په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٤\٢٠١٨

پەرتووکێکی نوێ سەبارەت بە "عەباس کیارۆستەمی" لە فیستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر بڵاودەبێتەوە.

 

مەنسوور جیھانی


ھاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی سی و شەشەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر؛ پەرتووکێک سەبارەت بە سینەمای "عەباس کیارۆستەمی" پێکھاتوو لە نووسین و وتارگەلێکی بڵاونەکراوە و دەقی وەرگێڕدراو لەمەڕ بەرھەمەکانی ئەم سینەماکارە بلیمەت و ھەڵکەوتەیە و سێ دیمانە و چاوپێکەوتن لەگەڵ خودی ئەو پەردەی لەسەر لادەدرێ.

بە پێی راپۆڕتی لێژنەی راگەیاندنی سی و شەشەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر، "سەید عیماد حوسێنی" بەرپرسی یەکەی لێکۆڵینەوە و چاپ و بڵاوکردنەوەی کۆمیتەی زانستی و زانستگایی سی و شەشەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر سەبارەت بە چالاکییەکانی ئەم بوارە لە فیستیڤاڵی ئەمساڵ، گوتی: پەرتووکێکی پێکھاتوو لە نووسین و وتارگەلێکی بڵاونەکراوە و دەقی وەرگێڕدراو بە مژار و بابەتی سینەمای "عەباس کیارۆستەمی" و سێ دیمانە و چاوپێکەوتن لەگەڵ خودی ئەو خەریکە ئامادە دەکرێ کە لە رۆژانی بەڕێوەچوونی سی و شەشەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر لە رێوڕەسمێکدا لە پەردیسی سینەمایی "چارسوو" لە شاری تاران و بە ئامادەبوونی ھونەرمەندان و سینەماکارانی ئێرانی و بیانی پەردەی لەسەر لادەدرێ.

بە وتەی بەرپرسی یەکەی لێکۆڵینەوە و چاپ و بڵاوکردنەوەی کۆمیتەی زانستی و زانستگایی سی و شەشەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر، ئەم پەڕتووکە پێکھاتووە لە ھەشت وتار و سێ چاوپێکەوتن کە ھەندێک لە وتارەکان و دیمانەکانی ئەم پەرتووکە ئەنجامی کار و تێکۆشانی لێکۆڵەرانی ئێرانی و ھەندێکیشیان بەرھەمی نووسەران و خاوەنڕایانی بیانیە.

‌"سەید عیماد حوسێنی" لەمەڕ شیکردنەوەی زیاتری بابەتەکانی ئەم پەرتووکە رایگەیاند: ھەر یەکە لە وتارەکانی ئەم پەرتووکە لە سووچێکی جیاوازەوە دەپرژێتە سەر بەشێک لە بەرھەمەکانی "عەباس کیارۆستەمی"، بۆ وێنە لە وتارێکی خاتوو دکتۆر "پاک شیراز" مامۆستای زانستگای "ئێدینبرۆ" فیلمەکانی کیارۆستەمی لە روانگەی جیھان بینیی ئیسلامی لێکدراونەتەوە.

حوسێنی ئەوەشی خستە ڕوو: لە فۆرم و ناوەرۆکی بەرھەمەکانی "عەباس کیارۆستەمی"دا دەتوانرێ بە شێوەی جیددی شوێن پێی نیشاندەرە فەرھەنگییەکانی شوناسی ئێرانی بدۆزرێتەوە، لەگەڵ ئەمەشدا، بەرھەمەکانی ئەو، لەسەر ئاستی جیھان بینەرانێکی زۆری لەگەڵ خۆی کردۆتەو ھاوڕێ و لە فیستیڤاڵە گرینگەکانی دونیادا چەندین خەڵاتی پڕئەژماری بەدەستھێناوە. رەنگە بی ھۆ نەبێ ئەگەر بڵێین ئەو ناسراوترین سینەماکاری ئێرانی لەسەر ئاستی جیھانە کە ھیوا دەخوازین ئەم پەرتووکە ھەنگاوێکی کاریگەر بێ بۆ لێکۆڵینەوەگەلی بەربڵاوتر سەبارەت بە شێوازەکانی فیلم چێکردن و بیرکردنەوەی ئەم کەسایەتییە بەرجەستە و دیارەی سینەمایی وڵاتی ئێران.

بەرپرسی یەکەی لێکۆڵینەوە و چاپ و بڵاوکردنەوەی کۆمیتەی زانستی و زانستگایی سی و شەشەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر لە کۆتاییدا گوتی: لە سی و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر پەرتووکێک بە ناونیشانی "سڕینەوەی دیاردە رۆژئاواییەکانی خوێندنەوەی فیلم" بریتی لە وەرگێران، سەرەتا، چوار وتار و سێ دیمانەی ھەڵبژێردراو لە پەرتووکێک ھەر بەو ناوە لە دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی "راتلێج" چاپ و بڵاو کرایەوە و پەردەی لەسەر لادرا کە ئەمساڵیش کۆڕێکی پسپۆڕانە ھەر بەو مژار و تەوەرە و بە ئامادەبوونی مامۆستایانی ناسراوی زانستگاکانی ئەورووپی بەڕێوەدەچێ کە یەکێک لە نووسەرەکانی ئەم پەرتووکەش میوانی فیستیڤاڵی ئەمساڵ دەبێ.

سی و شەشەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر لە رۆژانی ١٩ تا ٢٧ی ئەپرێڵی ٢٠١٨ی زایینی رێکەوتی ٣٠ی خاکەلێوە تا ٧ی گوڵانی ١٣٩٧ی ھەتاوی بە دەبیریی "سەید ڕەزا میرکەریمی" لە شاری تاران بەڕێوەدەچێ.

 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک