١٢\٣\٢٠١٣
قەفەزێک لە ناخى
باڵندەیەکدا!

گۆران رەئوف
نازانم لەکەیەوە سنوورى ئەو ڕۆژانە دەستنیشانکەم، کەوەک باڵندەیەک،
تازە ئاشناى ئاسمانەکان بووە و نازانێت سەرەتا و کۆتایى چ مانایەکیان
هەیە... ئەو ڕۆژێک یەکەمین گەشتى دەستپێکرد، تەواوى ئاسمانەکان تووڕەیى
خۆیان دەناردە خوارەوە... ئەو ڕۆژانە باڵندەکە، بێکەس، بێئامانج،
بێنیشتیمان، لەبەر ڕەهێڵە تووڕەکاندا دەهات و دەچوو... باڵندەى بەدبەخت
لەو کاتەدا یەکەمین پرسیارى ئەوەبوو:"بەڕاست ژیانى ئەودیو قەفەز هەر
ئەمەیە"؟ ئەو نەیدەزانى باڵندەگەلێکى دى هەن لانەیان هەیە و عەشق دەکەن،
خودا دەناسن و سەفەردەکەن، نەیدەزانى شەڕدەکەن و جەژندەکەن... ئەو
ئەوەشى نەدەزانى ئەو جێگایەى پیاسەى تێدا دەکرد ناوى ئاسمان بوو، ئەو
ناوى ئەستێرە و مانگ و بەفر و باران و هەسارەکانیشى نەدەزانى... ئەو
کەکاتێک بۆیەکەمجار هەڵفڕى.. یان باشترە بڵێم ئازادبوو، ئێوارەیەکى
زستان بوو، من لەبیرم نییە چ خەیاڵێک وایکرد بابم بەو ئێوارە سارد و
باراناوییە ئەو کەناریە تازەپێگەیوە ئازادبکات، بەڵام دەمزانى ئەو
کارەى لەخۆڕانییە، هەڵبەت هەر لەخۆوە پێم باش بوو، بەڵام ئێوارەیەکى
هێندساردبوو گریانم بۆى دەهات. ئاخر باوباپیرى ئەو باڵندەیەى کە بابم
ئازادى کرد لەنێو قەفەزێکدا ژیابوون، کەبابم ساڵانێکى پێشوتر بەتایبەت
لەئێرانەوە بۆیان هێنابوو... بابم تەواوى باڵندەکانى ترى لەنێو قەفەزە
کۆن و دەستکردەکانى ناوخۆى شاردا بەخێودەکرد، بەڵام لەجوانى و قەشەنگى
ئەو جووتە کەنارییەى کەبەڕێکەوت لەکابرایەکى گوندنشینى کریبوو، هەر
لەخۆوە نەیتوانیبوو وەک باڵندەکانى دیکە حیسابیان بۆبکات، بۆیە ژیانى
بۆ سازکردبوون لەو قەفەزە نموونەییەدا... بابم بۆیدەگێڕامەوە کە گوایە
باڵندەکانى دیکە لەتاو ئێرەییدا تووشى نەخۆشى هاتبوون کەکاتێک
بینیبوویان دوو کەنارى نوێ لەوەها قەفەزێکى قەشەنگدابژین، ئەوانیش بەو
هەموو تەمەنەوە پارەیان بۆ بەرهەم هێناوە... ئەو دوو کەناریە قەشەنگەى
کە بابم لەکابرا گوندییەکەى کڕیبوو داپیر و باپیرى ئەو کەناریەبوون کە
بابم لە ئێوارە ساردەکەدا ئازادى کرد.
چیرۆکى ئەو کەناریەى وایکرد بابم ئازادى کات، من نایزانم، یان باشترە
بڵێم ئەو هۆکارەى بووە هۆى ئازادبوونى باڵندەکە نازانم، بەڵام بەبڕواى
خۆم وایدەبینم بابیشم نازانێت بۆ لەقەفەز دەریهێنا، هەڵبەت هەرکات
دەکەوتمە باسى چیرۆکى ئازادبوونى باڵندەکە، یەکسەر بابم بێدەنگ دەبوو،
وەک ئەوەى هەستبکات ئازادبوونى ئەو باڵندەیە پەیوەندى بە خودى
باڵندەکەوەهەیە، یان ئەوەى وەک جێبەجێکردنى پەیامێکى ئاسمانى وەهابوو
بۆى... بەڵام بەهەرحاڵ ئێستاش تێنەگەیشتم لەبابم بۆ ئەو کەناریەى
لەوەها ڕۆژێکدا بەردا، هەڵبەت هۆکارى بەربوونى ئەو باڵندەیە لەسەرەتاوە
بۆم گرنگ نەبوو، تاکاتێک کە بابم کۆچى دوایى کرد، ئاخر مردنى بابم
چیرۆکێکى خۆى هەیە و کەم تازۆر پەیوەندى بە ئازادبوونى ئەو باڵندەوە
هەیە.
من لەگەڵ یەکەم چرکەدا کە کەناریەکە هەڵفڕى ڕووەو ئاسمان، ئاگام لێبوو،
سەیرمدەکرد تا ونبوو، دەمبینى نەیدەتوانى بەهاوسەنگى بفڕێت، لەبەر
ڕێژنەى باران و پاڵەپەستۆى بایەکاندا ئەملاولاى دەکرد، دەهاتەوە خوار و
بە هێزێکەوە بەرەو ئاسمان دەڕۆیشتەوە، ئەوە یەکەم ساتبوو کە هەستمکرد
خێرایى دڵم زیادى دەکرد، هەرلەخۆوە دەترسام ئەو کەناریە کە زۆرکات
لەگەڵیدا دەکەوتمە گفتوگۆ و باسى خۆمم بۆدەکرد ئایندەیم باش نەدەبینى،
نەمدەزانى بۆ دڵتەنگ بووم بۆى، بیرمدەکردەوە ڕەنگە هی ئەوەبێت کە زۆر
دواوم لەگەڵیدا، یاخود هى ئەوەى کە من کچ بووم... ئاخر دایکم زۆرکات
دەیگووت"ئافرەتان دڵیان ناسکترە لە پیاوان"، هەرواش بوو، چونکە ئەو
ڕۆژەى کەناریەکە بەرەو ئاسمان فڕى من بۆى گریام، کەچى براکەم پێدەکەنى،
ئەو بەوە دەکەنى کە کەنارییەکە نەیدەتوانى لەبەر باو باراندا
بەهاوسەنگى بفڕێت، ئاى چەندە توڕەبووم لێى، چەندەى تر غەمم بۆ خوارد،
ئەو ئێوارەیەى کەناریەکە ونبوو، من تا تەواو تاریکى شەوداهات لە
هەیوانەکەمانەوە دەمڕوانییە ئاسمان، تاکو جارێکى دیکە بیبنمەوە، بەڵام
شەوداهات و بەخەمى ئەوەوە نووستم.
بەیانى بەرلەوەى هێزگرم لەخەو، هەستمدەکرد خەوندەبینم کە کەناریەکە
گەڕاوەتەوە و ئەوەتا دەخوێنێت، بۆیە بەخێرایى هەستامەوە و ڕووەو
حەوشەکەمان دەرپەڕیم، کەبینیم کەناریەکە گەڕاوەتەوە و لەسەر دار
هەنارەکە وەستاوە... ئەى خوایەگیان لەو خۆشییە، یەکسەر دەنگێکى کچانەم
لێبەرزبوویەوە و هەردوو دەستم هێنا بەدەمووچاومدا، لەوکاتەدا دەمویست
بە کەناریەکە بڵێم ئەم شەو تۆ لەکوێ بوویت؟ نازانى چەندە لەبیرى
تۆدابووم؟ ئەى نازانى دونیایەک خەونى جۆراوجۆم پێتەوە دى؟ دەمویست بڵێم
ئێستاش بڕواناکەم ئەوە تۆبى بەسەر ئەو دارەوە؟ ئاخر وامدانابوو تۆ تازە
مردووى... دەمویست ئالەو هەڵیت و پڵیتانەى پێبڵێم، بابم بە جلى
خەوەکانییەوە هات و بینى باڵندەکە گەڕاوەتەوە و تێڕاماوە، ژیان
بۆئەوەندە سەختە... بەڵام بەرلەوەى بابم ئەو شتانە لەچاوى کەناریەکەدا
بەدیبکات، یەکسەر کەمێک ڕۆیشتە پێشەوە و یەک دوو وردە بەردى تێگرد تا
هەڵفڕى و بۆ دووەمجار لەپێشچاوم ونبووەوە!!
تەماشاکە تائێستاش لەخۆم ناگەم بۆ چیرۆکى ئەو کەنارییە بەدبەختە بۆ
هەموو هەڵچون و داچوونەکانى ژیانم دەهێنمەوە... زۆرکات ئەم پرسیارەم
لەخۆم کردووە، لەکاتى خۆشى و ناخۆشى و توڕەبوون و هێمنى و گریان و
خەنیندا، هەمووکات یەکسەر کەوتومەتەوە بیرى ئەو کەناریەى کەوا خەریکم
ئاشناتدەکەم بەژیانى، ئێستاش وادەزانم بەرلەوەى باسى ئێستاى خۆمت
بۆبکەم پێویستە بتناسێنم بە ژیانى باڵندەکە، ئاخر تاهەنووکەش کەئەم
پیتانە دەنێم بەیەکەوە وادەزانم ژیانى ئەو کەنارییە، ژیانى منە و
نموونەیەکە کەخودا تەنها بەمنى نیشانداوە... من لەبیرمە کەمنداڵ بووم
زۆرکات خاڵم باسى ئینسانە پاکەکانى بۆدەکردین، ئەو باسى ئەو ڕۆحانەى
دەکرد کەخودا خۆشى دەوێن و بەردەوام ئاگاى لێیانە، بەردەوام
دەیبردینەوە بۆ ئەو بابەتە گەورە و قورسانە... من لەبیرمە بەخۆمم دەوت
ئاخر خاڵم زۆر سەیرە، ئەى ئەو چۆن دەزانێت ئێمە بەم تەمەنە منداڵەوە
لەو بابەتە گرانانە دەگەین، بەڵام دواتر هەرخۆم وەڵامى خۆمم دەدایەوە و
دەموت"بەڵێ خاڵم بێئەندازە زرنگە، چونکە ئەو گەر نەیزانیبا من و
براکانم لەوەها بابەتێک ناگەین، باسى نەدەکرد.... ئێستا بەخۆم دەڵێم
ڕەنگە من لەو ئینسانانەبم کە خاڵم باسى دەکرد، دەڵێم ڕەنگە خودا منى
خۆشبووێت، ڕەنگە من خاوەنى ڕۆحێکى پاکبم، بۆیە چیرۆکێکى وەک ژیانى ئەو
کەناریەى پێناساندم، چیرۆکێک کەتەنها من و کەنارییەکە دەیزانین، تەنها
من و ئەو لەواتا قوڵەکانى گەیشتین، ئاخر ڕەنگە تۆش ئاشناى ئەو چیرۆکە
بیت، سەرسام بیت لەوەى ژیانى باڵندەیەک بۆ دەبێت لەهەموو حاڵەتە
دانسقەکانى ژیانمدا وەک نموونەیەک بگونجێت، بۆدەبێت وەک وەڵامى تەواوى
پرسیارەکان وەهابێت، من دڵنیام گەر بۆ چرکەیەک واز لەکەللەڕەقى بهێنیت،
تێدەگەى من مەبەستم چییە، من لەوەش دڵنیام بەم نامەیە، یان چوزانم بە
هەموشتەى من تێکەڵیان دەکەم بۆت... یان باشترە بڵێم نووسینەوەى ئەم
چیرۆکە حەقیقەتى تەواوى ڕووداوەکانت بۆ دەردەکەوێت، بەڵام هێشا دەڵێم
سەرپشکبە و نامەوێت بڕیارى پێشوەخت بدەیت، نامەوێت سۆزداگیرتبکا و وەک
جاران بکەوینەوە کێشەى جۆراوجۆرەوە، من دەمەوێت هەرکات بەتەواوى
تێگەیشتى لەم چیرۆکە، ئەوا وایدەبینم کۆتایى کێشەکانمانبێت، ئاخر من
هەروا بەسادەییەوە ئەم دێڕانەت بۆسازناکەم، بەڵکو لەتەواوى ژیانمدا
گێڕانەوەى چیرۆکى کەناریەکە کۆتا هەوڵدانبووە و هەر بەڕاستیش کۆتا
ڕێگەچارەبووە.
تەماشاکە، من لەو کاتەوەى دەتوانم ژیانى ئەو باڵندەیە بگێڕمەوە،
هەستێکى سەیرم لادروست بووە، هەستى ئەوەى گونجاندنى چیرۆکێکى سادە بۆ
تەواوى چیرۆکەکانى ژیانم... هەستى ئەوەى کەم ئینسان هەیە لەو
بەراوردانەى من بگات... من خۆم دەناسم، مێشکێکى گەلێک وردم هەیە،
هەمیشە وەک کچێکى شەرمن لەپەراوێزى ڕووداوەکانەوە زۆرترین کاریگەریم
هەبووە لەسەر ژیان، هەڵبەت مەبەستم ئەو ژیانە لاوەکیانەیە کەبەتەنها
خودا و هەندێ ئادەمى دیکە تێدەگەن لێى، سەیرکە من کەسێکى سادەنیم،
دەشزانم تۆش بەهەمان شێوەى، بەڵام کەللەڕەقییەکەت و ئەدگارە
منداڵانەکەت تێگەیشتنى تۆیان تێکداوە، بۆیە زرنگەبە و لەم ئاماژە
کۆتاییانەى نەستم بگە، بڕوابکە ئاگام لەحاڵتە، دەزانم شەوانە بەدزى
ماڵەوەتان دەگریەى، ئەوەش دەزانم کە هەندێجار لەخۆپەرستیدا دەتەوێت
بگریەیت و لەخۆشتى بشاریەوە... بەڵام واهەستەکەم تاهەنووکەش دەرفەتێکى
باش هەیە بۆ ئاسایى بوونەوەى نێوانمان، هەڵبەت ئەمانەى کەدەینووسم
لەدەروونێکى ڕءءخاو و شکستخواردووەوە نیە، بەڵکو گوزارشتى ڕوخسارى
هەندێ ڕوى شتەکانە کە دڵنیام تۆى خۆپەرست قەت نەتدەتوانى ڕۆژێک لە
ڕۆژان بیان نووسیت... چوزانم...باسى بکەیت، یان هەر نەبێت خەیاڵى
پێوەبکەیت، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا بەبێ ئەوەى شەرم بکەم، بەبێ ئەوەى
هەستى غرورى دامگرێ دەڵێم گێڕانەوەى چیرۆکى کەناریەکە ڕووى ڕاستەقینەى
منە سەبارەت بەنێوانمان.
لەدواى ئەوەى بۆ دووەمجار کەناریەکە هەڵفڕیەوە و ونبوو، شتێکى سەیر
بەسەر بابمداهات، بابم بەسەختى نەخۆشکەوت، لەماوەى یەک دوو ڕۆژدا ڕەنگى
مردووى لێنیشتبوو، هەردەتووت بەتەواوى وادەى مەرگى نزیک بۆتەوە... من
وەک کچێکى منداڵ بەترسێکەوە بەخۆمم دەموت"ئاهى ئەو کەناریە بابمى
والێکرد... ئاخر من دەمزانى ئەو باڵندە بەدبەختە سەرماى بوو، دەمزانى
بۆیە گەڕابوویەوە تا بێتەوە نێو قەفەزەکەى جارانى، دەمزانى ئەو
تووڕەبوو لەژیان، تووڕەبوو لەئازادى، دەیویست بێتەوە لانە کۆنەکەى....
بەڵام بابم دەریکرد، ئەو دڵڕەقانە دەریکرد.. من بیرکردنەوەیەکى وەهام
لێکدەدایەوە و دایکم و براکانم دڵتەنگ دەبوون، من نەمدەوێرا باسى وەها
شتێک بکەم، چونکە وامدەبینى بابم ئەو باڵندەیەى لەبەرئەوە ئازادکرد کە
خودا خێرى بۆ بنووسێت، بەڵام نازانم بۆ وامدەزانى بابم تاوانبارە؟!
من هەر لەوکاتەدا جارێکى تر کەوتمەوە بیرى ئەو قسانەى خاڵم لەبارەى دین
و ژیانەوە بۆیدەکردین، دەیوت هەرکەسێک بەبێ هۆ زیان بە گیاندارەکان،
بگەیەنێت، تاوانبارە و خودا لێیخۆشنابێت، دەیوت خودا مسقاڵە زەررەى
لێوننابێت و هەر سزامان دەدات، بۆیە منداڵینە ئاگاتان لەخۆتان بێت،
ئازارى گوێدرێژ و سەگ و پشیلەکانى شار نەدەن"... دەڵێم ڕەنگە تەواوى
ئەو شتانەى لەناخمدا لێکم دەدایەوە لەسەر بابم هۆکارەکەى لەقسە
دینییەکانى خاڵمەوە سەرچاوەى گرتبێت، رەنگە تەواوى ئەوکاتانەى شتەکانم
دەهێنایەوە سەر یەک رێگا، هەڵەبووبم و تەنها رێکەوت بووبێت، رەنگە
نەخۆشکەوتنى بابم هیچ پەیوەندییەکى بەئازادکردنى ئەو باڵندەیەوە نەبێت،
یان ئەسڵەن رووداوەکانى ئەو ماوەیە، دۆخێک بووبێت کەبتوانم ئێستامى
تێدا رونکەمەوە...
هەرچى بوو نازانم کام لاى شتەکان حەقیقەت بوون، بەڵام لەوە دڵنیام کە
دەبێت تۆى دڵڕەق ئاشنابیت بەم چیرۆکەوردیلانە، تالێرەوە تەماشاى
رووداوە هەنووکەییەکان بکەیت، ئاخر من دەزانم تۆى خۆپەرست، تۆیەک کە
پشتتکردۆتە راستییەکان و بەوێنەى شاعیرێکى عەبەسى خۆتت بەندکردووە و
لەهیچ شتێک ناپرسیت، تەنها و تەنها خەریکى خواردنەوەى کهولیت و سیگار
کێشانى، تۆیەک دەستەوەستان لەئاست تەواوى رابردووت و تەسلیمى ئەو
واقیعە تڕۆهاتە بوویت، بەڕاستى ئەستەمە چاوەڕوانى شتێکت لێبکرێت، بۆیە
ئەم نامەیە دەنووسم تا لێرەوە هێدى هێدى بتناسێنم بەڕاستییەکان...
ڕەنگە تا ئەم چرکەیەش بەهەمان خۆپەرستى جارانەوە بێیتەوەهۆش و
بپرسیت"ئاخۆ کێ ئەم هەواڵانەى منى پێدابێت"؟ یان ئەوەى شەرم داتگرێت و
هێندەى تر وەک کەسێکى خەجاڵەتبار توڕەبت لەخۆت و لە من و تەنانەت لە
خوشکەکەشت، چونکە ئەو بەتەواوى هەموو ژیانى تۆى بۆ باسکردم، هەڵبەت ئەو
ژیانەى دەڵێم کەلە دواى من گوزەراندوتە، بەڵام عاقڵبە و هێوربە، چونکە
واخەریکە هەنگاوە لەرزۆکەکانت هەڵتدەگرن بەرەو ژیانێک کە تەنها
خۆپەرستیت خولقاندوویەتى، ئەگینا شتەکان بەوشێوەیەنین... خوشکەکەت
دەیوت دانت بەهەموو شتەکاندا ناوە، دەیوت پەشیمانى و ئێستا شەڕ بەدار و
بەرد دەفرۆشێ... دەیوت هەندێ شەو بە زرمەى ئەو لەخەو ڕادەچڵەکین،
سەیردەکەین بە بۆکس هاتووە بەدیوارى ژوورەکەیدا و دەگریەت... بەڕاستى
مایەى پێکەنینە؟! تۆ لەم ماوەیەدا بەو چەشنە گۆڕابیت، مایەى
گاڵتەجاڕییە کە بوویت بە پاڵەوانى دیوار و ئاسن و شووشە... تەماشاکە من
بەهیچ شێوەیەک سەرزەنشتت ناکەم بۆئەوەى کەبڵێم بۆواتکرد؟ یان
بۆواتنەکرد؟ بەڵام دەمەوێت لەم کاتە هەستیارەى تەمەنتدا هاوکاریت بکەم،
وەک خوشکەکەت وتى "فریایکەوە"، هەرچەندە حاڵى منیش لەتۆ باشترنەبووە،
بەڵام من تەنها دڵم بەوە خۆشە کە ئەگەر تەواوى شتەکان تێکبچن و بژاکێن
بەیەکدا هەر ڕۆژێک دەبێت حەقیقەت جیابکرێتەوە.
باڵندەکە کە بۆ دووەمجار ونبوویەوە، و دواتر بابم بە خەستى نەخۆشکەوت،
ئیدى نەگەڕایەوە تا ئەو ڕۆژەى کەبابم دواین فرمێسکى بۆ ڕشت و بۆ
دواینجار ماڵئاوایى لێکردین... بابم مرد، بەڕاستى ئەم وشەیە لەناخەوە
دەیگریاندم، بەخۆمم دەوت"ئیتر خۆ بابم تازە نابینمەوە"، دەموت"یانى
بابم بەتەواوى مرد"،"یانى ئیدى تا کۆتایى دونیا نایبینینەوە؟" ئاى لەو
ڕستە بێتامانەى لەو ماوەیەدا وێرانیانکردبووم، من وەک کچێکى منداڵ
لەنێوان دووڕییانێکى تەمومژاویدابووم... هەندێجار لەناخەوە جنێوم بەو
باڵندەیە دەدا... دەموت"دەک تۆش بمرى وادەم بوویتە مایەى مردن بۆ بابم"،
کەبیرم لە قسەکانى خاڵم دەکردەوە، حەزمدەکرد، ئەو باڵندەیە بگرم و
هەنجن هەنجنى بکەم، بەڵام لەلایەکى ترەوە وەک ئەوەى دەنگێک لە ناخەوە
پێمبڵێت شتەکان وەها نین کەتۆ بیریان لێدەکەیتەوە، بەڵکو تەواوى ئەو
ڕوداوانە ڕێکەوتێکى ناخۆش بووە، ڕێکەوتێکى ناخۆش... بۆیە منیش کەمێک
ڕێگەم بەو دەنگەى ناخم دەدا و بیرمدەکردەوە و دواتر هەر خۆم دڵتەنگ
دەبووم بۆ باڵندەکە... سەیرکە جیاوازى من و تۆ تائەم چرکەیەش لەوەدایە
کەتۆ هەرگیز نەتتوانیوە گوێبگرى بۆ دەوروبەر، هەرگیز ئامادەیت نەبووە
دان بەڕاستییەکاندا بنێیت، بەڵام من بەردەوام گوێم بۆ ئازارەکانى
مێشولەیەکیش گرتووە، بەردەوام وابیرمکردۆتەوە ڕەنگە حەقیقەت لە
جێگایەکى هێند سادەدابێت کە ئێمەى لوتبەرز نەتوانین بیبینین، نەتوانین
سڵاوێکى لێیکەین و هەر هیچ نەبێت یەک دوو قسەى لەگەڵدا دامەزرێنین.
دایە مەگرى، دایە مەگرى... سوێندت بۆدەخۆم مردنى بابم خەتاى ئەو
کەناریەى تێدانیە... من دڵنیام گەر باڵندەکەش لێرەبوایە بۆ بابم دەگریا...
کچێ برۆ دواوە تۆ نازانى خودا تۆڵەى ئەو باڵندەیەى لەبابت کردوە...
دایە شتەکان بەو شێوەنین کەتۆ و خاڵم باسى دەکەن... بێدەنگ بە با لەم
پرسەیەدا کەس تێنەگات بابت بەو سەرمایە باڵندەیەکى وەدەرناوە...
ئاخ..دایە گیان خۆزگە دەمتوانى ئەوەى لەناخمدایە بمگوتبا... ئاخر کچێ
تۆ چى دەزانى، تۆ لە مشکێک دەترسى چى لە شەرعى خودا تێدەگەى. بابم
بەحەسرەتەوە ماڵئاوایى لێکردین و کۆمەڵێک گومانى لەپاش خۆى بەمیرات بۆ
جێهێشتین، من لەو یەک دوو رۆژەدا بەتەنها بیرمدەکردەوە، ئاخۆ دەبێت
کەناریەکە لەکوێ بێت؟ دەمووت دەبێت ئاگاى لەوەبێت کە بابم مردووە؟ یان
ڕەنگە ئێستا لەم دەوروبەردا بێت و سەیربکات، یان بگریەت، ئەرێ بابڕۆم
سەیرێکى دار هەنارەکە بکەم، بزانم خۆى لە ژێر یەک دوو لقەوە
نەشاردۆتەوە... بابزانم بۆنى نایەت، ڕەنگە درەنگانێکى شەو گەڕابێتەوە،
کە دیویەتى کەسێک نیە پێشوازى لێبکات جارێکى تر سەرى خۆى هەڵگرتبێتەوە...
ئاى خوایەگیان ئەوە چى دەبینم... وەرن سەیرکەن... وەرن بەچاوى خۆتان
ببینن، ئاخر من هەر وتم... دایە، براکانم، خاڵەگیان... وەرن سەیرکەن،
ببینن، ئەوەتا... ئەوە باڵندەکەیە... خۆیەتى خۆى، من دەمزانى دێتەوە،
دەمزانى ئەو بابمى خۆشدەویست، دەمزانى ئەو هیچ تاوانبارنییە، من
دڵنیابووم مردنى بابم پەیوەندى بەو بەستەزمانەوە نەبوو... بەڵکو هەموو
شتەکان ڕێکەوت بوو، بەڵێ دەمزانى رووداوێکى نائاسایى بوو، نەوەک ئەو
تڕۆهاتانەى دایکم و خاڵم کەناریەکە و بابمیان پێ تاوانباردەرکرد... من
بەرلەوەى بانگى ئەوان کەم ئەوەشم دەزانى لەوەش تێناگەن کەدیاربوو،
دەمزانى ئەمان چەندە وەڕسکەرن وەختێک دەتەوێت ڕاستییەکیان بۆ
ڕونکەیتەوە... بەڵام دەبوو بانگیانکەم، دەبوو بەچاوى خۆیان بیاندیبا،
هەرچەندە تازە نەدەبووە هۆى کەمکردنەوەى ئازارى مەرگى بابم بۆ ئەوان،
بەڵام بۆمن لەیەک کاتدا مایەى دڵتەنگى و مایەى ئاسودەیى بوو، چونکە لەو
کاتەوە دڵنیابووم لەوەى هەرکات ئەو دەنگەى ناخم شتەکانم بۆ
ڕووندەکاتەوە، ئیدى بەسە بۆئەوەى بڕواى پێبکەم... ئەو دەنگە دەڵێم
کەخۆت زۆرکات پێتدەوت (دەنگە ئاسمانییەکە)، زۆر کات بەزمانێکى
تەنزئامێز دەتوت"ئێستا دەنگە ئاسمانییەکەت چى دەڵێت"... من لەو ڕۆژەوە
دڵنیابووم ئەو دەنگە ڕاستگۆترین دەنگێکە لە دونیادا... دڵنیابووم کە
نائومێدنابم لێى، هەرچەندە ماوەیەکى دوورودرێژیش جێمبهێڵێت، هەر دێتەوە...
من کەئەوانم بانگکرد دەمزانى شتێک لە دەرون و هەستى ئەواندا ناگۆڕێت،
دەمزانى هەرئەوەش وادەکات گومان دروستکەم بەرامبەر ئەو دەنگە ناوەکییەم،
بەڵام باش بوو هەر زوو تێگەیشتم کە ڕێگەى من جیاوازە لە دەوروبەرم،
تێگەیم کە من چۆن دەڕوانم لە دونیا و ئەوان بەهەموو لێکچوونەکانیانەوە
چۆن... خودایە ئاخر یانى ئینسانگەلێکى وەها هەن کەتێناگەن لەوەى
پێیاننیشاندەدەم... دایە، خاڵە، براکانم، ئەوەتا... ئەوە خۆیەتى،
کەناریەکە، ئەو کەناریەى هەموومان خۆشمان دەویست و دڵتەنگ بووین کاتێک
بابم ئازادى کرد... ئەوەتا ئەوە خۆیەتى، ئەو کەناریەیە کە واماندەزانى
ئەم بۆتە مایەى مردنى بابم، ئەوەتا ئەها لەژێر دارهەنارەکەدایە...
ئەوەتا ئەویش مردووە.
کەنارییەکە و بابم مردن، بەڵام من و تۆ نەمردووین، کەنارییەکە و بابم
لەزمانى یەکتر زۆرباش نەدەگەیشتن، من و تۆش وەک ئەوان، من و تۆ کەمێک
لێکنەگەیشتن هەیە لەنێوانمان، ئەوانیش هەروابوو، کەنارییەکە و بابم
مردن و نەیانتوانى لەیەک بگەن، من و تۆ زیندوین و پێویستە لەیەکبگەین،
ئەوان کەسانێک هەبوو کە وڕێنەیان بەدەمەوە دەکردن، من و تۆش کەسانێکى
لەو جۆرە دەناسین، لەنێوان کەنارییەکە و بابمدا کەسێک هەبوو لە
هەردووکیان باش تێدەگەیشت، لەنێوان من و تۆدا کەسێکى لەوجۆرە نییە و
دەبێت خۆمان ئەو کەسەبین... ئەوان لەپاش دوورکەوتنەوە لەیەک شەڕێکى
ساردیان هەبوو، من و تۆش هەرواین، بەڵام ئەوەتا من دەمەوێت نەیهێڵم...
کەنارییەکە و بابم یەکیان دەناسى، خۆشەویستیان بۆیەک هەبوو، بەڵام بابم
ئازادکردنى ئەوى بەباش دەزانى و کەنارییەکە بەپێچەوانەوە، من و تۆش یەک
دەناسین و یەکمان خۆشدەوێت و هەردووکمان جیابوونەوەمان پێخۆشنەبوو،
بەڵام فریوى کەللەڕەقى و خۆپەرستى یەکترمان خوارد، من و تۆ هەردووکمان
دەمانەوێت بگەینەوە بەیەک و تائەم چرکەساتەش کارێکمان بۆنەکردووە؟ تۆ
خەریکى مەى خواردنەوە و سیگارکێشان و تووڕەبوون و ئەم شتانەیت، من
چاوەڕوانى کارێکم کەوادەزانم تۆ دەیکەیت، وادەزانم بەردێک دەخەیتە
سەربەرد؟ بەڵام ئەوا ئەو چاوەڕوانییە دەشکێنم و هەنگاو دەنێم بەوێنەى
کەنارییەکە و دەمەوێت بگەڕێمەوە قەفەزەکەى جاران، بگەڕێمەوە قەفەزى
عەشق، با لەدەرەوەى ئەو قەفەزەش بم، خۆ ئەو قەفەزە تێکەڵ بەرۆحم بووە،
ئەى کەنارییەکەت لەبیرنییە کە دەیویست بگەڕێتەوە قەفەزەکەى جارانى،
ئاخر ئەویش قەفەزەکەى لەناخیدابوو، نەوەک ئەو قەفەزەى ئێمە ئاشناى بوین..
دەمەوێت لەوێدا بمرم، لەوێدا بیر لەم دونیا پڕوپوچە بکەمەوە، دەمەوێت
بگەڕێمەوە لاى تووڕەبوونەکانت و دەستێکى هێمنانەیان بەسەردابهێنم،
بڕوابکە تووڕەبوونى تۆ چێژى خۆى هەیە، تێدەگەى چێژى خۆى هەیە... من
هەموو ئەو بارە دەروونیانەى خۆمم لێکهەڵوەشاندووە و پێم ناوە بەهەموو
ئەو کەللەڕەقیانەدا کەتۆ فێرتکردم، هەموو ئەو تیشکە شەیتانیانەم
لەخۆمدا کوژاندۆتەوە، تا لێگەڕێن وەک دادوەرێک نێوان خۆم و تۆ کەشف
بکەم، لێگەڕێن دەمار و خانەى ئەو نهێنیانە شیکەمەوە کە ئەوەندە بەچڕى
ئاڵۆزکابوون بەمل یەکدا هەمووکات بیرکردنەوە لێیان ماندووى دەکردم و
تەنها دەموت لێگەڕێ... ئێستا شتەکان بەجۆرێک دەرکەوتوون، یان باشترە
بڵێم کاردانەوەى ڕووداوەکان خەریکە یەک ئەنجامیان دەبێت، یان بەئەنجام
دەگات.
لەبیرتبێت کەنارییەکە یەک دووجار گەڕایەوە و بابم دڵڕەقانە و بەکۆمەڵێک
هۆکار کەتەنهاخۆى بەحەقیقەتى دەزانین دەریکرد و دەیوت بڕۆ ئازادبە...
بڕۆ ژیان ببینە... بڕۆ ئاسمانە دوور و بێکۆتاییەکان تەماشاکە... بڕۆ
لەکیشوەرەکانى تر ڕابمێنە... بەڵام کەنارییەکە لەگەڵ یەکەمین چرکەى
ئازادبوونیدا، تێگەیشت لەپاش ئەو ژیانەى نێو قەفەز، ژیانێکى تر وجودى
نییە، تێگەیشت ئەوێ هەموو شتێک بوو بۆ ئەو، نیشتیمان، ئازادى، بینینى
ئەو هەموو باڵندەى تر کە دەکڕران و دەفرۆشران، شەقامە دوورەکانى بوو،
دەنگى جۆراوجۆرى باڵندەکانى تر بازار و شارە گەورەکانى بوو، ئێوارانیش
کاتێک بابم بەخۆى و قەفەزەکەیە و بەتەنها دەیهێنایە باخچە بچووکەى
ماڵەکەمان و دار هەنار و گوڵە جۆراوجۆرەکانى دەبینى ئەوێ بۆئەو وڵات و
گەشتە دورەکانى بوو، ئێواران کەبە غەمگیینییەوە بیرى لە ژیانى ئەودیو
قەفەزەکە دەکردەوە بابم بێزاردەبوو، خۆیشى دڵتەنگ و داماو دەهات و
یەکسەر لەبیرى دەکرد و بەخێرایى تەماشایەکى من و براکانمى دەکرد و
دەیڕوانى بە چیمەنى باخچەکەدا و هەستیدەکرد ئەمە هەموو ژیانەبۆى، ئیدى
ئەو دیوى قەفەز بەئەو چى! ئاخر تەواوى ئەوکاتانەى لەنێو ئەو
قەفەزەدابوو، ئەو قەفەزە لەناخیدا سەوزببوو، لەڕۆحیدا هەموو بیرۆکەکانى
ئازادى تێکشکاندبوو، یان باشترە بڵێم قەفەز ببووە پارچەک لە ڕۆحى
کەنارییەکە و ڕۆحى ببووە تەواوى قەفەزەکە!!
من نامەوێت بڵێم هەڵچوونەکانى من و تۆ بەم نامەیە شیدەکرێتەوە،
یاخیبوون و توڕەبوونەکانى من و تۆ لەوەها نووسینێکدا دادەمرکێتەوە،
بەڵام دەتوانم بڵێم من و تۆ ئەوەهابوون، من و تۆ ئەمە هەڵەکەمان بوو،
دەبێت لەڕوداوى کەنارییکە و بابمەوە تێبگەین من و تۆ لەقەفەزى یەکدا
نەبێت دەمرین، لەقەفەزى عەشقدا نەبێت هیچ نین... ئاخر دواجار من و تۆ
وەک کەنارییەکە دیلى قەفەزێکین، دیلى قەفەزى عەشقین و بەبێ ئەو سنوورەى
سەرما دەمانکوژێت! دووکەڵ و زریانەکانى ژیان لەناوماندەبات! بڕوابکە
ئێستا تێدەگەم کەنارى داماو بۆ لەئازادبوونى نێو قەفەز ناڕازیبوو،
ئێستا تێدەگەم ژیانى پاش باوەڕ و فیکرە بەهێزەکان هیچ نییە جگە لە
گەڕانەوە بۆ ئەزموونە سادەکان، ئەگینا لەم ماوەیەدا کە لەدوورەوە سەیرى
ڕابردووى خۆمانم دەکرد ئەو هەستەم لادروست دەبوو، کە زۆر کەس هەبوون
ئاواتیان بووە وەک من و تۆ بژین، وەک من و تۆ بڕواننە ژیان، بەڵام
بەدبەختى نێوانمان لەو کاتانەوە دروست بوو وامانزانى من و تۆ ڕێگرین
لەبەردەم فڕینى یەکتردا، لەپاش تێکشکانى ئەو هەموو ڕێگرانەى نێوانمان،
وامانزانى خۆمان ڕێگرین لەئاست یەکدا، بڕوابکە ئەو هەستانە هیچ نەبوون
جگە لە تفى شەیتان کەدەیکردە ڕێگاکەمان، هیچ نەبوو جگە لەو نەهامەتییەى
کەبەتەنها خۆى مابوویەوە بۆ من و تۆ.
ئەى ئەو ئینسانەى لە ژورێکدایت و خەجاڵەتییەکانت دەژمێرى، مەگەر لەم
وشانە تێناگەى؟ ئەى پیاوێک یەکپارچە لە خۆپەرستى و شەرم، مەگەر ڕووداوى
کەنارییەکە و بابمت بۆ ڕوننەکرایەوە؟ تۆ لەو کونە ڕێویەدا و ژیان بەم
دڵڕەقى خۆیەوە، قەد یەکناگرنەوە بەم چەشنە، تۆ کە دونیات بووە بە
مەستبوون و وازت لە هەڵمژینى هەواى سپێدە هێناوە بەم شێوەیە ناگەیتەوە
بەکەنارى خۆشبەختییە وێرانەکان، تۆ بەم هەموو تارکیانەتەوە و بەم
ڕووناکییانەى ئەهریمەنەوە دەتەوێت بجەنگى لەگەڵ کوێى ژیاندا؟ دەتەوێت
لەکام جێگادا ئاوڕبەیتەوە و لەکام کەشتیدا بڕوانیت بە دەریادا، کە
دەزانى هێشتا لەدەربەندەکە گیرت کردووە؟ هێشتا یەکەم هەنگاوت نەناوە؟
تۆ دەتەوێت بەو میوزیکە بیانیانە و بەو پێکە تیژانەى دەستت لە بگەیتە
حەقیقەتى بوونى خودا؟ یان دەترسم وابزانى تۆ ئەو فەیلەسوفەى کەخاوەن
ڕێبازى بێدەنگیت؟ ئاخر ئەى بەدبەخت لەم نامەیەوە بگەڕێوە بۆ زبرى
ڕووداوەکان تادەستت لەشتێک گیربێت، لەم وڕێنانەى منەوە سەیرى نیگاکانى
ژیان بکە، تا عەشقى بێمانایى ژیان بیت.
نیوەى شەو..
بەیانى دەگاتە دەستت!
goranrauf@yahoo.com
|