په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\١٠\٢٠١١

قەرەیلان: راگەیاندنەکانی تورکیا راستیەکان دەشوێنن و پێچەوانەیان دەکەنەوە.



سەرۆکی کۆنسەی بەرێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان کەجەکە موراد قەرەیڵان لە سەر کۆمەڵکوژی باتمان کە لە لایەن ھێزەکانی پۆلیسی دەوڵەتی تورک پێکھات، قسەی بۆ ئاژانسی دەنگووباسی فورات کرد.

سەرۆکی کۆنسەی بەرێوەبەری کەجەکە موراد قەرەیڵان لە سەر کۆمەڵکووژی باتمان، وڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی دەنگووباسی فوراتی دایەوە.

قەرەیڵان پرسەی و سەرخۆشی لە بنەماڵەکانی "دوورو"، فەتحوڵا تۆکای و دوو گەریلای ھەپەگە کە لە باتمان گیانیان بەختکردبوو کرد و ھەروەھا داوای چاک بوونەوەی بۆ "تەلعەت دووروو" کچەکەی "شەیما" کرد.

قەرەیڵان قسەی شاھیدان، دیمەنی رووداوەکەی و لێدوانەکەی ھەپەگەی بە بیرھێنایەوە و گووتی؛ سەرەڕای ئەوەی کە راستیەکان ئاشکرایە، بەڵام دەوڵەتی تورک ھەوڵ دەدا کە کۆمەڵکووژەیەکی دیکە پەردەپۆش بکات و بیخاتە ئەستۆی تەڤگەری ئازادی گەلی کورد.

قەرەیڵان لە دژی شەڕی تایبەتی راگەیاندنەکانی دەوڵەتی تورک بەو شێوەیە نارەزایی نیشان دا:" راگەیاندنەکانی تورکیا کە فرمێسکی "تیمساح" بۆ مردووانی کورد دەرژێنن، بە شێوازی چەپەڵ ھەوڵی رەش کردنی تەڤگەرەکەمان دەدا. ھەم کوردان دەکووژن، ھەم ئەو رووداوانەی دەخەنە ئەستۆی کوردان، بەو شێوەیە تەڤگەری ئازادی گەلی کوردیان کردووتە ئامانجێ ھێرشەکانیان. راگەیاندنی ھیچ وڵاتێک ھێندەی راگەیاندنی تورکیا کە خاوەن زیھنیەتێکی داگیرکارین، راستیەکان بە پێچەوانەوە نیشان نادەن.

قەرەیڵان دەسنیشانی کرد کە ھێندەی دەوڵەتی تورک و حکوومەتی ئاکەپە، راگەیاندن و چاپەمەنی تورکیاش لە بەردەوام بوونی شەڕ دا تاوانبارن.

موراد قەرەیڵان دەسنیشانی کرد کە ھەندێ ڕۆژنامە بە تایبەتی دوژمنایەتی گەلی کورد دەکەن و وەکوو نموونە ئاماژەی بە ڕۆژنامەی "تەرەف" کرد و گووتی:" من بە تایبەتی بانگ لە رۆژنامەی "تەرەف" دەکەم کە واز لە گەلی کورد بێنێ. ئەم رۆژنامە بە کۆکردنەوەی ھەندێ" ئیعتراف کار‎" و "چەتە" لە دەورووبەری خۆی، بە وەشانێکی گێرەشێوێنانە، رێگا لە کارەساتی مەزن دەکەنەوە. ئەو ڕۆژنامەیە ئەرکی ئاژاوە گێری و پاک نیشان دانی ئاکەپەی وەئەستۆ گرتووە. مادام ئێوە لە بەرامبەر رەوشێ منداڵان دا ھێندە ھەستیارن، بۆ چی لە بەرامبەر کۆمەڵکووژ کردنی ٤ منداڵ، ژنی دووگیان و بە گشتی ٧ کەس کە لە قەدنیل گیانیان کە دەست دا بێدەنگ بوون؟ ئەوەیە مرۆڤایەتی ئێوە؟ ئەوەیە ویژدانتان؟ ئەوە ھێڵی وەشانی ئێوەیە؟"

سەرۆکی کۆنسەی بەرێوەبەری کەجەکە رایگەیاند، ئەگەر ڕاگەیاندنەکانی تورکیا پێشتر ھەواڵی راستیان بڵاو بکردبایەوە، ئەوا رووداوی وەکوو ئەوەی باتمان رووی نەدەدا و گووتی؛

چاپەمەنی پۆلیس جێگای چاپەمەنی ژنراڵەکانی ئەرتەشی گرتووەتەوە. چاپەمەنی تورکیا لە ڕەوشێکی وەھادایە. لە ئاستێکی گرینگ دا شەڕ لە کوردستان بەرێوە دەبات. ساڵانی ١٩٩٠ چاپەمەنی لە دەستی ژنراڵەکانی تورکیا دا بوو و ئێستا ئەو چاپەمەنیە کەوتووتە دەست پۆلیسەکان. چاپەمەنی و ڕاگەیاندنەکانی تورکیا کردەوەکانی پۆلیس لە رای گشتی دەشارنەوە و بەو شێویە بوون بە شەریکی پێکھاتنی کۆمەڵکووژیەکان لە کوردستان."

سەرۆکی کۆنسەی بەرێوەبەری کەجەکە موراد قەرەیڵان ھەڕەشەکانی سەرۆک وەزیری تورک ئەرۆغان لە ئەندام و لایەنگرانی بەدەپەی وەکوو راگەیاندنی شەڕ ناودێر کرد.

قەرەیڵان قسەکەی ئەردۆغان کە گووتبووی" لە بەر مردنی مرۆڤەکان دڵ دەسووتێ" بە بیر ھێنایەوە و گووتی؛

" ساڵێک بەر لە ئێستا تۆ بووی کە دەتگووت با" دایکان ئیدی نەگرین" و ھەر بە بە فەرمانی تۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکان بەردەوام بوون و دڵی دایکانی کورد سووتا. تۆ باسی سووتانی دڵەکان دەکەی، بەڵام ھەموو کەسێک دەزانێ کە دڵی تۆ لە بەر مردنی مرۆڤەکان ناسووتێ. تۆ ھێزە چەکدار و کووژەرەکانی خۆتت لە گۆرەپانەکان جێگیر کردووە و کوردستان بۆمباران دەکەی. ئایا ئەو مرۆڤانەی کە منداڵەکانیان دەکووژری، دڵیان ناسووتی؟"

قەرەیڵان رایگەیاند ئاکەپە رووداوەکی سێرت بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکار دەبا و گوتی:

" ئەگەر داوای لێبووردنیان کرد ئەوە نیشانەی ئازای و جوامێری ئەوانە. فەرموو ئێوەش لە بەرامبەر ھەڵەکانتان داوای لێبووردن بکەن."

قەرەیڵان وڵامی قسەکەی ئەردۆغان کە گووتبووی" لە دژی تیرۆر تێکۆشان و لەگەڵ سیاسەتمەداران دا گفتووگۆ" وەکوو دووڕووی ناودێر کرد و دەسنیشانی کرد کە ھۆکاری پچرانی چاوپێکەتنەکان لەگەڵ دەوڵەت، ئۆپەراسیۆنەکانی لەناوبردنی سیاسیە.

سەرۆکی کۆنسەی بەرێوەبەری کەجەکە موراد قەرەیڵان لە دژی ئۆپەراسیۆنەکان پەیامی بەھێز کردنی بەرخۆدانی دا و گووتی:

" ئەم جارە لە پیرسووس ھێرشیان کردە سەر شارەداری. دەسگیرکردن و دەسبەسەرکردنی جێگری شارەدا و بەرێوەبەرانی شارەداری زۆر سەرنج راکێشە. بەڵام نەخەڵکی قارەمانی پیرسووس و نە خەڵکی کوردستان لە بەرامبەر ئەو ھێرشانەی ئاکەپە پاشەکشە ناکەن. دەبێ ھەموو کەسێک لەم تێکۆشانە شکۆدارەدا بەشدار بێ و شوێنە خاڵیەکان بە پەلە پڕ بکرێنەوە. ئەوە ئەرک و بەرپرسیاری ھەموو خەڵکی وڵاتپارێزی کوردستانە."

موراد قەرەیڵان گەرانەوەی پارلەمانتارانی بەرەی ڕەنج، ئازادی و دیموکراسی بۆ پارلەمانیشی ھەڵسەنگاند.

قەرەیڵان سەرەتا ئاماژەی بە رێزگرتن لەو بڕیارە کرد و دەسنیشانی کرد کە راگەیاندنی بیروڕای گەلی کورد لە پارلەمان دا زۆر گرینگە.

قەرەیڵان بەو شێوەیە بەردەوام بوو:

" ئەگەر مرۆڤ لە پلاتفۆرمێک وەکوو پارلەمان باسی تیکۆشانی ڕەوای گەلی کورد و ھێزە دیموکراتیک خوازەکان بکات، شتێکی ھەڵە نییە. لە چوارچێوەی پەرەدان بە ھەڵمەتی بەرخۆدانی ئێمە لە بەرامبەر سیاسەتەکانی ئاکەپە، پێویستە مرۆڤ بەرتەسکانە بیر نەکاتەوە و تەنانەت بەرێگای دانووستان و گفتووگۆ، ھەوڵ بۆ وەرگرتنی ھەندێ دەسکەوت و ئەنجام بدات.

لەو چوارچێویەدا ئەم بڕیارە بە پێی بەگوڕ کردنی ھەڵمەتی بەرخۆدانی ھەمەلایەنە، ھەڵە نییە. پێویستە ئێمە لەم مژارەدا باوەڕمان بەو دکلەراسیۆن و ئەو بڕیارانە بێ کە بۆ ڕای گشتی و گەلی کورد ئاشکرا کرا.

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک