په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\٧\٢٠١٤

قەسیدەى وێنەیى خەزعەل ئەلماجدى.


و: عەبدولموتەلیب عەبدوڵا


خەزعەل ئەلماجدی خاوەنی کتێبی (عەقڵی شیعریی) لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت: عەقڵی شیعری، عەقڵی چوارەمە، عەقڵێکی شاراوەیە کە عەقڵی مرۆیی بەر لە ھەزاران ساڵ بە دەوریدا خولدەخوات، بەڵام نەیتوانیووە بە دەستی بھێنێت. ئەو دۆزینەوەی من لە دۆزینەوەکەی (ئاینیشتاین) دەکات بۆ رەھەندی چوارەمی زەمەن، ھەر ئەو دۆزینەوەیەش (ئاینیشتاین)ی بەرەو رێژەگەری برد. عەقڵی شیعری رەھەندی چوارەمی عەقڵی مرۆییە. ئەگەر بۆ ھاوکێشەی ستوونی دایکرۆنیء ھێلی سایکرۆنی بگەڕێینەوە کە بنەڕەتی ھەموو چالاکیەکانی عەقڵی مرۆییە، ئەوە دەبینین ستوونی دایکرۆنی نوێنەرایەتی شیعرء نوێنەرایەتی شوێن دەکات، بەڵام بە گشتی ستوونی سایکرۆنی نوێنەرایەتی گێڕانەوە (سرد)ء نوێنەرایەتی زەمەن دەکات. شوێن بە پێوانە لەگەڵ ھونەر باڵەخانەء شێوەکاری دەگرێتەوە، بەڵام شیعر ھێزی زەمانء جێکەوتەی مەکان لەخۆ دەگرێت. ھەروەھا دەڵێت: من دەمەوێت دەقی شیعری بەر رۆحی ئایینی بکەوێت، چونکە من لەو بڕوایەدام کە ئایین لە بنەڕەتدا جۆرێکە لە جۆرەکانی شیعر، ئەو جۆرە شیعرەی کە رەگەکانی بۆ تەقسەکان دەگەڕێتەوەء ھەڵگری کۆمەڵێک لقء بەری میتۆلۆژیاء بیروباوەڕە، بەڵام تۆیەکەی شیعرە. ئەو چەند کۆپلەیەی بەردەستتان بەشێکە لە کۆمەڵە شیعری (قەسیدەی وێنەیی) کە لە ساڵی ٢٠٠١ لە (لوبنان) چاپ کراوە و من کردوومە بە کوردی:


(١)
کاتێ پێدەکەنی
ھەموو پەنجەرەی ماڵەکەم
وردو خاش دەبێ.
(٢)
بەھۆی جوانییەکەی
باڵندەکان لە گۆرانی گوتن دەکەون و
ئەبڵەق دەبن.
(٣)
دەنگی ئەستێرەکان
لەچاوی تۆ
دەبیسم.
(٤)
مەمکەکانت میوەن
ھەر بەدارەوە
دەخورێن.
(٥)
قسە لەگەڵ کەس نەکەی
قسە لەگەڵ ھەور بکە، ئەو ژنەی
کە دواتر دەبارێ.
(٦)
گۆرانییەکەم لە دەمەوە بۆ دڵە
بۆچی گۆرانی لە دەمەوە بۆ گوێچکە دەڵێیت؟
(٧)
شنەی با تەنیا نیە
لەبەر قژت.
(٨)
ئەو تاکە گوڵەی لە زەوی شین نابێ
دەمی تۆیە.
(٩)
تێنوویەتی شار دەکوژێ و
ئاو تەنھا لە جەستەی ژنانە!
(١٠)
کەنار
یان گەردنت
یان ھەردووکیان!!

________________________
سەرچاوە:
(المجلد الاول صدر عن الموسسة العربیة للدراسات والنشر - بیروت ٢٠٠١).
(من مجموعە قصائد الصورة ١٩٩٠).

 

ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک