قاچاخچییه
سیاسییه‌کان چۆن زیندووه‌کانیان به به‌کوشتدراوه‌کان ڕاگرتووه؟

سه‌لام عارف
هه‌موو جار وایه حزبه سیاسییه‌کان، سۆسیال دیمۆکراته‌کان،
ناسیۆنالیسته‌کان، سۆسیالیسته سه‌له‌فییه‌کانی ئه‌هلی کتاب، ما العمل،
دولە والثورة، موضوعات نیسان و... تاد. کاتێک ده‌بینن ئه‌ندامه‌کانیان
و جه‌ماوه‌ر لێیان دوور ده‌که‌ونه‌وه و خه‌ریکی ته‌ره‌بوونن، ده‌ست ده‌که‌ن
به زیندووکردنه‌وه‌ی گیانبه‌ختکه‌ره‌کانیان و په‌یتا په‌یتا به‌گیانبه‌ختکه‌رانی
حزب و نیشتمان ناویان ده‌هێنن، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی که ده‌یان ئه‌فسانه‌یان
لێ دروست ده‌که‌ن. ئه‌و حزبانه هه‌روا سه‌یروسه‌مه‌ره‌ن، زیندووه‌کانیان
به زیندوویی زینده‌به‌چاڵ ده‌که‌ن و مردووه‌کانیشیان بۆ یاریپێکردن و
ختووکه‌دانی هه‌ست و ویژدان زیندوو ده‌که‌نه‌وه. مه‌به‌ستیشیان له‌و
ناماقووڵییه ڕاگرتن یا با بڵێین که‌مکردنه‌وه‌ی وازهێنان و ته‌ره‌بوونه
و زیندووه‌کان به‌ره‌و ڕووی دووڕێیانێک ده‌که‌نه‌وه که بریتییه له
مانه‌وه یا کۆچکردن. بێگومان ئه‌و زیندووانه، وه‌ک ده‌وترێت، گۆشت و
ئیسقان و هه‌ستونه‌ستن، ناکرێت ئه‌و ناماقووڵییانه‌ی حزبه‌کانیان
کاریان تێنه‌کات و ناشیانه‌وێت به هه‌ڵاتووه‌کان یا ترسۆنکه‌کان ناو
ببرێن. ئه‌م حاڵه‌ته‌ش، واته ڕاگرتنی زیندووه‌کان و پابه‌ندکردنه‌وه‌یان
به خۆیانه‌وه، یاریده‌ره بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و حزبانه بیبه‌نه‌وه و سه‌رکه‌وتن
به ده‌ست بهێنن. ئه‌مه حاڵه‌تێکه، هه‌رچه‌نده زیاتر به‌ر له هه‌ڵبژاردنه‌کان
و دوای هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌رده‌که‌وێت، به‌ڵام به‌رده‌وام له‌به‌ر چاوه.
حزبه ده‌سه‌ڵاتخوازه‌کان، ناوبه‌ناو، قه‌ولی ئه‌وه ده‌ده‌ن که
گیانبه‌ختکه‌ران ڕێزیان هه‌یه و نابێت له بیر بکرێن و جارجاریش چه‌ند
فلسه‌سووره‌یه‌کیان بۆ سه‌رف ده‌کرێت. ده‌بێت پیاو به ویژدانیش بێت،
خۆ ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌و حزبه قوربه‌سه‌ر و دۆشداماوه به‌سته‌زمانانه
وا نه‌که‌ن کاریان ناڕوات. ئه‌گه‌ر به نیوه‌ناچڵیش بێت هه‌ر باشه
بۆیان. لای ئه‌وان وایه که هه‌موو ساخته‌چێتییه‌ک ده‌شێت بۆ مانه‌وه
بکرێت. ئیتر زیندوو ده‌مرێنرێت یا مردوو زیندوو ده‌کرێته‌وه گرنگ نییه،
گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌وان بمێننه‌وه و چاوه‌زه‌قێیان بێت بۆ ده‌سه‌ڵات، چ
به وه‌رگرتنی بێت یا پاراستنی، عه‌ره‌ب واته‌نی: "هه‌مان تاس و هه‌مان
حه‌مامه."
ئه‌گه‌ر بڵێم ئه‌م فڕوفێڵ و ساخته‌چێتییه ته‌نها دیارده‌یه‌کی
کوردستانی نییه که دوای 1991 داهاتبێت، پاساو نییه بۆ که‌سێک یا
لایه‌نێک. ئه‌و دیارده‌یه له‌وه‌تی چاوچنۆکی بۆ ده‌سه‌ڵات و حه‌ز و
ئاره‌زووی پاراستنی داهاتووه، ئه‌ویش هه‌یه. جا ئیتر ئه‌م شاگرد یا
ئه‌و شاگر له وه‌ستای دزیبێت، یا ئه‌م وه‌ستا و ئه‌و وه‌ستا
شاگردانیان فێر کردبێت، هیچ له‌و ڕاستییه‌ی سه‌ره‌وه ناگۆرێت. هه‌ندێ
جار که ورته‌ورتی سیاسه‌تبازه ده‌سه‌ڵاتداره‌کان ده‌بیستیت وا هه‌ست
ده‌که‌یت حه‌زیاری به‌کوشتندانی خه‌ڵکن، ته‌نانه‌ت ئه‌ندامه‌کانی
خۆشیان، ئه‌گه‌ر وانییه: "سوپاس بۆ هه‌ڵه‌بجه ئێمه‌ی به دنیا ناساند!"
یا "سوپاس بۆ هه‌ڵه‌بجه کوردی به دنیا ناساند!".
وه‌کو وتمان ئه‌مه دیارده‌یه‌کی کوردستانی نییه. کاتێک لاپه‌ره‌کانی
مێژوو هه‌ڵده‌ده‌ینه‌وه، ده‌بینین پڕن له‌و فێڵ و ساخته‌چێتییانه.
تازه‌ترینیان، به‌ر له‌وه‌ی لای خۆمان، زۆرانبازییه‌که‌ی نیکۆلا
سارکۆزی و سیگۆلێن ڕۆیالی فه‌ره‌نسا‌یه. سارکۆ هه‌ر له سه‌ره‌تاوه
له‌وه به‌ئاگا بوو که ده‌بێت بۆ ڕاوکردنی زیندووه‌کان، مردووه‌کان
زیندوو بکاته‌وه. به‌ر له ڕۆژانی هه‌ڵبژاردنه‌کان و دواییش، ڕۆژانه
له ته‌ک ساخته‌چییه‌کانی تری‌دا گۆڕستانه‌کانی به سه‌ر ده‌کرده‌وه و
له مرۆڤکوژی یه‌که‌مه‌وه؛ شارل دیگۆل، ده‌ستی پێ‌کرد تا سه‌ربازی نه‌ناسراو
و تێپه‌ربوون به سه‌ربازه ئه‌مریکایی و ئینگلیزه به‌قوربانیکراوه‌کانی
ده‌سه‌ڵاتی تازه. شاره‌زایانی ئه‌و مه‌رگه‌ساته؛ هه‌ڵبژاردن، وای باس
ده‌که‌ن که ئه‌و گرگنه توانی به 500 مردوو زیاتر له دوو میلیۆن ده‌نگی
زیندووه‌کان بباته‌وه. سارکۆ له‌سه‌ر داوای ئامۆژگاریکه‌ره‌کانی دوای
هه‌ڵبژاردنیشی ئارام نه‌بوو و ده‌زانرا که زۆری تر له زیندووه‌کان
ماون ده‌بێت هێمن بن و به ئه‌نجامه‌کانی مه‌رگه‌ساته‌که؛ هه‌ڵبژاردنه‌که،
خۆشحاڵ و سه‌رمه‌ستی زیندوویی و زیندووکردنه‌وه‌ی به‌فیڕۆدراوه‌کانی ده‌سه‌ڵات
بن، هه‌ربۆیه دوای وه‌رگرتنی لووتکه‌ی ده‌سه‌ڵاتیش به به‌رچاوی مه‌عشه‌رێکی
زۆره‌وه گه‌نجێکی حه‌ڤده ساڵی کۆمونیستی زیندوو کرده‌وه. ئه‌و گه‌نجه
کۆمونیسته ناوی، گی مۆکه‌یه، کاتی خۆی له به‌شدارانی هێزی به‌رگری
بووه دژی نازییه‌کان و له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک له هاوڕێیانی ده‌ستگیر ده‌کرێن،
ڕۆژێک به‌ر له گوله‌بارانکردنیان نامه‌یه‌ک بۆ دایکی ده‌نووسێت و
داوای لێده‌کات وره‌ی به‌رز بێت و شیوه‌ن نه‌کات. سارکۆ بۆ مه‌به‌ستی
ئارامیی ده‌سه‌ڵات و پاراستنی له مه‌ترسییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی دوای
وه‌رگرتنی لووتکه‌ی ده‌سه‌ڵات ئه‌و به‌کوشتدراوه‌ی زیندوو کرده‌وه و
سه‌پاندی که ده‌بێت ژیان و نامه‌که‌ی بخرێنه پرۆگرامی په‌روه‌رده‌وه
له قوتابخانه سه‌ره‌تاییه‌کاندا و نامه‌که‌شی له تاقیکردنه‌وه‌کاندا
گرنگی تایبه‌تی پێبدرێت. هێشتا خه‌ڵکی بڵاوه‌ی نه‌کردبوو ئه‌و له
ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ هاوکارێکی ده‌سه‌ڵاتچێتیدا؛ ئه‌نجلا میرکل، خه‌ریکی
ماچومووچکردن بوون. له ڕاڤه‌کردنی بابه‌تێکی وادا پێویسته، ئه‌وه له
بیر نه‌که‌ین که حزبه ده‌سه‌ڵاتخوازه‌کان چ بابه‌تێکی تریان کردووه
به ده‌سکه‌لای ده‌ستیان و خستویانه‌ته پرۆگرامی ته‌ڵه‌بازی و ساخته‌کاره‌کانیانه‌وه
بۆ ڕاگرتن و پابه‌ندکردنی زیندووه‌کان بۆ گه‌یشتن به لووتکه‌ی ده‌سه‌ڵات.
له خوونه‌ریتی کۆمه‌ڵایه‌تیی کولتوورێکی ئیفلیجی به‌رز بۆ به‌نرخکردنی
نه‌وه کۆنه‌کان بۆ ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتچێتی. کارل مارکس له کتێبی،
خه‌باتی چینایه‌تی له فه‌ره‌نسا، وتویه‌تی: "خوونه‌ریتی نه‌وه کۆنه‌کان
به‌سه‌ر ئه‌قڵی زیندووه‌کانه‌وه مۆته‌که‌یه"، له‌و بڕوایه‌دا نیم که
نه‌یزانیبێت له دیارده‌یه‌کی وه‌هادا ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت چ کار و
کاریگه‌رییه‌کی هه‌یه.
تێبینی: من به تۆپزی له‌بریی وشه‌ی شه‌هیدان، وشه‌ی خۆبه‌ختکه‌رانم،
به‌کارهێناوه. له‌به‌رئه‌وه‌ی وشه‌ی شه‌هید زیاتر وشه‌یه‌کی مه‌زهه‌بییه
له خه‌باتی سیاسی‌دا و لای من به به‌کوشتدان دێت بۆ گه‌یشتنی "پیاوماقوڵان!"
به لووتکه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کان. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که سۆسیالیستی
ئازادیخوازی شۆڕشگێر ناهێڵێت که‌س به کوشتی بدات و که‌سیش به کوشت
نادات، چونکه له بنه‌ڕه‌تدا دژی هه‌موو جۆره‌کانی ده‌سه‌ڵات و مێژووی
ده‌سه‌ڵاته، ته‌نانه‌ت ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ش که به ده‌سه‌ڵاتی
پرۆلیتاریا! یا دیکتاتۆریه‌تی پرۆلیتاریا! ناو ده‌برێت.
|