په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\٦\٢٠١٨

کورتە چیڕۆك:

قابیل و هابیل.*

سمکۆ ئەحمەد       


بەلەمێکی ماندوو بە چەشنی پیرە مێردێکی شەتەك کە وەك ئەتڵەس جیهانی بە کۆڵ هەڵگرتبێت . یان ئەمە کەشتی یەکەی نوحەو بەس ئەمجارەیان لە باتی ڕزگار کردن ، سەرنشینەکانی بەرەوە مەرگی حەتمی دەبات؟


شەپۆلە ووردەکانی دەریای ئینجە بە خۆیان و ماسی یە ووردەکانی ختووکەی مەرگی ئەو بەلەمە شەکەتەیان دەدا.


کەژاڵ کە هیچ شتێکی لە کەژاڵ نە دەچوو وەکو قرژانگێك لە ترسی تۆڕی ڕاوچییە گریکەکان لە سووچێکی بەلەمەکەیا خۆی گرمۆڵ کردبوو قابیل لە دەستی چەپی و هابیل لە دەستی ڕاستی بە ماری دەستەکانی وەکو لەفە پێچابوونەوە.

هیوای قاچاخچی کە هیچ هیوایەك لە چاویا بەدی نە دەکرا ترساو وەکو نێچیری دەستی داعش بێ ئارام مژی بە جگەرەکەیدا دەکردو و هاواری دەکرد: جانتاکانتان فڕی بەنە دەریاوە دەنا هەموو غەرق دەبین ، بیرتان نەچێ هەموو لە سەر یەک بەلەمین ، یان هەموو پیکەوە دەمرین یان پیکەوە دەگەینە بەهەشتەکەی ئەوان.

ئەم گەشتە گەشتی گەیشتن بە بەهەشت بوو ، ئەو دەریایە پردی سیرات بوو تەنها ڕیگای بەرە و بەهەشت بوو بۆیان. تۆ بڵێی بەهەشتەکەی پێغەمبەرەکەی ئەوان باسی کردوە هەر هەمان بەهەشتەکەی دینەکەی ئەمان بێت؟

هیوای توڕە پڕیکرد بە جانتای کوڕێکی گەنجا تا فڕێی باتە دەریاکەوە؛
- تۆ خوا نەکەی بەس رەسمەکانی دایکمی تیا ماوە شتەکانی ترم هەمووی فڕیداوە هەتا نامەی عەشقەکانم ، دەرمانەکانم. بەس تو خوا دایکم بەس لەو رەسمانەیا ماوە ، گەر فڕێی دەی ئەترسم کاڵ بینەوە و ئیتر یەکتر نەناسینەوە.
- ئیوە بۆ تێ ناگەن ژیانی خۆتان و منیش دەخەنە خەتەرەوە بۆ چەند جانتایەکی حیز؟

کوڕە گەنجەکە ڕووی لە هیوا کرد و ووتی: ئەی بۆ ئەو مناڵە مردووەی ئەو ژنە فڕی نادەن وا سێ ڕۆژە مردووە و لەسەر دڵی خۆی ناکاتەوە؟ ئائا یەکێك لە دوانەکە وا سێ ڕۆژە نوتقی نەیاوەو چاوەکانی وەکو بەختی خۆمان داخراون کەسمان نیگایەك یان نوزەیەکیمان نەبینیوە ، بەخوا ووردە ووردە بۆگەنیش دەکا گەر لێی گەڕێن.

کەژاڵی پڕترس : نا توخوا نەکەن بەخوا نەمردووە دوێنێ شەو گۆی مەمکی چەپی مژیم .بەخوا ماوە ، لە خەویشما پێی ووتم . دایە گیان فڕێم نەدەنە دەریا دوایی نامدۆزنەوە ، بیرت چوو من لە ئاو دەترسم خۆ لەسەرچناریش توخنی ئاوەکە نە دەکەووتم. مەگەر منیشی پێوە فڕێ دەن دەنا هەر کەسێك توخنمان کەوێ وەکو قڕژانگ پێوەی ئەدەم.


قابیل ترپەی دڵمەوە لە نیوان دڵی من و لێوی ئەو تەنها یەک مەمك هەیە ئەویشم کردۆتە سەرین بۆی.

کاتێك شەپۆلەکانی مەرگ ختوکەی ئەو پیاوە پیرە شەکەتەکە دەدەن ، ترس باڵی تەڕی ڕادەکێشا بەسەر بینایی هەموو سەرنشینەکانی نیوان بەهەشت و جەهەنەم، شەوەزەنگی دەریا لە شەوە زەنگی ووشکانی ناچێت. ئاخر خۆ هەموو لە ئاوەوە هاتووینەتە بوون بۆ ئەم ئاوە هێندە ترسناکە بەم شەوە؟ شەپۆلەکانیش پێ دەچی ماندوو بووبن بە درێژایی ئەو ڕۆژە لە مارێکی مت بوودەچوون لە دووی فرسەتێك بگەڕێن کە بێ دەنگ سەرنشینێك یان جانتایەکی پڕ خۆزگەیان ڕاپێچی ئەو مەملەکەتە بکەن کە ژیان لێوەی درووست بوو . مەملەکەتی کرمەکانی ئادە م و حەوا، ئەم کرمانە هەر لەدەریا بمانایە باشتر نەبوو؟ لەگەڵ خۆیانا ئەم هەموو شەڕ و نەهامەتیانەیان بۆ هێنایە سەر ووشکانی، ووشکانی بێ مرۆڤ باشتر نەبوو؟ ئەم مەخلووقە دووپێ یە چی بوو درووست بوو ؟ووشکانی نەك هەر بۆ خۆی بەڵکو بۆ هەموو زیندەوەرەکانی تریش کردە جەهەنەم.


ئەوەتا گشت سەرنشینەکانی سەر ئەم بەلەمە هیلاکە بەرەو بەهەشتەکەی ئەوان دەڕۆن لە دەستی هاو ڕەگەزەکەی خۆیان ڕادەکەن و ڕێگایی هات و نەهاتیان هەڵبژاردوە.

کەژاڵ چاوەماندوەکانی بڕیبووە ئەستێرەکان ، ئەم ئەستێرانە هیچیان لەو ئەستێرانەی لای خۆمان نەدەچوو کەشەوان لە سەربان بە دەم وەنەوزەوە قسەی لەگەڵ دەکردن، هابیل مەمکی راستی دەمژی بۆ بۆنی دڵۆپێك شیر هیندەی موعتادێك کە تلیاکی لێبڕابیت نا ئارام بوو. خودایە بۆ مەمکی ژێر سەرینی قابیلی مردوو هێندە شیری تیا بوو ؟ . دەتووت کانی بەهارە و دەیەویت بە پەلە ئاو بگەینیتە گوڵە نیوە مردووەکان؟ تۆ بڵێی خوداش بیەوێت بە بۆنی ئەو شیرە رۆح بێتەوە بەر قابیل و بڵێ دایکە چیتر مەگری ئەوە نی یە زیندووم و لە هەموو نێرێکی تری ئەم دونیایە مەمکەکانتم خۆشتر دەوێ؟


هابیلی برسی وەکو ئیرەیی بە برا دوانەکەی ببات بەسەرە خرە تەڕو ماندوەکەی خۆی گەیاندە سەرچاوەی کانی شیر. دەڵێن لە بە هەشت ڕووباری شیر هەیە ئەویش دەیویست بە بەهەشتی خۆی بگا. دایکیان ئاڵوگۆڕی پێ کردن هابیلی برسی خستە سەرلای چەپ و قابیلی مردووی نا بە مەمکی وووشك بوی لای ڕاست.

سیحری شەوگار قوڵەو ئەستێرەکان چاو لە دەریا دادەگرن و کەژاڵ و دوانەکەی لەگەڵ سەرنیشنە شەکەت و تینوو برسیەکانی تردا لە نێو کپی شەوو دەریادا نغرۆی خەون بوون.

هیوای بێ هێوا و دوو هاوڕێ کەی بە خشپە هاتن وەکو دوو ئاسکی ترساو و برینداری ڕزگار لە کەڵبەی پڵنگ دەیانویست نێچیرێکی تر بدەنە دەست پڵنگ و خۆیان ڕزگار بکەن بەناو سەرنشینە ماندوو و شەکەتە نووستوەکاندا دەگەڕان و یەك یەك جانتاکانیان لە باوەش دەردەهێنان و یەکسەر بۆ قولی مشتی دەریا فڕێیان دەدا.

هیوا کە گەشتە سەر کەژاڵ و دوانەکە بە چرپە ووتی کامیان مردوەکەیە ؟ دوانەکەی تەنیشتی بە چرپەو پێکەوە ووتیان ئەوەی سەرینی مەمکی چەپە و لە دڵییەوە نزیکە!


هیواش پڕی کرد بە پەلی هابیلا و وەکو جانتاکان فڕێی دایە نێو سینەی دەریا ،کە وەکو ئەژدیهایەکی برسی دەمی داچەقاندبوو.

بەلەمی پیر هێدی هێدی دەڕۆیشت و شەوە زەنگ باڵی خامۆشی ترسناکی هاویشتبوو بە هەموو لایەکدا.


تۆ بڵێی بەهەشتەکەی ئەوان هەر بەهەشتەکەی ئێمەش بێت؟
_______________________________________
* رووداوی ئەم چیڕۆکە راستەقینەیە.

 

ماڵپه‌ڕی سمکۆ ئه‌حمه‌د

 


 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک