٢٥\٣\٢٠١١
پۆست ئۆپۆزسیۆن.

هیدایەت ئیبراهیم
ڕوودواوەکانى رابردوو لە شەقامەکانى ووڵاتانى عەرەبى و هەروەها
مەیدانەکانى هەرێمى کوردستان ئەوەمان بەبیر دەخاتەوە کە هێشتا
مۆدێرنیزم و گوتارى هیومانیزم نەیتوانیوە فریاد رەس بێت بۆ مرۆڤایەتى،
بەتایبەت ئەو گوتارەى زیاتر لە یەک چارەکە سەدەیە لە خۆرهەڵاتى
ناوەڕاست لەنێو گەمە سیاسیەکان و لەناو سیستمە سیاسەکاندا
پەنگخواردووانە شکستى خواردووە، ئەڵبەتە لەکۆمەڵگایەکەوە بۆ
کۆمەڵگایەکى تر ئاستى نا دادپەروەرى و خراپى و شکستى سیستمە سیاسیەکان
تا ئەندازەى بەراوردکردن جیاوازى هەیە، بۆیە لەم ووتارەدا تا ئەندازیەک
پۆلێنى ئەو جیاوازیانە ئەخەینە ڕوو:
عەرەب و گرفتى ناسیۆنالیزم:
زیاتر لە دوو هەزار ساڵە نەتەوەى عەرەب خاوەنى پێگەو مێژوو
شارستنییهتە، سەربارى ئەوەى کە زیندووترین دین کە ئاینى ئیسلامە لە
نەتەوەى عەرەبەوە سەرى هەڵداوە، ئەوە جگە لەوەى خاوەنى پێغەمبەرێکن کە
ملیۆنان مرۆڤ لەسەر ئەم گەردوونە بەدواى پەیامەکەیەوەن، عەرەبەکان
خاوەنى بیست و دوو دەوڵەتن ، گەورەترین سامانى سروشتى لەژێر خاکى
ئەواندایە، خاوەنى کۆنترین شارستنییهتن لەناوچەکەدا، ئەوە جگە لەوەى
کە زۆربەى ووڵاتانیان لە رووى سیستمەوە پێشکەوتوون، لە رووى
ئیدارەدانەوە شکستخواردوون، کێشەى عەرەب پێش هەرشتێک کێشەى ناسیونالیزم
و نارۆڵى نەتەوەى عەرەبە لەم چەرخەدا، سەربارى پەراوێزخستنى دین و
ئەحزابە مەزهەبى و چەپەکان لە شێوەى حکومڕانى خۆییاندا، واتە عەرەبەکان
جگە لەوەى زۆربەیان لەلایەن ئەمریکاو رۆژائاواوە هەڵدەسوڕێنرێن، لە
هەمانکاتدا بزوتنەوە سیاسیەکانى ووڵاتانیان پەراوێز خراون و تەنانەت
رێگەى چالاکى و کارى سیاسیان لێ قەدەغە کراوە، واتە کێشەى شەقامى
عەرەبى پێش ئەوەى کێشەى نارەزایەتى هاونیشتیمانیان بێت کێشەیەکى فیکرى
مێژوویى سیاسیە، هەروەها عەرەبەکان شکستیان خوارد لە ئیدارەدانى
دەوڵەتى عەلمانى لە ووڵاتەکانیاندا، ئەمەش لەبەر ئەوەى دیمکراسى و
عەلمنییهت تەنها لەفۆرمدا بوونى هەبوو، هەر بۆیە دواى 30 ساڵ لە
حکومرانى عەلمنییهت لەبرى لاوازکردنى هێزە توندڕەوەکان، بە پێچەوانەوە
هێزى توندڕەوتر سەرى هەڵداوە، وەک القاعیدەو حماس تاد.. ئەڵبەتە ئەم
شکستە پێش ئەوەى شکستى عەرەب بێت شکستى ئەمریکاو رۆژئاوایە، هەر بۆیە
لە پێناو ئەزموونکردنى سى ساڵ شکستى عەلمنییهکان و حکومڕانیکردن لە
فۆرمى دیموکراسیدا، رۆژئاوا سەر لەنوێ پشتیوانى لەگەلانى ئەو
ووڵاتانەدەکات، ئەمەش لە پێناو هاتنە دى سیستمێک کە هەموو لایەک لەسەر
یەک خوان و لەسەر شێوازێک لە حکومڕانیکردن کۆبکاتەوە.
شەقامەکانى کوردستان و تێکەڵبوونى ئەجێنداو داواکان:
ئەوەى دواى 17ى شوبات لە هەرێمى کوردستان بەگشتى و سلێمانى بەتایبەت
ڕوویداوەو ڕوو ئەدات پێش هەر شتێک رابردوویەکى هەیە، کە ئەشێت بڵێین
خراپى سیتسمى بەرێوەبردن، نەبوونى خزمەتگوزارى وەک پێویست، نەبوونى
دەرفەتى کار، چەقبەستنى سیستمەکە، هتد.. ئەوەى کە هاووڵاتیانى هێنییه
سەر شەقامەکان راستە بەشێک لە بیرکردنەوەى سیاسى لەپشت بووە، بەڵام
بەشێوەیەکى گشتى سوود وەگرتن بووە لە زهنییهتى خۆپیشاندەران لە
شەقامەکانى عەرەبنشینان، بە واتایەکى تر ئەوان بەنیازى چى و بەئامانجى
چى خۆپیشاندانیان ئەکرد رۆژى 17ى شوبات لە شەقامەکانى سلێمانى
کۆپیکرایەوە، گرفتى ناتێگەیشتن لە ئامانجى هاتنە سەر شەقام و هەروەها
گەیاندنى پەیامەکە بە دەسەڵات لێرەوە سەر هەڵ ئەدات، عەرەبەکان کێشەى
ئاوو کارەباو خزمەتگوزاریان نییه، بەڵکو کێشەى خۆپیشاندەران کێشەى
سیاسى و هەلى کارە، هەرێمى کوردستان هەموو ئەحزابەکان بە ئازادانە کار
دەکەن و تەنانەت بزووتنەوە ئۆپۆزسیۆنەکان حکومەت بودجەیان بۆ دابین
ئەکات، کە ئەمە لە هیچ ووڵاتێکى دیموکراتیدا بوونى نییه، کەڵک وەرگرتن
لەو زهنییهتەى شەقامەکانى ووڵاتانى عەرەبى گەورەترین هەڵەبووە کە ئێمە
ئەزموونمان کرد لەسەر شەقامەکانى سلێمانى و هەندێ ناوچەى ترى هەرێم.
بەداخەوە هێزو لایەنە سیاسیەکان لە کوردستان کە لە بەرى ئۆپۆزسیۆنن
ئەجێنداکانیان تێکەڵ بە داخوازى هاووڵاتیان کردووە، واتە ئامانجى
خۆپیشاندەرانیان کشاندۆتە سەرەوە بۆ بەرنامەو پلانێکى سیاسى دوور مەودا،
ئەشێ نوخبەى رۆشنبیرانى کورد هاوڕابن لەگەڵ داخوازى و داواکارى
خۆپیشاندەران بۆ هاتنە ئاراى سیستمێکى سیاسى دادپەروەرو بەبێ بوونى
گەندەڵى و یاسا شکێنى، بەڵام ئامانجى لایەنە سیاسیەکانى ناو
خۆپیشاندەران و رێکخەران و هەڵسوڕاندنى کارەکان لەناو چەقى گەمە
سیاسیەکەدان کە دروست ئیحتواکردن و بەکارهێنانى ئەو ووزەو هێزە
جەماوەریەیە کە رۆژانە کۆئەبێتەوەو خۆپیشاندان ئەکات، ئەمەش بە هۆى
تەجاوزکردنى داوکارى خۆپیشاندان لە چاکسازیەوە بۆ لەناو بردن، ئەوەى کە
داواى سەرەتایى خۆپیشاندەران بووە حکومەت و پەرلەمان و سەرۆکایەتى
هەرێم تا رادەى پێویست وەڵامى داوەتەوە، بەڵام کێشەکە ئەوەىە لایەنى
سیاسى داخوازیەکانیان زیاترو زۆرترو جیاوازترە، ئەوان ئەیانەوێت ئەوەى
ئێستا هەیە نەمێنێ و جارێکى تر کورد بە ئەزمونێکى تردا گوزەر بکات،
ئەمەش جگە لە کوشتنى زەمەن و بە فیڕۆدانى کات هیچ شتێکى تر نییه.
کورد وەک گەورەترین نەتەوەى بێ دەوڵەت کە تا ئەندازەى رەشبینى تاکى
کورد گیرۆدەى ئەو ناسنامەى بێ دەوڵەتەین، لە کاتێکدا لەسەر لێوارى
چارەسەرى کێشەى قووڵى ناسیونالیستیدان، ئەگەر ئەم ئەزموونە لەبار ببرێت،
سەرجەم هەنگاوەکانى بەئاراستەى بە دەوڵەتکردنى کوردو بەدەستهێنانى
سەربەخۆیى لەدەست ئەدەین، ئۆباڵى ئەم کارەساتەش لەئەستۆى ئەو لایەنانە
ئەبێت کە دەخوازن ئەم سەرەتایە تێک بدەن بۆ بەدیهێنانى ئامانجى
ووڵاتانى ناحەزو پیلانگێرانى دژ بەم ئامانجە گەورەیە، لێرەدا ئەمەوێت
ئەم هەل و مەرجەى کوردستان ناوبنێم چونکە تەنها یەک رەهەندى نییه،
نارەزایەتى هاونیشتیمانان یان نادادپەروەرى لەحکومڕانیدا دروستى کردبێت،
بەڵکە چەندین ئاماژەو رەهەندى هەیە کە ئەشێت بگاتە ئاستى پیلانى دەرەکى،
بۆیە ئەمە تەنها شەرێک نییه کە ئۆپۆزسیۆن لەبەرامبەر دەسەڵات بەرپاى
کردبێت، بگرە ئەمە دیاردەیەکە ئەشێت ناوى بنێین پۆست ئۆپۆزسیۆن.
Hidaiat@yahoo.com
|