قه‌ره‌جترین ..

ڕێباز مه‌حمود
پێشکه‌شه به خۆم له تۆدا که نازانم تا چه‌ندێک
دێت و ئه‌م چامه‌یه‌م له‌گه‌ڵدا ده‌خوێنێته‌وه ..
پێشکه‌شه به تۆ له‌خۆمدا
که له یه‌که‌مین دڵۆپه‌وه ئه‌م جۆگه‌له‌یه‌م له خوڕه‌ی نوسیندا چاوساغی
ده‌کات !
قه‌سیده‌یه‌ک له ناخمدا که‌وتۆته جۆلانێ کردن
سه‌ر ئه‌دات له بنمیچی ڕۆحم و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خواره‌وه
سه‌ر ئه‌دات له‌و ته‌ژانه‌ی په‌ڕه‌سێلکه‌کان
له به‌رهه‌یوانی ڕاماندا پێیانه‌وه
به ده‌نوک قوڕیان هێنا بۆ دروست کردنی
هێلانه‌ی به‌چکه‌کانیان .
دوای سه‌رجه‌م هاتن و ماڵئاواییه‌کان ،
سه‌ر له‌نوێ جیهانم خۆی نیشان ده‌داته‌وه
خۆی له خه‌یاڵدانی زه‌مانه‌وه
بۆ سه‌ر کتێبه‌کانی ڕه‌نگ دا ده‌ڕێژێته‌وه
تارماییه‌کان چه‌پک چه‌پک له ئینجانه‌ی فه‌رامۆشیدا
لێواری په‌نجه‌ره‌کانی وجودیان ڕازاندۆته‌وه
ڕاچڵه‌کانێکم پێی وایه
ژیان ئه‌و ئاوه‌یه که هه‌میشه بینی پێوه ده‌نێین و
که‌چی به‌رده‌وام تینومانه ..
دڵیشم ده‌ڵێت : ژیان ،
ئه‌و ده‌نگی پێی بارانه‌یه له‌سه‌ر شۆسته‌کانی بێئۆقره‌یمدا
به‌ر گوێم ده‌که‌ون و
بیرم دێته‌وه منیش لێره‌م ..
له په‌ناو په‌سێوێکه‌وه ،
هه‌موو دنیامت له‌سه‌ر باڵی په‌پوله‌یی خه‌نده‌یه‌ک هه‌ڵگرتوو
گه‌یاندته ده‌روازه‌یه‌ک
له سه‌ر ده‌رگاکه‌ی نوسراوه :
(به خێر بێن بۆ ده‌ڤه‌ری ئه‌فسانه )
به‌خێربێن بۆ ئه‌و نیشتمانه‌ی هیچ ڕۆژێکی
له‌وی تر ناچێت و
پێکیشه‌وه نه‌بێت .. نوقسانیه‌کن له جوانی .
له به‌رده‌م سامناکی زستانه‌کانیشدا،
ڕنوو ڕنوو ڕوانینم له سه‌ر به‌فرێک ده‌نیشێت
له زه‌قیاته‌کانی خۆمدا له ژیان باریوه .
له سوچێکی به‌هاریشمه‌وه
من له دوورترین مێرگه‌کانی خۆمه‌وه
ئه‌ی قه‌ره‌جترین په‌نا
جێمانم وه‌ها تووشی خه‌و زڕانێک بووه
به‌سه‌رچوون ، ئه‌و به‌تانیه چڵکنه‌ی که مناڵیمی داپۆشیوه
ته‌وژمی ئه‌م هه‌ڵکردنه‌م وا ڕایده‌ماڵێت !!
به پێی په‌تی له جێگاکه‌م ڕاده‌بم و
دێمه ده‌ره‌وه‌ی
ئه‌م ڕۆتینی به‌رده‌وام له فه‌رامۆشی جێمانه ..
بۆڵێک ترێ هه‌ڵده‌گرمه‌وه و
پێی ده‌ڵێم : چۆ‌ن بوو نه‌خوراوی ؟
که‌شه‌فه‌یه‌ک شه‌وچه‌ره له هه‌یوان جێماوه‌و
میوانه‌کانمان ئێستا
هه‌ریه‌که‌یان و له شوێنێک تۆز ده‌که‌ن !
ڕه‌نگه هه‌یانبێت ئێستا به کۆشێک منداڵه‌وه
کرێچی دنیا بن
هه‌شیان بێت خۆیان له هه‌موو قه‌رزێکی ژیان
پاک کردبێته‌وه و
پاڵیان لێی دابێته‌وه !
ئه‌وان ، میوانه قۆشمه و هاکه‌زاییه‌کانی ئێمه
که شه‌وگاریان به کڵافه‌ی ڕه‌نگاوڕه‌نگی قسه ده‌چنی و
ساده‌ییان چڵ به چڵ له تریفه‌ی مانگه‌شه‌و
ده‌کرده‌وه و
سیگاره‌کانیان دوکه‌ڵی ئه‌و ڕۆژانه‌ی لێ به‌رز ده‌بوه‌وه
که له گونده نسرمه‌که‌ی خۆمانه‌وه
ئاگریان ده‌دان ..
ئه‌وان.. ئێستا ئیتر هاموشۆی ئێمه ناکه‌ن
به شه‌رتێک دڵی خوڕه‌ی ئاوی کۆڵانه‌که‌مان
له ماڵ ئاوایی شه‌نگه‌بییه‌کانی به‌ر بانیژه‌که‌مان
زویر نه‌بوه و
وه‌ک جاری جاران
به‌ده‌م یه‌که‌وه ده‌تریقێنه‌وه .
ئه‌زیزم ئه‌ی قه‌ره‌جترین مانا
که‌وا هه‌میشه نوێ ده‌بیته‌وه و هه‌بوونی تۆ به مانای
هه‌بوونی ژیانێکه به هه‌موو سێبه‌رو و جوڵه و
ڕه‌نگ و ده‌نگێکه‌وه ..
ته‌ماشاکه وا ئێستا ئارامترین هۆگری ئه‌وسای من
له جێگای له مێژه ڕاخراوی فه‌رامۆشی
به‌رزه پێ ڕاست ده‌بێته‌وه و
چاوانی خۆی ده‌گڵۆفێ و
به هه‌ر چوارلادا ده‌ڕاونێ و له‌وه تێده‌گات ، :
ئیدی که‌له‌گیه گه‌وره‌که‌ی جارانمان چۆڵ و هۆڵه ..
نه دایکم زۆپاکه ده‌م ده‌دات تا به‌ربه‌یانه سارده‌کان
ده‌ست و په‌نجه‌ی ته‌زیویان گه‌رم بکه‌نه‌وه و
نه باوکیشم له مزگه‌وته‌وه کۆخه کۆخ به‌ره‌و ماڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه
ئێستا ئیتر ئاوایی جێ نزرگه‌ی ئه‌فسوسه ..
به‌ڵام هه‌مووکات من خۆم له ده‌ست مه‌لوولی
ڕاده‌پسکێنم و
به ناو شه‌وه تاریک و بێده‌نگه‌کانی ناو چاوه‌کانتا
به‌بازێک خۆم ده‌گه‌یه‌نمه‌وه لای مناڵی
که له گوندێکدا بڵاو بۆته‌وه و
ئاسمان بۆ ئه‌و ته‌نها چه‌رچه‌فێکی شین بوو
بۆ داپۆشینی شان و ملی ڕووته‌ڵه‌م
نه‌ک ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌یه‌ک بۆ تێڕامان له بێسنووری ونبوون !
له‌وێ هه‌ر جارێک سروشت له به‌هاراندا
خۆی له ژێر ڕێژنه‌ی باراندا ده‌ش..ت
ڕۆحی من عاشقانه‌تر خۆی به ئامێزی جوانییه‌وه ده‌نوساند
ڕازی ئه‌و ڕۆژانه به‌هه‌ر که‌سێک بێت
ژیانی چراخانه
سیحری ئه‌و ساتانه نازانم که‌وتۆته لای کێ
به‌ڵام ئه‌وه‌م لێ سووره
ته‌مه‌ن نوێنی ئه‌و ڕۆژانه‌ی قه‌د کرد و
جل و به‌رگی ئه‌و هه‌موو ئینتیمایه‌ی
له بۆفیه کۆنه‌که‌ی خۆمان ئاخنی و
سوار با سه‌رمه‌سته‌کانی خۆی کردین به‌ره‌و ئێره ......
ئێره ، ده‌که‌وێته قاقای پێکه‌نین
هه‌رجارێک من ده‌ڵێم : بهێڵه با بگه‌ڕێمه‌وه .
ئیتر ده‌بێت بکه‌ومه پڕمه‌ی گریان
هه‌رجارێک ته‌مه‌ن ده‌ڵێت :( من به قسه‌ی ڕه‌وتی ئاو ناکه‌م ) .
ته‌مه‌ن جارجاره
هه‌ندێک ورده زه‌نگیانه‌ی ئه‌و ڕۆژانه
له بنی گیرفانی شڕواڵه کۆنه‌کانی خۆیدا
ده‌دۆزێته‌وه و
به ده‌م بزه‌یه‌که‌وه ده‌ڵێت :
ئه‌و کاتانه باو باوی هۆنینه‌وه‌ی
شیعر و جوانی و ملوانکه بوو
بۆ گه‌ردنی یار .
ئه‌و کاتانه مزری ڕێواسی هیچ شاخێکی عاسی
هێنده‌ی تامی ماچێک مزر نه‌بوو !
ده‌نکێک زه‌نگیانه‌ی شینم پیشان ده‌دات و ده‌ڵێت :
تۆ که گه‌شتویته که‌ناری ده‌ریاکانی جیهان و
پێت وایه بڵێی ڕه‌نگه
شه‌پۆل وازی له‌گه‌ڵ خه‌یاڵمدا بکات و
شینایی به ده‌ممه‌وه پێبکه‌نێت
به‌ڵام گوێ بگره:
ئه‌وسا ئاسمان له ئاوایی‌دا سه‌روه‌ر بوو له جوانیدا
ده‌ریاکان مشت مشت له‌وێوه خۆیان به‌دیاری وه‌رگرت و
به ناو قاقڕی ئه‌م دنیایه‌دا ،
بۆ سوکنایی دڵی مه‌ردوم بڵاو بونه‌وه ..
ته‌نانه‌ت ڕه‌نگی یه‌ک به یه‌کی په‌نجه‌ره‌کانی ئاواییش
شین بوون - شین !
به‌ڵام ته‌مه‌ن له به‌رزاییه‌کانی خۆیه‌وه
به عاده‌تی ساردی ڕۆحی باو
زلله قایمه‌کانی جارانی مامۆستاوه
من له‌گه‌ڵ خۆی په‌لکێش ده‌کات و
ئه‌مڕۆم بۆ ده‌کاته تاراوگه‌ی دوێنێ و
ئه‌و له هه‌نگاو نانی خۆی هه‌ر ناکه‌وێت
سبه‌ینێم بۆ ده‌کاته قیبله‌ی ئه‌مڕۆ و
خه‌ریکم ده‌کات به داخستنی به‌رماڵه‌وه
بۆ نوێژه‌کانی ئومێده‌وار بوون .
دوێنێم بۆ ده‌کاته سندوقی مه‌حاڵێک
که ڕه‌ونه‌قه ڕونه‌کانی له خۆیدا هه‌ڵگرتووه و
کلیلی هیچ حیکمه‌تێک مناڵی پێ نه‌کرێته‌وه ..
جگه له ڕۆحێک که به‌ده‌ست ئه‌وه‌وه
بۆته ئه‌سیری زه‌مانه‌کان .
به‌ڵام من لاساری ده‌که‌م لاساری
ده‌قیقه‌کانی ئێستام هه‌مووی خه‌رج ده‌که‌م و
گۆشه‌یه‌ک خه‌یاڵ و
بستێک هێمنی پێ ده‌کڕم بۆ پاڵدانه‌وه‌ی ڕۆح ..
ته‌مه‌ن خۆی ته‌سلیمی زه‌مانه‌کان ده‌کات و
من ده‌مه‌وێت ،
شوێن پشی پشی ڕۆژگاره درۆزنه‌کان نه‌که‌وم
من ده‌مویست له دڵفراوانی چڵێک هه‌ڵسدا
به ئه‌ندازه‌ی عومری په‌پوله‌یه‌ک
له‌و پێشوازیه‌دا بمێنمه‌وه که بۆم ڕاخرا و
دڵنیام له‌وێدا عه‌شق هه‌میشه ئاونگی لێ ده‌تکێت ..
عاشق به جوانترین ڕێگادا ده‌گاته مه‌عشوقه‌که‌ی خۆی ..
له ناو نه‌رمایی بنا گوێی چڵێک هه‌ڵسدا
ڕیوایه‌تێک هێلانه‌ی چێ کردووه و
عه‌شق له سه‌ر هێلکه‌کانی جوانی کڕ که‌وتوه
له ناو سه‌وزه‌گیای خۆشه‌ویستیدا
ڕاکشان : یانی هێور کردنه‌وه‌ی هه‌موو دنیا له ناڵه و هاوار ..
نوستن : یانی خه‌و بینین به نوری خوداوه ..
من لاساری ده‌که‌م لاساری
ته‌مه‌ن بۆ هه‌ر کوێم ده‌بات شوێنی ده‌که‌وم
مادام ئه‌مه قه‌ده‌ری منه
وه‌لێ له هه‌موو ده‌ڤه‌ره‌کانه‌وه من ده‌زانم ده‌بێت
ئاوڕ بۆ کوێ بده‌مه‌وه
ئه‌وه‌ش ده‌زانم
هه‌ڵکه‌ندنی بنه‌گۆزروانێک ، ئاڵه‌کۆکێک
چۆ‌ن منداڵیمی به چێژاوێک پاراو ده‌کرد
که سه‌رچاوه‌که‌ییم ئیدی وون کردوه .
ئاوڕدانه‌وه په‌نجه‌ره‌یه‌کی له‌وه بچوکتره
ئه‌ودیو ته‌مه سارده‌کانی ناو ئه‌م حه‌وشه قه‌بزانه‌ی
گه‌وره بوونی پێ ببینین
به‌ڵام ده‌شێت
هه‌زاران چۆله‌که‌ی بن گوێسه‌بانه‌کانی پێ ببینین و
له‌وه‌حاڵی ببین له‌ناو چ کڕێوه‌یه‌کدا ،
ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ین !
ئاوڕدانه‌وه
ڕوخسه‌ت وه‌رگرتنی شۆخێکه له قه‌ره‌باڵغترین ئاهه‌نگی سه‌ری ساڵ
دوای دڵنیا بوون له نه‌هاتنی خۆشه‌ویسته‌که‌ی و
گه‌ڕانه‌وه بۆ ناو کۆڵانه جێماوه‌کانی ده‌ره‌وه و
پیس بوونی جله تازه‌کانی به‌ری
به هۆی ڕه‌ته‌ڵ بردنیه‌وه به‌سه‌ر گۆمێکی قوڵ
له بێهوده‌ییدا ..
هه‌ندێک جار ئاوڕ دانه‌وه
گزی کردنه له گه‌شترین پێکه‌نین و
سه‌ردانی کردنی دور ترین قوڵپی گریانێکه له مێژوو .
ئاوڕدانه‌وه
ڕێگای داگه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌ر موسافیرێکه
بۆ لای ئه‌و ناسنامه‌یه‌ی
بیری چوو له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵی بگرێت و
تازه قه‌ت ناشتوانێت بیهێنێت ..
ڕیگای په‌شیمان بوونه‌وه‌ی هه‌موو جۆره
سه‌ر هه‌ڵگرتنه‌کانه
له مه‌نفاوه ڕوو به نیشتمان ،
له کاتێکدا ( په‌شیمانی هیچ دادێک نادات !) .
ته‌مه‌ن قوتابخانه‌یه‌ک بوو
هه‌موو ده‌رسه تاڵ و شیرینه‌کانم تیاخوێند و
هه‌موو ساڵه‌کانی خۆم خسته به‌ر خوێندن و
فێری ئه‌وه نه‌بووم چۆ‌ن ده‌کرێت
بگه‌ڕێمه‌وه بۆ لای ئارامی
ئارامییه‌ک ، که به‌رده ورده‌ی ده‌ستی مناڵان
ئه‌گه‌ر بیشیشڵه‌قاندایه ،
جوانی پێی ده‌که‌وته شه‌پۆلدان ..
ئارامی سه‌وزایی به‌شدانی ڕوانینم بوو له لایه‌ن گه‌ڵاوه
ئارامی هه‌ڵزنان بوو به دیواری پێکه‌نینا
بۆ لای هێلانه‌ی کۆتره‌کان
ئارامی خواردنه‌وه‌ی ساردیه‌کی که‌لله‌ته‌زێن بوو
له پاش نیوه‌ڕۆیه‌کی گه‌رمی چله‌ی ته‌موزدا و
له ژێر که‌مێک سێبه‌ری ئاشناییدا ..
هه‌ڵپچڕینی پسکیتی هه‌شتی و
هه‌ڵمژینی بۆنی ،
لاپه‌ڕه‌ی کتێبی تازه و
فێڵ کردن بوو له وه‌زیفه بێتامه‌کانی مامۆستا و
عه‌شق کردنی به دزیه‌وه بوو له‌گه‌ڵ یاریه یاساغه‌کانی کۆڵان !
ئارامی ده‌که‌وتنی وه‌رزی هاوین بوو ..
که له‌گه‌ڵ گه‌یشتنیا
مامۆستاکانی ئیزن ئه‌دان بۆ ماڵه‌وه و
مه‌کته‌بی توڕ هه‌ڵئه‌دایه ناو بیرچونه‌وه و
ئێمه‌ی داوه‌ت ده‌کرد
بۆ ناو خۆڵه‌په‌تێ ی کۆڵان و
بۆ به‌رده‌م شۆڕ بوونه‌وه‌ی هه‌موو میوه شیرینه‌کانی دڵفراوانی و
بۆ به‌رده‌م تێگه‌یشتن له ماناکانی پێگه‌یشتن و
بۆ بای باڵ دانی زیته‌ڵه‌ییمان..
بۆ ناساندنی مناڵیمان
به‌و هه‌موو خۆشحاڵیه‌ی له ڕه‌وه‌ز و کانی و
له گه‌رووی باڵنده‌کانیه‌وه ،
ده‌هاتنه پێشوازیمان .
ئارامی ، ڕاکردن بوو به توله‌ڕێی به‌هاردا
بۆ ناو قه‌ره‌باڵغی ده‌مه‌و عه‌سرێکی بنار ..
ئاودانی دێبه‌ران بوو
به به‌ردانی ئه‌ستێری تریفه‌ی مانگه‌شه‌وو
تێراو بوونی ڕۆح
به ده‌نگی خوڕه‌ی ئاو و
ده‌نگی ده‌می بێڵ
ک به‌ر ناسکی به‌ربه‌یان ده‌که‌وتن ..!
شکۆفه‌ی گوڵی چواله بوو
وه‌ک یه‌که‌م ده‌ست ودیاری به‌هار
بۆ توند پێداگری ژیان له‌سه‌ر خوڵق کردنی خودا..
ئارامی ، دۆزینه‌وه‌ی هه‌ر سات ناساته‌ی تاکی پاپوچه‌که‌م بوو
له بن بڕێک ترۆزیدا ،
که به ده‌ستکیسه‌ی دێراوێکی سۆعبه‌تچی
لێی ده‌شاردمه‌وه .
ئارامی ، ته‌ماشاکردنی خه‌وتنی نه‌نکم بوو
له ژێر سۆزی جاجمێکدا .. دوای دورینه‌وی کونی گیرفانی شڕواڵه‌که‌م و
بیرچوونی گیرفانی دڵم که له‌و ساته‌وه تا ئێستا
جوانترین شتی دنیام له‌وێوه لێ که‌وتوه و
که‌سێک په‌یدا نه‌بوو بڵێ :
ئه‌رێ کابرا وابزانم
تۆ له‌و ڕێگا عاسیانه‌ی ژیانه‌وه هاتووی
من ئه‌م خه‌ونه ڕژاوانه‌م دۆزیونه‌ته‌وه ،
هی تۆ نین ؟
ته‌مه‌ن له هه‌موو دووریه‌کانی خۆیه‌وه له‌و ڕۆژانه‌م
خه‌ریکی ڕاوێژه به‌دڵ
خه‌ریکی مشت و مڕی به‌رده‌وامه له‌گه‌ڵ پیاوه ڕه‌شتاڵه‌که‌ی ڕۆحمدا
که‌چی دواجار هه‌ر مل ده‌نێت و ڕاناوه‌ستێت
به دوو چاوی نوقاوه‌وه
ده‌ڕوات و له‌به‌ر خۆیه‌وه ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی به‌سه‌ریا ده‌ڕۆم دوێنێیه
نه‌ک ڕێگا سه‌خت و دژواره‌کان..
ئه‌وه‌ی له ژێر پێم‌دا ورد و خاش ده‌بێت بیره‌وه‌ریه
نه‌ک فرسه‌ته زێڕینه‌کان ..
که سه‌ریش هه‌ڵده‌بڕم
وه‌ک به‌ربونه‌وه‌ی که‌رته‌شاخێک بۆ ناو خه‌ره‌ند
وه‌ک خزینی تاوێرێک سه‌ر به‌ره‌و ژێر
من هه‌میشه له شۆڕ بونه‌وه‌دام
به‌ره و مناڵی .
به‌شوێن خه‌نده‌ی جێماوی خۆردا که بۆ دیده‌نی من هاتبونه ئه‌و ناوه‌ی
بوون
که پێڕانه‌گه‌یشتم هه‌موویان ببه‌مه‌وه بۆ ماڵه‌وه و
به‌دایکم بڵێم : ئه‌مانه ناسیاوی خۆمانن و
هاتوون شه‌وه سارده‌کانی مه‌راقی ئێمه
گه‌رم بکه‌نه‌وه ..
تازه ته‌نها ده‌بێت وه‌ک تنۆکی باران به‌ره‌و لایان
سه‌ر به‌ره‌و خوار ببمه‌وه ..
وه‌ک دڵۆپی شه‌ونم به‌سه‌ر له‌پی گه‌ڵای حیکمه‌تی خۆمه‌وه
چارم نیه جگه له‌وه‌ی سه‌ر به‌ره‌و ژێر به‌ر ببمه‌وه .
من ده‌ڕژێم و
تۆ لۆمه‌م مه‌که ئه‌ی قه‌ره‌جترین جوانی
ئه‌ی بێ ده‌ڤه‌رترین موسافیر
ئه‌ی نه‌وه‌ستاو ترین توڕه‌یی
که ئه‌مه‌ش قه‌ده‌ری منه و
جێ به خۆم ناگرم .
که چاو له به‌ر بونه‌وه‌ی قۆخێکی پێگه‌یو ده‌که‌م
بۆ بنی دنیا ..
به‌ر له‌وه‌ی هیچ ده‌ستێک له خۆمم بکاته‌وه
ئه‌ز ده‌خوازم خۆم به‌ر ببمه‌وه
بۆ ناو ئه‌و حه‌وشه‌یه‌ی
که دواجار مردن بۆ ژیانی گسک ده‌داته‌وه ..
کێ ناڵی به‌ر سه‌ری
کزۆڵه‌ترین چاوه‌ڕوانی ناکه‌وم و
کێ ناڵێ داڵغه‌یه‌کی تۆ ناخه‌مه پێکه‌نین ؟
ته‌مه‌ن هه‌میشه به‌ده‌م هه‌ناسه بڕکێوه
ماوه‌یه‌کی دۆزه‌خیه
هه‌ر خۆی ده‌کات به شاره سیخناخه‌کاندا
له سه‌رقاڵی و
سێبه‌ری (ژماره...) یه‌ک ده‌دۆزێته‌وه و
له بن ڕیفرێنسێکدا
ئاره‌ق کردنه‌وه‌کانم به جیا داده‌نێت ..
من هه‌میشه له ده‌رگای ده‌ره‌وه‌ی ته‌مه‌نمه‌وه
هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ک ده‌که‌م و
بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین ونبوونی خۆم و
تۆزقاڵێک ئارامی بدۆزمه‌وه
هه‌مدیسان جانتای سه‌فه‌رم ده‌که‌مه‌وه شان و
به‌ره‌و لادێی پڕ باخ و باخاتی شیعر
ماڵ و کۆچم ده‌گوێزمه‌وه .
ته‌مه‌ن هه‌میشه ئه‌وه‌م ده‌داته‌وه به ڕ‌وودا
که من که‌لله‌ڕه‌قی ده‌نوێنم له چوون بۆ هه‌موو شوێنێک و
هه‌میشه له ناو ئه‌و ماڵه سادانه‌شدا
خه‌ریکی خه‌وبینینم
که له زه‌وی و زاری ئه‌ودان ..
به‌رده‌وام له سه‌ر ئه‌وه به گژما دێت
خۆمی لێ ئه‌دزمه‌وه و
من ده‌زانم ئه‌و له ناو دژوارترین دنیادا
دێت و ده‌چێت
وه‌لێ ئه‌و نازانێت من ڕۆژانه بۆ کوێ ده‌چم !
ئاه ..ئه‌ی قه‌ره‌جترین جوانیم
من وامده‌زانی ته‌نیا ته‌مه‌نی من ڕه‌زیله
له‌وه‌ته‌ی هاتووم قه‌رزێکی دێرین و کۆنی مردنم لایه
که ژیانی خۆمه و
هه‌موو جارێک که ده‌یبینم خۆم له گێلی ده‌ده‌م ..
سه‌ر داده‌خه‌م و
خۆم به کۆ کردنه‌وه‌ی گۆرانیه‌کی ڕژاوه‌وه
خه‌ریک ده‌که‌م ..
له ناو ئه‌و ئاپۆڕای ترس و له‌رزه‌دا
ئومێدێکی ئاشنا به قسه‌وه ده‌گرم و
خۆم به‌سه‌یر کردنی چرچه‌کانی ده‌م و چاویه‌وه ده‌خافتێنم و
پێی ده‌ڵێم : ماشه‌ڵا باش ماویته‌وه !
مردن مۆڕه‌م لێ ده‌کات .. سه‌ر خۆمی ناهێنم و
به‌رده‌وام ده‌ستی ده‌ستی پێ ده‌که‌م و
به نیازیش نیم وا زوو بیده‌مه‌وه ..
به‌ڵام دڵنیام مردنیش قه‌رزاری تۆیه
چونکه هه‌رجارێک تۆ ده‌گه‌یته لام
مه‌رگ به‌و هه‌موو سام و ده‌ستڕۆیشتوویه‌ی خۆیه‌وه
که‌س نازانێت چۆ‌ن ئه‌وه‌نده‌ی بڵێی یه‌ک و دوو
خۆی وون ده‌کات !
تۆ هه‌ر ساتێک ده‌گه‌یت
من له په‌نای تۆوه ڕوونتر ژیان ده‌بینم و
قوڵتر له خۆم ورد ده‌بمه‌وه
تۆ له ڕۆژ‌ه سه‌ره‌تایه‌کانی هاتنمه‌وه
هه‌رجاره و به سواری تنۆکێک ئاونگه‌وه دێیت
بۆ ناو به‌یانیه خه‌واڵووه‌کانی من .
له خۆره‌وه به‌رده‌وام
به پرشنگدا خۆت دائه‌هێڵیت
بۆ سه‌ر زه‌وی چاوگێڕانم
شه‌وانێکی دانسته هه‌ن خه‌ڵکی پێیان ده‌ڵێن :
شه‌وانی نه‌زیف به‌ربوونی تریفه‌ی مانگ
دنیا خۆی ڕووت ده‌کاته‌وه و
هه‌ریه‌که و خواخوایه‌تی پڕژه‌یه‌کی شادمانی
له‌م ژیانه‌دا پیا بپڕژێ و
هه‌رکه‌سه‌و ده‌یه‌وێت
که‌مێک عه‌تری شادمانی له بنا گوێی خۆی بدات و
به ئێواره دڵته‌ڕه‌کانی خۆیدا بڕوات بۆ کچێنی ..
بڕوات بۆ کوڕێنی ..
تۆ ده‌مێکه له خۆرئاوا ده‌ڕوانیت و
له به‌ر خۆته‌وه پێم ده‌ڵێی
ئاوی ئه‌مڕۆ
تینوێتی دوێنێی پێ ناشکێت ..
هه‌میشه له نزیکه‌وه
ده‌ڕوانیته ڕووگه‌ی به‌فر که له‌سپێتی سیمای‌دا
قوڵ بوونه‌وه‌یه‌کی ئیلاهی تیا خه‌وتوه ..
له دڵی مندا قه‌ت وون نه‌بویت
هه‌ر سه‌رم به‌رز کردبێته‌وه
هه‌ستم به خشپه‌ی ڕه‌ت بوونی سرکیت کردووه
که خه‌ریکی ئاودانی ئه‌و ده‌ورو به‌ره‌م بووه به نوور ..
له سه‌رده‌مێکدا
که شه‌ڕه گه‌وره‌کان ئاگریان له ئاوه‌دانی و
له نزاری چڕ‌و پڕی ئاسمان به‌ر ده‌دا
من له ته‌نیشت ته‌باره نه‌دیده‌کانی تۆوه
ده‌که‌وتمه کوژاندنه‌وه‌ی له‌حزه گڕتێبه‌ربوه‌کانم ..
جه‌نگ هه‌موو یادگاره‌کانی ده‌دزیم و
ده‌ست به‌تاڵیمی بۆ ئه‌تک
لای ڕۆژ‌ه ئه‌ڵقه له گوێکانی خۆی جێده‌هێڵا
به‌ڵام من ماڵێکی چراخانم له خه‌یاڵی تۆ هه‌بوو
جه‌نگ ئێستا و ئه‌وساش نه‌یدۆزیه‌وه !
شه‌ڕ تا گه‌رمتر بوایه ،
نیشتمان زیاتر توشی دانه‌چۆقه ده‌بوو
له‌رز ده‌چوه گیانی نیشتمانه‌وه و
لێفه‌ی شڕی قه‌ناعه‌ته چڵکنه‌کانی ئێمه
له‌وه کۆن و کورت و دڕاوتر بوون
نیشتمان بێزی بێته‌وه
بێته ژێریان !
ئه‌و ڕۆژانه .. گوێم له ده‌نگی گریانێک بوو
له دڵی تۆوه به‌حاڵ نوزه‌ی ده‌هات
تومه‌ز گریانی نیشتمان بوو
که‌س نه‌یده‌بیست .
شه‌ڕ ده‌رسی ئه‌وه‌ی دائه‌داین .. بار و تفاقه‌کانی
به‌ناوجه‌رگه‌ی ئارامیدا بۆ بگوێزینه‌وه
وه‌ک چه‌قاوه‌سووترین کوڕه‌کانی
ده‌یویست ناو کوچه‌و کۆڵانی هێمنی
بکه‌ینه مه‌یدانی ڕووبه‌ڕووبونه‌وه ..
هه‌قی ئه‌وه‌ی نه‌بوو
باران تک تک سه‌ره‌ی گرتووه
له شه‌قامی به‌هاره‌وه بۆ ناو تینوێتی بپه‌ڕنه‌وه ..
هه‌قی ئه‌وه‌ی نه‌بوو
ئێمه شانازیمان به‌رد به به‌رد
له دیواری لادێ و شاره‌کانماندا داده‌ڕمێ و
ئه‌وه‌ی ده‌یبه‌ینه‌وه وێرانه و زه‌لیلی یه‌کتریه ..
شه‌ڕ تاده‌هات گه‌وره‌تر ده‌بوو،
ئێمه تا ده‌هات زیاتر بچووک ده‌بوینه‌وه
شه‌ڕ تا ده‌هات خوانی زیاتری ده‌ڕازانده‌وه و
ئاگری گه‌مژه‌یی جۆش ده‌داین و
ئێمه تا ده‌هات ماستاوی زیاترمان سارد ده‌کرده‌وه !
شه‌ڕ هێنده زائید و ناقسی کردین
سه‌ر له جه‌بریه‌تی مێژووشمان تێکچوو
ئێمه نه‌مانکرده ئه‌و سه‌فته پاره‌یه‌ی
نیشتمان پێویستی پێ بوو
قات و بۆیمباخێکی پێ بکڕێت و
چیتر خۆی به ڕه‌فیق که‌م نه‌زانێت !
ئێمه شوێن قسه‌ی شه‌ڕ که‌وتین ،
ڕۆشتین هه‌تا ئه‌وسه‌ری بێڕه‌حمی خۆمان ..
تا هاتینه‌وه نیشتمان نه‌مابوو
له‌سه‌ر کو‌تێک کاخه‌ز به په‌له به‌ر له ڕۆشتن
ئه‌مه‌ی نوسی بوو :
ئێوه ئیتر ناگه‌ڕێنه‌وه
نایه‌نه‌وه به په‌یسه‌ر مناڵه وردکه‌ی خه‌مه‌کانتانه‌وه
حه‌ماسه‌ی جه‌نگ مه‌شخه‌ڵانی مانای ئه‌به‌دیتانه‌و
ناگه‌ڕێنه‌وه ..
من تازه سه‌ری خۆم هه‌ڵگرت بۆ ناو خه‌ونی شاعیران
بۆ ناو ئه‌ندێشه‌ی پاکی وونبوی پێشمه‌رگایه‌تی
سه‌ری خۆم هه‌ڵگرت و ڕازی نه‌بووم
مێژوو پۆخڵترین ژوری خۆیم پێ ڕه‌وا ببینێ و
خه‌ریکی گسکدانی زوڵمه‌ته‌کانی ئێوه و دنیا بم
ئێوه‌ش که له شه‌ڕ هاتونه‌ته‌وه
ئه‌وه شه‌ڕه ده‌یه‌وێت که‌مێک بحه‌سێته‌وه
نه‌ک ئێوه ماندوو.
من بیره‌وه‌ریم به کۆڵمه‌وه‌یه‌و
شوێنێک نیه ئه‌م جانتا قورسه‌ی شانمی تیا دانێم
نیشتمان ڕاستی کرد
شه‌ڕ ئێمه‌ی برد بۆ خۆێی و حیکایه‌تی خوێنی
پێ نوسینه‌وه ..
شه‌ڕ ئێمه‌ی له خۆماندا هه‌ڵکه‌ند و
وه‌ک جه‌نگه‌ڵیکی پڕ دڕنده له خۆیدا ڕواندینیه‌وه !
شه‌ر گه‌رده‌لولێکه
له بیابانه وشک و برنگه‌کانی هه‌ڵپه‌وه هه‌ڵده‌کات ..
زریانێکی زه‌ردباوه له لوتکه به‌رزه‌کانی فزوڵیه‌ته‌وه
هێرش ده‌هێنێت ..
شه‌ڕ مه‌یدانێکی درۆزنه بۆ کردنه ده‌ره‌وه‌ی
یه‌کێک له‌و دو سمۆرانه‌ی
له‌سه‌ر گوێزێک
به گژ یه‌کدا دێن ..
شه‌ڕ ڕشانه‌وه‌ی زوڵمه به سه‌روچاوی بێده‌ره‌تانیدا
وه‌ک چۆ‌ن هه‌ندێک جار شه‌ڕ هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی کۆیلایه‌تیه
به گژ بێده‌نگیدا..
ئێمه به فیکه‌ی سه‌رکرده‌یه‌ک
هێنده گوێمان سوک بوو
له قوڵترین خه‌وی خۆشمان‌دا بوایه ،
به‌رزه پێ ڕاست ده‌بوینه‌وه ..
به‌رزه پێ ڕاست ده‌بوینه‌وه و
خێرا خۆمان ده‌به‌ست و
میلی تفه‌نگه‌کانمان ده‌هێنایه‌وه و
چاوێکمان ده‌کرد به سه‌د چاو !
بۆ بینینی خشپه‌یه‌ک که گومانمان هه‌بوو له‌وه‌ی
له پێی قسه‌یه‌کی به توێکڵه‌وه ده‌هاته به‌ر گوێمان ..
سیاسه‌ت ئه‌و ماڵه بوو
هه‌مومانی پۆشته کردبوه‌وه به هیوا و
له‌ڕو لاوازی ڕوخساری یه‌کتریمان بۆ نه‌ئه‌خوێنرایه‌وه .
سه‌رۆک بیوتایه : ساڵه‌های ده‌وێت
شان بخه‌نه ژێر تراکتۆری ئه‌م نه‌هامه‌تیه‌ی
له ڕاستیدا ئازوقه‌مان پێی ده‌گواسته‌وه و
ئێستا به‌سه‌ر خه‌باتماندا وه‌رگه‌ڕاوه و
ده‌بێت ڕاست بکرێته‌وه ..
ته‌مه‌نمان له منداڵه‌کانیشمان قه‌رز ده‌کرد و
هه‌میشه ملی ده‌به‌نگیمان
له تاڵه موویه‌کی سه‌ری سه‌رۆک باریکتر بوو
که به‌ده‌م شنه‌با چاره‌نوسسازه‌کانه‌وه
له جیاتی ئاڵامان
هه‌میشه ده‌شه‌کایه‌وه ..
سه‌رۆک ده‌یگوت :
شه‌ڕ به پیاو ده‌کرێت ،
دواجار ده‌بێت ئه‌م نیشتمانه هه‌ر شوو
به قاره‌مانێتی ئێمه بکاته‌وه . .
ئێمه که ده‌مێک بوو
ببوینه خه‌سیوترین پیاوه‌کانی دنیا !
شه‌ڕ ده‌یان وێنه‌ی سه‌رۆکی
له حه‌قیقه‌ت بۆ ده‌نه‌خشاندین و
ئێمه دڵمان بۆ ئه‌وه نه‌ده‌چوو
وه‌هم ڕۆژێک بوێرێت بێت و بیانسڕێته‌وه
سه‌رۆکه‌کانی ئێمه ،
چاویان ده‌چوه پشتی سه‌ریان
ده‌چوه پشتی بڕوا به ئازادی و دیموکراسیان
ئه‌گه‌ر تۆزێک سێبه‌ری ئێمه
به‌ر حه‌وشه‌ی
چله‌ی هاوینێکی ئه‌وانی تر بکه‌وتایه ..
شه‌ڕ ، سه‌رکرده‌کانمانی سواری زۆر ئوتۆمبێلی جۆراوجۆر کرد
هه‌ر له ئوتۆمبێلی حه‌ماسه و بڕوا‌و کوردایه‌تیه‌وه
هه‌تا ئوتۆمبێلی دڵنیایی له گه‌ڕانه‌وه و
هێنانه‌وه‌ی ئاینده‌مان
به سه‌لامه‌تی ..
له‌و به‌ینه‌دا سه‌رۆکه‌کانمان له‌یلاعه‌له‌وی و مۆنیکا بردنی و
ئێمه‌ش شۆفلێت وپیکابه پڕ له ته‌رمه‌کان
هێنایانینه‌وه ،
بۆ گۆڕستان !
سه‌عاتی ده‌ستی شه‌ڕ به خوێن ئیشی ده‌کرد
ئێمه پڕمان ده‌کرده‌وه
سه‌عاتی ژیانی سه‌رۆک به گه‌مژه‌یی ئێمه ئیش ده‌کات
ئه‌و ده‌زانێت چۆ‌ن له ئێمه‌دا
به‌رهه‌می بێنێته‌وه .
شه‌ڕ ناچاری کردین ببینه جه‌نگاوه‌ر
ئاخر ناونیشانی هیچ شه‌ڕێک نیه له‌گه‌ڵ بیستنیا
لیک به‌ده‌می بێده‌سه‌ڵاتیماندا نه‌یه‌ته خواره‌وه
به‌ڵام ئه‌وه‌ی شه‌ڕ ده‌یشێلێت ژیانه و
ئه‌وه‌ی شه‌ڕ به‌رزی کرده‌وه
بوو به چه‌پۆک .
ڕه‌نگه ناچار بین ،
هه‌میشه و له هه‌ر له‌حزه‌یه‌کدا دیوی شه‌ڕێک بین
به‌ڵام هه‌رگیز ڕێی تێ ناچێت بڵێین له‌م شه‌ڕه‌دا
ده‌بێت فه‌لسه‌فه‌ی وجودمان ،
کوژاندنه‌وه‌ی ئه‌و قسانه‌ی ئه‌و به‌رمانه‌وه نه‌بن
که بۆیان نیه بێنه گوێمانه‌وه ..
وه‌ک چۆ‌ن
ئێمه ئه‌و په‌یڤه حه‌رامزادانه‌ین
نا‌هێڵن ببینه میوانی ،
گوێچکه کراوه‌کانی ئه‌وان !
شه‌ڕ ڕابوردومی به‌سۆغره گرت
گه‌نجێتیمی کرد به کۆڵکێشی قورسترین پاساو
له بازاڕێکدا
که ئیتر وه‌ک حه‌ماڵێک
شادمانی له ئارادا نه‌مابوو
له‌وێوه بۆ ماڵه‌وه‌ی بگوێزمه‌وه !
شه‌ڕ هات و ناخی پڕ کردم له ده‌نگی ناپاڵم
بۆ شاردنه‌وه‌ی ده‌نگی دایکم و
سیمفۆنیاکانی تۆ
له خه‌مڵینی هه‌ر رۆژه‌ی جۆرێکی سروشتدا ..
هه‌رچه‌نده شه‌ڕ
هه‌ندێک جار وه‌ڵامی توڕه‌یی ئێمه‌ی لێوه ده‌ڕۆشت
بۆ ده‌رکردنی ژێرده‌سته‌یی
که‌چی هه‌موو جاره‌کان
خوێن به‌ختی ئێمه‌ی له‌ده‌ست به‌رده‌بوه‌وه و ده‌شکا !
باره‌گاکانی شۆڕش به‌رده‌وام
له سنوره‌کانی شه‌ڕه‌وه
خه‌ونێک دور بوون ..
بۆ ئه‌وه‌ی به‌بۆنی باروت کاستر نه‌بم
من دڵم بۆ بۆنی خۆشت
خۆی ده‌کوتا بۆ نێرگزه‌جاڕه‌کانی خوار (چوارتا)* و
بۆلای گوڵ و ڕێحانه‌ی ناو دێراوه‌کانی دایکم
به‌ڵام شه‌ڕ که به خه‌ستی له بۆردومان کردنی
ژیانم ده‌بوه‌وه و
ده‌یزانی هێشتا خه‌یاڵم هه‌ر برینداره و به‌س
بۆ به‌رگرتن له هه‌ڵاتنی
مه‌زرای به‌هار و جوانیشی ده‌کرده ( ئه‌رزی موحه‌ڕه‌مه ) !
ئه‌زیزم ئه‌ی قه‌ره‌جترین ژن
شه‌ڕ له هه‌موو لایه‌که‌وه زه‌فه‌ری پێ ده‌هێنام و
ئه‌و که‌مه‌شم که به برینداری ده‌رباز ده‌بوو
له ئومێدی تۆدا خۆی ده‌شارده‌وه
له خۆزگه‌ی دۆزینه‌وه‌ی تۆدا خه‌و ده‌یبرده‌وه
ده‌یبرده‌وه بۆ چۆڵه‌وانی و
بۆ ناشتنی ته‌رمی ناسۆریم ..
شه‌ڕ ئاسمانی هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تاند
به هه‌ورا بروسکه‌ی هاتنی فڕۆکه جه‌نگیه‌کان نه‌گه‌یه‌نێت
به مناڵانه ڕاکشانی تینوێتی ناخم
له ژێر فێنکترین ساباتی شیناییدا ..
شه‌ڕ ، فیشه‌ک نه‌ماو
نه‌یگرێته په‌نجه‌ره‌ی ماڵی
پڕ ڕۆشنایی عه‌شقم بۆ ژیان ..
ده‌ڕۆشتم بۆ قوتابخانه و
له به‌رده‌م مامۆستادا وه‌ک شۆڕه‌بی ده‌که‌وتمه له‌رزین
ئه‌وکاته‌ی سه‌یری ده‌فته‌ری سی لاپه‌ڕ‌ه‌یی
هه‌ر مانگێکمی ده‌کرد
لاپه‌ڕه نه‌مابوو شه‌ڕ به ئاره‌زووی خۆی
مه‌رگی تیا نه‌نوسیبێته‌وه !
شه‌ڕ یه‌که‌م شت ده‌یقیژاند به‌سه‌ر لادێکه‌ماندا و
ده‌یگوت ئاگام لێیه نسرمه‌کانت
داڵغه به‌چیه‌وه لێ ده‌ده‌ن !
ده‌یگوت ئاگام لێیه
کازیوه‌ت چه‌ند ڕوو داماڵراوه
له‌وبه‌ر سه‌رنه‌په‌رژانی پیاوه‌کانی منه‌وه ..
یه‌که‌م زلله که بینیم .. شه‌ڕ کێشای به‌ڕومه‌تی به‌هاردا
یه‌که‌م قوربانی
بینینی له‌ش و لاری بڵندترین دارچناری سه‌ره‌ڕێ بوو
گه‌وزاو له خوێنی خۆیدا..
ئه‌زیزم شه‌ڕ هه‌تا تخووبی تۆ
منی داوه‌ته به‌ر ڕێژنه‌ی ده‌ستڕێژ
له هه‌ر ساتێکدا سه‌رم به‌رز کردبێته‌وه
چه‌پۆکی شه‌ڕ زرمه‌ی لێ هێناوم ..
شه‌ڕ هه‌رساته‌و به قاتێکه‌وه خۆی نمایش ده‌کات
نه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌یناسمه‌وه
به‌ڵکو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆر زیاتر له‌وه ده‌ستڕۆیشتوتره
من بتوانم به ئێجگاری لێی بزر بم ..
شه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت به‌ڕێگاکاندا بڕ بکات
هه‌رجاره‌و چاویلکه‌یه‌ک
له ئاونگ وله هه‌تاو وله ئاو بۆ خۆی ده‌سازێنی ..
هیچ شه‌ڕێک له‌م ناوه‌وه ڕه‌ت نه‌بوه و بڵی
من به‌داخی ناڵه‌ی بێبه‌شانه‌وه
ڕێگام نه‌گرته‌به‌ر و
له‌سه‌ر جوانیش ناکه‌مه‌وه ..!
نا.. شه‌ڕ‌ه‌کان هه‌مویان قسه‌ی حه‌قیقه‌ت بوون
به زمانی خوێن
به زمانی گوڵ
به زمانی ئاو ..
شه‌ڕ خۆی له‌هه‌موو چرکه‌یه‌که‌وه هه‌ڵده‌قورتێنێت
ده‌ست له‌گه‌ڵ هه‌موو سه‌رده‌مه‌کاندا تێکه‌ڵ ده‌کات
له پێش هه‌موشمانه‌وه
ئاینده ده‌رگای خۆی بۆ سه‌ر گازی پشت ده‌خات ..
شه‌ڕ زمانێکه هه‌تاو سێبه‌ری پێ ڕاو ده‌نێت
شه‌وگارێکه مێرده‌زمه‌ی مه‌رگی
لێوه ده‌چێته ناو خه‌ونی بێئاگایی ..
ڕێگایه‌کی درێژه شۆڕشی پیا ده‌ڕوات
به‌ره‌و قوربانیدان ..
کارخانه‌یه‌که بێزاری من و
خشه‌خشی سه‌فته پاره‌ی نادیار به‌یه‌کدا ده‌کێشێت ..
شه‌ڕ ڕاوه‌شاندنی به ئه‌نقه‌ستی وه‌رزه‌کانه به‌کاڵی
به‌سه‌ر ساڵه ماته‌کانی نیشتماندا ..
شکاندنی ده‌ستنوێژی ئاوه به خوێن
به نوێژی نیوه‌ڕۆ..
شه‌ڕ دارکاری کردنی ته‌نهاییم بوو
به ده‌ستی مامۆستا
داهێنانه‌وه‌ی یه‌ک به دوای یه‌کی شه‌ق بوو
به نوکی پۆستاڵ ،
له بێکه‌سی نیشتمان ..
په‌لاماری پۆله کوله‌ی ئافات بوو
بۆ سه‌ر په‌ڵه گه‌نمی خولیا ،
له کاتی خه‌رمانه‌یدا ..
شه‌ڕ گه‌رده‌لولی به‌رده‌وامه و
تا دێت به‌هاکانی دنیا به‌سه‌ر یه‌کدا
تێک و پێک ده‌دات ..
ئه‌وه‌ی که‌وا ژیانیش به ئێجگاری نه‌ڕوخاوه
هی ئه‌وه‌یه عه‌شق شانی به‌رداوه !
ئێی .. قه‌ره‌جترین ئازیز
له‌م قه‌ڕنه ژه‌نگاویانه‌ی
جوانی له ژێر لیته‌ی زه‌ماندا به که‌س نادۆزرێته‌وه و
تۆ من به مه‌حاڵدا ده‌په‌ڕێنیته‌وه و
ده‌مبه‌یته سه‌ر کوپه‌خه‌زنه‌کانی دڵت ..
ده‌زانم نازی دواین لق و پۆپی به‌رزی
سوره‌چنارێک له‌وه‌دا نیه
که له‌سه‌روو هه‌موو گه‌ڵاکانه‌وه
له حه‌قیقه‌تی ته‌نهایی نزیکتره ..
هێنده‌ی به‌ر له وه‌رین شادمانه به‌وه‌ی
له‌وه‌دایه ده‌ستی به‌ر ئه‌گه‌ری هه‌ڵکشان بکه‌وێت
بۆ مه‌له‌کوت ..
له خه‌زانوه‌ختێکدا تۆ دڵت گرتۆته‌وه و
ده‌نک ده‌نک ئه‌و گۆیژه ئاڵانه‌م ده‌گریته‌وه
که‌س په‌لێک تووی ئه‌وی تر له چێشته‌نگاوێکی چاومه‌ستدا
ڕاناوه‌شێنێت ..
که‌س تامی میوه‌ی جۆش و خرۆشی ئه‌وی تر ناکات ..
که‌س ئاوڕ له خه‌می که‌س ناداته‌وه ..
تۆ به ڕێگاوبانی هه‌موو شه‌ڕه‌کانا ده‌ڕۆیت و چاو ده‌گێڕیت
ئه‌و هه‌موو حکایه‌ته کوژراوانه‌ی ده‌یانبینی
ده‌تخه‌نه گریان ،
به کورته‌باڵایی ڕۆمانه‌کان ..
به چۆڵه‌وانی کتێبخانه‌کانی سه‌رزه‌مین ..
خودایه ئه‌و ڕۆژانه‌ی گه‌مژه‌یی سور هه‌ڵده‌گه‌ڕێ و
ده‌یکات به نه‌ڕه نه‌ڕ و
خۆی له ده‌ستی چکۆله‌ترین په‌پوله ڕاده‌پسکێنێ
که هاوسه‌نگی جوانی و سه‌رگه‌ردانی ئێمه‌ی ڕاگرتووه
ئه‌و ڕۆژانه تۆ ،
بۆ خۆتمان لێ ده‌شاریته‌وه !؟
که‌س ناوبژیوانی ئه‌و جانه‌وه‌ره‌ی پێ ناکرێت
که له‌بن ته‌پۆڵکه‌ی هه‌ر هۆیه‌که‌وه بێت
سه‌ر به‌رز ده‌کاته‌وه و
زرم ده‌کێشێت به‌سه‌ر و چاوی نه‌جیبترین هێمنیدا و
ژیان پڕ ده‌کات له ته‌پ و تۆزی خه‌تا ...
دڵگیرترین لادێی ئارامی
به چڕترین دوکه‌ڵا
ڕه‌وانه‌ی فه‌نابوون ده‌کات ..
خودایه خۆ ئێمه تارماییه‌کانی ته‌نهایی خۆتین لێره‌ی ژیان
ئیتر بۆ ده‌هێڵی ،
ده‌ست له نووری پاکت بکه‌ینه‌وه
که به‌خشیوته به سپێده و زه‌رده‌په‌ڕ و
به ئاسمان و
به شیعر !؟
ڕه‌نگه ئه‌م زه‌لیلیه‌ی ئێمه ده‌وای نه‌بێت
مادام خودامان دڵنه‌وایی نه‌کرد
به‌وه‌ی ئێمه تا سه‌ر مه‌رزه‌کانی مردن
جگه له ڕه‌وێک سه‌رسامی هیچی تر نین
که هه‌میشه فێڵه‌کانمان تازه و تازه‌تر ده‌که‌ینه‌وه
بۆ خۆشاردنه‌وه له هه‌یبه‌تی ڕۆشتنمان و
هه‌ڵنه‌هێنانی مه‌ته‌ڵی هاتنمان ..
ئه‌زیزم ئه‌وه‌ی که ناشهێڵێ
سام کردنه‌وه‌م له‌م وه‌حشه‌ته‌ی ئێره زیڕه‌م پێ بکات
تۆی که خودا به‌ده‌مته‌وه پێ ده‌که‌نێت و
جارجاره مشتێکت ،
لێ ده‌خۆمه‌وه ..
تۆی .. که په‌نایه‌ک بووی به‌ر له‌گه‌شتنی من
خودا ماڵێکی بۆ خۆی تیا دروست کردی و
له ڕۆحتا نیشته‌جێ بوو .
له کاتێکدا هه‌ره قه‌ره‌باڵغترین شاری ئه‌م جیهانه
بستێک ته‌نهایی ڕۆحی ئینسانی ،
پێ پڕ نه‌بۆته‌وه ..
من له‌ساماڵی ڕۆحته‌وه (قه‌ده‌رێک)
وه‌ک په‌لکه‌زێڕینه دایبه‌زاندمه ناو باخه‌کانی له‌شته‌وه
بۆیه پیاسه‌یه‌کی که‌نار زه‌رده‌خه‌نه‌ت
له هه‌موو شتێکی دی زیاتر شیاوی ئه‌وه‌یه
بۆی بکڕوزێمه‌وه ..
من که سۆفیه‌ک له په‌نهانترین گۆشه‌ی ته‌نهاییمدا
خواپه‌رستیه‌که‌ی پڕه له ڕه‌نگدانه‌وه‌ی شه‌وقی تۆ
ئیتر چۆ‌ن نورانی نابێت ؟
من ، که له ڕۆژانێکدا وه‌ک پڕ به‌رترین
دارگێلاسی ئه‌م سه‌رزه‌ویه
بۆ یه‌که‌م جار له‌وه تێگه‌یشتم
بێڕه‌حـمیه‌ک وا پیامدا هه‌ڵده‌زنێ و
هه‌ر به‌سه‌وزی ده‌مڕنێت ....
ئه‌و ڕۆژ‌ه بوو
تۆ له‌وبه‌ری جوانیه‌وه
زه‌میله‌ت له تریفه‌ی مانگ ده‌چنی و
من ده‌ڕژامه ناو کۆشی هه‌موو وه‌رزه‌کانه‌وه و
تۆ به‌دیت نه‌ده‌کردم تا بمچنیته‌وه ..
به‌ڵام تۆ هه‌میشه له مندا بوویت و
ئێوارانیش ده‌گه‌ڕایته‌وه ،
بۆ ناو ژووری قانگ دراوی خه‌یاڵم به دوکه‌ڵی حه‌سره‌ت ..
ئه‌و ڕۆژه‌ی سڵه‌میمه‌وه له بێوه‌یی ژیان ،
ئه‌و ڕۆژ‌ه بوو دایکم یه‌که‌م زلله‌ی توندی پیا کێشام
له سه‌ر هه‌ڵما‌تێن .
ئه‌و ڕۆژ‌ه بوو مامۆستا خۆی لێ گۆڕیم
به جه‌لادترین پیاوی سه‌ر زه‌وی ..
به به‌رچاوی خودا و من و بێده‌سه‌ڵاتی لادێکه‌مانه‌وه
ده‌م و لوتی (دڵه...) * و
مناڵیمی پڕ کرد له خوێن ..
ئه‌و ڕۆژانه تۆ
خه‌ریکی چاوشارکێ بووی له گه‌ڵما
له ناو ئاوی حه‌وزه‌که‌ی مزگه‌وت ..
له ناو گه‌ڵای چڕ‌و پڕی داربیه‌کانی ته‌نیشت ماڵمان
هه‌زاران چۆله‌که وروژمیان بۆ ئێوارانی
ناو داربییه‌کانی کۆڵانمان ده‌هێناو
نه‌مده‌زانی تۆ ،
کامیانیت ؟!
ئه‌و ڕۆژه‌ی به‌ر ده‌رگای مزگه‌وتی گه‌وره
جێگایه‌کی پێ به‌خشیم بۆ سابون فرۆشتن
ئه‌و ڕۆژ‌ه بوو که ده‌ستێک به ئاشکرا خۆی درێژ کرد
بۆ قوڵایی ڕۆحم
گوتی: خۆشحاڵم به ناسینت ڕێباز
گوتم: ناوی جه‌نابت؟
گوتی : که‌م که‌س هه‌یه له‌م بازاڕی دنیایه من نه‌ناسێت
من ناوم (بێڕه‌حمیه ..) !
ئه‌و ڕۆژه‌ی دوکانی شه‌ربه‌تێک پێشوازی له گه‌رم و گوڕیم کرد
ئه‌و ڕۆژ‌ه بوو
هاوڕێکه‌م لای ده‌نگ هه‌ڵبڕینه‌کانی نایه‌کسانیه‌وه به‌دیکرد و
له فێنکترین شه‌ربه‌تی مێوژ و هه‌ناردا
ساڵانێکی خۆمان به خه‌ڵکی فرۆشت ...
ئه‌و ڕۆژه‌ی کچێک له ئاواره‌یی که‌رکوکه‌وه
په‌ڕیه دڵمه‌وه و
خۆی به شیعره‌کانمه‌وه گرته‌وه ، ئه‌و ڕۆژ‌ه بوو
نه‌مده‌زانی جگه له موچوڕکی شیرین
ڕه‌نگه کۆتایی خه‌نده‌یه‌ک چه‌ند فراوانیش بێت
دواجار بگاته‌وه داڵانی گریان !
ئه‌و ڕۆژانه‌ی که ده‌مگوت :
به‌خته‌وه‌ری ئه‌و هێشوه ترێیانه‌ن
ته‌نها له‌ڕه‌زه‌کانی یه‌کسانیدا ده‌ست ده‌که‌ون
ئه‌و ڕۆژانه بوون ئایدۆلۆژیا
چاوه‌کانمی بۆ خۆی بردبوو ..
ئه‌و ڕۆژه‌ش سه‌فه‌ر بۆ یه‌که‌م جار گوتی :
خۆت کۆ بکه‌ره‌وه با بڕۆین
ئه‌و ڕۆژ‌ه بوو ئینجا ده‌مویست بمێنمه‌وه !
ئه‌و ڕۆژ‌ه بوو جانتاکه‌م جێی
هیچی وای تیا نه‌ئه‌بوه‌وه
له شادییه‌کانم و
له حه‌سره‌ته‌کانم ..
ئه‌و ڕۆژ‌ه بوو تێگه‌یشتم که به‌ڕاستی ئێمه
چه‌ند قایمتر خۆمان به سنگی دایکمانه‌وه بنوسێنین
دواجار هه‌ر ده‌بێت گه‌وره بین ..
چه‌ند قایمتر پێ له سه‌ر زه‌وی مانه‌وه گیر بکه‌ین
هه‌ر ده‌بێت ئۆغر بکه‌ین !
ئه‌و ڕۆژ‌ه بوو
که قه‌ڵه‌م هیچی له ده‌ست نه ده‌هات
قسه هیچی پێ نه ده‌کرا و
ماچ سه‌ری لێ‌شێوا بوو ..
ئه‌و ڕۆژ‌ه ئاخ ئه‌و ڕۆژ‌ه بوو
که ئیتر نیشتمانی پێچایه‌وه و
بۆ ئه‌به‌د به قه‌د کراوه‌یی هه‌ڵی گرت..
که ئیتر ڕه‌ونه‌قی دره‌ختی ئازیزانمی بڕیه‌وه‌و
ماڵی بیره‌وه‌ریه‌کی نوێی پێ داره‌ڕ‌ا کرد ..
که له ژێریا که‌س ناژیت
جگه له غه‌ریبی خۆم نه‌بێت !
ئه‌و ڕۆژ‌ه ئاه .. ئه‌و ڕۆژ‌ه بوو
که فریا نه‌که‌وتم
چایه‌کی دیژله‌مه‌ی تر به ده‌ستی دایکم بخۆمه‌وه
به ده‌م کێشانی تاڵترین جگه‌ره‌ی ماڵئاوییه‌وه ..
ئه‌و ڕۆژ‌ه بوو فرمێسکێکی سه‌ر ڕیشه سپیه‌که‌ی باوکم
وای کرد نه‌ک من.. هه‌موو دنیا
خه‌جاڵه‌تی بکێشێت له فیراق !
ئه‌و ڕۆژ‌ه بوو
خودا بۆ یه‌که‌م جار موچوڕکێکی سارد
بێت به گیانیدا.....!!!!!!!
ئه‌و ڕۆژ‌ه ، ئه‌و ڕۆژ‌ه بوو
تێگه‌یشتم قوڵترین برین
ڕه‌نگه به نازی گوڵێک ساڕ‌ێژ بێت
به‌ڵام من تازه له سه‌ر چرپا کۆنه‌که‌ی نیشتمان هاتبومه خوارێ و
سه‌فه‌ر له سه‌رم ڕاوه‌ستا بوو
تا هه‌موو قسه‌کانی خۆم کۆ بکه‌مه‌وه
که قسه کردن هیچ زه‌ره‌رێکی نه ئه‌ژمارد و
باوی گوێ گرتنیش به‌سه‌ر چو بوو ..
ئه‌و ڕۆژه‌ی سه‌فه‌ر کردی به ڕاست و
من له به‌ری ئاگره گه‌وره‌کانی دۆزه‌خه‌وه
به‌ره و زه‌مهه‌ریر په‌ڕیمه‌وه ...
ئه‌و ڕۆژ‌ه بوو
ئیتر ده‌بوو دایکم به فرمێسک ئاوپڕژێنی
باخه‌کانی بیره‌وه‌ریم بکات
بۆ سه‌وز بونه‌وه‌ی جارێکی ترم له زه‌ویه‌کانی زاکیره‌یدا ..
ئه‌و ڕۆژ‌ه بوو
که جیهانی من له ژێر خه‌ونی
ساباته شێداره‌که‌ی مانه‌وه‌دا وه‌ک کۆرپه‌یه‌کی بزۆز
وه‌ک ساوایه‌کی خه‌واڵوو
خۆی کێشایه‌وه و
ده‌ست و قاچی به ئێره‌ی تاراوگه گه‌یشت !
سه‌فه‌ر یانی تل بونه‌وه له به‌رزایی هه‌ر ئۆقره‌یه‌که‌وه
بۆ بنی جۆگه‌له جرپنه‌کان ..
یانی ده‌ست به‌ردان له‌و په‌له داره‌ی له ناو ڕوبارێکی توڕه‌دا
ده‌ستی پێوه ده‌گری ،
به‌ته‌مای لقه دارێکی پته‌و تر له بڕوا به فریادڕه‌سیت ..
یانی وردبونه‌وه له به‌ر پێی له‌حزه هه‌ره ساده‌کان
به‌و مانایه‌ی که ئیتر دوباره نابنه‌وه و
جێیان ده‌هێڵین ..
سه‌فه‌ر بیرهێنانه‌وه‌ی ڕاستیه‌که له باره‌ی
ڕانه‌وه‌ستانی ژیانه‌وه ،
له ئاست :
فراوانی کراوه‌یی باوه‌شی حه‌ز و تاسه‌دا ..
سپاردنی ڕاسپارده‌ی جوانیه ،
له سه‌وزی گه‌ڵاکانه‌وه بۆ زه‌ردی وه‌رین و
له‌وێشه‌وه به خه‌ونی ژێر ڕاکشانی به‌فر و
سه‌ر له‌نوێ خاوبونه‌وه‌ی گۆپکه‌و چرۆکان !
که‌سمان حه‌ز به پیاسه له‌گه‌ڵ سه‌فه‌ردا ناکه‌ین ،
به‌ڵام سه‌فه‌ر ده‌ستی هه‌ریه‌که‌مان ده‌گرێت و
به هه‌موو ڕێگا تایبه‌تیه‌کانی ناو
حیکایه‌ته‌کانی خۆماندا ده‌گێڕێت ..
سه‌فه‌ر هه‌رگیز نامانباته‌وه بۆ شوێنانه‌ی ،
پێشتر بردبێتینی ..
به‌ڵام ئێمه زۆر جار
بۆ نایاب ترین نه‌مام ده‌چینه‌وه
بۆ ناوباخه‌کانی ڕابوردوو
نوێترین خان‌و دروست ده‌که‌ین و
ده‌رگای سه‌رده‌مه کۆنه‌کانی تێ ده‌خه‌ین ....
سه‌فه‌ر هه‌نگاوێکه ژیان له یه‌که‌م ڕۆژی خۆیدا
پێی فێری داره داره‌ی ڕۆشتن ده‌بێت ..
گرتنی پاسێکی کۆسته‌ره له ڕۆژی هه‌ینیدا
بۆ ئه‌وه‌ی به خاو و خێزانی بێتاقه‌تیه‌وه
بچین چادرێک له ئه‌زمه‌ڕدا هه‌ڵده‌ین ،
ڕوو به‌ڕووی بیره‌وه‌ری ..
به‌رامبه‌ر داهاتوو ..
ئێمه به هه‌ڵه سه‌فه‌رمان خوێنده‌وه
سه‌فه‌ر جگه له فیراق .. ویساڵیشه
گه‌یاندنی خونچه‌یه‌که به ده‌مکردنه‌وه
گه‌یاندنی گوڵه له جوانیه‌وه به هه‌ڵوه‌رین
ئاسمان له ساماڵه‌وه به هه‌ور
ده‌ریا له هێمنیه‌وه به هه‌ڵچوون.
من له ناو هه‌مو ئومێدێکا به شکست و
له‌وێشه‌وه بۆ ژێر ڕ‌ه‌شماڵی تۆ
هۆ قه‌ره‌جترین ئازیزم ..
تۆ که ماڵێکت نیه .. ده‌بوو زوتر زانیبام
ئافره‌تێکیت له سه‌فه‌ر
ده‌بوو زوتر زانیبام هه‌ر چرکه‌یه‌کت سه‌رده‌مێکه‌و
به‌شی نه‌وه‌یه‌ک به‌سه‌رهاتی من ده‌کات
ده‌بوو زانیبام سه‌فه‌ر
له‌رینه‌وه‌ی مه‌مکه‌کانی تۆن له به‌رده‌م شنه‌بای زه‌مه‌ندا
که دواجار ده‌بێته گه‌رده‌لولێک و
له داری وجودمان ده‌وه‌رێنێت ..
به‌ڵام به‌ر له‌که‌وتنه خواره‌وه‌م به لقی قه‌ده‌ری خۆمه‌وه
من لێره‌م چاوه‌کانم بگرمه‌وه و
پڕیان بکه‌م له ڕۆشنایی و سیحری مه‌مکه‌کانت ..
سه‌فه‌ر و تۆ تێک ئاڵانێکن ،
من بشتوانم... نامه‌وێت جیاتان بکه‌مه‌وه
گرێگوێره‌یه‌کن خۆم سه‌رقاڵ ناکه‌م به کردنه‌وه‌ی
به‌ڵام ده‌زانم منتان له نێوانی خۆتاندا
شه‌ته‌ک داوه ..
سه‌فه‌ر له مندا
هه‌موو ده‌نکه وه‌ریوه‌کانم به‌یه‌که‌وه ده‌به‌ستێته‌وه و
هه‌رگیز ده‌ستم لێهه‌ڵناگرێ و
ناڵێت ته‌واو بووم ..
ئه‌گه‌ر سه‌فه‌ر نه‌بوایه ،
منداڵی هێنده نازی نه‌ده‌کرد به‌سه‌ر گه‌وره‌ییه‌وه ..
گه‌وره‌ییش هه‌رگیز ئاماده نه‌بوو
منداڵی قه‌ڵاندۆشکانی ڕۆژ‌ه سه‌رقاڵه‌کانی خۆی بکات ..
له‌وه‌ته‌ی تۆش به خۆت و دوو چاوی ته‌ڕه‌وه
که بۆ خۆش کردنه‌وه‌ی تاوه‌ته‌رزه‌کانی مه‌راق
دێیته ژێر چه‌تری وێستگه‌ی پاسه‌کانی بوونمه‌وه ..
ده‌زانم تۆ سه‌فه‌ریت به هه‌موو جانتاکان و
به‌هه‌موو دڵه‌کوتێکانه‌وه ..
ده‌زانم قسه‌یه‌کی تۆ من له کۆڵ
سه‌ختی ئه‌م بێنیشتمانیه ده‌کاته‌وه ..
لێم سوره به‌ڕێکه‌وتن به ناو دڵی تۆدا
مانای گه‌شت کردنه به هه‌رچوارلای جیهاندا..
په‌ڕینه‌وه له چه‌م و جۆباره هێمنه‌کانی خۆشه‌ویستیت
یانی گه‌یشتنم به ئه‌به‌دیه‌تی شاگه‌شکه بوون
یانی وون بونم
له ناو نزاره چڕ و پڕه‌کانی تریقانه‌وه ..
سه‌فه‌ر دیوێکی خه‌مناکه و دیوێکی ڕوناک
به‌ڵام که له‌به‌رده‌م پێداگری تۆوه
له‌سه‌ر بردنی ڕۆحم له‌گه‌ڵ خۆتدا ،ده‌ست پێ ده‌کات
ئیتر هاوین به ده‌ست و پلی سوریه‌وه
له شاتوو خواردن دێته‌وه و
دێته ژێر سێبه‌رێکت و
من جوابی سڵاوی ئه‌ده‌مه‌وه ..!
تۆ سه‌فه‌ر پێش خۆت ئه‌ده‌ی به ئاراسته‌یه‌کدا
که نه‌سیاسه‌ت موریده‌کانی نه‌گبه‌تیمان
به‌ره‌و ئه‌وێ ڕێنوێنی ده‌کات
نه مژده‌یه‌کی مه‌کربازی ئایدۆلۆژیاش به‌وێی زانیوه !
سه‌فه‌ر هه‌میشه به‌ره‌و به‌خته‌وه‌ری به‌ڕێخراوه
به‌ڵام به بارێک مه‌خلوقاتی گوناه و
به قافڵه‌یه‌ک ،
پاسه‌وانی فێڵ و درۆوه !
وه‌ک سه‌فه‌ری ده‌یان جاره‌ی نیشتمان به‌ره‌و ئازادی و
دانیشتنی ئاواره‌یی ئێستای من وه‌ک کوردێک
له ناو ساباتی عه‌شقی تۆدا ..
تۆ ئه‌ی قه‌ره‌جترین کچ له‌سه‌فه‌ر
له سه‌رده‌می ورد و خاش بوونی به‌هاکاندا
ڕاوه‌ستان به دیار چییه‌وه ؟
له هه‌ر گۆشه‌یه‌کی ئه‌م ڕۆژ‌ه بڕوانیت
ئه‌وه‌ت بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه
چ لافاێکی فێگرتوو ئاوی کردۆته ژێرمانه‌وه و
به ناو ئه‌و هه‌موو ساڵه‌دا بێ ڕاوه‌ستان
تا ئێره‌ی ڕاماڵیوین ..
من له ناو تۆدا چاوم له خۆمه
چۆ‌ن تازه ده‌بمه‌وه و هه‌مو جارێکیش
بۆ پڕ کردنی سه‌به‌ته‌یه‌ک هه‌ناری عه‌شق
وه‌ک ڕیبوارێک خۆم ده‌گه‌یه‌نمه‌وه ناو باخه ئاڵه‌کانی مه‌ندییت
به دوو وشه‌ی گه‌رم کلیلێکی ئه‌فسوناویم خه‌ڵق کردووه و
هه‌میشه له کیلۆنی خه‌یاڵی تۆدا بای ئه‌ده‌م
تا کرانه‌وه‌ی دڵنیایی ...
(( خۆشم ده‌وێی ! ))
هه‌موو جارێک له‌به‌رده‌م زرنگانه‌وه‌ی به‌ریه‌ک که‌وتنی
ئه‌م دوو وشه کریستاڵیه‌دا
ده‌بمه میقاتێکی نزیک له سه‌ماو
سه‌ر ڕاوه‌شاندنێکی هێمن له وه‌ڵامدانه‌وه‌ی تۆ به‌سه
بۆ ته‌قینم وه‌ک نوێترین کانیاو ..
له سه‌فه‌ردا ته‌نها هیوای ڕێبواران دڵنیاییه که پێی بگه‌ن .
وه‌ک چۆ‌ن بازدان له‌مبه‌ری ئاوێکه‌وه
بۆ ئه‌وبه‌ری مێرگێکی خه‌وتوو
پڕاو پڕه له ڕاڕایی له ده‌ستدان
له ڕوو به ڕووبونه‌وه‌ی نه‌ناسیاو ..!
من دڵنیاییم له دیتنه‌وه‌ی هه‌رجاره‌ی تۆدایه
له‌و ساتانه‌ی دیسان ڕێگام پێ ده‌ده‌ی
بێمه ژێر چه‌تری ڕه‌نگاڵه‌ییته‌وه و
به هێمنی ته‌ماشای دڵۆپه‌ی باران بکه‌م ..
ئه‌و ساتانه‌ی تێده‌گه‌م ڕه‌ت بوونی خۆزگه‌م به‌پێخاوسی
به‌سه‌ر جاده شوشه‌ییه‌کانی ڕۆژگاری بوغرادا
چه‌ند گێلانه‌یه و
لادان بۆ ئه‌و توله ڕێگایانه‌ی
تۆ به‌ره‌و حیکایه‌تی دور و درێژی سه‌فه‌ر ده‌بات ،
چه‌ند دڵخوازانه ..
ئه‌و ساتانه ،
من ده‌گه‌مه ئه‌و بڕوایه‌ی شتێک هه‌یه له چاوی منه‌وه
هه‌موو سێبه‌ره‌کانی خودا‌ش پێوه‌ی ده‌نازن و
ده‌ستیان به چمکێکی ئه‌فسانه‌ته‌وه گرتووه
تۆ ئه‌ی قه‌ره‌جترین ژنی ڕووت
له خه‌یاڵدانی مندا..
دڵنیاییم ئاگرێکه و تۆ له ڕۆحمدا هه‌ڵتکرد
شنه‌بایه‌که و
له به‌رزاییه دڵڕفێنه‌کانی جوانی تۆوه هه‌ڵده‌کات .
دڵنیایی ئه‌و ساته فواره ده‌کات
که عه‌شقم هه‌میشه به‌ڕیوه‌یه و
تۆش ده‌ڵێی عه‌شق نابێت ڕاوه‌ستێت ..
ڕاوه‌ستانی عه‌شق به دیار هه‌ر دیدارێکه‌وه
گه‌یشتنه جێی مردنه بۆ ئه‌و جێگایه .
پیاسه له عه‌شقه‌وه داهات
ڕێگا عه‌شق دایهێنا
هێشتا که‌س به‌وه‌ی نه‌ده‌زانی
مانگه‌شه‌و بۆچی له ماخۆلاندایه و
به شه‌و سه‌ربان به سه‌ربانی ماڵه‌کان به‌سه‌ر ده‌کاته‌وه
هه‌تا عه‌شق په‌یژه‌ی نا به ته‌مه‌نه‌وه و
هه‌تا موچوڕکه پله دوای پله
سه‌رکه‌وت به‌ره‌و خلود..
دڵنیایی هه‌ناسه‌دانی به‌رده‌وامی عه‌شقه
پێگه‌یینی هه‌نجیره به‌ده‌م به نه‌رمی ڕۆیشتنی هاوینه‌وه
بۆ لای هه‌ناره مێخۆشه‌کانی ناو باخه‌ڵی پایز
دڵنیایی فڕینی باڵنده‌کانه
به‌سه‌ر سه‌ری سروشته‌وه ..
پڕ کردنه‌وه‌ی بۆشاییه چۆڵه‌وانیه
به وشه شیرینه‌کانی جریوه
دڵنیایی خۆڕازاندنه‌وه‌ی ڕۆحه
ئه‌و کاتانه‌ی جوانی و عه‌شق دێنه دیده‌نی ..
ئه‌و کاته‌ی من له‌به‌رده‌م چاوه‌کانتا
وه‌ک بی قه‌راخ چه‌م ده‌که‌ومه له‌رزین
دڵنیایی خواردنه‌وه‌ی مشتێک ئاوه
وه‌ک چۆ‌ن تینوێتی دیوێکی تری جوانیه ..
دڵنیایی ئه‌و تاڵه ده‌زوه‌یه
کڵافه‌ی ئاڵۆزی گومانه‌کانمان به پاساوی مانه‌وه‌وه
گرێ ده‌دات ..
دڵنیایی یاری کردنی عه‌شقه
له ناو قوڕوچڵپاوی ئۆردوگای به‌هاکاندا
دوای هه‌زاران کاره‌سات و کۆڕه‌وو
هێشتا شه‌وقدانه‌وه‌ی
زه‌رده‌خه‌نه‌کانی سه‌ر لێوی ئومێد ..
عه‌شق سوار تراکتۆریش ده‌بێت ،ئه‌گه‌ر بیه‌وێت
ڕێگای لادێیه‌کی دڵفراوان له شارێکی لێقه‌وماوه‌وه
که‌مێک زووتر ببڕێت ،
به‌ر له قه‌تڵ و عامی یه‌کجاری ..
عه‌شق به‌رده‌وام ژماردنه‌وه‌ی دڵۆپه بارانه‌کانه
دوای ئه‌وه‌ی هه‌رجاره و بای هۆیه‌ک لێی تێک ئه‌دات و
ناچار له هه‌وه‌ڵه‌وه ده‌ست پێده‌کاته‌وه ..
دانیشتنی چوار مشقیه بۆ خوێندنه‌وه‌ی کتێبی دڵ و
به‌ردگرتنه له په‌نجه‌ره‌ی خه‌یاڵ به سۆعبه‌ته‌وه
بۆ ڕاچڵه‌کاندنی تامه‌زرۆیی و
ماندوو بونمه له کۆتایی کۆڵانی هه‌ر ڕسته‌یه‌کدا
که هه‌واڵی تۆی لا نیه‌و
داگه‌ڕانه‌وه‌مه بۆ سه‌ری دێڕ ..
که ده‌تبینم ، به‌ده‌ر له‌وه‌ی بۆنی ئاشناییت
کۆڵانی ته‌نهاییم پڕ ده‌کات له چرپه چرپی غایه‌ڵه‌ی خۆش
وه‌لێ هه‌میشه خۆم له سه‌ره‌تای تۆدا ده‌بینمه‌وه ..
هه‌موو جارێک ده‌رکه‌وتنی تۆ ئاوسه
به له‌دایک بونێکی نوێم و
عه‌شق مامانێکی حازره
له دایک ده‌بم و
عه‌شق ناوکم ده‌بڕێت و
له قۆزاخه‌ی دڵنیاییه‌وه‌م ده‌پێچێت ..!
تۆ ئه‌ی قه‌ره‌جترین سه‌فه‌ر
که شوێنێک به شیاو نازانیت بیکه‌یته ئۆقره‌گای ئه‌م دوو شێتیه‌مان
(هه‌رگیز ڕانه‌وه‌ستانی تۆ .. و ..هه‌میشه وێڵگه‌ردی من به شوێنی‌دا )
دواجار منیش خۆم سپارد به سه‌فه‌ر
سه‌فه‌رێک ، که بیره‌وه‌ری تیایدا جوانتر نیه له ئومێد
دوێنێ .. هیچ ڕێگایه‌کی ناچێته‌وه سه‌ر .
منداڵیش له ئێستادایه نه‌ک ڕابوردو..
سه‌فه‌ر و عه‌شق و دڵنیایی
گه‌واهی له‌سه‌ر ئه‌وه ئه‌ده‌ن که هێشتا شتهایه‌ک ماون
شیاوی ئه‌وه‌ن ژیان بۆیان بمێنێته‌وه
ته‌نها له په‌نجه‌ره‌کانیشه‌وه چاویان بۆ نه‌گێڕدرێت ..
من ده‌مێکه یه‌کێک له‌و شتانه‌ی بۆی ده‌گه‌ڕێم و
یاقووتی ماناکه‌یم خستۆته ناو جانتاکه‌ی شانی سه‌فه‌رمه‌وه
تۆی قه‌ره‌جترین ئافره‌تی جێماوی ده‌ستی ڕۆمانسیه‌تی ..
به‌ناو هه‌موو قرچه‌ی گه‌رماکانی به‌دبه‌ختیدا
دڵۆپ دڵۆپ عاره‌قه‌م بۆ ڕشتی و
په‌یڤم بۆ داچاندی و
دارتووی عه‌شقم بۆ وه‌راندی و
تۆ له سمۆره‌یه‌ک سرکتر و
له سوێسکه‌یه‌ک تیژباڵتر بووی
له‌گه‌ڵ شه‌قه‌ی باڵ لێکدانه‌کانتدا
توێ توێ ئاسمانت ڕشته ناو چه‌م و ڕوباره‌کانه‌وه و
من شه‌پۆل ده‌ده‌م له سه‌رسامی !
هه‌موو به‌هاکان به‌به‌رچاومه‌وه هاڕه‌یان کرد
ناشیرینی ده‌مامکه‌کانی جوانی له سه‌ر ڕوخساری
خۆی لادا و
مه‌مله‌که‌ت له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌کانی خوداشدا عار نانێت
له که‌لی شه‌یتانه‌کانی غه‌در و فێڵ دانابه‌زێت و
به‌ره‌و ئه‌نگوسته‌چاوترین مێژوو
لێمان ده‌خوڕێت !
ئه‌ی قه‌ره‌جترین به‌ها
که هه‌میشه ده‌ڵێی له‌سه‌ر ئاگری و
تاوێک چیه له‌ژێر ساباتی به‌ڵێنه نارنجیه‌کانی
پیاوه ڕۆبۆته‌کانی نیشتماندا ماتڵ نابیت و
من خه‌نی ده‌بم
به‌و هه‌موو یاخی بونه‌ی به‌رزترین چیای تیا ده‌بینمه‌وه
بۆ ڕۆیشتنم له‌گه‌ڵ تۆ !
دڵنیایی ئاسمانێکه تۆ به منی ده‌به‌خشیت
سه‌فه‌ر ئاماژه جوانه‌کانی خۆی
له تۆ وه‌ر ده‌گرێت ..
ئیتر که نیشتمانێک نیه تیایدا ماڵم هه‌بێت
سه‌فه‌ر جوانترین گه‌ڕانه به دوای بینینی ئه‌و په‌لکه زێڕینانه‌ی
نیشتمانی هیچ که‌سێک به خه‌ونیش نایانبینێ و
سه‌فه‌ر پڕاو پڕیه‌تی !
سه‌فه‌ر یانی تۆ
تۆ یانی دڵنیایی و
من زائید عه‌شق یه‌کسانم به ئێستایه‌ک
که گۆرانیه‌کی کۆچه‌ریه بۆ تۆ ..
یه‌کسانم به به‌رچنه‌یه‌ک ترێ له ژێر سێبه‌ری ڕه‌زێکی تۆدا !
ئاه .. ئه‌ی قه‌ره‌جترین شیعر
چۆ‌ن به‌رزه فڕ نابیت به‌سه‌ر سه‌رده‌م و دوکه‌ڵ و
له ناو دڵی مندا
له ده‌ور و زه‌مانێکدا
که نوسینه‌کان پڕن له تانک و ده‌بابه‌ی
هێرش کردنه سه‌ر ده‌ڤه‌ره ساده و پاک و خه‌واڵووه‌کان ..
که نوسینه‌کان جاده‌ی قیرتاوی ناو قه‌دی که‌ژ و کێوه‌کانی سه‌رسه‌ختین
بۆ گواستنه‌وه‌ی هه‌زاران جه‌ندرمه‌ی دڕ و بۆ قڕ کردنی میله‌تێک
که ده‌یه‌وێت بێت و بڵێت :( منیش هه‌م !)
که نوسینه‌کان ئاسمانێکی ڕوونن
بۆ ڕه‌ت بوون و به گژدا چوونی فڕۆکه شه‌ڕکه‌ره‌کان ،
له‌گه‌ڵ ئه‌و کۆتره شینکانه‌ی زاده‌ی شینایی ئاسمانن و
له‌گه‌ڵ ئه‌و ته‌یر و ته‌واڵانه‌ی ،
خوێنی شاده‌ماری مانای که‌ژ و کێون ..
له‌گه‌ڵ ئه‌و گژو گیا و قه‌رسیلانه‌ی
به‌ڕاستی و به‌بێده‌نگی جوانن و
خودا بۆ پشوو دان
به‌رده‌وام له‌وێیه ..!
که نوسینه‌کان مه‌یدانی
به‌ردبارانکردنی ڕه‌ت بوونی کچێکی گوڵ فرۆشه
به خۆیی و زه‌میله‌یه‌ک خه‌یاڵی ته‌ڕ و بڕی تازه‌وه
به به‌هانه‌ی ئه‌وه‌ی
گوڵه‌کان وردیله‌ن و .. زه‌وقی مه‌قامی عالیان باڵا !!
ئه‌ی قه‌ره‌جترین به‌ها
ئه‌ی سه‌فه‌ریترین گڕوگاڵ ،
له هه‌موو ڕۆژێک تازه کردنه‌وه‌ی مندا ..
نیشتمان که تازه له لایه‌ن ناپاکیه‌وه ماره‌کرا ،
من و تۆ سه‌فه‌ر و ڕه‌وتی ئه‌به‌دیمان ئاوه‌دان ..!!
ئه‌فسووس نیشتمان ئه‌و هه‌مو نازه‌ی من و تۆی
له ناوچه‌وانی خۆی به‌ستووه و
له شه‌وی سووری ڕۆبۆته‌کاندا خه‌ریکی شه‌ر‌اب نۆشینه ..
هه‌رشه‌وه و ئاهه‌نگێک بانگی ده‌کات و
هه‌ر ڕۆژه‌ی سواڵێکی تازه فێر ده‌بێت . .
نیشتمان گوێی له من و تۆ نه‌گرت ،
که ده‌مانگوت :
مه‌هێڵه هه‌موو که‌س ئه‌سپت زین بکاو
بگه‌ره ئه‌و بڕوایه‌ی
(هه‌رکه‌س سمێڵی زه‌رد بوو شۆڕه‌سوار نیه )
(هه‌رکه‌س زمانی لوس بوو خه‌مخۆرت نیه )
(هه‌رکه‌س سوێندی پێخواردی خزمه‌تکار نیه .. )
نیشتمان ئێمه‌ی شاربه‌ده‌ر کرد
تازه ڕه‌نگه خودا‌ش ده‌ستی له نیشتمان شۆریبێت
تۆ هه‌موو جارێک ده‌ست ده‌گریت به‌ده‌می شیعرمه‌وه و
ناهێڵی هاوار بکه‌م (نیشتمان هه‌ر شه‌وه و له باخه‌ڵی خه‌تایه‌کدایه)
تۆ هه‌موو ڕه‌نگه جوانه‌کانی نیشتمانت ڕشتۆته ناو چاه‌کانته‌وه و
منی وێڵگه‌رد تیایدا وچان ده‌ده‌م ..
وه‌لێ له‌م سه‌فه‌ره‌دا
بنی پێمان ده‌چێت به نوکی به‌رده تیژه‌کانی
سه‌ر ڕێگای دژواری و
سه‌رکۆنه‌ی نیشتمان ده‌که‌ین ..
نیشتمان و خه‌تام بۆ لێک جیا ناکرێته‌وه
نیشتمان که هه‌ر ڕۆژه‌و جه‌سته‌ی (دوعا)یه‌کی خولیای
هه‌نجن هه‌نجن ده‌که‌ن و
بیره‌وه‌ری پڕ ده‌که‌ن له خوێن
که‌چی مته‌ق له ده‌میه‌وه نایه‌ت ..
(عه‌یبترین شت ئه‌وه‌یه به‌شێک له ئاسمان به سیاج بگریت و
بڵێی ئه‌مه هی منه
ته‌یری به‌ڵه‌د و نابه‌ڵه‌دی هیچ که‌سێک بۆی نیه پیایدا بفڕێت )
به‌ڵام هه‌ر ڕۆژه‌و زرته‌بۆرێک سوارسه‌ری نیشتمان ده‌بێت و
ده‌یداته ده‌م ئه‌شکه‌وتی بیرکردنه‌وه‌ی خۆی و
له‌سه‌رچاوچنۆکی خۆی تاپۆی ده‌کات ..
نیشتمان تاقه‌تی چوو هێنده ناکه‌س به‌چه
له خۆی دوور بخاته‌وه
مێشکوژه‌که‌ی فڕێ داوه‌ته ئه‌ولاوه و
ئامانه‌ته‌کانی خۆی داوه به کتێبه‌کان و
وه‌سێتی دواینی خۆی بۆ بێزاری نه‌وه‌کانی
له بێده‌نگیدا نوسیه‌وه ..
ئێستا نیشتمان له شه‌وێک ده‌چێت
گڵۆپی هیواکانی کوژاندبێته‌وه و
له قوژبنێکی بێکه‌سیدا سه‌ری نابێته‌وه ..
له به‌ر به‌یانێک ده‌چێت
که له بێڕه‌حمی له‌شکری عه‌جه‌م جێمابێت .
تا غه‌در حه‌ز بکات نیشتمان مه‌لول
ده‌ڵێی خۆڵی مردووی پیا کراوه .
ئێستا ئیتر نیشتمان وه‌ک جاران له سوێی بانیژه‌وه
چاو بۆ هاتنه‌وه‌ی کوڕه‌کانی ناگێڕێت له قۆڵی شۆڕشه‌وه ..
چاو بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی کۆتره سپیه‌کانی ناگێڕێت
به‌سه‌ر له‌پی وه‌رزه‌کانی به‌ڵێنه‌وه
به‌ڵێنی کوڕه‌کانیه‌وه ..
ئێستا نیشتمان ناوێرێت سه‌رژمێری کچه‌کانی بکات و
وه‌ک جاران بڵێت :
(کاڵێ) دیار نیه .. کێتان له‌سه‌ر کانی بوون ،
ئه‌وتان له‌وێ نه‌دی؟
ڕه‌نگه پێی له خه‌یاڵی (کورده) گیر بوبێت و
گۆزه‌ی له‌سه‌ر شان به‌ربوبێته‌وه ..
نیشتمان ڕووی نایه‌ت بڵێت : کوا شه‌وبۆ م
کوا مهاباد و کوا دوعا و
کوان ، کچه شیرینه‌کانی ترم کوان ؟
نیشتمان که ڕۆژی جومعه‌ی لێ دێت
ڕووی نایه‌ت له ماڵ بێته ده‌ر و بچێت بۆ زیاره‌تان ..
ڕووشی نایه‌ت له‌گه‌ڵ کچه قه‌یره‌کانیدا بێته به‌رده‌رگا و
له دڵی خۆیدا بڵێت ئه‌ی شاسواری به‌ختی من
حه‌یف دره‌نگی کرد و تۆ نه‌هاتی !!
نیشتمان ئێمه‌شی ئیزندا و
گوتی بڕۆن سوار سه‌فه‌ری خۆتان بن و
ئامان نه‌گه‌ڕێنه‌وه !
نه‌گه‌ڕێنه‌وه .. که من حه‌وسه‌ڵه‌وی ئه‌وه‌م نه‌ماوه وه‌ک جاران
هه‌یوانه گچکه‌که‌ی خۆمتان بۆ گسک بده‌م
که من شوێنێکم نه‌ماوه له به‌ر فڕکان فڕکانی کۆشک و ڤێلاکان
ساباتێکی فێنک له سۆزی دایکایه‌تی ته‌رخان بکه‌م بۆ ئێوه و
بڵێم : وه‌رن جانتا ڕه‌شه‌کانتانی تیا دابنێن و
خه‌یاڵم لای ئه‌وه‌ش بێت
بزانم چیتان به‌دیاری بۆ هێناوم !
ئه‌زیزم ئه‌ی قه‌شه‌نگترین متمانه
له به‌رده‌م ته‌ڵخ بوونی سه‌رجه‌م ئاوێنه‌ی
ڕۆژگاره ڕوونه‌کانی هاودڵی
له مندا تۆ هه‌تا خوا حه‌ز بکات پیامدا بڕۆ
به‌ره‌و به‌رزاییه سه‌ر به‌ته‌مه‌کانی سکاڵا ..
به‌ره‌و لوتکه‌ی چیا سه‌ر به‌به‌فره‌کانی تێڕامان
که ئیتر نیشتمان که‌پرێکیشی پێ نه‌ماوه
بۆ ئۆقره گرتنی ئینتیما..
ئه‌زیزم منیش له‌به‌رده‌م ئه‌م هه‌موو خه‌زانه‌ی
هه‌موو جارێک سۆزه پێگه‌یوه‌کانم ده‌وه‌رێنێت و
ده‌مکات به نامورادترین فه‌ڕشی دنیا له ئاست
ده‌رنه‌که‌وتنی ئازیزانم به‌سه‌ر وه‌ختی خه‌مۆکیما
به‌ختی خۆم له دۆزینه‌وه‌ی
هه‌نگوینی ترین پێکه‌نینی تۆدا تاقی ده‌که‌مه‌وه
که ناو ده‌می ژیان زۆربه‌ی جار ده‌ڵێی ژاری ماره !
وه‌ک که‌مدووترین پیاوی دنیا
به‌لای ژاوه‌ژاوی ڕۆژگاره زۆربڵێکاندا ،
له‌گه‌ڵ بادا ده‌ڕۆم و .. ڕێگایه‌کی تۆ ده‌گرمه به‌رو
پرس ناکه‌م له‌وه‌ی که‌ی ده‌گه‌مه به‌رده‌م پرشنگدانه‌وه‌ی
خشڵی پڕ به‌های ناسکیت
که خۆره‌تاو به شانازیه‌وه ،
هه‌میشه شیعری پێ ده‌نوسێته‌وه ..
ده‌ڕۆم و به‌ده‌م ڕێگاوه
له به‌رده ورده ڕژاوه‌کانی ئه‌و ناوه ورد ده‌بمه‌وه و
ده‌گه‌مه ئه‌و بڕوایه‌ی هه‌ر به‌ردێک و قسه‌یه‌کی مه‌ییوی
ئه‌و دوو ڕێبوارانه‌ن که ڕۆژێک له ڕۆژاندا
به دوای چاره‌نوسی خۆیاندا لێره‌وه ڕه‌ت بوون ..
هه‌رچی به‌ردێکی ڕه‌شی دنیایه
نائومێدی ئه‌و که‌سانه‌ن له به‌رده‌م کابوسی شه‌وه یه‌ڵداکانی خۆیاندا
له تاوێری لوتکه به‌رزه‌کانی سه‌بره‌وه هاڕه‌یان کرد و
ڕژانه ئه‌م ناوه ..
ئه‌م به‌رده لوس و پوله‌که‌ییانه‌ش
ئه‌و ماسیه ڕه‌نگاوڕه‌نگ و جرپنانه‌ی خه‌یاڵی منن
که له حه‌وزی نه‌شمیله‌یی تۆوه خزان ..
بیره‌وه‌ری به‌رد له گێڕانه‌وه نایه‌ت
له ناو بیره‌وه‌ری به‌ردا به‌ر له‌هه‌ر شت
چاوت به خۆ مه‌ڵاسدانی من ده‌که‌وێت ڕوو به گه‌رده‌لوول
که له‌وه‌ته‌ی هه‌م هه‌وارم لێک هه‌ڵده‌وه‌شێنێت
به‌رد و کورد
دوانه‌ی مانایه‌کن .. سانا نیه لێک جیا کردنه‌وه‌یان
به‌رد نه‌بێت ئێستاش کورد پشتیوانێکی نیه
که کورد پێی له نه‌گبه‌تیه‌کانی خۆی گیر ده‌بێت و
هه‌ڵده‌خلیسکێت وده‌که‌وێته که‌نده‌ڵانه‌کانی مێژوه‌وه
بۆ هه‌ستانه‌وه ده‌بێت هه‌ر ده‌ست
به به‌رده‌وه بگرێته‌وه ..
ئه‌ی قه‌ره‌جترین مه‌ئوا
له دوره ده‌ستترین خۆزگه‌ی منه‌وه ،
له نزیکترین داڵغه‌ی به‌رده‌وامی ڕۆحم
کوا شوێنێک ماوه ناشیرینی نه‌یخستبێته ژێر ده‌سه‌ڵاتی
قه‌ڵه‌مڕه‌وی خۆیه‌وه و شیاوی ئه‌وه بێت
تۆ ده‌واری تیا هه‌ڵده‌یت ..
به‌ردێک له په‌نجه‌ره‌ی ته‌نهاییم بگره و
ده‌رگام سه‌رگازی پشت بخه‌م ..
چوون ده‌زانم هه‌میشه له‌ناو که‌مدوویی مندا
ده‌چیته پشت په‌رده‌ی ئاڵ و واڵای خه‌یاڵم و
ده‌ڵێی وای چ گه‌رمایه‌کی نه‌خۆش به‌ربۆته گیانی ده‌ره‌وه و
که‌م سێبه‌ر ماوه ته‌ڵه‌یه‌ک نه‌بێت له لایه‌ن دۆزه‌خی ڕۆژگار‌ه‌وه
بێدودڵی خۆت داده‌که‌نی و
به جله‌کانی ژێره‌وه‌ته‌وه ڕاده‌کشێیت و
پشوو ده‌ده‌یت و
سه‌رخه‌وه‌کانت ده‌شکێنیت ..!
ده‌زانم دوایش هه‌رچۆنێک و بۆ هه‌ر کوێ ده‌چیت
ئه‌وناوه پڕ ده‌بێت له پوله‌که‌ی زێڕینی شیعر
که له‌زه‌رده‌خه‌نه‌کانته‌وه و له چاوانته‌وه ده‌وه‌رێن ..
من ده‌مێکه خۆم به کۆکردنه‌وه‌ی ،
عیشوه‌کانته‌وه خه‌ریک کردووه ..
ئه‌ی ته‌ڕترین مانای وجودم
ده‌ترسم ڕۆژێک له تینوێتی تۆدا بخنکێم
ئاو به خۆیدا بشکێته‌وه و
هیچیشی له ده‌ست نه‌یه‌ت !
ده‌ترسم مردن نامه‌ردانه ده‌ستی خۆیم لێبوه‌شێنێت و
هێشتا ئاوڕم له گرینۆکترین مناڵیم نه‌دابێته‌وه ،
تا چۆڕێک ئومێدی نزیک بونه‌وه‌ت
به سواری فێنکترین شیوباوه
بکه‌م به‌ده‌میه‌وه و
ژیر بێته‌وه !
ده‌ترسم مردن به‌ر له هاتنی خۆی
به سه‌ڵیه نائومێدی بگرێته توانا و بڕستی هه‌نگاوه‌کانم و
پڕم بکات له ته‌رمی شێواوی هه‌وڵ و
هه‌ر ڕۆژ‌ه و له پرسه‌ی موچوڕکێکی خوێن شیرینما
ڕیشی حوزنم پێ بهێڵێته‌وه ..
ده‌ترسم تۆ له‌به‌رده‌ممدا هێنده دوور بیت
دڵم پێ به‌سه‌ر ناسکترین ئاوێنه‌ی بڕیارمدا بکێشێ و
چاوم له‌وه نه‌بێت نزیکیت ورد‌و خاش ده‌بێت ..
ئێی قه‌ره‌جترین موسافیر
به‌ناو ده‌ڤه‌ری پان و پۆڕی خه‌وبینینی مندا
که هه‌رده‌مه‌و کازیوه‌ی به‌یانێکمی و
فریشته‌کانی جوانی واق وڕماوانه باست ده‌که‌ن و
ده‌ڵێن : ئه‌مڕۆ بینیمان لێره‌وه ڕه‌ت بوو
سڵاوێکی لێ کردین و
خۆره‌تاو له خۆشی‌دا ده‌ستی کرد به لێسانه‌وه‌ی
شوێن پێکانی ..
ئه‌ی قه‌ره‌جترین په‌نا
به‌رله‌وه‌ی ناهه‌قی له‌مه زیاتر پیامدا هه‌ڵشاخێت
به‌رله‌وه‌ی دنیا به هه‌ردوو پێی زه‌به‌لاحیه‌وه
بێته سه‌ر سه‌ری خه‌وبینینم
به‌رله‌وه‌ی مه‌رگ بێت و له ژیانم بڕفێنێ
من توندتر چنگ له عه‌شقت گیر ده‌که‌م
وه‌لێ به‌رله‌وه‌ی ئومێدم بکه‌وێت به‌ده‌ما
بهێڵه دواجار دڵم ،
خۆی به تۆوه بگرێته‌وه .
چونکه ئێستا له‌سه‌ر لوتکه‌ی شاخی ئه‌م شیعره‌وه
ڕاوه‌ستاوم و
ده‌زانم ئێستا نا تاوێکی‌تر
زه‌مه‌ن پاڵێکم پێوه ده‌نێت و ده‌که‌ومه خوار
له هه‌موو حاڵه‌تێکدا مه‌رگی خۆمم لێوه دیاره
ته‌نها مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی ،
بکه‌ومه ناو
ڕوباری په‌مه‌یی ماچته‌وه .......
....................................
* چوارتا : مه‌به‌ست له قه‌زای چوارتایه
له ناوچه‌ی شارباژێڕ .
* دڵه : مه‌به‌ستم (دڵشاد ئه‌حمه‌د) ی
ئامۆزامه که له پۆله‌کانی خوێندنی سه‌ره‌تاییدا پێکه‌وه بوین و حاڵه‌تی
خوێنپژانی لوتی ئه‌و به هۆی لێدانی مامۆستاوه بۆ هه‌میشه له
بیره‌وه‌ریمدایه.
هۆڵه‌ندا
کۆتایی 2007
rebazmahmud@hotmail.com
|