پۆست ئۆپۆزسیۆن.

فەرهاد پیرباڵ
دوای چاوپێکەوتنە تەلەڤزیۆنییەکەی ئێوارەی 24/7/2009 کە سەتەلایتیKTV
لەگەڵیان ئەنجامدابووم، دەیان ئیمێل و تەلەفۆنم پێگەیشت (جگە لە
سووتاندنی کتێبەکانم، بەیاننامە، جنێونامە) کە گازاندە، هەندێکیشیان
رەخنە، زۆربەشیان هەڕەشەبوون دژی چەند بۆچوونێک کە من 28 کاژێرێک پێش
دەنگدان دەرم بڕیبوون. گرنگترین ئەو بۆچوونانەی من، کە راستییەکەیشی
شرۆڤەکردنێکی بارودۆخی هەڵبژاردنەکانی کوردستان بوون، ئەمانەبوون:
من دەنگ نادەمە "لیستى گۆڕان"، چونکە لیستى گۆڕان لەبنچینەدا بریتییە
لە تەنیا تاقمێک کە لە حیزبێکی دەسەڵاتدار جودابوونەتەوە، سەرۆکایەتیی
ئەو تاقمەی لیستی گۆڕان خۆشیان هەر خاوەن هەمان عەقڵیەتی کۆن و
ئایدیۆلۆژیای دەسەڵاتخوازن، تەنانەت هاودەست و بەرپرسیاریشن لەو
دیکتاتۆری و گەندەڵییەی خۆیان رەخنەی لێدەگرن.
من بەپێویستی نازانم لاپەڕەی سپی بۆ سەلماندنی ئەو راستییانەی سەرەوە
رەش بکەمەوە، چونکە ئەو راستییانە، هێندە بەدیهی و ئاشکران کە
هەرزەکارێکیش دەبێ بیزانێ. هەڵبەتە ئاماژە بەوەش دەدەم کە چەندین گەنج
و رۆژنامەنووس و رووناکبیری دڵسۆزیش بەم دواییە چوونەتە ناو لیستی
گۆڕانەوە کە من ئەوان وەک قوربانییەک دەبینم، بەڵکو قسەم لەسەر کرۆکی
لیستەکەیە.
-لیستی گۆڕان لە بنچینەدا بریتییە لە تەنیا تاقمێک کە لە حیزبێکی
دەسەڵاتدار جودابوونەتەوە: سەرۆکایەتی ئەو تاقمەی لیستی گۆڕان خۆشیان
هەر خاوەن هەمان عەقڵیەتی کۆن و ئایدیۆلۆژیای دەسەڵاتخوازن: تەنانەت
هاودەست و بەرپرسیاریشن لەو دیکتاتۆری و گەندەڵییەی کە خۆیان رەخنەی
لێدەگرن.
من سەبارەت بەم شرۆڤەکردنە دیاریکراوەم بوو، کەوتمە بەر نەفرەتی دەیان
نامە ، وتار ، تەلەفۆن، هەڕەشە ، جنێونامە و بەیاننامە. هەڵبەتە من
ئێستاش لەم شیکردنەوەیەی خۆم دڵنیا و بەرپرسم، خۆم لەسەرهەق و راست
دەزانم . لێرەدا لە پێناو رۆشنکردنەوەی رەهەندە مەعریفییەکانی ئەم
هەڵوێستە سیاسییەی خۆم، بڕیارمدا لێرە بە چەند دێڕێک باشتر مەبەستەکەم
روون بکەمەوە.
لیستی گۆڕان، وەک لەوێدا ئاماژەم پێیدابوو، لیستێک نییە بە بڕیاری
خەڵکی یاخی و گەنج و تەلەبە دروستبووبێت، بەڵکو بە بڕیاری یەکێک لە
کەڵە ئەندامەکانی سەرکردایەتی حیزبێک دروستبووە کە (سەبارەت بە هەر
هۆکارێکی شەخسی، بەرژەوەندیی تاقمێک، یان هەر هۆکارێکی ناوخۆیی حیزبی)
لەو حیزبە دەسەڵاَتدارە هاتووەتە دەرەوە و دەیەوێ "باڵێک" دروست بکات.
واتە چەند کەسێکی مونشەقی حیزبێکی دەسەڵاتدار ئەم لیستەیان دروستکردووە،
نەک نەوەی گەنج و تەڵەبە و رووناکبیری خاوەن عەقڵیەتی ئەمڕۆ. ئەم
راستییەش هیچ کەس ناتوانێ نکۆڵی لێبکات، تەنانەت خودی سەرۆکایەتی ئەو
لیستەش باش باش ئەم راستییە دەزانێت. هەر بۆیەش، هەر ئان و ساتێک،
ئیحتیمالی هەیە، لەناو پەرلەماندا لەگەڵ (ینک)ی باڵی (لیستی کوردستانی)
کە ئەمڕۆ بە (خائین و گەندەڵ)ی دەزانێ، جەبهە و هاوپەیمانێتی دروست
بکاتەوە.
کەواتە، نەک تەنیا ئەرکی من، بەڵکو ئەرکی هەموو تەڵەبە و گەنج و
رووناکبیرێکە، پێش ئەوەی بچێتە ناو لیستێکەوە، پێش ئەوەی خەبات بۆ
لیستێک بکات، پێویستە وردبێتەوە و بیربکاتەوە.
لەمەش ترسناکتر ئەوەیە کە ئەم لیستی گۆڕانە لە ئاکامدا دەبێتە
بزووتنەوەیەک و "حیزبێک" خراپەکارانە سوود لەو تووڕەیی و یاخیبوونە
جوانەی نەوەی ئەمڕۆ وەردەگرێت و دەیانکاتە سووتەمەنی "بزووتنەوەکەی خۆی"..
تەنانەت بەدووری نابینم کە "ئەم بزووتنەوەیە" لە داهاتوودا نەک هەر
ریزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و نەوەی یاخی (بە رۆشبیرانیشەوە) تووشی
پارچەپارچەیی و دوژمنایەتی بکات لەگەڵ یەکتردا، بەڵکو کار دەگاتە ئەوەی
کە سەدان گەنج و تەڵەبە و خەڵکی سەرچیغچوو، لە خۆپیشاندان و شەڕە
خوێناوییەکانی داهاتوودا "دیسان" لە تڕی سەگ بچن.
بەم شێوەیە، ئەمجارە، شەڕی براکوژیی داهاتوو، بە تێگەیشتنی من بەناوی
شەڕی نێوان دوو حیزبەوە ناکرێت، بەڵکو بەناوی شەڕی ئۆپۆزیسیۆن دژی
حکوومەت لە کوردستانی ساڵانی داهاتوودا هەڵدەگیرسێت!
ئەگەر لەکاتی شەڕی براکوژیدا دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکە (کە سەرکردایەتی
لیستی گۆڕان ئەوکاتیش هەر دەوری شەڕکارانەی سەرەکییان هەبوو) هاتن
رۆشنبیرانی نیشتمانپەروەریان بۆ سەر سەوز و زەرد دوولەت کرد و
رۆشبیرانی دڵسۆزی میللەتیان لەگەڵ یەکتر کردە دوژمن، ئەوا ئەمەتا
ئەمڕۆش، بەشێک لە سەرکردایەتیی هەمان ئەو دەسەڵاتە گەندەڵ و خوێنڕێژەی
براکوژیی جاران، پەشیمان لە پارچە پەڕۆی سەوز، دەیەوێت بێت (ئەمجارە
بەناوی ئۆپۆزیسیۆنەوە!) پارچەپەڕۆیەکی شین لەجیاتی سەوز بداتە دەست
رۆشنبیرانی ئۆپۆزیسیۆن و لەتیان بکات، لەگەڵ یەکتریان بکاتە دوژمن
لەمەش زیاتر دەیەوێ بێت ئەو گەنج و تەڵەبە یاخییانەی کە ئێمەی
رۆژنامەنووس و رۆشنبیرانی بێلایەن کە هەژدە ساڵی رەبەقە بە بیری
یاخیبوون پەروەردەمان کردوون، پارچەپارچەیان بکات و بیانکاتە سووتەمەنی
جەنگێکی چاوەڕوانکراوی دیکەی براکوژی. ئەوەتا هەر لە ئێستاوە دیارە:
چەند رۆشنبیرێکی دڵسۆز و شەرەفمەندی وەک د.شاهۆ سەعیدی کردە کاندیدی
خۆی، هەندێکیشی کردە لایەنگرانی، بەشێک لە گەنج و تەڵەبە یاخییەکانیشی
والێکرد کە بێن کتێبەکانی "باوکی رۆحیی خۆیان" بسوووتێنن! رۆژێک دادێ
کاتێک دەبینن لیستی گۆڕان لەناو پەرلەماندا لەگەڵ (ینک) چووە جەبهەیەکی
هاوپەیمانەوە، پەنجەی پەشیمانی بگەزن و بڵێن "هەزار رەحمەت لەو فەرهاد
پیرباڵەی کە کتێبەکانیمان سووتاند".
ئەو بۆشاییە سیاسییەی ناو بەستێنی ئۆپۆزیسیۆن، یان نەبوونی قەوارەیەکی
رێکخراوەیی مەدەنییانە بۆ تەڵەبە و رۆشنبیر و گەنجانی یاخی (بەتایبەتی
لەو شوێنانەی کە یەکێتی تێیدا باڵادەستە)، هۆیەک بوو لەوەی کە لیستی
گۆڕان سەربکەوێت و ئەو هەموو تەڵەبە و رۆشنبیر و گەنجە یاخییانە لە
دەوری کۆببنەوە.
من باش باش پێشبینیی ئەوە دەکەم کە چۆن دیسان رۆشنبیرانی ئۆپۆزیسیۆن
دابەش دەبنە سەر دوو باڵ، هەروەها چۆن ئەمجارەیان رۆشنبیرانیش بەناوی
ئۆپۆزیسیۆنەوە دەچنە سەنگەرەکانی ئەم شەڕە خوێناوییەوە. هەر لە
ئێستاشەوە ئەوەتا عەقڵیەتی کۆنەخوازی وەدیارکەوت، عەینەن جاران،
دەستیان پێکرد جیاوازی قبووڵ نەکەن و.. شەخس پیرۆز بکەن و گرد پیرۆز
بکەن و.. بەرەنگی "شین" شەڕەپەڕۆ درێژە پێ بدەن!.
کەواتە بەشێکی زۆر لەو جنێونامە و هەڕەشە و گوڕەشانەی لێم کراون و لە
داهاتووشدا بەردەوام بەهۆی ئەم شیکردنەوەیەوە رووبەڕووم دەبنەوە، دەبێ
لەلایەن ئەو عەقڵیەتە دەسەڵاتخواز و لایەنگیرە سەلەفیانەوە ئاراستەی من
بکرێن کە دژی ئەم پێشبینی و شرۆڤەکردنانەی منن، نەک لە گۆشەنیگایەکی
مەعریفی و راستیبێژەوە هەڵقوڵابن.
پاڵپشتی هەرە بەهێزی ئەم سەرکەوتنەی لیستی گۆڕان کە لەم هەڵبژاردنە
تازەیەدا وەدەستی هێنا بێگومان بریتیبوو لەو هەزاران دەنگە گەنج و
یاخییانەی کە رۆشنبیرانی سەرازا و یاخیگەرای بێلایەن لە ساڵی 1991
بەملاوە تا ئەمڕۆ پەروەردەی کردبوون: لە کاتێکدا سەرکردایەتیی "لیستی
گۆڕان" لەو ماوەیەدا 1991 – 2009 بۆ خۆی تاجی مقەببایی لەسەربوو، بەشێک
بوو لە دەسەڵات و گەندەڵی و سەلەفیەت.
ئەمە یەکێک بوو لەو خاڵانەی کە من لە چاوپێکەوتنەکەی KTV پێم
لەسەرداگرتبوو. ئەمەش چونکە من بەلامەوە حەیف بوو ،ئێستاش پێم حەیفە،
نەوەیەکی گەنج، نەسلێکی خوێندەوار و قوتابی، وەچەیەکی یاخی، کە ئێمەی
رۆشنبیران و رۆژنامەنووسانی تووڕە لەساڵی1991 بەملاوە تا ئەمڕۆ بەبیری
یاخیگەری پەروەردەمان کردبوون و بۆ یاخیبوون ئامادەمان کردبوون کەچی
لەولاوە بە سووک و سانایی "تاقمێکی مونشەق لە حیزبێکی دەسەڵاتگەرەوە"
بێت لە ژێر پارچە پەڕۆیەکی شینی تاقمەکەی خۆیدا کۆیان بکاتەوەو
بیانکاتە سووتەمەنیی "بزووتنەوەکەی" خۆی.
من ئەم خراپ سوود وەرگرتنە حیزبییەم پێ حەیفە، ئەم بەکارهێنانە
حیزبییەم پێ حەیف بوو لەلایەن تاقمێکی دەسەڵاتخوازی حیزبییەوە کە هات
نەوەی یاخی و گەنجی ئەمڕۆی لە پێناو بەرژەوەندییە حیزبییەکانی خۆی
بەکارهێنا! ئەمە لەکاتێکدا من بڕوام وایە: هەموو "رێکخستنێکی
بزووتنەوەیی" لە کۆتاییدا دەبێتەوە دەسەڵاتێک . لەلایەکی دیکەشەوە
تێگەیشتنی من ئەمەیە: یاخیبوون، چەمکێکی مەعریفی و دینامیکی و هەتا
هەتاییە بە دەنگدانە حیزبێک یان بەدەنگدانە سەرۆکێک کۆتایی نایێت و
چارەسەر ناکرێت.
بەم شێوەیە، هەڵوێستی رەخنەگرانەی من دژی "لیستی گۆڕان" هەڵوێستێکی
مەعریفییە نەک حیزبی وەک هەمان هەڵوێستى مەعریفیم دژی لیستی کوردستانی
و ئیسلامی و شیوعی و دژی هەر لیست و حیزبێکی دیکەش . درۆ دەکەن و ئەو
کەناڵ و رۆژنامە و کەسانەی کە دەڵێن گوایە من دەنگم داوەتە لیستی
کوردستانی یان گوایە بانگەشەم بۆ کردوون، بەڵام هیچ یەکێکیش لە 60%ی
خەڵکەش کە دەنگیان داوەتە لیستی کوردستانی، بە هیچ شێوەیەک، بە خائین و
خۆفرۆش و خزمەتکاری دەسەڵات نازانم، چونکە ئەم 60%یە بەشێکی فراوانی
میللەتە بێ کارەبا و هەژارەکەی منن، بەوپەڕی ئیحترامەوە تەماشای خواست
و هەڵبژاردن و بڕیارەکەیان دەکەم، ئەگەر خۆیشم بە جیا هاتم دەنگم دایە
(لیستی گەنجانی سەربەخۆ) ئەمە مانای ئەوە ناگەیێنێ کە من بە دوای قوونی
حیزب و لیست و سەرۆک و پەرلەمان و دەسەڵات کەوتووم، هەموو کەسێک دەبێ
دەنگبدا، (دەنگێک) بداتە لیستێک، کاندیدێک . ئەمە لایەنە شەخسییەکەی
هەڵبژاردنە، بەڵام ئەگەر هاتم ئەم دەنگدانە شەخسییەم کردە پرۆپاگەندە و
بانگەشە و خیتابێکی مەعریفی (کە بەهیچ شێوەیەک نەمکردووە)، راستە لەو
کاتەدا ئەم پرۆپاگەندە و بانگەشەیەی من بۆ ئەو لیستە، جێگەی گفتوگۆ و
راگۆڕینەوەیە.
من کە نووسەرم، دەبێ بیربکەمەوە، بیربکەمەوەو هەمیشە ناڕازی،
رەخنەگرانە تەماشای هەموو شتێک بکەم و شرۆڤەیان بکەم. بە شێوەیەکی
گشتیش، بە ئاشکرا و بەدەنگی بڵند هەمیشە گوتوومەو دەیڵێمەوە: گرفتی من
لەگەڵ هەموو دەسەڵاتێکە نەک تەنیا لەگەڵ ئەو دەسەڵاتەی کە ئەمڕۆ لەسەر
خوانە. کێشەی من تا هەتایە لەگەڵ هەموو حیزب و تاقمێکە نەک تەنیا لەگەڵ
حیزبێک و تاقمێک کە ئەمڕۆ بە "گەندەڵ" تاوانبارە. یاخیبوونی من دژی
هەموو لیست و حیزب و سەرۆک و دەوڵەت و ئینتیخاباتێکە، لە هەموو
سەردەمێک و لە هەموو شوێنێکدا.. تا هەتایە. بەڵام مافی هاووڵاتیبوونی
خۆشمە کە دەنگ دەدەمە کام لیست و کام کاندیدی سەرۆکایەتی.
من، هەمیشە و تا هەتایە، خۆم لە سەرووی هەموو لیست و سەرۆکێک، لە
سەرووی هەموو ئینتیخابات و حیزبێکدا دەبینم، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە من
لە واقیعدا لە خوارەوەی هەموو لیست و سەرۆک و ئینتیخابات و حیزبێکدام،
ناچارم و مافی خۆشمە، بە عادەت، یان بەپێی بارودۆخێکی سیاسی کە لە
بەرژەوەندی شیعردایە، هەقی خۆمە: وەک چۆن تەفزیڵی سواربوونی (تەکسییەکی
دەربەست) دەکەم بەسەر سواربوونی پاسێکی هەژدە نەفەری بۆ گەیشتنە
مەنزڵگەیەک، ئاوها تەفزیڵی دەنگدانە (لیستی گەنجانی سەربەخۆ) بکەم
بەسەر دەنگدانە (لیستی گۆڕان). هەروەک چۆن تەفزیڵی خواردنی (شێخ مەحشی)
دەکەم بەسەر خواردنی (تۆڵکە و ساوار) و (یاپراخ بیبی) و (ترخێنە)،
ئاوهاش تەفزیڵی دەنگدان بە مەسعوود بارزانی بکەم بەسەر دەنگدان بە
کاندیدەکانی دیکە. من هونەرمەندم، نەک مامۆستایەکی مەسڵەحەتچی، کێ
مووچەی زیاتری بداتێ دەنگ بداتە ئەو!.
لەلایەکی دیکەشەوە، ئەز باوەڕم: خۆ ئومێدەوارکردن بەوەی کە لیستێک یان
حیزبێک دەمانگەیێنێتە کەنارەکانی بەختەوەری و گۆڕان و ئاسوودەیی، ئیشی
تەنیا ئەو لیست و حیزب و سەرکردە کەمفام و رۆشنبیرە ساویلکانەیە کە
دەیانەوێ مرۆڤی یاخی فریو بدەن، لە چەمکەکانی یاخیبوون و خواستی
تاکڕەوگەرایی دووریان بخەنەوە و دووبارە بیانهێننەوە ناو "مێگەل" و
حیزب و لیست و دەسەڵاتەوە.
هەر ئەمەش یەکێک لە هۆکارەکان بوو کە من خۆم لیستێکم دروست نەکرد و خۆم
کاندید نەکرد بۆ سەرۆکایەتی، سەرەڕای ئەو هەموو داواکاریەی لێم دەکرا
بۆ ئەوەی لیست دروست بکەم و خۆم کاندید بکەم (خۆشم هەر بیرم لێ
دەکردەوە، بەڵام لە کۆتاییدا دروستم نەکرد)، نەمکرد، چونکە پێموابوو کە
دروستکردنی لیست، یان هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی گەنج و
گرفتەکانی یاخیبوون لە رێگەی حیزب و سیاسەتەوە، دیسان دەتباتەوە ناو
دەسەڵات، پاشان خۆشت دەکاتەوە بەشێک لە دەسەڵات. ئەمەش لە بێ هوودەیی و
خۆهەڵخەڵەتاندنێکی زیاتر هیچی دیکە نییە. یاخیبوون مەسەلەیەکی مەعریفی
و دینامیکی و مرۆڤایەتییە، تا هەتایە هەر دەمێنێ و دەبێ هەمیشە ئاوها
جوان، عەینەن هونەر، لە دەرەوەی هەموو لیستێک، واتە لە دژی هەموو حیزب
و تاقمێکدا بمێنێتەوە! ئەوەی وای لێکردم ئەو قسانەی سەر شاشەی Ktv
بکەم، ئەوەبوو کە دەمدیت، یاخیبوون و هێزی یاخیبووی ئەو هەموو گەنج و
تەڵەبە ناڕازییانە لەلایەن تاقمێکی حیزبییەوە هەڵمژراوە(امتصاص کراوە)
یان پاوان کراوە، عەینەن (ارض الموعود).
پێم ناخۆش بوو ،ئێستاش پێم ناخۆشە، کە دەمبینی، خەڵکانێکی یاخی،
لاوگەلێکی تووڕەی نیەتپاک، هەر لەئێستاوە هاتوون دووبارە سیفەتی
"پیرۆزی" دەبەخشنە تاقمێکی بچکۆلەی حیزبی کە دەیەوێ لە داهاتوودا ببێتە
دەسەڵات! (ئاخر گردێکی حیز چییە تۆ سیفەنی پیرۆزیی پێ ببەخشیت و ناوی
بنێی گردی پیرۆز!؟)
پێم ناخۆشبوو کە دەمبینی ،ئیستاش کە دەبینم، لاوگەلێکی ناڕازی و
نیەتپاک، هەر لە ئێستاوە هاتوون دووبارە گرد پیرۆز دەکەن و "پاڵەوان"
دروستدەکەن بۆ ئەوەی ئەو "گردە پیرۆزە" ببێتە مەنزڵگەی دەسەڵاتێکی دیکە
و ئەو پاڵەوانەش ببێتە سەرکردەیەکی دیکەی دەسەڵاتی دواڕۆژ.
ئەوەشم هەر پێ ناخۆش بوو کە دەمبینی ،ئێستاش کە دەبینم، ئەو پاڵەوانە
پیرۆزانە دێن لە "گردی پیرۆزەوە" بەڵێن دەدەنە ئەو هێزە یاخی و
ناڕازییەی نەوەی ئەمڕۆ و پێیاندەڵێن کە گۆڕان لە ژیانی ئەو گەنجانەدا
لەم گردە پیرۆزەوە دەست پێدەکات و... گوزەرانیان لەم گردە پیرۆزەوە
بەرەو بەختەوەری دێتە گۆڕاندن. من ئەم دەسخەڕۆکردنەی تەڵەبە و ئەم
بەسەهووبردنەی گەنجانم لەلایەن "گردی پیرۆز" و "لیستی پیرۆزی گۆڕان"ەوە
هێندە پێ ناخۆش بوو کە خەریکبوو لەسەر شاشەی تەلەڤزیۆنەکەوە بەدەنگێکی
بڵند بڵێم (گۆڕان لە گردە مژەوە دەست پێدەکات نەک لە گردی پیرۆزەوە)،
باوەڕیشم وایە کە بیرمەندی ئەڵمانی، ولیەم رایش، لە کتێبەکەی خۆیدا
(الثورة الجنسیة) لەم بارەوە، زۆر راست بکات.
بیست و چەند پەرلەمانتارێکی سەربە تاقمێکی نیوەیان حیزبیی مونشەق
ودیکتاتۆری سەر بە حیزبێکی بەقسەی خۆیان گەندەڵ، با بشتوانن بگەنە ناو
ئەم پەرلەمانە داخراوەی ئەو سیستەمە سەقەتەی کوردستان، بەڵام چۆن
دەتوانن گرفتەکانی نەوەی نوێ و یاخیبوونی بێ کەناری مرۆڤی گەنج چارەسەر
بکەن؟ مرۆڤی یاخی، ئەگەر گەنج بێت یان تەڵەبە یان جوتیار یان دوکاندار
یان پەنچەرچی.. پێویستە بە ئەنجامەکانی هەر هەڵبژاردنێک رازی بێت و
چاوەڕێ بکات چۆن وزە و هێزی خۆی دژی هەر دەسەڵاتێکی دیکەی کە لە
داهاتوودا دەیەوێ بیخاتە چوارچێوەو ژێر کۆنترۆڵەوە، بخاتەوەگەڕ.
یاخیبوون ناچێتە ژێر باری هیچ لیست و سەرۆک
و حیزب و ئینتیخاباتێکەوە، وەکو شیعر.. تا هەتایە دژ، تا هەتایە
ناڕازی، عەینەن هونەر هەمیشە نائارام و ناڕەزا دەمێنێتەوە
!.
زۆربەی چاودێرە سیاسییەکان رایان وابوو کە سیناریۆی لیستی گۆڕان یەکێک
لە ئامانجەکانی، ئەوەبوو کە لە لایەکەوە زەبرێکی کوشندە بوەشێنێتـە
پایەی مەسعود بارزانی و دەسەڵاتی (ینک) بۆ ئەوەی (ینک) ناچار بکات گوێ
لە شەخسی نەوشیروان مستەفا رابگرێت و بەگوێی بکات، لەلایەکی دیکەشەوە
لەپێناو هەڵمژینی هێزی ئۆپۆزیسیۆنی چەپگەر و کەمکردنەوەی دەنگدەرانی
هێزە ئیسلامییەکان دروستکرابوو، ئینجا بەڕاستیش، ئەوەتا ئاکامەکانی
هەڵبژاردن، زۆر بە ئاشکرا هەقیقەتی ئەم لێکدانەوەیەی بەڕاست سەلماند،
بەهۆی د. کەمال میراودەلییەوە کە من واتێدەگەم کاندیدی ژێراوژێری لیستی
گۆڕان و هەندێک لە ئەندام و لایەنگرەکانی (ینک)یش بوو، (دڵنیام
تەنسیقێک لەم بارەوە لەگەڵ هەندێ لایەنگر و ئەندامانی لیستی چاکسازی و
یەکگرتووشدا هەبووە) شتێک لە دەنگدەرەکانی مەسعوود بارزانیی کەم
کردەوە، لەولایشەوە، زۆربەی هەرە زۆری لایەنگرانی حیزبی شیوعی و
چەپەکان، تەنانەت لایەنگرانی حیزبە ئیسلامییەکانیش، بە پێچەوانەی
ئینتیخاباتی رابردوو، دەنگی خۆیان دایە نەوشیروان مستەفا.
گەلێک لە چاودێرە سیاسییەکان دامەزراندنی لیستی گۆڕانیان بەو هەموو
پارەو پوول و سامان و پشتگیرییە زۆرەی خودی یەکێتی نیشتمانییەوە، وا
لێکدەدایەوە کە ئەمە موئامەرەیەک بێت بۆ هەڵمژینی وزەی ئۆپۆزیسیۆن و
کەمکردنەوەی دەنگدەرەکانی چەپ و کۆمۆنیست و بەتایبەتیش ئیسلامییەکان،
هەندێ چاودێری دیکەش وایاندەبینی کە ئەمە موئامەرەیەکی (ینک) ە دژی
پارتی دیموکراتی کوردستان. کەچی (ینک) وایدەبینی کە نەخێر ئەمە وەک
کودەتایەکی نەوشیروان مستەفایە دژی (ینک)خۆی، ئەگەرچیش باجی ئەم
موئامەرە و کودەتایەی نەوشیروان مستەفا دژی (ینک) پارتی دیموکراتی
کوردستان دەیدات و بەسەر (پدک)دا دەشکێتەوە. ئەوەتا ئەنجامەکانی
هەڵبژاردن و نیگەرانییەکانی ئەمڕۆی هەردوو حیزبی ناو لیستی کوردستانی،
ئەم راستییە باش باش دەسەلمێنن.
هەموو ئەم لێکدانەوە جۆراوجۆرانە لەلایەن چاودێرە سیاسییەکانەوە،
تێبینیتان کردووە، بەدەوری یەک تەوەرەدا دەسووڕێنەوە "هێزێکی
گومانلێکراو"، خاوەن دەسەڵاتێکی کە رەگوڕیشەی خۆی لەناو دەسەڵات و
حیزبێکی دەسەڵاتگەرەوە هەڵێنجاوە کەچی دەشیەوێ خەڵکی بەستەزمان و گەنجی
یاخی و چەمکی یاخیبوون و ناڕەزایی بکاتە داردەستی ئەم شەڕەی خۆی بۆ
گەیشتنە دەسەڵات.
گۆڕانخوازە راستەقینە و قارەمانە راستگۆکانی ریفۆرم، کە بەڕاستی لە
کانگای عەقڵ و مەعریفە و دڵەوە بێوچان هەوڵیانداوە و دەدەن کە
سیستەمەکانی وڵات و پەرلەمان و کۆمەڵگە بگۆڕن، ئەم رووناکبیرە جوان و
بێدەنگ و شکۆمەندانەن کە تاکو ئێستا دڵیان نەهاتووە هیچ دیوارێکی هیچ
شەقامێکی وڵاتەکەیان بە وێنەیەکی ئینتیخابات و بە هیچ پەڕۆ و پاتاڵێکی
شین یان سەوز و زەرد و سپی و مۆر و نارنجی پیس بکەن. بەختیار عەلی،
شێرزاد حەسەن، زیرەک کەمال، مەریوان وریا قانیع، ئەبوبەکر عەلی، رێبین
ئەحمەد هەردی، شوان ئەحمەد، مەریوان هەڵەبجەیی، ئاراس فەتاح، حەمەسەعید
حەسەن، د.شاهۆ سەعید، نەبەز گۆران، شوان محەممەد، هەڵکەوت عەبدوڵڵا،
رێبوار سیوەیلی.. هەروەها چەندین رۆژنامەنووسی جەسوور و چەندین
رۆشنبیری سەرازای دیکە.. کە چەندین ساڵ پێش ئینشیقاقی نەوشیروان مستەفا
زەمینەیان بۆ گۆڕان و ریفۆرم خۆشکردبوو: کەچی بەری داری ماندووبوونی
ئەم رۆشنبیرە سەرگەڤازانە لیستی گۆڕان خواردی، بەری رەنجی هەموو ئەم
نووسەرە سەرازایانە رژایە ناو لیستی گۆڕانەوە بە سەرکردایەتیی تاقمێک
کە خۆیان لە ساڵانی رابردوودا بەشێک بوون لە دەزگا داپڵۆسێن و
گەندەڵەکە: تەنانەت بەشێکی سوودمەندی لە هەمووشیان گەندەڵتر و
دیکتاتۆرتر.
ئەم حەقیقەتە ناشرین و ئەم واقیعە تاڵە بوو کە منی والێکرد ئاگاداری
گەنجانی یاخی بکەمەمەوە: فریو نەدرێن، یاخیبوون هەمیشەیی و دینامیکی و
تا هەتاییە!
بۆ ئەوەی بچمە ناو هەندێ وردەکارییەکانی دەنگدانی خۆم بە مەسعود
بارزانی، دەمەوێ پرسیارێک وەڵام بدەمەوە: نەوشیروان مستەفا، سەرۆکی
لیستی گۆڕان، مادام خۆی بە ئۆپۆزسیۆن دادەنێت، ئایا بۆچی کاندیدێکی
سەرۆکایەتیی بۆ لیستەکەی خۆی هەڵنەبژارد؟. لەوانەیە ئەوە مافی
دیپلۆماسیانەی خۆی بێت، بەڵام رەگوڕیشە و بنەماکانی ئەم مافە
دیپلۆماسییە پێویستە شیتەڵ بکرێتەوە. ئایا بۆچی روون و ئاشکرا نەهات
هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە مەسەلەی کاندیدی سەرۆکایەتی روون بکاتەوە؟
بۆچی نەهات روون و ئاشکرا بە من و بە ئەندامەکانی خۆی و بە میللەت بڵێ:
دەنگی خۆتان مەدەنە مەسعود بارزانی چونکە مەسعود بارزانی لە دەسەڵاتە و
سەرۆکێکی خراپە؟! ئایا هۆی ئەم (خەت رەجعە) چییە؟ ئەم (خەت رەجعە) یە
چۆن لێکدەدرێتەوە؟ ئەمە گرنگترین پرسیارە کە دەبێ رووبەڕووی لیستی
گۆڕان بکرێتەوە. پێش ئەوەی گازاندە لە منێک بکەن کە زۆر سەربڵندانە و
بە دەنگێکی زۆر دڵنیا و ئاشکراوە دەنگی خۆم وەک هاووڵاتییەک، دایە
مەسعود بارزانی، ئەو سەرکردە بوێرەی کە ئاڵای کوردستانی بۆ یەکەمین جار
لە مێژووی کوردستاندا، بە شێوەیەکی فەرمی و بوێرانە، لە جیاتی ئاڵا قۆڕ
و ناشیرینەکەی عێراق، لەسەر سەری مندا شەکاندەوە.
نەوشیروان مستەفا، سەرۆکی لیستی گۆڕان، بۆچی بە ئاشکرا نەهات بڵێ:
دەنگی خۆتان بدەنە د.کەمال میراودەلی یان بیدەنە د.هەڵۆ ئیبراهیم
ئەحمەد، یان بیدەنە کاندیدەکانی دیکە؟ چما لەناو ئەم هەموو کاندیدانەی
دیکەدا "پیاوێک نەبوو" کە لیستی گۆڕان بە "شایستەی" بزانێت؟ ئەم
سیاسەتی (خەت رەجعە)ی لیستی گۆڕان چەندی بە چەند؟! بەڵێ، ئەم سیاسەتە
نائاشکرا و ژێراوژێرە، بۆ من جێگەی گومان بوو. تۆ چۆن دەتوانی
گۆڕانخوازیش بیت و لە هەمبەر سەرۆکێکیش کە پێتوایە (بنەماڵەچی) و
(کۆنەخواز)ە، بێدەنگ بی؟!
کارم بەسەر ئەوەوە نییە بپرسم: ئایا لیستی گۆڕان بۆچی نەهات لیستێکی
هاوبەش و هاوپەیمان، هاوسەنگەری ئۆپۆزسیۆنە چەپەکان دروست بکات؟ ئەمە
بۆ ئەوەبوو کە لە داهاتوودا لیستی گۆڕان ئەگەر لەگەڵ باڵی ینک لە ناو
پەرلەماندا سەنگەرێکی دژی پدک دروستکرد، ئازاد بێت و نەکەوێتە ژێر گلە
و گازاندەی ئەو هێزە ئۆپۆزسیۆنەی هاولیستی ئەمڕۆی خۆی.
هەر لە بارەی هۆی دەنگدانی خۆم بە مەسعوود بارزانی، دیسان بە پرسیارێکی
دیکە وەڵامێکی دیکەش دەدەمەوە: ئایا سەرۆکێکی پێشووی هەرێمێک، با
دیکتاتۆر و هەرچییەکی خراپیشە بێت، ئەگەر لەناو پەرلەماندا رایبگەیێنێت
کە بەبێ راو دەنگی زۆرینەی میللەت ئامادە نییە ببێتەوە سەرۆکی هەرێم،
ئەمە نیشانەیەکی جوان و دیموکراتبوونی ئەو سەرۆکە نییە، بەڵگەی ئەوە
نییە کە ئەو سەرۆکە، بەڕاستی دەیەوێ خەڵک و رۆشنبیران و ئۆپۆزسیۆن و
تاکە کەسەکانی نەتەوەکەی خۆی فێری جەسارەت و بوێری و دیموکراسی بکات،
هیچ نەبێ بۆ ئەوەی خۆیان هەڵبژێرن و خۆ هەڵبژاردن تاقی بکەنەوە؟ کەچی
لەگەڵ ئەمەشدا هیچ یەکێک لەو حیزبانەی کە ئێمە بە گۆڕانخواز و
ئۆپۆزسیۆنیان دەزانین، بە لیستەکەی نەوشیروان مستەفاشەوە، خەت
رەجعەیەکیان بۆخۆیان هێشتەوە و جەسارەتیان نەکرد بێن بە ئاشکرا
کاندیدێکی خۆیان بۆ سەرۆکایەتی هەرێم هەڵبژێرن: تەنیا لیستی پێشکەوتن
نەبێ؟. بۆچی؟
کەواتە، چما هەر تەنیا ئۆپۆزسیۆنی ترسنۆک و ئەو رێکخراوە مەدەنییە هیچ
لەبارنەبووانەی کە وۆرک شۆپ بۆ گەنج و رۆژنامەنووسەکان دەکەنەوە
دەتوانن خەڵک فێری یاخیبوون و جەسارەت و دیموکراسی بکەن، یان
هەڵوێستێکی جەسوورانەی ئاوهای وەکو ئەم پێشمەرگە دڵسۆزەی میللەتیش؟
مەبەستم بێگومان مەسعود بارزانیییە، کە منی ناچار کرد ، هیچ نەبێ بۆ
دەستخۆشی لێکردنی، بۆ ئافەرین پێگوتنی، لەبەر خاتری ئەم هەڵوێستە
جوامێر و دیموکراسییەی خۆی، دەنگی بدەمێ! ئومێدیش دەخوازم باشووری
کوردستان بگەیێنێتە ئاقارەکانی سەربەخۆیی!
ئەمە لەکاتێکدا "گۆڕانخواز و دیموکراتخوازەکان" دوای دەرچوونی مەسعود
بارزانیش بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەدەستهێنانی 70%ی دەنگەکانی
میللەت، ئێستاش هەر داوا دەکەن مەسعود بارزانی دەست لە سەرۆکایەتی خۆی
بکشێنێتەوە؟ ئەمە چ جۆرە دیموکراسیەتێکە لای ئەو تاقمە دیموکراتانە؟
ئاخۆ دەبێ چی لەم جۆرە دیموکراسی و دیموکراتخوازانە چاوەڕێ بکرێت ئەگەر
بکرێنە سەرۆک و ئەم جۆرە شتانە؟
مەسعود بارزانی 70%ی دەنگەکانی هێناوە، ئەمە لە کاتێکدا لیستی
کوردستانی بە هەمووی 60%ی دەنگەکانی هەیە. ئەمە ئەوە دەگەیێنێ کە 10%ی
ئۆپۆزسیۆنیش هەر دەنگی داوەتە مەسعود بارزانی. ئەمە جگە لەوەی کە من وا
تێدەگەم ئۆپۆزسیۆنەکان دەنگی زیاتریشیان داوەتە مەسعود بارزانى، چونکە
دڵنیام کە لەناو یەکێتییەکاندا ژمارەیەکی زۆری دەنگدەرەکان (بەتایبەتی
باڵێکی دیاریکراو) دەنگیان نەداوەتە بارزانی.
ئەم لێکدانەوە لۆژیکییە، هیچ نەبێ، ئەوە دەسەلمێنێ کە من لە
دەنگدانەکەی خۆمدا، لەگەڵ زۆرینەی هەرە زۆری دەنگی میللەتی خۆمدا کۆک
بوومە و بە سەهوو نەچوومە. حەوت ساڵ پێش ئەمڕۆش لە 2003 لەسەر شاشەی
تەلەڤزیۆنی سەحەری کۆماری ئیسلامی ئێران ،فیلمەکەم لایە، گوتوومە:
"پێویستە هەر هەموو دنیا، بە کۆماری ئیسلامی ئێرانیشەوە، سوپاسی
مەسعوود بارزانی بکات، چونکە بارزانی وڵاتی عێراق و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست
و دنیای، لەدەست پیسترین دیکتاتۆری ناوچەی رۆژهەڵات و دنیا رزگار کرد".
ئەم قسەیە دەکەم و هەموو دنیاش دەزانێ: نە مننەت و پێویستیم بە مەسعوود
بارزانی هەیە، نە رۆژێکیش مەجبوور بوومە و دەبم کە یەک دینار لە
مەسعوود بارزانی داوا بکەم یان وەربگرم. هاوڕێ و هاوەڵەکانی من،
هەموویان سەرۆک پەرلەمان و وەزیر و پرۆفیسۆر و پەرلەمانتار و
موستەشارن! تەخت و پایەی هەموویان، بە یەک دێڕ شیعری خۆم ناگۆڕمەوە:
اسیرم نکرد این ستمکارە گیتی
زیرا کە من بر نفس خویش امیرم
لە کۆتاییدا، رایدەگەیێنم و دووپاتی چەند راستییەک دەکەمەوە:
1 -من بەوپەڕی دڵنیایی و سەرفرازییەوە دەنگم داوەتە مەسعوود بارزانی بۆ
کاندیدی سەرۆکایەتی هەرێم، ویژدانیشم لەم بارەوە زۆر ئاسوودە، سەریشم
بڵند.
2 -بە هیچ شێوەیەک و لە هیچ شوێنێک و لە هیچ رێگەیەکەوە دەنگم نەداوەتە
(لیستی کوردستان)، هەر رۆژنامە و سایت و کەناڵ و هەر کەسێکیش بەناوی
منەوە لێدوانی بڵاوکردبێتەوە، درۆ دەکات و راست نییە، ئەمە چ جای ئەوەی
کە گوایە من بانگەشەم بۆ (لیستی کوردستان) کردبێت.
3 -لەبارەی لیستی گۆڕانیشەوە، لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێزم، بۆچوونەکانی خۆمم
لەبارەیەوە دەربڕی.
سوپاس بۆ گۆران هەڵەبجەیی کە پێش چەند رۆژێک روونکردنەوەیەکی بەناوی
منەوە بڵاوکردبووەوە. بەهیچ شێوەیەکیش ئامادە نیم جارێکی دیکە قسە
لەبارەی ئەم بابەتەوە بکەم، وەڵامی هیچ رەخنە و هیچ کەسێکیش نادەمەوە.
ئەمە تێگەیشتنی سیاسیی من بوو لەبارەی دۆخی سیاسیی ئەمڕۆی کوردستان.
هەر گەنج و تەلەبە و فیتەر و مامۆستا و وەزیر و سیاسەتمەدار و دوکاندار
و سەرۆک و سەرکردە و سەرنووسەر و سەرتاش و دارتاش و سایەق تاکسییەکیش،
(هەر خوێنەرێکی کتێبەکانم!) ئەگەر منی تەنیا بەمەرجی ئەوە خۆش بوێت کە
لایەنگیری لیست و حیزبەکەی ئەو بکەم، فڵقیڕ .. زۆر بە سەهوو چووە.. هیچ
لەبارەی کتێب و هونەرەوە نازنێت و جاهیلە! ئەمە جگە لەوەی کە کتێبی من،
هونەری من، شیعری من، هەمیشە، لەسەرووی هەموو حیزب و لیست و ئینتیخابات
و سەرۆک و پەرلەمانێک، تەنانەت لەسەرووی هەموو ئەخلاق و قیەم و
ئایدیۆلۆژیا و ئاگرێکیشەوە. تا هەتایە وەک رۆحی سەرکێش و یاخیگەری خۆم
دەشەکێتەوە.
|