په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\٤\٢٠١٦

قامیشلو و توزخورماتو، دوو کێشە و یەک ناوەرۆک!!


عەبدوڵا ساڵح    


ماوەیەکە شەڕو پێکدادان لەم دوو شارەدا دەستی پێکردوە لە نێوان ئەو ھێزە چەکدارانەی لەوێ جێگیرن ، لایەنێکیان لەھەردوو شارەکە کوردزمان و ئەویدیکەیان عەرەبزمان و تورکمان زمانن ، ئەنجامی ئەوپێکدادانە چەندین کوژراو برینداری، چەکدارو سڤیل ، لە ھەردووک لا لێکەوتۆتەوە .


ھەموو لایەنە بەشداربوەکانی ئەم شەڕە بەرامبەر دوژمنێک وەستاون ناوی داعشە ، بۆیە لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە ھۆکاری ئەم پێکدادانە چی یە و بۆچی دەبێ لە ڕێسای ( دوژمنی دوژمنم دۆستمە ) بەدەر بێ ؟


ڕاستیەکی حاشا ھەڵنەگرە داعش لەباری سەربازیەوە لە پاشەکشەدایە ، مانەوەی ئەم ھێزە ، بەگوێرەی ھەواڵەکان ، بەندە بەکاتەوە ، ئەگەر زۆر دوور نەڕۆین نزیک بە ساڵێک کەمتر یا زیاتر ، گەورە بەرپرسانی ئەمریکا باس لە ھەڵاتنی چەکدارانی ئەو گروپە دەکەن بەرەو لیبیا و ئەوەش وەک نیشانەیەک بۆ تێکشکانیان و سەرکەوتنی بەرەی دژ بەوان لەقەڵەم دەدەن .


داڕشتنی پلان بۆقۆناغی دوای داعش لە ئێستاوە زۆر بە جدی کەوتۆتە بەرنامەی کار و سیاسەتی ھەموو ئەو لایەنانەی لە شەڕی دژ بە داعشدا خۆیان بە براوە دەزانن ، چ دەولی ، چ ئیقلیمی و چ ناوچەیی ، ھەریەکە بە گوێرەی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان . مەسەلەی سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی ناوچەی نفوزو دەسەڵات ناوەرۆکی ئەم پلانەیە .


دەنگۆی ئەوەھەیە جەزائیر کەوتبێتە نێوانگیری بەینی ئەردۆگان و بەشار ئەسەد چونکە ھیچکام لەم دوو لایەنە بە شەڕ پشتی یەکتریان پێ لە عەرزنەدرا ، وەواپێدەچێ بەشار ئەسەد وا زوو نەڕوا ، جگە لەوەش نیمچە دەوڵەتێک لە باکوری سوریا خەرێکی دامەزرانەو ھێزێکی سەربازی تۆکمەو بەتوانای ھەیە کە ھیچکام لەم دوو دەوڵەتە نەک تەنیا چاویان پێھەڵنایە ، بگرە بەخەتەر گەورەی دەزانن بۆ دواڕۆژی دەسەڵاتیان.


لە توزخورماتو کینەو بوغزی قەومی و تایفی لەسەردەستی ھێزە دەسەڵاتدارە قەومی و تایفیەکانی ناوچەکە مێژویەکی قێزەونی ھەیە ، ئەمە کراوە بە بنەما و بیانوو بۆ ھەڵایساندنی شەڕێکی نگریس بەمەبەستی سەرلەنوێ دابەشکردنی ناوچەی نفوزو دەسەڵات بۆ قۆناغی دوای تێکشکانی سەربازی داعش لەلایەک ، وە پەردەپۆش کردنی ئەو ئیفلاسە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەی سەرانی ھەردووک لا خۆیان و کۆمەڵگایان تێوەگلاندوە لەلایەکی تر.


ھەر لەسەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێڕاق لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوو تاکو ئێستا ئەم ووڵاتە حکومەتی وا فاشلی بەخۆیەوە نەدیوە وەک ئەوەی ئێستا شیعە بەڕێوەی دەبا .


سوور بوون و پێداگری حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانیش لەسەر قوڵکردنەوەی شەڕی دوزخورماتو بە بیانوی بەرگری لە ھاونەشتمانیە کوردەکانی ئەو شارە جگە لە خۆڵکردنە چاوی خەڵک ھیچیتر نیە ، مەگەر ئەو کارەساتەی ئەمڕۆ ھەر ئەو حیزبانە بەسەر چەندین ملیون خەڵکی ھاوزمانی خۆیانیان ھێناوە لە کوردستان دەلیل نیە بۆ ئەو سیاسەتە چەواشەکاریە ؟


ئەو دەسکەوتە گەورەو بەرچاوانەی لە کوردستانی سوریا بەدەست ھاتوون نابێ بکەونە نێو تەڵەی شەڕی قەومیەوە چونکە بێشک دەبێتە مایەی لەدەستدانی ھەلێکی مێژویی کە ڕەنگە وا زوو دووبارە نەبێتەوە .


شەیپور لێدان بۆ ھەڵگیرساندنی شەڕی قەومی و کردنی بە بنەمایەک بۆ بەردەوامبونی ئاڵوزی و پشێوی و نەھێشتنی ئاشتەواری ناو کۆمەڵگا بەبیانوی بەرگری لە " خاک و نەتەوە " لەھەر لایەنێک و بۆ ھەر مەبەستێک بێ پێویستە ڕیسوا و ئیدانە بکرێ.

 

 

٢٥\٤\٢٠١٦
a_salih11@hotmail.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک