په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\١\٢٠١٢

قاوەیەکی بە ماچ...


شوان عوسمان     


بە گڕی گەرمی دووریت، لە گەرمەی کوڵانی ژانێکی هەمیشە کوڵاوم کە لە هەموو سەرەساتێکدا، لە زانی ژانێکی تازەم و ژانێکی دیکەش سەر دەر دێنێ، لە تامی جامێکی تاڵی تردا زیاتر هیچ جامێکی دیکەم پێ فڕ نابێت...


لە دووری گەرمی ماچێکت، سەرم گەرمەو لە گەرمەی ئەوەیە مەسافە دوورو ساردەکانی نێوان لێوەکانمان بە رۆحی هەڵکڕوزاوی ماچێکی پەپوولەییم لەبەردەم کبریائی ماچێکی پەڕەی گوڵت دوایی بە رۆحسوتانم بێنێت ....


هێشتا درەنگوەخت نیە بۆ ماچ، ماچ کەی ئیلتزاماتی بە وادە هەیە، وامن تازە لە گەرمەی گڕو هەڵکوڵانە جەستەم بۆ ماچێکی ئەوەل سەحەرە کە هێشتا خەو دەستی لێ بەرنەداوی من تازە ئەمەوێ دەستت بۆ بێنم وبەیانی باشێکت لێ بکەم....


دە مژێک لێدە لەو قاوە تاڵە ،
با ئەو مژە تاڵیم هەڵمژێت ،
بە تاڵی قاوەی مژراوی زارت، زارم لە هەرچی ژارو ژاڵە بەتاڵ ئەبێت، لات سەیر نەبێت ئەگەر لەبەردەم ماچێک ومژمژەیەکدا مناڵ ببمەوە...
بە گەرمی ئەو هەناسە گەرمەی لە گەرووی ئەو کووپەی دەستت سەما ئەکات، هەناسەم سواری هەناسەیەکی گەرمت ئەبێ تا لە گەرووی تۆوە مژێک لە هەناسەت سەما بە مژی هەناسەم بکات ...


بە ختووکەی ئەو هەناسەیەت دڵم قدیلانە بە ماچێک ئەکات، بە سەر باڵی سیحری ئەو هەڵمەی لە دەمتدا وەکو فریشتە باڵ ئەگرێت، حۆری لەبەردەمیدا خۆی راناگرێت و غیرە رایئەچێنێت، ماچ دوای ماچ وەکو رەوە خاڵخالۆکەیەک رێچکە بە سەر شاخی خەیاڵم ئەبەستن، تازە حۆری بەهەشت وکاسی شەرابم لۆچیە کە لەگەل فریشتەیەک لە کەنار قاوەخانەیەک کەنار لە ماچێک بگرم وقاوەیەکی تاڵ بە هەناسە گەرمەکەی ئەوەوە هەڵقۆڕێنم...


هەر بە بۆنی قاوە گەرمەکەت من فێم دێتێ، فێدارم مەکە، بەو هاڵاوە گەرمەی ناوەوەت کە فوو لە هەموو فێیەکی ناوەوەم ئەکات، گڕ ئەسێنێ و گڕ لە من بەرئەدا، بە بۆنی ئەو قاوە خۆشە چەند سەرخۆشم، بۆنی خۆڵی پاش بارانی پاییزو بۆنی رێحان وبنەوشی گۆنا بە خوناوم لۆ دێنێ، پەیامێکی هاری ونوکەیەکی تازەی شێتی ترم لە بەهار بۆ دێنێ...


هەر لە دەرووی گەرووتەوە شەڕێک جاڕئەدرێت، ئەو شەڕە بەر دەرگام لێ ئەگرێ وشەڕ بە رۆحم ئەفرۆشێت ،ئاخر گەروو ئەگەر بۆنی خۆشی لێ هەوراز نەچێت، بە فرۆشگایەکی قسەی ناخۆشی ئەچێت،" دەم ئینجانەی ماچە نەک ئەشکەوتی وشە.. "*
بۆنی ئەو قاوەیە باخێکی قاوەیی لە قاوەو رەزێکی لیمۆیی لە لیمۆی ماچ لەگەل خۆی بۆمن دێنێ، هەناسەم ئەتەزێنێ وهەستم گڕگڕ ئەسوتینێ....

ئای لۆ فڕێک قاوە ،
ئای لۆ مژێک و بۆنی ماچێکی لیمۆیی ،
تاوێک گەرمم کاتەوە...
تاوێک سەرخۆشم کات ...
فڕێکەو هەڵیدە تا زووەو گەرمە ،
دە فریکە....
خۆ تۆ دەمێکە بەو فڕە منت فڕ کردووە...
منی بێماچ وبێقاوە لە دووریت بیللا زۆر سڕو
لێقەوماوم...
ئاخر خوات هەبێت ،
بەو زستانە نەک هەردووکمان لە سەرمانە ،
رەق ئەبینەوە...
بەخوای خواش ئەگەر بە تەنیا بێت ،
بەو زستانە لێی ئەقەومێت و
رەق ئەبێتەوە...


هەموو شتێک بە گەرمی تامەکەی گەرمە، تەنانەت شەڕیش لە گەرمە گەرمیدا تامی لە شەڕ ناچێت، لەگەمە ئەچێت، شەڕو نیوەشەڕ لەبەرامبەر تامی چاوەکانی تۆوە هەردووکیان یەک تامن، هەر تامێکیش بە جۆرێک شەڕ لەگەل تامم ئەکەن، تام ولەزەتێکی نورانیم پێ ئەدەن، لە ناو تەمی هاڵاوی گەرمی قاوەکەش تام وبۆنی گەرمی جەستەی تۆ پڕم پێ ئەکات وپڕتر ئەبم، هەر لەبەرئەوەشە هەمیشە حەز لە فڕ کردنی قاوەو لستنەوەی لێوی کووپەکەی بەردەمت ئەبم ...


کە لێوەکانت لە لێوی کوپەکە،
ئەترازێت..
ئیتر کوپێکی گەرم و کوڵاوی ،
قاوە و ماچ و بزە و تریفە ،
شاڵاو بە سەر سەرمدا دێنێت....
ئاخر لەو دیو پێچی شەرمی سەرت ،
کێ هەیە شەرم نەکات ،
تریفەش حەدی نیە سەری هەبێت و ،
شەرم لە بزەی لێوت نەکات ،
خۆ ئەویش وەکو خۆم شەرمنەو ناوێرێ جارێک پێت بلێ :
دە توخوا وەرە ماڵەکەم ئەمشەو بەیەکەوە قاوەیەک بخۆینەوەو بە بۆنی ماچێکیش تەڕ کەوە ماڵەکەم، بە تاسەی ئاوێزانێکی تەڕی ماڵت بم ئەی ژنەتەرپۆشە بێماڵەکە...


کە لێوت بە لێوی کوپەکەش ئەئاڵێنی، بە خشپەی ماچێک و مرچەیەکی تەڕی بێئاگا، لێوم بە ئاگا دێنی، هەر بە خەیاڵی لێوی کوپەکەوە لێوم تەڕ ئەبێ ولێوم ئەکەوێتە بەزمی سەمایەکی سەرشێتانە کە بە ماچ رۆحی مەستم خامۆش ودڵم تەڕ ئەبێتەوە....


کە گەزۆیەکی شیرین حەدی نیە ،
تامی لەو بچێت ...
قەسەم بەو ماچە شەکرقەندیەت،
شەکری ناوێت ئەمڕۆکە قاوەکەی من ،
ئەو شەکردانە لادەو
با بێ شەکر بێت قاوەکەی من ،
هەر بە شەکری ماچ و
قەندی رۆحی تۆ شەکرەژن ،
شیرین ئەبێت قاوە تاڵەکەی من....
_____________________________
* کۆپلەشیعرێکی کاک قوباد جەلیزادەی شاعیرە.

٥\٨\٢٠١١ - ئەلمانیا - مێشکرێچ

ماڵپه‌ڕی شوان عوسمان

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک