٩\٧\٢٠١٠
قەیرانی چەپ و
کۆمۆنیست لە کوردستان.

پشتیوان کەریم گەڵاڵى
دیارە لەدووای ساڵى 1990 ە وە لە دنیادا بەگشتی
حزب و رێکخراوە چەپ و کۆمۆنیستەکان زۆربەى زۆریان توشی لێکترازان و
فەوتان و گۆڕینی ناو و بەرنامە بوونەوە .
زۆربەى سیاسیەکان پێیانوایە هەرەسهێنانى بلۆکی شەرق کە سۆڤیەت
سەرچاوەکەیبوو کاردانەوەی ڕاستەوخۆی هەبوو لەسەر ئەو حزب و ڕێکخراوانە،
بەڵام پاش نزیکەی 20 ساڵ بەسەر شکستی کۆمۆنیزم ئەم بزوتنەوەیە
وەک دەبینین و دەبیستین لێرەو لەوێ حزب و رێکخراوەکانى سەر بەم ڕەوتە
قەیرانە ناوخۆییەکانیان قوڵتر دەبێتەوە . ئاستى جەماوەریشیان دابەزینی
بەرچاوی بەخۆوە بینیوە . لە هەمان کاتیشدا هەر حزبە و لێکدانەوەی
جیاوازو ئۆباڵەکەی دەخاتە ملی ئەوانى تر.
من لێرەدا زنجیرەیەک چاوپێکەوتنم ئەجامداوە لەگەڵ هەندێک لە ڕابەرانى
ئەو حزب و ڕێکخراوانە بۆ ئەوەی بزانین تێڕوانینیان بۆ وەزعى کوردستان
هۆکاری ئەو قەیرانانە چیە کە ئەم بزتنەوەی لێدەرباز نابێت هەرچەندە
زۆربەشیان پێیان وانیە کە شتێک هەبێت ناوی قەیرانى چەپ و کۆمۆنیزم بێت
.
حزب و ڕێکخراوە کۆمۆنیستیەکان زۆربەیان باوەڕیان بە سنوری دەسکردی
نێوان نەتەوەو وڵاتان نیەو حزب و ڕێکخراوی ئەنتەرناسیونالیستین
باوەڕیان بە سنور بەندى نییە بۆیە هەوڵمداوە حزب و ڕێکخراوە چەپ و
کۆمۆنیستیەکانى ناوچەکە بە گشتى بەشدار بن لەم چاوپێکەوتنانەدا .
بۆ ئەمجارەش لەگەڵ هاوڕێ (سەلاحى مازوجی )
کەسایەتی سیاسی کوردستانى ئێران . کە لەساڵى 1982 زاینییهوە
بەبێ دابڕان لەناوکۆمەڵە و (حزبی کۆمۆنیستی ئێران) دایە،
ئێستاش ئەندامی کۆمیتەى مەرکەزی کۆمەڵە و ئەندامی کۆمیتەی
ئیجرائی حزبی کۆمۆنیستی ئێرانه. هاوڕێ
سەلاح دوای دەسخۆشی بۆ کردنەوەی بابەتێکى لەم شێوەیە هەندێک لەو ناکۆکی
و کێشە ناوخۆیی و سیاسیانەی کەوەک حزب و رێکخراوێکى سیاسی بەدرێژایی
ئەم چەند ساڵە توشیان بووە بۆمان باس دەکات تێڕوانینی حزب و
ڕێکخراوەکەیان لەسەرچەپ و کۆمۆنیزم دەخاتە ڕوو .
پ - سەرەتا پێناسەتان بۆ چەپ و کۆمۆنیزم
چییە؟
و - بەڕاستى دەبێت پرسیارەکە دوو بەش بێت
چونکە لەڕووی سیاسییەوە ڕیزبەندییەک هەیە لەناو کۆمەڵگادا ئەو
بزوتنەوانەی کە لەبەرەی ناڕەزایەتی کۆمەڵگادان دەتوانرێ بە چەپ
ناوببرێن بەڵام شەرت نیە کۆمۆنیست بن. پێناسەی کۆمۆنیست یش بۆ ئێمە
بزتنەوەیەکی کۆمەڵایەتییە بزتنەوەیەکە کە لەناو کۆمەڵگادا وجودی هەیە
کە هەمشە چینى کرێکار بەدەستییەوە گرتووە زۆرجار بەشێوەی عەلەنى و
زۆرجاریش بەشێوەى نهێنى لەناو کۆمەڵگادا خەبات دەکات لە دژی نیزامى
سەرمایەداری لەشوێنى کاری لەشوێنى ژیانى بۆ ئێمە ئەم بزوتنەوە واقعیەیە
کەوەک کۆمۆنیزم پێناسەى دەکەین.
لە سەدی 19دا کە مارکس و ئەنگڵس هاتن تیۆری سۆسیالیزمی عیلمییان
فۆرمۆلە کرد ئەم بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەی چینی کرێکاریش وەک
بزووتنەوەیەکى بەئاگاتر کاریان کرد ئیتر لەو کاتەوە سۆیالیزمی عیلمى
لەبەرامبەر هەموو نەوعە سۆسیالیزمێکی پێش خۆیدا کە خۆی فۆرمۆلە دەکات
ئینجا دەبینین ئیتر کۆمۆنیزم تەنها بزوتنەوەیەکى کۆمەڵایەتى چینى
کرێکار نییە لە دژی سەرمایەداری دواجار جیهان بینییەکیشە کە تێڕوانینی
خۆی لە دنیا دەدات .
پ - بۆ هەمیشە ناوی چەپ و کۆمۆنیزم
پێکەوە دێت ؟
و- چونکە کۆمۆنیزم هەمیشە لەبەرەی چەپی
کۆمەڵگادا دێت ئەرکى شۆڕشی کۆمەڵایەتییان لەسەر شانە .
پ - ئایا ئەو ئەرکە کۆمەڵایەتیە کە
بەدیهێنانى شۆسیالیزمە بە دەستی کۆمۆنیستەکان لەڕوانگەی ئێوەوە ئەگەر
سۆسیالیزم بەرقەرار ببێت ئەوکات کۆمۆنیزم چەپ نامێنێت .
و - ئەوکات سیاسەت مانایەکى تر پەیدا
دەکات ئەوکاتیش دەبێ بزانرێ جواب بە مەسائیلى سەردەم چییە .
پ - ئێوە وەک حزبی کۆمۆنیستی ئێران سەر
بە چ بزوتنەوەیەکى سیاسی کۆمۆنیستین.
و - ئێمە لەڕاستیدا هیچ پەیوەندییەکمان
لەگەڵ هیچ حزب و ڕێکخراوێکی ستالینى نیە لە سەرتاسەری دنیادا بەڵام
بەڵام ڕێکخراوەی ترۆتسکی هەیە لەئەوروپادا کەزۆر ڕادیکاڵن لەڕوانگەی
پێشکەوتن خوازییەوە ئێمە لە هەندێ کاتدا پەیوەندیمان هەیە .هەروەها
لەگەڵ هەندێ حزب و ڕێکخراوی بەقەولی ئێوە (ماۆئیست)ی پەیوەندیمان هەیە
. هەروەها لەگەڵ حزبی (مارکسست لینینیست) ى ئەڵمانى کەخۆیان بە
پەیڕەوکاری تێزەکانى (مائۆ)دەزانن وەختێک سەیر دەکەیت ئەم حزبە نەخشێکى
باشی هەیە لەئەڵمانیادا لەئاست مەسائیلى ڕۆژ لە ڕوانگەیەکى
کۆمۆنیستیانە لەگەڵ ئەوانیش پەیوەندیمان باشە . بەڵام وەک فکر نا چونکە
پێمان وانیە لەچوارچێوەی بۆچونەکانى مارکس دا بن .
پ - پێتان وایە چەپ و کۆمۆنیست لە
سەرانسەری دنیا و تایبەت لە کوردستان لە قەیراندایە ؟
و - من پێموایە لەپەرش و بڵاویدایە ئەو
پەرش و بڵاویەش باسی جۆراوجۆر هەڵدەگرێت . بەو شێوە نییە کە زۆرکەس
پێیانوایە بیری مارکسستی و کۆمۆنیستى لەم دەورەدا توشی قەیران بووە
ئێمە لەسەر ئەو باوەڕە نین.
من پێموایە تەنها بیری مارکسستی و کۆمۆنیستی دەتوانێت جوابدەرەوەی
مەسائیلە جۆراوجۆرەکانى ئەم سەردەمە بێت چ لە ئاستی ناوچەیی یا جیهانى
من پێموایە حزب و ڕێکخراوی جۆراوجۆر هەیە کە خۆیان بە کۆمۆنیزم یا
شۆسیالیزم دەزانن نابێت قەیرانەکانیان لەسەر ئەم بزووتنەوەیە حیساب
بکرێت. هەر بەو پێناسەی سەرەتاوە کردم کۆمۆنیزم بزووتنەوەیەکى
کۆمەڵایەتیە بەر لەوەی بزووتنەوەیەکى فکری بێت یان فەلسەفەیەک بێت .هەر
بەو جۆرەی کەمارکس تێبینی کردووە لە کتێبی ئایدۆلۆژی ئەڵمانى دەڵێ
کۆمۆنیزم شتێک نیە جیاواز لەم خەباتەی کەڕۆژانە کرێکار دەیکات بۆگەیشتن
بەداخوازیەکانى خۆی جاری وا هەیە تەرازووی هێز وا ئیجاب دەکات کە ئەو
خەباتە بەشێوەی زۆر عەلەنى و ئاشکرا بباتە پێش جاریش هەیە بەشێوەی
نهێنییە. بۆیە ئێستە لە هەموو دنیادا زەمینەی کۆمۆنیزم لە هەموو کات
لەبارترە .
ئەو قەیرانە گەورەی سەرمایەداری لە دنیادا ڕویداوە وڵاتانى سەرمایەداری
دەیەوێت باری فشاری ئەو قەیرانە ئابوریە بخاتە سەر شانی کرێکار و
زەحمەتکێش لەو کۆمەڵگایەدا دەیەوێت پوڵى ماڵیاتى ئەوان لە هەقدەستى
ئەوان لە هەموو شتێکیان بۆ ئەوەی بە قوڕگی بانکەکانیدا بکات بەبیانووی
ئەوەى کۆمەڵگا لە قەیران ڕزگار دەکات .
ئەمەش دەلیلێکى ڕۆشنە کە ئێستا زەمینە بۆ ناڕەزایەتى جەماوەر لە هەموو
کات گەرمترە مەگەر هەر لەم ماوەی ڕابوردوەدا نەبوو کە ناڕەزایەتى
کرێکاران لە یۆنان دەوڵەت و کۆمەڵگای بەرەو قەیرانى سیاسی برد .
دەنا ناکرێت حزبێکى سیاسی چونکە بە ناوی کۆمۆنیست کاردەکات حزبەکەی خۆی
توشی قەیران بوو بڵێ ئەوەتا کۆمۆنیزم توشی قەیران هاتووە .
پ - ئێوە وەک حزبی کۆمۆنیستی ئێران بەو
پێیەی کە دۆستایەتییەکى دێرینتان لەگەڵ چەپ وکۆمۆنیستەکانى کوردستانی
عیراق هەیە تائێستا توانیوتانە هەوڵێک بدەن بۆ لەیەک نزیککردنەوەی چەپ
و کۆمۆنیستەکانى کوردستانی عیراق بۆ ئەوەی حزبێکى بەهێزی کۆمۆنیستی لە
کوردستانى عیراق پێکبهێنرێت.
و - لەڕاستیدا ئێمە بەهۆی وەزعێکی سیاسی
تایبەتەوە لەکوردستانى عێراق نەمانویستووە ئەو کارە بکەین . بەڵام ئێمە
پێمان باش بووە ئەو کەس و لایەنە چەپ و کۆمۆنیستیانە لە تەجروبەکانى
کۆمەڵە کەڵک وەرگرن لەهەمان کاتدا بەپێی ئەوزاعێکی سیاسی کە لە عێراقدا
هەیە پێمانباشە لێکدانەوەی سیاسی خۆیان بکەن و ستراتیجی سیاسی خۆیان
ڕێکبخەن حزب و ڕێکخراوی سیاسی خۆیان پێکبهێنن .وە ئێمەش هەمیشە خۆمان
بە پشتیوانیان زانیوەو دەشزانین .
ئێمە لە ئێستادا وەک پەیوەندی مەعنەوی پەیوەندی سیاسی ئێمە پەیوەندیمان
بە چەپ و کۆمۆنیستەکانى کوردستانى عێراقەوە هەیە بەڵام تەداخولاتى
تەشکیلاتییان بەمافى خۆیان دەزانین نەک ئێمە .
پ - سودمەند بونى حزبی کۆمۆنیستی ئێران و
کۆمەڵە لە چەپ و کۆمۆنیستەکانى کوردستان چیبووە .
و - ئێمە ئەگەر کۆمەکێکمان پێکردبن لەڕووی سیاسییەوە ئەرکێکی
ئەنتەرناسیۆنالیستی خۆمان بەجێهێناوە ئەگەر بزووتنەوە کۆمۆنیستیەکان لە
کوردستانی عیراق بەهێزو کۆمەڵایەتیتر ببنەوە بۆ ئێمەش لەڕووی بردنە
پێشی سیاسەتمان لە ئێران کۆمەک دەکات .
پ - بگەڕێینەوە بۆ قەیران وەک ئاگادارین
چەند جارێک ڕیزەکانى حزبی کۆمۆنیستی ئێران وکۆمەڵە توشی لێکترازان بووە
حزب و ڕێکخراوی تری لێجیابووەتەوە هۆکارەکەی چی بووە .
و - یەکێک لە گەورەترین جیابونەوەیەک
کەلەحزبی ئێمە ڕویدا لەساڵی 1990دا کرا ئینشقاقى ڕەوتى کۆمۆنیزمى
کارگەری مەنسور حکمەت بوو .ئەوەش دەلائیلى خۆی هەبووە من پێم خۆشە
ئیشارەت بە دەلیلە کۆمەڵایەتى و سیاسیەکەی بدەم . ئەوان لە کاتێکدا
جیابونەوە لە ئێمە بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەى کوردستانى ئێران پاشەکشەی
گەورەى بەسەردا هاتبوو . ڕەوتی کۆمۆنیزمی کرێکاری پێیان وابوو کەکۆمەڵە
سەرباری حزبی کۆمۆنیستی ئێرانە پێیا وابوو کە شەڕی ئێران عیراق تەواو
بووە کۆمەڵە توشی گرفتی سەخت تر دەبێتەوە هاتن لەژێر ئەو مەسئولیەتەی
کەوتبووە سەرشانى کۆمەڵە وەک تەشکیلاتى حزبی کۆمۆنیستی ئێران هاتن
خۆیان لەژێر ئەو بارە دەرهێنا . دواتر بەوەش نەوەستان دەیانوت کۆمەڵە
بزووتنەوەیەکى ناسیۆنالیستى تێدایە ئەو جەمعە ناسیونالیستیەیە کە
ناهێڵێت کومونیزم لە ئاستی ئێراندا بچێتە پێشێ ببێتە بزتنەوەیەکى
کۆمەڵایەتى ئەوەیان کردە ئاراستەیەک بۆ ئەوەى کە بڕۆن بەڵام هەرکەس
بێنیت دەزانێ ئەوە نە مەیلێکی ناسیۆنالیستی ناو کۆمەڵە بەڵکو
خەفەقانێکى سیاسی بوو کە نەیدەهێشت لەئێراندا کۆمۆنیزم ببێتە
بزووتنەوەیەکى کۆمەڵایەتى . بۆیە هەرکام لەو جیابوونەوانە لێکدانەوەی
تایبەتى خۆی هەیە .یا ئەوان دەیانووت نابێت دوو لێکدانەوەی جیاواز
بکرێت بۆ ڕاپەڕینی خەڵکى کوردستانى عیراق .
بەڵام لەناو حزبێکى کۆمۆنیستیدا زۆر ئاساییە بۆ هەلومەرجێکی سیاسى دوو
لێکدانەوە و سێ لێکدانەوەش هەبێت .
بەڵام بۆ دەبێ لێکدانەوەی جیاواز ببێتە هۆی لەیەک ترازان . من پێموایە
هەرئێستا من و تۆ لە حزبێکی سیاسیدا بین و لەهەمان کاتدا بۆ ڕوداوێکى
سیاسی دوو لێکدانەوەی جیامان هەبێت زۆر زۆر دەبێت ئاسایی بێت میکانیزمى
حزب لە جێگەیەک وەردەگیرێ من و تۆش هەریەکەمان لە گۆڤار و بڵاوکراوەکان
ڕەئى خۆمان بنووسین .
بەدووای ئەوانیشدا لە ساڵى 2000 جیابوونەوەی جەریانى زەحمەتکێشان بوو
دەی ئەویش بێنە لێکدانەوەی بۆ بکەین بزانین بۆ جیابوونەوە واقیعەن لەو
سەردەمەدا کۆمەڵێک ڕووداو ڕویاندابوو تەئسیراتى خۆیان دانابوو مەسەلەن
2ی خورداد 1976ی ئێران کە دەکاتە1997 ی زاینی کە خاتەمى هاتە سەر کار
زۆر لە هێزە ئۆپۆزسیونەکانى ئێران ئەم کۆمەڵەش کە لە ئێمە جودا بوونەوە
خۆشخەیاڵ بوون کە ئێران بەرەو دیمووکراتیزە دەچێت وە پێیان وابوو کە
مەسەلەی میلیش کۆتایی پێدێت پێیانوابوو ئەوانیش لەو پرۆسەیەدا بە
دەسەڵاتى سیاسی دەگەن ئەوان بەو لێکدانەوەی کە هەیانبوو دەیانویست کە
هەموو تەشکیلاتی کۆمەڵەو حزبی کۆمۆنیستی ئێران بهێننە سەر ئەو
لێکدانەوەیە بۆ ئەوەی خۆی رێکبخات لەگەڵ ئسڵاح خوازەکانى جموری ئیسلامی
بە سەرۆکایەتى خاتەمی بەڵام کە نەیانتوانی هەموو تەشکیلات لەگەڵ خۆیان
ڕاکێشن زەمینەیان خۆشکرد بۆ جیابوونەوە پێیان وابوو زەمینەی گەشەی
کۆمەڵە تەنها ڕێککەوتنە لەگەڵ خاتەمى هەم ئاڵوگۆڕی تریش قەومابوو لە
دنیادا وەک لێکبڵاوبونەوەی وڵاتانى ئەوروپای ڕۆژهەڵات ئەوان لەو
ڕوانگەشەوە پێیانوابوو دەورانی فەعالیەتى کۆمۆنیستی بەسەر چووە هەر
ئەوەى کە لەسەرەتاوە باسمان کرد .
پ - پاش ئەوەی کە بە بڕوای ئێوە
پێشبینیەکانى باڵی زەحمەتکێشان درووست دەرنەچوو ئێوە یاخود ئەوان
پێشنیاریان نەکرد جارێکى تر بێنەوەو لەناو حزبی کۆمۆنیستی ئێران خۆیان
ڕێکخەنەوەو پێکەوە درێژە بە خەبات بدەن .
و - نەخێر بەڵام رەِنگدانەوەیەکی
ناتەندروستی زۆری هەبوو لەسەر خۆیان کە پێشبینیەکانیان هەڵە بووە نەک
هەر پێشبینیەکەیان بەڵکو پرۆژەی خاتەمیش بۆ ئیسڵاحى جموری ئیسلامیش
شکستی خوارد ئیتر مەعلومە ئەوکەسانەش کە ئومێدیان پێ بەستووە شکست
دەخۆن نەک ئەوان حزبی دیموکراتی ئێرانیش وای بەسەرهات .
بۆیە من پێموایە سیاسەتەکانى ئەو هاوڕێیانەی لەئێمە جیابوونەتەوە تا
دەگات بە حزبى دیموکراتیش بە هەردوو باڵەکەیەوە جوابدەرەوەی خەباتى
خەڵکى ئێران نییە . هەموو سیاسەتەکانى ئێمە درووست دەرهاتووە .
پ - زۆر باسی هۆکاری سیاسیمان کرد کە
بووەتە هۆی لێکترازانى حزبە چەپ و کۆمۆنیستییەکان ئایا هۆکاری دارایی ش
یا بڵێن ئابووری دەوری هەبووە .
و - نەخێر.
پ - پێتوانییە حزب و ڕێکخراوە چەپ و
کۆمۆنیستییەکان لە قەیراندان لەڕووی ماڵییەوە .
و - بەڵێ بەدرێژایی مێژووی ئەو حزبانە
کێشەی ماڵییان هەبووە لە بەراورد لەگەڵ هێزەکانى تربەڵام نەبووەتە
کێشەی جدی .
پ - ئێوە وەک حزبی کۆمۆنیستی ئێران
کەناڵێکی ئاسمانى و ڕادیۆو بڵاوکراوەی جۆراوجۆرتان هەیە بۆ ئەمانەش
پارەیەکی زۆر پێویستە سەرچاوەی دارایتان لەکوێوەیە .
و - بەشێکی دارایی ئێمە لە سەرشانى
ئەندامانى حزبە لە دەرەوەی وڵات لە ڕێگەى ئابوونەی مانگانەوە بەنیسبەت
تەلەفیزیۆنەکەوە چەند کەمپینێکمان بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک ڕاگەیاند جگە
لەوەش زۆربەی ئەندامانى حزب لە دەرەوە لە بانکەکان پارەیان قەرز کرد تا
توانیمان سەرفى 2 ساڵى تەلەفیزیۆن مسۆگەر بکەین کۆمەڵێک ڕێکخراوی
خەیریش لە دەرەوە کۆمەکمان دەکەن و حکومەتى هەرێمى کوردستانیش کۆمەکمان
دەکات هەر بەو جۆرەی بە ئۆپۆزسیۆنەکانى تری ئێران دەیکات بەڵام ئەو
هاوکاریەی حکومەتى هەرێم ئەوەندە نییە بتوانین فەعالیەتى سیاسی پێبکەین
.
پ - جگە لەو کۆمەکانە کە بەدەستان دەگات
هیچ پرۆژەیەکى پەیداکردنى پارەتان نیە وەک حزب ؟
و - بەڵێ هەمانبوو بەڵام زۆرکەوتوو
نەبووین تێیدا.
پ - شەفافیەت هەیە لە دارایتاندا هەموو
ئەندامانى کۆمیتەى ناوەندی بێ جیاوازی ئاگاداری داهات و سەرفى کۆمەڵە
هەن؟
و- بەڵێ شەفافیەتى تەواو هەیە لای ئێمە
ئەندامانى کۆمیتەی ناوەندی هەموویان ئاگادارن چەند پارە لەکوێ
وەردەگیرێت و چۆنیش خەرج دەکرێت لەکۆنگرەکانیشماندا سورەت حیساب
دادەنێین هەر ئەندامێک ئەگەر بیەوێت دەتوانێت َسەیریان بکات .
پ - تێڕوانینتان بۆ ئایندەی حزب و
ڕێکخراوە چەپ و کۆمۆنیستییەکان چیە بەخۆشتانەوە ؟
و - نزیکەی زیاتر لە 20 حزب و ڕێکخراوی
چەپ و کۆمۆنیستی هەیە لە ناوچەکە هەمووشمان هەر دەڵێین شۆسیالیزم و
حکومەتى کرێکاری دیارە ئەمانەش خاڵی باشی هاوبەشە بەڵام بەبروای من
ئەوەی کە بووەتە هۆی پەرش و بڵاوی چەپ و کۆمۆنیزم نەبوونى ستراتیجییەکی
سیاسی واحیدە وەختێک کە باس لە ستراتیجی سیاسی دەکەین مەبەست هەر ئەوە
نییە کە فۆرمۆلەی ئەهدافى نیهاییمان وەک یەک بێت کە دەڵێین شۆسیالیزم
بەڵکو ئەو مەسیرەیە کە دەمانەوێت بیپێوین بۆ سۆسیالیزم یا حکومەتى
کرێکاری لەو مەسیرەشدا دەبێت تەوافقمان هەبێت کۆمۆنیزمی کارگەری کە
دەڵێت حکومەتێکى کارگەری ئێمەش هەروا دەڵێین بەڵام بەواقعی دوو مەسیری
جیاوازمان هەیە هەر لەو باسانەی کە دەیکەن ئەوان وەک حزب دەیانەوێت
دەسەڵات بگرنە دەست بەڵام ئێمە وەک بزووتنەوەیەکى کرێکاران بۆیە ئەمەیە
فەرقەکەیە وەختێک حزبێکى سیاسی دەیەوێت چینی کرێکار بە دەسەڵات بگات
دێت قورسای خۆی دەخاتە سەر وشیاری چینی کرێکار نزیککردنەوەی هەڵسوڕاوان
و ڕابەرانى کرێکاران تا لە کۆتایدا دەگەنە دەسەڵات .
بۆیە ئەمە دووستراتیجی لەلەک جیاوازە حزبێک دەیەوێ حزبەکەی دەسەڵات
بگرێت حزبێک دەیەوێت چینی کرێکار دەسەڵات بگرێت .
پ - جیاواز لەوەی ستراتیجى گەیشتن بە
دەسەڵات چۆن دەبێت بەڵام ناکرێت کاری هاوبەش و پرۆژەی سیاسیتان پێکەوە
بێت ؟
و - بەڵێ وەک دوو حزبی سیاسی دەتوانین و
کردوشمانە هەر کە ئێمە بانگەوازی مانگرتنى گشتیمان ڕاگەیاند ئەوان
بەگەرمى هاتنە پشتى ئێمەش پێشوازیمان لێکردن یا لە تەواوی دەرەوەی وڵات
ئێمە ئاکسیۆنى هاوبەش دادەنێین بۆ ئازادی زیندانیانی سیاسى بۆ ڕاگرتنی
حوکمى ئیعدام یا بۆ یەکى ئایار بەڵام دیسان ئەوە کۆمەکێکى ئەوەندە
گەورە ناکات بەو پەراگەندەییەی کۆمۆنیزم چونکە جیاوازیەکان ڕیشەدارن .
پ - ساڵانێکە وازتان لە خەباتی چەکداری
هێناوە بەنیاز هەن جارێکر تر دەست بدەنەوە چەک شەڕی چەکدارانە لەگەڵ
کۆماری ئیسلامى ئێران بکەن .
و - خەباتى چەکداری بەشێکە لە ستراتیجمان
ئێمە لەم چەند ساڵەی دووایدا کە خەباتى چەکداریمان نەبردۆتە پێشێ بەو
مانایە نییە کەوازمان لە خەباتى چەکداری هێناوە هەر ئێستا ئێمە
ئاموزشگای سەربازیمان هەیە کە ئەوانەی دەبنە پێشمەرگە لەکچان و کوڕان
لەوێ دەورەى سەربازی و سیاسی تەواو دەکەن .
بەڵام لە ئێستادا لەبەر وەزعی سیاسی کوردستانى عێراق ئێمە چالاکی
پێشمەرگایەتى ئەنجام نادەین . زۆریش بۆمان ئاسانە کە هێزی چەند نەفەری
بنێرینە ئێران و چالاکى سەربازی ئەنجام بدەین بەڵام دڵنیاین لە ئەنجامى
ئەو چالاکیەدا گوشارەکانى ئێران بۆسەر خەڵکی مەدەنى توندتر دەبێت و
پێشمان وانییە کە ئێران بەلێدانی پایەگایەکی سەربازی بڕوخێت.
هەروەها بەری ئەو فەعالیەتە کۆمەڵایەتیانە کەلە شارەکاندایە دەگیرێت و
ڕژێم سەرکوتی خەڵکى توندتر دەکات .
پ - بەرنامەی ئێستاو ئایندەتان چیە لە
باری سیاسییەوە ؟
و - ئێمە ئێستا زۆرترین قورسایمان
زۆرترین کارمان ڕاگەیاندنەکانمان خستۆتە سەر کاری ڕێکخستنی بزووتنەوە
کۆمەڵایەتیەکان ئێستا هەڵسوڕاوانى خۆمان لە دێهاتەکان لە شارەکان
لەکارگەکان هاندەدەین بۆ ئەوەی نەخشو دەورێکى زۆرتریان هبێت لە
ڕێکخستنی ڕێکخراوە کرێکاریەکان شورا کرێکاریەکان چونکە پێمانوایە
لەڕێگای ئەو ڕێکخراوانەوەیە دەتوانن ئەو خەباتەی ئێستا هەیە بیبەنە
پێشێ ئێمە هەوڵش دەدەین پەیوەندی ئەو بزوتنەوانە لەگەڵ بزوتنەوەی
سەرتاسەری کرێکاری ببەینە پێشێ هەرچەندە ئێستا هیچ جیاوازیەکى دیار
نابینین لەنێوان بزووتنەوەی کرێکاری لە ئێران بزوتنەوەی کرێکاری لە
سەرتاسەری دنیادا .
PSHTIWAN_GASHBIN@YAHOO.COM
|