په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\١٢\٢٠١٠

قاچە سڕەکانى پارتى.


نیا کامیل    


ئایا هەنگاوەکانى پارتى بەشى پەڕینەوەى دەکات لەو شەقامە لیخنەى لە ناوەڕاستیدا ڕاوەستاوە ؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە لەبەردەم کۆنگرەى ژمارە سانزەى پارتى دیموکراتى کوردستاندایە . ئایە دەتوانێت بەستەڵەکى فکرى خۆى بشکێنێت ؟ یان ئایا بەڕاست نیازى هەنگاو هەڵهێنانەوەى هەیە لە ئەساسدا ؟! ئەوەى بەکردەوە ئەم حیزبە ئەزمونى کردوە ، ئەوەیە ، کە هەرگیز گەروى قوتدانى ئەو پاروە چەورەى نەبوە کەناوى دیموکراتیە ، چونکە هەمیشە فشارى خوێنى لەوە باڵاتربوە . ئارەزووى ئەم پاروە بکات .

 

لێرەوە چاومان دەچێتە سەر ئەو ڕاستیەیى کە ئایا پارتى لە کامە خولگەى فکریدا قەرارى گرتوە ، دوورى لە خۆرى ئازادیەوە چەندە تا درەوشانەوەى ڕوخسارى ببینرێت . یانیش فەلسەفە و فکرى ئەم حیزبە چیە . کە وایکردوە ئەوەندە فشارى خوێنى کەف بکات . یەکێتى کە ڕکابەرى ئەم حیزبەیە و منداڵى داوێنى خۆیشیەتى هەرزوو ئەو یاری هەلوکێنە فیربوو کە لە کۆڵان منداڵان دور لە چاوى گەورەکان دەیانکرد ، وە فێرى ئەوە بوو چۆن لە هەلەیەک باشترین دەرفەت وەرگرن . بە نەمانى باوکى ، خیانەتێکى گەورەى لە پاشخان و ئەسڵیەتى خانەوادەى خۆى نەکرد ، ووتى من کوڕى هەمان ئەو باوکەم کەمرد ، بەڵام لەگەلڕ براکانى ترى باوە پیارەمدا هەر بەبرایى دەمێنمەوە تابتوانم سەروەتى ئەو باوکەش بمگرێتەوە ، یانى . ئێستا بەخۆى دەڵێت سۆسیال دیموکرات .

 

بەمەش خۆى لە قەیرانى فکرى و ئایدۆلۆژى قوتارکرد . ئەگەرچى نیازیشى نیە زۆر وەفاداربێت بۆى . ئەمەش ماناى وانیە مادام بەخۆى دەڵێت سۆسیال دیموکرات ئیتر کۆنگرەکەى پەسەندو سەردەمیانە بوبێت ، وەیا بڕیارى فکرى و ئاکارى تیا پەسەند کرابێت ، پارتى کەهەر لەسەرەتاى دروست بونیەوە وەک حیزبێکى ناسیۆتالست و خێڵەکى خۆى ناساندوە لەم کۆنگرەیەشدا مەسەلەى ئەوە نیە کە بەلاى شانى ڕاست یان چەپیدا نیگایەک بکات . تەنانەت ئەگەر سەرنجى پەڕلەمانتارەکانى پارتى بدەین هەمیشە دەستیان بەرزبووە . لە ئاست ئەو یاسایانەى ئازادى کۆمەڵگا بەرتەسک دەکەنەوە .

 

ئەم کارەش وایکردوە ئەو هەڤاڵانە کە هیچ پێناسەیەکى فکریان نەخراوەتە گیرفانەوە کاتێک بۆ پەڕلەمان نێردراون ، ڕوبەڕى کەمترین ڕەخنەببنەوە . چونکە بەشەر ناتوانێت پێیان بڵێت ئاغایان ئێوە بە فڵانە سوێند کە خواردتان وەفادار نەبوون . یانى ئێوە دەتانەوێت بە چاوى بەستراوەوە بخوێننەوە . چونکە حیزبى سیاسى پێویستى بە بنەمایەکى فکرى پتەو و مەعلوم و ڕاگەیەنراو هەیە ، لێرەوەیە ئەگەر پارتى نەتوانێت کەللە بۆشەکەى فکرى خۆى بەمیتاڵێک پڕبکاتەوە ، ئەوە هەر مەعلومە کەس ناتوانێت ڕوخسارى ببینێت ، ئیتر سیاسەتیش هەر چەمانەوەیە ، و نمایشێکى ڕۆبۆتیانەى بەرنامە ڕێژکراوە .

 

ئیتر سپاردنەوەى متمانەیە بە سەرۆک لە پەیمانێکى پیرۆزدا کە ناوى کۆنگرەیە . ئیتر قاچ سڕە لە هەڵهێنانەوەى هەنگاو ، ئەستۆ نازانێت سوارى کام هەنگاو بێت ، سەر نازانێت کامە پاش و کامە پێشە . ئیتر ئازادى کۆمەڵگاش شەلم کوێرم ناپارێزم.

 


nyakamil@hotmail.com