١١\٩\٢٠٢٠
قاوەیەک لەگەڵ
فەیروز.

عەبدوڵا ساڵح
ڕۆژی ١\٩\٢٠٢٠ ئیمانویل
ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا بۆ دووەم جار، دوای کارەساتی تەقینەوەی بەندەری
بەیروت، سەردانی لوبنانی کرد، ناوبراو یەکسەر لەفرۆکاخانەوە بۆ قاوە
خوارنەوەیەک ، وەک خۆی ڕایگەیاندبوو ، ڕووی کردە ماڵی ھونەرمەندی
ناوداری لوبنانی خاتوو فەیروز ، ئەم بازدانە بەسەر ڕێوڕەسمی پرۆتۆکۆلدا
پەیامێک بوو بۆ گەورە بەرپرسانی ئەو ووڵاتە و بازدان بوو بەسەریاندا.
ئەم سەردانە باس وخواسی زۆری لێکەوتەوە و بوو بە خۆراکی سەرەکی
ڕاگەیاندنەکان، بەتایبەتی سۆشیال میدیا ڕۆژنامەکان، و ئاکام
وبەرکەوتەکانی تا ئەمڕۆش بەردەوامە.
جیا لەھەر ئامانجێکی سیاسی کە ماکرۆن بەدواوەیەتی لەم سەردانەیدا بۆ
لای فەیروز ،کە ئەمە مەبەستی ئەم نوسینەی من نیە، سەردانێک بوو لە
بارودۆخێکی سەختدا کە ئەمڕۆ لوبنانی پیا تێدەپەڕێ، لوبنانێک کە بەدوای
ساڕێژ کردنی برینە قوڵەکەوەیەتی، ئەو برینەی لە ئەنجامی ئەم تەقینەوە
گەورەیەی بەیروت بەر جەستەی کەوتوە و ئەو تەنگژە ئابوری وسیاسی
وکۆمەڵایەتیەی دەیان ساڵە، لەئەنجامی سیاسەت ودەسەڵاتی تایفەگەری
تاقمێکی تفەنگ بەدەستی شەڕی ناوخۆی لوبنان، بەدەستیەوە دەناڵێنێ ،
سیاسەتێک کە ئەم ووڵاتەی، بەتایبەتی دوای ئەم تەقینەوەیە، بەرەو
ھەڵدێرێکی نادیار و ترسناک بردوە.
ھونەر، بەھەموو بەشەکانیەوە پەیامێکی مرۆڤ دۆستیە، ئەرکی ھونەرمەند
گەیاندنی ئەو پەیامەیە ، سوارەی ئیلخانی زادە لەبەیتی سەیدەواندا ئاوا
باسی ھونەر دەکا: (بەلای منەوە کۆمەڵ بەوکەمایەتیە ناڵێن کەسودێکیان
ھەیە جیا لەسودیگشتی وە ھونەرێکیان ھەیە بەپێچەوانەی ھونەری کۆمەڵ
،چینی پێکھێنەر واتە ئەو کەسانە کە زوربەن و ھەمیشە ڕوویان لە ژیانی
مرۆڤایەتی وبەرز کردنەوەی پلەو پایەی ژیانی ئینسانیە.... ئەوانن کە
ھونەریان ئێسک سوک ولەدڵ نزیک وخوێن شیرینە).
پێم وایە کەس نیە نکولی لەوە بکا کە ھونەرمەندی گۆرانی بێژی بەناوبانگ،
خاتوو فەیروز، ئەم پەیامەی تا ئاستێکی باش گەیاندوە ، کەم وا ھەیە
عاشقانی ھونەر وگۆرانی ، بەزمانی عەرەبی، سەرەتای ڕۆژەکەیان بەدەنگە
بەسۆزەکەی فەیروز دەست پێنەکا ، کارکردی ئەو دەنگە سیحراویە ، نەک
تەنیا لای عەرەب زمانەکان ، بەڵکو تا گۆشەو کەناری بەشێکی بەرچاو لە
وڵاتانی جیھانیش ڕۆشتوە و خاوەنی دەنگەکەی کردۆتە شایستەی ڕێز
وخۆشەویستی ، دەنگێکی دەگمەن کە پێم وایە دووبارە بوونەوەی لە کورت
ماوەدا ئەستەمە.
مێژووی ژیانی ئەم ھونەرمەندە ئەوەمان پێدەڵێ کە بەردەوام نەیویستوە
پێشوازی لە پاشا وسەرۆکەکان بکا ولەنزیکایەتی لێیانەوە خۆپارێزی کردوە،
بەتایبەتی ئەوانەی عەرەب زمان، چەندین جار داخوازی ئەوانی بۆ دیدار
ڕەتکردۆتەوە ، ھەربۆیە ڕازی بوونی بەپێشوازی لە ماکرۆن لەماڵەکەی خۆیدا
بۆ قاوە خواردنەوەیەک، لە ڕووی مەعنەویەوە ، شانازیەکی گەورەیە
بەخشیویەتیە ئەو سەرۆکە و خەڵاتێکی پڕبەھایە بۆ ماکرۆن، بەر لەوەی
ناوبراو باڵاترین خەڵات ومیدالیای فەرەنسای پێببەخشێ . لێرەدا
پرسیارەکە ئەوەیە کام خەڵات ومیدالیایە پڕ بەھاترە !؟ ئەوەی ھونەرمەند
دەیبەخشێتە سەرۆک یا پێچەوانەکەی؟ ماکرۆن بەپێی خۆی چۆتە ماڵی فەیروز و
ئەو نەچۆتە کاخی سەرۆکایەتی فەرەنسا ! ئەم پەیامە پێمان دەڵێ کە باڵای
ھونەر کاتێک دەکەوێتە بەردەستی ھونەرمەندێکی شایستە بەو ھونەرە،
ھەمیشە بڵند تر وبەرزترە لەباڵای سیاسەت ، ئەویش کام سیاسەت ؟ با نەچمە
نێو ئەو بوارەوەو و وەڵامەکەی بۆ ئێوەی خوێنەر جێبھێڵم!
ئەم ھەڵوێستە بەناچاری ئەوەمان بیردەخاتەوە کاتێک بەشێک لەوانەی لەسەر
ھونەر ھەژمار دەکران چۆن چۆنی چنگ لەسەرشان، بەفیتویەک، بەرەو
کاخەکانی سەدام دەڕوشتن لەپێناو چەنگێک پارە، ھەندێکیان ئێستاش لە
ژیاندا ماون، چۆن دەکرێ ئەوانە بە جەواھیری و فوئاد سالم ، وەک نمونە ،
بەراورد بکرێن، مێژوو لە دوتوێ خۆیدا ئەو ھەڵوێستانە فەرامۆش ناکا !!
ئەم جۆرە ھونەرفرۆشانە ، بە جیاوازی بوارەکانیان ، گۆرانی ، مۆسیقا ،
ئەدەب ، وێنەکەشان ، شانۆگەری... تد، تەنانەت ڕۆژنامەنوسیشی لەگەڵدا
بێ، بەداخەوە ویژدان فرۆشی و قەڵەم فرۆشی دەکەن ، کەم نین ئەوانەی
لەکوردوستانەکەی لای خۆشماندا ئەوبازاڕەیان بەگەرمی ڕاگرتوە!
دووبارە ئەم ھەڵوێستە مەبدەئیەی فەیروزی ھونەرمەند پەیامێکە بۆ ھەموو
ئەو دەسەڵاتدارانەی بەزۆر خۆیان بەسەر کورسی دەسەڵاتەوە چەسپاندوە ،
بەتایبەتی لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ولەوانەش کوردوستانەکەی لای
خۆمان، پەیامەکە لە دووتوێ خۆیدا دەڵێ : باڵای ھونەری ڕاستەقینە ،
ھونەرێک کە دەرد وئازارەکانی کۆمەڵ ڕەچاو بکا وھەڵیانداتەوە ولەگەڵیا
بژی و دەست بخاتە سەر برین وئازارەکان وڕێگا چارەیان نیشانبدا، زۆر
بەرزتر و وبڵندترە لە (تەخت و عەرشی) دەسەڵاتداریەتی ئێوە.
بەڵێ ئازیزانم ، ئەوە فەیروزە، بەدەنگە بەسۆزەکەی شوێنێکی لەنێو دڵی
جەماوەرە بەرینەکەیدا کردۆتەوە ، بەم ھەڵوێستە دروستەی دواییشی
ئەوەندەی تر ئەو جێگایەی قایمتر کرد ، ئەوە فەیروزە شادی خۆشی دەخاتە
دڵانەوە، بۆیە مەحاڵە بەراورد بکرێ بەو (( عەرشە فشەڵەی)) لە پێناو
مانەوەو بەردەوامی خۆیدا دڵان ھەڵدەقرچێنێ وئاواتەکانیان دەخاتە ژێر
گڵ.
٧\٩\٢٠٢٠
a_salih11@hotmail.com
|