٢\٨\٢٠١٠
قاچاخچیەکانى نەوت
دەبێ دادگایى بکرێن.
بەتاڵانبردن و قاچخیکردن بە خوێنى خەڵک و سامانى ئەم هەرێمەوە لە
لایەن دەسەڵاتدارانى کوردستان و گروپە
مافیاکانەوە تا
دێ درێژەى هەیە، نەبوونى کار
و گرانى بازارو بێبەشبونى هاوڵاتیانى ئەم هەرێمە لە
خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان و مەترسى گیانیان لە دەیان نەخۆشى کوشندە
لەلایەک و چەوسانەوەى سیاسى و پێشێلکردنى ماف و ئازادییەکانى خەڵک
لەلایەکى تر تەنگیان بەژیانى پرمەینەتى خەڵکى ئەم هەرێمە هەڵچنیوە.
بەقاچاخ بردنى نەوت بەبەرچاوى خەڵک و میدیاى دەرەکى و ناوخۆییەکانە،
جگە لەوەى کە دزییەکى گەورەیە لە داهات و ژێرخانى ئەم هەرێمە وە
ئەشبێتە هۆى ناشرینترکردنى دەسەڵاتى حکومرانى و سیستەمە بەناو
دیمۆکراتیەکەى کە تا دۆێنى بۆ رزگارکردنى گەلانى عێراق پێشنیارى
پراکتیزەکردنى ئەکرا. بێئاگاى و خەمساردى و بەشدارى راستەوخۆى
کاربەدەستە باڵاکانى حکومەت و حیزب لە بەتاڵانبردنى نەوتى خاو
بەئاشکراو بەبەرچاوى خەڵکەوە یان هەر سامانێکى ترى نەتەوەیى جگە لە وەى
کە تاوانە، زەنگێکى خەتەرناکیشە لەسەر گوزەرانى ئێستا و ئایندەى
هاوڵاتیانى ئەم هەرێمە.
بەڵگەو لێدوانە دژیەکەکانى هەریەک لە سەرۆکى هەرێم وسەرۆکى حکومەت و
سەرۆکایەتى پەرلەمان و وەزیرى داراى و وەزیرى سامانەسروشتیەکانى
کابینەکەى د. بەرهەم ساڵح گەواهیدەرى تێوەگلان و بەشداربونى
ئەوکاربەدەستانەیە لەو بازرگانیە رەشەى کە بەخوێن و سامانى خەڵکى
کوردستانەوە ئەیکەن.بۆیە ئێمە وەک تۆرى بەرگرى لە ماف و ئازادییەکانى
خەڵک -لە کوردستان داواى هاتنە دەنگ و هەڵوێستى بەپەلە لەتەواوى خەڵکى
کوردستان و گشت حیزب وچین وتوێژو رێکخراوەمەدەنیەکان ئەکەین لە پێناو
ئەم خاڵانەى خوارەوە:
1- سازدانى کەمپین و خۆپێشاندان و نارەزایەتى دژ بە قاچاخ بردنى نەوت.
2- فشارخستنەسەر داواکارى گشتى بۆ بەدادگایى گەیاندنى تاوانباران و
گرتنى قاچاخچیەکانى نەوت.
3-لێپێچینەوە و بانگهێشتکردنى بەپەلەى کاربەدەستە باڵاکانى حکومەت
لەلایەن پەرلەمانەوە لەسەر ئەم دۆسێیە، لەپێناو بەرەسمى ناساندنى
قاچاخچیەکان و کەسانى تێوەگلاو لەم تاوانەدا.
4- گەراندنەوەى برى پارەى بەقاچاخ براوى نەوت بۆسەر میزانییەى حکومەت.
5-داخستن و بەدادگا گەیاندنى سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکان و سەرجەم
کۆمپانیاکانى بەشدار لەم بەقاچاخ بردنەى نەوت.
6-دەرکردن (فەسڵکردن) دەستلەکارکێشانەوەى ناچارى ئەو کاربەدەستانەى کە
لەسەرجەم دامەزراوە حکومیەکاندا بەشداربوون یان کەمتەرخەمیان نواندوە
یان کارئاسانیان بۆ بەتاڵانبردنى نەوت کردوە.
تۆڕى بەرگرى لە ماف و ئازادییەکانى خەڵک/سلێمانى
28\7\2010
|