|
٢٦\٤\٢٠٢٦
قەڵادزێ ئیدی شار
نییە، کانزایەکە لە ناو ئاگردا.

ئەرسەلان مەحمود
قەڵادزێ شار نییە، زامێکە قسە دەکات. لە ساڵنامەی زەمیندا شوێنەکان بە
جوگرافیاوە دەناسرێن؛ بەڵام قەڵادزێ خۆی لە هیچ نەخشەیەکی جوگرافیدا
ناناسێتەوە. لە بەروارێکدا خۆی دەدۆزێتەوە. لە ٢٤ی نیسان، ئەو ڕۆژەی
تێیدا کەوت و هەڵسایەوە. جارێک وەک برین، جارێکی تر وەک هاوار. لە
نێوان ئەو دوو جارەدا، هەشت ساڵی تەواو بۆ وشەیەک دەگەڕا لە خۆیدا،
وشەیەک توانای ئەوەی هەبێ ئاگر بکاتە زمان.
چوارشەممەی ٢٤ی نیسانی ١٩٧٤، کاتژمێر ٩:٤٥ی بەیانی، ئاسمانی قەڵادزێ
ئەوە نەما پێشوتر هەبوو. ئەو ئاسمانەی تا ئەو ساتە تەنها پۆلە
کۆترەکانی بەهاری پشدەر و هەورە ژیواوەکانی پاییزی دەناسی، لەپڕێکدا
بوو بە سەقفێکی ئاگرین. فڕۆکەی سوخۆی ڕووسی، باجەری فەڕەنسی و میگی
ڕووسی وەک باڵندە نەهاتن، وەک قەدەر هاتن. بۆمبی ناپاڵمیان باراند، ئەو
بۆمبەی مرۆڤ دەسوتێنێت وەک کاغەز، وەک ئەوەی جەستەی مرۆڤ لە سروشتی
خۆیدا بۆ سوتان دروست کرابێت.
لێرەدا با هەڵوەستەیەک بکەین، ئایا ناپاڵم شتێکی بایۆلۆژی نییە ـ
ناپاڵم فەلسەفەیەکە. ناپاڵم ئەو بۆچوونەیە دەڵێت: مرۆڤ و کتێب و زانست
و بیرۆکە و یادەوەری، هەموویان شایەنی ئەوەن بە یەک ڕەنگی ئاگر
بسوتێنرێن. کاتێک بەعسییەکان زانکۆی سلێمانیان لە قەڵادزێدا بۆردوومان
کرد ـ ئەو زانکۆیەی ئەو کات گوازرابۆوە قەڵادزێ، تەنها جەستەیان بە
ئامانج نەگرت، ئەوان بیرۆکەیان بە ئامانج گرت. ئەوان مەبەستیان بوو
خوێندکاران لەگەڵ کتێبەکەیاندا بسوتێن، مامۆستا لەگەڵ وانەکەیدا بمرێت،
ئەو زانستەی کورد دەیویست بخوێنێ پێش ئەوەی بخوێنرێت، لە گوێی
زارۆکاندا بێدەنگ بکرێت.
لەو ڕۆژەدا وێنەیەک هەیە، وێنەیەک سەدانجار لەوە بەهێزترە بتوانی لە
مێشکتدا دەریبکەیت: هاوشارییەک، دوای ئەوەی بۆمب سەری لە جەستەی جیا
کردۆتەوە، پێش ئەوەی بکەوێتە سەر زەوی، ماوەیەک ڕایکرد. ئەم وێنەیە،
ئەگەر لە ڕووی مێژییەوە سەیری بکەی شایەتییەکی هەزاران وێنەی دیکەی ئەو
ڕۆژە پەشێوەیە. بەڵام ئەگەر لە ڕووی شیعرییەوە تەماشای بکەیت، وێنەکە
دەبێ بە مەجازی سەرجەم قەڵادزێ بۆ ماوەی هەشت ساڵ. شارێک سەری بڕاو،
کەچی هێشتا بە پێوەیەوە و ڕادەکات. ڕادەکات بۆ ئەوەی وشەیەک بدۆزێتەوە،
وشەیەک بەبێ ئەو سەرە ناگوترێت. و لە ٢٤ی نیسانی ١٩٨٢دا، هەشت ساڵ دوای
ئەو بەیانییە، ئەم کەسە کەوت، بەڵام نەک بۆ ئەوەی بمرێت، بەڵکوو بۆ
ئەوەی بوەستێت. بۆ ئەوەی سەرێکی نوێ، سەرێکی کۆمەڵایەتی، سەرێکی گشتیی
و هاوبەش، لە جێگەی ئەو سەرە ونبووە بدۆزێتەوە. ڕاپەڕین، لە بنەڕەتی
خۆیدا، نەبوو بە تووڕەبوونێکی سیاسی، بوو بە لەدایکبوونەوەیەکی
ئۆنتۆلۆژی. شارێک سەرێکی نوێی بۆ جەستە سەربڕاوەکەی دۆزیەوە.
بیرمەندی فەڕەنسی، پۆڵ ڕیکۆڕ، دەیووت یادەوەری نە موڵکی تاکە و نە
موڵکی کۆمەڵ، پردێکە لە نێوان هەردووکیاندا. قەڵادزێ ئەو پردەیە. هەر
خێزانێک لەوێ کوڕێکی، کچێکی، باوکێکی، دایکێکی لە ژێر خۆڵدا هەیە.
بەڵام هیچ خێزانێک بە تەنها خاوەنی ئەو برینە نییە. برینەکە بووە بە
زمانێکی هاوبەش، بە ئایدیای هەمووان و پێکەوە تێیدا دەژین، بووە بە
ئایینێکی شارستانی و هەموو شوێنێک تێیدا ئاڵای بوونی خۆی بەرز دەکاتەوە.
ئەمە نهێنییە قوڵەکەی ئەم شارەیە: قەڵازێ لە زامێکدا کۆبۆوە، نەک لە
شانازیدا. فێربوو شانازی زامێکە خاوێن، نەک زامێکی نەبوو.
لە فەلسەفەی هایدگەردا، مرۆڤ ئەو بوونەوەرەیە لە کاتدا نیشتەجێیە، نەک
تەنها لە کاتدا دەژی. قەڵادزێ ئەم بیرۆکەیەی تاقیکردۆتەوە بە شێوەیەک
هایدگەر خۆی نەیدەتوانی بیبینێت. شارەکە نەبوو بە کاتی گەڕۆک، بوو بە
کاتێکی چەقیو، خۆی خۆی دەپێچێتەوە وەک ماری ئورۆبۆرۆس کلکی خۆی دەخوات.
٢٤ی نیسانی ١٩٨٢ یادی ٢٤ی نیسانی ١٩٧٤ نەبوو، درێژەی ئەو ڕۆژە بوو.
هەشت ساڵ بوو ئەو ڕۆژە لە نێو خۆیدا دەڕۆیشت، نە کۆتایی هات، نە
بەردەوام بوو.
زۆربەی شارەکانی جیهان یادەوەری خۆیان پۆلێنکردووە: ئەم پەیکەرە بۆ ئەم
سەردەمە، ئەم مۆزەخانە بۆ ئەو کارەساتە، ئەم یاداشتە بۆ ئەو هەلومەرجە.
یادەوەرییان کردوە بە خوێندنگە، هەر پۆلێک لە دیوارێکدا. وەک مردوو بە
ساڵبەساڵ لە قەبرستاندا ڕیز دەکرێ. بەڵام قەڵادزێ ئەمانەی ڕەتکردۆتەوە.
ئەم شارە لە یەک ڕۆژدا بۆردومان و ڕاپەڕین پێکەوە گریدەدات، نەک چونکە
کاتی نەبووە جیایان بکاتەوە، بەڵکوو چونکە تێگەیشت کارەسات و بەرگری
دوو ڕووی یەک سکە و دوو فۆڕمی یەک ئاگرن. ئەوانەی بۆردومان نەیترساندن
و تەمام شود کۆتایی پێنەهێنان هەر ئەوانەن هەشت ساڵ دواتر هاتنە سەر
شەقام. ئەو دایکانەی کوڕەکانیان لە ١٩٧٤دا ناشت، هەر ئەوانەن لە ١٩٨٢دا
نانیان بۆ پێشمەرگە دەکرد. جەستەکە یەکە، زامەکان جیاوازن.
ئایا شار ئەوەیە لە نەخشەیەکی جوگرافیدا هەیە، یان ئەوەیە لە خشتەی
یادەوەریدا دەمێنێتەوە؟ ئەفلاتون لە کۆماردا شاری ئایدیاڵی داهێنا،
شارێک تەنها لە مێشکدا دەژیا. قەڵادزێ پێچەوانەی ئەفلاتون، شارێکی
ڕاستەقینەیە نەیتوانی تەنها لە خاکدا بژی، ناچار بوو بۆ خۆی بەهەشتی
دووەم لە یادەوەریدا دروست بکات. شارێک لە دوو ڕەهەنددا دەژی ـ
یەکەمیان ئەوەی بە پێڕۆ و دووەمیان ئەوەی لە ناوەوە دەڕوات.
ئەمە بەهەشتی دووەمە، ئەمە قەڵادزێی یادەوەرییە، ئەو شارەی لە زۆر
شێوەدا لە ئەسڵییەکەی مانادارترە. چونکە ئەو قەڵادزێیەی بۆردوومان کرا،
ڕۆژێک لە ڕۆژان هەموو خاوەنەکانی دەمرن. بەڵام ئەو قەڵادزێیەی یادی
دەکرێتەوە، ئەوەی دەبێتە شێعر و گۆرانی و قسەی باپیرانی بۆ نەوەکانی
دەگوازێتەوە، دەژی. نەمرە. شاعیرە ڕوسەکە، ئاننا ئاخماتۆڤا، کاتێک
لینینگراد لە گەمارۆدا بوو، دەیگوت: ئەو لەوێ نەبوو، بەڵام هەرکات ئەوێ
بوو. قەڵادزێ هەمان ڕاستییە: ئەو شارەی پێش ١٩٧٤ هەبوو، ئیدی نەمایەوە،
بەڵام هیچ کات نەچوو. ئەو دەمێنێتەوە وەک سێبەرێک لە دواوەی شاری نوێدا
دەڕوات، سێبەرێک ڕاپەڕینی ١٩٨٢ بوو بە گەشتی یەکەمی لە جیهانی
زیندوواندا.
ڤاڵتەر بنیامین، ئەو بیرمەندە ئەڵمانییەی خۆی بە خۆی لە سنوورێکدا
پەناگیرکرد بۆ ئەوەی دەست نازییەکان نەکەوێت، دەیگوت: هیچ بەڵگەیەکی
شارستانیەت نییە هاوکات بەڵگەی بەربەریەت نەبێت. قەڵادزێ ئەم قسەیە
دەگۆڕێ، دەڵێ: هیچ بەڵگەیەکی بەربەریەت نییە خەڵکەکەی نەتوانێ بیکەنە
بەڵگەی شارستانیەت. ئەمە، ئەگەر بە ڕاستی لێیورد ببینەوە، شۆڕشێکە لە
فەلسەفەی مێژوودا. بنیامین پێیوابوو هەر قازانجێکی شارستانیەت زیانی
بەربەریەتی بە دواوەیە. بەڵام قەڵادزێ نیشانی دەدات پرۆسەکە دەکرێ بە
پێچەوانە بڕوات: هەر زیانێکی بەربەریەت دەکرێ بە ئیرادەی کۆمەڵایەتی
ببێت بە قازانجێکی شارستانی. ئاگر دەکرێ بخوێنرێتەوە و ببێت بە نوور.
برین دەکرێ بنووسرێتەوە و ببێت بە قانوون.
فڕۆکەکان هاتن بۆ ئەوەی شارەکە بسڕنەوە. بەڵام کۆڵانەکان ماونەوە.
دایکەکان ماونەوە. ناوەکان ماونەوە. هەشت ساڵ دواتر، هەمان خەڵک دەرسی
سیاسی جیهانیان گۆڕی ـ نیشانیان دا گەلێک تا یادەوەری هەبێ، هەڵناوەشێت.
ڕاپەڕینی ١٩٨٢ی قەڵادزێ یەکەم ڕاپەڕین نەبوو لە کوردستاندا، بەڵام
یەکەم جار بوو ڕاپەڕین لە هەمان ڕۆژی برینەکەیدا ڕوویدا. ئەمە واتای
خۆی هەیە بۆ مێژوو، ئەو واتایەی هێشتا نەتەوە زوڵملێکراوەکانی جیهان
بە گوێی یەکتریاندا نەچڕیووە: ڕێکەوتی بۆردومانەکە بکە بە ڕۆژی
ڕاپەڕینەکە. کارەستان بکە بە ڕۆژنوسی ڕزگارییەکەت. ئێمە ناتوانین مێژوو
بگۆڕین، بەڵام دەتوانین ڕۆژەکانی لێیبستێنینەوە.
لە فەلسەفەی کوردیدا، ئەو فەلسەفەیەی هێشتا وەک سیستەم نەنووسراوە و لە
پیرۆزی چیاکاندا دەژی، بیرۆکەیەک هەیە دەڵێ: خاک لەوەدا نییە پێیدا
دەڕۆیت، خاک ئەوەیە لە تۆدا دەڕوات. قەڵادزێ ئەم بیرۆکەیەی کردوەتە
دیاری جیهان. خاکی قەڵادزێ بەستراوەتەوە بە جەستەی ئەو سەد و سی و چەند
کەسەی لە ٢٤ی نیسانی ١٩٧٤دا نەمان ـ ژمارە، وەک هەموو ژمارەیەکی مەرگ،
جیاوازە لە یادەوەرییەکەوە بۆ یادەوەرییەک. بەڵام ئەوەی جیاواز نییە،
ئەوەیە هەموو ئەم ژمارانە لە نێو یەک ڕاستیدا یەکن: قەڵادزێ ئیدی شار
نییە، قەڵادزێ کانزایەکە لە نێو ئاگردا فۆڕمی گرتووە.
ئەمڕۆ، ٥٢ ساڵ دوای بەیانی بۆردومان و ٤٤ ساڵ دوای ئەو بەیانییە
کۆڵانەکان دژی دەسەڵات هەڵچوون، قەڵادزێ هیچ شتێکی نییە بە جیهانی بڵێت
جگە لە وانەیەک: کاتێک مێژوو دەتبڕێت، یادەوەری نەشتەرگەریت بۆ دەکات ـ
نەک تەنها بۆ چاککردنەوە، بەڵکوو بۆ ئەوەی لە برینەکانتدا سەرلەنوێ
بتخوڵقێنیتەوە. برین نەک جێگەی تراژیدیا، جێگەی داهێنانە. جێگەی ئەوەیە
ئەوەی نەبووە، لێیەوە دەرکەوێت. قەڵادزێ لە برینی ١٩٧٤دا، ڕاپەڕینی
١٩٨٢ی خوڵقاند ـ نەک وەک وڵامی برین، بەڵکوو وەک زمانی برین. ئەمە
نهێنییەکەیە: برین دەم نییە، برین زمانە. زمانێک، ئەگەر فێری بیت،
دەتوانێ لە خۆیدا مرۆڤایەتییەکی نوێ بخوێنێتەوە.
قەڵادزێ شار نییە ـ قەڵادزێ ڕێبازێکە بۆ ئەوەی چۆن ئاگر بخوێنیتەوە و
بیکەیتە نوور. ڕێبازێکە جیهان هێشتا فێری نەبووە، ڕێبازێکە لە هەموو
خوێندنگەکانی جیهاندا هێشتا ناگوترێتەوە. بەڵام ڕۆژێک دێ ـ ئەو ڕۆژەی
دەتوانین پێی بڵێین ڕۆژی جیهانی قەڵادزێ، جیهان لەم شار و مامۆستا
بچووکەوە فێر دەبێت هەر بەڵگەیەکی بەربەریەت، ئەگەر خاوەنەکانی ئازیبن،
دەکرێ ببێت بە سەرەتای شارستانیەتێکی نوێ. ئەو ڕۆژە هێشتا نەهاتووە.
بەڵام قەڵادزێ چاوەڕوان دەکات، وەک ئەوەی لە ١٩٧٤ـەوە هەتا ئەمڕۆ
چاوەڕوانی کردووە، بە سەبر و بە ئەمەکەوە، بەبێ ئەوەی سەرێکی بۆ هاوار
هەبێ، بەبێ ئەوەی دڵی بشکێت. چونکە قەڵادزێ فێر بووە: یادەوەری، کاتێک
ئیرادەی تێدایە، زمانە و زمانیش ئەو شتەیە لە کۆتاییدا قازانج دەکات.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|