په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\١١\٢٠١٥

قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان و راپەڕینی سەرتاسەریی.


فوئاد زیندانی     

 

لە سایەی دەستبەکاربوونی حکومەتی بەناو بنکە فراوان و قەیرانی سەرۆکایەتی هەرێم ، دیموکراتیەت لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەک بەرتەسککرایەوە تەواوی جومگەکانی پەرلەمان و حکومەتی پەکخست، جگە لەوەش نەبوونی سیاسەتێکی ئابووری دروست ، هەرێمی کوردستانی دووچاری داڕمانی ئابووری کردووە و کاریگەری کردۆتە سەر ژیانی هاووڵاتیانی هەرێم.


لە هەفتەی یەکەمی مانگی ئۆکتۆبەری ڕابردوو خۆپیشاندان و سەرهەڵدان دەڤەری ڕاپەڕین و گەرمیانی گرتەوە بە هۆی توندوتیژییەکانەوە پێنچ کەس شەهید و دەیان کەسی تریش برینداربوون و ژمارەیەک بارەگای حزبی سوتێندران و ئاڵای ژمارەیەک حزب لەسەر داوای خۆپیشاندەران داگیرا ، کاردانەوە جەماوەرییەکان "هۆکار نەبوون بەڵکو ئەنجام بوون " سەلمێنەری ئەو ڕاستیە بوون کە لەهەرێمی کوردستان سیاسەتێكی شکستخواردوو پیادە دەکرێ و هاووڵاتی کراوەتە سووتەمەنی پلە یەکی ئەو سیاسەتە بۆیە ئاساییە بە ڕاپەڕێن و سەرهەڵدانی جەماوەری ئەو سیستەمە ڕابماڵرێ.


لە گەڵ دەستپێکردنی ڕووداوەکان هەنگاوی مەترسیداری نایاسای لەلایەن دەسەڵاتی زۆنی زەرد لەهەرێم پەیڕەو کران ، نووسینگەکانی کەناڵەکانی " ئێن ئاڕ تی ، کەی ئێن ئێن " لەهەولێر و شوێنەکانی تری زۆنی زەرد داخران و کارمەندەکانی نووسینگەی هەردوو کەناڵەکە ڕاپێچی ناوچەی دێگەڵەکران ، ڕێگا نەدرا سەرۆک پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە شارۆچکەی پردێ بەرەو هەولێر بچێت ، هاوکات بەشێوەیەکی مارەسۆنی ژمارەیەک وەزیر لەناویاندا وەزیری پێشمەرگە بەشێوەیەکی نایاسایی ڕەوانەی ماڵەوە کران ، لەوکاتەوە لەهەرێمی کوردستان پەرلەمان و تەنانەت هیچ دەزگایەکی شەرعی نەماوە ئیفلیج نەبووبێ.


هەرێمی کوردستان لە دژی داعش لە شەڕ دایە ، دەسەڵاتدارانی هەرێم لە لێدوانەکانیاندا شەڕی داعش بۆ بەرژەوەندی شەخسی و حزبی خۆیان بەکاردێنن، دەڵێن ئێمە شەڕ لەپێناو پاراستنی دیموکراسیەت و مرۆڤایەتی دەکەین ، ئەوە لەکاتێکدایە هەموومان دەزانین بارودۆخی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و عەدالەتی کۆمەڵاتیەتی لەسایەی ئەو دەسەڵاتەی هەرێم چۆنە و لە چ دۆخێکدایە ، ڕووداوەکانی ئاماژەمان پێکرد باشترین بەڵگەن.


هەموو تاکێکی هەرێمی کوردستان دەزانێ ڕۆژانە نەوت دەفرۆشرێ و داهاتەکەی دەدزرێ . دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لەسەدا ٢٢٪ی نەوتی عیڕاق دەفرۆشێ بەڵام پرسیاری هاووڵاتیان ئەوەیە ئەی بۆ سەدا ١٧٪ی بودجەی هەرێم دابین ناکرێ ، تەنانەت مووچەی هاووڵاتیانی پێ دابینناکرێ ، پارە و داهاتی نەوت و داهاتەکانی ناوخۆ بۆ کوێ دەڕوا؟؟


لە هەرێمە پڕ قەیرانەکەدا ماوەی (٢٤) ساڵە هەمان گرووپ و لایەن دەسەڵاتدارن ، لەهەموو ڕۆژگارێکدا گیرفان پڕ کردن لای ئەو دەسەڵاتە لەسەروویی هەموو بەرژەوەندییە ئەخلاقی و نەتەوەییەکان بووە ، شەڕی براکوژی ، بەکرێگیراوی و سەپاندنی هەژموونی ئێران و تورکیا بەسەر هەرێمی کوردستان ، درۆکردن لەگەڵ جەماوەر ، تیرۆری سیاسی ، کوشتنی ڕۆژنامەنووس ، سەروەرنەبوونی یاسا ، بێباکی بەرامبەر بە کۆچی گەنجان ، دوو ئیدارەیی ، سیاسەتی مەحسوبیەت و مانەوە لە جومگەکانی دەسەڵات تا مردن و پەیڕەو کردنی سیاسەت بە عەقڵیەتێکی خێڵەکی و قورخکردنی دەسەڵات و تاڵانکردنی سامانی پەتڕۆڵ و ناڕوونی لە داهات بووە بە کاراکتەری نەگۆڕی حزب و تاقمی دەسەڵاتدار.


هەڵەیەکی مەزنە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان تەنیا بە بابەتی مووچە گرێبدەین ، هەروەها هەڵەیەکی مەزنترە ئەگەر قەیرانەکان لە ناکۆکیەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان کورت بکەینەوە و واتێبگەین قەیرانەکان بە گەڕانەوە بۆ دۆخی پێش خۆپیشاندانەکانی (9)ی ئۆکتۆبەر و ڕووداوەکانی بەر لە (12)ی ئۆکتۆبەر و گەڕانەوەی سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکان بۆ پۆستەکانیان ئەوا کێشەکان چارەسەر دەبن و قەیرانەکان کۆتاییان پێدێت ، چونکە کێشە ڕاستەقینەکان بریتین لە دەیان قەیرانی کەڵەکە بووی درێژخایەن کە گرنگترینیان قەیرانی سەرۆکایەتی (هەرێم) ە هەروەها قەیرانەکانی دەستوور و ئابووری و هتد ... جگە لەوانەش قەیرانی عەقڵیەت و ئیدارەکردن هەیە ، ئەوەی بەرامبەر بە سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکان ڕوویدا ، ڕابردوویەکی مەترسیدارە ڕەنگە هەر فراکسیۆن و لایەنێکی سیاسی بە هەمان هۆکار لە داهاتوودا دووچاری هەمان بویەر ببێتەوە ، لەبەرئەوەی فەرهەنگی دیموکراسی و دەستبەرداربوون لە دەسەڵات لەلایەن سەرکردەی حزبە کلاسیکیەکانی هەرێمی کوردستان هێشتا دروستنەبووە و ڕێز لەیاساکانی پەرلەمان ناگرن بۆیە گەڕانەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم واتە خاڵی " سفر" هەموو کاتێک لە ئارادایە ، ئەوەش بۆتە هۆی لەکەدارکردن و شێواندنی وێنەی ئەزموونی هەرێم لە جیهاندا هاوکات بۆتە هۆی لاوازبوونی پێگەی هەرێم بەرامبەر بە حکومەتی ناوەندی ، ئێستا داواکاریەکانی حکومەتی هەرێم لە حکومەتی ناوەندی لە پرسی بودجە و بابەتی دارایی سنوردارکراوە و بابەتە نەتەوەییەکان لەبیرکراوە.


پێنچ حزبەکەی بەشدار لە حکومەت توانای چارەسەرکردنی قەیرانەکانی هەرێمی کوردستانیان نییە . پێش قوڵبوونەوەی قەیرانەکە و ڕوودانی ڕووداوەکانی (12)ی ئۆکتۆبەر ، " جەمیل بایک " هاوسەرۆکی دەستەی بەرێوەبەری (کەجەکە) لە کۆتایی مانگی ئەیلولی ڕابردوودا واتە پێش خۆپیشاندانەکانی دەڤەرەکانی ڕاپەڕین و گەرمیان ، لەدەستپێشخەریەکدا ئاماددەیی هاوکاری و پشتیوانیکردنی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند ، ( بایک) ئەو کات ئاماددەیی دەربڕی بێن لەگەڵ هەرێمی کوردستان هاوکار و پشتیوانبن بۆ چارەسەری کێشە و قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان . دەبوایە ئەو دەستپێشخەرییەی هاوسەرۆکی کەجەکە لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێم بەهەند وەربگیرابا ، چونکە لایەنەکانی ناکۆک کاتێک خۆیان توانای چارەسەریان لە چوارچێوەی یاساکانی پەرلەمان نەبێ ، باشترە دەستپێشخەری لەو شێوەیە قەبوڵ بکەن.


بۆ ئەوەی ئەزموونی هەرێمی کوردستان لەبار نەچێت لایەنە سیاسیەکانی هەرێم پێوویستە پابەندبن بە یاساکانی پەرلەمان کە خۆیان بەشداریان کردووە لە دانانی خودی ئەو یاسایانە ، بەڵام ئەگەر ڕێز لەیاساکانی پەرلەمان ناگرن و پێداگریدەکەن لەدەرەوەی پەرلەمان چارەسەرێک بدۆزنەوە ، ئەوا دەتوانن داوای هاوکاری و پشتیوانی لە کەجەکە بکەن ، داواکاری لەو شێوەیە جگە لەوەی دەبێتە هۆی چارەسەری قەیرانەکان ، هاوکات دەبێتە هۆی یەکڕیزی ناوماڵی کورد لە ئاستی کوردستانی مەزن و ڕێگا بە ووڵاتانی داگیرکەری کوردستان نادات دەستوەردانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بکەن.


پێوویستە ئاماژە بەو ڕاستیە بکرێ ، کەجەکە بەشێوەیەکی دوور بین ئەوە جاری دووەمە پێش ڕووداوەکان دەکەوێ لە کاتی گونجاو پێشنیار و دەستپێشخەری دەکات ، یەکەم جار : پێش داگیرکردنی شەنگال لەلایەن تیرۆریستانی داعش ، کەجەکە داوایکرد شەنگال بپارێزرێ و هێزەکانی گەریلا ڕەوانەی ناوچەکە بکات . دووەم جار : لەکۆتایی مانگی ئەیلولی ڕابردوو بەر لە ڕووداوەکانی مانگی تشرتنی یەکەم – ئۆکتۆبەر ئاماددەیی دەربڕی بۆ هاوکاری و پشتیوانی چارەسەرکردنی قەیرانەکانی باشوری کوردستان . بەداخەوە هونەری گوێگرتن لای دەسەڵاتدارانی هەرێم لاوازە و کورتبینی سیاسی و لەخۆباییبوون زاڵە ، بۆیە هەردوو جار پێشنیارەکان بەهەند وەرنەگیران و هەمووشمان ئەنجامەکانمان دیت چۆن بوون.


چارەسەرنەکردنی قەیرانی سەرۆکایەتی هەرێم لە داهاتوودا دەبێتە هۆی دووبارە سەرهەڵدانەوەی کێشەکان ، هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بێزاربوون لە سوڕانەوە لەناو بازنەیەکی بەتاڵی پێنچ حزبی خاوەن بنکە قەیرانی فراوان ، پێنچ لایەن بە ڕۆژ شتێک دەڵێن بە شەو پێچەوانەکەی دەکەن ، بە تیۆری باسی شتێک دەکەن بە پراکتیک شتێکی تر ئەنجامدەدەن !! ئەوەش بۆتە هۆی دروستبوونی پاڵەپەستۆیەکی دەروونی زۆر لەسەر هەر تاکێکی هەرێمی کوردستان ، هاوکات لایەنە ناکۆکەکان لە ڕێگای ڕاگەیاندنی حزبی و مەکینە ئیعلامیە زەبەلاحەکانیانەوە هەلپەرستانە بەردەوام هەوڵدەدەن هەڵوێستی ڕاستەقینەی هاووڵاتیان بەلاڕێداببەن و بیانخەنە ژێر کاریگەری خۆیان و قەیرانە سەرەکی و بنچینەییەکان لەبیری خەڵک ببەنەوە ، بۆیە بێئومێدی و بێ باوەڕی لەلایەن جەماوەری هەرێمی کوردستان گەیشتۆتە لووتکە.


ئەو پێنچ حزبە دەبێ ئەو ڕاستیە بزانن ڕاپەڕینی جەماوەریی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و شەقام دوا بڕیاری خۆی دەدات و ئەو سیستەمە ڕادەماڵێ، ئەوەش بابەتێکی زانستی فیزیاویە " پاڵەپەستۆ زیاد بێت تەقینەوە ڕوودەدات "، خەڵکی هەرێمی کوردستان سەرۆکێکی لاوازیان ناوێت کە پاڵپشتی یاسای نەبێ و بێلایەن نەبێ و توانای ئیدارەکردنی قەیرانەکانی نەبێت ، حکومەتێکیان ناوێ ئیفلیج بێ و سەرقاڵی شەڕەقۆچانێی حزبی بێ و لەبری خۆشگوزەرانی ، دەردەسەری و نەهامەتی بۆ کۆمەڵگا دەستەبەر بکات ، پەرلەمانێکیان ناوێ بەهەوەسی حزب ببێتە گۆڕەپانی ململانێی و گاڵتەجاڕی و سوکایەتیکردن بەیاسا.


لەئاستی نیودەوڵەتیش دوای رووداوەکانی مانگی ڕابردوو وێنەی دەسەڵات و ئەزموونی هەرێمی کوردستان زۆر ناشیرین بووە ، تەنانەت دەسەڵاتدارانی هەرێم دەبێ پێشبینی ئەوەبکەن بەردەوامبوونی دۆخە نا شەرعیەکە دەبێتە هۆی پاشەکشەی یارمەتییە نێودەوڵەتیەکان لە شەڕی بەرەنگاربوونەوە لە دژی داعش ، چونکە ووڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا ئامادەنین مامەڵە بکەن لەگەڵ دەسەڵاتێک کە پاڵپشتی یاسایی نەبێت.


لەکۆتاییدا دوای ئەوەی کۆبوونەوەکانی دوو قٶڵی و سێ قۆڵی و چوار قٶڵی و پێنچ قۆڵی کە لەناوەڕۆکدا یەک قۆڵێ بوون وەک یارییەکی تاک گۆڵی نمایشکرا و بێئەمجامبوو، ڕاپەڕینی سەرتاسەریی جەماوەری هەرێمی کوردستان بۆ کۆتاییهێنان بەو سیستەم و دەسەڵات و ناعەدالەتی و قەیرانە کەڵەکە بووە لە ڕێگادایە.


 

fuadzindani@yahoo.de


 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک