١٦\٨\٢٠١٤
قەیران، بازارى
رۆشنبیر زیاد دەکا.

هیوا رەسول
گەر بمانەوێت بە شێوازێکى زۆر وورد و لە
لێکۆلینەوەیەکى تێر و پڕ هەردوو کارەکتەرى بەرژەوەندخوازى سیاسى لە
باشوورى کوردستان روون بکەینەوە، کارێکى زۆر ئەستەم و تەمومژاوییە،
ئەویش لەبەر زۆریی پڕۆژە و کارە جادووگەریەکانیان.
من نامەوێت قسە لەسەر کارەکتەرى سیاسى بکەم، لام وابێت هەرچیان لەسەر
بگوترێت، ڕێگایەکە بۆ چوونەناو جیهانی دۆزەخ.
بە تیڕوانینى من ڕۆشنیبر و ڕۆژنامەنووسەکانمان لە رێگاى
تێڕوانینەکانیان کۆى گشتى کۆمەڵگا پەلکێش ئەکەن بۆ دۆزەخ.
دەکرێ ڕۆشنبیر و دەسەڵات لە دوو ئاراستەدا چربکرێنەوە، یەکەمیان
ڕۆشنبیر لە دەرەوەى دەسەڵات پڕۆژەکانى بخاتەڕوو، و هیچ دەستە و ئامانج
و بەرژەوەندییەک لە پشت پێنووسەکەوە نەبێت، بەڵکو ئامانج تیایدا
لێکۆلینەوەیەکى ورد و بە ئەمەک بێت بۆ ئێستا و داهاتوو، نەک تەنیا و
تەنیا هەڵڕشتنى وشە و رستە بێت بۆ بازاڕکردن.
ئاراستەى دووەم، بە پاڵپشتى حیزب و دەسەڵات کار بۆ پڕۆژەکانى بکات، لە
پێناو بەدیهێنانى وڵاتێکى ئارام و سەقامگیر بۆ کۆى گشتى کۆمەڵگا.
کوردستان چەند لەبار بووە بۆ ڕۆشنیبر و ڕۆژنامەنووسان تاوەکو بتوانیت
بۆ پڕۆژەکان و ئامانجە نەتەوەیەکان، تاوەکو ئەو ساتە وەختەش، لە
کوردستان هیچ پێناسەیەک بۆ ڕۆشنبیر نییە،جگە لەوەى کە گوێت لە زاراوانە
دەبێ، کە مرۆفێکى گێرەشێوێن و رەخنەگر و دووڕوویی دژ بە بەرژەوەندییە
حیزبى و حکومیەکان بیر دەکاتەوە. بەڵام بەشێکى پەیوەندى بەو
کەسایەتیەوە هەیە، کە بە ڕاستى مرۆڤێکى دووروو مەرایێکەرە و هێندەى لە
خەمى ئەوە دایە ناوى خۆى وەک ڕۆشنبیر بنووسێ تا ڕۆشنبیرانە وەربگرێت،
یاخود چاپەمەنییەکاندا هەڵاوسانێکى چر بخرێتە سەر پەرتووکەکانى، بۆ
بازارکردن و خۆدەوڵەمەند کردن. یان لە بەردەم فڵان و فیسارى بەرپرسدا
مەراى بکات، خەریکى بازبازێنى حیزبى، بە شێوازێکى مۆدێرن، ئەوەندە
خولیاى تێگەیشتن و قسەکردن و هەڵوێست وەرگرتن لەسەر مەسەلەکان نییە.
بۆیە لەمەوە هیچ جیاوازیەک بەدى ناکرێت ،دەسەڵات داریش باش دەزانێت هیچ
پرۆژەیەکى پێ نییە،تەنیا بۆ بژێوى مانگانەو تاپۆکردنى ستونێک بۆ
رادەربرین بەشێوازێکى مۆدێرنى بەرژەوەندى خواز.
ڕۆشنبیر و دەسەڵات دار لە ڕێگاى کۆمەلێک دەرگاوە ئەڕۆنە ژوورەوە بۆ
بژێوى ژیانى خۆیاندا پێدا گوزەر دەکەن. زۆربەى ڕۆشنبیران و
ڕۆژنامەنووسان وابەستەن بە دەسەڵاتى سیاسیەوە، گەر بتەوێت بە مایکرۆ
شتێک بدۆزیتەوە ئەستەمە.
سیاسیەکانمان تیروانینى خۆیان بۆ کۆمەڵگا کردووەو بە زۆرى زۆردارى
ئەیدەن بە گوێچکەى هەموو تاکێکى ئەم کۆمەڵگایە، بە هەمان شێوازیش
ڕۆشنبیرەکانمان تیروانینى خۆیان ئەکەن بە تاقیگە و پشکنینى هەموو
کۆمەڵگاى پێ دەکەن.
سیاسەکان چى زەویوزارى نایاب و باش و سەرسووچ هەیە کردویانە بە ناوى
نەوەکانیان، چونکە خۆیان کاتى باشیان نییە بۆ بەنا کردن و خۆشگوزەرانى
تیایدا، بە هەمان شێوەش زۆربەى ڕۆشنبیرەکانمان و ڕۆژنامەنووسەکانمان،
زەویە سەرسووچەکانی گۆڤار و ڕۆژنامەیان بە ناوى خۆیانەوە کردووە.
دڵنیام بۆ نەوەکانیشیان جێگایەکى باشى ژیانکردنە تێدا.
لە بەشێکى زۆرى زەوییە سەرسووچەکانی سیاسیەکان بازرگانى تێدا وەستاوە،
بە پێچەوانەوە هى ڕۆشنبیرەکان و ڕۆژنامەنووسەکان ڕۆژانەیە و هێواش و
لەسەرەخۆیە، بۆ پەیداکردنى سامان بە شێوازێکى ئەکادیمیانە.
واتا لە کاتى هەڵاوسانى سیاسیدا بازارى ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووس زیاترە
لەوەى ڕۆژانى ئاسایی، چونکە گۆرانکارى لە تێروانینى سیاسەت و خوێندنەوە
و بازارکردن تیادا باشتر دەگوزەرى، هەڵاوسان دروست ئەبێت و ئەبنە
بارێکى گرانى نائەکادیمى بەسەر ئابووریی کوردستانەوە.
واتا لە ناو ئەم بازار و قسە وتنەدا گۆشە و بابەت و بیروڕا هیتر کاتى
نووسینیان تێدا نابێتەوە، چونکە ئەمانە گشتیان تاپۆى ڕۆشنبیر و
ڕۆژنامەنووسن، ئەمانە خوێنیان داوە لە پێناو ئەو زەوییە روکنانە،
ئەوانە بە درێژایی مێژووى مرۆڤایەتى چاوەروانى کارەساتى مرۆیى و سیاسین،
بۆ دروستبونى هەڵاوسانى قسە و بازارکردن.
ڕۆژنامە ئەبینیت سەرتاپا دیمانە و ڕاپۆرتەکان هى دەستى یەک بازرگانى
نووسینن "ساڵانە بەشێکى بەرچاوى دەرچوى ئەم بوارانە ئەبینیت پێنووس و
ڕۆژنامە و بروانامە ئەدەن بەدەم هیچیدا، چونکە لەم جیهانەی ئەو تیایدا
پەروەردە بووە، جێگایەک نەماوە بۆ ژیانکردن تیایدا، لە کاتیکا
ئەیانبینین پر بە دەمیان هاوار ئەکەن کە کاتى گۆڕینە و دیکتاتۆریەت
بەسەرچووو. بێ ئاگا لەوەى خۆى بووە بە دکتاتۆرى بیر و هەڵاوسان و گۆشە
و بازرگان.
hiwarasulahmad@gmail.com
|