٢١\١١\٢٠٢٠
پۆستەری فیلمی
"نانی پیرۆز"ی رەحیم زەبیحی و
بەرھەمی کۆمپانیای
"ماد موڤی" بڵاوکرایەوە.
مەنسوور جیھانی
پۆستەری
فیلمی دیکۆمێنتی "نانی پیرۆز" لە دەرھێنانی خوالێخۆشبوو "رەحیم زەبیحی"،
لە بەرھەمھێنانی "توورەج ئەسڵانی" و بەرھەمی کۆمپانیای سینەمایی "ماد
موڤی" بۆ بەشداریی لە بەشی پێشبڕکێی سی و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی
نێوەدەوڵەتیی فیلمی "ئیدفا"ی ھۆڵەندا بڵاوکرایەوە.
پۆستەری ئینگلیزی فیلمی دیکۆمێنتی "نانی پیرۆز" (نان مقدس) دوایین
بەرھەمی سینەماکاری کۆچکردووی کورد "رەحیم زەبیحی"، لە بەرھەمھێنانی
سینەماکاری کورد "توورەج ئەسڵانی" دەرھێنەر و بەڕێوەبەریی وێنەگرتنی
ئەزموونخوازیی سینەمای کوردستان و ئێران و بەرھەمی کۆمپانیای سینەمایی
"ماد موڤی"؛ کە لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتیی خۆیدا بە نوێنەرایەتی
سینەمای ئێران، لە بەشی پێشبڕکێی "فیلمە نیوە بڵیندەکان" لە سی و
سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی ئەمستڕدام ـ "ئیدفا" لە
وڵاتی ھۆڵەندا نمایش دەکرێت، لە لایەن ھونەرمەندی ئێرانی "مریەم
بەرادەران" دیزاینی بۆ کراوە و بۆ بەشداریی لەم ڕووداوە گرینگە
سینەماییە، فیستیڤاڵە جیھانییەکانی فیلم و نمایشە بیانییەکان
بڵاوکرایەوە.
بڵاوکردنەوەی نێودەوڵەتیی ئەم بەرھەمە دیکۆمێنتارییە، لە ئەستۆی
کۆمپانیای "تسویر گستر الھە پارسی" (ئێلی ئیمەیج) بە بەرپرسیارییەتی
خاتوو "ئیلاھە نەوبەخت"ـە.
ڕەوانشاد "رەحیم زەبیحی" لەم ساڵانەی دوایی ژیانیدا بە ھاوڕێیەتی لەگەڵ
کۆڵبەرە کوردەکان لە شاخ و کێوەکانی کوردستاندا سەرقاڵی وێنەگرتن و
دەرھێنانی فیلمی "نانی پیرۆز" بوو؛ بەڵام بە ھۆی کوژرانی قێزەون،
دڵتەزێن و یەگجار ناجوامێرانەی؛ ئەم بەرھەمە دیکۆمێنتارییە، نیوە کارە
مابۆوە و "توورەج ئەسڵانی" کە بەرھەمھێنەریی ئەم فیلمەی لە ئەستۆدایە،
بە دڵسۆزیی و بە دواداچوونەکانی خۆی کۆتایی پێھێنا و بۆ نمایش لە
فێستیڤاڵە جیھانییەکاندا ئامادەی کرد.
فیستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی ئەمستڕدام ـ "ئیدفا"، گرینگترین فیستیڤاڵی
دێکۆمێنتاریی جیھان دێتەئەژمار، کە ئەمساڵ بە دوو شێوەی ئۆنلاین و
فیزیکی و بە نمایشی بەرھەمە دیکۆمێنتییەکانی دەرھێنەرانی وڵاتانی
جۆراوجۆری جیھان، لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی، لەوانە؛
بەشی پێشبڕکێی سەرەکی "فیلمە بڵیندەکان"، بەشی پێشبڕکێی "فیلمە نیوە
بڵیندەکان"، بەشی پێشبڕکێی "دیکۆمێنتە خوێندکارییەکان"، بەشی پێشبڕکێی
"منداڵان و دیکۆمێنت"، بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی
Luminous، بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی
Frontlightو ... لە ڕۆژانی ١٦ی نۆڤەمبەر تاکوو ٦ی دیسەمبەری
٢٠٢٠ لە شاری ئەمستڕدام لە وڵاتی ھۆڵەندا بەڕێوەدەچێت.
ستافی ئامادەکردنی فیلمی دیکۆمێنتی "نانی پیرۆز" بریتین لە:
نووسین و دەرھێنەر: ڕەوانشاد ڕەحیم زەبیحی، بەرھەمھێنەر: توورەج
ئەسڵانی، مونتاژ: ئەمیر ئەدیب پەروەر، دیزاینی دەنگ: محەمەد خورسەند،
موزیک: سادق ئازمەند، وێنەگرەکان: محەمەد نووری، محەمەد فەکووری، مێھدی
ئازادی، سەلاح کەریمی، دەنگھەڵگر: زانیار کاکەخانی، دانانی سەرمایە:
حەلیمە ئەحمەدزادە، فریشتە جوغەتایی، چاککردنی دەنگ: عەلیڕەزا قادری،
بەرنامەداڕێژ و یاریدەدەری دەرھێنەر: عوسمان محەمەدی، بەڕێوەبەریی
ڕاگەیاندنی گشتیی: مەنسوور جیھانی و مەنووچێھر جیھانی، بەرھەمی ھاوبەش:
ئیلاھە نەوبەخت، بڵاوکردنەوەی نێودەوڵەتی: کۆمپانیای "تسویر گستر الھە
پارسی" (ئێلی ئیمەیج)، بەرھەمی کۆمپانیای سینەمایی "ماد موڤی"، ساڵی
بەرھەمھێنان: ٢٠٢٠.
بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی گشتیی فیلمی
دیکۆمێنتی "نانی پیرۆز"
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|