قەندیل و پەرلەمانی كوردستان .
خەبات لاوباخ
قەندیل : پەرستگای كوردپەرستانە ، خوێندگای كوردپەروەرانە ،ئارامگای كوردپارێزەرانە ،فێرگەی هەستی نەتەوایەتی مناڵانی كوردانە ، كۆشك و تەلاری هەژارانی كوردستانە ، یەكەم هەنگاوی كاروانی شەهیدانە ، قەڵغانی دژی داگیركارانە ، سەرچاوەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی زۆرلێكراوانە ، پەناگای دەربەدەر و لێقەوماوانە ، تاكە دۆستی دێرینی نیشتیمانە ،سیمبوڵی سەربەرزی جەنگاوەرانە ، دڵ و قودسی ڕاستەقینەی كوردستانە ،كۆنە هەوارگەی بەرپرسانی كوردستانە ، ڕێگری هێرشی دڕندەكانە ، گۆڕی هەموو دوژمنانە ،كێلگەی دڕكی چاوی نەژادپەرستانە ، ئێستاش داماوی دەستی ئابلوقەی پارتە كوردستانیەكانە، بێزار و بریندار و دڵگرانە ، گیرۆدەی دەستی ڕەگەزپەرستانە ، بۆتە نیشانەی ئەو تۆپبارانە ، كە ڕشانەوەی ڕق وكینی توركانە......
لەسایەی خەمساردی دەسەڵاتدارانی كوردستانەوە و سەرگەرمییان بە دابەش كردنی پلە وپایە و كۆكردنەوەی دوو ملیارد و چوارسەد ملیۆن دۆلارەوە ، قەندیل سوتێنرا، دێهاتەكانی وێران كرا ، خەڵكی سڤیل ئاوارە كراو ، دڵ و قودسی كوردستانی (تەنها بە ووتار نەك بەكردار ) دۆڕاو و دواخرا ،بە ئاشكرا دەست خستنە ناو كاروباری كەركوك لە لایەن توركەوە و بڵاوكردنەوەی بانگەوازی ژەهراوی ڕۆژانە لە لایەن كاربەدەستانی تورك و نوسینی ووتاری نەژادپەرستانە لە ڕۆژنامە توركییەكاندا ، بێ دەنگ بوون و وەڵام نەدانەوەیان لە لایەن پەرلەمانی كوردستانەوە،هەمان ڕەفتاریش لە لایەن بەرپرسانی هەرێم و كوردانی بەشداربوو لە كابینەی مالكی ئەكرێت وبە پێچەوانەوە، تەنها پیاهەڵدان و هاندانی كوردی باكور بۆ پشتگیریكردنی كارو بەرنامەكانی ئەردۆگان و نیشاندانی سەرسوڕمان لە كارە نەژادپەرستییەكەی لەمەڕ كوردان ، سەركەوتنی ئەو بەسەركەوتنی خۆیان ئەزانن.
پەرلەمانی كوردستان ، ئەگەر پەرلەمانێكی ئازاد و سەربەخۆ و دیموكرات بوایە و لە ژێر دەسەڵاتی دوو پارتە زلهێزەكەدا نەبوایە وئەندامانی تەنها وەك قوتابییەكی گوێڕایەڵ لە ووتنەوەی وانەكاندا بەشدار نەبونایە و ئەوەی بۆیان نوسراوە ، نەیان ووتایەتەوە و خۆیان خاوەنی بڕیار بونایە ، ئەبوو ئێستا لە جیاتی پشتگیری تورك لە سوتانی قەندیل،چۆڵكردنی بارەگاكانیان بۆیان ، بڕیاردان لەسەر سنورداركردنی ئازادی ڕۆژنامەگەری و خۆپیشاندان و ڕێپێوان و مانگرتن و جیاكردنەوەی دیالێكتەكانی كوردی بۆ كرمانجی سەروو و خواروو(سۆرانی) ،هێنانە پێشەوەی ناوچەگەری و بەربەرەكانی …..تادوای ، بەخێرایی كارییان لەسەر چەندان پڕۆژەی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابوری و ڕۆشنبیری بكردایەتەوە ، بۆ نمونە :
+ هەوڵدان بۆ بەرگری كردن لە كوردانی باكور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا ،دەستیان بەكاری دیپلۆماتی بكردایە لەگەڵ ووڵاتانی دراوسێ بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سیاسی هاووڵاتیانی كورد.نەك دەركردنیان و ئابلوقەدانیان و ڕێگادان بە تێرۆركردنیان لەلایەن سیخوڕی ئێرانی و تورك و عەرەبەوە.
+هەوڵدان بۆ دانان و بەكارهێنانی زمانێكی پاراوی ستانداری كوردی لە پەرلەماندا ، بەداخەوە بەسەرۆكی پەرلەمانەوەو زۆربەی ئەندامان ،بە كوردییەكی شڕ ، یان بەعەرەبی ئەدوێن و چەند ووشەیەكی كوردی تێ ئەكەن، ئەم دیاردەیە لە هیچ ووڵاتێكی جیهاندا نیە ، بەداخەوە ئاستی ناڕۆشنبیری هەندێ لە ئەنداممانیش دەر ئەكەوێت لە كاتی گفتوگۆ كردندا ،خۆزگە بیرێك لەم لایەنە ئەكرایەوە و چارەسەر ئەكرا.
+ بەئاشكرا دیارە ، كە لەسەر بابەتێك یان پڕۆژەیەك ئەدوێن ،وای نیشانی ئەدەن كە بڕیاری لەسەر ئەدەن، بەڵام لەوەوپێش لەلایەن پارتە زلهێزەكانەوە بڕیاری لەسەر دراوە ، ئەندامان تەنها دەست بەرزكردنەوەیان لەسەرە.
ئەگەر وانیە ، بۆ باس لە لەناوبردنی گەندەڵی و لەپڕ دەوڵەمەندبوونی بەرپرسان ناكەن و ناوی خاوەن فایلەكان و بەشدار بووانی ئەنفال ناكرێت و لێپێچینەوە لەگەڵ بەرپرس و وەزیران ناكرێت ،تاكو میللەت باوەڕییان پێ بكات.
+ ناچاركردنی پارتە زلهێزەكان بۆ یەكگرتنەوەی ئەو وەزارەتانەی تاكو ئێستا یەكلایی نەكراونەتەوە ، بەخێرایی ئەنجام بدرێت و كۆتایی بە خۆخۆری و هەلپەرستی و خۆپەرستی بهێنرێت.
+ بۆ پەرلەمان بێ دەنگە لە دەستێوردانی تورك و هێندە لاواز خۆی نیشان ئەدا و ڕێگایان پێ ئەدرێت ، هەموو شتێك لە بارەی كەركوكەوە بكرێت و بووترێت . یان پەرلەمان دەسەڵاتی ڕەهای نیە و خۆی ناتوانێت بێ پرس هیچ بكات ؟
+ نەهێشتنی یاسای كۆنی عێڕاقی و هەوڵی بەدیموكراتكردنی دامودەزگای ووڵات ،نەك دژی دیموكراتی بێت و سنوری ئازادی تەسك بكاتەوە بە یاسای سەیر وسەمەرە و لاستیكی بۆ پاراستنی بەرژەوەندی بەرپرسان و ڕێگا نەدان بەئاشكرا كردنی هەڵەكانیان و ڕێ خۆشكردن بۆ سز ادانیان.
+ ڕێگاگرتن لە بەكارهێنانی سامانی میللەت بۆ خۆ دەوڵەمەند كردنی بەرپرسان و بوون بەخاوەن ملیارد و ملیۆن ،هەوڵدان بۆ بەكارهێنانی بۆ ئاوارەكانی كەركوك و بناری قەندیل ، یارمەتی گەنجان بۆ پێكهێنانی خێزان ، چارەسەركردنی ئاو و كارەبا و خزمەتی هاووڵاتییان ، نەك دروستككردنی ئەپارتممان و خانووی گران لەلایەن كۆمپانیای توركەوە ، كە تەنها دەوڵەمەندەكان ئەتوانن بیكڕن ، با بیریش لە کەم دەرامەتەكان بكرێتەوە .
با ساڵی نوێ بێت بەساڵی هێنانەدی ئاواتەكانی كورد وەك نەهێشتنی گەندەڵی ، ئاووكارەبای بەردەوام ، دوژمنایەتی نەكردنی كوردانی هەرچوارپارچەكە ، یەكگرتنەوەی هەموو وەزارەتەكان ، لێپپرسینەوەی ئەنفال چییەكان ، ڕێگا نەدان بەتوركیا لە دەست خستنە ناو كاروباری هەرێم و عێراقەوە ، ئاشكرا كردنی ناوی فایدارەكان ، یەكسانی و دادپەروەری و ئازادی بۆ هەر تاكێكی كۆمەڵ بە ژن و پیاوەوە ، هێنانەدی خۆشگوزەرانی بۆ گەنجی كورد تا ڕوو لە ئاوارەیی نەكەن و كوردستان ئاوەدان بكەنەوە.
|