په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٩\٢٠١١

قەفەسەکان شیعر دەشکێنن؟
- سەرنج لە بارەى شیعر و نەوەکان -

رێبین ئەحمەد خدر  

1.

شتێکى جوانە ، گەر جار جارە ببینین کار لەسەر ئەو مەودایە بکرێت ، کە کەوتۆتە نێوان دەنگە شیعرییەکان . جا ئەم کارکردنە لە ڕوى زەمەنەوە بێت یاخوود ئەزموون یا هەر گۆشەیەکى تر ، بە جۆرێک لە هەر ڕوێکەوە مەبەستمان گەیشتن و ڕووچوون بێت بە "داهێنان" دا . دیارە کە شیعر لەوەدا گرفتى هەیە کە "واقیع" شوناسى پێدەدا و ناوى لێ دەنێت ، بۆ خۆیشى خۆى لە درێژکراوەى هێڵێکى وا دەدزێتەوە ، چونکە ڕوبەڕوى کات و شوێن و سنورەکانیان دەبێتەوە . بەڵام دواجار لە دونیاى ڕەخنە و ئەدەبیات دا ئەمانە بە شێوەیەکى تر سەر هەڵدەدەنەوە .یەکانگیربوونى دەنگەکان ، باسکردن لە بارەى شیعرى نوێ ، شیعرى گەنجان ، شیعرى نەوە جیاوازەکان...هتد. لێرەوە داهێنان هەر چەند خۆى بدزێتەوە بە جۆرێک دابەش دەبێت . بوونى تەوەر لە سەر شیعرى نوێ یا شیعرى گەنجان بۆ گرنگە ؟ یا گرنگییەکەى لە کوێدایە ؟ هێنانە کایەوەى ئەم باسانە لەو شوێنەدا گرنگن کە بوار بدەن بۆ ئەوەى زەمینەیەک بۆ ڕەخنە بسازێنن .ئەم زەمینەیە وابکات ئاوێتەبوونى خوێندنەوەکان و شیکردنەوەى دەنگەکان دروست ببێت . بەم جۆرە دەکرێت داهێنان و جوانى لە دەقەکان دا بناسینەوە ، ئەگینا بەدەر لە قوڵبینى و خوێندنەوە کە دەکرێ پێى بڵێین ( خوێندنەوەى خوێندنەوە ) هیچ شاعیرێک نابێتە داهێنەر و باسکردن لە ( نوێ ) تەنها لە ناولێنان و ناوى دووەمى شاعیران قەتیس دەبێت . هەر وەک لە نێو ئەدەبى ئێمەدا زۆر بە ئاسانى شوناسى سەمەرە دەدرێت بە شاعیرێک یان هەندێک جار چەند شاعیرێک ..ئەمەش وادەکات شیعرییەتى ئەم شاعیرانە قالبێک وەربگرێت و فۆڕمێکى یەک ڕەنگ بدرێت بە هەموو شیعرەکانیان ..وەک شاعیرى نیشتمان و شاعیرى سروشت و شاعیرى پایز و شاعیرانى نوێخواز و..چى و چى .بەشێوەیەک شاعیر لە باتى ئەوەى شتەکان وەربگرێتەوە خۆى دەبێ بە خاوەنیان. لێرەوە لە شیعر دوور دەکەوینەوە بەرەو "ناو" دەڕۆین ، لە داهێنان دوور دەکەوینەوە بەرەو ئەو شووناسانە دەڕۆین کە لە ئەنجامى قوڵ نەوبوونەوە دراون بە شاعیران ، هەر دوورکەتنەوەیەک لە شیعر دوورکەوتنەوەیە لە داهێنان ، هەر دوورکەوتنەوەیەکیش لە داهێنان ، کردنى شاعیرە بە کائینێک لە دەرەوەى شیعر .

2.

ئەوەى لێرەدا گرنگە خوێندنەوەیە بۆ دەقەکان ، نەوەک سازاندنى ناو و شوناسێک بۆ شاعیر کە دواجار دەقەکانیش لەنێو ئەو ناوانەدا دەتوێننەوە .بۆ نموونە ئەگەر سەیرى شاعیرانى کلاسیک بکەین زۆربەیان بوونەتە هەڵگرى پێشگر و پاشگرو ناوى : مەزن ، حەزرەت ، گەورە... ئەمە وایکردووە بە بیستنى ناوەکانیان بڕیار لەسەر کۆى بەرهەمەکانیان بدەین .ئەوەندەى لە ڕەخنەى ئەدەبى کوردیدا هەوڵدراوە فۆڕمێک بدرێت بە کەسایەتى "نالى" و موقەدەس بکرێت ، نیو ئەوەندە هەوڵنەدراوە خوێندنەوەى هەمەلایانە بۆ شیعرەکانى بکرێت ، ئەوەندەى "مەحوى " بۆتە لوتکە و جۆرێک لە ڕەهایى بە ئەزموونە عیرفانییەکەى دراوە زۆر بە سادەیى بڵێین نیو ئەوەندە : نەخوێندراوەتەوە .واتە زۆرتر کار لەسەر ئەوە کراوە دیوانەکان دابخرێن ، نەک بکرێَنەوە .ئەوەش بە سنوربەندکردنى دەقەکان . لەگەڵ ئەوەش دا هەوڵى جوان و کەم هەن : دەسخۆش بۆ "ڕێبوار سیوەیلى" کە لە " کتێبى نالى " دا هەوڵى داوە ئێمە لەو دیو موقەدەسبوون و ستایشى بێ بڕانەوەى نالى دا ، نالى وەک شاعیرێک ببینین ، یان وەک مرۆڤێک بەهەموو دڵەڕاوکێیەکانییەوە لەولاى ناوەکان . نەبوونى ئەو ڕەخنە و خوێندنەوانەى دەمانبەنەوە بەرەو قوڵاییى دەقەکان وایانکردووە زۆر نزیک لە تێڕوانینى دینى لەنێوان سەرەتا و کۆتایى و باڵاو سفر.. باش و خراپ دا بێین و بچین . نەبوونى خوێندنەوەى ئاوا کاریگەرى دەکاتە سەر "شیعرى نوێ " ێش ، چونکە خوێندنەوە و ڕەخنەکان زیاتر کار لەسەر ڕەهایى و بە "باڵا"کردنى شاعیرەکان دەکەن ، ئەمەش ڕەنگدانەوەیەکى تەواوى لە شیعرى ئێستاى کوردی هەیە ، چەندە زمانى "سوهراب " باڵادەستە دوو ئەوەندەش ئەو زمانە کە پێ بە پێ ، ئاگا و نا ئاگا لە کڵاوڕۆژنەى دنیابینى ئایینى و عیرفانى شیعرى کلاسکییەوە هاتووە .چونکە وەک وتمان شیعرى کلاسیکى ئەوەندەى پیرۆز و گەورە کراوە نەخوێندراوەتەوە .هەموو ئەو هۆکارانەش وا دەکەن کە لە شیعرى کوردیدا نەوە جیاوازەکان کەمتر بگەنە پەیوەندییەک لەسەر بنەماى خوێندنەوە .کاتێکیش تەوەرەیەک یان زەمینەیەک دروست دەکرێت بۆ قسەکردنى نەوەکان لەبارەى دەقى شاعیرانى دواى خۆیان .ئاماژە دەکەم بە ( تەوەرەیەک لەبارەى شیعرى گەنجان ) هەست بەم گرفتانە دەکەین کە لە دنیاى ئەدەبى ئێمەدا هەن تایبەت لەنێوان نەوە جیاوەزەکان دا .شاعیران چۆن لەبارەى یەکترەوە دەدوێن گرنگ نییە ، گرنگە چۆن لە بارەى بەرهەمەکانى یەکترەوە دەدوێن ، دوو خاڵ کە بەشێوەیەکى گشتى نییە بۆ هەموو ئەو شاعیرانەى لەم تەوەرەدا بەشدارییان کردووە ، بەڵکو لە دیدى ئەوانەوە ئاڕاستەیەک دەدەین بە شاعیرانى هاونەوەى دەرەوەى تەوەرەکەش سەبارەت بە نەوەیەکى تازەى شیعریى : 1. زۆر بەگشتى لە بارەى شاعیرانى تازە و گشتیتر لە بارەى شیعرى نوێوە دەدوێن ، کامە نوێ ؟ 2. زیاتر گرنگى بە ناوەکان دەدرێت ، نەک بە دەقەکان لە کاتێکدا بە خۆشحاڵییەوە زۆر لە شاعیرە تازەکان کتێبى چاپکراویشیان هەیە.


لەگەڵ ئەوەشدا هیچ نەوەیەک نوێگەرى بە سەر نەوەى دواى خۆى دا نابڕێت ، بەو مانایەى هیچ شاعیرێک بە گوتەى ئەوەى تر نابێتە نوێخواز و نەوەیەکى تازەى شیعریى . مەرج نییە ئەوەى لە ئێستادا بنووسێت تازەبێت و ئەوەى سەر بەم نەوەیە نەبێت کۆن بێت ، شیعرى نوێ هاوهەنگاوى خوێندنەوە و ڕەخنە خۆى ڕێگاکان دەبڕێت .

3.

باسکردن لە بارەى نەوە جیاوازەکانى شیعر، هەر نامانگەڕێنێتەوە بۆ ڕوانین لە واقیع و کۆت و بەندەکانى شوێن و ئینتیمایەکى لە قاڵب دراو بۆ نیشتمان و دروست کردنى پێوەرگەلێک لە دەرەوەى دەقەکان بۆ دیارى کردنى شیعرییەت و داهێنان ، کە بەشى زۆرى بۆچوون و بینینەکان لە ئەدەبى کوردیدا لەم شوێنەدا بەهۆى فراوانکردنى سنوور و قەفەسەکان شیعرییان داغکردووە .لەگەڵ بوونى هەموو ئەو ناو و گرفتانەدا پێویستە کەمێک باس لە شیعرى ئەمڕۆى کوردى بکەین ، بە تایبەت ئەو نەوەیەى کە بە نەوەى دواى (2000) ناوى دەبەن .بەر لەهەموو شتێک دەبێ ئەوە بزانین ، هەروەک ئاماژەمان پێدا نەبوونى ڕایەڵێکى ڕەخنەیى ورد وایکردووە لە دنیاى ئەدەبى ئێمەدا قسەکردنى نەوەیەک لە بارەى نەوەى دواى خۆى زۆرجار بکرێتە پێوەر و شوێنى ڕەخنە بگرێتەوە لە دەستنیشانکردنى داهێناندا ، لێرەدا گرفت دروست دەبێت . گەر پێمان وابێت ئەوە قسە و بۆچوونى نەوەیەکە نەوەیەکى نوێ دروست دەکات بەهەڵەدادەچین ، چونکە داهێنان ئاڕاستە ناکرێت و شیعر خۆى دژى بە ڕێدابردنە و شاعیر هەرگیز دروست ناکرێت .بەڵام ئەوەى گرنگە خوێندنەوە و ئاگاداربوونە لە بەرهەمە شیعرییەکان .گەر سەیرى شیعرى ئەمڕۆ بکەین ناتوانین هەموو ئەم کێشانە لە بەرچاو نەگرین ، لە دنیاى ئەدەبدا کە ئێستا هەن و دەرهاویشتەکانییان گاریگەریان دروستکردووە.شیعرى ئەمڕۆ (دواى 2000) ڕوبەروى "گەورەکراوەکان" "زمانى باڵا" "داهێنانى ڕەها " دەبێتەوە ، یا باشترە بڵێین کەوتۆتە ناو ئەم هەموو پێناسانەى لە ئەنجامى خوێندنەوەى ڕوکەشانە دروست بوون .بۆیە ڕەنگە بەترسەوە هەنگاوبنێت ، یان بۆ هەنگاونانى لە "ناگاهى" دا بکەوێتە ژێر کاریگەرییەکى توندى نەوەى بەر لەخۆى . لێرەوە پێویستترە کە نەوەى نوێى شیعر باشتر ئاگادارى شیعرى بەر لەخۆى بێت ، بۆ ئەوە نا کە لاسایى بکاتەوە .چونکە دەردەکەوێت نەخوێندنەوە لێچوو دروست دەکات ، نەک خویندنەوە و ئاگاداربوون .بەمە ئاشکرا دەبێت زمانى باڵا ، زمانێکى وەهمییە و تەنها هێزێکە بۆ بەدۆگمابوون و دیاریکردنى خاڵى کۆتایى لە شیعرییەتدا .لێرەوە شیعر دابەش دەبێت بە سەر جەمسەرەکاندا و هەر شیعرێکى دوور لەم بەجەمسەربووانەش دەخرێتە دەرەوەى داهێنان و جوانى .لەدنیاى ئەدەبى ئێمەدا گەر تەماشابکەین زۆر کار لەسەر ئەم جەمسەرانە کراوە ، بە ڕادەیەک هەر یەکەیان دەکرێنە چەقێک بۆ ڕاکێشانى شیعرییەت و گەیشتن بە جوانى و سەراسیمەیى وشە .بە سَینتەربوونى شیعرێک یان باشتر بڵێین شاعیرێک یان زیاتر ، دەبێ دیمەنێک بێت ، بۆ ئەوەى شاعیرى ئەمڕۆ بیبینێ لە دەرەوەى هەموو ئەو ستایش و بیناکردنە سادانەى داهێنان لە شوێنێک دا دەرگیردەکەن و شیعرییەت دەکەنە خاوەندارێتى .ئەم جۆرە ڕوانینانە و چەندینى تر وەک قەفەس لە ناو شیعردا دەژین ، هەمیشە قەفەسەکان لە جوانى شیعر دەخۆن ، شیعریش لە شێوەى خۆیان دادەتاشن و سنوردارى دەکەن .شیعرى ئەمڕۆ دەبێت قەفەسەکان هانبدا بۆ شکاندنى شیعر و بەجێهشتنى شیعرییەت .لەبەردەم پرسیارێک داین : قەفەسەکان شیعر دەشکێنن ؟

4.

شیعرى ئێستا (پۆست 2000) چ ئەگەر بیخەینە بازنەى نەوە و تەنها مەبەستمان شاعیرە دەرکەوتووەکانى ئەم دواییەبێت ، چ شێوەیەکى گشتى شیعربێت لەم قۆناغەدا لەناو هەموو ئەو فیگەر و چوارچێوانەدا دەژى کە شیعرى کوردی هاو ئاوازى ڕەخنەیەکى شەرمن هێناونیەتى .ڕەخنەیەک کە بە دواى "ڕەها" و "خراپ"ەکان دا دەگەڕێت .تائێستاش خەریکى بەراورد کردنى کۆچى "عەنبەر خاتوون"ە بە ماڵئاواییەکانى "حەبیبە ".بە ئایدۆلۆژیکردنى شیعر لە قۆناغەکانى تردا ، ئەوە زەمینەیەى ڕەخساند شیعرى کوردى کۆتاییەکانى (باڵابوون) ى بوونێک یا ئایدیایەک بە فراوانى بگوازێتەوە ، چۆن لە قۆناغێک دا گرنگ بوو ، شاعیر بەجوانتریین و بەهێزترین دەربڕینەکانى کوردبوونى خۆى بسەلمێنێ ، هاوشێوە لەم قۆناغەشدا شیعرى کوردى هەر خەریکە لەنێوان شەیتان و خوایەکى بێ نێوان دا ، بەهەشت و دۆزەخێک ، گومانبارى و دڵنیاییەکى بێ نێواندا دێت و دەچێت .شیعرى کوردى تائێستاش لەنێوان لوتکەکاندا یارى دەکا . ڕەنگە ئەمە بەهۆى کێشە و گرفتى بوونەکەیەوە بێت کە بەم شێوەیە هاتۆتە ناو شیعر .بەڵام ئەوەى شیعرى ئێستا جیا دەکاتەوە کارکردنە لەناو درێژکراوەى بازنەکان دا ، هەر وەک چۆن نەوەى دواى ڕاپەڕین لەوێدا جیابووەوە. گرنگى هێنانە کایەوەى تەوەر لەسەر شیعرى نەوەى نوێ و دواندنى شاعیرانى قۆناغێکى تریش هەر لێرەوەیە ، ئەگینا هیچ گرنگییەک لەو گوتانە دانییە: ( ئەم نەوەیە هیچ ئیزافەیەکى نەکردۆتە سەر شیعرى نوێى کوردى) یا ( ئەم نەوەیە لە ئێمەیان تێپەڕاندووە ) ئەمانە گوتەى زۆر گشتگیرن لە بارەى شیعر ، چونکە گەر پرسیار لە کەسێکى دەرەوەى شیعریش بکەین بڵیین شیعرى ئەمڕۆ چۆن دەبینى لەگەڵ هى بەر لەخۆى؟ یا دەڵێ جیاوازى نییە ، یا پێچەوانەکەى دەڵێت. هەر دوو گوتەکەو هاوشێوەشیان نەخوێندنەوە و هەڵهاتنن لەخوێندنەوەى شیعرى ئَێستا کە دیارە هەڵگرى لایەنەکانى شێوازێکى شیعرییەتە .بەڵام چۆن ؟ لێرەدا گرنگ چۆنیەتییە ، نەوەک دیارکردنى ڕێژە و چەندێتى نوێبوون و تێپەڕاندن. ئاماژەمان پێدا ئەمە دەکرێت خوێندنەوەى قوڵ و ڕەخنەیى ئەمە دیارى بکات و دەستنیشانى ئەو هەموو تێکەڵبوون و ئاڵۆزییەش بکات ، کە لەقۆناغى ئێستادا نەک هەر نوێگەرى ، بەڵکو شیعریشى تا ڕادەیەک ونکردووە .

5.

شاعیریش خراوەتە ناو هەمان ئەو بەستێنانەى شیعرییان تیادا قوفڵ دراوە ، بەجێگاى ئەوەى شاعیر لە بارەى ئاو و هەواى ئەستێرە نەبینراوەکانەوە بدوێ ، شیعر وەک ئامراز دەیبەستێتەوە.لێرەوە شیعر لە ناوچەى بچووک بچووک دا گیر دەخوات ، یان تایبەت دەبێت بە شارێک. زۆربەى شەڕِەکانى دەرەوەى شیعریش دەخرێنە ناوەوەى شیعر و ئەمەش وا دەکات شاعیر سنورداربێت ، بە جۆرێک ئەو "ناشوێن" ەى شاعیر دروستى دەکات و ئەو "واقیع" انەى شاعیر لێ یان ڕادەکات ، دووبارە دروست دەبنەوە و شیعریش ناتوانێت لە ناوخۆیشى بچێتە دەرەوە . هەنگاو بە هەنگاو لەم ڕێیەوە داهێنان بە "شار" دەکرێت ، زۆر زیاتریش بە "کەس" دەکرێت . هەر وەک چۆن لە ئێستاى نووسراوەکانى ئەدەبى کوردیدا دەیبینین ، خوێندنەوەکان ڕێگایەکن بۆ دروست کردنى نووسەرێک ، نووسەرگەلێکى قەدیس ، کە زیانێکى زۆر بە بەرهەمەکانیان دەگەیەنێت .ناسینەوەو دیاریکردنى نەوەیەکى نوێى شیعرى (وەک ئەوەى تەوەرەکە لە بارەوەیەوە پرسیار دەکات ) پەیوەستن بە هەموو ئەو ئاڵۆزیى و گرفتانەى لە ئارادان ، ئەگینا داهێنان تایبەت نییە بە هیچ نەوەیەکى شیعرى و لە هەموو قۆناغەکاندا جۆرێکى تر لە نوێبوونەوە سەر هەڵدەدات .بۆ نموونە گەر لە شیعرى دواى ڕاپەڕین ( واتە بەر لە 2000) بڕوانین ، دەبینین ئەو نەوەیە چەندە زمانێکى نوێى دروستکرد ، ئەوەندەش دەستى کرد بە ئاوێتەکردنى زمانێکى "مەحوى"یانە بە زمانى ڕۆمانسیەتى "هەردى " و "گۆران" ، چەندە بە دواى شووناسێکى تردا دەگەڕێت بۆ نیشتمان و مەسەلەکانى تر ، ئەوەندەش وێنەکانى تێکچڕژاو بوون بە وێنە شیعرییەکانى "سهراب"و کردنى قەسیدە بە بووخچەى "حەقیقەت" و دووبارە و دووبارە مەنفایەکى کۆن .نەوەى دواى ڕاپەڕین ئەگەر لە سیماى دەقەکانى پێشوو خۆى یاخى بووبێت هێشتا زۆر لە شیعرەکان لە دنیایەکى ڕۆمانسى دان و هەر وەک لە سەرەتا باسمانکرد ، لە نێوان لوتکەکاندا ( شەیتان خوا/جەهەننەم بەهەشت/ مەنفا نیشتمان ..هتد) بە ڕێرەوێکى لیریکى هاتووچۆ دەکات .کە هەتا ئێستاش ئەم خاسیەتانە درێژدەبنەوە ، ئەمە هەر تایبەت نییە بە نەوەیەکى دیاریکراو .کەواتە دەستنیشانکردنى لایەنەکانى نوێبوون و چۆنییەتى نوێبوونەوە ، پێویستى بە لێوردبوونەوە خوێندنەوە هەیە ، نەک ئاراستەکردن و قسەى گشتگیر . لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەى لێرەدا دووپات دەبێتەوە ، ئەوەیە داهێنان نەوە تازەکانى شیعر دیاردەکات ، نەک ڕاى نەوەیەک بۆ نەوەیەکى تر ، چونکە باسى ئەو گرفتانەمان کرد، کە نەوە شیعرییەکانى لەیەک دابڕیون . خوێندنەوەى پارچە پارچە کردووە.


ماڵپه‌ڕی رێبین ئه‌حمه‌د خدر
 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک