٥\٧\٢٠١٠
قەندیل
کۆمارە دووەمەکەی کوردانە.

مەهدی کاوانی
مادامەکینێ ناوی کۆماری دووەم هاتووە دەبێ کۆماری یەکەمیش هەبێ کە من
مەبەستم ئەو حکومەتە بەوەلادەت بووەی باشوورە .قسەشم نابەمەوە ئەو
شوێنە وەک بڵێم کامەیان لە کامەیان باشترە، ئاقاری قسەکانیشم بۆ بە
دەولەت بوون و نەبوونی کوردان لە ناو ئەو دوو کۆمارە بێ ئاڵایانە
نابەمەوە ، چونکە مەسەلەی وەها پابەندە بە زۆر شتی تر و لەو بابەتە
بچکۆڵانەی منیش ئاسان نییه شوێنی بۆ بکەیتەوە. دیسان قسەکانیشم بۆ ئەو
شوینانە نابەمەوە کە میدیاکان لە سەر ئەو دوو کۆمارە و دوا
وێستگەکانیان چی دەڵێن و ناڵێن .
بە مەزندەی من کۆمارە یەکەمەکە بەری ڕەنجی ئەو هەلەیەی کە سەدام حوسێن
لە داگیرکردنی کوێت وئەو ڕاپەڕینە میللییه بەرفراوانەی کوردانی باشوور
بە دوایەوە، بوو کە دوو حیزبی دەسەڵات کردیانە هی خۆیان و ئێستاشی لە
گەڵدابێ بەیت و بالۆرەی نەشئەی سەرکەتنەکانی بۆ لێ دەدەن و بە
دەسکەوتێکی هەرە مەزنی شۆڕشی شاخی دەزانن . کەم کەسیش هەنە قسەو باس
وخواسەکان بیننەوە سەر ئەو شوێنەو پێیان بڵێن شالاوی ڕاپەڕینی ١٩٩٠
وەها فراوان بوو کە لە ماوەی کەمتر لە مانگێک و لە تەواوی کوردستان
بەکەرکوکیشەوە دوژمن بارگەی پێچایەوەوجێی هێشت. لە هێرشە پیچەوانەکەش،
کەم کەس هەنە دوو قسەی ڕاستی تیا بکەن و بڵێن هۆکارەکە لە بەرچی بوو ،
سوچی خەلکی ڕاپەڕیو بوو کە ڕیشی خۆی دایە دەستی جەماعەتی شاخ و ئەوانیش
لە بەر پڕو پاتاڵ و ئاودیوکردنی سامانی نیشتمانی بەریان بە مقاوەمە
نەماو زۆر لە شوێنەکانی کە جەماوەر لە حکومەتی سەدامی سەندبۆوە بەجێ
هێلران ، یان پیلانێکی ئەقلیمی و جیهانی بووکە نابێت سنوورەکان
بترازیندرێن ، یان ئەو دووهۆکارەو چەندانی تر بە پێکەوەیی کاری خۆیان
کرد کە دەسکەوتەکانی ڕاپەڕین بەتەواوەتی بە دڵی کوردان نەبێ .
قسەگەلی وەها هەبووەکە بەڕێز نەوشیروان موستەفا و ئەوکاتی سەرپەرشتی
ڕاپەڕینەکانی دیوی یەکیەتی نیشتمانی کوردستانی دەکردو پاش ڕزگار کردنی
کەرکوک لێدوانێکی راگەیاندنی دابێت و کە بۆ لەمەو دوا تەعامول لە گەڵ
ئەمری واقیع دەکەین و کوردستانی خۆمان بە تەواوەتی ڕزگار کردووەو دوا
بەدوای ئەمەشەوە ئەمەریکا وەک هۆشداریەک داوای کرد کە نابێ لە ڕێگای
بەرجەستە نوێیەکان هیچ گۆڕانکاریەک لە سنوورەکانی ناوچەکە بکرێ و دوا
بە دوای بڕیاری نەتەوە یەکگرتوەکانیش کە دەبێت هێلی ٣٦ پارێزراو بێت ،
ئەمەریکیەکان بە دەیان جار لە ڕاگەیاندنەکانیان ، ئەوەیان دووپات
دەکردەوە کە پەکەکە سوود لەو بارە وەردەگرن بۆ بەهێزبوونیان و پێشم
وایە هەر ئەمەریکاو تورکیاو وڵاتانی تری ئەقلیمی بوون یەکیەتی وپارتیان
لە پەکەکە هار کرد . بە بۆچوونی خۆم ڕێوشوێنەکانی ئیمیڕالیش زنجیرەیەکی
هەمان هێزە ئیقلیمی و ئەمەریکی بوو تا وەکو ڕێگا لەوە بگرن نەوەکا
بزاڤی کوردانی باکورو باشوورو ڕۆژهەڵات یەک بگرن و دەولەتێکی کوردانی
لە ناوچەکە لێ وەبەرهەم بێت . کەواتە زۆر لە سەرەداوەکانی ئەزمونی
باشوورو بەهێز بوونی پەکەکەش دەگەڕێتەوە بۆڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ١٩٩٠ .
لە شوێن خۆیەتی کە نەک هەر بە قەندیل بگوترێ کۆمارە دووەمەکەی کوردان
بەلکو هی یەکەمیش بێت هەر ڕاستە .
ئەوەی بە قەندیل کراو سەریشی نەگرت لە لایەن تورکیاو دووپارتی
دەسەڵاتادری کوردی و وڵاتانی ئەقلیمی و ئەمەریکاو ئەم وئەوی تر، هەر
نەبێتن . نازانم خۆڕاگری گەڕیلاکان و ڕێکی ڕابەری کردنەکەیان بوو یان
چیا سەرکەشەکانی قەندیل یان هەردولایان بە پێکەوەیی ، بوو.
ئەو گۆتەیەی سەرۆکی ئەمەریکی دەبلیو بۆش لە بەردەم میدیاکان و بە
راستەوخۆ لە بەردەم سەدان ملیۆن بینەرو گوێگری جیهانی لە ئان و ساتی
شەڕکردنیان لە گەڵ سەدام بەوەی بڵێن ئەو کاتانە بە سەر چوو کە کورد بڵێ
تەنیا چیا سەرکەشەکانی کوردستان مۆلگەی خۆ پاراستنمانە ، بە کردار هیچی
نەچووە بواری جێبەجێ کردنەوە ، بە پێچەوانەوە چالاکیە فرۆکە
هەواڵگریەکانی ئەمەریکا بە سەر ناوچەکانی قەندیل و ئاشکرا کردنی
مۆلگەکانی گەریلاکان بۆ سوپای تورکی و پاشەکردن و نانەوەی تەگەرە بۆ
مادەی ١٤٠ وبچووک کردنەوەی ڕۆڵی کوردان لە ناوچەکە و زۆرانێکی تر بوونە
مایەی ئەوەی هەق وانیە چیتر کوردان دەستی خۆیان بۆ بێگانە بگەزنەوە .
شاڵاوی پشتگوێ خستنی کوردان لە لایەن بڕیار بەدەستەکانی جیهانی ،
سیڤەرو لۆزان و لە بار بردنی کۆماری مەهابادو ڕێکەوتن نامە شووموکەی
جەزایری ١٩٧٤ هی تر، ناحەقیەکانی وڵاتە بڕیار بەدەستەکانی جیهانیمان
وەبیر دێنێتەوە . کەچی لە بەرامبەریشەوە ئەو دووکۆمارە بێ ئاڵایانە هەر
هەموو کاروکاردانەوەکانیان ، ئاگایان لێ بێ یان نا لە خزمەتی
بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکی بووە لە ناوچەکە . کۆمارە یەکەمەکە هەتا پێی
کرا دەستی ئەمەریکای بۆ ناو خاکی عیراق ڕاکێشاو بە هەموو جانفیدایەکیش
تا هێزەکانی عراقی پێگەیشتن داکۆکی لە عیراق لە دژی تیڕۆڕیستان کردو
دوایش بای بایان لێ کرا . لە بەر گەڕیلاکانی پارتی کریکارانی کوردستان
نەبوایە ، قەندیل دەبووە گۆڕەبۆڕەو مۆڕەبۆڕەی ئەفگانی و پاکستانی .
کەچی ئەمەریکیەکان و عیراقیەکان و وڵاتانی ئەقلیمی و جارو باریش
دەسەڵاتی سیاسی کوردان ، دەڵێن و دەڵینەوە پەکەکە تیڕۆڕیستەو بارەکەی
تێک داوە . پەکەکەو گەڕیلاو دەتەپە بە تایبەتی پاش هاتنی ئەمەریکیەکان
چاوەکیان کردۆتە دەچاو بۆ ئەوەی خۆیان لە گەڵ باری ئەزمونی ئێستای
باشور ڕێک خەن و وەک پاسەوانێکیش سەرسنورە کوردیەکانیان لە هاتنە
ناوەوەی توندڕەوی ئاینی و قاعیدەو هیزە نامۆیەکان پاراستووەو نایەڵن پی
دزە بۆ ناو خاکی هەرێم بکەن ، لە بەرامبەریشەوە کە تورکیا و ئەمەریکاو
... دەسەڵاتی کوردی تەنگەتاو دەکەن ، ئەوان دەڵێن و دەڵێنەوە باشە
پەکەکە بۆ وا دەکا کوا زرورەتی مقاوەمەی شاخ ماوە ، بەو ناوە ناوە
کوشتنەی چوار پێنج سەربازەی تورکی چ لە مە سەلەکە دەگۆڕێ بۆ بۆ خۆیان
خەباتی مەدەنی ناکەن و لەمەش تێک دەدەن . ئەوان وا دەزانن بەو
لێدوانانەیان ئەمەریکاو وڵاتانی ئەقلیمی بە میرو حاکم دەیان هێڵنەوە .
نازانن میرو حاکمایەتی پابەندە بە ڕۆڵی کوردو خۆ تەیار کردنیان لە
هەموو بوارەکانەوە . نازانن تا چەند بەهێز بیت هەر ئەوەندە
دەخوێندرێیەوە . دەبوایە ئەوان لە جیاتی ڕازی کردنی مەرامەکانی
ئەمەریکی و دەوروبەر لە دژی پەکەکە ، دەبوایە ئەو هیزەیان بە هێزی
پشتیوان پیناسە کردبایە . دەبوایە بیانگۆتبایە کۆمارە ڤاتیکا نەکەی
کوردی و لە زۆر ڕووەوە، بە نهێنی و ئاشکرا ڕاو بۆچوونەکانیان لە گەڵ
گۆڕدرابانەوە .
ئەو دووکۆمارە بێئاڵایەش بمانەوێ نەمانەوێ لە زۆر ڕووەوە بەیەک
بەستراونەتەوەو سەرکەوتن یان نوشستی هەر لایەکیان ، سەررکەتن و نوشستی
لاکەی تریانە . ڕەنگە لە هەندێ ڕووەوە ئەگەر کۆمارە یەکەمەکە ئاشبەتاڵ
یان نوشستی هێنا یان سنورەکەی بەو بچووکیەی ئێستا سەقام گیر بوو، ئەوا
نابێتە هۆی لە ناو چوونی کۆمارە دووەمەکە . بەڵام بە پێچەوانەوە هەر
شکستێکی کۆمارە دووەمەکە زۆر زۆر کاریگەری خراپی لە سەر حکومەتی باشوور
دەبێت و نەخواستا ئەگەر قەندیلیش چۆل بکری لە گەریلا خوا دەزانی
نەیارەکانی کورد چۆنچۆنی بازبازێن لەو ناوچانە دەکەن و دەیخەنە پاڵ
گۆرۆبۆرەو مۆرەبۆرەوە .
هەق وایە کۆمارە یەکەمەکە بە چاوی حکومەتی سێبەر دە کۆمارە دووەمەکە
بنواڕێ و هەموو کاتێکیش وەک کارتێکی گوشار لە بەرامبەر نەیارە کوردەکان
بەکار بهینێ و ئەوە بزانێ درێژی تەمەنی سیاسی و فەرمانڕەوایەتیان ،
پابەندە بە خۆڕاگری ئەو کۆمارە دووەمەیە .
دیسان کورد نابێ تەنیا بە چاوی دەسەڵاتی ئێستاو پاڕانەوە لێیان ،
بنواڕێتە دوا وێستگەکانی پاشەڕۆژی کورد . یەکێ لە پایە هەرە گرنگەکانی
سەقام گیر بوونی کیانی نەتەوەیی و بەرقەڕار بوونی دیوکراتیەت و بە
سیستەمبونی بنەماکانی دەولەت ، بەهێزی و بێهێزی بەرەی ئۆپۆزسیۆنە . لە
ئەوروپاو بەو هەموو ئەزموونە دەوڵەمەندەی سیستەمی بە دیموکراتبوونیان ،
بێ ئۆپۆزسیونی کارا ، ڕووبەڕووی زۆر لە پاشەکردن دەبنەوە جا چ جای
ئەزمونێکی بچکۆڵانەی وەک ئێمەو کە لە هەموو لایەکەوە بە دوژمن چنراوین
، چیمان بەسەر دێت . بە وەلادەت بوونی ئۆپۆزسیۆنی نیمچە فراوان لە ناو
پەڕلەمان دوا بە دوای ئەو دوو هەلبژاردنە کوردستانیەو عیڕاقیە و هەوڵ
دان بۆ بەرفراوانبونیکی ترو تێوە گڵدانی بەشێک لە هێزەکانی دەسەڵات ،
مانای زیاتر بە دەولەتبوون و بە سیستەم بونمان لێی دەکەوێتەوە با
ئاڵاشمان نەبیت . بەڵام بۆ خۆمان و دەست و قامەتی خۆمانەوە وەک قەندیل
ئاسا رووحی هەبوونی خۆمان دەبێ بدەینە خۆمانەوە . ئۆپۆزسیۆنی کارا
هەموو دیمەنەکانی کوردستان بە دەسەڵاتیشەوە ، جوانتر دەکات . ئەو
واقیعە کوردایەتیە دینێتە گۆڕێ کە دەسەڵات نەتوانێ بە ئارەزووی خۆی
هێلە نیشتمانی و دیموکراتی و هێلەکانی نیشتمانی دایک بۆمان ڕاکێشێ .
ئەو پەرچەکردارانەی کە بزوتنەوەی گۆڕان لە چەند ڕۆژ بەر لە ئێستا و بەو
زەخمە گەورەیەی ڕاگەیاندن کە کردی، دەسەڵاتی کوردی و بەغداشی بزواند کە
بە ڕەسمی داوا لە حکومەتی ئێران بکەن کە چیتر بە بیانۆی ئەم و ئەوەوە
دەستدرێژی نەکەنە سەر هەرێم . مست لە درێشەی دەگەڕێتەوە . بەڵێ
بزوتنەوەی گۆڕان وەک چۆن پێداگری خۆی لە سەر کێشە دیموکراتی و
یاسایەکانی حکومەتی هەرێم دەکات و لە بۆ بەغداش قسە گەلی خۆی پێیەو
هەموو تواناکنیشی بۆ یەکبوونی ئۆپۆزسیۆن وەگەر دەخا دەبێ هەروەها لە
سەر ئاستی نیشتمانی دایکیش وەها بێت . ببیتە عاملێکی خێر بو هەر
بزاڤێکی نیشتمانی کوردان و هەر بزاڤێکی دیموکراتی ناوچەکە . بەڵێ ئەگەر
کۆمارە یەکەمەکە لە ڕێگەی ئۆپۆزسیونی ناو پەڕلەمان و دەرەوەی پەڕلەمان
حکومەتێکی سێبەری بەهێز پێک بهێنن و و لە گەل کۆمارە دوومەکیان و
حکومەتە سێبەرەکەی دەتەپەیان ، پاشەڕۆژی کوردان بەرجەستەی باشترو
سەرکەوتنی باشتری لێ دەکەوێتەوە .
قەندیل و گەریلا خۆڕاگرەکانیان و حکومەتە سێبەرەکەی دەتەپەیان و
فراوانکردنی ، بەرزکردنەوەی بەردەوامی درۆشمی ئاشتی لە گەڵ تورکان
وتورکیا ، خۆگونجاندنیان لە گەڵ باری حکومەتی هەرێم ، ئەمانەو زۆرانێکی
تر، ئەو ڕاستیانەمان دەدەنە دەست ، کە هەموو بنەماکانی بەهێزکردنی
ئاسایشی نیشتمانی کوردیان بۆ دوا ڕۆژ زامن کردوەو ئەوە بە ڕای جیهانی
نیشان دەدەن کە با بێئالاش بین بەڵام گیانی بە ئاڵابوونمان لە ناو
خۆمان دروست کردووەو ئەو ڕۆژەش هەر دێ کە جیهان بە بەردەمماندا
بکرێتەوەو ئەمری واقیع قبوڵ بکەن .
٢٠\٦\٢٠١٠
ماڵپهڕی مههدی كاوانی
|