ته‌نێ مامه‌ڵه له گه‌ڵ تیۆره‌كاندا ده‌كات و تیۆره‌كانیش بۆیان هه‌یه هه‌میشه دووچاری هه‌ڵه ببن ، به‌ره‌نجام هه‌میشه رووبه‌ڕووی ره‌خنه و ره‌تكردنه‌وه دێن و باشترین تیۆریش ئه‌و تیۆره‌یه كه ره‌تبكرێته‌وه ( واته به‌درۆبخرێته‌وه)، چونكه له‌و حاڵه‌ته‌دا شوێن بۆ تیۆرێكی دیكه چۆڵده‌كات، به‌مشێوه‌یه‌ش زانست ده‌توانێ بێكۆتایی به‌ره‌و پێش هه‌نگاوبنێ. پۆپه‌ر پشت به‌ستنی دیالێكتیكی ماركسیزم به رێژه‌یی بوونی مه‌عریفه‌ی زانستی ده‌شێوێنێ تا پێمان بڵێ ره‌تكردنه‌وه‌ی هه‌رتیۆرێك چاكتره له سه‌لماندنی، له‌م روانگه‌یه‌شه‌وه ده‌یه‌وێ ئه‌وه‌مان پێڕابگه‌یه‌نێ كه سه‌رجه‌م مه‌عریفه‌ی زانستی مۆركێكی گریمانه‌یی و تیۆری هه‌یه و جیاوازه له‌گه‌ڵ مه‌عریفه‌ی ماددیدا.
ئه‌م تێڕوانینه‌ی پۆپه‌ر له‌مه‌ڕ رێژه‌یی بوونی مه‌عریفه‌ی زانستی سه‌رتاپا هه‌ڵه‌یه، چونكه زۆر دووره له ره‌چاوكردنی په‌یوه‌ندی دیالێكتیكیانه‌ی نێوان (راستی ره‌ها) و (راستی رێژه‌یی) و هیچ كاتێكیش رێژه‌یی بوونی مه‌عریفه له‌گه‌ڵ بابه‌تی بوونی مه‌عریفه‌دا دژبه‌ر و ناكۆك نه‌بووه. له راستیدا هیچ تیۆرێكی زانستی ناتوانێ به شێوه‌یه‌كی گشتیگیر و ره‌ها ئه‌و دیارده‌یه‌ی كه لێیده‌كۆڵیته‌وه له‌هه‌موو لایه‌نه‌كانیدا داپۆشێ یان تاكۆتایی ره‌تیكاته‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ندێ له سیما‌و یاسا بابه‌تییه‌كانی دیارده‌كه ئاشكرا ده‌كات. پۆپه‌ر تیۆره‌كه‌ی خۆی له‌مه‌ڕ نه‌شونماكردنی مه‌عریفه‌ی زانستی به‌مشێوه‌یه‌ی خواره‌وه روونده‌كاته‌وه:
له‌م تابلۆیه‌ی سه‌ره‌وه‌دا (P1 ) هێمای كێشه به‌راییه‌كه‌یه، (TT)تیۆره ئاماده‌كراوه‌كه‌یه كه چه‌ند تیۆرێكی وه‌كو (TT1,TT2,TT3) پێشنیارده‌كات،(EE ) پڕۆسه‌ی گفتوگۆكردنی ره‌خنه‌گرانه‌ی ئه‌و تیۆرانه‌یه و ئه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بێت به‌لاوه ده‌نرێ، (P2 ) ئه‌و كێشه تازه‌یه‌یه كه دوای ره‌تكردنه‌وه‌ی تیۆره ئاماده‌كراوه‌كه سه‌رهه‌ڵده‌دات. به‌مشێوه‌یه‌ش به‌قسه‌ی پۆپه‌ر " زانست به‌كێشه ده‌ستپێده‌كا و به‌كێشه‌ش كۆتایی دێت". بڕوانه (The philosophy of Karl poper, Vol.I, P.105.) . به‌پێی ئه‌و تیۆره‌ی پۆپه‌ر بێت كێشه‌كان، به‌كێشه زانستییه‌كانیشه‌وه، هه‌میشه مۆركێكی تیۆرییان هه‌یه. تیۆره‌كانیش به‌شبه‌حاڵی خۆیان ده‌شێ وایان لێ‌حاڵی بین كه چاره‌سه‌ری به‌رایی كێشه‌كه‌ن و هیچیتر. له لایه‌كی دی‌دا وه‌ك له‌و وێنه‌ی سه‌ره‌وه روون ده‌بێته‌وه پۆپه‌ر تێوری زانستی و گریمانه‌كان تێكه‌ڵاوی یه‌كتر ده‌كات كه به‌شێوه‌ی( (TT1.TT2.TT3 ده‌یانخاته‌ڕوو، واته تی تی 1، تی تی 2، تی تی 3 ده‌شێ له چوارچێوه‌ی یه‌ك تیۆری زانستیدا چه‌ند گریمانه‌یه‌ك بن پتر له‌وه‌ی چه‌ند تێۆرێكی زانستی سه‌ربه‌خۆ بن. پۆپه‌ر به پێی میتۆدی( تاقیكردنه‌وه‌و هه‌ڵه)له بواری كۆمه‌ڵایه‌تیدا باوه‌ڕی به گۆڕانكاری به‌ره‌به‌ره‌یی و چاكسازی سووكی هه‌ڵه‌كان هه‌یه، به مه‌رجێ هه‌موو چاكسازی و گۆڕانه‌كان له چوارچێوه‌ی خودی سیسته‌می سه‌رمایه‌داریدا بن، بۆیه هیچ سه‌یر نییه بۆچوونه‌كانی له‌و كاتدا ببنه چه‌كێكی ئایدیۆلۆژی به‌ده‌ستی هێزه سیاسییه پارێزكاره‌كان و له نێو باڵی راستڕه‌وی حزبی سۆسیال دیموكراتی ئه‌ڵمانیای یه‌كگرتوو و حزبی كرێكارانی به‌ریتانیادا بره‌وێكی تایبه‌تیان هه‌بێ. كه‌واته ده‌شێ بڵێین ئاوه‌زگه‌رییه ره‌خنه‌گرانه‌كه‌ی پۆپه‌ر له هه‌ڵوێستی ره‌خنه‌گرانه له سیسته‌می سه‌رمایه‌داری زۆر دووره، چونكه ئه‌و سیسته‌می سه‌رمایه‌داری به نموونه‌یه‌كی ره‌های رێكخستنی ئاوه‌زگه‌رییانه‌ی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌ژمارده‌كا و ئاراسته‌ی ره‌خنه‌گرانه‌ی تیۆره‌كه‌شی ته‌نها ئامانجی پێكان و دژایه‌تیكردن و شێواندنی ماركسیزمه و مه‌به‌ستیه‌تی گومان بخاته سه‌ر زانستیبوونی ماركسیزم.
هۆكاره‌كانی شكستی ئه‌زموونه‌كه‌ی سۆڤیه‌ت.
به‌ر له‌وه‌ی بچینه نێو ورده‌كارییه‌كانی هه‌ر سێ ته‌وه‌ری ئه‌م كتێبه به‌پێویستی ده‌زانم تیشكێك بخه‌ینه سه‌ر هۆكاره‌كانی شكستی ئه‌زموونه‌كه‌ی سۆڤیه‌ت. هه‌ڵبه‌ته زۆرانێك له دوژمنان و نه‌یارانی ماركسیزم تا ئه‌مێستاكه به ئاگاییه‌وه بێ یا نائاگایی، به زانینه‌وه بێ یا نه‌زانی، شكستی ئه‌زموونه‌كه‌ی سۆڤیه‌ت به‌شكستی خودی ماركسیزم له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ش شتێكی چاوه‌ڕوانكراوبوو، ئه‌گه‌رچی به‌شبه‌حاڵی خۆم له‌وباوه‌ڕه‌دام له سۆڤیه‌تدا ئه‌زموونێك نه‌بوو به‌ناوی سۆسیالیزم تا له روانگه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی ماركسییه‌وه لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌باره‌وه بكرێ وكه‌موكوڕییه‌كانی بخرێنه‌ڕوو، له‌وێدا دوای سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 1917 به سه‌ركردایه‌تی (لینین) هه‌وڵێكی جیددی له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك له بیرمه‌ندانه‌وه هه‌بوو به‌ئاراسته‌ی بنیاتنانی سۆسیالیزم بێئه‌وه‌ی هێشتا زه‌مینه‌ی ئابووری و پیشه‌سازی و زانسته‌كان و ته‌كنه‌لۆژیای به‌رهه‌مهێنان كاریان كردبێته سه‌ر گۆڕینی سروشتی هێزه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و ئاماده‌یان كردبن به‌و شێوه پێشكه‌وتووه‌ی كه بنیاتنانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی سۆسیالیستی ده‌یخوازێ. كۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داریی دواكه‌وتووی روسیا و دواتریش كۆماره یه‌كگرتووه‌كانی سۆڤیه‌ت(1922) له‌م رووه‌وه ئاماده‌ی بنیاتنانی سۆسیالیزم نه‌بوون تا به‌و ئه‌زموونه‌ی ئه‌وێ بڵێین سۆسیالیستی وئۆباڵی هه‌موو هه‌ڵه‌كانی ئه‌وێش بخه‌ینه ئه‌ستۆی ماركسیزم. ئه‌وه‌ی له‌وێدا كرا به‌تایبه‌تیش هه‌وڵه‌كانی لینین بۆ بنیاتنانی سۆسیالیزم له یه‌كێ له ئه‌لقه لاوازه‌كانی سه‌رمایه‌داری جیهانیدا، وێڕای كه‌موكوڕییه‌كان كه هۆكاری جیاجۆری بابه‌تی و زاتی ناوخۆیی و ده‌ره‌كییان له‌پشت بوو، هه‌وڵێكی خه‌ون ئامێز بوو به‌ره‌و به‌دیهێنانی ئه‌م ئامانجه به‌رزه‌ی كه مرۆڤایه‌تی به‌درێژایی مێژوو خه‌ونی پێوه‌ده‌بینێ.
هه‌لومه‌رجی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌وكات و ئابلۆقه‌دانی ئه‌و ئه‌زموونه ساوایه له لایه‌ن وڵاتانی سه‌رمایه‌داری خۆرئاواوه،له هه‌لومه‌رجی به‌رده‌ستی بابه‌تی نێوخۆی روسیا و دواتریش كۆماره یه‌كگرتووه‌كانی سۆڤیه‌تدا، كۆمه‌ڵێك ئاسته‌نگی له‌به‌رده‌م ئه‌زموونه‌كه‌دا قووتكرده‌وه كه پتر په‌یوه‌ندییان به‌ئاستی گه‌شه‌گردن و شێوازی به‌رهه‌مهێنانه‌وه هه‌بوو به جۆرێك رێگربوون له به‌رده‌م گه‌شه‌كردنی هێزه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و ئاسته هوشیارییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی كه دواتر كاریگه‌ری به‌رچاوی به‌سه‌ر ته‌واوی ره‌وتی ئه‌زموونه‌كه‌دا ده‌بێت. ئه‌زموونه‌كه وێڕای كوموكوڕییه‌كانی چه‌ند توخمێكی سوسیالیستیانه‌ی هێنایه ئارا كه له به‌شه‌كانی دیكه‌ی ئه‌م كتێبه‌دا ئاماژه‌یان بۆ كراوه.
به هه‌ر حاڵ داڕمانی ئه‌و ئه‌زموونه ده‌رفه‌تێكی زێڕین بوو تا سه‌رجه‌م نه‌یاره‌كانی ماركسیزم سوورتر بن له سه‌ر راگه‌یاندنی شكستهێنانی ماركسیزم و دواتر رایبگه‌یه‌نن كه ئه‌مه كۆتایی مێژووه و له‌جاران دوژمنكارانه‌ترو سه‌رسه‌ختانه‌تر دژایه‌تی ئه‌م فه‌لسه‌فه مرۆڤ دۆسته بكه‌ن.
ئه‌نگڵس له وتاره‌كه‌یدا له سه‌ر گۆڕی ماركس ده‌ڵێ: "ماركس پیاوی زانست بوو، زانست لای ماركس جووڵه‌یه‌كی دینامیكی- مێژوویی و هێزێكی شۆڕشگێڕه، زۆر دڵخۆشیش ده‌بوو به هه‌ر دۆزینه‌وه‌یه‌كی نوێ له بواری زانسته تیۆرییه‌كاندا... دڵخۆشتریش ده‌بوو كاتێك دۆزینه‌وه نوێیه‌كه گۆڕانێكی شۆڕشگێڕانه‌ی راسته‌وخۆی له بواری پیشه‌سازی و پێشكه‌وتنی مێژوویی به‌گشتی بهێنایه‌ته‌دی". ئه‌مه‌ش ده‌یسه‌لمێنێ كه ماركس هیچ كاتێك باوه‌ڕی به‌وه نه‌بوو پێداگری له سه‌ر بۆچوونه‌كانی پێشتری بكات، ئه‌گه‌ر هه‌ر كاتێك بۆی ده‌ركه‌وتایه كه بزاڤ و جوڵه‌ی مێژوو پێچه‌وانه‌ی بۆچوونه‌كانی ده‌سه‌لمێنن، ئه‌وا هه‌ر زوو له‌به‌ر رۆشنایی رووداوه‌كان و جموجۆڵی بابه‌تییانه‌ی به‌رده‌ستدا ده‌ستكاری بۆچوون و تێزه هزری و فه‌لسه‌فییه‌كانی ده‌كرد و به‌زیندوویی دایده‌ڕشتنه‌وه.
تێۆری زانستیی ماركسیزم له هه‌موو بواره‌كانی ژیاندا به‌ر له هه‌ر شتێك تیۆری گۆڕانی به‌رده‌وام وهه‌میشه‌ییه نه‌ك دۆگما‌و چه‌قبه‌ستن، كه ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له‌و هۆكاره سه‌ره‌كییانه‌ی هه‌میشه نه‌یاره جیاجیاكانی ماركسیزم ده‌خاته دڵه‌ڕاوكێ و هه‌ناسه سوارییه‌وه، به واتایه‌كی ماركسیزم دیكه تیۆرێكه ئۆقره ناگرێ و له‌رێگه‌ی خوێندنه‌وه‌و شیكردنه‌وه‌ی زانستییانه‌ی ده‌رهاویشته و جووڵه تازه‌كانی واقعی بابه‌تی به‌رده‌ستدا هه‌وڵی گۆڕینی دیارده دزێوه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داری ده‌دات، نه‌ك له رێگه‌ی ئه‌بستراكتی ده‌قه نووسراوه‌كان.
وه‌ك رۆشنه دوای هه‌ره‌سهێنانی ئه‌زموونه‌كه‌ی سۆڤیه‌ت بیروڕای جیاواز و هه‌مه‌جۆر ئاشكراتر له جاران هاتنه‌ئارا و به شێوازی جیا باسیان له هۆكاره‌كانی ئه‌و شكسته كردووه، كه پێشتر له‌سایه‌ی به دۆگماكردنی ماركسیزم و ناوه‌ندێتی سۆڤیه‌تدا باسكردنیان ئاسته‌م بوو، یان به خیانه‌ت و لادان له هزری ماركسی ئه‌ژمارده‌كران (هه‌ڵبه‌ت ماركسیزمی ستالینی)، به بۆچوونی زۆرانێك له شاره‌زایانی هزر و فه‌لسه‌فه‌ی ماركسی شكستی ئه‌زموونه‌كه‌ی سۆڤیه‌ت چه‌ند هۆكارێكی جیاجۆری ئابووری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و هزری له‌پشت بوو له‌وانه‌ش به شێوه‌یه‌كی گشتی:
یه‌كه‌م: "هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی دامه‌زراندن (الجمعیه التأسیسیة) دوای چه‌ند مانگێك له ده‌سه‌ڵات گرتنه ده‌ستی به‌لشه‌فییه‌كان و په‌نابردنه به‌ر شێوازی حوكمی شوراكان گرنگیه‌كی ئێجگاری هه‌بوو له ده‌ستنیشانكردنی دواتری سیماكانی سیسته‌می سیاسی و مافه‌كی له یه‌كێتی سۆڤیه‌ت و به‌هه‌مان شێوه‌ش له داچه‌قاندنی ریشه‌ی ئیشكالیه‌تی دیموكراسی له سیسته‌می سۆسیالیستی سۆڤیه‌تدا، ئه‌گه‌رچی (لینین)زوو جه‌ختی لێكرده‌وه كه ئه‌م هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یه په‌یوه‌ست بووه به تایبه‌تمه‌ندێتی و نائاسایی بوونی هه‌لومه‌رجی ئه‌وكات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بووه هۆی بێبه‌شكردنی وه‌به‌رهێنه‌ران له مافه‌كانی هه‌ڵبژاردن و دواتریش وه‌ك رێسایه‌كی گشتی فۆڕمی ده‌وڵه‌تی لێهات له یه‌كێتی سۆڤیه‌ت و سه‌رجه‌م ئه‌و وڵاتانه‌ی هه‌مان رێچكه‌یان گرتبووه‌به‌ر، هه‌ر ئه‌مه‌ش دواتر بووه هۆكارێك بۆ به‌تاڵكردنی ئه‌نجومه‌نی شورا كرێكارییه‌كان له سیماكانی دیموكراسی راسته‌وخۆ، كه شێوازێكی پێشكه‌وتووی به‌شداری و موماره‌سه‌كردنی دیموكراسی بوو له لایه‌ن جه‌ماوه‌ری به‌رهه‌مهێنه‌ره‌وه، ده‌ره‌نجام شورا كرێكارییه‌كان له جیاتی رێنمایی و ئاراسته‌بكرێن ئاوێته و ملكه‌چی ده‌وڵه‌ت كران ".(به‌ڵگه‌نامه‌كانی كۆنگره‌ی هه‌شته‌می حزبی شیوعی عێراق ل164-168)
دووه‌م: "چڕكردنه‌وه‌ی هێزی ئابووری له ده‌ستی ده‌وڵه‌ت، كه له سایه‌ی سیسته‌می (كۆمۆنیزمی جه‌نگ)دا سه‌قامگیرتر كرا، له‌گه‌ڵ پاشه‌كشه و لاوازبوونی رۆڵی سه‌ربه‌خۆی شوراكان و سه‌ندیكاكان و رێكخراوه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بوونه هۆی نه‌شونماكردنی هێزی بیرۆكراسیه‌ت و به‌ره‌به‌ره كۆنتڕۆڵی سامانه ماددی و گیانییه‌كانیش كه‌وته ده‌ست توێژێك له به‌رپرسانی ده‌وڵه‌ت". (به‌ڵگه‌نامه‌كانی كۆنگره‌ی هه‌شته‌می حزبی شیوعی عێراق ل164-168)
سێیه‌م: " دوورخستنه‌وه‌ی كرێكاران له خاوه‌ندارێتی هۆیه‌كانی به‌رهه‌مهێنان"، ئه‌گه‌رچی ئه‌و دوورخستنه‌وه‌یه به‌دانپێدانانی زۆَرانێك له‌وانه‌ی له نێو خودی سۆڤیه‌تدا ره‌خنه‌ی توندیان له سیسته‌مه‌كه هه‌بوو، وه‌ك ئه‌وه‌نه‌بووه كه له هه‌لومه‌رجی خاوه‌ندارێتی تایبه‌تدا (له سه‌رمایه‌داریدا)رووده‌دات، به‌ڵام " وێڕای ئه‌مه‌ش كرێكاران خاوه‌نی هۆیه‌كانی به‌رهه‌مهێنان نه‌بوون، بۆیه به‌هی خۆیانیان نه‌ده‌زانی و به‌شێوه‌یه‌كی زیانبه‌خش به‌كاریان ده‌هێنان".(پاڤێل بۆنیتش/ چ سیسته‌مێكمان بنیاتنا؟/ رۆژنامه‌ی انبا‌ء موسكو/1990 وه‌رگێڕانی محه‌مه‌دی مشیر)
ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه شێوازی سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌ت یان شێوازی مۆنۆپۆلكارانه‌ی ده‌وڵه‌ت شوێنی موڵكایه‌تی تایبه‌تی سه‌رمایه‌داری گرته‌وه، كه‌چی له سایه‌ی سیسته‌می سۆسیالیستی‌دا پێویسته شێوازی مۆڵكایه‌تی گشتی هۆیه‌كانی به‌رهه‌مهێنان شوێنی شێوازی مۆڵكایه‌تی تایبه‌تی سه‌رمایه‌داری بگرێته‌وه، به‌مشێوه‌یه‌ش رۆڵی ئابوورییانه‌ی ده‌وڵه‌ت رۆڵێكی ناوه‌ندی نابێ، به‌ڵكو ئه‌م ناوه‌ندێتییه به‌ره‌به‌ره كز و لاواز ده‌بێ و رێگا بۆ كه‌رته‌كانی دیكه‌ی ئابووری خۆشده‌كات تا رۆڵی خۆیان ببینن.
چواره‌م: "په‌یوه‌ندیه‌كانی ( كاڵا – دراو) له رووی پرانسیپه‌وه زیانێكی زۆریان گه‌یاندو ، پێویست بوو له ره‌گه‌وه هه‌ڵكێشرێن ...، كه له قۆناغی سیاسه‌تی تازه‌ی ئابووری " نی‌پ "دا جێبه‌جێ ده‌كران. جا مرۆڤ له‌م جۆره سیسته‌مه‌دا، كه له ناوه‌نده‌وه ئاڕاسته ده‌كرێت، وه‌ك ئامێر وایه، چونكه به ته‌واوه‌تی له سه‌ربه‌خۆیی ئابووری، واته له بنچینه‌ی ره‌فتاری ئابووری و سیاسی ئازادانه، بێبه‌شه. هه‌ر له سایه‌ی ئه‌م سیسته‌مه‌شدا – واته له سایه‌ی نی‌پ دا – داواكاریه‌كان ( طلب) خستنه‌ڕوویان (عرض) ده‌هێنایه كایه .توێژه‌كانی خواره‌وه‌ی كۆمه‌ڵیش ، به تایبه‌تی جه‌ماوه‌ری هه‌ژاران ، كه چاویان بڕیبووه خێر‌و بێری ئه‌م سیسته‌مه ، هیچ رۆڵێكیان له خوڵقاندنیدا نه‌بوو... ]ده‌ره‌نجام[ ... سه‌ركرده‌كانی رژێم و ده‌زگای چاودێران و خه‌ڵكانی سه‌ر به رژێمیش له‌و نێوانه‌دا، ئه‌نجامی وه‌لاخستنی به‌شێكی زێده به‌رهه‌م ( فائض الانتاج ) ، له خه‌ڵكه‌كه باشتر ده‌ژیان ". (پاڤێل بۆنیتش – چ سیسته‌مێكمان بنیاتنا؟)
پێنجه‌م: به كڵێشه‌كردن و پیرۆز راگرتنی ماركسیزم له‌جیاتی ده‌وڵه‌مه‌ندكردن و تازه‌كردنه‌وه‌ی له‌به‌ر رۆشنایی گۆڕان و گه‌شه‌كردنه‌كانی سه‌رده‌م به پێی میتۆدی زانستییانه‌ی خودی ماركسیزم كه تا سه‌رئێسقان دژی دۆگماتیزمه، سه‌ره‌تاكانی ئه‌م پیرۆز را‌گرتن و به‌كڵێشه‌كردنه‌ش به شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ سه‌رده‌می تاكڕه‌وایه‌تی و عه‌سكه‌رتاریه‌تی ستالین ده‌گه‌ڕێنه‌وه، كه "له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو بنه‌مای ئابووری سۆسیالیستی له سۆڤیه‌تدا، له ئه‌نجامی پیاده‌كردنی یه‌كه‌مین پلانی پێنجینه‌دا (الخطة الخمسیة)، چه‌سپیووه . هه‌ر ئه‌ویش بوو ده‌یگوت سیسته‌می سۆسیالیستی سه‌ركه‌وتنی ته‌واوی به ده‌ست هێناوه، بۆیه ساڵی 1936 به ره‌سمی كرایه مێژووی له دایك بوونی سۆسیالیزم ".(پاڤێڵ بۆنیتش – چ سیسته‌مێكمان بنیاتنا)
ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه ستالین پێیوابوو ده‌كرێ به بڕیارێكی سه‌رو دامه‌زراندنی سۆسیالیزم رابگه‌یه‌ندرێ بێئه‌وه‌ی دیراسه‌ی وردی ریاڵی بابه‌تی ئه‌و كاتی كۆمه‌ڵگه‌ی سۆڤیه‌ت و ئاست و رێژه‌ی گه‌شه‌كردنه‌كان ره‌چاوبكات، یا رێگه بۆ تیۆریسیان و بیرمه‌ندان و ئابووریناسان خۆش بكات تا له نزیكه‌وه دیراسه‌ی ئه‌م واقعه بكه‌ن و ئینجا بڕیاربده‌ن كه ئه‌وان له كوێوه‌ی سۆسیالیزمن.
شه‌شه‌م: له‌سایه‌ی(نی‌پ)دا " كۆكردنه‌وه‌ی زۆره‌ملێیانه‌ی زه‌وی و جووتیاران له گه‌ڵ به‌پیشه‌سازیكردنی په‌له‌لێكراو و پلانی گشتگیر كه له رادده‌به‌ده‌ر ناوه‌ندی بوو، زه‌مینه‌یان خۆشكرد تا ده‌سه‌ڵاتی بڕیار ته‌نها له ده‌ستی سه‌ركردایه‌تی حزبی شیوعی جێگیربێت كه له‌وه‌ته‌ی ساڵی 1922 ه‌وه ببووه تاكه حزبی ده‌سه‌ڵات. ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ست بوو به نه‌مانی رۆڵی دامه‌زراوه‌كان و ئه‌و ژێرخانانه‌ی كه كۆنتڕۆڵی حزبیان به‌سه‌ره‌وه نه‌بوو، ده‌ره‌نجام حزب به شێوه‌یه‌كی خێرا بووه كاكڵی ده‌وڵه‌ت، له‌مه‌شدا به‌لشه‌فییه‌كان ناچاربوون بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی پێداویستییه‌كانی شه‌ڕی ناوخۆ و پاراستنی ده‌سه‌ڵاتی ساوای سۆسیالیزم په‌نا ببه‌نه به‌ر توندوتیژی تا هێزه‌كانی چه‌واشه‌كاری كه له ده‌ره‌وه‌ڕا پشتیوانیان لێده‌كرا سه‌ركوت بكه‌ن، سه‌ره‌نجام رۆڵی دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازی په‌ره‌یسه‌ندو ده‌زگای تایبه‌ت به داكۆكیكردن له ئاسایشی شۆڕش، وه‌كو لیژنه‌ی باری هه‌ڵاوێژی(اللجنة الاستثنائیة)، سه‌ریانهه‌ڵدا و ده‌سه‌ڵاتی له رادده‌به‌ده‌ریشیان كه‌وته‌ده‌ست و رۆڵی سیاسی بڕیاردراوی سۆڤیه‌ته‌كانیش بووه سه‌راب و مه‌یلی تاكڕه‌وی كه‌سایه‌تی ستالین سه‌ریهه‌ڵدا ".(به‌ڵگه‌نامه‌كانی كۆنگره‌ی هه‌شته‌می حزبی شیوعی عێراق ل164-168)
حه‌فته‌م: فاكته‌ری ده‌ره‌كی كه له سیاسه‌تی ئابلۆقه‌دانی ئه‌زموونه‌كه له بواره جیاجیاكانی ئابووری و بازرگانی و سیاسی و پڕوپاگه‌نده‌ی دوژمنكارانه‌ی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری به‌رجه‌سته ده‌بێت، كاریگه‌ری زۆر نه‌رێنی هه‌بوو له سه‌ر سه‌رجه‌م هه‌نگاوه‌كانی دواتری سه‌ركرده‌كانی سۆڤیه‌ت و سه‌ره‌نجام سۆڤیه‌ت هه‌ر له سه‌رده‌می ستالینه‌وه بگره تا گۆرباتشۆف( وێرای جیاوازییه‌كانیان)، دواكه‌وتنێكی به‌رچاوی له بواری پێشكه‌وتن و گه‌شه‌كردنی زانست وته‌كنه‌لۆژی به‌خۆوه بینی، ده‌ره‌نجام ئابووری سۆڤیه‌ت هه‌ر وه‌ك خودی گۆرباتشۆف له لاپه‌ڕه 33 ی كتێبی (حول مهمات الحزب فی ادارة الاقتصاد جذریا) ده‌ڵێ:" له كاتێكدا كه وڵاتانی خۆرئاوا به شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان و به پشت به‌ستن به فه‌راهه‌مكردنی كه‌ره‌سته‌كان و به‌كارهێنانی تازه‌ترین ته‌كنۆلۆژیا و ده‌سكه‌وته‌كانی دیكه‌دا گۆڕانیان به‌سه‌ر بونیادی ئابووری خۆیاندا هێنا، لای ئێمه پێشكه‌وتنی زانستی- ته‌كنۆلۆژی راوه‌ستابوو".
هه‌شته‌م: له لایه‌نی سیاسیییه‌وه ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندیی تاكه حزب به‌ری به دیموكراسیه‌ت گرتبوو، ماف و ئازادییه مه‌ده‌نی و یاسایی و كه‌سێتی و ئایینییه‌كان سنوورداركرابوون و هه‌ر كه‌سێكیش له ده‌ره‌وه‌ی حزبی شیوعی بۆچوونی جیاوازی هه‌بووایه به توندی سه‌ركوت ده‌كرا، ئه‌مه‌ش وایكردبوو كه سیسته‌مێكی به‌نده‌وازه له سۆڤیه‌تدا به پته‌وی جێ پێی خۆی قایم بكات، به تایبه‌تیش له سه‌رده‌می ستالین‌دا كه هه‌زاران مرۆڤ له ئۆردوگا زۆره‌ملێكانی كاردا وه‌ك كۆیله ره‌فتاریان له گه‌ڵدا كرا و بوونه قوربانی ئه‌و سیسته‌مه.
ئه‌مانه‌ی سه‌ره‌وه چه‌ند خاڵێكی بنه‌ڕه‌تی و گشتین كه پێ به پێی گۆڕانی هه‌لومه‌رجی ناوخۆی سۆڤیه‌ت و بارودۆخی نیوده‌وڵه‌تی كاریگه‌ری به‌رچاویان هه‌بووه به‌سه‌ر شكستی ئه‌زموونه‌كه‌ی سۆڤیه‌تدا كه تا ئه‌مێستاكه‌ش مشت‌ومڕ و گفتوگۆی زیاتر به‌خۆوه ده‌گرن.
درێژه‌ی هه‌یه ____________________________________ تێبینیی: سه‌رجه‌م مافه‌كان بۆ نووسه‌ر پارێزراوه و هیچ كه‌س و لایه‌نێك بۆی نییه بێ پرسی نووسه‌ر چاپی بكات یان له‌به‌ری بگرێته‌وه یان له شوێنێكی دی بڵاوی بكاته‌وه.
30-8-2009
|